بەشداریی سیاسیی گەنجان؛ بەربەست و دەرفەتەكان  

 

پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین

پێشەكی

ڕێبەرانی داهاتوو، ئاییندەساز، سەرمایەی سەرەكیی كۆمەڵگە، بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگە، هیوای نەتەوە، قەڵغانی وڵات لە هەمبەر هێرش و دەستدرێژیی دەرەكی، شانازیخوڵقێنەكان و باسكی بەهێزی گەل و...، وەسفەكانی گەنجانە بۆ پێناسەكردنی ڕۆڵ و پێگە و گرنگیی ئەم توێژە. بەم پێیەیش پرسی بەشداریی گەنجان لە پرۆسەی سیاسی بەگشتی و ناوەندی بڕیار بەتایبەتی، یەكێك لەو پرس و بابەتانەیە كە بۆتە جێگەی گرنگیپێدانی توێژەرانی بواری كۆمەڵناسیی سیاسی و بیرمەندانی پەرەپێدان لە هەموو بوار و ڕەهەندەكانەوە.

بۆیە پێویستە بۆ دەستنیشانكردنی بەربەست و دەرفەتەكانی ئەم بەشدارییە، لە هەموو بوار و ڕەهەندەكانەوە خوێندنەوە و لێكۆڵێنەوەی بۆ بكرێت. لەم سۆنگەیەوە پرسیاری سەرەكیی ئەم نووسینە ئەوەیە كە، ئایا لە هەرێمی كوردستان بەربەست و دەرفەتەكانی ئەم بەشدارییە چین و بە چ شێوەیەكن؟

یەكەم: بەشداریی سیاسی

بەشداریی سیاسی بە واتای بەرجەستەكردنی بەشداریی خەڵك لە دەستنیشانكردنی چارەنووسی خۆیان هەژمار دەكرێت؛ ئەمەیش بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبێت، لە داڕشتنی سیاسەت و دانانی سیاسەت لە ژیانی سیاسیدا. دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بەرجەستەترین و ئاشكراترین فۆرمی بەشداریی سیاسییە. بۆیە بەشداریی سیاسی دەتوانێت پاڵپشتی و بەدواداچوون و شوێنكەوتووی سیاسەتە هەنووكەیییەكان یاخود هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری و دژبوونە لەگەڵ ئەم سیاسەتانەدا.

هانتینگتۆن (S. huntington) و نێلسۆن (S. m.Nelson) لە ساڵی 1976دا "بەشداریی سیاسی" بە چالاكیی هاووڵاتیان بە مەبەستی شوێندانەری لەسەر پرۆسەی بڕیاری سیاسی دادەنێن و پێناسەی دەكەن؛ هەرچەندە هانتینگتۆن بەشداریی سیاسیی بەرفراوان، دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی كەلتوور و دامەزراوەی پتەو و جێگیر لە كۆمەڵگە ئینتیقالییەكان و بە هۆكاری ناسەقامگیری و توندوتیژی دەزانێت.

چەندین پێوەر بۆ كاریگەریی فاكتەر و پاڵنەرەكانی بەشداریی سیاسی دەستنیشان كراون، بۆ نموونە:

  • بنەماڵە
  • ناوچەی جوگرافی
  • ڕیشە ڕەگەزی و ئیتنیكییەكان
  • ئایین
  • وێنا حزبییەكان
  • ئامراز و كەره‌ستەكانی ڕاگەیاندن

هەروەها پاڵنەرەكانی بەشداریی سیاسی بۆ سەر چوار پاڵنەر دابەش دەكەن:

  • پاڵنەرە سیاسییەكان
  • سەركەوتنە كۆمەڵایەتییەكان
  • تایبەتمەندییە كەسایەتییەكان
  • ژینگەی سیاسی

"ڤێربا و نای" لە ساڵی 1972 كۆمەڵگەكان لە پەیوەندی لەگەڵ كەلتووری سیاسیدا بۆ سەر سێ مۆدێلی ڕەفتاری سەرەكی 1- شوێنكەتوو (نەریتی) 2- چالاك  (مۆدێرن) 3- بێلایەن، دابەش دەكرێن.

بەم پێیەیش "ڤێربا" گرووپی چالاك و ڕەفتاری سیاسیی بەشداربووان بۆ سەر دوو گرووپی چالاكیی سیاسی و ناسیاسی دابەش دەكات و، پاشان چالاكیی سیاسیش بۆ دوو دەستەی "لایەنگر" و "ئۆپۆزیسیۆن"ی سیستەمی سیاسی دابەش دەكه‌ن. هەروەها ناوبراوان پێكهاتەی چینایەتی لە سیستەمە دژەدیموكراسییەكان بۆ سەر 1- گرووپێكی نوخبەی بچووك 2- گرووپێكی بچووكی چینی ناوەڕاست 3- زۆرینەی خەڵك یاخود جەماوەر و ئاپۆڕا دابه‌ش ده‌كه‌ن. لە لایەكی دیكەیشەوە به‌ بۆچوونی ئه‌وان، پێكهاتەی چینایەتی لە سیستەمی دیموكراسی بریتییە لە: 1- ژمارەیەكی كەم لە دەوڵەمەند و هەژاران 2- زۆرینەی چینی ناوەڕاست.

دووەم: بەشداریی سیاسی؛ پەرەپێدان و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی و سیاسی

لە ساكارترین پێناسەدا گەشەكردنی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشكەوتن و، هەروەها چارەسەركردنی كێشە و گرفتە جۆراوجۆرەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری و تەنانەت ئابووریی هەر كۆمەڵگەیەك، بە "پەرەپێدان" دەناسرێت. لە گرنگترین ئاماژە و پێوەرەكانی پەرەپێدانیش، دەتوانین ئاماژە بە كەمكردنەوەی هەژاری و بێكاری و نایەكسانی و، هەروەها دروستكردنی سیتەمێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی لەسەر بنەمای دادپەروەری و بەپیشەسازیكردنی زیاتری بەشەكانی كۆمەڵگە و ژیانی كۆمەڵایەتی و، بەگشتی بەرزكردنەوەی ئاستی بەشداری و شوێندانەریی هاووڵاتیان لە كاروبارە جۆراوجۆرەكاندا بكه‌ین.

ئەگەر سێكوچكەی: 1- سەرچاوەی سروشتی 2- سەرچاوەی مرۆیی 3- سەرمایە، فاكتەری سەرەكیی پەرەپێدان بن، "بەڕێوەبردن" و "دانانی سیاسەتە گشتییەكان" ئەڵقەی پێكگەیاندنی ئەم سێكوچكەیەیە. بۆیە لەم نێوەندەیشدا توێژی گەنجان وەكوو ناوەرۆك یاخود گەوهەری گۆڕانكارییەكان لە لایەك و سەرمایەی مرۆیی لە لایەكی دیكەوە، بە هۆی تایبەتمەندییە جۆراوجۆرەكانی تەمەن، خوێندەواری، پسپۆڕی و پێگەیشتوویی و دەروونی و جەستەیی، دەتوانن ببنە داینەمۆی سەرەكیی پەرەپێدانی وڵات؛ چونكە سەرمایەی ماددی و سروشتی بەپێی تێپەڕینی كات دەتوانێت كۆتاییی پێ بێت، بەڵام سەرمایەی مرۆیی بەپێی سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنان زیاتر گەشە دەكات.

بەشداریی سیاسیی گەنجان لە ناوەندەكانی بڕیار، دەكرێ پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی هەستیارییان لە هەمبەر كاروباری گشتیی كۆمەڵگەكەیان و، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی بەرپرسیارێتییانەوە هەبێت. گەنجان بە هۆی بوونی 1- سەربەخۆییخوازی، 2- ئایدیاڵیستبوون لە چالاكییە سیاسییەكان 3- نوێخوازی و داهێنانه‌وه‌ حەزێكی زۆریان بۆ بەشداریكردن لە چالاكیی سیاسیدا هەیە.

ئامانجی پەرەپێدانی سیاسی، بەرفراوانكردنی ڕێژە و ئاستی بەشداری و كێبڕكێی نێوان گرووپە كۆمەڵایەتییەكانه‌ لە بواری ژیانی سیاسی. گرنگترین ئامراز و میكانیزمەكانیش بریتین لە: ڕێكخستنی گرووپ و هێزە كۆمەڵایەتییەكان لە ڕێكخراو و دامەزراوە و كۆمەڵە و حزبەكان، ئازادیی ئەم گرووپ و هێزانە لە كێبڕكێ و بەشداریی سیاسیدا، بوونی میكانیزمی یاسایی و دامەزراوەیی بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە پێكهاتەی سیاسیدا، سڕینەوەی توندوتیژی لە ژیانی سیاسیدا بە مەبەستی چەسپاندن و جێگیركردنی سەقامگیریی سیاسی، ڕەوایەتیی دامەزراوەیی و یاسایی.

سێیەم: بەشداریی سیاسی و پرسەكانی مۆدێرنیزم و مۆدێرنیزاسیۆن

 بەكورتی "مۆدێرنیتە" پرۆژە یان پارادایمێكی كه‌لتووری و شارستانییە كە هەموو بوار و ڕەهەندەكانی ژیانی تاك و كۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت؛ بەم مانایە كە "مۆدێرنیتە" وەكوو دۆخ یان هەلومەرجێك یان وەكوو لۆژیكی ناسینی جیهانی گۆڕدراوی پاش سەدەكانی ناوەڕاست و ڕێنیسانس و ڕیفۆرمی ئایینی و سەردەمی ڕۆشنگەری و بەگشتی گۆڕانكارییەكانی سەردەمی پیشەسازی لە پەیوەندی لەگەڵ گێڕانەوە گەورە و جیاوازەكانی جیهان و بەگشتی دووبارە پێناسەكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤ و جیهان دەناسرێت.

 بەڵام "مۆدێرنیزاسیۆن" بە پرۆسەیەك دەگوترێت كە گۆڕانكاری لە هەموو بوار و ڕەهەندەكانی ژیانی كۆمەڵایەتیدا لە ڕێگەی بەكارهێنانی ڕوانگە و ئامراز و شێوازەكانی زانستی و ته‌كنه‌لۆژیكی و لەژێر كاریگەریی مەعریفە و كه‌لتوور و شارستانییەتی ڕۆژاوایی بۆ گەیشتن یان هاوتەریببوون بە "مۆدێرنیتە" دەكاتە ئامانجی خۆی؛ بۆ نموونە بەرجەستەبوونی ئەم ڕوانگە و عەقڵانییەتە زانستی-ته‌كنه‌لۆژیكە لە مۆدێرنیزاسیۆنی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، خۆی لە بنیاتنانی دامەزراوە و ڕێكخراوە سیاسی و كۆمەڵایەتییه‌كاندا (بە مانا مۆدێرنەكەی) دەبینێتەوە؛ واتا بەعەقڵانیكردنی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی.  

 كەوابوو یەكێك لە گرنگترین بنەما، یان ڕەگەزەكانی "مۆدێرنیتە" بریتییە لە عەقڵانییەت ((Rationality)) بە هەر دوو ڕەهەندی مەعریفەناسی و بوونناسییەوە، كە لە "مۆدێرنیزاسیۆن"دا خۆی لە بەعەقڵانیكردن ((Rationalization))دا دەبینێتەوە. جەوهەری عەقڵانییەت، گەڕانەوی مافێكە بۆ مرۆڤ كە پێشتر لێی زەوت كرابوو كە ئەویش "مافی دیاریكردنی چارەنووسە" بە هۆی بوونی مرۆڤ بە بوونێكی "سەربەخۆ" و حاكم لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆی  لە ڕێگەی "عەقڵەوە"؛ لێرەوە مرۆڤ دەبێتە سۆبجێكت (subject) و جیهان دەبێتە ئۆبجێكت (object).

هەروەها ئەم عەقڵانییەتە لەسەر بنەما و لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ چەمكی سیكۆلاریزم (secularism) وەكوو ئایدیایەكی "مرۆڤتەوەر" كە لە مۆدێرنیزاسیۆندا بە "بەسیكۆلاربوون" یان بە سیكۆلاریزاسیون secularization)) دەناسرێت. هەروەها ئەم پەیوەندییەیش لە ڕێگەی جیاكردنەوە و سەربەخۆبوونی ناسنامەی مرۆڤ وەكوو "تاك" یان وەكوو بوونەوەرێكی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە و خودموختار لە ناوكی كۆمەڵ و بنەماڵە و خوێن و عەشیرەت و سوننەت دەبێت، كە بە "سەروەریی تاك" یان "تاكگەرایی" (individuality یاخود Individualism)، كە وەكوو چركەساتی بوونناسانەی "مرۆڤ"، دەرخەر یاخود بەرجەستەكەری "مۆدێرنیتە"یە، كە دواتر ئەم "تاكە" لە كۆمەڵگه‌دا، هەروەكوو "هیگڵ" ئاماژەی پێ دەدات، دەبێتە "مرۆڤێكی كۆمەڵایەتی" كە لە مۆدێرنیزاسیۆندا لە ڕێگەی پرۆسەی Individualizationه‌وە، ناسنامە وەردەگرێت و خۆی وەكوو كیانێكی "خاوەن ئیرادە" و "سەربەخۆ"  لە  ژیانی تایبەتی خۆیدا بەرهەم دێنێتەوە.

لە لایەكی ترەوە ڕەهەندی سیاسیی "مۆدێرنیتە"، خۆی لە "دیموكراسی"دا مانیفێست دەكات؛ بەم مانایە كە بەرجەستەبوونی عەقڵانییەتی ڕەخنەیی لە بواری سیاسیدا، خۆی لە "دیموكراسی" بە مانا بەرفراوانەكەی دا بەرجەستە دەكات، كە ئەمەیش لە ڕێگەی دروستكردنی دامەزراوە و حزب و ڕێخكراو، یان "بەدامەزراوەییكردن" (institutionalization)وە دەبێت، كە لە پرۆسەی "مۆدێرنیزاسیۆن"ی سیاسیدا بە دیموكراتیزاسیۆن (Democratization) دەناسرێت؛ كە بەگشتی كۆی ئەم ڕەگەز و ڕەهەند و فاكتەرانە پێكەوە كارلێك دەكەن. بۆیە دەتوانین بڵێین كە بەگشتی "مۆدێرنیتە" لە چوار ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و كه‌لتووری و كۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی "مۆدێرنیزاسیۆن"ەوە لەم بوار و ڕەهەندانەوە هەوڵی وەدیهاتنی دەدرێت.

یەكێك لە كێشەكانی كۆمەڵگەكانی دواكەوتوو یاخود په‌ره‌ئه‌ستێن، پرسی بەشداریی سیاسییە؛ بەو واتایە كە لە كۆمەڵگە نەریتییەكان و پێش-مۆدێرنیتە ئەوە "تاك" خاوەن كەسایەتیی سەربەخۆی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری نییە، بەڵكوو لە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و خێڵ و عەشیرە و...، ناسنامە وەردەگرێت.

ئێمە ڕوانگەی جۆراوجۆرمان دەرباره‌ی پرسی مۆدێرنیزاسیۆن هەیە. بۆ نموونە بیرۆكەكانی "دانیەل لێرنەر" كە باس لە مۆدێرنیزاسیۆن و پەیوەندی بە بەشداریی سیاسی و پەرەسەندنی شارنشینی و پەروەردە و فێركردنی گشتی و و پەرەسەندنی ئامرازەكانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن دەكات. هەروەها "مارتین سیمۆر لیپیست" بەشداریی سیاسی دەبەستێتەوە بە ڕەگەز كە پیاو زیاتر لە ژن و، هەروەها خوێندەوار زیاتر لە نەخوێندەوار یاخود كەمخوێندەوار حەز و ویستی بەشداریی سیاسیی هەیە و؛ "لوسین پای" و "گابریەل ئەلمۆند" و "كارل دۆیچ" و "ماكس ڤیبەر" و...، باس لەم پرسە دەكەن. لە ڕوانگەی "هانتینگتۆن"، مۆدێرنیزاسیۆن بەپێی ئاستی پیشەسازیی وڵات، جووڵە و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان، بەشداریی سیاسی و گەشەی ئابووری هەڵدەسەنگێندرێت. بەم پێیە بەشداریی سیاسی وەكوو داواكاریی هاووڵاتیان بۆ وەگرتنی ڕۆڵ و پێگە، ڕووبەڕووی سیستەم دەبێتەوە. ئەگەر سیستەم توانای خۆگونجاندنی نەبێت، ئەوە ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و نائاسایشی دەبێتەوە. لەوانەیشە سەر بكێشێت بۆ شۆڕشی سیاسی و وەرچەرخانی سیاسی لە سیستەمدا. بۆیە هەر سیستەمێكی سیاسی ئەگەر فرەپێكهاتە و وەزیفە و ئاڵۆز بێت، توانای خۆگونجاندنی زیاتری هەیە.

چوارەم: ئاستەكانی بەشداریی سیاسی

ئاستەكانی بەشداریی سیاسی بۆ سەر چەندین ئاست دابەش دەكرێن بۆ نموونە:

  • هەبوونی بەرپرسیارێتیی سیاسی یاخود ئیداریی باڵا
  • هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بەرپرسیارێتیی سیاسی و ئیداریی باڵا
  • ئەندامێتیی چالاكانە لە ڕێكخراوێكی سیاسی
  • بەشداری لە كۆبوونەوە گشتییەكان و سیاسییەكان وەكوو: خۆپیشاندان، مانگرتن و هتد.
  • ئەندامبوونی ئاسایی لە ڕێكخراوێكی سیاسی
  • ئەندامبوون لە ڕێكخراو و دامەزراوەیەكی ناسیاسی یاخود مەدەنی
  • بەشداری لە وتووێژ و گفتوگۆ سیاسییە نافەرمییەكان
  • حەز و ویستی بەدواداچوون بە پرسە سیاسییەكان
  • دەنگدان
  • گرنگینەدان بە كاروباری سیاسی و دوورەپەرێزی

هەرچەندە لەوانەیە تاكەكان لە چەندین ئاستدا لە جۆرەكانی بەشداریی سیاسیدا بەشدار بن، بەڵام یەكێك لەو مۆدێڵە ڕەفتارییانە بەسەر جۆرەكانی دیكەدا زاڵ بێت.

پێنجەم: فۆرم و شێوازەكانی بەشداریی سیاسیی گەنجان

بە شێوەیەكی گشتی، سێ فۆرمی 1- نەریتی 2- مۆدێرن و 3- پۆست-مۆدێرن، بۆ بەشداریی گەنجان بەپێی سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی فەراهەم كراوە.

  • نەریتی: بەشداری لە هەڵبژاردن و دەنگدان و ئەندامێتی لە حزبە سیاسییەكان. ئەمەیش پەیوەندیی بە جۆری سیستەمی سیاسییەوە هەیە كە دیموكراتیك یاخود نادیموكراتیكە. بەڵام بەگشتی ڕێژەی بەشداریی گەنج لە تەمەنی خوار 30 ساڵ، بۆ نموونە لە ئەمریكا، نزیكەی 20% بۆ 30% كەمترە لە تەمەنی سەروو 30 ساڵ. ئەمەیش پەیوەندیی بە هەبوونی هیوا یاخود بێهیوایی لە هەمبەر گۆڕانكاریی سیاسییە لە ڕێگەی بەشداریی سیاسیی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هەڵبژاردن و حزبە سیاسییەكانەوە و، هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنەكان و سیستەمی هەڵبژاردن و هتد.
  • مۆدێرن: بە هۆی گۆڕانكاری لە ئەكتەرەكان و بەهاكان و پرسەكان و ڕەفتارەكان، چەمكی سیاسەتی نوێ (NEW POLITICS) هاتۆتە ئاراوە. بەم پێیەیش ئامرازەكانی بەشداریی سیاسیی گەنجان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە لە بزووتنەوە نوێیە كۆمەڵایەتییەكانی وەكوو بزووتنەوەكانی ژینگە، بەرگری لە مافی ئاژەڵان و دژایەتیی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی و كۆكوژ، دژایەتیی ڕەگەزپەرستی و جیاكاریی ڕەگەزی و فێمینیستەكان و بزووتنەوەكانی ئاشتی و داماڵینی چەك و بزووتنەو ەكانی ئیتنیكی و ئایینی و مەزهەبی و خوێندكاران و كرێكاران و مافی مرۆڤ و هتد. ئەم بزووتنەوانە زیاتر پرس-تەوەر یاخود لەسەر بنەمای بابەتێكی دیاریكراون نەك گشتگیر و بەرفراوان. بۆیە ناتوانرێ گەنجان لەنێو ڕەوتەكانی چەپ و ڕاست و لیبراڵ و كۆمۆنیست و كۆنزەرڤاتیڤ و...، پۆلین بكرێن؛ بەڵكوو زیاتر تەمەن، ڕەگەز، شوێن و ناوچەی جوگرافی و ئیتنیك و بابەت پۆلین دەكرێن.
  • پۆست- مۆدێرن: بەشداری لە ڕێگەی ستایلی ژیانی تایبەتی گەنجان یاخود پەیوەستبوون بە كەلتووری جیاواز لە كەلتووری گشتیی كۆمەڵگە و، هەروەها بەشداریی "میدیایی و دیجیتال"، دوو شێوازی سەرەكیی ئەم جۆرە بەشدارییە سیاسییەی گەنجانن، كە تایبەتمەندیی سەرەكیی ئەم مۆدێلە دژایەتی لەگەڵ كاركردن لە چوارچێوەی هەر چەشنە پێكهاتەیەكە. بەم واتایە كە گەنجان لە ڕێگه‌ی‌ دژایەتیی كەلتووری زاڵ و باوی فەرمیی كۆمەڵگە و هەڵبژاردنی چەشنێكی تایبەت لە ژیان، دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی گشتیی سیستەمی سیاسی و كۆمەڵگە و دەسەڵاتداران دەكەن.

شەشەم: پرسی بەشداریی سیاسیی گەنجان لە كوردستان

  • خوێندنەوە بۆ پرسی بەشداریی سیاسیی گەنجان لە ڕوانگەی تیۆریی "پێكهاتە" و "بكەر" یاخود "بنیات" و "ئەكتەر"، گونجاوترە. بەم واتایە كە گەنج وەكوو بكەر لە چوارچێوەی پێكهاتەیەكی سیاسی یاخود كەلتووری و كۆمەڵایەتیدا هەوڵی بەدواداچوون و شوینكەوتوویی بۆ دەستەبەركردنی ئامانجەكان یاخود گۆڕانكاری لەو پێكهاتەیە دەدات. بۆیە ئەم پێكهاتە كەلتووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوورییە، ڕۆڵبینینی گەنجان سنووردار یاخود بەرفراوان دەكات.
  • لە كۆمەڵگەی نەریتیدا لێكترازانی جیلی ناچالاكە و، گەنجان پەیڕەو و شوێنكەوتووی بەتەمەنەكانن و، لە كۆمەڵگەی پێشكەوتوودا ئەم كەلێن و لێكترازانە چالاكە و لە قۆناغی گواستنەوەدا بەپێی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، چالاك و ناچالاك دەبێت.
  • هیچ جێلێك لە ڕووە جۆراوجۆرەكانی تایبەتمەندی و ویست و داواكاری و ئایدیاڵەكان و تەنانەت پێویستییەكانی ژیانی ماددییه‌وه، ئاوینەی جیلی پێش خۆی نییە‌. بۆیە لێكترازانێك لە نێوان داواكاری و ویستی جیلەكان و بەم پێیەیش تێڕوانینی سیاسییان دروست دەبێت.
  • ئیمڕۆكە ڕاگەیاندن و شۆڕشەكانی زانیاری و تەكنەلۆژی و پەیوەندی، كاریگەرییان لەسەر ستایلی ژیان و داواكاریی وەكیەك و وێكچووی گەنجان هەیە. هەروەها لەم ڕێگەیەیشەوە جۆرێك لە بەشداریی سیاسی و كاریگەری لەسەر سیاسەتە گشتییەكانی هەر كۆمەڵگەیەك دەبینرێت، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، باشترین نموونەیش بەهاری عەرەبی و بەشداریی گەنجان لە ڕێگەی خۆڕێكخستن لە شۆڕشەكان كە بە شۆڕشی تویتەری و فەیسبووكی و...، ناسرا.
  • حزبە سیاسییەكان ئامراز و میكانیزمی بەشداریی سیاسیین. بۆیە بەشداریی گەنج لە سیاسەت و ناوەندی بڕیار، لە حزبە سیاسییەكانەوە دەست پێ دەكات.
  • ئەم گۆڕانكارییانە وایان كردووە كە گەنج چاوەڕوانیی وه‌ڵامدانەوەی خێرای پرس و بابەتە سیاسییەكانی لە دەسەڵاتی سیاسی هەبێت. هەروەها سیاسەت لە خزمەت دابینكردن و دەستەبەركردنی ستایل و پێداویستییەكانی ژیانی دەزانێت. بۆیە لە كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەمكی "بەمیدیاییبوونی سیاسەت" و "سیاسەتی میدیایی" هاتۆتە ئاراوە یاخود دەبینرێت. چونكە لەم سەردەمەدا میدیا دەرفەتی دروستبوونی ستایل و مۆدێلی نوێی بۆ بەشداری لە سیاسەت خوڵقاندووە. بۆیە سیاسەت زیاتر بەرەو مۆدێلی؛ نواندن و نمایش و دیجیتالی و فرەیی چووە، چونكە دەسەڵاتی سیاسی، تاكە مەرجەعی زانیاری نییە (جەیمز ڕۆزێناو)؛ یاخود جۆریكە لە "كارنڤالیزم"ی سیاسی و سیاسەتی كارنڤالیزمی.
  • ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان و تەنانەت جیهان، سیاسەت بەرەو پۆپۆلیزم دەبات و لە بنەماكانی ڕاستەقینەی بەشداریی سیاسی دووری دەكاتەوە. ئەمەیش لە لایەك گەنجان بە ئاراستەی جۆراوجۆر دابەش دەكات و، لە لایەكی ترەوە پرس و داواكارییەكان ڕووكەشی و كورتخایەنن.
  • لە هەر كۆمەڵگەیەك بەپێی سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی، دەبێت بزانین ناوەندی بڕیار لە كوێیە: ئایا پەرلەمانە؟ ئایا حزبی سیاسییە؟ لە كوردستان ئاماژەكان پێمان دەڵین "حزبی سیاسی" ناوەندی بڕیارە، بۆیە بەشداریی گەنج دەبێت لە پرۆسەی بەدیموكراسیكردن و بەم پێیە بەشداریی گەنج لە ناوەندی بڕیاری حزبە سیاسییەكانەوە دەست پێ بكات.
  • لە لایەكی ترەوە، "تاكگەرایی" تایبەتمەندیی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن و دیموكراسییە، بەڵام بەپێی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و كەلتووریی كۆمەڵگە دواكه‌وتووەكان و كوردستان، زیاتر دابەشبوونی جوگرافی و ئتنیكی و ئایینی و مەزهەبی و عەشیرەیی زاڵە و، بۆیە ئەمە بەربەستی سەرەكییە بۆ بەشداریی گەنجان وەكوو "تاك". لە هەمان كاتیشدا گەنجانیش بەپێی ئەو لێكترازان و كەڵێنە كۆمەڵایەتییانە دابەش دەبن و، تەنانەت ململانێ دێتە ئاراوە.
  • سەرمایەداری و بەرهەمهێنان كۆڵەكەی سەرەكیی پرسەكانی مۆدێرنیزاسیۆنە. بەم پێیە ئابووریی سیاسیی هەر وڵاتێك ئەو دەرفەتە بۆ بەشداری بەگشتی و بەشداریی گەنجان دەخوڵقێنێت. لە سیستەمی "ڕێنتییەر ستەیت" كە داهاتی وڵات لەسەر فرۆشتنی بەرهەمی سروشتی و بەتایبەتی نەوت و گازە، ئەوە هاوكێشەكان بەپێچەوانەیە. بەم واتایە كە لە كوردستان ئەوە حكوومەتە كە سەرچاوەی ئابووری و دارایییە نەك "تاك" و كۆمپانیاكان. بۆیە لێرەوە سەربەخۆییی ئابووری، ڕۆڵی گرنگ بۆ بەشداریی گەنجان دەگێڕێت.
  • كاریگەریی زانكۆ و ناوەندەكانی فێركردن و پەروەردە و بەتایبەتی ئاستی خوێندەوارەی و توانای پسپۆری و پیشەیی لە هەر وڵاتێك، دەرفەت بۆ بەشداریی سیاسی دەخوڵقێنێت. لە كوردستان سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵا سیمای ئەو دەرفەته‌ و لە هەمان كاتیشدا ئەو كێشەیەیه‌؛ چونكە لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان ئەم پسپۆرییە ئەو دەرفەتە دەخوڵقێنێت كە هەندێ جار بە "تەكنۆكراتیزم"یش دەناسرێت. بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن و بڕوانامە و پسپۆڕی، ڕێژەی داواكاریی سیاسیی گەنجان لە كوردستان بە هۆی گۆڕانكارییەكانی ئابووری و زیاتربوونی دەرفەتی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامە بەرزتر دەكاتەوە. ئەمەیش لە لایەك دەرفەتە و، لە لایەكی تریشەوە ئەگەر سیستەم توانای خۆگونجاندنی نەبێت هۆكاری كەلەكەبوونی كێشەكانە لە كوردستان.
  • پێكهاتەی كۆمەڵگە لە ڕووی باوكسالاری و پیاوسالاری و، هەروەها پرسی بەشداری و جیاكاریی ژنان، فاكتەرێكی پێكهاتەییی دیكەیە كە ڕۆڵ و پێگەی گەنج بۆ بەشداریی سیاسی لاواز دەكات. لە لایەك نیوەی گەنجان كە ئافرەتن، بەربەستی سەرەكییان لە بەردەمدایە و، لە لایەكی تریشەوە ئەم باوكسالارییە لە سیستەمی سیاسیدا ڕەنگ دەداتەوە كە به‌ پاتریمیۆنالیزم یاخود لە ئێستادا نیۆپاتریمیۆنالیزم دەناسرێت. لێرەوە ڕۆڵی كەلتوور و تەنانەت ئایین و مەزهەب، لەسەر ئاستی ئەو بەشدارییە سیاسییە ڕۆڵ دەبینێت.
  • ئەگەر دەرفەت بۆ بەشداریی سیاسیی گەنجان لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار بڕەخسێندرێت، ئەوە گەنجان پاڵپشتی لە سیستەمی سیاسی دەكەن و متمانەی پێ دەكەن؛ بەڵام بەپێچەوانەكەی بەهۆی نامۆبوونیان لە سیاسەت ئەوە بە دوو میكانیزمی 1- دژایەتی و 2- پاسیڤبوونی سیاسی، كاردانەوەیان دەبێت.
  • لە ئێستادا دروستبوونی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و مانگرتن و دروستكردنی بزووتنەوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیش، چەشن یاخود شێوازێكە لە بەشداریی سیاسی. بۆیە ئەگەر سیستەمی سیاسی وه‌ڵامی داواكارییەكان لە ڕێگەی بەشدارپێكردنی گەنجان نەداتەوە، ئەوە بەدڵنیایییەوە بزووتنەوەی جۆراوجۆری دژەسیستەم دێتە ئاراوە و دروست دەبێت.
  • لە ڕووی گۆڕانكاریی دیموگرافییەوە و بەپێی ئامارەكان، هەرێمی كوردستان كۆمەڵگەیەكی گەنجە (نێونجی 22 ساڵ تەمەن)؛ بۆیە ئەمە گوشاری سەر سیستەم بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان و، هەروەها بەشداریپێكردنیان لە دروستكردنی بڕیار بە ئامراز و میكانیزمی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرز دەكاتەوە.

كۆبەند:

  • كاركردن بۆ گۆڕینی عەقڵییەت و كەلتووری كۆمەڵگە لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن و بە ڕێگەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و، هەروەها ڕۆڵی میدیا و ڕاگەیاندن، دەتوانێت بە شێوەیەكی ئەرێنی دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداریی سیاسیی گەنجان لە ناوەندەكانی بڕیار بڕەخسێنێت.
  • هەرچەندە ویست و ئیرادە بۆ بەشداریپێكردنی گەنج لە لایەن دەسەڵاتەوە گرنگە، بەڵام ئەمە دەتوانێت كاتی بێت و ویست و ئیرادەی پێچەوانە ئەم پێشكەوتنە پێچەوانە بكاتەوە. بۆیە گۆڕینی ستراكچەرەكانی پەیوەندیداری سیاسی، كەلتووری، كۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی، یاسایی و...، زۆر گرنگتر و جێگیرترە.
  • ئەوەی ئێستا لە كوردستان بۆ بەشداریی گەنج هەیە، زیاتر لە ڕووی دەرفەتی ئیداری و كارگێڕییە، نەك لە ڕووی بەشداری لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار بۆ گەنجان. ڕێژەی گەنج لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت.
  • سەربەخۆییی ئابووری و پەرەسەندنی كەرتی تایبەت و دووركەوتنەوە لە داهاتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، دەتوانێت ڕۆڵێكی زیاتر بداتە گەنجان؛ بەو پێیەی كە چیتر دەسەڵاتی فەرمی و سیاسی، سەرچاوەی دارایی و داهات و ئابووری نابێت.
  • سڕینەوەی جیاكاری لە ڕووی ڕەگەزییەوە تایبەت بە ژنان، دەتوانێت هێزێكی زیاتر بداتە گەنجان بۆ بەشداریی سیاسی و گوشاردروستكردن لەسەر دەسەڵات.
  • شۆڕبوونەوە و دابەشكردنی ناوەند و جومگەكانی هێز و دەسەڵات لە ئاستی كۆمەڵگە، نەك تەنیا لە ئاستی دامەزراوە فەرمییە حكوومی و حزبییەكان، دەتوانێت بەپێی پسپۆڕی و ئاستی پەروەردە و بڕوانامەی گەنجان، بە هۆی پێویستی و گۆڕانكارییەكانی كوردستانه‌وه‌ ڕۆڵی زیاتریان پێ بدات.
  • بەدامەزراوییكردنی كوردستان و بەم پێیە دیموكراتیزاسیۆن، دەتوانێت دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجان بئافرێنێت؛ بەو پێیەی كە تاكگەرایی و پسپۆڕی، لە بری عەشیرە و ناوچە و خێڵ دەبێتە سەنتەر. بۆیە دروستبوونی ناسنامەی نیشتمانی لە سەرووی ناسنامەی ئیتنیكی و ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، دەتوانێت بەسەر ئەو لێكترازانانەدا زاڵ بێت و ئەمەیش وا دەكات حزبه‌ سیاسییەكان ڕۆڵی سەرەكی بدەنە گەنجانی پسپۆڕ و خاوەن پێگە.
  • بەهێزبوونی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی (بەڵام سەربەخۆ) لە بوار و پرسی جۆراوجۆر دوور لە دەستێوەردانی حزبی، دەتوانێت ڕۆڵی گەنجان بە هەر دوو ڕەگەزەوە لە داڕشتنی سیاسەت لە كوردستاندا بەرز بكاتەوە.
  • دروستكردنی دوو ئەنجومەنی یاسادانان: 1- ئەنجومەنی نوێنەران 2- ئەنجومەنی پیران، دەتوانێت هاوسەنگییەك لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن دروست بكات. بێجگە لەمەیش، دەكرێت حزبە سیاسییەكان بە شێوەی كۆتا لە هەر دوو ڕەگەز، گەنجان بۆ ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی خۆیان دەستنیشان بكەن. لە حكوومەتیش پێویستە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان ڕەچاوی تەمەن بكرێت؛ بەو واتایە كە بۆ نموونە نێونجی تەمەنی كابینە لە 50 ساڵ زیاتر نەبێت.
  • تواناداركردنی گەنجان لە ڕێگەی پێگەیاندن و ئامادەكردنیان بۆ سەركردایەتی، یەكێك لە پرۆگرامانەیە كە دەكرێت لە ئاستی نیشتمانی پلانی بۆ دابنرێت و، دەتوانێت بوار و دەرفەت بۆ بەشداریی سیاسیی گەنجان بڕەخسێنێت.

سەرچاوەكان: