قەرەنی قادری

لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمەدا، دوو دەستەواژەی "چەپ" و "کۆمۆنیست"، هیچ سنوورێکی نییە و هەمیشە لە بری یەکتر بەکاری دێنن و تێکەڵ دەکرێن. گەرچی ئەو دوو زاراوەیە خاڵی وێکچوویان هەیە، بەڵام خاڵی ناکۆکیشیان زۆرە.

دەستەواژەی "چەپ" بۆ شۆڕشی فەڕەنسا (١٧٨٩) دەگەڕێتەوە. هەر لەو سەردەمدا، ئەو کەسانەی کە لایەنگرییان لە چاکسازیی ڕیشەیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سیستەمی کۆماری، لائیسیتە و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی دەکرد، لەناو پەرلەمان لە لای چەپەوە دادەنیشتن. هێزەکەی تر کە لایەنگری سیستەمی پاشایەتیی نەریتی و دژ بە چاکسازیی ڕیشەیی بوون، لە لای ڕاستەوە دادەنیشتن.

لە ڕەوتی مێژووی ململانێی سیاسیدا، ئەو "چەپ" و "ڕاست"ە لە فەڕەنساوە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا گوازرایەوە و تەنانەت بوو بە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی مەیل و هزری گشت هێزە سیاسییەکان لە جیهاندا و، گۆڕانێکی جۆرییش بەسەر دەستەواژەکەدا هات.

دەستەواژەی "کۆمۆنیزم" و "کۆمۆنیست" بۆ ساڵی ١٨٤٨ دەگەڕێتەوە، کە مارکس و ئێنگێلس هزری خۆیان لە کتێبی "مانیفێستی کۆمۆنیست"دا گەڵاڵە کرد و لە ئەوروپادا بڵاو کرایەوە. "مانیفێستی کۆمۆنیست" باس لە خەباتی چینایەتی، دیکتاتۆرییه‌تی پڕۆلتاریا، باڵادەستی و سەروەریی چینێک لە کۆمەڵگەدا، نەهێشتنی چین لە کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکی یەکدەست و سڕینەوەی ئاسەواری سەرمایەداری دەکات.

کۆمۆنیزم و کۆمۆنیست بۆ هزری مارکس و ئێنگێلس و، مێژووی کۆمۆنیستەکانیش بۆ ساڵی ١٨٤٨، واتە ساڵی بڵاوکردنەوەی "مانیفێستی کۆمۆنیست" دەگەڕێتەوە، بەڵام تەمەنی دەستەواژەی "چەپ" بە تایبەتمەندییەکانییەوە، لە تەمەنی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیستەکان زۆرترە.

لە پۆلێنبەندیی سیاسیی کلاسیکدا کە تا ئێستایش هەر برەوی هەیە، لە سیاسەت و مەیدانی سیاسەتدا (بەرژەوەندی)، باس لە دوو جەمسەری سەرەکیی "چەپ" و "ڕاست" دەکرێت. دوو جەمسەر کە پانتایییەکەی لە هیی سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا بەرفراوانترە، چونکە گرووپی جۆراوجۆر جێگەیان لەو دەستەواژانەدا دەبێتەوە؛ بۆ نموونە بەرەی چەپ: کۆمۆنیستەکان، سۆسیالدیموکراتەکان، ئانارشیستەکان، لایەنگرانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی، چاکسازیی ڕیشەیی و... لەخۆ دەگرێت. بەڵام کۆمۆنیستەکان گرووپێکی چڕ، تۆکمە، داخراو و وێکچوون لە هەموو شتێکدا و، جێگە و بوار بە هزری تر نادەن.

هەروەکوو مارکس بە کەڵکوەرگرتن لە سۆسیالیزمی فەڕەنسا، فەلسەفەی ئه‌ڵمانیا و ئابووریی ئینگلته‌را، ئایدیۆلۆژیی کۆمۆنیزمی بنیات نا، "چەپ"یش بۆی هەیە و دەبێ سەرلەنوێ و سەردەمییانە خۆی پێناسە بکاتەوە! "چەپ"، بەپێی ئه‌و پێکهاتە فکری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فرەیییەی کە هەیه‌تی، دەتوانێت بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵام لادان، یان چاکسازی لە بنەما هزرییەکانی کۆمۆنیزم کە خۆیان پێی دەڵێن "ڕیڤیزیۆنیزم"، جێگەی نابێتەوە.

کەس یان گرووپ دەتوانێت چەپ بێت و لایەنگری لە ڕیفۆرم، سەروەریی یاسا، بەرانبەری لە نێوان ژنان و پیاوان، ئازادیی ڕادەربڕین و نووسین و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بکات و، بەبێ هیچ شک و گومانێکیش دەبێ نیشتمانپەروەری (پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازی) یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی کاری بێت، بەڵام دەتوانێت کۆمۆنیست نەبێت و کۆمۆنیستیش نییە!