هێزی نەرم و ماناکانی- بەشی سێیەم و کۆتایی  

 

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

ئایا هێزی نەرم تەنیا تایبەتە بە ئەمریکا؟

بەشێک لە تیۆریستانی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و زانستە سیاسییەکان ڕەخنەی ئەوە لە "جۆزێف نای" دەگرن کە چەمکی هێزی نەرمی بەتەواوی گرێ داوە بە ئەمریکا و تایبەتی کردووە بە دەوڵەتی ئەمریکا، چونکە پێیان وایە لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە بانگەشەیەکی ئاشكرا و کاریگەر بۆ ئەمریکا دەکات. جۆزێف نای وەڵامی ڕەخنەکان دەداتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو تەنیا هەوڵی داوە ئەمریکییەکان لەوە ئاگادار بکاتەوە کە ئەگەر بە شێوەیەکی دروست و ڕێکوپێک سوود لە هێزە ڕەقەکەیان وەرنەگرن، ئەوا ڕەنگە سەرچاوە و ڕەگەزەکانی هێزە نەرمەکەیان لەدەست بدەن. سەرەڕای ئەوەی جۆزێف نای تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە تەنیا ئەمریکییەکان خاوەن هێزی نەرم نین بەڵکوو هەموو ئەکتەرێکی سیاسی لە دونیادا بە جۆرێک لە جۆرەکان و بە شێوە و قەبارەی جیاواز، خاوەن هێزی نەرمن و دەتوانن لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیان بەکاری بهێنن. هێزی نەرم بەگشتی، جەنگی بیرکردنەوەیە نەک بیرکردنەوە لە جەنگ و بەرهەمهێنانی جەنگ و شێوازەکانی! ئەمڕۆ هەم لەسەر ئاستی ئەکتەری دەوڵەتی و هەمیش ئەکتەری نادەوڵەتی، هێزی نەرم دەبینرێت و بەکار دەهێنرێت.

ئەو ڕەخنانەی کە لە هێزی نەرم دەگیرێن!

جگە لە کاریگەری و لایەنە ئەرێنییەکانی هێزی نەرم، کۆمەڵێک ڕەخنەیش لەو جۆرەی هێز دەگیرێت؛ بەوەی کە سەرچاوەکانی سنووردارە و هەموو ئەکتەر یان یەکەیەکی سیاسی ناتوانێت وەک پێویست و بە ویستی خۆی و بەپێی ئامانجەکانی خۆی بەکاری بهێنێت. ئەم ڕەخنەیە زیاتر لەو ڕەهەندەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕەگەزەکانی هێزی نەرم زیاتر کەلتوور و دیپلۆماسییەت و فەرهەنگ و زمان و سینەما و ئەدەب و میدیایە بەگشتی؛ بەمەیش هەموو وڵاتانی دونیا هێشتا نەیانتوانیوە وەک پێویست زمان و فەرهەنگ و میدیایەکی کاریگەریان هەبێت تا سەرنجی دونیای پێ ڕابکێشن. بەگشتی دەکرێت بڵێین سەرچاوەکانی هێزی نەرم لە هێزێکی سیاسییه‌وه‌ بۆ هێزێکی سیاسی دەگۆڕێت و، لە هەمان کاتیشدا سنووردار و ڕێژەیییە و هەموو وڵات و ئەکتەرێکی سیاسییش ناتوانێت تەکنیکەکانی وەک خۆی بەکار بهێنێت و ئامانجەکانی خۆی پێ بپێکێت، بەتایبەت ئەو هێز و ئەکتەرانەی کە دەوڵەت نین یان پێگەی نێودەوڵەتییان لاوازە یان هەڵگری مێژوو و میرات و ناوبانگ و پاشخانێکی خراپ و نێگەتیڤن لە جیهاندا.

هێز لە ڕوانگەی "مۆزیز نەیم"ەوە؛ "لە ژووری بڕیاردانەوە بۆ مەیدانی جەنگ، لە کەنیسەوە بۆ دەوڵەت" 

"مۆزیز نەیم" لە کتێبەکەیدا "کۆتاییی هێز"، باس لە پەرتبوون و دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی هێز و دروستبوونی میکرۆ-هێز/وردە-هێز دەکات. نووسەر پێی وایە چیتر دەوڵەتان، کۆمپانیا گەورەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتەنیا خاوەن هێز و هەموو بنەماکانی هێز نین بەڵکوو کۆمەڵێک ئەکتەری تری وەک "شەقام"، وەک بەشێک لە هێزی نەرم خاوەن هێزن و دەتوانن کاریگەری و هێژموونی خۆیانی پێ دروست بکەن.

مۆزیز پێی وایە هێزی دەوڵەت وەک هێزێکی سەنتڕاڵ و خۆسەپێنەر کۆتاییی پێ دێت و چیتر نامێنێت! هێزی دەوڵەت پەرشوبڵاو و پارچەپارچە دەبێت و تاکەکان بەشێکی گەورەی ئەم پارچەهێز و وردەهێزانە بۆ خۆیان هەڵدەگرنەوە و دەبن بە خاوەنی و دووبارە بە کاری دەهێننەوە! ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی تری وەک ڕێکخراو و کۆبوونەوەی گەنجەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەرەکانی وەک گووگڵ، فەیسبووک، تویتەر، ئەمازۆن و تەکنەلۆژی بەگشتی، دەبن بە خاوەنی وردەهێز و، هێز لای خۆیان گل دەدەنەوە و قۆرخی دەکەن.

مۆزیز بەڕژدی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئێمە لە قۆناغێکی نوێی هێزدا دەژین. ئەم قۆناغەیش قۆناغی پەرتبوونی هێزە! هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم پەرتبوونەیش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی شارەکان و گەورەبوونی شارەکان و، بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و کەرەستەکانی گەیشتن بە یەکتر بەخێرایی و سەرچاوەکانی وەک مۆبایل و کۆمپیوتەرە تاکەکەسییەکانە، کە ڕێژەیەکی زۆری دانیشتووانی جیهان بەکاری دەهێنن و؛ ئەم دیاردەی پەرتبوونەی هێزەیش زیاتر لە سیسته‌می نێودەوڵەتیدا هەستی پێ دەکرێت و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی لەدەستدانی هێزەکەیان بۆ ئەوانی تر دەبنەوە!

خوێندنەوەکانی مۆزیز، خوێندنەوەی نوێن بۆ چەمکی هێز و شێوازی کارکردنی هێز و هەندەسەی دروستبوونی هێز و چۆنێتیی دابەشبوون و بەرهەمهێنانەوەی هێز؛ ئەمەیش دیدێکە تا ڕاددەیەک بەشێکی ڕەگەزە جۆراوجۆرەکانی چەمکی هێزی نەرم لای "جۆزێف نای" لەخۆ دەگرێت.

دەرەنجام
لە بەشی یەکەمدا ئاماژە بە ماناکانی چەمکی هێز کرا و ڕەگەزەکانی لە لایەن تیۆریستی ئەم چەمکە "جۆزێف نای" ڕوون کرایەوە، بەوەی کە فۆڕمێکی نوێی هێزە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بڕواپێکردن و بەبێ بەکارهێنانی هێز ئامانجەکانی خۆی بپێکێت. ئەم جۆرەی هێز زیاتر لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە گەشەی سەند و ئەمریکا وەک هێزێکی جیهانی و بکەرێکی سەرەکی لەنێو سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتیدا بە ڕێژەیەکی زۆر هەر لەو کاتەوە لە هەموو گۆشە و ڕووبەرەکانی دونیادا، دەستی بۆ بەکارهێنانی ئەم جۆرەی هێز برد.

ئەمریکا وەک جەمسەری تاقانەی نێو سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتی، لە ڕێگەی زمان، فەرهەنگ، کەلتوور، هێزی تەکنەلۆژی، هونەر و سینەما، شێوازی ژیان، دامەزراوە پەروەردەیی و زانکۆکانی، کۆمپانیا بەناوبانگەکانی وەک ئەپڵ و مایکڕۆسۆفت و فۆرد و گووگڵ و کەی ئێف سی و ماکدۆناڵد و...، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و تویتەر و لینکد ئین و...، بە ڕێژەیەکی زۆر و بە قەبارەیەکی گەورە هێزە نەرمەکەی خۆی لە تەواوی جیهاندا بەکار دەهێنێت بە مەبەستی گەیشتن بە خەون و ئامانجەکانی و مانەوەی وەک هێزێکی جیهانی و خاوەن هێژموون و کاریگەری و باڵادەستیی زیاتر بەسەر نەیارەکانیدا. "جۆزێف نای" وەک تیۆریستێکی ئەمریکی، خاوەن داهێنان و داڕشتنی هێزی نەرمە و تا ئێستا لە پاڵ هێزی ڕەق و هێزی نەرم، چەمکی هێزی بۆ "هێزی زیرەک و هێزی تیژ"یش پۆڵێن کردووە و هەر یەکەیشیان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکان، بە شێوازێکی تایبەت کار دەکەن و بەکار دەهێنرێن. لە پاڵ ئەمریکادا ئەمڕۆ وڵاتان و هێزە گەورەکانی وەک ڕووسیا، چین، هیند، تورکیا، ئێران، ئیسڕائیل، سعوودیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و قەتەر و چەندین وڵاتی جیاوازی تر لە کیشوەری جیاواز، بۆ گەیشتن بە ئامانج و خەون و پلانە ستڕاتیژییەکانیان هێزی نەرم بەکار دەهێنن.

 


* "مۆزیز نەیم" لە ساڵی ١٩٥٢ لە لیبیا لەدایک بووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩-١٩٩٠ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بووە لە ڤێنزوێلا و هاوکات هاووڵاتیی ئەو وڵاتەیشە. جگە لەم کتێبە چەندین کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەی تری لەبارەی چەمکی هێز و دەوڵەت نوسیووە.