پرەنسیپی سەروەریی یاسا؛ چەمک و بنچینە و ئامانجەکان

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

یەکێک لەو باسە گرنگانەی کە لە جیهانی ئەمڕۆدا بەردەوام دێتە بەر باس، بابەتی "سەروەریی یاسا"یە. ئەم چەمکە، یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە زانستەکانی یاسا، سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵناسی و مێژوو باسی لێوە دەکرێت و، بە درێژاییی مێژوو وزەبەخشی گەلیک باس و بابەتی تر بووە، وەک: دەستوورگەرایی، یاساگەرایی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. لە لایەکی ترەوە، گرنگیدان بە پرەنسیپی سەروەریی یاسا و ملکەچبوون بۆ یاسا، بە یەکێک لە فاکتەرەکانی حوکمڕانیی باش دادەنرێت. هەر لە دێرزەمانەوە، لە فەلسەفە یاسایی و سیاسییەکان و هەروا لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگە مرۆیییەکاندا، پرەنسیپی سەروەریی یاسا بە چەمکێکی عەقڵانی و پڕبایەخ دانراوە، کە جەخت لەسەر ملکەچبوونی مرۆڤ و سیستەمە دەسەڵاتدارەکان بۆ یاسا دەکاتەوە.

هەروا سەروەریی یاسا، یەکێکە لەو بابەتانەی کە بەخێرایی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی سیستەمی دەسەڵاتدار. گوتاری زاڵ لە یاسای گشتیی نوێ بریتییە لە دەوڵەتێکی یاساتەوەر، کە بەم پێیە دەبێ هەموو دامودەزگەکانی وڵات ملکەچ و پەیڕەوکاری ڕێسا یاسایییەکان بن. ئەم چەمکە، سەرەتا بریتی بوو لە چەسپاندنی حکوومەتی یاسا لەسەر هاووڵاتیان، بەڵام پاشان فراوانتر بوو و بازنەی سەروەریی یاسا، دەوڵەت و دامودەزگەکانیشی گرتەوە. بۆ ئاشنابوونی زیاتر بەم چەمكە، لەم وتارەدا باس لە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، چەمک، بنچینە و ئامانجەکانی پرەنسیپی سەروەریی یاسا دەکەین.

چەمکی سەروەریی یاسا

هەر لە کۆنەوە، لە لایەن فەیلەسووفەکانەوە باس لەم پرەنسیپە و تایبەتمەندی و بەهاکانی کراوە. هەندێ جار بە چەمکی یەکسانی لە بەرامبەر یاسا باسی لێوە کراوە و، هەندێ جار بە حکوومەتی یاسا لە بەرامبەر حکوومەتە دیکتاتۆری و تاکڕەوی و پاشایەتییەکان ناوی لێ دەبراو و، جاری وایشه‌ بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی وەک گشتیبوون، بەردەوامی و ڕاشکاویی یاساکان باسی لێوە دەکرێت. بەڵام دەتوانین ئەو لایەنانە لە یەک خاڵی هاوبەشدا چڕ بکەینەوە، کە بریتییە لە ڕەتکردنەوەی کەڵکوەرگرتنی تاکڕەوانە و خۆسەرانەی دەسەڵات لە بڕیارە حکوومییەکان.    

چەمکی سەروەریی یاسا وەک چەمکێکی گرنگ، نە پێناسە کراوە و نە بەئاسانیش پێناسە دەکرێت، کە ئەمەیش بۆ فرەییی ڕەگەز و پێکهاتەکانی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە. ئەمەیش وا دەکات بەپێی بیر و بۆچوونە جیاوازەکان، پێناسەی جیاوازی بۆ بکرێت. لە نەریتی سیاسی و یاساییی ڕۆژاوا، ئەم چەمکە بە خاڵی بەرامبەری حکوومەتی تاکەکەس پێناسە کراوە و، ئەم واتایەیش هەر لە سەردەمی ئەفلاتۆن و ئەرەستۆ تا زانایانی هاوچەرخ جەختی لەسەر کراوەتەوە. بەم حاڵەیش، گرنگترین کارکردی سەروەریی یاسا لە سیستەمی یاساییی ناوخۆیی، سنووردارکردنی دەسەڵاتی گشتیی دەوڵەتە بە مەبەستی پاراستنی ماف و ئازادیی هاووڵاتیان. لە سیستەمی یاساییی ناوخۆیی، ڕووی دەمی سەروەریی یاسا پتر بەرپرسانی حکوومین، کە دەبێ کردار و بڕیارەکانیان لە چوارچێوەی یاسادا بێت. سەروەریی یاسا پێکهاتەیەکی دامەزراوە، کە بەو پێیە سیستەمی سیاسی لە ڕێگەی سنووردارکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێگەگرتن لە کەڵکوەرگرتنی نابەجێ لە دەسەڵات و بەکارهێنانی بە شێوەیەکی خۆسەرانە، ئەرکی پاراستنی مافەکانی تاکەکەس لە ئەستۆ دەگرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٤ پێناسەیەکی بۆ سەروەریی یاسا کردووە بەم جۆرەی خوارەوە: "یەکێکە لە بنەماکانی حوکمڕانی، بە جۆرێک کە هەموو تاکەکان و دامەزراوەکان و قەوارە گشتی و تایبەتییەکان و لەوانەیش دەوڵەت بەرپرسن بەرامبەر بە یاساکان، کە بەئاشکرا دەردەچن و لەسەر بنەمای یەکسانی پیادە دەکرێن و دادوەریکردنیان بە شێوەیەکی سەربەخۆیە و، هاوئاهەنگە لەگەڵ بنەما و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ. هەروا جگە لەوەیش، پێویستیی بە دانانی ڕێوشوێنی پێویستە بۆ گەرەنتیکردنی بنەماکانی سەروەریی یاسا و یەکسانی و بەرپرسیارێتی لە بەردەم یاسا و، دادپەروەری لە پیادەکردنی یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و، بەشداریکردن لە پرۆسەی بڕیارسازی و متمانەی یاسایی و، دوورکەوتنەوە لە زێدەڕۆیی و بوونی شه‌فافییەتی ڕێکاری و یاسایی."

ئەم پێناسەیە، ڕەگەزە سەرەکییەکانی سەروەریی یاسا دەگرێتەوە، لەوانەیش: بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنەکان لە بەردەم یاسا و چۆنێتیی داڕشتنەوەی یاساکان، بوونی شه‌فافییەت لە پرۆسەی یاسادانان، پێویستیی بڵاوکردنەوەی یاساکان و ئاگاداربوونی هەمووان، چەسپاندنی یاسا لەسەر هەمووان بەیەکسانی، دادپەروەری لە پیادەکردنی یاساکان و دادوەریکردن و بوونی قەوارەیەکی سەربەخۆی بڕیارساز. هەروا ئەم پێناسەیە، هەندێ لایەنی دیکەیش دەگرێتەوە وەک: هاوئاهەنگبوونی یاساکان لەگەڵ پێوەر و بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و، ڕوونی و ڕاشکاوبوون و شیاوبوونی پێشبینیکردنی دەرەنجامی یاساییی کردارەکان. 

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سەروەریی یاسا بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

١) یاسا دەبێ گشتی بێت.

٢) یاسا دەبێ بۆ داهاتوو بێ و ڕوون و ڕاشکاو بێت.

٣) یاسا دەبێ بە شێوەیەکی ڕێژەیی سەقامگیر بێت.

٤) یاسا دەبێ بە جۆرێک ڕێك بخرێت کە هاووڵاتیان بتوانن بەرنامە بۆ داهاتووی خۆیان دابنێن.

٥) بەرپرسانی حکوومی، دەبێ لە هەمبەر یاسادا وەڵامدەرەوە بن.

٦) یاسا دەبێ لەگەڵ بنەما سروشتی و مافە سروشتییەکاندا بگونجێت.

٧) دەبێ سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری گەرەنتی بکرێت.

٨) دادگەکان دەبێ دەسەڵاتی پێداچوونەوەی دادوەرییان بۆ بڕیار و پەسندکراوەکانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجیکردن هەبێت.

٩) دادگەکان دەبێ بەئاسانی بەردەست بن.

١٠) دادپەروەریی سزایی، دەبێ بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکرێت.

ڕەگ و ڕیشەکانی چەمکی سەروەریی یاسا

لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، هزری سەروەریی یاسا لەسەر بنەمای ئایدیاکانی ئەرەستۆ پەرەی سەند و لە نەریتی ئەدەبیی سەدەکانی چوارەم و پێنجەمی بەر لە زایین ڕەنگی داوەتەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاست، ئەو هزرانەی کە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی سەرەتاییی بیرۆکەی مۆدێرنی سەروەریی یاسا بوون سەریان هەڵدا، بەڵام گرنگترین بابەتی جێی باس لەو سەردەمەدا چۆنێتیی پابەندبوونی پاشا بوو بە یاسا. دیارترین پرسیاری ئەو سەردەمە ئەوە بوو: ئایا ئەو یاسایەی کە دەبێ پاشا چاودێریی بەسەردا بکات، خودی پاشایش سنووردار دەکات یان نا؟

گرنگترین فاکتەری دەرکەوتنی مۆدێرنی هزری سەروەریی یاسا، بۆ وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بریتانیا لە سەدەی هەڤدەیەم دەگەڕێتەوە. جەنگی ناوخۆی بریتانیا لە ساڵانی ١٦٤٢-١٦٤٩ کە لە ناکۆکیی قووڵی نێوان پەرلەمان و پاشا دەربارەی چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی پاشا سەرچاوەی دەگرت، بووە هەوێنی گەورەترین گۆڕانکاری لە بواری تیۆرییە سیاسی و یاسایییەکان. ملنەدانی هەندێ لە پاشاکان، وەک جەیمزی یەکەم و چارلزی یەکەم بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی پاشا و سەروەریی یاسا، سەرەنجام شۆڕشی ساڵی ١٦٨٨ی لێ کەوتەوە و لە ئاکامدا چارتی مافەکان لە ساڵی ١٦٨٩ دەرچوو، کە بەڕاشکاوی دەڵێت پاشا ملکەچە بۆ یاسا. لەم چارتەدا، نەک هەر پاشا ناچار کرا لە ڕێی پەرلەمانەوە فەرمانڕەوایی بکات، بەڵکوو مافی دەستوەرنەدان لە کاروباری تایبەتیی تاکەکانیش دانی پێدا نرا. پێداگرتن لەسەر سەروەریی یاسا نەک حکوومەتی تاکەکەس، بووە بنەمایەکی سەرەکی و نەگۆڕ و ڕێنمایەک بۆ داواکردنی ڕێزگرتن لە شکۆ و ماف و ئازادیی هاووڵاتیان.

ئامانجەکانی سەروەریی یاسا

بێ گومان هەر زاراوە و چەمکێک، کۆمەڵێک ئامانجی هەیە کە هەوڵی بەدیهاتنی دەدات لەناو کۆمەڵگەدا، کە دەتوانین ئامانجەکانی سەروەریی یاسا لەم خاڵانەدا چڕ بکەینەوە:

١) پاراستنی کومەڵگە و وڵات لە بشێوی، ناسەقامگیری، چەوساندنەوە، توندوتیژی و ستەم.

٢) بەهێزکردنی متمانە لەنێو توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان و، تێگەیشتن لە ئەنجامی یاساییی کار و کردار و گرێبەست و ڕێککەوتنەکانیان.

٣) حوکمڕانیی یاسا و سەروەربوونی و دابینکردنی پاراستن و گەرەنتی بۆ هاووڵاتیان بۆ ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان، یان پیشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ.

٤) بەهێزکردنی ئینتیما بۆ نیشتمان لە ڕێگەی چەسپاندنی حوکمی یاسا و سەروەرکردنی یاسا.

پەیوەندیی نێوان دەسەڵات، سیاسەت و سەروەریی یاسا

دەسەڵات بریتییە لە توانای کاریگەربوون لەسەر هەڵسوکەوتی ئەوانی تر لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجی تایبەت بە لایەنێکی دیاریکراو، یان کەسێکی دیاریکراو و، بۆ ئەم مەبەستەیش پشت بە ئامرازی جۆراوجۆر دەبەستێ وەک: سەرچاوەی ئابووری، توندوتیژی، گواستنەوەی بیروباوەڕێکی دیاریکراو و زاڵبوونی سیاسی. سیاسەتیش بریتییە لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری پەیوەست بە ڕێسا باڵادەستەکانی کۆمەڵگە و بەکارهێنانی سەرچاوە گشتییەکان تێیدا. سەروەریی یاسا لە ناوەڕۆک و جەوهەری خۆیدا، سیستەمێکە بۆ دانانی سنوورێک بۆ زێدەڕۆییی دەسەڵاتداران و دەربازبوونیان لە سزا. دەسەڵاتداران، دەکرێت بەرپرسانی حکوومی، سه‌ركرده‌ ئایینییەکان، فەرماندە سەربازییەکان و نوخبە ئابوورییەکان بن. "سەروەریی یاسا" پێچەوانەی "سەروەریی مرۆڤ"ە؛ بە جۆرێک کە دەسەڵاتداران دەتوانن بەپێی خواست و ویستی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ کۆتوبەندێک لەسەر هەڵسوکەوتەکانیان هەبێت و، کەسانی کەمدەسەڵات، یان هیچ ئامرازێکیان نییە یان ئامرازێکی کەمیان لەبەردەستدایە بۆ داواکردنی دادپەروەری. هەر بۆیە، هەر دەستوەردانێکی جددی بۆ باشترکردنی سەروەریی یاسا بەوە لێک دەدرێتەوە، کە خاوەن سروشتێکی سیاسییە، کە ئەمەیش کاریگەریی دەبێت لەسەر وەدەستهێنانی داهاتەکانی کۆمەڵگە و دیاریکردنی ڕێساکانی زاڵ بەسەر پەیوەندییەکانی دەسەڵاتداران و کەمدەسەڵاتەکاندا.

باشتربوونی سەروەریی یاسا هەڕەشە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران دەکات؛ هەر بۆیە زۆر جار بەتوندی بەرەنگاری چاکسازی دەبنەوە و لایەنی سوودمەند لە سەروەریی یاسا بەزۆری کەسانی کەمدەسەڵاتن. دروستکردنی هاوپەیمانی لە نێوان سوودمەندانی چاکسازی، دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە پرۆسەی هەنگاونان بەرەو سەروەریی یاسا، بەتایبەت ئەگەر بێت و ئەم هاوپەیمانییە لە لایەن کەسانی بەهێزتر کۆنترۆڵ بکرێت کە لە سەروەریی یاسا سوودمەندن.

بنچینە سەرەکییەکانی سەروەریی یاسا

سەروەریی یاسا پشت بە چوار بنچینەی سەرەکی دەبەستێ کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) ڕەوایی: بۆ ئەوەی سەروەریی یاسا لە کۆمەڵگە بەدی بێت، پێویستە یاسا ڕەنگدەرەوەی ویست و ئیرادەی کۆی ئەو کۆمەڵگەیە بێت؛ چونکە دژوارە خەڵک ملکەچی یاسایەک بن کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ڕەوایی نییە؛ هەروا قورسە کە یاسایەک وەک کۆمەڵەیەکی ڕەوا سەیر بکرێت، ئەگەر بێت و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیموکراتیی سازانەوە (تەوافوقی) دەرنەچووبێت.

٢) دادپەروەری: دادپەروەری، وەک یەکێک لە بنچینەکانی سەروەریی یاسا، بۆ خۆی لە چوار فاکتەر پێک دێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە: 

ئا) دادپەروەری لە پیادەکردنی یاسا: دەبێ یاسا بەیەکسانی لەسەر هەموو هاووڵاتیان پیادە بکرێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ئایین، تائیفە، ڕەنگی پێست، بنەچە و توێژی کۆمەڵایەتی.

ب) داپەروەریی جێبەجێکاری: دەبێ ئەو یاسایانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردنەوە لەسەر هاووڵاتیان پەێڕەو دەکرێت، وەک یاساکانی ڕێکارە سزایی یان مەدەنییەکان، ڕوون بن و لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێن.

ج) پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان: یاساکان، دادپەروەری بۆ هەمووان دابین دەکەن ئەگەر بێت و داننان بە مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پەسندکراو بن.

د) دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری: دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدات کە مافەکانیان بپارێزن لە هەر جۆرە سەرپێچی یان پێشێلکارییەک کە دەوڵەت یان لایەنەکانی تر ئەنجامی دەدەن.

٣) دەوڵەتێکی بەهێز کە ئاسایش دابین بکات و بەگەموگوڕی یاسا پیادە بکات: ئاسایشی تاکەکەسی بە بابەتێکی گرنگ بۆ هەموو هاووڵاتییەک دادەنرێت؛ ئەگەر بێت و دەوڵەت نەتوانێت ئەم ئاسایشە بۆ خەڵک دابین بکات، ئەوا متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت کەم دەبێتەوە و ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی هەوڵ بدات بە دەستی خۆی مافەکانی وەربگرێت، کە ئەمەیش دەبێته‌ هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی و، لە ئەنجامدا نیزامی گشتی و ئاسایش تێک دەچێت. هەر بۆیە هەبوونی دەوڵەتێکی بەهێز، کە بتوانێت سیستەم و ئاسایش دابین بکات و، بەگەموگوڕی یاسا پیادە بکات، بۆ سەروەریی یاسا جێی بایەخە.

٤) چاودێری و هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکان: لە وڵاتە دیموکراتییەکاندا، دەسەڵاتەکان لە یەک دامودەزگەی حکوومیدا کۆ ناکرێنەوە، بەڵکوو ئەم دەسەڵاتانە بە سەر ژمارەیەک دامودەزگەدا دابەش دەبن، کە هەر یەکەیان بە جیا لەوی تر کار دەکەن و لە هەمان کاتدا چاودێریی دامودەزگەکانی تریش دەکەن؛ کە ئەمەیش بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ناو دەبردرێت. لە ڕێگەی جەختکردنەوە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری و، هەروا ڕێگەدان بەم دامەزراوانە کە هەر یەکەیان چاودێریی ئەوی تر بکەن، ئەوا پرۆسەی چاودێری و هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی سەروەریی یاسادا دێتە ئاراوە. هەروا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگەکانی ڕاگەیاندن، دەتوانن لە هەموو ئاستەکاندا چاودێریی چالاکییەکانی حکوومەت بکەن. جگە لەمەیش، خەڵک دەتوانێ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتی دادوەری بکات لە ڕێگەی داواکردنی شەفافییەت و سەربەخۆییی ئەم دەسەڵاتە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن.   

کۆبەند

لەم وتارەدا واتا، ئامانج، ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و بنچینەکانی چەمکی سەروەریی یاسامان خستە ڕوو، وەک ئامانجێکی گەورەی مرۆیی کە مرۆڤ لە هەموو کات و سەردەمەکاندا هەوڵی بەدیهاتنی دەدات. سەروەربوونی یاسا لە هەر وڵاتێکدا، نیشانەی بوونی کۆمەڵگەیەکی شارستانی و پێشکەوتووە کە لە ڕووی ڕوخساری و بابەتییەوە ڕێز لە یاسا دەگرێت. ئەم پرەنسیپە، ئەگەرچی لە ڕووی ڕواڵەتییەوە لە دەستوور و یاساکاندا جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەڵام بەکردەوە، جێبەجێکردنی تووشی گرفت دەبێت. بنەمایەکی گرنگی سەروەریی یاسا، یەکسانیی هەموو هاووڵاتیانە لە بەرامبەر یاسا. دەتوانین بڵێین سەروەریی یاسا کلیلی هەموو پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگەیە؛ هەر بۆیە پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەک کە ڕێزگرتن لە یاسا تێیدا ببێتە کەلتوور، بە ئەرکێکی گرنگی دامودەزگەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنرێت.

 

سەرچاوەکان:

١) د.احمد ساعی و محمد خضری، فرهنگ سیاسی و حاکمیت قانون در ایران؛ با تاکید بر بی اعتمادی سیاسی ناشی از توهم توطئه، فصلنامه مطالعات سیاسی، سال پنجم، شماره ١٧، پاییز ١٣٩٢.

٢) حميد اسدی و دیگران، پژوهشی پيرامون نسبت سنجی حاکميت قانون در قاموس قانون اساسی و نظام حقوقی جمهوری اسلامی ایران، دو فصلنامه‌ علمی  پژوهشی پژوهشنامه حقوق اسلامی، سال سیزدهم، شماره دوم (پیاپی ٣٦)، پائیز و زمستان ١٣٩١.

٣) محمود حاجی زاده و دیگران، جایگاه حاکمیت قانون در حقوق بین الملل، فصلنامه پژوهش حقوق عمومی، سال هجدهم، شماره ٥٤، بهار ١٣٩٦.

٤) لیان مکاي، نحو ثقافة السیادة القانون، الطبعة الاولی، معهد الولایات المتحدة للسلام، واشنتون، ٢٠١٥.

٥) سیادة القانون، المرکز الیمني لقیاس الرأي العام، لەسەر ئەم ماڵپەڕەی خوارەوە دەبینرێت:

http://www.yemenpolling.org/advocacy/upfiles/YPCPublications_The-Rule-of-Law.pdf.

٦) د.فوزي علي السمهوري، الدیمقراطیة والسیادة القانون، لەسەر ئەم ماڵپەڕەی خوارەوە دەبینرێت:

http://www.culture.gov.jo/sites/default/files/page13_5.pdf.