بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان، چاکسازیمان پێویستە!- بەشی یەکەم

ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى

زنجيرەى یەکەم لە دوو زنجيرە

پرۆژەى دەوڵەت و هەڵچنینى دیوارەکانى سیستەمى فرەڕەهەندى دەوڵەتدارى، گرێ دراوە بە دامەزراندن و بەهێزکردنى پایەکانى وەک سیستەمێکى ئابووریى بەهێز، ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى، کۆدەنگیى سیاسی، پەرەپێدانى سەرخان، میدیاى ئازاد، خۆشکردنى زەمینەیەکى فراوان بۆ دامەزراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى و لەناویشیدا فڕێدانى ئەو کەلەبچانەى کە تەوقى بەهاکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى دەکەن، لەگەڵ چەند کایەیەکى دیکە کە ڕەنگە ناڕاستەوخۆ ڕۆڵیان لە ئۆرگانیزەکردنى ژیانى کۆمەڵایەتیدا بەچ اوى بایەخپێدانەوە بنرخێنرێ.

لێرەوە دەمانەوێ لەسەر یەکێک لە ستوونە هەستیارەکان ڕابوەستین کە لە ئێستادا وەک پێودانگ بۆى دەڕوانرێ، لەبارەى تێگەیشتن لەوەى ئیدارەدانى وڵاتەکە تا چ سنوورێک ئیدارەیەکى دیموکراسییە و ئیمانى بە پرەنسیپەکانى مافەکانى مرۆڤ و پرەنسیپەکانى یەکسانیى جێندەرى لە نێوان ئافرەت و پیاو و جموجۆڵى ئۆرگانە مەدەنییەکان و نۆرم و بەهاکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى هەیە.

جا بۆیە چەند پرسیارێکى جددى لێرەدا دێتە پێش:

ئایا ئێمە بەڕاستى دەتوانین لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانى وابەستە بە ڕێکخستنى ژیانى کۆمەڵایەتیمان لە قۆناغى پاش دامەزراندنى دەوڵەت، دەربچین؟ ئایا دەگونجێ کۆمەڵگەیەک خۆى بە شایستەى دەوڵەتێکى دانپێدانراوى نێونەتەوەیى بزانێ، کەچى لە ناوخۆیشیدا ساڵانە نزیک لە 100 ئافرەت خەڵتانى خوێن بکا و گۆڕیشیان بۆ هەڵنەکەنێ و بە شایستەى ڕێوڕەسمى پرسەیەکەیشیان نەزانێ و، هەروەها نزیک لە 500 ئافرەتى دیکەیش ساڵانە ناچار بکات ژیانى خۆیان لەسەر زەوى بسڕنەوە و خۆیان بکوژن! هەر ئەوەیش نا، ئەم تراژیدیا مەرگاوییانە ئینجا تەزوو بە جەستەى کەسدا نەهێنێ و هیچ کەس نەهێنێتە قسە!

وەک ئەوەى میدیاکانى ئۆپۆزیسیۆن بانگەشەى بۆ دەکەن، ئایا لە واقعدا ئۆباڵى ئەم تراژیدیا کۆمەڵایەتییانە تەنیا لە ئەستۆى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە و بەس؟ یان ئەو پرسە گرنگەیش خزێنراوەتە ناو یارییە سیاسییەکانەوە؟

ئەگەر سیسته‌مى ئیداریى وڵاتانى لانى کەم دراوسێکانمان وەک سامپڵ وەربگرین، بە وڵاتانى تازە گەشەسەندوو و پەرەئەستێنیشەوە کە بە وڵاتانى "جیهانى سێیەم" دەناسرێنەوە،  داخۆ لە کێهان وڵات سەرۆکى حکوومەت خودى خۆى ڕاستەوخۆ ڕۆژانە لەسەر سەرى دامەزراوەکانى خۆى و ئەو کەسانە ڕادەوەستێ، کە دیاری کراون تاکوو کایە جۆراوجۆرەکان لە ڕووى خزمەتگوزارى و کاروبارى ئەمنى و دارایى و دامەزراوەکانى چاودێریى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و کەرتەکانى دیکە بە سیسته‌ماتیکى بەڕێوە ببەن؟

وەڵامى ئەو پرسیارە تا ڕاددەیەک ڕوونە و هەمووان لەسەر ئەوە کۆکین، کە کارى سەرۆکى حکوومەت نییە ڕۆژانە ڕۆڵى کامێراى چاودێرى بگێڕێ بۆ سەیرکردن و وردبوونەوە و هەڵسەنگاندنى ئەداى دەستەیەک، بەڕێوەبەرایەتییەکى گشتى، ئەنجومەنێکى ئیدارى و ئەو کارەکتەرانەیش کە بەرپرسیارێتیى هەستیاریان پێ سپێردراوە؛ وەلێ خۆ چەندان کارەکتەرى وەک پۆستى "ڕاوێژکار و شارەزا" و هاوکات چەند "فەرمانگەیەکى چاودێریى دامەزراوەکان"ى نزیک لە سەرۆکى حکوومەت بۆ ئەوە دانەمەزرێنراون تاکوو ببن بە ڕایەڵێک لە نێوان سەرۆک و سەرۆکایەتیى حکوومەت و ئەو دامەزراوانەى کە بۆ ڕێکخستن و بەهێزکردنى سێکتەرە فرەجۆرەکانى گرێدراو بە ژیانى کۆمەڵایەتى خەڵک؟! ئاخر کاتێک کە خودى سەرۆکى حکوومەت و لە تەنیشتیشییەوە جێگرەکەى، نەتوانن ڕاستەوخۆ لە فۆرمى کارکردنى دامەزراوەکانى بپێچنەوە، لە یەک کاتیشدا ڕایەڵەکانیشى خەمساردانە دامەزراوەکانیان دابێتە دەستى قەزا و قەدەر و میزاجى ستافەکانى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکان، دەبێ هانا و هاوارمان بۆ کوێ ببەین تا ئەو کەشوهەوا خەمناکەمان بۆ پێچەوانە بکاتەوە؟

دەبێ دان بەوەدا بنێین کە بە درێژاییى بیست و حەوت ساڵى ڕابردوو هیچ یەکێک لە ڕەمزە سیاسییەکان بەقەد سەرۆکى ئێستاى حکوومەتى هەرێم، نەیتوانیوە ڕێبەرایەیتى پڕۆژەیەکى گرنگى وەک پڕۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیى دژ بە ژنان و پڕۆژەى بەرقەرارکردنى ئاشتەواییى کۆمەڵایەتى و خێزانى لە ئەستۆ بگرێ، کە دەکرێ لە چەند خاڵێکدا بۆ بیرهێنانەوە ئاماژەیان بۆ بکەین، لەوانە:

یەکەم/ سەرپەرشتیکردنى پڕۆژەى هەموارکردنى "یاساى سزادانى عێراقى لە ساڵى 2001"، کە لە ڕووى یاسایییەوە توانرا سزاکان لە نێوان ڕەگەزى ژن و پیاودا یەکسان بکرێن.

دووەم/ ڕێبەرایەتیکردنى هەموارکردنى یاساى "باری کەسێتیى عێراقى لە ساڵى 2007"، کە توانرا گۆڕانکارى بەسەر زۆرینەى بەند و بڕگەکانى یاساکەدا بهێنرێ و ڕوونتر بڵێین هەموارکردنى ئەو یاسایە بوو، توانیی لە ڕووى یاسایییەوە کەڕامەت و ڕێز و مافەکان بۆ ژن بگەڕێنێتەوە.

سێیەم/ پشتیوانیکردن لە دەرکردنى یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى بەرامبەر بە دەزگه‌ى خێزان لە ساڵى 2011.

چوارەم/ دامەزراندنى "بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان لە وەزارەتى ناوخۆ"، لەگەڵ کەموکوڕییەکانیان، دەکرێ بە توێژینەوەیەک لە دەرەنجامى کارى چەندین ساڵەیان تێ بگەین.

پێنجەم/ دامەزراندنى "بنکەکانى داڵدەدانى ژنان"، یارمەتیدەر بووە لانى کەم لە کەمترکردنەوەى ژمارەى قەبرەکانى ژنان لە قەبرستانەکاندا.

شەشەم/ دامەزراندنى دەستەى مافى مرۆڤ و بوونى ئەنجومەنێکى تایبەت بە کاروبارى خانمان.

ئەم پڕۆژانەى سەرەوە وەک نییەت و هەوڵ، بوونەتە مێژوویەکى پرشنگدار بۆ سەرۆکى ئێستاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵام ئایا لە ئەنجامدا خودى ئەم هەوڵ و دامەزراوانە توانیویانە کاریگەریى کردارى و پۆزەتیڤیان هەبێ لە دروستکردنى گۆڕان لە هاوکێشەى کۆمەڵایەتى و، ڕوونتر بڵێین لەم قۆناغەدا تەواوى ئەو دامەزراوانەى کە بۆ ڕێکخستنى دۆخى کۆمەڵایەتى دامەزرێنراون، توانیویانە لە ئاست ئەو کارەساتە کۆمەڵایەتى و خێزانیانەدا بن کە لە مێژووى کۆمەڵگەى کوردیدا بەقەد ئێستا، کۆمەڵگە بۆنى خوێنى لێ نەهاتووە؟ به‌ بڕوای من هەر یەک لەم دامەزراوانە، یان پێویستى بە دروستکردنى گۆڕانکاریى ڕیشەیی دەبێ، یان بوون و مانەوەیان لە بارگرانى زیاتر سوودێکیان بۆ خزمەتکردن بە ڕەوشى کۆمەڵایەتى نەماوە.

لە بەشى دووەم و کۆتاییى وتارەکەماندا یەک به‌ یەکى ئەو دامەزراوانە دەخەینە ژێر پرسیار و فۆکەسى ڕەخنەیییەوە.