بۆچی ئێران لەسەر هێزی مووشەکی گفتوگۆ ناکات؟

محەممەد حسێنزادە، دکتۆرا لە پەیوەندیییه‌ نێودەوڵەتییه‌كان

محەممەدشەریف ئیبراهیمی، ماسته‌ر لە پەیوەندیییه‌ نێودەوڵەتییه‌كان

پێشەکی

زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوا و بەتایبەت ئه‌مریکا و، هەروەها بەشێک لە وڵاتە عەرەبەکانی ناوچە چالاکی و هێزی مووشەکیی ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی خۆیان دەبیین. چەمکی "هەڕەشەی مووشەکیی ئێران"، بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای سەدەی ٢١، بە هاتنەسەرکاری جۆرج دەبلیۆ بۆش لە ئه‌مریکا زەق کرایەوە و، بەردەوام ئێرانیان تۆمەتبار دەکرد کە بە پەرەپێدان بە توانا و زیادکردنی ژمارە و ئاستی تەکنیکیی مووشەکەکانی، نەک هەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ناسەقامگیری دەبات بەڵکوو لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. هەر بۆیە لە دەورەی دەسەڵاتداریی بۆشدا، بەڵین درا کە سیستەمی بەرگریی دژەمووشەکی لە وڵاتانی چێک و پۆلۆنیا بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ مووشەکەکانی ئیران دابمەزرێنن. هەروەها بەشێک له‌ کەرەستە و ئامێری سیستەمی بەرگریی دژەمووشەکی ئه‌مریکا بۆ وڵاتانی عەره‌بی کەنداوی فارس گوازرایەوە. هەرچەندە دوای هاتنەسەرکاری ئۆباما گەڵالەی سیستەمی دژەمووشەکی لە چێک و پۆڵۆنیا بە مەبەستی کەمکردنەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئه‌مریکا و ڕووسیا کۆتایی پێ هات و هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام زۆری نەخایاند کە ئۆبامایش گەڵاڵەی سیستەمی دژەمووشەکی خۆی لە دژی ئێران کە بە "گەڵاڵەی قۆناغبەندیکراوی بەراوردی" (Phased Adaptive Approach) ناوبانگی دەرکرد، خستە ڕوو. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ڕاوەستاندنی چالاکیی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئۆباما گرنگییەکی زیاتری هەبوو و ئۆباما بەنیاز بوو ئێران ڕازی بە گفتوگۆ بۆ وەلانانی چالاکیی ئەتۆمی بکات و لە ئاکامدا لەو بوارەدا سەرکەوتوویش بوو، لەسەر چالاکیی مووشەکیی ئێران هەستیاریی زۆری نیشان نەدا و گوشاری ئەوتۆی نەخستە سەر ئێران.

بەڵام بە هەڵبژاردن و هاتنەسەردەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ، جارێکی دیکە هەڕەشەی مووشەکیی ئێران کەوتە ڕۆژەڤەوە. دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا، ڕێکكەوتننامەکەی ناوکیی ئۆباما و ئێرانی وەک خراپترین ڕێکكەوتننامەی مێژووی ئه‌مریکا ناو برد و بەردەوام دووپاتی دەکردەوە کە ئەو ڕێکكەوتننامەیە هیچ شتێکی تێدا نییە کە بتوانێت ئاستەنگ و بەربەستێک بۆ چالاکیی مووشەکیی ئێران دابنێت. هەر بۆیە ئەو ڕێکكەوتننامەیەی هەڵوەشاندەوە و دووبارە گەمارۆ پێشووەکانی خستە سەر وڵاتی ئێران. بەڵام ڕێبەران و بەرپرسانی ئێران بەردەوام ئەوەیان ڕەت کردووەتەوە کە هێزی مووشەکیی ئەوان هەڕەشەیەک بێت بۆ سەر وڵاتانی دیکە. بەرپرسانی سیاسی و سه‌ربازیی ئێران بەردەوام ئەوە دووپات دەکەنەوە کە هێزی مووشەکیی ئەوان هێزێکی هێرشبەرانە نییە، بەڵکوو هێزێکی پێشگیرانەیە. بۆیە بە هیچ جۆرێک ئامادە نین لەسەر ئەو توانایەی خۆیان کە تەنیا ڕێگه‌ی ژی و مانەوە (Survival)ی وڵاتەکەیان لە بەرانبەر هێرشی دوژمندایە گفتوگۆ بکەن. بە واتایەکی دیکە ئێران توانای مووشەکیی خۆی وەک هێڵی سوور چاو لێ دەکات و سیاسەتی پێشگری وەک بەڵگەیەک بۆ ڕەواییدان بە چالاکیی مووشەکیی خۆی بەکار دەهێنێت. بەڵام مەبەست لە سیاسەتی پێشگری چییە؟

ستراتیژیی پێشگری (پێشگیرانه‌)

بە زمانێکی سادە، پێشگری (Deterrence) بریتییە لە دروستکردنی ترس یان گرتنەبەری ڕێوشوێن و کردەوەی عاقڵانە بە مەبەستی کارتێکەری و کاریگەریدانان لەسەر ڕەفتار و کردەوەی لایەنی بەرانبەر بە کەڵکوەرگرتن لە ترس و دڵەڕاوکێ. پێشگری، ستراتیژییەکە بۆ پێشگرتن لە هێرشی دوژمن  لە ڕێگه‌ی قەناعەتهێنان به دوژمن کە ئەگەر هێرش دەست پێ بکات ئەوا تووشی تۆڵەی کوشندە دەبێتەوە. لەو حاڵەتەدا لەبەر ئەوەی کە ئامانجی دوژمن لە دەستپێکردنی هێرش یان جه‌نگ، سەرکەوتن بووە نەک کەوتنە ناو خەسارەت و زیان، کەوابوو ئەگەر ئەکتەرێکی عاقڵ بێت ئەو هێرشە دەست پێ ناکات و ستراتیژیی پێشگری سەرکەوتوو دەبێت. یانی بە هۆی ترسی هەر دوو لایەن لە تەفروتوونابوون و خۆبه‌دوورگرتن لە جه‌نگ، ئاشتی بەرهەم دێت.

هەڵبەت پێشگری زیاتر ئاماژەیەکە بۆ ستراتیژیی نێوان ئه‌مریکا و سۆڤیەت لە سه‌رده‌می جه‌نگی سارددا. لەو سەردەمەدا هەم ئه‌مریکا و هەم سۆڤیەت خاوەنی ئەوەندە چەکی ناوکی و هێزی مووشەکی بوون کە ئەگەر یەکێک لەو لایەنانە هێرشێکی دەست پێ بکردایە، لایەنی بەرانبەر ئەوەندە توانای مووشەکی و چەکی ناوکیی بەدەستەوە دەما کە بتوانێت لە تۆڵەیەکی خێرادا هێرشبەر تەفروتوونا بکات. هەر بۆیە هیچ کام لەو دوو وڵاتە، بوێریی هەڵگیرساندنی جه‌نگێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ لایەنی بەرانبەری نەبوو. هەروایش کە دیتمان لە ساڵانی ١٩٤٥ و پاش کۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م تا سەرەتای ١٩٩٠ و ڕووخانی سۆڤیەت و جەمسەری ڕۆژهەڵات، هیچ کاتێک ئەو دوو وڵاتە ڕاستەوخۆ جه‌نگیان نەکرد و زۆربەی جه‌نگەکانیان "جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت" (Proxy War)  بوو و هەر کام لەو دوو زلهێزە لە جه‌نگە جۆراوجۆرەکاندا هاوکاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هاوپەیمانانی خۆیان لە جه‌نگه­کاندا دەکرد. ئێستاکەیش لە بەر ئەوەی کە زۆربەی کەرەستە و چەکوچۆڵی مووشەکی و ناوکیی سۆڤیەت بۆ ڕووسیا ماوەتەوە، ئەو جۆرە ستراتیژییه‌ پێشگرییە لە نێوان ئه‌مریکا و ئەو وڵاتەدا هەر وەک خۆی ماوەتەوە.

بەڵام ستراتیژیی پێشگری، هەمیشە پێویستی بە چەکی ئەتۆمی نییە و تەنیا تایبەت بە وڵاتانی زلهێز نییە و هەموو وڵاتەکان بە جۆرێک دەتوانن بە کەڵکوەرگرتن لە توانا و هێزێک کە لەبەردەستیانە و ئەو هەڕەشە و ترسانەی کە دەتوانن بیخوڵقێنن، دەتوانن پێش یان بەر بە لایەنی بەرانبەر بگرن. ڕێبەران و بەرپرسانی ئێرانیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە هێزی مووشەکی، باشترین هێزە بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگه‌یەوە پێش بە هێرشی وڵاتانی دوژمن و بەتایبەت ئه‌مریکا بگرن. هەر بۆیە لانی کەم ماوەی دوو دەیەیە کە ئەو وڵاتە بە هەموو شێوازێک تەنانەت بە قبووڵکردنی هەموو جۆرە گوشار و گەمارۆی دەرەکییشەوە، هەوڵی داوە ژمارە و ئاستی تەکنیکی مووشەکیی خۆی بەرز بکاتەوە. له درێژەدا بە شێوەیەکی کورت توانا و ئاستی هێزی مووشەکیی ئێران دەخرێتە بەر باس.

هێزی مووشەکیی ئێران

حاشاهەڵنەگرە کە ئێران لە ئێستادا خاوەن هێزێکی مووشەکیی بەتوانایە لە ناوچەدا و کاردانەوەی توند و گوشاری وڵاتانی دیکە و بەتایبەت هەڕەشەکانی ئه‌مریکا نەک ئێرانی لە چالاکیی مووشەکی پاشگەز نەکردووەتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی چالاکیی مووشەکیی تاران بەرزتر بووەتەوە. بۆ وێنە ئێران لە ٢ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ٢٠٠٦دا لە کاتی بەڕێوەبردنی مەشقی سەربازیی ناسراو بە "پێغەمبەری مه­زن (د.خ)" هێندێک مووشەکی بالیستیکی کەمهاوێژ و دوورهاوێژی تاقی کردەوە کە لەنێویاندا مووشەکی شەهابی ٣ بوو کە دەتوانێت مەودای ١٣٠٠ کیلۆمه‌تر ببڕێت و ئامانجە دیاریكراوەکانی خۆی بپێکێت. مووشەکی شەهابی ١ و ٢ پێشتر لە ڕووی تەکنه‌لۆژیی مووشەکیی Scud-Bوە دروست کرابوون کە دەیانتوانی لە ٣٠٠ تا ٥٠٠ کیلۆمه‌ترییەوە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن. بە هەر حاڵ پاش تاقیکردنەوەی مووشەکی شەهابی ٣، هەواڵنێرییەکانی ئێران ڕایان گەیاند کە ئەو مووشەکە دەتوانێت تورکیا، ئیسڕائیل و وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکاتە ئامانج. لە کاتی مەشقی سەربازیی ساڵی ٢٠٠٧دا هێزە چەکدارەکانی ئێران دیسانەوه جۆری نوێتری مووشەکی شەهابی ٣یان تاقی کردەوە و ڕایان گەیاند، کە ئەو جۆرە مووشەکە تا ٢٠٠٠ کیلۆمه‌تر دەپێوێ و دەتوانێت بنکە سەربازییه‌كانی ئیسڕائیل و ئه‌مریکا لە ناوچەدا بکاتە ئامانج. جگە لەوەیش بەرپرسانی سوپای ئێران ڕایان گەیاند کە مووشکی "قەدر"یشیان تاقی کردووەتەوە کە ئەو مووشەکە دەتوانێت ئامانجەکانی خۆی لە ١٨٠٠ کیلۆمه‌ترییەوە بپێکێت. تاقیکردنەوەی مووشەکی قەدر، گیانێکی تازەی خستە جەستەی بەرپرسانی سوپای ئێرانەوە و ئێران توانی هێزی بەرەنگاربوونەوەی خۆی دەگەڵ هەڕەشەکانی ناوچە نیشان بدات و بە جۆرێک وا ڕایان دەگەیاند کە هەموو ناوچە لەژێر چەتری مووشەکیی ئێراندایە.

سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩ ئێران مانگی ده‌ستكردی ئۆمیدی ڕه‌وانه‌ی ئاسمان کرد. هاوێشتنی ئەو مانگی ده‌ستكرده‌، بووە هۆی ئەوەی کە نیگەرانیی ئه‌مریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە هەمبەر چالاکییەکانی ئێران زیاد بکات. لەبەر ئەوەی کە ئەو وڵاتانە پێشتریش لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە مووشەکەکانی ئێران لە ڕووی خێرایی و تەکنیکییەوە تا ڕاددەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوون. دیسان ئێران لە ئه‌پریلی ساڵی ٢٠٠٩دا مووشەکی "سجیل ٢"ی تاقی کردەوە کە بووە هۆی نیگەرانیی زیاتری وڵاتانی جیهان. ئەو مووشەکە لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر پێشکەوتوو و یەکێک لە باشترین مووشەکەکانه‌ بە سووتەمەنیی ڕەقەوه‌، کە مەودای ٢٠٠٠ کیلۆمەتر دەبڕێ و سوپای ئێران ئەو مووشەکەی لە شاری سمنان ڕه‌وانه‌ی ئاسمان کرد. مووشەکی سجیل ٢ مەودای ٢٠٠٠ کیلۆمه‌تر دەبڕێت و قورسایییەکەی ٢٣ تۆنە کە بە قورسترین مووشەکی ئێران ناسراوە. هێندێک لەسەر ئەو باوەڕەن کە سجیل ٢ باشترین جۆری مووشەکی ئێرانییە. ئەو مووشەکە زۆر بەخێرایی ئامادەی هاوێشتن دەبێت و ئەو تایبەتەمەندییە وا دەکات کە پێش ئەوەی لە لایەن دوژمنەوە بکرێتە ئامانج، بە زووترین کات بهاوێژرێت و ئامانجەکانی خۆی بپێکێت. هەروەها بە هۆی خێراییی زیاتری ئەو مووشەکەوە، ئه‌گه‌ری خستنەخوارەوەی لە ئاسماندا کەم دەبێتەوە. دوا بە دوای تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکە، ئەحمەدینه‌ژاد، سەرۆککۆماری ئێران، بەڵێنی دا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا مووشەکی زیاتر دروست و تاقی دەکرێنەوە.

هەروەها ئێران لە ساڵی ٢٠١١دا مووشەکی جۆری نوێ و پێشکەوتووتری عاشوورا و شەهابی تاقی کردەوە کە تا ٢٠٠٠ کیلۆمه‌تریان دەبڕی. ئەم تاقیکردنەوانە کە هاوکات بوون لەگەڵ ڕەوانەکردنی مانگه‌ ده‌ستكرده‌کانی ئۆمید، کاوشگەر ١، میسباح و سینا١ و...، بوونە هۆی نیگەرانیی زیاتری وڵاتانی جیهان و ناوچەكه‌. بەڵام ئێران بەبێ لەبەرچاوگرتنی نیگەرانیی وڵاتانی جیهان، لە فیبرایه‌ری هەمان ساڵدا مووشەکی "کەنداوی فارس"ی بە بڕشتی ٣٠٠ کیلۆمه‌تر و بە سووتەمەنیی ڕەقەوە بۆ لێدانی ئامانجی دەریایی تاقی کردەوە. هەروەها کۆماری ئیسلامی لە ئابی ٢٠١٢دا جۆری نوێ و بەهێزتری مووشەکی فاتح١١٠ی بەسەرکەوتوویی تاقی کردەوە. یەکێکی دیکە لە مووشەکەکانی ئێران مووشەکی "قیام" بوو کە دەتوانێت ئامانجی خۆی لە ٨٠٠ کیلۆمه‌ترییەوە بپێکێت و، وا ڕاگەیەندراوە کە بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییه‌كانی ئه‌مریکا لە ناوچەدا دروست کراوە. لە مانگی مایسی ساڵی ٢٠١٤یشدا مووشەکی کەمبڕشتی "زلزال" تاقی کرایەوە. ئەو مووشەکە بە درێژاییی ٣٢/٨ مه‌تر و قورسیی ٢٩٥٠ کیلۆ و هەڵەی ژێر ٥٪ دەتوانێ ١٢٥ کیلۆمتر بپێوێت. دواتر مووشەکی زلزال ٢  و ٣ بە بڕشتی ٢١٠ تا ٣٠٠ کیلۆمه‌تری تاقی کرانەوە. هەر لەو مانگەدا هێزی زەمینیی ئەرتەشی ئێران لە قۆناغی یەکەمی مەشقی بەیتولموقەددەس – 26 بە هاوێشتنی  مووشەکی "نازعات" و "فەجر" لە ناوچەی ئاران و بیدگولی ئیسفەهان، ئامانجە سەرەکییە دیاریکراوەکانیان  پێکا.

هەروەها مووشەکی بالیستیکی "عیماد" یەکێکی تر بوو لەو مووشەکانەی، کە سوپای ئێران لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥دا تاقیی کردەوە و لەو تاقیکردنەوەیه‌دا ئامانجەکانی خۆی لە ١٧٠٠ کیلۆمه‌ترییەوە پێکا. بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئێران، ئەم مووشەکە لە ئێران دروست کراوە و تا ئەو کاتەی ئامانجەکەی دەپێکێت، دەتوانرێ کۆنترۆڵ بکرێ. لە دێسه‌مبه‌ری ٢٠١٥یشدا ئێران مووشەکی "قەدر-١١٠"ی تاقی کردەوە. ئەم مووشەکە بە سووتەمەنیی شلەمەنی کار دەکات و دەتوانێ مەودای نزیکەی ١٩٠٠ کیلۆمەتر ببڕێت و کڵاوەی ناوکییش هەڵبگرێت.

لە مانگی مارچی ٢٠١٦دا ئێران لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا دوو مووشەکی نوێی جۆری "قەدەر H" و "قەدەر F"ی لە بەرزایییەکانی چیای ئەلبورزەوە هاوێشت، کە ڕاگەیەندرا دووریی ١٤٠٠ و ٢٠٠٠ کیلۆمەتر دەبڕن و بە زمانی عیبری لەسەریان نووسرابوو: دەبێ ئیسڕائیل لەسەر نەخشەی جیهان بسڕێتەوە. دوا بە دوای ئەوە لە سێپتەمبەری هەمان ساڵدا مووشەکی مامناوه‌ندهاوێژی "زۆلفەقار" تاقی کرایەوە کە دەتوانێت ٧٠٠ تا ٧٥٠ کیلۆمه‌تر ببڕێت. لە مارچی ٢٠١٧، سوپای پاسدارانی ئێران هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانۆڕی "بەلەمە تیژتێپەڕەکان" لە دەریای عوممان و لە گەرووی هورمز دووبارە مووشەکی مامناوه‌ندهاوێژی تاقی کردەوە کە جۆری پێشکەوتووتری مووشەکی فاتیح بوو و بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئەو مووشەکە ئامانجی دیاریکراوی خۆی لە مەودای ٣٠٠ کیلۆمه‌تریدا پێکا. لە ٢٢ی سێپته‌مبەری هەمان ساڵدا هەواڵدەرییەکانی ئێران ڕایان گەیاند کە لە مەراسیمی "بەرگریی پیرۆز" بە بەشداریی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران، نوێترین مووشەکی بالیستیکی بە ناوی "خۆڕەمشەهر" تاقی کراوەتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی، ئەم مووشەکە توانای بڕینی ٢ هەزار کیلۆمه‌تر و هەڵگرتنی کڵاوەی هەتا ١٨٠٠ کیلۆمه‌تری هەیە و لە جیاتی هەڵگرتنی کڵاوەیەک دەتوانێت چەند کڵاوە هەڵبگرێت. هەروەها ڕاگەیەندرا کە ئەم مووشەکە توانای گەیشتنی بە چەند شوێنێكی ناوچەکە لەوانە ئیسڕائیل هەیە و ئەم مووشەکەیان بە دێوەزمەی ئیسڕائیل ناودێر کرد.

بەکورتی، هەرچەندە ئاماری وردی ژمارەی مووشەکەکانی ئێران لەبەردەست نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە لە ئێستادا ئێران خاوەن هیزێکی مووشەکیی بەتوانایە لە ناوچەدا و، ڕای گەیاندووە کە بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە لەسەر ئەو هێز و توانایەی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئه‌مریکادا گفتوگۆ بکات. لە ڕوانگەی ئێرانەوە توانای مووشەکیی ئەو وڵاتە هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵکوو تەنیا هێزێکە کە لە چوارچێوەی ستراتیژیی پێشگریدا، پێش بە ئامانجە خراپەکان و هێرشی وڵاتانی دوژمن دەگرێت. بەرپرسانی ئێران دەڵێن ئه‌مریکا هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە دوژمنایه‌تیی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نەشاردووەتەوە و بەردەوام هەوڵی لاوازکردن و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی داوە. بەشێک لە وڵاتانی عەرەبییش لەبەر پێوەندییان لەگەڵ ئه‌مریکا و هێندێک بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی، دوژمنایەتیی ئێران دەکەن و چەمکی "هەڕەشەی مووشەکیی ئێران"یان بە درۆ و بە مەبەستی جه‌نگی دەروونی زەق کردووەتەوە.

مووشەک و ستراتیژیی پێشگری: هێڵی سووری گفتوگۆ

پێشتر گوتمان کە پێشگری بریتییە لە دروستکردن و خوڵقاندنی ترس یان ئەنجامدانی کردەوەی عاقڵانە بە مەبەستی کاریگەریدانان لەسەر ڕەفتار و کردەوەی لایەنی بەرانبەر؛ بە جۆرێک کە دوژمن بەو باوەڕە بگات کە لە ئەگەری هێرشکردندا تووشی تۆڵەی کوشندە دەبێتەوە. بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە هێندێک لە وڵاتان و بەتایبەت ئه‌مریکا و ئیسڕائیل وەک وڵاتانێکی هێژموونیخواز قەست و نییەتی خراپیان هەیە و لە ئاکامدا هەوڵی هێرشکردنە سەر ئێران و دەستگرتن بەسەر ئەو وڵاتەدا دەدەن و، ئەوە تەنیا هێزی مووشەکییە کە دەتوانێت ئاستی بەرگریی ئێران بەرز بکاتەوە و پێش بە هێرشی ئەو وڵاتانە بگرێت. لەو ڕوانگەیەوە ئەوە خواست و قەستی هێرشبەرانەی ئه‌مریکا و ئیسڕائیلە کە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێران لەسەر چالاکیی مووشەکیی خۆی و دروستکردن و تاقیکردنەوەی مووشەک بەردەوام بێت و هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە ئەو مووشەکانە کارکردی پێشگیرانەیان هەیە و ئامرازێکی هێرشبەرانە نین.

لە ڕوانگەی بەرپرسانی ئێرانەوە ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق و دامەزراندنی بنکەی سەربازیی سوپای ئه‌مریکا لە ئەفغانستان و هەموو وڵاتانی عەرەبی ناوچە وای کردووە، کە ئێران بکەوێتە ناو بازنەیەکی مەترسیدارەوە و ئاسایشی نەتەوەییی بکەوێتە مەترسییەوە و بەردەوام بەرەوڕووی هەڕەشەی جۆراوجۆر ببێتەوە. بەتایبەت کە دامەزراندنی سیستەمه‌كانی دژەمووشەکی بۆ لەباربردنی توانای مووشەکیی ئێران، بەشێک لە سیاسەتەکانی ئه‌مریکا لە دژی ئێران بووە. کەوابوو ئێران خۆی وەک وڵاتێک نیشان دەدات کە بەشوێن ئەمنییەت و ئاسایشی نەتەوەییی خۆیدا دەگەڕێت. ئەو ئامانجە وا دەکات کە ئێران بە هەموو جۆرە کەرەستەیەکی چەکدارییەوە بەرگری لە خۆی بکات. هەر بۆیە لانی کەم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چالاکیی مووشەکیی خۆی لە ڕاستای ستراتیژیی پێشگریدا بەربڵاوتر کردووەتەوە. دیارە کە مووشەکی بالیستیک و کرووز ڕۆڵێکی سەرەکی لە ستراتیژیی پێشگری لە هەر وڵاتێکدا دەگێڕن و، بایەخی مووشەک لە ستراتیژیی پێشگریدا لانی کەم زۆر زیاتر لە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە؛ لەبەر ئەوەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مووشەک، دەبێت سیستەمێکی بەهێزی دژەمووشەکی دابمەزرێت کە پێویستی بە وەکارخستنی سەرمایەی ئابووری و تەکنیکیی زۆرە و دواجاریش هیچ گەرەنتییەک نییە کە بتوانێت لە پێکان و داخستنی مووشەکی هاوێژراودا سەرکەوتوو بێت. هەڵبەت نابێت ئەوەیشمان لەبیر بچێت کە ئێران بە هۆی لاوازیی زۆر لە هێزی ئاسمانیدا بە هۆی گەمارۆکان و بێتوانایی لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی کارامەی نیزامیدا هەوڵ دەدا هێزی مووشەکی وەک جێگرەوەی هێزی ئاسمانی بەهێزتر بکاتەوە.

بۆیە بەرپرسانی ئێران گفتوگۆ و دانوستان لەسەر هێزی مووشەکی بە هێڵی سوور دەزانن کە قابیلی دانوستان نییە و، جەخت دەکەنەوە کە سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان ئامادە بوون لەسەر چالاکیی ئەتۆمیی خۆیان لەگەڵ ئه‌مریکا گفتوگۆ بکەن، بەڵام بە هیچ جۆرێک ئامادەی گفتوگۆ نین لەسەر توانای هێزی مووشەکیی خۆیان، یان پاشەکشە و سنووردارکردنی چالاکییەکانیان لەو بوارەدا و، ئامادە نین لەو بوارەدا لە هیچ لایەنێکی بیانی و دەرەکی مۆڵەت و ئیزن وەربگرن؛ لەبەر ئەوەی کە ئەو مەسەلەیە بەستراوەتەوە بە ئاسایشی نەتەوەییی ئەو وڵاتەوە. بەتایبەت ئەوان ڕایان گەیاندووە کە لەبەر ئەوەی کە دۆناڵد ترامپ ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمیی پێشووی بە شێوازێکی نایاسایی هەڵوەشاندووەتەوە، ئه‌مریکا بە هیچ جۆرێک جێگه‌ی متمانە نییە و تەنانەت جارێکی دیکە لەسەر پرسی ئەتۆمییش لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆ ناکەن. عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێرانیش ڕای گەیاندووە کە ئه‌مریکا بە هیچ جۆرێک جێگه‌ی متمانە نییە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بێمانایە.

بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واقعییەتانە و لەبەر ئەوەی کە ئێران هێزی مووشەکی وەک گەرەنتییەک بۆ بەرەڤانی و پێشگری لە هێرشی ئه‌مریکا و ئیسڕائیل و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەییی خۆی دەبینێت، چاوەڕوان ناکرێت ئێران بەهاسانی پێمل و تەسلیمی گفتوگۆ و دانوستان لەسەر توانا و هێزی مووشەکیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا و بەتایبەت ئه‌مریکادا بێت و، بەپێچەوانەوە چاوەڕوان دەکرێت کە ئێران سەرەڕای گوشار و گەمارۆکان بە مەبەستی تۆکمە­ترکردنی ستراتیژیی پێشگری و بە بیانووی بەرژەوەندیی نیشتمانی، ئاستی چالاکیی خۆی لەو بوارەدا بەربڵاوتر بکاتەوە و لە بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی هێزی مووشەکی هەوڵی زیاتر بدات و، لە هیچ تێکۆشانێک لەو بوارەدا نەوەستن تا هێز و توانای خۆی بە ڕوخساری جیهاندا بکێشێت. بەڵام لە بەرانبەردا وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئه‌مریکا بە لەبەرچاوگرتنی چالاکیی ناوچەویی و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران، باوەڕیان بە ڕۆڵی پێشگریی هێزی مووشەکیی ئێران نییە و ئەو مووشەکانە بە هێزێکی هێرشبەرانە دەزانن کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەكه‌ و جیهان و، هەر ئەم خوێندنەوە جیاوازانەیش لە سەر کارکردی هێزی مووشەکیی ئێران دەتوانن داهاتووی ئێران و ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر ببەن.