بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان، چاکسازیمان پێویستە!

ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى

بەشی دووەم و كۆتايى

وەکوو لە پەرەگرافى کۆتاییى بەشى یەکەمى وتارەکەماندا بەڵێنمان دابوو کە یەک یەکى ئەو دامەزراوانە بە فۆرمێکى لۆژیکی و هەڵسەنگاندنێکى بابەتییانە چاوێک بە جێدەست و قودرەتى ڕابردووى کارکردنیاندا بخشێنینەوە، لەپاڵ بەردەوامبوونى هەوڵەكان، بەرزبوونەوەى تاوانە قورسەكانى دژ بە ئافرەتانى هەرێمى كوردستان، دەیبەستینەوە بە سێ فاکتەرەى سەرەکى:

فاکتەرى یەکەم/ ئیفلیجبوونى دامەزراوەکان

تا دێ، ئاشتەواییى خێزانەکان و جۆرى تەبایى و پەیوەندییە جڤاکییەکانمان زێدەتر لەبەریەک هەڵدەوەشێ و هاوکێشەى کێشەکانى ناو خێزان و دەرەوەى خێزان تێکچڕژاوتر و تەمومژاویتر دێنە بەر دید. لە بەرامبەریشدا ئەو دامەزراوانەى کە لە بنەڕەتدا بۆ باشکردن و چارەسەر و، لانى کەم بۆ کاڵکردنەوە و کەمکردنەوەى دیاردە و کێشە جڤاکی و خێزانییەکان دامەزرێنراون، دەستوپێسپیتر دەردەکەون؛ جگە لەوەى بەپێى نەخشەڕێى درێژخایەن و دوورمەودایش پەرە بە مانەوەى خۆیان وەک دامەزراوەیەکى بەهێز نادەن؛ قبووڵیشیان نییە هیچ کەس بیانخاتە ژێرپرسیار و ڕەخنەى جددییەوە!

فاکتەرى دووەم/ دەستلەکارنەکێشانەوە

پێوەنووسان بە کورسییەوە، دەستلەکارنەکێشانەوە و بەجێنەهێشتنى پێگەکانى بڕیار لە لایەن ئەو بەرپرسانەى کە لە ناوەندە هەستیارەکاندا دادەنرێن، بۆتە کەلتوورێکى نێگەتیڤ؛ لە کاتێکدا فۆرمى ئەداکردن و ئیدارەدانى ئەو ناوەندە هەستیارانە، گرێدراوە بە مانەوە و ژیان و مردنى تاکەکانى خێزان و دەرەوەى خێزان.

فاکتەرى سێیەم/ لێنەپرسینەوە لە دامەزراوەکان

نەبوونى سیستەمى چاودێرى و لێپێچینەوە لەو دامەزراوانەى کە بۆ ڕێکخستنى ژیانى جڤاکى دامەزرێنراون و، میزانییەیەکى زیاتر لە جێپەنجەى کارەکانیان و قەبارەى خۆیان بۆ تەرخان کراوە و هەزاران کارمەند کار لە بەشە جۆراوجۆرەکانیاندا دەکەن، لە کاتێکدا نە خودى ئەو دامەزراوانە توانیویانە "لەم دوایییانەدا" کاریگەرییان بەسەر گۆڕانکارى و نزمبوونەوەى تاوان و پێشیلکارییەکاندا هەبێ، نە توانیویشیانە کارمەندى بەرهەمدار و بیرکەرەوە پێ بگەیەنن، بۆ ئه‌وه‌ی لانى کەم لە سروشتى کاروبارى دەزگه‌کەى خۆی حاڵیى بکەن و تێی بگەیەنن.

بەیەکەوەگرێدانى ئەم سێ فاکتەرەى سەرەوە لەم قۆناغەدا، زۆرینەمانى گەیاندۆتە قۆناغى بێهیوایییەک کە تروسکایییەکى بۆ خۆدەربازکردن لەو دۆخە نێگەتیڤە خوێناوییە بۆ نەهێشتووینەتەوە.

لەبارەى دامەزراوەکانەوە

ئەو دامەزراوانەى کە بۆ بەهێزکردنى دیوارەکانى ئاشتەواییى جڤاکى و خێزانى لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە قۆناغى جیاجیادا بە نییەتى ڕێکخستنى ژیانى جڤاکى بە زەحمەتییەکى زۆرەوە دامەزرێنراون، لە ئێستا گونجاوتر و باشتر نییە تا ئەرکى خۆمان له‌ ئه‌ستۆ بگرین و بیانخەینە ژێر هەڵسەنگاندنى بابەتییانەوە و ویژدانییانەى خۆمانەوە.

هەر یەکێک لە دامەزراوەکانى تایبەت بەو کایە گرنگەى لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، بە دنیایه‌ك تەنگژەى جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێ. بەشێک لەم تەنگژانە دارایین، بەشێکى تریان کارگێڕین، بەشێکى دیکەیشیان پەیوەندییان بە ئاریشەکانى دەرەوەى دامەزراوەکانەوە هەیە. لێرەدا چەند خاڵێک دیاری دەکەین، بەڵام بەر لەوەى ئاماژەیەکى خێرا بەو ئاریشانە بکەین، دەمەوێ بڵێم مادام خودى خۆیشمان لەناو یەکێک لەم دامەزراوانەدا کار دەکەین، "گەرچى هیچ دەسەڵاتێکى دارایى و کارگێڕى و دەرکردنى بڕیارمان نییە"، پێویست دەکات بە نییەتێکى "خەمخۆرانە" هەر دوو بەشى وتارەکە خوێندنەوەى بۆ بکرێ. بیریشمان نەچێ کە خودى ئەو دامەزراوانە هەوڵى زۆر باشیشیان هەبووە و دەستیان لە چارەسەرکردن و لانى کەم لە دامرکاندنەوەى مەترسییەکانى بەشێک لە کێشە خێزانى و جڤاکییەکاندا  هەبووە لەناو کۆمەڵگه‌یەکى تا ڕاددەیەکى زۆر داخراودا، لە کاتێکدا ئاسان نییە دەست بۆ کێشەکانى ناو دەزگه‌ى خێزانەکان ببەى و سنوورى پیرۆزییەکانیان ببەزێنى. بەڵام ئەوەى پاڵمان پێوە دەنێ قسەمان لەسەر ئیشکالییەتەکان هەبێ، خودى ڕەنگدانەوە و تێکچڕژانى دۆخى ئێستاى جڤاکى و بەرپرسیاربوونى دامەزراوەکانە لە ئاست چارەسەرکردن و لانی کەم کەمکردنەوەی تاوانەکاندا.

تەنگژە سەرەکییەکان کە لە دامەزراوەکاندا بەدى دەکرێ

یەکەم/ هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتى

بە جۆرێک ئەو دامەزراوانە لە ئاست بەرزبوونەوەى ڕێژەى تاوانە قورس و سووکەکاندا خەمساردن، ئەوەى لەناو قووڵاییى تاوانەکاندا ئیشى کردبێ، تێ دەگات لەو ڕاستییەى کە هەندێ تاوان لە ڕابردوودا ڕوویان داوە، هێندە کارەساتبارن، بێدەنگبوون لە ئاستیاندا بە دیدى من هێندە تاوانێکى گەورەیە کە هیچى کەمتر نییە لە ئاست گەورەییى ئەو تاوانەى کە خودى تاوانبارەکان ئه‌نجامیان داوه‌. تێپەڕبوونى تاوانەکان و خەمساردبوون لە ئاستیاندا، بۆمان دەردەخات کە ئەوە ئینتیما نییە کەسانێکى لە پێگەى بڕیاردا داناوە بەڵکوو هەر یەک بە پاڵنەرێک خزێنراونەتە ناو ئەو دامەزراوانەوە؛ سەرەڕاى وجوود و جووڵەى چەند کەسێکى جددى و بەپه‌رۆش، بەڵام لە ژمارەدا کەم و بێدەسەڵات.

دووەم/ لاوازیى هەماهەنگى و شەڕى خۆبەگەورەزانین

یەکێکى دیکە لەو نەخۆشییانەى کە جڤاکى کوردى و خێزانى کوردى تێیدا زەرەرمەندى یەکەم بوونە، زۆرینەى ئەو بەرپرسانەى لەو پێگە هەستیارانەدا دانراون و بەرپرسیارێتییان پێ دراوە، پەیوەندییەکانیان ساردوسڕە و بۆ کۆبوونەوە و بۆنە و تاوتوێى پڕۆژەکانیان یەکترى ناخوێننەوە و ددان بە تواناى یەکتریدا نانێن.

سێیەم/ دابەشکاریى پۆستەکان بەپێى ئیستحقاقى حزبى، دامەزراوەکانى نیوەمردوو کردووە

خەریکە دەگەینە ئەو باوەڕەى کە کارکردنى بەرپرسان لە حزبە سیاسییە ناچۆنییەکەکان لە هەرێمى کوردستاندا هەڵەیە و ناتوانن بەیەکەوە ئامانجەکانى دەمەزراوەکە بهێننە سەر زەمینى واقع. ئەوە ڕاستییەکى تاڵە و نەدەبوایە بەو ئاستە لەم ڕوەوەوە بێهیوا بین، بەڵام ئەگەر شۆڕ ببینەوە بەناو وردەکارییەکانى کاروبارى ئەو دامەزراوانەى کە بەرپرسیارێتییەکان بەپێى ئیستحقاقى حزبى دابەش کراون، ئەنجامەکانى تووشى ڕەشبینییەکانى نەخوازراومان دەکەن.

چوارەم/ بەڕێکردنى کاروبارى ڕۆژ و نەبوونى ڕوئیا و پلانى دوورمەودا

بەرزبوونەوەى خودى تاوانە قورسەکان و سووڕانەوەى ساڵ و کۆتاییهاتنى ساڵەکان و نەبوونى پلانى فرەلایەن و فرەڕەهەندى نێوان دامەزراوەکان، ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە نەمانتوانیوە هەمووان پێکەوە بیر بکەینەوە، تا هیچ نەبێ پلانى ڕووبەڕووبوونەوەى تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەى تۆڕبەندى ڕەنگڕێژ بکەین.

پێنجەم/ لاوازیى ئیرادەى سیاسى بۆ چارەسەرى ئەو ئاریشانەى سەرەوە

لەبەر ئەوەى لەم قۆناغەدا تا ڕاددەیەکى زۆر دامەزراوەکانى تایبەت بە چارەسەرى بارودۆخى جڤاکى چاوى لێپرسینەوەیان لەسەر نییە، پێشبینى ده‌كرێ لە ئاییندەدا دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزتر و تێکچڕژاوتر دەر بكەوێ! بۆیە لەم قۆناغەدا "ئەگەر نییەت هەیە بۆ چارەسەرى دۆخى چڤاکى"، دەبێ قۆڵى لێ هەڵبکەین و سەرلەبەرى ئەو دامەزراوانه‌ نەک هەر "گۆڕانکارى" بەڵکوو "چاکسازییان تێدا بکرێ"؛ بەڵام بەپێى توێژینەوەیەکى خێرا کە کەسانێکى پسپۆڕ و شارەزا لە ڕەنگڕێژکردنى توێژینەوە ڕابسپێردرێ و، پاشان دیاریکردنى خاڵە لاوازەکان و دواتریش میکانیزمەکانى گەیشتن بە چارەسەر و لەڕیشەوە هەڵکێشانى فاکتەرەکانى تێکچڕژانى دۆخى جڤاکیمان بە دیدێکى زانستییانە بخرێتە بەردەستى دەسەڵاتە یەکلاکەرەوە باڵاکان.

شەشەم/ لاوازیى سزادانى ئەو تۆمەتبارانەى کە لە لایەن دادگه‌کانەوە داوا کراون

لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا سەدان "تۆمەتبارى هەڵاتوو و هەڵنەهاتوومان" هەیە کە لە لایەن دادگه‌کانى هەرێمى کوردستانەوە داوا کراون. کەسانێک لەناو ئەو تۆمەتبارانەدا هەن، کە هێندە مەترسیدارن، مانەوە و ئازادبوونیان هەڕەشەیەکى گەورەیە لەسەر ئاسایشى کۆمەڵایەتى؛ بەڵام نەتوانراوە وەک پێویست "ئیرادە و ئینتیما" هەبێ بۆ پەلکێشکردنى ئەو تۆمەتبارانەى جگە لەوەى گۆڕیان بۆ کەسانى دیکە هەڵکەندووە، لە هەر ساتەوەختێکدا بۆى هەیە کەسانى دیکەیش لەسەر زەوى بسڕنەوە.

کۆمەڵێک فاکتەرى دیکە هەن و بەش بە حاڵى خۆیشمان دەتوانین قامک لەسەر جێی برینى نەخۆشییەکانى دابنێین؛ بەو مەرجەى "ئیرادەیەکى بەهێز هەبێ، گه‌رەنتیى بەدەنگەوەهاتنى ئەو هاوارەمان بۆ یەکلایى بکاتەوە."