ئاستەنگەکانى بەردەم ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان - زنجیرەى پێنجەم

ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى

لە زنجیرە وتارەکانى ڕابردوودا ئەوەمان خستە ڕوو، کە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان بە دوو یاسا ڕێک خراون و لە ژمارەیشدا زۆرن و لە جموجۆڵ و کارکردنیشدا تا ڕاددەیەك هەن. لە ڕابردوویشدا، بەتایبەتى لە ساڵەکانى پێش قەیرانى دارایى بە بەراورد لەگەڵ ئێستا چالاکتر بوون، بەڵام بەپێى پێوەرە سەردەمى و گشتییەکانى ڕۆڵ و پێگەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، نەتوانراوە بە دەستپێکێکى کامڵ ڕیشەى خۆیان لە هەرێمى کوردستان داکوتن؛ بەو مانایەى نەیانتوانیوە متمانەى کۆمەڵایەتى بەدەست بێنن و پارێزگارى له‌ سەربەخۆییى خۆیان بکەن و لە برى دەستپانکردنەوە بۆ دەسەڵاتى سیاسى، ڕایەڵى بەهێز لەگەڵ ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان دروست بكەن، لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگى دیکە.

بۆيە وتارى ئەمجارەمان تەرخان كردووە بە دەرخستن و شرۆڤەكردنى ئەو ڕەهەندانەى كە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم كار و جووڵەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان:

  1. ڕەهەندى کەمئەزموونى:

زۆرینەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بەر لە دامەزراندن و کاکردنیان، بەبێ ئامادەکارى و شارەزایی لە بوارەکانى پێویستى هاتنەکایەیان و "هونەرى سەرکردایەتیکردنى ڕێکخراوەیى" و مانا و بایەخ و تایبەتمەندییەکانى تۆڕبەندى ڕێکخراوەیى و، تێگەیشتن لە کەسایەتى و گرنگى و شێواز و مەرج و میکانیزم و پێویستى و قۆناغەکانى کارى خۆبەخشى لە کارکردنى ڕێکخراوەییدا و،  هەروەها بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندیى نێوان ڕێکخراوى مەدەنى و حزبى سیاسى و پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسى و، هەروەها شینەکردنەوە و شۆڕنەکردنەوەى  میکانیزمەکانى کارکردنى ڕێکخراوەیى بۆ ئەندامان و کارمەندانى ڕێکخراو و کۆمەڵەکان و، بە دیوێکى تریشدا ناڕۆشنیى هەر دوو یاساکەى ڕابردوو و  لە هەڵبژاردنى ستافى بەڕێوەبردنى ڕێکخراو و کۆمەڵەکان و پشتگوێخستنى ماوەى بەئەنجامگەیاندنى پرۆسە دیموکراتییەکانى کارى ڕێکخراوەیى، لە شێوەى بەئەنجامگەیاندنى کۆنگرە و کۆنفرانسەکانیان و، هەروەها پشتگوێخستنى تەمەنى یاساییى کارمەندان و ئەندامانى ڕێکخراو و کۆمەڵەکان، بە یەکەمین ئاستەنگى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دادەنرێ، کە بۆتە فاکتەر بۆ دانانى بناغەیەکى لاوازى کارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى.

 ئەو ئیشکاڵییەتانە بە جۆرێک ڕەنگدانەوەى نێگەتیڤى هەبووە و هەیە، کە ئەوەندەى زۆرینەى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بە ئاڵۆزبوونى گرفتە کارگێڕییەکانى خۆیان، خۆیان سەرقاڵ کردووە، ئەوەندە نەیانتوانیوە کار بۆ جێبەجێکردنى ئەو ئامانجانە بکەن کە لە بنەڕەتدا بۆى دەمەزراون.

  1. ڕەهەندى کۆمەڵایەتى:

ڕەگوڕیشەى داب و نەریتە کۆنە کۆمەڵایەتییەکان بەناو پەروەردەى خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، ئاستەنگێکی بەهێزە لەپێش کارکردنى سروشتییانەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى. سیستەمی خێزانیی کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکى گشتى، کەم جار ڕێگە بە دامەزراوە مەدەنى و فەرمییەکانى دەرەوەی دامەزراوەى خێزان دەدات تا بچنە ناو قووڵاییى گرفتەکانى خێزانەوە، بەڵکوو سەرجەم بڕیارەکانی خێزان پەیوەندیی تەواوی بە کەسە سەرەکییەکانی ناو دامەزراوەى خێزانەوە هەیە، ئەوانیش بە شێوەیەکی گشتی بریتین له‌: باوک، برا، هەندێ جار دایک. ئەم بەپیرۆززانینەى دامەزراوەى خێزان وای کردووە، لە کاتی بڕیاروەرگرتندا یان لە کاتى سەرهەڵدانى هەر گرفتێکدا، ئەستەمە ڕێکخراوەکان ڕێگەیان پێ بدرێ لایەن بن لە دۆزینەوەى میکانیزمى چارەسەر و درێژکردنى دەستى هاریکارى. دروستنەکردنى ئەم متمانەیە بە کاریگەرى و ڕۆڵبینینى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، وای کردووە کە لە زۆربەی کێشەکانی ناو خێزاندا ڕەگەزى ئافرەت (کچ ــ ژن) ببێتە قوربانی بە پلەی یەک و، تەنانەت لە چارەسەریشدا هەر ئافرەت دەبێتەوە بە زەرەرمەندی سەرەکی. بەگشتییش دامەزراوەى خێزانەکان کۆپیکراوی یەکترن و جیاوازییەکی زۆر کەم لە نێوانیاندا بەدی دەکرێت و، نەوە دوای نەوە درێژەپێدەری هەمان سیستەمن.

 ئاستەنگێکى ترى بەردەم کارکردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئەوەیە کە، بەشێک لەو کەسانەی لەناو ڕێکخراوەکاندا کار دەکەن، هەمان پەروەردە و نەوەی ئەو کۆمەڵگەیەن کە کاری ڕێکخراوەیییان وەک کارێکی لاساییکردنەوە و ڕۆتینی وەرگرتووە نەک وەک پرەنسیپ بۆ دروستکردنى گۆڕانى کۆمەڵایەتى.

  1. ڕەهەندى یاسایى:

یەکێکى دیکە لە ئاستەنگەکانى بەردەم کارکردنى ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندیى هەیە بەو کەموکوڕییانەى کە لە ماددە و بڕگەکانى هەر دوو یاساى کۆمەڵەکانى ساڵى 1993 و یاساى ڕێکخراوە کوردستانییە ناحکوومییەکانى ساڵى 2001 و یاسا نوێیەکەى ساڵى 2011ى تایبەت بە تۆمارکردنى ڕێکخراوە مەدەنییەکان هەست پێ دەکرێ، لەوانە: نەبوونى مەرجى پێشوەختە بۆ هەڵسەنگاندنى ئاستى مەعریفیى ئەو کەسانەى کە ڕێبەرایەتیى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان وەئەستۆ دەگرن؛ کە دەکرێ وەکوو لاوازترین دیوى هەر سێ یاساکە دەستنیشانى بکەین، چونکە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانى ئۆرگانى مەدەنى، زەمینەخۆشکردن و بەکردەییکردنى پرۆسەى ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتییە. هەمیشە گەشەکردن و سەرخستنى پرۆسەى ڕیفۆرم، بەندە بە ڕێبەرایەتیکردنى کەسانى دەستەبژێر (نوخبە)ى کۆمەڵگە.

  1. ڕەهەندی سیاسى:

بەر لە ڕاپەڕینى ساڵى 1991 بە هۆى باڵادەستبوونى حوکمێکى تۆتالیتارییانەى شموولى، زەمینەى کارکردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى نەک تەنیا لەبار نەبوو، بەڵکوو جگە لە چەند ڕێکخراوێکى کەمى وابەستە بە حزبە سیاسییەکان، هیچ کەس بوارى ئیشکردن و ئازادیى قسەکردنیشى پێ نەدەدرا. دواى ئەو قۆناغەیش دەرهاوێشتەکانى جه‌نگى ناوخۆ، قۆناغى کارکردنى ڕێکخراوە مەدەنییەکانى لە چوارچێوەیەکى سنوورداردا هێشتەوە و کەمترین ڕێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى دروشمى ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتییان لە چوارچێوەیەکى کرداریدا هەڵگرتبوو.

 دەکرێ بگوترێت باڵادەستبوونى حوکێکى سیاسییانەى تۆتالیتار لە ساڵانى بەر لە پرۆسەى ئازادیى کوردستان و دواتر ناسەقامگیریى سیاسى و جه‌نگى ناوخۆ لە ساڵانى نەوەدەکان و، دواتریش پرۆسەى ئازادیى عێراق، پەرەپێدان و کارکردنى دامەزراوە مەدەنییەکانى دوا خست و تێگەیشتنێکى ناڕوون و ئەزموونێکى ناکامڵى لە کارکردنى ڕێکخراوەییى هێنایە کایەوە؛ بە جۆرێک کە کەمترین ئۆرگانى مەدەنى لە فۆرمى کردەییدا، توانیویەتى لەگەڵ ڕەگەزەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى خۆى بگونجێنێ، کە پێک دێن لە ڕەگەزەکانى: خۆبەخشى، دامەزراوەیى، قبووڵکردنى جیاوازى، نەگەیشتن بە کورسیى دەسەڵات.

  1. ڕەهەندى کارگێڕى:

فرەبەرپرسیارێتى لە دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستاندا بۆ چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنى کاروبارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بە جۆرێک ڕەنگدانەوەى هەبووە، کە نەتوانراوە مەرکەزییەتێک بۆ ڕێکخستنى ئەجێنداى ئۆرگانە مەدەنییەکان لە ڕووى دارایی، کارگێڕى، ڕێکخستنى کۆنفرانس و کۆنگرەکان، لێپێچینەوە و هەڵسەنگاندن دیاری بکرێ. دەکرێ ئاماژە بۆ ئەو دامەزراوە حکوومییانە بکەین کە ئەرکى بەپرسیارێتیى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانیان گرتۆتە ئەستۆ.

بۆ نموونە بەپێى هەر دوو یاساى ژمارە (18)ى ساڵى 1993ى کۆمەڵەکان و یاساى ژمارە (15)ى ساڵى 2001ى ڕێکخراوەى کوردستانییە ناحکوومییەکان، لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیى "کۆمەڵەکان" لە وەزارەتى ناوخۆ دەسەڵاتى مۆڵەتپێدانى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى دراوە بە وەزیرى ناوخۆ و، هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەى مۆڵەتەکانیشیان خراوەتە ناو چوارچێوەى دەسەڵاتى وەزیرى ناوخۆ، لە ڕێگەى دادگه‌ى "بەرایی"یەوە. لەبەر ئەوە کۆى ڕێکخراوەکان و کۆمەڵەکانى هەرێمى کوردستان لە لایەن وەزارەتى ناوخۆوە بەپێى هەر دوو یاساکەى سەرەوە مۆڵەت دراون.

 بەڵام یەکێک لە ئاستەنگەکان کە ڕووبەڕووى کارکردنى ڕێکخراوەیى دەبێتەوە، دروستکردنى بەڕێوەبەرایەتییەکى ترە لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى، بە ناوى "بەڕێوەبەرایەتیى سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان"، کە ئەرکى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنى کاروبارى ناوەند و بنکە و سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکانى هەرێمى کوردستانە، بەبێ ئەوەى لە هەر دوو یاساکەى سەرەوەدا بەندێکى یاسایی بۆ ڕێکخستنى کاروبارى ڕێکخراو و کۆمەڵەکان لە لایەن وەزارەتى ڕۆشنبیرییەوە هەبێ.

ئەگەرچى لە خاڵى شەشەمى "ڕەهەندەکاندا" ڕۆشنایى دەخەینە سەر ڕەهەندى ئابوورى، بەڵام نەبوونى ستراتیژییەتێکى تۆکمە و، ناڕوونى لە دیاریکردنى پێوەرەکان بە لەبەرچاوگرتنى سیسته‌مى دامەزراوەییى هاوچەرخ بۆ پشتگیریکردنى ڕێکخراو و کۆمەڵەکان لە ڕووى دارایییەوە لە ماوەى 25 ساڵى ڕابردوودا، بە جۆرێک کاریگەریى دروست کرد کە هیچ یەک لە ڕێکخراو و کۆمەڵەکان ئاستى پڕۆژە و قەبارەى کارکردنى خۆیان نازانن. دیارینەکردنى ماوەى پشتگیرییە دارایییەکان و نەبوونى ستاندارێکى ڕوون بۆ تەرخانکردنى ئاستى بەخشینى ماددى بۆ ڕێکخراو و کۆمەڵەکان و دیارینەکردن و شینەکردنەوەى شێوازى پشتیوانیکردنى ڕێکخراو و کۆمەڵەکان لە هەر دوو یاساى کۆمەڵە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانى هەرێمى کوردستان، جۆرێک لە نایەکسانیى لە ڕووى تەرخانکردنى ئاستى پشتیوانییە دارایییەکان هێنایە کایەوە و، وای کرد کە ڕێکخراو و کۆمەڵەى داهێنەر و مشەخۆر تێکەڵاوى یەکترى بن.

  1. ڕەهەندى ئابوورى:

هەر لە سەرەتاى بەیاساییکردنى کارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، تا جێبەجێکردنى سیستەمى پاشەکەوتکردنى مووچە، سەرجەم کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى (جگە لە ژمارەیەکى زۆر کەم)، هاوشێوەى موچەخۆرانى دامەزراوە میرییەکان، سەرەتاى هەموو مانگێک بەخشین-نەسریەى بەردەوامیان لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان وەردەگرت، بەبێ ئەوەى هیچ دامەزراوەیەکى حکوومى بەدواداچوونى ورد و بەردەوام بۆ فۆرم و میكانیزمەکانى خەرجکردنى ئەو میزانییەیە بکات، کە ساڵانە لە چوارچێوەى بوودجەى ساڵانەى حکوومەتى هەرێم میزانییەیەکى تایبەت بۆ کۆمەڵە  و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى تەرخان کرابوو.

هەروەها لە لایەکى ترەوە تەرخانکردنى بەخشینێکى مانگانەى زۆر کەمى ڕەمزى لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە، یەکێکى تر بووە لە ئاستەنگە بەهێزەکانى سستکردنى کارى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، کە جگە لە ئەنجامدانى کارى کورت و ڕۆژانە، نه‌توانراوە ببێتە یارمەتیدەریان تا پڕۆژەى گۆڕانهێن و درێژخایەن لە هەرێمى کوردستاندا جێبەجێ بکەن، جگە لە چەند بوارێکى تایبەتى دیاریکراو.

لە کۆمەڵگەى مۆدێرندا بەشێک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، ڕاستەوخۆ لە لایەن حکوومەتەکانیانەوە پشتیوانیى ماددى دەکرێن؛ بە جۆرێک کە ژمارەیەک لەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش پڕۆژەکانیان جێبەجێ دەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەى لە هەرێمى کوردستاندا زۆرینەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى نەیانتوانیوە لە چوارچێوەى کارکردن و هەماهەنگیى لۆکاڵییەوە، کارەکانیان بگوازنەوە بۆ کارکردن و هەماهەنگیى نێودەوڵەتى و، لە برى ئەوەى لە پەیداکردنى سەرچاوەى دارایییان پشت بە بەخشینى مانگانەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ببەستن، نەیانتوانیوە وەک پێویست پلانڕێژى بکەن بۆ دروستکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بەخشەرانەى کە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بۆ پشتیوانیى ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانى تر کار دەکەن و دامەزراون.

ئەم ناسەربەخۆیییە ئابوورییەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، کاریگەریى کردۆتە سەر پراکتیزەکردنى ئەرکە سەرەکییەکانى کارى ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە گرنگترینیان ئەمانەى خوارەوەن:

آ- دروستکردنى گوشار بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکان.

ب- جێبەجێکردنى پلان بۆ پڕۆسەى ڕێکخستن و پێگەیاندنى کۆمەڵایەتى و سیاسى.

ج- بەهێزترکردنى ڕایەڵى پەیوەندى لە نێوان هاووڵاتى و دەسەڵاتى سیاسى.

د- ڕۆڵى یارمەتیدەرانەى دەسەڵاتى یاسادانان لە داڕشتنى یاساکاندا و، ڕۆڵى چاودێریکارانەى دەسەڵاتى یاسادانان لە جێبەجێنەکردنى یاساکاندا.

  1. ڕەهەندی ئایینی:

زۆربەی جار شیکردنەوەی فرەڕەهەندییانەى ئایین، ڕێگر بووە لە پێش هەر هەنگاوێکی مەدەنییانەی ڕێکخراوەکان و، بە ڕەفتاری بیانی و ناکۆک  لەگەڵ پرەنسیپەکانى ئایینی لە قەڵەمیان داوە. خەڵکیان هان داوە بە دەنگ ئەو جۆرە پڕۆژانەوە نەچن کە پەیوندییان بە پرسى کرانەوەى کۆمەڵایەتى و مافە مەدەنییەکان و پرەنسیپەکانى یەکسانیى جێندەرییەوە هەبێ، چونکە پێیان وا بووە ئەو چەمکانە هاوردەی که‌لتوورى وڵاتانی بیانین و تەوژمێکى سیسته‌ماتیکییانەى دژەدینییە و، ناگونجێ لە کۆمەڵگەى کوردیدا کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێ.

بۆ نموونە تاکوو ئێستایش لە هەرێمى کوردستاندا، ئاراستەیەک پێیان وایە کارکردنى چەند دامەزراوەیەکى مەدەنى لەسەر پیادەکردنى پرەنسیپەکانى یەکسانیى جێندەرى لە کۆمەڵگەى کوردستاندا، بە کارکردنێکى مەترسیدارانەى نەگونجاو لەگەڵ دەقە ئایینییەکانى دەزانن؛ لە کاتێکدا کۆى دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەى مۆدێرندا لە کێبڕکێیەکێی گەرمدان لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسى، بۆ سەرخستنى دروشمەکانى پرسى یەکسانیى جێندەرى، چونکە بە دەروازەى بەرقەراربوونى دادپەروەریى کۆمەڵایەتى دەزانرێ و دەرفەتێک ناهێڵێتەوە بۆ مامەڵەکردنی پاشکۆیانەى ڕەگەزى ئافرەت و بێبەشکردنى لە مافە سەرەتایییە بنچینەیییەکانى، لە ڕووى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و بەڕێوەبردنەوە.

ئاشکرایە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەموو بنەماکانی خێڵایەتی هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا بەگشتی و لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەتایبەتی، نەک هەر سیستەمی خێڵایەتی هەڵنەوەشاوەتەوە بەڵکوو سیستەمی باو و باڵادەستیشە و تاکوو ئێستایش سەرجەم دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، تەنانەت بە دامودەزگەی بەڕێوەبردن و پەروەردەیشەوە، دامودەزگە و دامەزراوەی خێڵایەتین و تا ڕاددەیەک عەقڵی خێڵ بەڕێوەیان دەبات.

مەبەست لە هەیمەنەى عەقڵى خێڵ بەسەر دامەزراوەکانەوە، کاریگەریى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر کاروبارى دامەزراوەکان و لاوازیى پلانى کارى دامودەزگە پەروەردەیییەکانە بەپێى پرەنسیپەکانى سیستەمى دامەزراوەییى هاوچەرخ، کە تا ئێستایش لە هەرێمى کوردستاندا هەوڵەکان بۆ چەسپاندنى بنەماکانى "سیستەمى دامەزراوەییى هاوچەرخ وەکوو ئاماژە دەرکەوتوون. ئەو قۆناغەیش لە مێژووى پێشکەوتنى کۆمەڵایەتیدا بە قۆناغێکى سروشتى دادەنرێت.

 زنجیرەى شەشەمى وتارەکەمان تەرخان دەکەین بۆ دیاریکردنى ئەو ڕێگە و میکانیزمانەى کە دەبن بە یارمەتیدەرى لابردنى بەربەستەکانى بەردەم ڕێکخراوەکانى كۆمەڵگەى مەدەنى، لەگەڵ چەندین ڕاسپاردە و پێشینار کە لەسەر زەمینى واقعدا بۆ جێبەجێکردن دەگونجێن.