هێزی نەرم و ماناکانی - بەشی یەکەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

سۆفت پاوەر/ هێزی نەرم چییە؟

لە دوای  کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە، سۆفت پاوەر یان هێزی نەرم، بووە بە چەمکێکی سەرەکی و پڕبایەخ لە سیاسەتی دەرەوەی زۆربەی وڵاتاندا، بەتایبەت هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان و ئەو هێزانەی کە هەوڵ دەدەن هێژموونی سیاسی، ئابووری، سەربازی، کەلتووری و ئایدیۆلۆژیی خۆیان بەبێ بەکارهێنانی سەرباز و هێز و بە تێچوویەکی کەم بەسەر ئەکتەرەکانی تردا بسەپێنن.
هێزی نەرم وەک چەمک، بۆ یەکەم جار لە لایەن "جۆزێف نای"، پڕۆفیسۆر و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان لە کتێبی Bound to Lead لە ساڵی ١٩٩٠ لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە بەکار هێنراوە و پاشان ئەم چەمکە بووە بە زاراوەیەکی گرنگ و بایەخدار لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

"جۆزێف نای" پێی وایە هێزی نەرم واتە: "توانای دەوڵەتێک بۆ باوەڕهێنانی ئەکتەرەکانی تر بۆ ئەنجامدانی کارێک لەو شتەی کە دەوڵەتەکە دەیەوێت، بەبێ بەکارهێنانی هێز و زۆرلێکردن." واتە چۆن وا لە دەوڵەتێک یان ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی دەکەیت، بەپێی خواست و ویستەکانی تۆ بجووڵێتەوە و کار بکات بەڵام لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشان و باوەڕپێکردنییەوە نەک هێز و سەپاندن و زۆرەملێوە. ڕەگەز و سەرچاوەکانی هێزی نەرم زیاتر شاراوە و هەستپێنەکراوە وەک: کەلتوور، مێژوو، شێوازی ژیان، ئایدیۆلۆژی، سینەما، بەرهەمی ئابووری، هونەر و دراما و زانکۆ و ناوەندە ئه‌كادیمییەکان، وەرزش و دیپلۆماسییەت و میدیا و جۆری خواردن و بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی، بەها سیاسییەکانی وەک دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، مافی کەمینەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و هتد."

هێزی نەرم بەگشتی واتە بەدیهێنانی ئامانجەکان و توانای بەدەستهێنانی ئەوەی دەتەوێت لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشان و ئامرازە شارستانی و کەلتوورییەکان لە بری سەپاندنی زۆرەملێ و زۆرلێکردن و پێدانی پارە. هێزی نەرم ئاماژەیە بۆ سەرمایە مەعنەوی و ڕۆحییەکانی میللەتێک لە چوارچێوەی بەها و بیروباوەڕ و شێوەی ژیان و مێژووی شارستانێتی و ڕێزگرتن لە بەهاکانی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤ و کەلتوور و ئەدەب و هونەر و یارمەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکان؛ بە جۆرێک میللەتان و نەتەوەکانی تر بەو بەهایانە سەرسام بکەیت و، تا دواجار ڕێزی لێ بگرن و تەنانەت ببێتە هۆی چاولێکردن و بەدواکەوتنی. دیپلۆماسیی گشتی، مەعریفەناسی و زانست، سینەما و دراما و هونەر بەگشتی و وەرزش و ڕاگەیاندن و ستایلی جلوبەرگ و جۆری خواردن، ڕەگەزە سەرەکییەکانی هێزی نەرمن.

جۆزێف نای كێیە؟

جۆزێف نای لە ساڵی ١٩٣٧ لەدایک بووە و، ئەفسەری سەربازی بووە بە پلەی "ئەدمیڕاڵ". یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بووە لە سەردەمی کلینتۆن و، سەرۆکی ئەنجومەنی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکایش بووە. ڕاگری "زانکۆی هارڤارد"ی ئەمریکییش بووە.
لە ساڵی ١٩٩٠، چەمکی هێزی نەرمی بۆ یەکەم جار لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بەکار هێنا و دواتر کۆی سەرنج و بیر و ڕاکانی لە دووتوێی کتێبێکدا لە ساڵی ٢٠٠٤دا جارێکی تر داڕشتەوە و ڕێک خستەوە لەژێرناوی "هێزی نەرم: ئامرازەکانی سەرکەوتن لە سیاسەتی جیهانیدا".

جۆزێف نای و هاوڕێکەی، ڕۆبێرت کۆهین، قوتابخانەی ڕیاڵیستیی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دادەمەزرێنن و بە پشتبەستن بە باكگراوندە ئەکادیمی و تێزەکەی، پێی وا بووە کە هیچ کاتێک بەتەنیا هێزی ڕەق (هێزی سەربازی، گوشاری ئابووری و هەڕەشەی دیپلۆماسی)، لە یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان و تێکشکاندنی نەیارەکاندا بەتەواوەتی سەرکەوتوو نابێت. جۆزێف نای پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی ڕەقەوە، زلهێزەکان و وڵاتە گەورەکان دەتوانن ئامانجەکانیان بپێکن، بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی مەترسی و ڕیسک بۆ سەر ئامانج و خواستە سیاسی، ئابووری و کەلتوورییەکانیان.

هێزی نەرم، هەوڵ دەدات بگات بە هەمان ئەو ئامانجەی كە هێزی ڕەق هەوڵی بۆ دەدات و دەیەوێت بەدەستی بێنێت. هێزی نەرم، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بنەماکانی هێزی ڕەقەوە نییە؛ واتە هێزی نەرم هیچ پەیوەندییەکی بە قەبارە و شێوەی جیۆپۆلیتیکی دەوڵەت و هێز و قەبارە و پەیکەری سەربازی و ئابوورییەكەی و ئایدیۆلۆژییه‌كەیەوە نییە. دەكرێت وڵاتێك پلە یەك بێت لە: تەمەنی هاووڵاتیانی، ڕاددە و ڕێژەی داهاتی تاك و كرێ و خانەنشینی، ئاستی بەرزی خوێندن و زانکۆکانی و ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی، كە دەبێتە هۆی ناو و ناوبانگێكی باش و، بە چاوی ڕێز لە لایەن وڵاتانی ترەوە تەماشا بكرێت و دواجاریش ئەم تایبەتمەندییانە وەک هێزی نەرم بۆ وڵاتەکەی بەکار بهێنێت.

هێزی نەرم لە بەرامبەر هێزی ڕەقدا

جۆزێف نای لە کتێبەکەیدا (Bound to Lead) باسی چەندین جۆر هێزی کردووە، بەتایبەت هێزی ڕەق، هێزی نەرم و هێزی زیرەک؛ لەگەڵ ئەوەیشدا جیاوازی و بەراوردی لە نێوان هێزی ڕەق و نەرمدا کردووە. هێزی ڕەق لە دیدی جۆزێف نایدا "بریتییە لەوەی کە هێزێک یان دەوڵەتێک وا لە دەوڵەت یان هیزێکی تر بکات، ئەو کردارە بکات کە تۆ وەک دەوڵەتی یەکەم دەتەوێت و مەبەستتە." جۆزێف نای پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە زۆرلێکردن و ڕازیکردن (Coercion and inducement) دوو سەرچاوەی سەرەکیی هێزی ڕەقن لە جیهاندا. نای بەردەوام دەبێت لەسەر ئاڕگیۆمێنتەکەی و دەڵێت: "کاتێک دەوڵەتی A لە ڕێگەی زۆرلێکردنەوە باوەڕ بە دەوڵەتی B دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کردارەی کە دەوڵەتی A دەیەوێت، ئەوا پڕۆسەکە دەبێت به‌ بەکارهێنانی هێزی ڕەق. لە کاتێکدا هێزی نەرم بریتییە لە توانا و بەکارهێنانی ماتەوزە بۆ بەدەستهێنانی ئەو کردار، یان شتەی کە تۆ دەتەوێت، بەڵام لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشانەوە نەک لە ڕێگەی زۆرلێکردن و ڕازیکردنی بەزۆرەوە. لەم دۆخەدا دەوڵەتی A، بەبێ ناچارکردن و بەکارهێنانی هیچ ئامرازێکی زۆرلێکردن، سەرنجی دەوڵەتیB  بۆ خۆی ڕادەکێشێت و، وا لە دەوڵەتی بەرامبەر دەکات ئەو کارە یان ڕەفتارەی بۆ بکات کە خۆی دەیەوێت."

لێرەوە جیاوازیی سەرەکی و بنچینەییی نێوان هێزی نەرم و هێزی ڕەق دەردەکەوێت، بەتایبەت لە ڕووی شێوازی بەکارهێنان و پیادەکردن و سەرچاوە و ڕەگەزەکانیان. لە لایەکی تریشه‌وه‌ هێزی ڕەق بەتەنیا مەسەلەی بەکارهێنانی سەرباز و سوپا و تانک و چەکی قوڕس نییە، بەڵکوو چەندین فۆڕم و شێوازی جیاجیای هەیە کە زۆر جار دەوڵەتانی دونیا لە بەرامبەر ڕکابەر، یان نەیارەکانیان بەکاری دەهێنن بە ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان و گۆڕینی ڕەفتاری دوژمن و سنووردارکردنی هێز و تواناکانیان. گوشاری سیاسی و ئابووری و هەڕەشەی دیپلۆماسی، سێ لە گرنگترین پایەکانی هێزی ڕەقن. ئەگەرچی بەشێک لە توێژەران و تیۆریستانی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جیاوازیی نێوان هێزی ڕەق و هێزی نەرم بەوە دەکەن، کە هێزی نەرم زیاتر ڕێژەیی و شاراوەیە و ناتوانرێت بەئاسانی بەربەستی بۆ دروست بکرێت بە هۆی ئاڵۆزی و فراوانی ڕەگەزەکانییەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەر دوو هێزەکە بۆ یەک ئامانج بەکار دەهێنرێن و ئەکتەرە سیاسییەکانی دونیا هەر دوو جۆری هێزەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار دەهێنن. 

هێزی زیرەک و هێزی تیژ

لە پاڵ هەر یەک لە هێزی ڕەق و هێزی نەرمدا دوو جۆر هێزی تریشمان هەن کە بریتین لە هێزی زیرەک (Smart Power) و هێزی تیژ (Sharp Power). هێزی زیرەک گوزارشتە لە تێکەڵکردنی ڕەگەز و پایەکانی هەر یەک لە هێزی ڕەق و هێزی نەرم؛ واتە کاتێک بنەماکانی هێزی ڕەق و هێزی نەرم تێکەڵ بەیەک دەکرێن، هێزی زیرەکی لێ لەدایک دەبێت و لە ڕووی شێوازی پیادەکردنیشەوە بە هەمان سیسته‌می دوو جۆرەکەی تری هێز کار دەکەن و بەکار دەهێنرێن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و بەدەستهێنان و پاراستنی بەرژەوەندییەکان. هێزی تیژ کە فۆڕمێکی نوێی هێزە و لە پاڵ هەر سێ جۆرەکەی تری هێز هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕێكه‌وتی ٨/١/٢٠١٨دا ماڵپەڕی "زە ستڕاتیژیست" بابەتێکی پڕۆفیسۆر جۆزێف نای بڵاو دەکاتەوە لەژێر ناوی "هێزی نەرم و تیژی چین" و، نای پێی وایە کە هێزی نه‌رم پێویستی بە سەرلەنوێ بیرلێکردنەوە هەیە، چونکە ئەو مانایانەی کە لە دوای جەنگی ساردەوە بۆ ئەم چەمکە بەکار هاتووە، لە سات و کاتی ئێستادا چیتر ناتوانێت گوزارشتێکی ورد لە چەمکەکە بکات و لە هەمان کاتدا کاریگەریی دەسەڵاتە تۆتالیتارە نوێیەکان بە هێزی تیژ وێنا دەکات و ناو دەبات، سەرەڕای ئەوەی "هێزی تیژ" بە پشتبەستن بە گورزوەشاندن، لاوازکردن و گوشار پێناسە دەکات، کە دواجار هەموویان بەیەکەوە دەبنە هۆی پتەوکردن و ڕێکخستن بۆ خۆقایمکردن. ئەگەرچی هێزی نه‌رم خرۆشانی کەلتووری و بەهاکان بەیەکەوە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی وڵات بەکار دێنێت، لە هەمان کاتدا هێزی تیژ بۆ سەپاندنی بەها ئەخلاقییەکان لە ناوخۆ و دەستکاریکردنی ڕاسازییش لە دەرەوەدا، یارمەتیی ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان دەدات.

ئەگەر دەستەواژەی هێزی تیژ وەک هێما و کورتکراوەیەک بۆ جەنگی زانیاری بەکار بێنین، جیاوازییەکەی لەگەڵ هێزی نه‌رمدا ئاشکرا دەبێت. هێزی تیژ جۆرێکە لە هێزی ڕه‌ق. زانیارییەکان شی دەکاتەوە، کەچی زانیاری خۆی پڕۆسەیەکی هەستپێنەکراوە. بەڵام هەستپێنەکراوی، تایبەتمەندییەکانی هێزی نه‌رم لە یەکتر جیا ناکاتەوە. بۆ نموونە: هەڕەشە گوتراوەکان هەم هەستپێنەکراو و هەمیش زۆرلێکەرە. جۆزێف نای بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠دا چەمکی "هێزی نه‌رم"م ناساند؛ ئاماژەم بەوە کرد کە ئەم هێزە، تایبەتمەندە بە خۆبەخشی و بێئاڕاستەیی و ناڕاستەوخۆیی. لە کاتێکدا هێزی ڕه‌ق تیشک دەخاتە سەر هەڕەشە و ڕازیکردن. ئەگەر کەسێک بە دەمانچەیەک ڕووبەڕووت وەستایەوە و داوای پارەکەی لێ کردی و دەستی بەسەر جزدانەکەتدا گرت، لەو کاتەدا ئەوەی تۆ بیری لێ دەکەیتەوە و دەتەوێت، هیچ نرخێکی نییە. ئەوە هێزی ڕه‌قە. ئەگەر ڕازیی کردی کەوا پارەکەی پێ بدەی و گۆڕانکاریی لەوە دروست کرد کە تۆ بڕوات پێیەتی و دەتەوێت، ئەوا هێزی نه‌رمە.

ڕاستی و کراوەیی، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان هێزی نه‌رم و هێزی تیژە لە دیپلۆماسیی گشتیدا. کاتێک ئاژانسی فەرمیی هەواڵی چین، "شینخوا"، پەخشی خۆی بەئاشکرا لە وڵاتانی تر دەست پێ دەکات، ئەوا بە تەکنیکەکانی هێزی نه‌رم هەژمار دەکرێت و، دەبێت قبووڵیشی بکەین. لە هەمان کاتدا، ڕادیۆی نێودەوڵەتیی چین کە بە شێوەیەکی نهێنی کۆمەک بە (٣٣) ڕادیۆی تر لە (١٤) وڵاتی جیاوازدا دەکات، ئەمە تێپەڕاندنی سنوورەکانی هێزی تیژە و، دەبێت وەک شکاندنی سنوورەکانی خۆبەخشی بیخەینە ڕوو.

تەکنیکەکانی دیپلۆماسییەتی گشتی کە بە شێوەیەکی فراوان لە پڕۆپاگەندەدا دەبینرێت، ناتوانێت هێزی نه‌رم بەرهەم بێنێت. لە سەردەمی زانیاریدا سەرچاوە زۆر دەگمەنەکان، سەرنجدان و ڕاستگۆیین. لەبەر ئەوەیە ئاڵوگۆڕی بەرنامە وەک بەشێک لە بەرهەمهێنانی هێزی نه‌رم، کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی گەیاندن و پەیوەندییە کەسییەکان لە نێوان قوتابیان و سەرکردە گەنجەکان، زۆر جار کاریگەرترە لە پەخش و پرۆپاگەندە فەرمییەکان.

ویلایەتە یەکگرتووەکان دەمێکە بەرنامەی لەم شێوەیەی تەرخان کردووە، کە ڕێگە بە سەرکردە بیانییە گەنجەکان دەدات سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن. لە ئێستادا چین هەمان بەرنامە بەسەرکەوتوویی جێبەجێ دەکات. ئەمە بەکارهێنانێکی زیرەکانەی هێزی نه‌رمە. بەڵام کاتێک ڤیزا/ مۆڵەتی هاتنەژوورەوەی وڵات بۆ زۆرلێکردن و سنووردارکردنی ڕەخنە و هاندانی خۆقایمکردن بەکار بهێنرێت، ئەوا بێ گومان بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕکردن دەگۆڕێن و، دەبن بە هێزی تیژ.

هێزی نه‌رم، كه‌ زۆر جار بۆ کێبڕکێ بەکار دەهێنرێت، ڕەنگە دەرەنجامەکەی سفر بێت، بەڵام دەیشکرێت بڕێک لە لایەنی ئەرێنییشی هەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خوازیار بن لە ململانێ دوور بکەونەوە و، ئەو بەرنامانە ئاڵوگۆڕ بکەن وەک ڕێگه‌یەک بۆ سەرنجڕاکێشانی چین لە لایەن ئەمریکاوە و بەپێچەوانەیشه‌وه‌، ئەوا هەر دوو لا سوودمەند دەبن. هه‌روه‌ها لە پرسە نێونەتەوەیییەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوایش، هەر دوو وڵات سوود لە هاریکارییەکانی یەکتر وەردەگرن. هێزی نه‌رم دەتوانێت پردی متمانە بونیاد بنێت و تۆڕێک دروست بکات کە ببێتە مایەی هاریکاریی گونجاو بۆ لایەنەکان، بەڵام هێزی تیژ زیاتر ڕووبەڕووبوونەوە و کارکردنە لە پشتی پەردە و ژوورە داخراوەکان لە بەرامبەر یەکتردا.

لە کاتێکدا هەڵەیە ئەگەر ڕێگری لە هەوڵەکانی هێزی نه‌رمی چین بکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک جار دەبێت بە هێزی تیژ، لەگەڵ ئەوەیشدا گرنگە بەوریایییەوە چاودێریی دابەشبوونی هێڵەکە بکرێت. نموونەیەک لەسەر "هانبان"، "وەک دەزگه‌یەکی فەرمی، (٥٠٠) پەیمانگه‌ی کۆنفۆشیۆسی بەڕێوە دەبات و (١٠٠٠) پۆل لە زانکۆ و قوتابخانەکان لە سەرتاسەری جیهاندا لەخۆ دەگرێت کە چین بۆ فێربوونی زمانی چینی و بڵاوکردنەوەی کەلتووری چینی پاڵپشتییان دەکات"، دەبێت ڕێگری لە سنووردارکردنی ئەو ئازادییە ئەکادیمییە بکرێت کە بۆتە هۆی داخستنی بەشێک لەو پەیمانگه‌ کۆنفۆشیۆسییانە. لێرەوە هێزی تیژ دەبێت بە یەکێک لە جۆره‌کانی هێز لە پاڵ سێ جۆرەکەی تردا و "چین"یش وەک ئەکتەر و جەمسەر دەستپێشخەری دەکات و پەنای بۆ دەبات و بەکاری دێنێت.