ئایا دەوڵەت و کۆمەڵگەى مەدەنى "دژ بەیەکن" یان "تەواوکەرى یەکترن"؟ زنجیرەى سێیەم

ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى

کۆمەڵگەی مەدەنی له‌ ڕووی مەبدەئەوە ڕایەڵێکی پێکەوەبەستراوە؛ لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە لە لایەک و لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و دەوڵەت لە لایەکی تر. ئەم پەیوەندییە لەسەر بناغەی گۆڕینەوەی بەرژەوەندی و سوود و ڕازیبوون و لێكتێگەیشتن و جیاوازی و ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەی دەوڵەت لە هەر کاتێکدا کە پێویست بێت، بینا کراوە.

پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەیوەندییەکی تەواوکەر و پشتبەستن بە یەکتری و دابەشکردنی ڕۆڵە، نەک جیاوازی و دژایەتیکردن. ئەم دوو لایەنە شان بە شانی یەکترن؛ نە دەوڵەت بێ کۆمەڵگە دەبێت و نە کۆمەڵگەیش بێ دەوڵەت دەبێت. کۆمەڵگەی مەدەنی دروستکەری هێزی دەوڵەتە و لە پێناو یەکسانڕاگرتنی هێزی وڵاتدا دێنە دی.

بۆچوونێکى گشتییش هەیە کە زۆرینەى ڕوانینەکان لەبارەى کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە ڕێگەی دیراساتی ئەکادیمی و بەدواداچوونی مێژوویی و سەرهەڵدان و پەرەسەندنییه‌وه‌ لەسەری ڕێک کەوتوون: کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵێک کاری ڕێکخراوی خۆبەخشی ئازادانەیە. ئەو بوارەی نێوان خێزان و دەوڵەت پڕ دەکاتەوە بۆ بەئاکامگەیاندنی بەرژەوەندیی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتی، یان ئەنجامدانی چالاکییە مرۆیییە هەمەجۆرەکان، کە لە جێبەجێکردنیدا پابەندە بە پێوەرەکانی ڕێزگرتن و قبووڵکردن و لێبووردەیی و بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی ئاشتیخوازانەی ململانێ و نزیککردنەوەى جیاوازییەکان.

دامەزراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی:

دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئەوانەن کە دەکەونە نێوان دەوڵەت و تاکەکەسەوە وەک : دەزگه‌ و دامەزراوە و کۆمەڵە، ناوەندى ڕۆشنبیری و پیشەیی و سەندیکاکان و چاپەمەنیی ئازاد و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان.

هەروەها چەند ڕایەکى دیاریکراویش هەن کە پارتى سیاسىیش دەخەنە ڕیزى دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، بەڵام زۆرینەى ڕاکان "پارتى سیاسى"یان خستۆتە دەرەوەى بازنەى دامەزراوە مەدەنییەکانەوە؛ چونکە دامەزراوەى مەدەنى لە بنەڕەتدا دەسەڵاتێکە کە نابێ هەوڵى گەیشتن بە شوێن و کورسیى دەسەڵاتى سیاسى بدات، بەڵکوو دەسەڵاتێکە، لە بەرامبەر دەسەڵاتى سیاسیدا سەربەخۆییى خۆى دەپارێزێ. هەر بۆیەیشە لە ڕیزى چوار دەسەڵاتەکەى تر ناوى دەهێنرێ و بە "دەسەڵاتى پێنجەم" دەناسرێتەوە لە دواى دەسەڵاتەکانى یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەرى، ڕاگەیاندن، ئه‌وجا کۆمەڵگەى مەدەنى.

هەروەها لەگەڵ ئەوەى دەسەڵاتى چوارەم لە ڕیزى پێنج دەسەڵاتە سەرەکییەکەوە ناوى دەهێنرێ، بەڵام بەشێکى کۆمەڵناسان و بایەخپێدەرانى پرسى کۆمەڵگەى مەدەنى، ڕاگەیاندنیش لە دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى جیا ناکەنەوە، چونکە ئەو ئەرک و ڕۆڵانەى ئۆرگانە مەدەنییەکان لە ئەستۆى دەگرن، ڕاگەیاندنیش هەمان ئەرک و ڕۆڵ پراکتیزە دەکات.

بەهاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی:

بەهاکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بریتین لە:

بەشداریکردنى سیاسی، بە واتای ئازادیی سیاسی و ڕادەربڕین و مافداربوونى مرۆڤ، وەڵامدانەوەى دەوڵەت، بە واتای به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی خواستەکانى تاکەکانى کۆمەڵگە و سنوورداربوونى دەوڵەت. گشتیبوونى سیاسەت، بە واتاى ئەوەى سیاسەت موڵکی خۆڕسکی کەس نییە و هەموو کەس دەتوانێت بچێتە ناو کایەی گشتییەوە بەبێ سڵەمینەوە و هەستکردنى بە ترس و تۆقین.

وەک وەبیرهێنانەوەیەک، ئەگەرچی پێشینەى مێژووییی چەمکی کۆمەڵگەى مەدەنی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان و ڕۆم، بەڵام گومانى تێدا نییە کە ئەم چەمکە بەو شێوەیەی کە لە چەمک و  واتاى ئێستاى نزیکە، لەسەر دەستی بیرمەندان و زانایان و تیۆروانانى لیبراڵ و پەیمانى کۆمەڵایەتى (Social Contract)دا پەرەى سەندووە.

هەرچەندە هەندێک پێیان وایە کۆمەڵگەى مەدەنى وەرگێڕدراوى دەستەواژەی Koinonia Politikeی ئەرستۆیە. ئەرستۆ لە باسکردنى جۆرەکانى ئەنجومەن و گرووپ و کۆمەڵە مرۆیییەکاندا، دەوڵەتى شار (Polis)ی خستۆتە بەرانبەر خێزان و لادێ و، بە خاڵی تەواوێتی و غایەی کۆمەڵگەکانى دیکەى داناوە. بەپێچەوانەى خێزان کە بۆ تێرکردنى پێداویستییە بایۆلۆژی و ژیارییەکانى ئەندامەکانى دروست دەبێت، شار "لە ڕووی تواناى تێرکردنى پێداویستییەکانى خۆى، بە پلەى ئەوپەڕى کەمال گەیشتووە".

هەروەها هەر بۆ بیرهێنانەوەى خوێنەران، "کۆمەڵگەى مەدەنی  وەک چەمکێکی نوێ لە سەدەى 17 -19دا سەری هەڵدا. ئادەم فەرگۆسن لە نامەیەکی دەربارەى مێژووی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کۆمەڵگەى مەدەنی لە بەرانبەر کۆمەڵگه‌ سەرەتایییەکاندا بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان دادەنێت. تا درەنگانێکی سەدە نوێیەکان چەمکی کۆمەڵگەى مەدەنی لە کۆمەڵگەى سیاسی جیا نەدەکرایەوە؛ سەرەداوى ئەم لێکجیاکردنەوەیە، بۆ دواى هەوڵی زانایانى لیبراڵ و لایەنگرانى پەیمانى کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.

ئەگەر بکرێت لە هەندێک هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و که‌لتووریدا ماناکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئەم ڕەهەندە دەزگه‌یییە کورت بکەینەوە، ئەوا لە کوردستاندا ناتوانین ئەم کارە بکەین. هەر کەسێک ئاگاداری هەلومەرجی ناوەوەی کوردستان بێت، دەزانێت کۆی ئەو دەزگه‌یانەی کە دەشێت کۆمەڵگەی مەدەنییان لێ دروست ببێت ئامادەن. بۆ نموونە لە کوردستاندا چەندان گرووپ و یانە و ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵەی خوێندکاران و ئافرەتان و منداڵان و... ئامادەن و، لە شێوەى کۆڕ و کۆمەڵی هونەری و وەرزشی و ئەدەبی هەن، بەڵام ئەم ئامادەیییە دەزگه‌یییە نەیتوانیوە ئەوەی لە کوردستاندا هەیە بکاتە کۆمەڵگەی مەدەنی بە مانا ڕاستەقینەکەی ئەم چەمکە. دەزگه‌کان هەن بەڵام ڕۆحی کۆمەڵگەی مەدەنییان تێدا نییە؛ واتە ئەو ڕۆحە ڕەخنەیی و چاودێریکەر و گفتوگۆخواز و لێبووردە و هاریکارەیان تێدا نییە کە بە دەزگه‌کان کاراکتەرێکی مەدەنی دەبەخشن و دەیانکەنە دەزگه‌ی مەدەنیی ڕاستەقینە.

مەبەستم لە ڕەهەندی ڕەمزییش کۆی ئەو بەها و نۆرم و بیر و بۆچوون و ڕەمز و پێکهاتە سایکۆلۆژی و کێشە ڕۆشنبیرییانەن کە لە فۆرمی هێزێکی ئەخلاقی و ڕۆشنبیری و ویژدانی و سایکۆلۆژیدا لە جومگە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا ئامادەن. بە مانایەکی دیکە ڕەهەندی ڕەمزیی کۆمەڵگەی مەدەنی، بریتییە لەو ڕۆح و ویژدان و وزە مەدەنییەی، کاراکتەرێکی مەدەنی بە دەزگه جیاوازەکان دەبەخشن؛ لە بوونەوەری بێڕۆح و بێجووڵە و بێئیرادەوە، دەیانکەن بە دەزگه‌ی زیندوو و بڕیاردەر و خاوەن ئیرادە.

بە بۆچوونی من بۆ قسەکردن لەسەر کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی ڕاستەقینە، ئەم ڕەهەندە ڕەمزییەی کۆمەڵگەی مەدەنی بە هەمان ئەندازەی ڕەهەندە دەزگه‌یییەکەی گرنگە؛ ئەگەر گرنگتر و کاریگەرتریش نەبێت، ئەم ڕەهەندە ڕەمزییە ڕۆح بە بەری دەزگه‌کاندا دەکات و، وایان لێ دەکات ببنە بوونەوەرێکی ڕۆحلەبەر نەک ڕیزێک دەزگه‌ی مردوو. بێ گومان ئەم ڕەهەندە ڕەمزییەی کۆمەڵگەى مەدەنی، دەشێت هەم بە ئاراستەی چەسپاندن و بەهێزکردن و پایەدارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی کار بکات، هەم بە ئاراستەی زیانپێگەیاندن و لاوازکردن و ڕێگرتن لە گەشەکردنی ئەم کۆمەڵگەیە؛ تا ئەندازەی لەناوبردنیشی.

چەمکی هاوچەرخی کۆمەڵگەى مەدەنى:

لە تیۆریی لیبراڵ و پەیمانى کۆمەڵایەتیدا جیاوازییەکى ئەوتۆ لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەى مەدەنیدا نەکراوە، بەڵام لەگەڵ دووبارە دزەکردنەوەى دەوڵەت بۆ ناو بوارە نادەوڵەتییەکان و کۆمەڵگه‌ى مەدەنی، تیۆریی سیاسی بەرەو ئاقارێکی دیکە ڕۆیشت؛ گەڕانەوەى کۆمەڵگه‌ى مەدەنی بۆ ناو زاراوە سیاسییەکان، تا سنوورێک دەرەنجامى بیرۆکەى نوێی لیبراڵەکانە، وەک: بەتایبەتیکردن، نانەتەوەییکردن، ئازادکردن، یان لەڕێساداماڵین و نادەوڵەتیکردن، کە هەوڵی پاشەکشەکردن بە دەوڵەت دەدەن. زاراوەى پاشەکشەکردن بە دەوڵەت لە تیۆریى هاوچەرخدا بە دەستەواژەیەکی دیکەیش دەربڕدراوە، ئەویش کۆمەڵگەى مەدەنی لە بەرانبەر دەوڵەتدایە؛ دەستەواژەیەک کە تیۆروانانى لیبراڵی و کلاسیک، کەم بایەخیان پێ داوە.

لەبارەى ناکۆکیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەى مەدەنی:

لەبارەى ناکۆکیى کۆمەڵگەى مەدەنى و دەوڵەت، پاتریک چاپان دەڵێت: "کۆمەڵگەى مەدەنی بریتییە لە کۆمەڵێکی فراوان لە گرووپ و تاکەکەسان کە بەردەوام دەگۆڕێن و، تاکە لایەنى هاوبەشیان ئەوەیە کە لە دەرەوەى قەڵەمڕەوی دەوڵەتدان و تا ڕاددەیەک دوورى و نێوانى خۆیان لەگەڵ دەوڵەتدا پاراستووە."

"بایارت"یش ناکۆکیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەى مەدەنی بەو شێوەیە دەناسێنێ: "کۆمەڵگە لە پەیوەندى لەگەڵ دەوڵەتدا تا ئەو جێیەی کە ڕووبەڕووى دەوڵەت دەوەستێتەوە"، هەردووکیان و زۆربەى تیۆروانان و توێژەرانى دیکەى ئەم بوارە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پەیوەندیى کۆمەڵگەى مەدەنی و دەوڵەت پەیوەندییەکى پڕململانێیە. جگە لەوەیش لە تیۆریی هاوچەرخدا دەوڵەت و کۆمەڵگەى مەدەنی نەک تەنیا دژی یەکتر ڕادەوەستن بەڵکوو پەیڕەوى لە مەنتقێکی لێکجیایش دەکەن. بەپێی بڕواى تیۆروانانى هاوچەرخ لەبارەى ئەم چەمکەوە، دەوڵەت بوارى قەهر و زۆرلێکردنە، بەڵام کۆمەڵگەى مەدەنی بوارى بونیادە پارێزراو و هاوبەندییەکان و کۆمەڵە سەربەخۆکانە.

چەمکی نوێى کۆمەڵگەى مەدەنى، داکۆکییەکى زۆر لەسەر تاک دەکاتەوە. ئەم چەمکە پەیوەندیی بە ئاراستەى نوێگەرێتیى سیاسییەوە هەیە؛ ئاراستەیەک کە لەسەر بناغەى تاکەگەرێتى و بەرگریکردن لە مافەکانى مرۆڤ دامەزراوە. هەر بۆیە چەمکى کۆمەڵگەى مەدەنى لەسەر بناغەى جیاکردنەوەیەکى شیکارییانەى هەر دوو بوارى مەدەنى و سیاسی دامەزراوە. کۆمەڵگەى مەدەنى وەک واقعێک بۆ دروستکردنى پەیوەندییەکی دوولایەنەى ئەم دوو کایەیە هاتە ئاراوە. ئەم چەمکە لە لایەکى دیکەیشەوە پەیوەندیى بە نوێگەرێتیى سیاسییەوە هەیە. ئەندامانى کۆمەڵگەى مەدەنى، تاکەکەسانی "ئازاد و سەربەخۆ"ن و، ئەندامێتى لەو کایەدا بۆ هەمووان واڵا و کراوەیە و، هەموو کەسێک ئازادە لە ئینتیما و ئەندامێتى لەو کایەیەدا و پەیوەندیى بە پێگەى بۆماوەییی تاکەکەسانەوە نییە.

گرامشییش دەڵێ: "کۆمەڵگەى مەدەنى دەکەوێتە نێوان پێکهاتە و بەرژەوەندیى ئابوورى لە لایەک و، دەوڵەت و دەزگه‌کانى یاسادانان لە لایەکى دیکەوە."

لە زنجیرەى چوارەمى وتارەکەماندا لەسەر مەرجەکانى پێشینەى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ڕووى "سیاسى، ئابوورى و کۆمەڵایەتى" ڕادەوەستین و پاشانیش لەبارەى کۆمەڵگەى مەدەنى و ئاستەنگەکانى لە هەرێمى کوردستان، درێژە بە زنجیرە وتارەکەمان دەدەین.