دادپەروەریی ڕاگوزاری لە کۆمەڵگەکانی پاش جەنگ: عێراق وەک نموونە (بەشی سێیەم و کۆتایی)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

 

گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری لە عێراق

هەروەک وتمان ئەو کۆمەڵگەیانەی کە قۆناغێکی جەنگ و سەرکوتکاریی سیاسیی تێ دەپەڕێنن، دەتوانن بە چەندین شێواز لەگەڵ ڕابردووی تاڵ و پڕ لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن. یان ئەوەتا بە دەرکردنی یاسای لێبووردن، لە تاوانباران خۆش دەبن، یان ئەوەتا ڕاستەوخۆ ئەو تاوانبارانە دادگەیی دەکەن یاخود کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان پێک دەهێنن و دەست دەکەن بە پرۆسەی پاکسازیی دامودەزگەکان لە ئەنجامدەرانی تاوان. جگە لەمەیش، دەکرێ قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە و داوای لێبووردنیان لێ بکرێت و مۆنیۆمێنتیان بۆ چێ بکرێت. هەڵسوکەوتی عێراق لەگەڵ ڕابردووی پڕ لە پێشێلکاری و توندوتیژیی خۆی، یەکێکە لەو کێشە ئاڵۆزانەی کە ڕووبەڕووی ئەم وڵاتە بووەتەوە بۆ بەدیهێنانی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری.

گرنگترین ئالنگاری لە قۆناغی ڕاگوزاریی سیاسی، بابەتی دادپەروەریی ڕاگوزارییە، بەتایبەت چۆنێتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕابردوو، کە ئەمەیش ئەو پرسیارە گەورە و گرانەیە کە ئەزموونەکانی دادپەروەریی ڕاگوزاری لە ڕابردوو بەرەوڕووی بوونەتەوە. لێرەدا ئاماژە بە هەندێ لەو خاڵە گرنگانە دەکەین کە بوونەتە گرفت لە بەردەم چەسپاندن و جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری لە عێراق کە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

١) ڕژێمی سەددام بە درێژاییی ٣٥ ساڵ حوکمڕانی، گەلێک تاوانی بەربڵاو و ترسناکی ئەنجام داوە؛ بە جۆرێک کە سەرکوت و توندوتیژی، بەشێک بووە لە سیاسەتی دەوڵەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک. لە ماوەی حوکمڕانیی بەعسدا پتر لە ٣٠٠ هه‌زار کەس لەسێدارە دران یان بێسەروشوێن کران؛ یەک ملیۆن عێراقی ئاوارەی وڵاتان کران و لە ساڵی ١٩٧٧-١٩٨٧ پتر لە 5 هەزار گوندی کوردستان کاوڵ کران. بە هۆی پرۆسەی ئەنفال و بۆردمانی کیمیایی لەناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، دەیان هەزار کەس شەهید بوون. لە باشووری عێراقیش زیاتر لە نیو ملیۆن شیعە ئاوارەی ئێران کران و پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ نزیکەی ٧٠ هه‌زار خەڵکی سیڤیل یان له‌سێداره‌ دران یان بێسەروشوێن کران.

٢) دەیان ساڵ فەرمانڕەواییی سەرکوتکارانەی بەعس، ناسنامه‌ی تاک و بەکۆمەڵی عێراقییەکانی لێک هەڵوەشاندەوە و بووە هۆی سەرهەڵدانی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و تۆقاندن و بێمتمانەیی لەسەر هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگە. بە درێژاییی ساڵانی حوکمی سەرکوتکاری، ناسنامه‌ی عێراقی بەزۆر بەسەر هاووڵاتیانی عێراقدا سەپێنرابوو، پاش ڕووخانی ئەم ڕژێمە لە ساڵی ٢٠٠٣ خەڵک کەوتنە نێوان ناسنامه‌ی عێراقیی سەپێنراو و ناسنامه‌ی نەتەوەیی و تائیفیی ڕاستەقینەی خۆیان، کە دەستیان پێوە دەگرت و لە ناخیاندا باوەڕیان پێی بوو. هەروا بابەتەکە بەوەیشەوە نەوەستا، ڕژێمی بەعس بەخورتی هەوڵی گۆڕینی ناسنامه‌ی کورد، تورکمان و ئاشووریی دەدا بۆ ناسنامه‌یه‌کی عەرەبی. ئەم دۆخە نالەبارە، بووە هۆی دابەشبوون و پەرتبوونی کۆمەڵگەی عێراقی بەسەر کۆمەڵێک ناسنامه‌ی نوێباو کە پێشتر دەرفەتی هەناسەکێشانیان نەبوو.

٣) پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی بەعس، دەسەڵاتدارانی نوێی عێراق کە هێزی هاوپەیمانان بوون و لە سەروویانەوە ئەمریکا، کاریگەریی زۆریان لەسەر پرسی دادپەروەریی ڕاگوزاری هەبوو. ئەو هێزانە شارەزاییی زمانی، کەلتووری و هەرێمیی پێویستیان نەبوو بۆ ناسین یان تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی عێراقی بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانییەوە؛ جگە لەمەیش ئەم هێزانە لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا وەک پێویست خوازراو و خۆشەویست نەبوون. هەروا شارەزاییی پێویستیان نەبوو بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری؛ هەر بۆیە ئەم پرۆسەیە لە سەرەتاوە دەستپێکێکی باشی نەبوو.  

٤) دەیان ساڵ حوکمڕانیی دیکتاتۆری وای کردبوو، کە عێراق بەکردەوە توانای دانانی یاسا و سیاسەت و بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی وەک دادپەروەریی ڕاگوزاریی نەبێت. جگە لەمەیش، عێراقییەکان نەیاندەتوانی متمانە بەو سیستەمە یاسایی و سیاسییە بکەن کە هەتا تەوقی سەر نوقمی گەندەڵی ببوو و، هەموو شتەکان تێیدا بەسیاسی کرابوون و بۆنی سیاسەتیان لێ دەهات. هەروا هێزە ئەمریکییەکانیش پتر گوێیان لەو عێراقییانە دەگرت کە لە دەرەوەی وڵات بوون و، شارەزاییی لۆکاڵیی پێویستیان نەبوو یاخود تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شارەزایییە تەکنیکییەکانیان لاواز بوو.

٥) ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕەواییی ئەم جەنگە و پێویستبوونی، وای کرد کە بەشداریی شارەزا و پسپۆرانی بیانی لە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری، سنووردار بێت. ئەمریکا بۆ خۆی بەتەنیا و بە شێوازی خۆی ده‌ستی به‌م كاره‌ كرد و گەلێک لە ڕێکخراو و قەوارە حکوومی و ناحکوومییەکانی لە پرۆسەکە دوور خستەوە، کە دەیانتوانی بە شێوازێکی باشتر و بە کەڵکوەرگرتن لەو ئەزموونانەی کە لەم بارەیەوە هەیانبوو پرۆسەکە جێبەجێ بکەن.

٦) جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی دادپەروەریی ڕاگوزاری، پێویستی بە سەرچاوە و داهاتی ماددی و مرۆییی باش هەیە. سروشتییە، دەوڵەتێک کە قۆناغێكی دوورودرێژی دیکتاتۆری و جەنگی چەکداری و شۆڕشی تاقی کردۆتەوە، بەشێکی زۆری ئەو سەرچاوە و داهاتانە، یان نەماون یان لاواز کراون یاخود سیستەمە دیکتاتۆرییەکان بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات بەکاریان هێناون؛ ئەمە جگە لە لاوازی و سەبەخۆنەبوونی دەسەڵاتی دادوەری، سیستەمێکی دیموکراسیی لەرزۆک، کەموکورتی لە بەڵگە سزایییەکان، زۆربوونی ژمارەی تاوانەکان و ئەنجامدەرانی تاوان و قوربانیان، کە ئاستەنگیان لە بەردەم بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەکە دروست دەکرد.

میکانیزمەکانی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری لە عێراق

هەروەک پێشتر باسمان کرد دادپەروەریی ڕاگوزاری چەندین میکانیزمی جۆراوجۆری هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکانی خۆی و ڕێگە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە داهاتوودا بگرێت و قەرەبووی زیانی قوربانیان بکاتەوە و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی بچەسپێنێت. لێرەدا باس لە کۆمەڵێک لەو میکانیزمانە دەکەین کە لە عێراق گیراونەتە بەر و بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:

١) دادگەییکردن: دادگەییکردن بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دادپەروەریی ڕاگوزاری دادەنرێت، کە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ بنیاتنانەوەی متمانە و سەروەریی یاسا و بنیاتنانەوەی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دامودەزگەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی گشتی و، هەروەها ڕێگرە لە بەردەم پێشێلکارییەکانی مافی مروڤ لە داهاتوودا.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ باس لە دادگەییکردنی سەرانی ئەو ڕژێمە هاتە ئاراوە، بەڵام سەرەتا مشتومڕەکان لەسەر ئەوە بوو کە ئایا لە دادگەیەکی عێراقی بێت یان نێودەوڵەتی. هەندێ لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک چاودێری مافی مرۆڤ بە حوکمی نەبوونی شارەزایی و سەربەخۆیی و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و ترس لە گەرەنتییەکانی مافی تۆمەتباران، خوازیاری دادگەیەکی نێودەوڵەتی بوون، بەڵام سەرەنجام دادگەیەکی عێراقی بە ناوی دادگەی باڵای تاوانەکان سەرەتا بە یاسای ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٣ و پاشان بە یاسای ژمارە (١٠) ساڵی ٢٠٠٥ دامەزرا، کە ئەرکی دادگەییکردنی سەرانی بەعسی لەئەستۆ گرت.

ڕێکارەکانی ئەم دادگەیە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە کەوتە بەر ڕەخنە، وەک دەستوەردانی سیاسی لە ڕەوتی دادگە؛ بۆ نموونە دادوەر "ڕزگار محەمەدئەمین" کە دادوەری "دادگەی دوجەیل" بوو، لە لایەن وەزارەتی داد و کەسایەتییە سیاسییەکان لەسەر چۆنێتیی بەڕیوەبردنی دادگە کەوتە بەر ڕەخنە، کە لە ئەنجامدا ناوبراو وازی لە سەرۆکایەتیی دادگەکە هێنا. هەروا دادگە لە ڕووی گەرەنتییەکانی تۆمەتباران، مافی بەرگریکردن و قۆناغی پێداچوونەوە و... ڕەخنەی لێ گیراوە. جگە لەمەیش بەشێک لەناوەڕۆکی بڕیارەکانی دادگە کە پەیوەندیی بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و بنەماڵەکانیانەوە هەیە، هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراون.   

٢) پاکسازی: پرۆسەی پاکسازیکردنی ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی بەعس کرداری پێشێلکارییان ئەنجام داوە، بۆ خۆی بەشێکی ڕەوایە لە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری و دەتوانێ گەره‌نتییەکی گرنگ بێت بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە. هەروەها دەتوانێ ڕێگر بێت لەوەی کە ئەنجامدەرانی پێشێلکاری، سەرلەنوێ دەستڕۆیی و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر خەڵک و دامودەزگەکاندا بسەپێنن، کە ئەمەیش دەتوانێ گرفت لە بەردەم پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی دروست بکات. پاش ساڵی ٢٠٠٣ سەرەتا "دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ ڕیشەکێشکردنی بەعس" دامەزرا، کە بەو پێیە ئەوانەی لە ئەندامی فیرقە بەرەو سەر بوون لەو حزبە، لە پۆست و ئەرکەکانیان دوور خرانەوە و وا دادەنرا کە پابەندن بە ئایدیۆلۆژیی بەعس، یان تاوان و پێشێلکاریی بنەماکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییان ئەنجام داوە، بەبێ ئەوەی لەوە بکۆڵرێتەوە کە ئایا بەڕاستی پێشێلکارییان ئەنجام داوە یا نا؟ لە ئەنجامدا ٣٠ هه‌زار کەس لە ئەندامانی حزبی بەعس لە کارەکانیان دوور خرانەوە، کە لە نێوان  ٦ هه‌زار بۆ ١٢ هه‌زار کەسیان مامۆستا بوون.

ئەم هەنگاوانە و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق کە بووە هۆی بێکاربوونی دەیان هەزار ئەفسەری ئەو سوپایە، لە ئەنجامدا بووە هۆی سەرهەڵدانی بزاڤێکی یاخیبوون لەناوچە سوننەنشینەکان. هەر بۆیە، لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە هەوڵەکان بۆ چاکسازی لەم دەستەیە و ڕێکارەکانی دەستی پێ کرد، کە سەرەنجام دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی لە ساڵی ٢٠٠٨ لێ کەوتەوە. ڕەخنەیەکی زۆر لە شێوازی کارکردنی ئەم دوو دەستەیە گیرا و بەوە تۆمەتبار دەکران کە بە هەناسەیەکی تائیفی کار دەکەن و بۆ خۆیان پێشێلکاریی مافی هاووڵاتیان دەکەن.

٣) کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان: بەر لە دەستپێکردنی جەنگ لە ساڵی ٢٠٠٣ گەلێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و عێراقییەکانی تاراوگە، باسیان لە بیرۆکەی دروستکردنی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و ئاشتبوونەوە دەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی سەددام حوسێن. بەڵام پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، نە دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان و نە حکوومەتی عێراقی بیریان لە دروستکردنی ئەم کۆمیسیۆنە نەکردەوە و، بە هۆی شەپۆلی توندوتیژی و جەنگی تائیفی لە عێراق، ئەم بابەتە بەتەواوی فەرامۆش کرا، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئیدی حکوومەتی عێراق دەست بە پرۆسەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان نەکات وەک بەشێک لە پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری و، ساڕێژکردنەوەی برینەکانی جەستەی کۆمەڵگە و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ناو عێراقییەکان. ئێستایش دەکرێ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هاوکاری و ڕاوێژ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، سەنتەری نێودەوڵەتیی دادپەروەریی ڕاگوزاری و خاچی سووری نێودەوڵەتی، ده‌ست بكه‌ن به‌ دانانی ئەم کۆمیسیۆنە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی و ڕاوێژ و هاوئاهەنگی و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی تایبەت بەم بوارە لەناو کۆمەڵگەدا.

لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ٢١ وڵاتی جیهان، کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دامەزراوە، وەک: چاد، تەیمووری ڕۆژهەڵات، سیرالیۆن، غه‌نا، گواتمالا، باشووری ئەفریقا، نیجێریا، پاناما، بۆسنیا، یۆگسڵاڤیا و پیرۆ بە مەبەستی دروستکردنی پردێکی مێژوویی لە نێوان ڕابردووی پڕ لە ئێش و ئازار و داهاتوویەکی بنیاتنراو لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ.  

٤) قەرەبووکردنەوەی زیانەکان: هەروەک پێشتر باسمان لێوە کرد، قەربووکردنەوە دەتوانێ بە دوو شێوازی ماددی و سەمبولیک بێت، وەک: پێدانی پارە بە قوربانیان، دانانی پەیکەری یادکردنەوە، مۆزەخانە و هتد. هەروا قەرەبوو دەتوانێ هەندێ شێوازی دیکەیش لەخۆ بگرێت، وەک: چاکسازی لە پرۆسەی خوێندن، خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی بۆ قوربانیان، ڕەخساندنی هەلی کار و خوێندن و شوێنی نیشتەجێبوون و دابینکردنی ئاسایش بۆ قوربانیان. حکوومەتی عێراقی لە ئاستێکی بەرتەسک، ده‌ستی بە جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە كردووه‌ و، لەم پێناوەیشدا بە یاسای ژمارە (٣) ساڵی ٢٠٠٦ دەزگەی شەهیدانی عێراق و، بە یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٠٦ دەزگەی زیندانییە سیاسییەکان و، بە دەرکردنی یاسای ژمارە (٣) ساڵی ٢٠٠٣ و پاشان یاسای ژمارە (١٣) ساڵی ٢٠١٠ دەستەی داواکانی موڵکدارێتیی دامەزراند، وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس.

بە هۆی زۆربوونی ژمارەی ئەو تاوانانەی کە بە درێژاییی دەیان ساڵ فەرمانڕەواییی بەعس ئەنجام دراون، زۆربوونی ڕێژەی قوربانیان، نەبوونی سیستەمێکی کارگێڕی و یاساییی بەهێز،  نەبوونی سەقامگیری لە عێراق و تێچووی زۆری دارایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە، جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە سەرەڕای بوونی هەندێ یاسا و بڕیاری دادگەکانیش بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووان، تاکوو ئێستا یان هەر نەچووەتە بواری جێبەجێکردن یاخود بە ڕێژەیەکی کەم جێبەجێ کراون؛ بۆ نموونە قوربانیانی پرۆسەی ئەنفال یان کیمیابارانی هەڵەبجە تاکوو ئێستا سەرەڕای بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بۆ قەرەبووی قوربانیان، هیچ قەرەبوویەکیان لە لایەن حکوومەتی عێراقییەوە پێ نەدراوە.

سەرهەڵدانی داعش و ئاڵۆزکردنی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری

سەرهەڵدانی داعش و بڵاوبوونەوەی خێرای لە عێراق و سووریا، دەکرێ بە یەکێک لە دەرەنجامەکانی هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، سیاسەتی ڕێشەکێشکردنی بەعس و سیاسەتی تائیفیی حکوومەتی عێراق لە قەڵەم بدرێت. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەو هەوڵانەی کە بۆ بەجێگەیاندنی دادپەروەریی ڕاگوزاری لە عێراق گیرابوونە بەر، سستییان تێ کەوت. بەدیاریکراوی، پاش تەقاندنەوەی بارەگای ئیمامی عەسکەری لە سامەرا کە ئیمامی یازدەیەمی شیعەیە، توندوتیژیی تائیفی لە عێراق پەرەی سەند و ئەم شەپۆلە هەتا ٢٠٠٨ بەردەوام بوو، کە تێیدا ڕێکخراوی ئەلقاعیدە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە هەڵگیرساندنی جەنگی تائیفیدا گێڕا.

پاشان لە ساڵی ٢٠١٢ بە دروستبوونی داعش، قۆناغێکی نوێ لە توندوتیژییەکان دەستی پێ کرد کە بە هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ و کەوتنی ئەو شارە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ جەنگەکە گەیشتە قۆناغێکی نوێ و ترسناک. ئەوەی کە لێرەدا مەبەستمانە بیڵێین ئەوەیە، پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری لە عێراق کە هێشتا لە قۆناغە سەرەتایییەکانی خۆیدا بوو، بە پەرەسەندنی جەنگی تائیفی و سەرهەڵدانی داعش و خەریکبوونی حکوومەتی عێراق بەم جەنگانە، تا ڕاددەیەکی زۆر ئاستەنگی هاتە پێش و بەکردەوە هەندێ لە میکانیزمەکانی فەرامۆش کران. جەنگی داعش نەک هەر لێ نەگەڕا برینە کۆنەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس ساڕێژ بکرێنەوە، بەڵکوو قۆناغێکی نوێ و ترسناکی دیکەیش لە تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراقدا ئەنجام دران.

هەرچەند بەم دوایییانە، حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جەنگی داعش پێك هێناوه‌ کە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە، کە دەکرێ ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنیی بێت سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان. بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە، بەڵکوو پێویستە هەر دوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پسپۆڕەکانی وەک سەنتەری نێودەوڵەتیی دادپەروەریی ڕاگوزاری و خاچی سوور و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتانی تر، هەوڵی دانانی پلان و بەرنامەیەکی نوێ بدەن بۆ جێبەجیکردنی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزاری و ساڕێژکردنەوەی برینەکانی قۆناغی جەنگی داعش و سەردەمی فەرمانڕەواییی بەعس، چونکە بەشێکی زۆر لەو میکانیزمانە بە نیوەچڵی ماونەتەوە و پێویستە سەرلەنوێ دەست پێ بکرێنەوە. لەو میکانیزمانەیش دەتوانین ئاماژە بە دادگەییکردنی تاوانبارانی جەنگی داعش، قەربووکردنەوەی قوربانیان و بنەماڵەکانیان، کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، ڕێزگرتن لە قوربانیان و چاکسازی لە دامودەزگەکان  و... بکەین.     

ئەنجام

دادپەروەریی ڕاگوزاری، وەک میکانزمێک بۆ چەسپاندنی ئاشتەواییی نیشتمانی، لەو کۆمەڵگەیانە جێبەجێ دەکرێت کە قۆناغێکی دیکتاتۆری و جەنگی ناوخۆیی و سەرکوتکارییان تێ پەڕاندووە، بە مەبەستی هەنگاونان بەرەو سیستەمێکی دیموکراتی، سڕینەوەی شوێنەواری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕابردوو، چەسپاندنی بنەماکانی ئینساف و دادپەروەری بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەرهەق بە قوربانیان و بنەماڵەکانیان. بەدیهێنانی ئەم ئامانجەیش، پێویستی بە گفتوگۆ و ڕاوێژی قووڵ هەیە لەگەڵ کۆمەڵگە لۆکاڵییە ناوخۆیییەکان و دانانی بەرنامەی شیاو.

لاوازیی دەوڵەتی عێراق و بێتوانایی بۆ ئیدارەدانی دامودەزگەکانی خۆی و پەیوەندیی نێوان هەر سێ دەسەڵاتەکە (جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری) بەو جۆرەی کە لە دەقی دەستووردا هاتووە، وای کردووە کە نەتوانێت میکانیزمەکانی دادپەروەریی ڕاگوزاری وەک پێویست جێبەجێ بکات. هەر بۆیە، پێویستە کە عێراق بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەوڵی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بدات. هەروا دەرکردنی یاسا و بڕیار و ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەریی ڕاگوزاری، بەبێ بوونی نییەتی ڕاستەقینە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پرۆسەیە، لە ڕاستیدا وا دەکات ئەم بابەتە تەنیا وەک حوبری سەر کاغەز بمێنێەوە و ڕووناکی نەبینێت.   

  سەرچاوەکان

١) إريك ستوفر وميراندا سيسون وفونج فام وباتريك فينك، العدالة المؤجلة: المساءلة وإعادة البناء الاجتماعي في العراق، لەسەر ئەم ماڵپەڕەی خوارەوە دەبینرێت:

ttps://www.icrc.org/ar/download/file/27646/irc_90_1_stover.pdf

٢) د.اياد يونس محمد الصقمي و عامرحادي عبد الله الجبوري، العدالة الانتقالية  دراسة قانونية، مجلة كلية القانون للعلوم القانونية والسیاسة، جامعة کرکوک، المجلد الخامس، العدد ١٨/الجزء الاول، ٢٠١٦.

٣) د.زانا ڕؤوف حمه كريم، التحديات القانونية للإنتقال السياسي دراسة تحليلية، مجلة جامعة التنمية البشرية، المجلد ٢، العدد ٣، آب ٢٠١٦.

٤) سید نجم الدین قریشی و دیگران، درآمدی بر مفهوم عدالت انتقالی در حوزە حقوق بین الملل و نقش کرامت انسانی و اخلاقی در توسعە آن، مجلە پژوهش های اخلاقی، سال هشتم، شمارە ٤، تابستان ١٣٩٧.

٥) طارق حسين النعيمي، العدالة الإنتقالية وآلياتها الديمقراطية/٢، لەسەر ئەم ماڵپەڕەی خوارەوە دەبینرێت:

https://www.azzaman.com

٦) فهیل جبار جلبي، المصالحة الوطنیة في العراق: دراسة سیاسیة حول الوضع العراقي بعد ٢٠٠٣، جامعة دهوک و مرکز دراسات السلام و حل النزاعات، دهوک، ٢٠١٤.

٧) محمدحسین سرامد و دیگران، دستنامۀ آموزشی عدالت انتقالی، مطبعە مولانا، کابل، ٢٠١١.

٨) مرکز بحوث للدراسات، الثورة السوریة والعدالة الانتقالیة، ٢٠١٢.

٩) مهدي ذاکریان وسید ڕضی عمادي، سازوکارها و کارکرد عدالت انتقالی: تحولی مهم در حقوق بین الملل، فصلنامه سازمان هاي بین المللی، سال اول، شماره اول، بهار ١٣٩٢.

١٠) ميراندا سيسونز وعبد الرزاق الساعدي، إرثٌ مُرٌّ: دروس من عملية اجتثاث البعث في العراق ٢٠٠٤-٢٠١٢، المركز الدولي للعدالة الإنتقالية، بیروت، ٢٠١٣.

١١) هيومن ڕايتس ووتش، عدالة منقوصة: المحاسبة على جرائم "داعش" في العراق، ديسمبر/كانون الأول ٢٠١٧.