هەڵبژاردن؛ ماف، ئەرک و ئەخلاق!  

 

قەرەنی قادری

هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە بە ڕێگەی هاووڵاتیانەوە قورساییی هێزە سیاسییەکان دەستنیشان بکرێت، متمانە بە حزب و لایەن سیاسییەکان بدات، یان لە هەندێکان وەرگرێتەوە، هەروەها دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتیش لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر بکات؛ ئەمەیە بنەمای دیموکراسی.

لە هەڵبژاردندا، هەر حزبێکی سیاسی، جا چ بە ژمارە بێت چ بە تەمەن، نوێ بێت یان تەمەنێکی زۆری هەبێت، قورساییی ئەو، کورسییەکانی دیاری دەکات. لە هەرێمی کوردستاندا ئەوە حزب و لایەنە سیاسییەکانی نین کە چەمکی حزبی سیاسی و هەڵبژاردنیان بنیات نابێت، تا قسەیەکی زیاتریان هەبێت و دیموکراسی دەوڵەمەند بکەن. لە جیهانی دیموکراسیدا کورسییەکان پێوەرن، نەک تەمەن و خەباتی حزبێک. ئەمە کۆڵەکەی هەرە سەرەکیی دیموکراسییە.

لە جیهانی ئازاددا هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە هاووڵاتیان لە کێبڕکێیەکی پاک و بێگەرددا، دەنگی خۆیان بە حزبێک بدەن کە متمانەیان پێیە. واتە حزبێکی سیاسی بە ڕێگەی دەنگدانی هاووڵاتیانەوە هەم متمانە وەردەگرێت و هەمیش قورسایییەکەی دەستنیشان دەکرێت. ڕێک لەبەر ئەوەیە کە لە هەڵبژاردندا قورساییی هەر حزبێکی سیاسی بەو کورسییانەی کە مسۆگەری کردوون، دەپێورێت و بەندە، نەک هۆنینیەوەی مێژووی خەبات و تەمەن. هەڵبژاردن کاری بە تەمەن و خەباتی حزبێکی سیاسییەوە نییە، بەڵکوو کاری بەوەیە کە بۆ ئێستا و داهاتوو چیی پێیە و، لە ماوەی حوکمڕانی، یان ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بووبێت، چیی کردووە و چ دەورێکی لە ڕووداوە سیاسییەکانی وڵاتدا بینیوە.

هەڵبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی دیموکراسی. ئاکامی هەر هەڵبژاردنێک کە مۆرکی هاووڵاتیانی پێوە دەبێت، هەم ڕێژە و ئاستی متمانەکە دەیاری دەکات، هەمیش دەنگی هاووڵاتی و کورسییەکان بڕیار دەدەن و پێوەرن.

زۆر باس لەوە دەکرێت کە هەڵبژاردن "ماف و ئەرکە". بەبێ ماف، هەڵبژاردن مانای نییە؛ واتە هەڵبژاردن بۆیە دەکرێت، چونکە هاووڵاتی هەیە، کە هاووڵاتییش هەبوو ئەوە مافەکەی دەبێ بەیاسایی بکرێت و ئاکامی دەنگەکانی ئەوانیش ببێتە پێوەر بۆ حوکمڕانی. هەر لەبەر ئەوە هاووڵاتیان بەپێی دەنگدانەکەیانەوە دوو پەیام دەگەیه‌نن: متمانە بە هەندێک حزب دەبەخشنەوە و لە هەندێکانیش وەردەگرنەوە (سەرکەوتن و شکست)، هەروەها قورساییی حزبێکی سیاسییش دەستنیشان دەکەن. هەڵبژاردن (کورسی) ئەوە نیشان دەدات کە حزبێکی دیاریکراو شوێنی لە کۆمەڵگە لە چ ئاستێکدایە.

هەڵبژاردن ئەرکە؛ لەبەر ئەوە ئەرکە تا هاووڵاتیان سوود لە مافەکەیان وەربگرن و لە چارەنووس، یان داڕشتنەوەی حوکمڕانی لە وڵاتدا بەشدار بن و هەر بەگوێرەی ئەو ماف و ئەرکە، خۆیان دەکەن بە خێوی وڵات. بەڵام هێشتا ئەم ماف و ئەرکە چۆنایەتیی هەڵبژاردن دیاری ناکەن، بەڵکوو ئەم دووە دەتوانن پێناسەیەکی ئاماری بن بۆ بەشداریی هاووڵاتیان. پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن، بە تەنیا بە ماف و ئەرک دیاری ناکرێت، بەڵکوو ئەوە ئەخلاقە کە ئاستبەرزیی هەڵبژاردن (چۆنایەتی) دیاری دەکات.

بۆیە سێ چەمکی "ماف"، "ئەرک" و "ئەخلاق" لە هەڵبژاردندا پێکەوە مانا دەبه‌خشن. تەنانەت دەکرێت لە هەڵبژاردنێکدا ڕێژەیەکی کەم لە هاووڵاتیان بەشدار بن؛ ئەگەر بێت و لەو پرۆسەیەدا ڕەچاوی ئەخلاق کرا، ئەوە پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن دەردەخات. ئەخلاق لە هەڵبژاردن ئەوەیە کە گشت حزب و لایەنە سیاسییەکان، هەروەها هاووڵاتیان ئەوە باش بزانن و لە کردەوەدا ڕەچاوی بکەن، کە یەک هاووڵاتی (تاک) تەنیا خاوەنی یەک دەنگە!

فەلسەفەی هەڵبژاردنیش ڕێک بۆ مافی تاک لە جوگرافیایەکی نەتەوەییدا دەگەڕێتەوە، کە ئەو "تاک"ە مافی دەنگدان واتە بڕیاردانی هەیە. لەسەریەک، کۆی تاکەکانە کە دەبێتە متمانەیەکی گشتی و هەر لەسەر بنەمای ئەو متمانەیەیە کە حزبەکان و حکوومەت ڕەوایەتی بەدەست دێنن. هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، ئەوە ئەرکی هەڵبژاردن نییە کە هاوسەنگی چێ بکات؛ زۆر ئاسایییە کە بە هۆی هەڵبژاردنەوە "هاوسەنگیی هێزەکان" تێک بچێت، هەندێک سەرکەون و هەندێکی تریش لە هەڵبژاردندا تووشی شکست بن و بەشێکیش بکەونە پەرواێزەوە، چونکە ئەمە سروشتی هەڵبژاردنە؛ هەر لەبەر ئەوەیشە پێی دەڵێن هەڵبژاردن!

کاتێک گەندەڵیی هەڵبژاردن، ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی (شەرعییەتی شۆڕشگێڕی)، کڕینی دەنگ، ئاماری هەڵە، ڕەگەزنامەی ساختە بۆ دەنگدان، ناچارکردنی هاووڵاتیان کە دەنگ بە کێ بدەن یان دەنگ بە کەسێکی دیاریکراو نەدەن، یان بە هێزی چەکدارەوە بنکەی دەنگدان بە سندووقەکانەوە دەستی بەسەردا بگیرێت، هەڵبژاردنی ئاوا لە بواری ئەخلاقییەوە (پاک و بێگەرد) دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

کە واتە هەڵبژاردن بەتەنیا ماف و ئەرک نییە، بەڵکوو پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن پەیوەندیی ڕاستەخۆی بە ئەخلاقی تاک بە تاکی کۆمەڵگە، حزب و لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتییەوە هەیە.

ڕێگەی چارەسەر

پێویستە لەو بوارەدا "کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان" ماوە بە ماوە، بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە زانیاری و وشیاری سەبارەت بە هەڵبژاردن، ماف، یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئاستی تێگەیشتنی هاووڵاتیان لەو بوارەدا بەرزتر بکرێتەوە؛ کۆتاییهێنانی یەکجاری بەوە کە لیستی تۆماری دەنگدەران بەتەواوەتی لە غەش پاک بکرێتەوە، نەک هەر جارێک کە هەڵبژاردن کرا، هاووڵاتیان تووشی کێشە ببنەوە.

حزب و لایەنە سیاسییەکان کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە پرسی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەوە هەیە، چەندقات بۆ ئەوان پێویستە کە بەشدارییەکی چالاکانە و جددییان هەبێت لە گەیاندنی زانیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی هەڵبژاردن لەناو هاووڵاتیاندا. چونکە تا ئاستی ڕۆشنبیریی هەڵبژاردن لەناو هاووڵاتیاندا بەرز و بەرزتر ببێتەوه‌، ئاستی گەندەڵی و فرتوفێڵ لە هەڵبژاردندا کەمتر و کەمتر دەبێتەوە. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی لەو بوارەدا دەتوانێت دەوری ئاڵقەی پەیوەندی لە نێوان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، حزب و لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتیاندا بگێڕێت. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، کارتێکەرە چونکە هێز و دەسەڵاتی هەیە.

لە هەڵبژاردندا، ماف، ئەرک و ئەخلاق پێکەوە مانا دەدەن!