یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ڕێگوزەرى دیموکراسی

یاسین مه‌حموود چۆمانى،  قوتابیى دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان - زانکۆى قاهیرە

بێ گومان پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆ لە نێوان هەڵبژاردن و دیموکراسیدا هەیە، بە جۆرێک دەسەڵات لە هەموو سیستەمێکى دیموکراسیدا لە ڕێگه‌ى هەڵبژاردنى دیموکراسییه‌وه‌ دیاری دەکرێت؛ بەڵام مەرج نییە هەموو ئەو وڵاتانەى هەڵبژاردنى تێدا ئەنجام دەدرێت وڵاتى دیموکراسی بن، چونکە لە بەرامبەر هەڵبژاردنى دیموکراسیدا هەڵبژاردنى نادیموکراسییش هەیە.

کۆمەڵێک بنەما و پێوه‌ر، هەڵبژاردنى دیموکراسی لە هەڵبژاردنى نادیموکراسی جیا دەکەنەوە، کە یەک لەو پێوه‌رانه،‌ بوونى یاسایەکى دادپەروەرانەى هەڵبژاردنە، کە میكانیزمێكه‌، بەکار دێت بۆ گۆڕینى دەنگ بۆ کورسیی تەرخانکراو بۆ حزب و پاڵێوراوەکان؛ بە جۆرێک، دەبێت یاساى هەڵبژاردن لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابووریى ناو کۆمەڵگه بگونجێت‌ و، بوار بۆ هەموو چین و توێژەکان لە نەتەوە و ئایین و ئایدیا و باوەرە جیاوازەکان برەخسێنێت و دەرفەتى گەیشتنیان بۆ پەرلەمان هەبێت.

لەم باسەماندا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەک بۆ یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەین و شرۆڤەى لایەنە باش و خراپەکانى بکەین:

دواى ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى 1991ی گەلى کوردستان و ئازادکردنى بەشێکى خاکى کوردستان، یەکەمین کارێک کە بەرەى کوردستانى بیرى لێ کردبێتەوە، جگە لە ڕێکخستنەوەى ئیدارە و ڕێگرتن لە دروستبوونى بۆشاییی حکومدارى و ئاساییکردنەوەى بارودۆخەکە، ئامادەکاریى پێویست بوو بۆ گۆڕینى شەرعییەتى شۆڕشگێرى بۆ شەرعییەتى یاسایی و دامەزراوەیی؛ ئەویش بە بڕیاردان لە دیاریکردنى نوێنەرانى گەل لە ڕێگه‌ى هەڵبژاردنێکى ئازاد و دیموکراسییه‌وه‌؛ دواتر دامەزراندنى حکوومەتێک کە بەرپرسیار بێت لە ئاست دابینکردنى ئەمن و ئاسایش و خزمەتگوزارى بۆ هاووڵاتیان، لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان لە دوو لایەوە ئابڵووقەى ئابووریى لەسەر بوو: لە لایەکیان ئەو ئابڵووقەیەى کە کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى لەسەر عێراق بەگشتى دای نابوو و، لە لایەکى تریشەوە ئەو ئابڵووقەیەى کە حکوومەتى عێراق خستبوویە سەر هەرێمى کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستە بەرەى کوردستانى لە 8ى نیسانى 1992، یاساى ژمارە (1)ى ساڵى 1992ى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى دەرکرد، کە تاکوو ئێستا لە پێناو سازان و گونجانى لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى سەردەم حەوت جار هەموار کراوەتەوە. لە خوارەوە هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر بڕگە و ماددەکانى ئەو یاسایە.

یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەسەر بنچینەى هەڵبژاردنى گشتى و نهێنى و ڕاستەوخۆ دامەزراە؛ واتا هەموو هاووڵاتییەکى خاوەن لێهاتووییی تەواو، بێ جیاوازیى چین و توێژ  و ڕەگەز و ئایین و مەزهەب و نەتەوە و ئایدیۆلۆژی، ئازادانە بەبێ ئەوەى هیچ چاودێرى و ترسێکى لەسەر بێت، دەتوانێت بەشداریى پرۆسەکە بکات. لە شێوازى دابەشکردنى کورسییەکانیش بەسەر قەوارەکاندا، یاساکە پشتى بە سیستەمى نوێنەرایەتیى ڕێژەیی و گەرورەترین ماوە بەستووە، کە ئەم سیستەمە تەواو گونجاوە لەگەڵ بارودۆخى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئایینى و فرەییی بیروبۆچوون و جیاوازى لە پێکهاتەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان. لە لایەکى ترەوە دەبوایە لە یەکەمین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەگوێرەى ماددەى نۆ لە یاساکە هەرێمى کوردستان بۆ چوار ناوچەى هەڵبژاردن دابەش بکرایە، بەڵام بەداخەوە وەک یەکێک لە کێماسییەکانى پرۆسەکە لە ڕۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە 19ى ئایارى 1992 ئەم بڕگەیە لە یاساکە پشتگوێ خرا و کوردستان کرایە یەک بازنەى هەڵبژاردن. هەروەها یاساکە بە ڕەچاوکردنى ژمارەى دانیشتووانى ئەوکاتى هەرێم، بۆ هەر 30 هەزار کەس کورسییەکى دیارى کرد، کە لە کۆتاییدا ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان بوون بە (100) کورسی، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کەمینەى کلد و ئاشوورى بە هەموو پێکهاتەکانییەوە کە لە بازنەیەکى هەڵبژاردنى تایبەت بە حزبە سیاسییە کلد و ئاشوورییەکان ڕکابەرى لەسەر ئەم پێنج کورسییانە دەکەن. بەڵام هەرچی پێکهاتەى تورکمانەکانە، لە سەرەتادا بەرەى کوردستانى پێشنیارى هەشت بۆ دە کورسییان بۆ کردن، دواتر حزبە سیاسییە تورکمانییەکان پاشەکشەیان لە بەشدارى هەڵبژاردن کرد و ڕایان گەیاند کە ئەوان دان بە دەسەڵاتى خۆجێی کوردیدا نانێن. تەمەنى پەرلەمانیش بە (3) ساڵ دیارى کرا کە لە یەکەمین دانیشتنییەوە دەست پێ دەکات و بە کۆتاییهاتنی دوا کۆبوونەوەى ساڵى سێیەمى کۆتایی دێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم یاسایە بەدەر نەبوو لە کەموکورتى و بڕگەى نێگەتیڤ کە جێگه‌ى تێبینى و سەرنجى پسپۆران و شارەزایان بوون، لەوانە: دیاریکردنى ڕێژەى %7 وەک بەربەست بۆ هەر لیست و قەوارەیەکى بەشداربوو، بۆ ئەوەى بتوانێت سەر کەوێت بۆ پەرلەمان و، خراپتر لەوە بەگوێرەى ماددەى (36)ى یاساکە دەنگى هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەى نەگەیشتبوونە ئەم ڕێژەیە، دابەش دەکرایەوە سەر ئەو لیستانەى سەرکەوتنیان بەدەست هێنابوو بەگوێرەى ڕێژەى سەرکەوتنەکانیان. ئەم بەربەستە لە کۆتاییدا بووە مایەى بێبەشکردنى تەواوى حزبە بچووکەکانى گۆڕەپانى سیاسیی ئەوکاتى کوردستان؛ جگە لە پێکهاتەى کلد و ئاشوورى کە وەک پێشتر باسمان کرد پێنج کورسیی تایبەت بە خۆیان هەبوو و ڕکابەرییەکە لە نێوان خۆیاندا بوو، لەگەڵ حزبى زەحمەتکێشان کە ئەوکات بە لیستێکى هاوبەش لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بەشداریى کردبوو. لە لایەکى ترەوە دووەمین خاڵى نێگەتیڤى یاساکە بریتى بوو لە ڕاگەیاندنى ئەنجامى کۆتاییی هەڵبژاردنەکە و ناوى پاڵێوراوە سەرکەوتووەکانى پرۆسەکە. یاساکە پەسەندى سیستەمى لیستى داخراوى کردبوو. کە دەگوترێت لیستى داخراو، واتە ئەو لیستە دەستکارى ناکرێت و نە دەنگدەر و نە حزبە سیاسییە خاوەن لیستەکە مافى ئەوەیان نییە سەرلەنوێ بەگوێرەى خواستى خۆیان ڕیزبەندى لیستەکە ڕێک بخەنەوە، بەڵکوو دەبێت دەنگدەر چۆن لیستەکەى دەخرێتە بەردەمى، پەسەندى بکات یان نەیکات. بەڵام ئەوەى لە یاساکەدا هاتبوو پێچەوانەى سیستەمى داخراو بوو. ماددەى (37)ى یاساکە حزبە سیاسییەکانى ئازاد کردبوو بەگوێرەى ژمارەى ئەو کورسییانەى بەدەستیان هێناون ناوى پاڵێوراوەکانیان دیارى بکەن، بە بەپشتبەستن بە یەکێک لەم سێ ڕێگه‌یە: ڕیزبەندى (واتە لیستەکە وەک خۆى بێ دەستکاریکردن)؛ هەڵبژاردن (واتە هەڵبژاردنى پاڵێوراوان بە ویستى حزبە سیاسییەکە)؛ تیروپشک (واتە ئەنجامدانى تیروپشک بۆ پاڵێوراوان)، کە ئەمە لە هیچ سیستەمێکى هەڵبژاردنى دونیادا بوونى نەبوو. وەک دەزانین سیستەمى هەڵبژاردن یان داخراو دەبێت یان کراوە یان نیمچەکراوە، کە بەداخەوە ئەوەى لە هەڵبژاردنى ساڵى 1992ى کوردستان جێبەجێ کرا هیچ کام لەو شێوازانە نەبوو، بەڵکوو تێکەڵەیەک بوو لە نێوان هەر سێ شێوازەکە. هەرچەند ئەوکات یاسادانه‌ری کوردی هۆکارى کەموکوڕییەکانى ناو یاساى هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونى پرۆسەکەى، گەڕاندەوە بۆ بارودۆخی ناسکى ئەوکاتى کوردستان و بێئەزموونیى دەسەڵاتى کوردی لە پرۆسەى سیاسی و یاسایی و بەڕێوەبردن.

بە بڕواى من، دەبوایە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پەرلەمان هەوڵى بدابایە یاسایەکى نوێى هەڵبژاردن دەربکات، چونکە یاسا کۆنەکە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە و تاکوو ئێستایش کارى پێ دەکرێت، لە لایەن دەسەڵاتى بەرەى کوردستانى دەرچووە، لە کاتێکدا بەرەى کوردستانى دەسەڵاتێکى شۆڕشگێرى بوو نەک هەڵبژێردراو، بەڵام پەرلەمان لە جیاتى دەرکردنى یاسایەکى نوێ تاکوو ئێستا حەوت جار یاساکەى هەموار کردۆتەوە بەم شێوەیە: ساڵى 1994 پەرلەمانى کوردستان یەکەمین هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ئەنجام دا کە بریتى بوو لە گۆڕینى تەنیا یەک ماددە، کە پەیوەست بوو بە پڕکردنەوەى کورسى لە کاتى بەتاڵبوونى بە هەر هۆیەک بێت لە لایەن پاڵێوراوێکى هەمان لیست کە لە لایەن خاوەنى لیستەکە هەڵدەبژێردرێت. دیسان ئەم هەموارە، لادان بوو لە مەرج و شێوازى سیستەمى لیستى داخراو. وەک لەسەرەوە باسمان کرد، لە لیستى داخراودا پڕکردنەوەى شوێنى بەتاڵ بە ویستى حزبەکە نییە، بەڵکوو دەبێت بە ڕیزبەندى بێت.  دووەمین هەموارى یاساکەیش لە ساڵى 1998 ئەنجام درا، کە تێیدا کۆمەڵێک گۆڕانکارى کران لەوانە: تەمەنى خولێکى پەرلەمان لە سێ ساڵییەوە کرا بە چوار ساڵ؛ هەروەها بەپێى ماددەیەکى ترى هەموارکراو، نابێت ئەندامانى پەرلەمان و وەزیفە گشتییەکان پێکەوە کۆ بکرێنەوە و، نابێت ئەندامێتیى پەرلەمان و ئەندامێتى لە یەکێک لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوە پەیوەندیدارەکان بە فەرمانگە و دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێم کۆ بکرێتەوە. لە بڕگەیەکى ترى هەموارکراویشدا هاتووە کە، کۆبوونەوەى پەرلەمان یاسایی نابێت ئەگەر زۆرینەى ئەندامەکانى ئامادە نەبن؛ بە جۆرێک پەرلەمان بڕیارەکانى بە ئامادەبوونى زۆرینە دەدات، تەنیا لەو بارانەدا نەبێت کە زۆرینەیەکى تایبەتى پێویستە. هەروەها ئەو مەرجە لەسەر ئەندامانى هێزەکانى ناوخۆ و سەربازى لا بردرا، کە نابێت خۆیان بپاڵێون تاکوو لە وەزیفە سەربازییەکە دەست لە کار نەکێشنەوە.

بۆ جارى سێیەم بەپێى یاساى ژمارە (47)ى ساڵى 2004 پەرلەمان یاساى هەڵبژاردنى هەموار کرد، کە تێیدا ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان بۆ 111 ئەندام زیاد کرا، لەگەڵ دروستکردنى دەستەیەکى سەربەخۆ بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان. هەروەها هەرێمى کوردستان لە چوار بازنەى هەڵبژاردن- وەک لە یاساکەدا هاتبوو- کرایە یەک بازنەى هەڵبژاردن. لە لایەکى دیكه‌وه‌ وەک لە زۆر لە یاساکانى ئەو وڵاتانەى لە قۆناغی ڕێگوزەرى دیموکراسین هاتووە، بۆ مسۆگەرکردنى نوێنەرایەتیى ئافرەتان لە دەزگه‌ى یاساداناندا یاساکە ڕێژەى %25ى بۆ ئافرەتان وەک مەرجێک بۆ هەر لیستێک دانا؛ کە ئەمە بە هەنگاوێکى گرنگ دادەنرێت بەرەو گۆڕانکاریى پۆزەتیڤ لە سیستەمى سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، چونکە ئەستەمە تایبەتمەندیى کۆمەڵگه‌ى کوردی و ڕۆژهەڵاتى بەگشتى، ڕێگە بدات ئافرەتان بتوانن بەئاسانى بەبێ دیاریکردنى ڕێژەیەکى دیاریکراو یان کۆتا، دەنگیان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا هەبێت. بۆ دابەشکردنى کورسییەکان یاساکە مەرجە سەرەکییەکانى لیستى داخراوى جێگیر کرد، بە جۆرێک کورسییەکان بەپێى ڕیزبەندى ناوەکان بەسەر پاڵێوراواندا دابەش دەکرێن و، بە هەمان شێوە لە کاتى چۆڵبوونى هەر کورسییەک لە هەر لیستێکدا دیسان ڕەچاوى ڕیزبەندى ناوەکان دەکرێت؛ لە هەموویشی گرنگتر، لابردنى ئەو ڕێژەیەى کە دیارى کرابوو وەک بەربەست بۆ چوونە پەرلەمان.

ساڵى 2009 پەرلەمان سێ جارى یەک لە دواى یەک یاساى هەڵبژاردنى هەموار کرده‌وه‌، کە دەکاتە هەموارى چوارەم و پێنجەم و شەشەم بەم شێوەیە: لە هەموارى چوارەمدا بەپێى یاساى ژمارە (2)ى ساڵى 2009، پەرلەمان کۆمەڵێک گۆڕانکاریى ئەنجام دا، لەوانە: گۆڕینى ناو لە "ئەنجومەنى نیشتمانى" بۆ "پەرلەمانى کوردستان" و، بۆ هەنگاونانى زیاتر بەرەو دیموکراسی و، گونجان لەگەڵ بارودۆخی سەردەم، کەمکردنەوەى مەرجى تەمەنى پاڵێوراو لە (30) ساڵییەوە بۆ (25) ساڵ، کە ئەمە وەرچەرخانێکى گرنگ بوو بۆ ڕۆڵى گەنجان لە دەسەڵاتى یاساداناندا، چونکە ئەگەر سەیرى یاساى هەڵبژاردنى وڵاتانى دیموکراسی بکەین، دەبینین مەرجى تەمەن لە نێوان (18 بۆ 20) وەک کەمترین تەمەن دانراوە. لە لایەکى دیكه‌یشه‌وه‌، ڕێژەى تەرخانکراو بۆ کۆتاى ئافرەت لە %25، زیاد کرا بۆ %30. هەروەها بۆ مسۆگەرکردنى نوێنەرى کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکان لە پەرلەمانى کوردستان ماددەیەکى تایبەت خرایە سەر یاساکە، کە تێیدا هاتووە پێنج کورسی بۆ پێکهاتەى تورکمانەکان و پێنج بۆ کلد و ئاشوورییەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان دیارى دەکرێت، کە دەنگدەرانى ئەو پێکهاتانەى کە باس کران، پاڵێوراوى پێکهاتەکە هەڵدەبژێرن. لە لایەکى ترەوە بۆ یەکەمین جار هاووڵاتیانى نیشتەجێى دەرەوەى کوردستان بەشداریى پرۆسەى هەڵبژاردن دەکەن و کارمەندانى هێزەکانى ئاسایش و ناوخۆ و پێشمەرگە و کارمەندانى نەخۆشخانەکان و چاکسازییەکان و نەخۆش و بەندکراوەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت چل و هەشت کاتژمێر پێش دەنگدانى گشتى دەنگى خۆیان دەدەن. بەڵام هەموارى پێنجەم بەپێى یاساى ژمارە (5)ى ساڵى 2009، زیاتر پەیوەست بوو بە هەموارکردنەوەى ئەو بڕگە و ماددانەى پەیوەندییان هەبوو بە لایەنى پڕۆپاگەندە و ڕێکلامى هەڵبژاردن و دانانى چوارچێوەیەکى یاسایی بۆ ئەم بابەتە و دیاریکردنى سەرپێچى و تاوانەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن و دانانى سزاى یاسایی لە بەرامبەر ئەنجامدەرانیدا. هەروەها لە یەکێک لە بڕگە هەموارکراوەکانى یاساکە هاتووە، ئەگەر ئەندامى پەرلەمان لەبەر هەر هۆیەک کورسییەکەى لەدەست دا، ئەوا پاڵێوراوى دواى ئەو لە هەمان قەوارەى سیاسی جێى دەگرێتەوە. بەڵام ئەگەر کورسییە بەتاڵەکە هى لیستێک بوو پاڵێوراوى نەمابێت، ئەوا کورسییەکە بۆ پاڵێوراوێکى تر لە قەوارەیەکى سیاسیی تر تەرخان دەکرێ، کە کەمترین ڕاددەى ژمارەى ئەو دەنگانەى بەدەست هێناوە کە بۆ پڕکردنەوەى کورسییەک پێویستە و، بەپێچەوانەیشەوە کورسییەکە بە بەتاڵى دەمێنێتەوە. ئەگەریش کورسییەکە تایبەت بوو بە ئافرەتان، مەرج نییە ئافرەتێکى تر جێگەى بگرێتەوە، مەگەر لەو بارەدا کاریگەریى لەسەر ڕێژەى نوێنەرایەتیى ئافرەتان هەبێت.

دوا هەنگاوى پەرلەمان لە هەموارى یاساى هەڵبژاردندا پێش هەڵبژاردنەکانى ساڵى 2009، بریتى بوو لە هەموارى شەشەمی یاساکە؛ بەڵام ئەوەى جێگه‌ى باسکردنە، لەم هەموارکردنەدا پەرلەمان گۆڕانکارییەکى ئەوتۆى لە بڕگە و ماددەکانى یاساکەدا نەکرد کە شایەنى باسکردن بێت.

دوا هەموارکردن لە یاساى هەڵبژاردن، هەموارى حەوتەمى یاساکەیە بەپێى یاساى ژمارە (15)ى ساڵى 2013، پێش هەڵبژاردنى خولى چوارەمى پەرلەمان، کە دوو گۆڕانکاریى جەوهەریى لە یاساکەدا ئەنجام دا، کە ئەوانیش بریتی بوون له‌: گۆڕینى سیستەمى هەڵبژاردنى لیستى داخراو بۆ لیستى کراوەى سنووردار لە یەک بازنەى هەڵبژاردن و، دانانى مەرجی هەبوونى ڕەگەزنامەى عێراقی بۆ دەنگدەر. بە نسبەت خاڵى یەکەم، سیستەمى کراوەى سنووردار، واتا تێکەڵەیەک لە هەردووک شێوەى سیستەمى لیستى داخراو و سیستەمى لیستى کراوە کە بە سیستەمێکى نێوەند لە نێوان هەر دوو سیستەمەکەى تر دادەنرێت. تایبه‌تمه‌ندیی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە دەنگدەر سەرەتا لیستێک هەڵدەبژێرێت هەروەک سیستەمى لیستى داخراو، پاشان لەناو لیستەکە پاڵێوراوێک پەسەند دەکات کە لە کۆتاییدا ڕیزبەندى پاڵێوراوانى ناو لیستەکە بەگوێرەى ئیرادەى دەنگدەر دەگۆڕێت دوور لە ویستى حزب و گرووپ و لایەنى خاوەن لیست و قەوارەکە. کەواتە لیستى کراوەى سنووردار بە شێوەیەکى ئازادانەتر بژاردەى دیاریکردنى کاندید دەخاتە بەردەم دەنگدەران بۆ ئەوەى هاووڵاتى بە ویستى خۆى کاندیدێک لەناو لیستەکە هەڵبژێرێت.

یەکێکی تریش لە تایبەتمەندییەکانى ئەم شێوازەى لیست ئەوەیە، هێز و لایەنە سیاسییەکان کەمتر دەتوانن هاوپەیمانى لە نێوان خۆیاندا ببەستن چونکە لەم حاڵەتەدا کۆنترۆڵى دابەشکردنى دەنگەکان بەیەکسانى بەسەر پاڵێوراواندا نامێنێت. لەگەڵ ئەوەیشدا کە پەرلەمانى کوردستان بەم هەنگاوەى، دەسکەوتێکى ترى لە خەباتى دیموکراسى و ئازادیى ڕادەربرین و تاکەکەسی و ڕێگوزەرى دیموکراسی لە کوردستاندا تۆمار کرد. بەڵام سەرەراى ئەمەیش، نابێت خاڵە نێگەتیڤەکانى ئەم سیستەمە نادیدە بگرین، چونکە بۆ سیستەمى کراوەى سنووردار، پێویستە بارودۆخى دەنگدەر لە ڕووى ئاسایش و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و فکرییه‌وه‌ سەقامگیر بێت؛ چونکە ئەم سەقامگیرییە ڕەنگدانەوەى دەبێت لەسەر دەرچوونى پاڵێوراوەکان. هەروەها پێویستە دەنگدەر هۆشیارییەکى تەواوى هەبێت و، لە کاتى بەجێهێنانى ئەم ئەرکەى هەست بە بەرپرسیارێتییەکى مێژوویی بکات، چونکە پاڵێوراو مه‌حکووم دەبێت بە کەسایەتى و هۆشیارى و میزاجى دەنگدەر. هەروەها یەکێکی تر لەو ڕەخنانەى کە لەم سیستەمە دەگیرێت، ئەوەیە کە گومان لەسەر شەرعییەتى پاڵێوراوە دەرچووەکان دروست دەکات، چونکە زۆر جار لیستێک بە هۆى پاڵێوراوێکى بەهێز کە ژمارەیەکى زۆرى دەنگەکان بەدەست دێنێت، ژمارەیەک کورسی بۆ لیستەکەى مسۆگەر دەکات؛ بە جۆرێک هەندێک لە پاڵێوراوەکانى هەمان لیست بە ژمارەیەکى کەمى دەنگەکانیان دەردەچوێنێت، کە ژمارەى دەنگەکانیان کەمترە لە ژمارەى دەنگى پاڵێوراوانى لیستەکانى تر؛ جگە لەوەى زۆر جار لەم جۆرە سیستەمەدا هەڵى بردنەوە زیاتر بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە خاوەن نفووز و خەڵک و عەشیرەتن؛ کەسانى تەكنۆكرات و ئەکادیمى و پسپۆر، بە هۆکارى تێکەڵنەبوونیان لەگەڵ خەڵک و دوورییان لە جەماوەر، کەمتر دەتوانن سەرکەوتن بەدەست بێنن.

 ئەگەر بەوردى سەیرى دەرەنجامى پرۆسەى هەڵبژاردنى خولی چوارەمى پەرلەمانى کوردستان و خولى چوارەم و پێنجەمى پەرلەمانى عێراق کە بە سیستەمى لیستى کراوەى سنووردار ئەنجام دران بکەین، تێبینیى ئەوە دەکەین کە هەموو خاڵە نێگەتیڤەکانى لیستى کراوەى سنووردار کە لە سەرەوە باسمان کرد، لەم سێ خولەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و کوردستان بەدى دەکەین. ئەمەیش هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاریى دەنگدەر لە کۆمەڵگه‌ى عێراق و کامڵنەبوونى، یان گەشەنەکردنى سیستەمى دیموکراسی لەو وڵاتەدا؛ کە بە بڕواى زۆرێک لە چاودێران و شارەزایانى هەڵبژاردن، سیستەمى لیستى داخراو بۆ کۆمەڵگه‌ى عێراق بەگشتى و کوردستان بەتایبەتى گونجاوترە.

لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چونکە لە قۆناغ و بارودۆخێکى تایبەتدا لە لایەن دەسەڵاتێکى هەڵنەبژێردراو دەرچوێنرابوو، بە ڕەچاوکردنى قۆناغەکە و بارودۆخی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتیى ئەوکاتى هەرێمى کوردستان، گەلێک کێماسی و خاڵى نێگەتیڤ لەناو یاساکەدا هه‌بوون. بۆیە بە درێژاییی بیست و شەش ساڵى تەمەنى یاساکە، پەرلەمانى کوردستان سەرکەوتووانە لە چەند وێستگەیەکى دیاریکراودا گۆڕانێکى ڕیشەییی یاساکەى کردووە، بە مەبەستى سازان و گونجان لەگەڵ پرۆسەى گەشەکردنى دیموکراسی و بەرەوپێشچوونى ژیانى شارستانى و سەقامگیربوونى زیاترى بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابووریى هەرێمى کوردستان؛ کە دەتوانین بڵێین هەموارکردنەکانى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان خاڵێکى جەوهەریى بەرەوپێشچوونى پرۆسەى ڕێگوزەرى دیموکراسییە لە هەرێمى کوردستان.

 

ئەم سەرچاوانەى بۆ ئەم بابەتە سوودیان لێ وەرگیراوە:

  1. یاسین محمود عبابکر، دور الانتخابات البرلمانییە فی عملیە التحول الدیمقراطی فی العراق بعد 2003، مطبعە الحاج هاشم، اربیل- العراق، 2013.
  2. عبدو سعد وآخرون، النظم الانتخابیە: دراسە حول العلاقە بین النظام السیاسی والنظام الانتخابی، منشورات الحلبی الحقوقیە، بیروت- لبنان، 2005.
  3. سرهنک حمید البرزنجی، انتخابات اقلیم کردستان العراق، مۆسسە موکریان للطباعە والنشر، اربیل، 2002.
  4. ڤیان مەجید، سیستەمەکانى هەڵبژاردن و پرنسیپەکانى دەنگدان، بڵاوکراوەکانى مەکتەبی بیروهۆشیارى (ى ن ک)، 2005.
  5. یاسای ئەنجومەنى نیشتمانيى کوردستانى عێراق ژمارە (1)ى ساڵى 1992.