ديپلۆماسیی شارەکان و ديپلۆماسیی پایتەختەکان

دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر – زانکۆی سەڵاحەددین – هەولێر

دەستپێك

لە ماوەی کەمتر لە مانگێك، بەغدا و هەولێر جێی هاتوچۆیەکی ديپلۆماسیی کاریگەر بوون. ئەم ماوەیە كه‌ لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٨ دەستی پێ کرد تاوەکوو سەرەتای ساڵی نوێ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، سەرۆكوەزیرانی ڤاتیکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ چەندین گەورە نێردراو و باڵيۆزەکان، بەردەوام بوون لەسەردانی گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. سەردانیکردنی بەڕێزان "پۆمپيۆ" و "زەریف" بۆ هەولێری پایتەخت کە ماوەی نێوان سەردانەکانیان چەند ڕۆژێکی نەخەیاند، مەزنیی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات؛ لە هەمان کاتدا چەندین پرسیار و سەرنج لەخۆ دەگرێت، كه‌ ئاخۆ بۆچی دوو نەیاری جیهانی لە یەك شوێندا کۆ دەبنەوە. سەردانیکردنی ئەم گەورە ديپلۆماتکارانە بۆ هەولێر، بە هەموو پێوەرەکان مێژوویییە.

وەزیرەکانی دەرەوە، دروستکەری مێژوون. ئەم سەردانیکردنانە، پێویستە ديراسە بکرێن و وانەی سیاسی و یاسایییان لێ وەربگیرێت و، بەڕاستی چەند وتارێك و کورتە کاردانەوەی ئەکاديمیی ڕێکوپێکمان سەبارەت بەم سەردانانە خوێندەوە. ئێمە لێرەدا لە گۆشەنیگاییەکی جیاوازەوە ئەم سەردانیکردنە شرۆڤە دەکەین کە ئەویش ناناوەندیبوونی ديپلۆماسیی عێراقییە؛ یان ڕوونتر بڵێین جۆرە دیاردەیەك وا خەريکە لە ئاستی جیهان و عێراق و هەتاوەکوو هەرێمی کوردستانیش دروست دەبێت كه ‌ناوی لێنراوە "ديپلۆماسیی شارەکان".

ناناوەندیبوونی ديپلۆماسی

شاراوە نییە، پيادەکردنی ديپلۆماسیی وڵاتانی جیهان بەرامبەر عێراق، بە شێوەیەکی ناناوەندی بەڕێوە دەچێت. هەر لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ئەو وتەیەی سەرەوە چەندین جار بە کردار سەلمێنرا؛ کاتێك چەندین وەزیری دەرەوەی وڵاتانی جیهان سەردانی بەغدا دەکەن، یەکسەر دواتر ڕووی سەردانەکەیان بەرەو هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان دەگۆڕن. وڵاتانی بیانی، باش دەزانن کە دوو پایتەخت لە عێراق هه‌ن؛ کاریگەریی بەغدا و هەولێر لەسەر عێراق و ناوچەکە، هاوتایە.

پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیی ناوچەکە، خۆسەپێنەرە. لە هەمان کاتدا، پێگەی یاساییی هەرێم، وەکوو تاکە هەرێمی عێراقی فيدراڵ، یارمەتیدەرە بۆ پێشخستنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەولێری پایتەخت. بە واتایەکی تر فيدراڵیی عێراقی، پێویستە لە هەموو ئاستەکان ڕەنگ بداتەوە و، بەکردار ڕەنگی داوەتەوە. ئەم فيدراڵییە کاریگەریی خۆی لەسەر خودی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراقیش دروست کردووە. گومانی تێدا نییە ئەو گوتارە ڕاگەیه‌ندراو و ناڕاگەیه‌ندراوانه‌ی ديپلۆماتکارانی بیانی کە ئاراستەی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکەن جۆرە جیاوازییەکی تێدایە، کە ئەمەیش سەلمێنەری دووپارچەبوونی پەیوەندییەکانی عێراقە لەگەڵ جیهانی دەرەوە.

ڕووی ديپلۆماسیی عێراقی لە ديپلۆماسییەکی چەقگيری ناوەندییه‌وه، گۆڕدراوە‌ بۆ ديپلۆماسیی ناناوەندی کە تیایدا هەرێمی کوردستان وەکوو کەسایەتییەکی یاسایی وسیاسیی بەهێز خۆی دەردەخات؛ هەروەها شارەکانی تری عێراقیش بەرە بەرە پێگەیەکی ديپلۆماسیی تایبەت بە خۆیان ڕەنگڕێژ دەکەن – وەک دواتر لەم وتارەدا باسی دەکەین. ئێستا پيادەکردنی ديپلۆماسی تەنیا لە ڕێگه‌ی پایتەختی وڵاتانەوە ئەنجام نادرێت، پایتەختی هەرێمە فيدراڵییەکان و شارەکانیش لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پشکدار بوونە. ئەم جووڵانەوە ديپلۆماسییەی هەرێمی کوردستان، تاڕاددەیەك لەگەڵ ئەو دیاردەیە نێودەوڵەتییە دەگونجێت کە ناوی لێنراوە ديپلۆماسییەتی شارەکان.

دیاردەی ديپلۆماسیی شارەکان

مەبەستمان له‌ ديپلۆماسیی شارەکان ئەوە نییە کە لە وانەکانی سەرەتای دروستبوونی ديپلۆماسی باس دەکرێت، کە جۆرە پەیوەندییەك لە نێوان شارە يۆنانییە کۆنەکان هەبووە. لە ساڵی ٢٠٠٨، یەکەم کۆنفراسی جیهانی لە لاهای سەبارەت بە ديپلۆماسیی شارەکان ئەنجام درا. دیاردەی جیهانگيری و گۆڕانی شێوازی ناکۆکییەكان، بوونە پاڵنەرێك بۆ ئەم جۆرە ديپلۆماسییەته‌. ئاشتیسازی پێویستی بە میکانیزم و ديپلۆماسیی جیاوازە. هەرێم و پارێزگه‌کان، لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی چالاکترن. هەندێك کێشەی گەورەی نێودەوڵەتی هەیە، بەبێ بەشداریی هەرێمەکان و هەتاوەکوو پارێزگه‌کانیش چارەسەریان ئاستەمە. ئەوەتا بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژەداعش، بە شایەتیی گشت زلهێزەکان، لە هەندێك ناوچەی عێراق و کۆبانێ لە سووریا یەكلاکەرەوە بوو.

لە لایەکی ترەوە، وەك چۆن هەندێك هەرێمەکان خۆیان به‌سەر شانۆی نێودەوڵەتیدا دەسەپێنن، هەندێک شاریش لە جیهاندا کە شاری "کۆسمۆپۆليتيك" یان شاری "جیهانگير"یان پێ دەگوترێت، لەبەر پێگەکەیان دەتوانن خودی ئەو شارانە پەیوەندیی نێودەوڵەتی دروست بکەن؛ جا بە شێوەی دووقۆڵی بێت یان فرەلایەن.

چەندین ڕێکخراوی جیهانی بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێم و شارەکان پێک هێنراون؛ لە هەموویان گرنگتر "شار و حکوومەتە لۆکاڵییە یەکگرتووەکان، کۆنگرەی دەسەڵاتە لۆکاڵ و هەرێمییەکان لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئەوروپا و شارەوانییان بۆ ئاشتی"ن. ئەم ڕێکخراوانە بۆ هەرێم و شارە کاریگەرەکان لە جیهاندا، ناوەندێکی نێودەوڵەتین. لە کۆنفراسی لاهای بەم شێوەیە پێناسەی ديپلۆماسیی شارەکانیان کردووە: "ئامرازێكە بە دەستی حکوومەت و دامەزراوە لۆکاڵییەکان لە پێناو بەرزڕاگرتنی توندوتۆڵیی کۆمەڵایەتی، ڕێگەگرتن لە ناکۆکییەکان، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و، بنیاتنانەوەی دوای جەنگ و بە ئامانجی دروستکردنی کەشێکی سەقامگير کە هاووڵاتیان پێکەوە لە ئاشتی، ديموکراسی و خۆشگوزەرانیدا بژین."

لە پێناسەکەوە دیارە، ديپلۆماسیی حکوومەتە لۆکاڵییەکان لە کاتی ناکۆکییەکان و جەنگەکان زیاتر چالاک دەبن. ئەم بيرۆکەیە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاستە؛ جەنگی دژەداعش پەرەی بەو ديپلۆماسییەتە دووقۆڵییانەی هەرێمدا و بە لووتکەی پەیوەندییە ديپلۆماسییەکان گەیشت، کە خۆی لەسەردانیکردنی سەرۆکی وڵاتان و وەزیرەکانی دەرەوە بۆ ئەم هەرێمەدا دەبينێتەوە.

ديپلۆماسیی شارەکان چەند ڕووێکی هەیە:

  • پەیوەندیی نێوان شار لەگەڵ شارێکی دیکە: یەکێکە لە دیاردە نوێیەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمە کرۆکی ديپلۆماسیی شارە. ئەم پەیوەندییە سەرەتایی و نوێیە و گەشەپێدەرە بۆ هەر دوو لایەن. 
  • پەیوەندیی نێوان زلهێزێك لەگەڵ شارێك: هەستیارە، لەبەر ئەوەی دوو لایەن یەکسان و هاوتا نین. بڵێین و نەڵێین زلهێزەکە هێژموونی خۆی لەسەر ئەو شارە دروست دەکات. هەندێك جار زلهێزەکە نيازپاکە؛ تەنیا ئامانج لە پەیوەندییەكه‌، بەهێزکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیە.
  • پەیوەندیی نێوان پایتەختی وڵاتان لەگەڵ پایتەختی هەرێمێکی فيدراڵ: ئەمیش لە چەند ئاستێکدایە:
    • پەیوەندیی پایتەختی وڵاتان لەگەڵ پایتەختی هەرێمێکی فيدراڵ وەکوو دوو شاری ئاسایی کە ديپلۆماسیی شارەکان دروست دەکەن. دەبينین پاریس و هەولێر پەیوەندییەکی تایبەتی کۆیان دەکاتەوە- بۆ نموونە پارێزگاری هەولێر لە لایەن سەرۆکی شارەوانیی پاریسه‌وه‌ بۆ کۆنفڕاسی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی "شارەکان بۆ ژیان" کە لە پاریس گرێ درابوو، بانگهێشت کرابوو. لە هەمان کاتدا چەندین سەرۆکی شاره‌وانیی پاریس بە سیفەتە فەرمییەکەیان سەردانی هەولێریان کردووە.
    • پەیوەندیی وڵاتان لەگەڵ هەرێمەکان لە ڕێگه‌ی پایتەختی هەردوولاوە ئەنجام دەدرێت. ئەم جۆرە پەیوەندییه،‌ دەستکەوێكی ديپلۆماسیی گرنگە بۆ هەرێمەکە. ژمارەی هەرێمە فيدراڵییەکان لە جیهاندا زۆرن. کەمن ئه‌وانه‌ی گەیشتبن بەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتان دروست بکەن، لەوانە: کێبێک، باسك و هەرێمی کوردستان.
  • پەیوەندیی نێوان پایتەخت بۆ پایتەخت: پەیوەندییەکی ئاسایی و کلاسیکی و ڕێکخراوە لە یاسای نێودەوڵەتیدا. ئەمە کرۆکی ديپلۆماسیی نێوان دەوڵەتەکانە و هەرلە پایتەختەکان باڵيۆزخانەی ئاساییی وڵاتان دادمەزرێت، هێڵە ديپلۆماسییە دووقۆڵییەکان بەپێی ئەو بەرژوەندییە دووقۆڵییەی دەوڵەتان پێكه‌وه‌ دەبەستێتەوە، هەڵکشان و داکشان بەخۆیانەوە دەبينین.

ديپلۆماسیی شارەکان و عێراق

دەستووری عێراق ڕێگەخۆشکەرە بۆ دروستکردنی ئەم شێوە ديپلۆماسییە. ئه‌مه‌یش نەك تەنیا تایبەت بێت بە ديپلۆماسیی هەرێمەکانه‌وه‌، بەڵکوو ديپلۆماسیی پارێزگه‌کانیش لەخۆ دەگرێت. کاتێك  ماددەی (١٢١)، بڕگە چواری دەستووری عێراقی بەرکار دەخوێنینەوە، بەئاشکرا دەڵێت كه‌ هەرێمەکان و پارێزگه‌کان دەتوانن لە باڵيۆزخانەکان و، هه‌روه‌ها نێردراوە ديپلۆماسییەکانیش لە بواری ڕۆشنبيری، کۆمەڵایەتی و پەرەپێداندا ئۆفيسیان هەبێت. سەیرەکە لەوەدایە، پێگەی هەرێمەکان و پارێزگه‌کانی لەم بوارەدا هاوتا کردووە، کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا پرسیارێک دروست دەکات: ئایا دەکرێت هەژدە یان نۆزدە ئۆفيسی جیاواز لە یەك باڵيۆزخانەدا بکرێتەوە و هەر ئۆفيسێك تایبەت بێت بە پارێزگه‌یەك؟ تا ئێستا هیچ ئۆفيسێكی تایبەت بە پارێزگه‌کان و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی باڵێۆزخانەکان و نێردراوە ديپلۆماسییەکان نەکراوەتەوە.

لە ڕووی کردارییەوە، ئێستا لە عێراق هەست بە دروستبوونی ديپلۆماسیی شارەکان دەکەین، بەتایبەتی لە مامەڵەکردنی وڵاتان لەگەڵ عێراقدا. ئێستا ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە، بەغدا و هەولێر دوو پایتەختن، كه‌ پەیوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگه‌یانەوە ڕەنگڕێژ دەکرێت و ڕێک دەخرێت. کەچی دەبینین وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دوای بەغدا و هەولێر سەردانی نەجەف دەکات؛ ئایا ئەم هەنگاوە ديپلۆماسییە تایبەتمەندییەکی تێدا نییە؟ یان وەزیری دەرەوەی ئێران دوای هەولێر سەردانی سلێمانی دەکات و، وتارێکی تایبەت ئاراستەی تەنیا پارێزگه‌ی سلێمانی دەکات، لە کاتێکدا تورکیا تەنیا دژی فڕۆکەخانەی ئەو شارە، هەندێک ڕێوشوێنی یاساییی لە بواری فڕۆکەوانی گرتووه‌ته‌ به‌ر. لە هەمان کاتدا تورکیا گرنگییه‌كی تەواو بە کەرکووك دەدات. دوای سەردانەکەی باڵيۆزی تورکیا بۆ ئەم شارە کە چەندین نیشانەی پرسیاری دروست کرد، زۆر بە دووری نابینین وەزیری دەرەوەی تورکیایش سه‌ردانی کەرکووک بكات. زلهێزە ناوچەیییەکان، لە جیاتی پایتەختەکان گرنگی بە شارەکان دەدەن؛ ئایا ئەمە نیشانەی چییە؟ ئایا پەیوەندی دروستکردن لە نێوان شارێك و وڵاتێك جۆرە هەستیارییەکی تێدا نییە؟ ديپلۆماسیی شارەکان دوو ديوی هەیە: ديوێکی لە بەرژوەندیی شارەکەیە و لەوانەیشە بۆ کۆی هەرێم و دەوڵەتەکە سوودبەخش بێت؛ ديوێکی دیکەی تێدایە، بۆ شارەکانی تر و بۆ هەرێم و بۆ خودی وڵاتەکەیش مەترسیدارە.

دروستکردنی پەیوەندیی ديپلۆماسی لەگەڵ شارەکانی عێراق، لەوەوە پەیدا نابێت کە شارەکان پێگەیەکی بەهێزیان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی هەبێت، بەڵکوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێگەی ديپلۆماسییەتی پایتەخت لاوازە؛ ناچار شارەکان لە دەرەوەی ڕێڕەوی ديپلۆماسیی ئاساییدا بە دوای بەرژوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن.

لایەنە ئەرێنییەکەی ديپلۆماسیی شارەکان لە عێراق ئەوەیە، هەندێک شار بە هۆی پێگە و باردۆخی تایبەتییانەوە، دەتوانن پەیوەندییەکی نێودەوڵەتیی سنووردار دروست بکەن کە بە قازانجی هەموو عێراقییەکان بشكێتەوە. شاری مووسڵ بۆ نموونە، دەتوانێت ديپلۆماسییەتێکی تایبەت بە خۆی بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی شارەکە دروست بکات. کۆنفراسێکی نێودەوڵەتیی گەورەیش لە کوێت لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٨ بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارە وێرانکراوە ئەنجام درا.

سەرەنجام و پێشنیارەکان

لە کۆتاییدا هەندێك تایبەتمەندیی ديپلۆماسیی شارەکان دەخەینە ڕوو کە ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ديپلۆماسیی هەردوو پایتەختەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە:

  • ديپلۆماسی لە چەند ئاستێك دروست بووە و چینچینە. ديپلۆماسیی شارەکان لە نێوان خۆیاندا لە خواری خوارەوەی ديپلۆماسیی نێوان دەوڵەتەکاندا خۆی دەبينێتەوە.
  • ديپلۆماسیی شارەکان  بەپێی کات و شوێن و دەرفەت دەگۆڕێت. بە واتەیەکی تر، ديپلۆماسیی نێوان پایتەختی وڵاتان و تا ڕاددەیەك پەیوەندیی نێوان پایتەختی وڵاتان و پایتەختی هەرێمەکان جۆرە سەقامگيرییەکی تێدایە؛ لەبەر ئەوەی باڵیۆزەکان و كونسوڵخانە بوونی هەیە. بەڵام ديپلۆماسیی شارەکان بەڕێکەوت دروست دەبێت و، لەپڕێکدا سروشتی پەیوەندییەکە دەگۆڕێت یان کۆتاییی پێ دێت.
  • بارودۆخ و هەڵکەوتەکەی شارەکە کاریگەریی لەسەر خودی ديپلۆماسیی شارەکان هەیە؛ واتا ديپلۆماسیی خۆگونجاندنە. ئەگەر شارەکە دەوڵەتمەند بێت، ئەوا ديپلۆماسیەتەکە لایەنی ئابووریی تێدا زاڵ دەبێت؛ ئەگەر شارەکە لە باری جەنگ و پەشێویدا بێت، ئەوا لایەنی ئاشتەوایی و ئاوەدانکردنەوە لە پەیوەندییە ديپلۆماسییەکەدا دەردەکەوێت.
  • بە شێوەیەکی گشتی ديپلۆماسیی شارەکان گرێدراوی پرسە نێودەوڵەتییەکانه‌، کە بەرژوەندیی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تیایدا ڕەچاو بکرێت. ديپلۆماسیی شارەکان، پێویستە لە پرسی ئاشتەوایی و ئاوادانکردنەوە لە دوای جەنگەکان بەکار بهێنرێت و، زۆر پێویستە بۆ ڕێگری لە جەنگی ناوخۆیی؛ بەڵام ئەم جۆرە ديپلۆماسییەته‌ لەو وڵاتانەی لاوازن، لەوانەیە بکرێن بە هۆکارێك بۆ جەنگی ناوخۆیی.
  • هەندێك جارشار لەو وڵاتانەی كه‌ لاوازن، لە لایەن دەوڵەتانی ترەوە دەکرێن بە ئامانج. ئه‌و وڵاتانه‌ لەگەڵ شارەکە ديپلۆماسی دروست دەکەن كه‌ مەبەست لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییە ناهاوسەنگە، خستنەژێر هێژموونی ئەو شارەیە. جارجار بە شێوەیەك ئەم پەیوەندییە لە لایەن دەوڵەتانی زلهێزەوە دەقۆزرێتەوە، کە باوەڕێك لای خەڵکی ئەو شارە دروست بکات کە زیاتر وڵاتە بیانییەکە بەتەنگ خەڵکی ئەو شارەوە دێت، نەك خودی ئەو دەوڵەتەی کە شارەکەی تێدایە.
  • کاتێك برەو بە ديپلۆماسیی شارەکان دەدرێت، جۆرە کێبرکێ و جۆرە پاشاگەردانییەك لە نێوان شارەکان دروست دەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتێك یان چەند وڵاتێك پەیوەندی خۆش بکەن. ديپلۆماسیی ئەو وڵاتە بیانییە، لێرەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێك لە دستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵات یان هەرێمەکە.
  • هەر وڵاتێك یان هەرێمێك کە سیاسەتێکی دەرەکیی تایبەتی هەبوو، ديپلۆماسیی شارەکان نابێت لەم سیاسەتە لا بدات؛ پێویستە تەواوکەری هێڵە گشتییەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە بێت. واتا کاتێك ديپلۆماسیی وڵاتێك بە ڕێگه‌یەكدا دەڕوات، پێویستە ديپلۆماسی شارەکانیش بەو ڕێگه‌یەدا بڕۆن. کێشەیەك نییە شارەکان ئۆتۆمبێلی جیاواز لێ خوڕن، بەڵام نابێت لەو ڕێگه‌یە لا بدەن و هه‌ر یه‌كیان بە ئاراستەی پێچەوانە بڕۆن.