سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری؛ لە تیۆرییەوە تا پراکتیک - بەشی دووەم  

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

چەمک و واتای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان

بابەتی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، پەیوەندییەکی نزیک و جیانەکراوەی لەگەڵ پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا هەیە. هەر بۆیە، بۆ تێگەیشتنی باشتر لە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، وا باشە باس لە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پەیوەندیی هەر سێ دەسەڵاتەکە لەگەڵ یەکتردا بکەین.

پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێ، یەکەم جار لە لایەن مۆنستکیۆ خرایە ڕوو و بەم جۆرە پێناسەی دەکات: "دابەشکردن و پۆلێنکردنی دەوڵەت بەسەر سێ دەسەڵاتی جیاواز و هاوسەنگی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، کە لەژێر سێبەری ئەم جیاکردنەوەیە، هەر یەک لەو سێ دەسەڵاتە، لە چوارچێوەی ئەرکەکانیدا مافی بڕیاردان له‌ چاره‌نووسی هەیە. هەروا دەبێ ئامرازی ئەوەیان هەبێت کە دەسەڵاتەکانی تر سنووردار بکەن و، ڕێگرییان لێ بکەن لە پەرتەوازەیی و لادان." مۆنتسکیۆ، جەختی لەسەر ئەم بیرۆکەیە دەکردەوە کە دەبێ هەر دەسەڵاتێک، دەسەڵاتەکەی تر ڕابگرێت؛ واتە هەر یەک لەو سێ دەسەڵاتە، دەبێ چاودێریی ئەوی تر بکات.

هەروا هەندێکی تر، ئەم پرەنسیپە بەو جۆرە دەبینن، کە هەر یەک لە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لە دەستووردا بۆیان دیاری کراوە، سەربەخۆن و، هیچ کامیان بۆیان نییە دەستدرێژی بکەنە سەر ئەرکەکانی دەسەڵاتەکانی تر، یاخود دەستدرێژیی سنووری سەڵاحیەتەکانی ئەوی تر بکەن. بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە، بە واتای جیاکردنەوەی بەتەواوەتی نایەت، کە هەر دەسەڵاتێک بەیەکجاری لەوانی دیکە جیا بکرێتەوە یان گۆشەگیر بکرێت، بەڵکوو ئامانجی ئەم پرەنسیپە دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی و هاوکارییە لە نێوان ئەم دەسەڵاتانەدا؛ بە جۆرێک کە ئەم هاوئاهەنگی و هاوکارییە ببێتە هۆی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. لە هەمان کاتدا، جۆرێک لە چاودێریی بەرامبەر لە نێوان ئەم دەسەڵاتانەدا دێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هیچ کام لەو دەسەڵاتانە دەستدرێژی نەکەنە سەر سەڵاحیەتەکانی یەکتر. لە لایەکی ترەوە، ئەم هاوکارییە گەرەنتییە بۆ ماف و ئازادیی تاکەکان لەناو کۆمەڵگەدا.    

پاساوەکانی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە لای مۆنتسکیۆ بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) قەدەغەکردنی تاکڕەوی و پاراستنی ئازادی: ئەگەر هەر سێ دەسەڵاتەکە لە دەست یەک کەسدا کۆ بکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە ڕێسایەکی دیاریکراویش لە دەستووردا کۆتبەند کرابێت، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە، کە ڕێز لەو ڕێسایانە بگرێت و، هیچ شتێک ناتوانێ ڕێگە لە دەسەڵاتدارێکی تاکڕەو بگرێت.

٢) گەرەنتیکردنی پرەنسیپی ڕەوایی: پرەنسیپی ڕەوایی وا دەخوازێت، کە ڕێسا تەشریعییەکان گشتی و پەتی (عام و مجرد (ئه‌بستراكت) بن؛ ئەمەیش بەدی نایەت، ئەگەر یاسادانەر و جێبەجێکاری یاسا یەک کەس بن.

٣) پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دەبێتە هۆی دابەشکردنی کار و ئەرکەکان بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی و، هەر دەسەڵاتێک خۆی بۆ ئەرکە دیاریکراوەکانی خۆی تەرخان دەکات.

بەم جۆرە بەپێی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هەر دەسەڵاتێک کۆمەڵێک ئەرکی هەیە، کە بەسەربەخۆیی و بەبێ دەستوەردانی دەسەڵاتەکانی تر ئەنجامی دەدات و، دەتوانین دوو واتای سەرەکی بۆ ئەم پرەنسیپە بخەینە ڕوو کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) سەربەخۆییی ئۆرگانی: واتە هەر یەک لە دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، سەربەخۆییی زاتیی هەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی تر و، بەم پێیە پەیوەندیی نێوان ئەم دەسەڵاتانە لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان بنیات نراوە. هەر بۆیە هەر ڕێکارێک کە ببێتە هۆی دەستوەردان، یان کەمکردنەوەی سەربەخۆییی دەسەڵاتێکی تر، ئەوا بە ڕێکارێکی نادەستووری دادەنرێت و ڕەت دەکرێتەوە. سەربەخۆییی ئۆرگانیی دەسەڵاتی دادوەری، دوو ڕەهەندی هەیە: یەکەمیان بریتییە لەوەی، ئەو دادوەرەی کە کێشەیەک یەکلایی دەکاتەوە، جگە لە یاسا و ویژدانی خۆی کەس فەرمانی لەسەر نەکات. دووەم ئەوەیە، کە لە هەر کارتێکردنێکی دەرەکی دوور بکەوێتەوە، کە بێلایەنی و بابەتیبوونی پێشێل بکات.

٢) سەربەخۆیی لە ئەرکدا: واتە هەر دەسەڵاتێک، سەربەخۆ و پسپۆڕە لەو ئەرکانەی کە پێی سپێردراوە و، هیچ دەسەڵاتێک بۆی نییە سنووری دەسەڵاتەکانی تر ببەزێنێت. پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان وا دەخوازێت، کە ئەرکەکانی دەوڵەت لە نێوان هەر سێ دەسەڵاتەکەدا دابەش بکرێت. واتە هەر یەکەیان قەوارەی تایبەت بە خۆی هەبێت و، بتوانێ ئەرک و کارەکانی خۆی بەتەنیا و بەبێ دەستوەردان، یان گوشاری دەسەڵاتەکانی تر ئەنجام بدات، بە مەبەستی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ئەم دەسەڵاتانە و لە پێناو سەربەخۆییی ئۆرگانی و سەربەخۆیی لە ئەرکدا. سەربەخۆیی لە ئەرک سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەری بریتییە لەوەی، کە ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵێک ئەرکی دیاریکراو و تایبەتیی خۆی هەیە، کە نابێ هیچ کام لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن، چ بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستوەردان لە ئەرکەکانیدا بکەن؛ چ بە دەرکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی بڕیارەکانی دادگە، چ بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەو بابەتانەی کە پەیوەستە بە کاری دەسەڵاتی دادوەرییەوە. جگە لەمەیش، نابێ هیچ یەک لە ئەرکەکانی دەسەڵاتی دادوەری بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بسپێردرێت.

گرنگیی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری

دەسەڵاتی دادوەری، بە یەکێک لە پێویستییە سەرەکییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک دادەنرێت، چونکە ئاسایش و سەقامگیریی گشتی و تایبەیی بەدی نایەت، ئەگەر دەسەڵاتێک نەبێت تایبەت بە نەهێشتنی تاوان دژ بە تاکەکان و ماڵ و موڵکیان و، ئەو کێشانە یەکلایی نەکاتەوە کە ڕۆژانە لە پەیوەندیی نێوان تاکەکان و دەسەڵاتە گشتییەکاندا سەر هەڵدەدات. بۆیە دەبینین، کە زۆربەی دەستوورە هاوچەرخەکان لە کاتی ڕێکخستنی دەسەڵاتەکان، گرنگییەکی زۆریان بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری داوە. گرنگیی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، بۆ گرنگیی کاری دادوەری دەگەڕێتەوە. ئەگەر دادوەری دەسەڵاتێکی دەستووریی پێویست بێت بۆ قەوارەی دەوڵەت و سەقامگیری و بەردەوامبوونی، ئەوا پێویستە سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەی بتوانێ یاسا پیادە بکات. چونکە تاک تەنیا ئەو کاتە دەتوانێ لە مافەکانی خۆی دڵنیا بێت، کە لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆدا وەستا بێت؛ هەر بۆیە دادوەری بە پاسەوانی سروشتیی ئازادییەکان دادەنرێت.

سروشتی ئەرکی دادوەری، لەسەر بنەمای بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی ماف و ئازادیی تاکەکان بنیات نراوە و، دەسەڵاتی دادوەری تاکە ئامرازە بۆ گەرەنتیکردنی ڕێزلێگرتنیان، ئەو کاتەی کە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان. هەروا پاراستنی بەشێک لە مافەکانی مرۆڤ، پشت بە دەسەڵاتێکی دادوەریی بەهێز و سەربەخۆ دەبەستێ، کە بتوانێ لە بەرامبەر گەرەنتییە دەستووری و یاسایییەکاندا لێپرسینەوە لە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بکات.

هەروا سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە لە پەرەپێدانی ئابوورییەکی دروست و بەهێز. لەو وڵاتانەی کە سیستەمی ئابووری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو ئاڵۆزی و بەرفراوانی دەچێت، ئەوا سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری یارمەتیدەرە بۆ گەرەنتیکردنی سەروەریی یاسا و بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر چالاکییەک، کە ستەمکاری و حوکمی زێدەڕۆیانەی تێدا بێت. هەر لەم سۆنگەیەوە، دامەزراوەکانی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی- وەک بانکی نێودەوڵەتی- گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی دەسەڵاتی دادوەری دەدەن.

سەرچاوەکانی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری

پرەنسیپی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، لە لایەن دەوڵەتانی جیهانەوە گرنگیی پێ دراوە. هەر بۆیە، لە ژمارەیەک لە بەڵگەنامە و دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکان و هەروا لە دەستووری زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەڕوونی ئاماژەی پێ کراوە و جەختی لەسەر کراوەتەوە. لێرەدا باس لە سەرچاوەکانی ئەم پرەنسیپە دەکەین بەم جۆرەی خوارەوە:

یەکەم/ بەڵگەنامە و دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکان:

١) جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ: ئەم جاڕنامەیە، جەختی لەسەر پرەنسیپی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری کردوەتەوە و لە بەندی (١٠)ی جاڕنامەدا هاتووە: "هەر مرۆڤێک مافی یەکسانی هەیە لەگەڵ ئەوانی تر، لەوەی کە دادگەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن بە شێوەیەکی دادگەرانە و ئاشکرا سەیری کێشەکەی بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی ماف و پابەندییەکانی و، لە هەر تۆمەتێکی سزایی کە ئاراستەی دەکرێت."

٢) پەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە شارستانی و سیاسییەکان: ئەم پەیمانە کە لە ١٦/کانوونی یەکەمی/١٩٦٦ دەرچووە، لە بەندی (١٤/بڕگە ١)دا دەڵێت: "هەموو کەسەکان لە بەردەم دادوەریدا یەکسانن و، هەر کەسێک مافی هەیە لە کاتی سەیرکردنی تۆمەتێکی سزایی کە ئاراستەی دەکرێت یان لە ماف و پابەندییەکانی لە هەر داوایەکی شارستانی، دەبێ کێشەکەی بە شێوەیەکی دادگەرانە و ئاشکرا لە لایەن دادگەیەکی تایبەتمەندی سەربەخۆی بێلایەنەوە سەیر بکرێت، کە بە حوکمی یاسا دامەزراوە."

٣) لەسەر ئاستی هەرێمی، لە بەندی (٦/ب١) لە ڕێککەوتنی ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٥٠ و لە بەندی (٨/ب ١) لە ڕێککەوتنی ئەمریکی بۆ مافی مرۆڤ ساڵی  ١٩٧٨ و، ڕاگەیەندراوی عەرەبی بۆ سەربەخۆییی دادوەری لە ٢٨-٣٠/نیسانی/١٩٨٥ ئاماژە بەم پرەنسیپە کراوە.

٤) ڕاگەیەندراوی جیهانی بۆ سەربەخۆییی داد لە ساڵی ١٩٨٣ لە مونتریاڵ، کە تێیدا باس لە بنەماکان و ڕەگەزەکانی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و پارێزبەندی و ویلایەتی گشتیی دادگەکان کراوە.

٥) بنەما سەرەکییەکانی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری: ئەم بنەمایانە، لە کۆنگرەی قەدەغەکردنی تاوان و مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانباران لە ساڵی ١٩٨٥ لە میلانۆ پەسند کران و، بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت. ئەم بنەمایانە، بە بڕیاری ژمارە ٤٠/١٤٦ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دێسەمبەری ١٩٨٥ پەسند کران و، داوا لە هەموو دەوڵەتانی جیهان کرا کە ڕێز لەم بنەمایانە بگرن و، لە یاسا ناوخۆیییەکانی خۆیاندا بیگونجێنن.

٦) بنەماکانی بەنگلۆر بۆ ڕەفتاری دادوەری لە ساڵی ٢٠٠٢: ئەم بنەمایانە لە لایەن کۆمەڵەیەکی دادوەری لە ساڵی ٢٠٠٢ دەرچووە بە مەبەستی بەهێزکردنی دەستپاکیی دادوەری. هەرچەندە پتر باس لەو ڕەفتارە دادوەرییانە دەکات کە پێویستە دادوەران ڕەچاوی بکەن، بەڵام بە یەکێک لەو دیکۆمێنتانە دادەنرێت کە پەیوەندیی بە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەیە.

دووەم/ لە دەستووری وڵاتان:

پرەنسیپی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری (ئەگەر بە شێوەیەکی ڕواڵەتیش بێت)، لە دەستووری زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ڕەنگی داوەتەوە و ئاماژەی پێ کراوە؛ بەو پێیەی یەکێکە لە دەسەڵاتە گرنگەکانی دەوڵەت و، فەرمان لەسەر ماف و ئازادیی تاکەکان دەکات و تاکە پەناگەیە، کە خەڵک دەتوانێ بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی پەنای بۆ ببات؛ هەروا گەرەنتیی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تاکەکەسی دەکات لە هەر جۆرە دەستدرێژی و پێشیلکارییەک. دەستووری ئەمریکی، بەو پێیەی کە بە یەکەمین دەستووری نووسراوی جیهان دادەنرێت، لە ڕێگەی شێوازی هەڵبژاردنی دادوەرانەوە ئاماژەی بە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەریی کردووە، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.

لە بەندی (٦٧)ی دەستووری مەغریبی ئاماژە بەم پرەنسیپە کراوە و دەڵێت: "دادوەری، سەربەخۆیە لە دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن." بەندی (٩٧) لە دەستووری ئوردنی دەڵێت: "دادوەران سەربەخۆن و لە دادوەریکردندا، جگە لە یاسا ملکەچی کەس نین." بەندی (١٢٣) لە دەستووری سوودانی دەڵێت: "دەسەڵاتی دادوەری، سەربەخۆیە لە دەستەی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و، سەربەخۆییی دارایی و کارگێڕیی پێویستی هەیە".  

لە دەستووری عێراقیی ساڵی ٢٠٠٥ لە بەندی (٨٧) بەم جۆرە باس لە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دەکات: "دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و، دادگەکان بە جیاوازیی جۆر و پلەکانیانەوە بڕیاری لەسەر دەدەن و، بڕیارەکانیان بەگوێرەی یاسا دەردەچێت." هەروا لە بەندی (٨٨)دا هاتووە و دەڵێت: "دادوەران سەربەخۆن و، لە دادوەرییاندا جگە لە یاسا لەژێر ڕکێفی هیچ دەسەڵاتێکدا نین و، نابێت هیچ دەسەڵاتێک دەست بخاتە ناو دادوەری و  کاروباری دادپەروەرییەوە."

پاش ئەوەی پوختەیەکی کورتمان لە چەند دەستوورێک وەک نموونە خستە ڕوو، بۆمان دەرکەوت کە هەموویان بە دەقێکی ڕوون جەختیان لەسەر سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری کردۆتەوە؛ کە ئەمەیش دوو لایەن لەخۆ دەگرێت: یەکەم، لایەنی ڕواڵەتی، کە بەو پێیە دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە لە هەر دوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و، قەدەغەیە کە دەستوەردان لە کاروباری دەسەڵاتی دادوەریدا بکەن. دووەم، لایەنی کەسییە و ئەویش بریتییە لە کەسی دادوەر، کە کێشەکان دەخرێتە بەردەستی و نابێ دەستوەردان لە بڕیارەکانی دادوەردا بکرێت و، جگە لەمەیش دادوەر دەبێ پابەندی دەستپاکی و لێهاتوویی بێت.

هەروا دەستووری عێراقیی بەرکار و تەنانەت دەستوورەکانی پێشتریش، بە دەقی ڕوون و بێگرێوگۆڵ باسیان لە سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری کردووە، بەڵام دۆخی سیاسیی عێراق بە هۆی کاریگەریی جەنگ و شۆڕشەکان وای کردووە، کە بەردەوام کیانی دەوڵەت و سەقامگیریی دامەزراوەکانی لەژێر هەڕەشە و گوشاردا بن؛ کە ئەمەیش وای کردووە هزری سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری وەک پێویست نەچەسپێت و، وەک دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە دانی پێدا نەنرێت و بکەوێتە ژێر هێژموونی و سێبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن و تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت.

سەربەخۆییی داراییی دەسەڵاتی دادوەری

یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی بەدیهێنانی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، سەربەخۆییی داراییی ئەم دەسەڵاتەیە. دەسەڵاتی دادوەری، بەو پێیەی یەکێکە لە سێ دەسەڵاتەکانی ناو دەوڵەت، ئەوا پێویستی بە سەرچاوەی داراییی شیاو هەیە، هەتا بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بە شێوەیەکی شایستە بەجێ بگەیەنێت. داهاتی دەسەڵاتی دادوەری لە بوودجەی نیشتمانیی وڵات دابین دەبێت، کە لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانان یان دادوەرییەوە دادەنرێت و، دەوڵەت لەسەریەتی بوودجەی پێویست بۆ ئەم دەسەڵاتە دابین بکات؛ چونکە ئەگەر ئەو بوودجەیەی کە بۆ ئەم دەسەڵاتە دابین دەکرێت وەک پێویست نەبێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی دادوەری تووشی پەتای گەندەڵی ببێت، کە ئەمەیش کاریگەریی لەسەر بێلایەنیی ئەم دەسەڵاتە دەبێت و لاوازی دەکات. هەروا دەبێ لە کاتی دیاریکردنی بوودجەی ئەم دەسەڵاتە، پرس و ڕاوێژی پێ بکرێت.

پێدانی دەسەڵاتی دابەشکردن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە دارایییەکانی دەسەڵاتی دادوەری بە دەسەڵاتەکانی تر، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتانە کاریگەرییان لەسەر کاروباری لێکۆڵینەوە و داواکان هەبێت؛ کە ئەمەیش بە دەستدرێژی بۆ سەر دەسەڵاتی دادوەری دادەنرێت. هەر بۆیە دەبینین لە زۆربەی وڵاتان، لەناو دەسەڵاتی دادوەری، دەزگە و لایەنی بەرپرس هەیە بۆ بەڕێوەبردنی داهاتەکانی ئەم دەسەڵاتە؛ کە ئەمەیش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری.

ژمارەیەک لە دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکان، جەختیان لەسەر دابینکردنی بوودجەی پێویست بۆ دەسەڵاتی داوەری کردۆتەوە. لە بنەما سەرەکییەکانی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: "ئەرکی هەموو دەوڵەتانی ئەندامە کە داهاتی پیویست بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەستەبەر بکەن، بۆ ئەوەی بتوانێ ئەرکەکانی بە شێوازێکی دروست بەڕێوە ببات." هەروا بنەماکانی پەکینیش، جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە و دەڵێت: "پێویستە داهاتی پێویست بۆ دادوەران دەستەبەر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن."

بەم جۆرە بۆمان دەرکەوت، کە سەربەخۆییی دارایی بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەستەبەرکردنی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دادەنرێت. هەر بۆیە پێویستە ئەم دەسەڵاتە لە ڕووی دارایییەوە بەتەواوی پارەدار (تمویل) بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات. وا باشە ئەم بابەتەیش بە یاسا ڕێک بخرێت. هەروا بەشداریی دەسەڵاتی دادوەری لە دیاریکردنی بوودجەی خۆی، بە گەرەنتییەکی بنەڕەتی دادەنرێت بۆ سەربەخۆییی داراییی ئەم دەسەڵاتە. هەروا نابێ دەسەڵاتەکانی تر، دەستوەردان لە چۆنێتیی خەرجکردنی بوودجەی دەسەڵاتی دادوەریدا بکەن. هەرچەندە، خەرجکردنی ئەم بوودجەیە لە ڕیزی دەسەڵاتە ناوخۆیییەکانی دەسەڵاتی دادوەریدایە، بەڵام بەو حاڵەیش ئەم دەسەڵاتە بەگوێرەی سیستەمی بەرپرسیارێتیی گشتی لە دەوڵەت، لە بەرامبەر هەر دوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا بەرپرسیارە.