ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

ڕۆڵی بڕیارەکانی دادگەی بالای فیدراڵی لە ئاراستەکردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

بوونی دادگەی باڵای فیدراڵی لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، وەک بەرزترین دەستەی دادوەری، کە چاودێریی دەستووریبوونی یاسا و ڕێنماییەکان و ڕاڤەکردنی دەقە دەستوورییەکان و هتد دەکات، گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە. ئامانج لە دامەرزراندنی دادگەی پسپۆڕی دەستووری، بریتییە لە بنیاتنانی دەوڵەتێک کە دەوڵەتی یاسا و دامەزراوە دەستوورییەکان بێت. جگە لەمەیش، بوونی دادگەیەکی لەو جۆرە گەرەنتییە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاک لە بەرامبەر سەرەڕۆیییەکانی دەسەڵات. دادگەی باڵای فیدراڵی دەتوانێت،  ئاراستە و هەنگاوی هەڵە و نادەستووریی دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕاست بکاتەوە، لەو کاتەی کە دەیانەوێ بنەما دەستوورییەکان پێشێل بکەن.

بەو پێیەی دەستوور، وەک دیکۆمێنتێکی یاسایی-سیاسی سەیر دەکرێ، هەربۆیە هەندێ جار بڕیارەکانی ئەم دادگەیە تام و بۆنی سیاسییان هەیە، بە تایبەت لەو شوێنانەی کە دەستوور سیمایەکی سیاسی هەیە. ئەو دادگە فیدراڵییەی کە ئێستا لە عێراقدا هەیە، بەپێی بەندی (٤٤) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزەریی ساڵی ٢٠٠٤ و، هەروا بەپێی یاسای ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە. بەڵام بەپێی بەندی (٩٢) لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، دەبوا دادگەیەکی فیدراڵی نوێ بە گوێرەی دەقەکانی دەستووری نوێی عێراقی دابمەزرێت، بەڵام بە هۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان، هەتا ئێستا یاسای نوێی دادگەی بالای فیدراڵی دەرنەچووە.

لە ساڵانی ڕابردوو، دادگەی باڵای فیدراڵی ڕاڤەی بۆ چەندین دەقی دەستووری کردووە، کە ئەم دەقانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق هەیە، هەربۆیە دەتوانین ئەمەیش بە کاریگەریی دادگەی فیدراڵی دابنێین لە ئاراستەکردنی پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی دامەزراوە دەستوورییەکان لە عێراقدا. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەێن چەند نموونەیەک لەو بڕیارانە بخەینە ڕوو و شیکردنەوەیان بۆ بکەین.

١) ڕاڤەکردنی گەورەترین فراکسیۆنی نوێنەرایەتی لە ڕووی ژمارەوە

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠، لیستی (العراقیة)ی سەر بە ئەیاد عەلاوی (٩١) کورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لیستی (ائتلاف دولة القانون)ی سەر بە نووری مالکی (٨٩) کورسی بە دەستهێنا. بەو پێیەی هەڵبژاردنەکە هەر لە سەرەتاوە مشتومڕی زۆری لەسەر بوو و، ئەنجامەکانیش بە دڵی لایەنە شیعییەکان نەبوو، هەربۆیە نەیان دەویست گۆڕەپانەکە بۆ ئەیاد عەلاوی چۆڵ بکەن و، پۆستی سەرۆکوەزیران لە دەست شیعە دەربچێت، ئەمەیش وای کرد هەر دوو لیستی سەرەکیی شیعە (ائتلاف دولة القانون) و (ائتلاف الوطني العراقي) هەوڵی یەکگرتن بدەن، بەڵام بەپێی نەریتی باو لە سیستەمە پارلەمانییەکانی جیهان، لیستی عەلاوی کە لیستی یەکەم بوو، ڕادەسپێردرا  بە پێکهێنانی حکوومەت. هەربۆیە نووسینگەی نووری مالکی سەرۆکوەزیرانی ئەوسای عێراق، بە نووسراوی ژمارە (م.ر.ن/١٩٧٩) لە ٢١/٣/٢٠١٠ داوای لە دادگەی باڵای فیدراڵی کرد، کە زاراوەی (گەورەترین فراکسیۆنی نوێنەرایەتی لە ڕووی ژمارە/ کتلة النیابیة الأکثر عددا) ڕاڤە بکات، وەک لە بەندی (٧٦)ی دەستووری عێراقدا هاتووە.

ئەم داوایە بە ژمارە (٢٥/اتحادیة/٢٠١٠) لە دادگەی بالای فیدراڵی تۆمار کرا و، دادگە لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٥/٣/٢٠١٠ بەم جۆرە بڕیاری دا: "... دادگەی باڵای فیدراڵی وای دەبینێ کە دەستەواژەی "گەورەترین فراکسیۆنی نوێنەرایەتی لە ڕووی ژمارەوە" واتە: ئەو فراکسیۆنەی کە پێک دێت پاش هەڵبژاردن لە ڕێگەی یەک لیستی هەڵبژاردنەوە، کە بە ناو و ژمارەی دیاریکراو چووەتە ناو هەڵبژاردن و زیاترین ژمارەی کورسییەکانی بە دەست هێناوە، یان ئەو فراکسیۆنەی کە پێک دێت لە کۆبوونەوەی دوو لیست یا زیاتر لە لیستەکانی هەڵبژاردن، کە چوونەتە ناو هەڵبژاردن بە ناو و ژمارەی جیاواز و پاشان لە یەک فراکسیۆندا یەکیان گرتووە و خاوەن یەک کیانن لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هەر کامیان زیاترین ژمارە بن، ئەوا سەرۆککۆمار پاڵێوراوی ئەو فراکسیۆنە نوێنەرایەتییەی، کە کورسییەکانی نوێنەرایەتی لە یەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا زیاترین ژمارەیان هەیە لە فراکسیۆن یا فراکسیۆنەکانی تر، ڕادەسپێرێت بە پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشت بە ئەحکامی بەندی (٧٦) لە دەستوور".    

ئەم بڕیارە ڕاڤەکارییەی دادگەی بالای فیدراڵی عێراق، نەریتێکی نوێی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا داهێنا، کە ڕەنگە لە هیچ سیستەمێکی پەرلەمانی تردا نموونەی نەبێت. ئەوەی لە سیستەمە پەرلەمانییەکانی جیهاندا دەبینرێت ئەوەیە، کە هەر لیستێکی هەڵبژاردن زیاترین کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەست بهێنێت، ئەوا ڕادەسپێردرێت بە پێکهێنانی حکوومەت. هەربۆیە، ئەم بڕیارەی دادگەی باڵای فیدراڵی لە راڤەکردنی بەندی (٧٦)ی دەستوور، نەریتێکی نوێی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دروست کرد، کە پاش هەر خولێکی هەڵبژاردن نەک هەر براوەی یەکەمی هەڵبژاردن گرنگییەکی ئەوتۆی نابێت و ڕاناسپێردرێت بە پێکهێنانی حکوومەت، بەڵکوو دەرگە لەسەر دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا دەکاتەوە بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن بۆ ئەوەی بتوانێ حکوومەت پێک بهێنێت. ئەمەیش، لە ڕاستیدا پتر لەوەی ڕۆڵی ئەرێنیی لە پرۆسەی سیاسییدا هەبێت، ڕۆڵی نەرێنیی هەبووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاستەنگی لەبەردەم پرۆسەی سیاسیدا دروست کردووە و، وای کردووە کە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بە کراوەیی بهێڵرێتەوە و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق چەندین مانگی پڕ لە کێشە و ململانێ و چاوەڕوانی تێپەڕێنێت. ئەم حاڵەتەیش، بە نۆرەی خۆی کاریگەریی زۆر نەرێنیی هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی و ئاشتەوایی نیشتمانی لە عێراقدا. جگە لەمەیش، ئەم بڕیارە وای کردووە جۆرێک لە کڕینی پەرلەمانتاران و ڕاکێشانیان بۆ لای لایەنی سیاسیی بەرامبەر بیتە ئاراوە، بۆ ئەوەی بتوانێ گەورەترین فراکسیۆن پێک بهێنێت.

٢) بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دەربارەی نادەستووریبوونی دانیشتنی کراوەی پەرلەمان

لە ساڵی ٢٠١٠ پاش ئەو گرفت و ئاستەنگانەی کە لە بەردەم پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا دروست کرا، هیچکام لە لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا، بەپێی بەندی (٥٥)ی دەستوور سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێرن، هەربۆیە سەرۆکی بە تەمەنی ئەوسای پەرلەمان د.فوئاد مەعسووم، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی بە کراوەیی هێشتەوە بۆ ئەوەی کە نەبێتە پێشێلکاریی دەستووری، چونکە بەندی (٥٥) زۆر بە ڕوونی دەڵێت، کە دەبێ لە دانیشتنی یەکەمدا سەرۆک و جێگرەکانی پەرلەمان هەڵبژێردرێن.

ئەم بڕیارەی سەرۆکی بە تەمەن، بووە هۆی ناڕەزایی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەربۆیە داوایەکیان بۆ بەردەم دادگەی باڵای فیدراڵی بەرز کردەوە، کە بڕیار بە نادەستووریبوونی بڕیاری بە کراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بدات، پاڵپشت بە بەندی (٥٥)ی دەستوور. دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەم داوایەی بە ژمارە (٥٥/اتحادیة/٢٠١٠) تۆمار کردووە و لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٤/٣/٢٠١٠ بڕیاری خۆی لەسەر ئەم بابەتە دا.

دادگە لە بڕیارەکەیدا، پاش باسکردنی پێشەکییەک لەسەر سیستەمی حوکمڕانیی پەرلەمانی و بوونی سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لەم وڵاتە و، هەروا بنەمای جیاکاریی نێوان هەر سێ دەسەڵاتەکە لە کۆتایی بڕیارەکەیدا دەڵێت: " ... دادگەی باڵای فیدراڵی وای دەبینێ کە نەبوونی ئەوانەی کە باسکران لە پراکتیک و لە ماوە دەستوورییە دیاریکراوەکاندا و، بە هۆی ئەو بڕیارەی کە دراوە بۆ بە (کراوە) هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان بۆ زەمەنێکی دیارینەکراو و، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک لە دەستوور، دەبێتە پێشێلکاری لە ئەحکامەکانی و بە لاڕێدابردنی چەمکی (دانیشتنی یەکەم) و ئەو مەبەستانەی کە بەندی (٥٥) ئامانجیەتی. بەم پێیە و لەبەر دەستوورینەبوونی ئەو بڕیارەی کە دراوە بۆ بە (کراوە) هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی ساڵی ٢٠١٠ی خۆیدا، دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە و ئیلزامکردنی داوالێکراو سەرەڕای ئەرکەکەی بۆ بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گرێدان و سەرلەنوێ دەستپیکردنەوەی کارەکانی دانیشتنی یەکەم بەو جۆرەی کە لە دەقی بەندی (٥٥)ی دەستووردا هاتووە و ئەرکە دەستوورییەکانی تر".          

هەر وەک دەبینین، دادگەی باڵای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری داوە بە نادەستووریبوونی بە کراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان، کە ئەمەیش داهێنانی پەرلەمانی عێراقە، بەڵام سەرەڕای بریاری دادگە، دەبینین هەمدیسان لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ پەرلەمان ئەم ڕەفتارە نادەستوورییەی دووبارە کردەوە. ئەمەیش نیشانەیەکی پرسیاری گەورە دەخاتە سەر پەرلەمانی عێراق، بەو پێیەی کە باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانانە لە وڵاتدا و، لە هەمان کاتدا دەقە دەستوورییەکان و بڕیاری دادگەی بالای فیدراڵی پێشێل دەکات. سەبارەت بە هێز و بەهای یاسایی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، لە بەندی (٩٤)ی دەستووردا هاتووە: "بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە و دەبێ هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."   

٣) بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وادەی خۆیدا

جێگری یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوی بەپەلەی ژمارە (م.خ ١/٣/١٩) لە ١٧/١/٢٠١٨ داوای ڕاڤەکردنی ئەم بڕگانەی خوارەوەی کرد:

١) بەندی ( ٥٦/یەکەم)ی دەستوور، کە باس لەوە دەکات ماوەی خولی هەڵبژاردن ئەنجومەنی نوێنەران چوار ساڵی تەقویمییە، کە لە یەکەم دانیشتنەوە دەست پێ دەکات و کۆتایی دێت بە تەواوبوونی ساڵی چوارەم.

٢) بەندی (٥٦/دووەم)ی دەستوور کە دەڵێ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ (٤٥) ڕۆژ بەر لە کۆتاییهاتنی خولی هەڵبژاردنی پێشوو ئەنجام دەدرێت.

 ٣) بەندی (٧/یەکەم) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٤٥)ی ساڵی ٢٠١٣، کە دەڵێ، دەبێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە لانی کەم (٤٥) ڕۆژ پیش لە ڕێکەوتی کۆتاییهاتنی خولی هەڵبژاردنی پێشوو ئەنجام بدرێت.

٤) بەندی (٧/سێیەم) لە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣، کە دەڵێت: وادەی هەڵبژاردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و پەسندکردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە و، دەبێت مەرسوومی کۆماری بۆ دەربچێت و، لانی کەم (٩٠) ڕۆژ پێش وادەی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن بڵاو بکرێتەوە.

دادگە لە ڕۆژی ٢١/١/٢٠١٨ لە بڕیاری ژمارە (٨/اتحادیة/٢٠١٨) بڕیاری ڕاڤەکاریی خۆی لەم بارەیەوەدا و دەڵێت: "... دادگە پاش پشکنینی بەندی (٥٦/یەکەم) لە دەستووری عێراقی، کە لەو دەقەدا باس لە دەستپێکی ماوەی خولی هەڵبژاردن دەکات و بریتییە لە یەکەم دانیشتنی و بۆ ماوەی چوار ساڵی تەقویمیی درێژە دەکێشێت و، کۆتاییەکەیشی بە کۆتاییهاتنی ساڵی چوارەمی ئەم خولەیە. ئەم ماوەیەیش ماوەی ویلایەتی خولی هەڵبژاردنە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لە دەستووردا هاتووە و، بە کۆتاییهاتنی ویلایەتی خولەکە کۆتایی دێت و هەر ڕێکارێک لە دەرەوەی ئەمە ئەنجام بدرێت، هیچ بەڵگەیەکی لە دەستووردا نییە و شوێنەوارەکانی ئەم ڕێکارە و ئەنجامەکانی بە نەبوو دادەنرێت، لەبەر ئەوەی دەنگدەر کاتێک کە دەنگی داوە بەو کەسەی کە هەڵی بژاردووە، وەک نوێنەری خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵی بژاردووە و ئەم ڕێپێدانە کۆتایی پێدێت بە کۆتاییهاتنی ئەو ماوەیەی کە لە دەستووردا دیاریکراوە، کە ئەویش چوار ساڵی تەقویمییە و، هیچ لایەنێک بۆی نییە سەرپێچی بکات، چونکە سەرپێچیکردنی واتای سەرپێچیی ئیرادەی گەل دەدات، کە ئەم ماوەیەی تۆمار کردووە لە ڕووی دەستپێک و کۆتایییەوە، کاتێک کە ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر دەستوور لە ڕیفراندۆمی گشتی، کە لەسەر هەموو بەندەکانی ئەنجام دراوە و لەوانەیش بەندی (٥٦/یەکەم) و، گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکان و ڕەواییپێدانیەتی وەک لە بەندی (٥)ی دەستووردا هاتووە و، نابێت سەرپێچیی ئیرادە دەستوورییەکەی بکرێت...و بەو پێیەی کە پێشکەشمان کرد، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەروا ئەنجومەنی نوێنەران لەسەریانە ئەحکامی بەندی (٥٦/دووەم) لە دەستوور پراکتیزە بکەن و، هەڵبژاردن بەپێی ماوە دیاریکراوەکان ئەنجام بدرێت و سەرپێچی نەکرێت و، وادەیەکی تر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دیاریی بکرێت. لەبەر ئەوەی ئەمە بە هەموارکردنی ئەحکامی بەندی (٥٦/دووەم) لە دەستوور دادەنرێت، کە ئەمەش شێوازێکی پێچەوانەی هەموارکردنی بەندەکانە بەو جۆرەی کە لە بەندی (١٢٦)یدا هاتووە و، ئەم بڕیارە ڕاڤەکارییە بە تێكڕا لە ٢١/١/٢٠١٨ دەرچوو".

 ئەگەر سەرنجی بڕیاری دادگە بدەین دەبینین، کە بڕیارەکە هەر جۆرە دوا خستنێکی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە نادەستووری دەزانێت و، بەم پێێەش هەر جۆرە درێژکردنەوەیەکی ماوەی پەرلەمان دەچێتە خانەی سەرپێچیکردنی بەند و بنەما دەستوورییەکان. ئەم بڕیارە لە ڕاستیدا بڕیارێکی بەجێ و شیاوە و، ڕێگری دەکات لەوەی کە لایەنە سیاسییە باڵادەستەکان لە پەرلەمان، بەپێی ویست و ئارەزوو و بەرژەوەندییەکانی خۆیان یاری بە ئێرادەی گەل بکەن و، تەمەنی پەرلەمان درێژ بکەنەوە. بە داخەوە لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی کە تاکوو ئێستا بینراوە ئەوەیە، کە لە هەر چوار خولی پەرلەمان، تەمەنی پەرلەمان درێژ کراوەتەوە، بەبێ ئەوەی هێچ ڕێپیدانێکی دەستووری و یاسایی هەبێت.

ئەنجام   

دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق، وەک یەکێک لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری عێراق و لایەنی پەیوەندیدار بە چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاسا و ڕێنماییەکان، یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەی کە لە پراکتیزەکردنی یاسا و ڕێنمایییە فیدراڵییەکان دێنەئاراوە، یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان و ڕاڤەکردنی دەقە دەستوورییەکان و هتد، دەتوانێ لە ڕێگەی بڕیارەکانی خۆیەوە کاریگەریی ئەرێنی یا نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دابنێت. هەندێک لە بڕیارەکانی ئەم دادگەیە، وەک ڕاڤەکردنی واتای گەورەترین فراکسیۆنی نوێنەرایەتی لە ڕووی ژمارەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق داناوە و، وای کردووە لە پاش هەڵبژاردن گەڕێکی نوێی ململانێی سیاسی لە نێوان لیستە براوەکانی هەڵبژاردندا دەست پێ بکات بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن. هەروا هەندێکی دیکە لە بڕیارەکانی ئەم دادگەیە کاریگەریی ئەرێنی بووە لەسەر پرۆسەی سیاسی، وەک بڕیاری دادگە دەربارەی نادەستووریبوونی بە کراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و، هەروا نادەستووریبوونی دواخستنی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، کە ئەمانەیش بە نۆرەی خۆیان کاریگەرییان دەبێت لەسەر خێراکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و ئەنجامدانی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت و دەربازکردنی وڵات لە ڕەوشی ناسەقامگیریی سیاسی و هتد. 

دواترین لەلایەن ئازاد وەڵەدبەگی