قەیران؛ هەڕەشە و دەرفەت

قەرەنی قادری

یەکێک لەو باسانەی کە لەم دوایییانەدا پسپۆران، کارناسان و سیاسەتوانان بە نووسین و لێدوان لەبارەیەوە باسی لێوە دەکەن، وشه‌ی "قەیران"ە. قەیرانی ناوخۆ، قەیرانی پەیوەندییەکان، قەیرانی ناوچەیی و جیهانی، ئەو زنجیرە ناوانەن کە دیپلۆماسیی جیهانی، سیاسەتوانانی ناوچەیی، ناوخۆیی و ڕاگەیاندنەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. ئایا قەیران تەنیا هەڕەشەیە، یان دەتوانێت ببێتە دەرفەتیش بۆ ئەوەی لارییەکان ڕاست بکرێنەوە؟ ئایا دەکرێت زەرەر و تێچووەکانی قەیران کەم بکرێنەوە؟ ئەمەیان بۆ ئەو کەس، گرووپ، یان ئەو حوکمڕانانە دەگەڕێتەوە کە تا چەندە شارەزایییان لەبارەی دۆخەکەوە هەیە و لایەنەکانی ئەو دیاردەیەیش چۆن پێناسە دەکەن. هێگل (١٧٧٠-١٨٣١) گوتەنی: "ناسینی کێشەکان، سەرەتایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان." ئەمە سەرگەیەکە بۆ چوونە ناو بابەتەکەوەوە و سەرەتای ئیدارەکردنی قەیرانیشە  بە گشت ڕەهەندەکانییەوە!

تووماتسۆ شیبووتانی دەڵێت: "قەیران چرکەساتێکە، کە پێویستیی به‌ چەشنێکی دیکەیه‌ لە خۆگونجاندن." واتە دۆخێکە کە لە ئاکامی کێشە چارەسەرنەکراوەکان کە کەڵەکە دەبن، ڕوو دەدات یان ئەوەتا بە هۆی هاوکێشەی دەرەکی کە بۆ لاوازیی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، قەیران لە یەکەیەکی نەتەوەییدا چێ دەکرێت یان بۆی هەناردە دەکەن. ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ نموونەیەکی زیندووە لەو بوارەدا، کە یەکێک لە ئاکامەکانی، لێکترازان و لێکدوورکەوتنەوە بوو. هەر لەبەر ئەوە بە ناسینی کێشەکان، پلان و هزری نوێوە، دەکرێت بە کەمترین تێچوو ڕووبەڕووی قەیران ببینەوە.

زانستنامەی وێبستێر لەبارەی هەستیاری و ئاکامەکانی قەیران دەڵێت: "قەیران دۆخێکی هەستیارە؛ ئەو دۆخەی ئاکامەکە دەستنیشان دەکات کە ئایا دەرەنجامەکانی قەیران ئەرێنی دەبن یان نەرێنی؟" ئەگەر بخوازین لە وەرچەرخانێکدا قەیرانێک کە هەڕەشەیە، هەڵی گەڕێنینەوە و بیخەینە ناو کۆڵانێکی ئەرێنییەوە، هەر لە سەرەتادا پێویستە و دەبێت بە کەرەسە و هزری نوێوە ئاڕاستەی قەیران لە هەڕەشەوە بۆ دەرفەت بگۆڕین، هەروەها بیر لە ئاستی تێچوویشی بکرێتەوە کە زۆر لەسەر وڵات نەبێتە ماڵ و کەلێن و کەلەبەری وایش لە کۆمەڵگەدا دروست نەکات کە بە شێوەیەکی تر، لە شوێنێکی تر و لە کاتێکی تردا قەیران "دووقات" بکاتەوە. وریایی و خوێندنەوەی وردی کێشە و هاوکێشەکان، هەروەها هێز و توانا، یەکێکە لە مەرجە گرینگەکان بۆ ئەوەی قەیران لە هەڕەشەوە بە باری ئەرێنیدا (دەرفەت) بارەکەی بخات.

واینێر: "قەیران ئاکامێکی گرینگی بەدواوەیە، کە کار لەسەر پەیوەندیی هاوکێشەکان دەکات." کۆی قەیران و دۆخی قەیراناوی لە کۆمەڵگەدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە قەیران، کار لەسەر سیاسەتوانان دەکات، کاردانەوەی دراماتیک و وێرانکەری بەدوادا دێت، هەروەها "بێمتمانەییی پەرەگرتوو سەبارەت بە داهاتووی کاروبارەکان" بەخێرا سەر هەڵدەدات؛ بێ شک، لە ناوخۆدا هاوکێشەکان دەکەونە ناو مەتەرێزی ململانێیەکی ئاڵۆز و بە کۆمەڵێک پرۆژە و سیناریۆ و سیاسەتی گنخاندنەوە خەریکی دانوستان دەبن. بەڵام سەرەڕای ئەمانە، "قەیران، هەم مەترسییە، هەم دەرفەت. هەردووکیان ناوەڕۆکی قەیران پێک دێنن."

هەڕەشە و دەرفەت

"قەیران" تەنیا وشه‌یه‌كه‌، بەڵام هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کە دەتوانێت لە کات و ساتی جیاوازدا سەر هەڵبدات؛ ڕێک لەبەر ئەوەیە کە ئاستی قەیران، ڕەهەند و لایەنەکانی، ئیدارییە یان سیاسی، ناوچەیییە یان پانتاییی وڵات دەگرێتەوە، کە ئەویش بە قەیران لە جوگرافیای نەتەوەییدا باسی لێوە دەکرێ، دەستنیشان دەکرێت. ڕۆزێنتاڵ دەڵێت: "قەیران، بە شێوەیەکی جددی سیاسەتوانان و بەڕێوەبەران بەخۆیەوە خەریک دەکات و، دەیانخاتە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و بەڕێوەبەرییەوە." واتە ڕێک لێرەدایە کە ئەرک و دەوری سیاسەتوانان لە دۆخێکی قەیراناویدا چەندقات هەستیارتر دەبێت، کە پێویستە لە جاران هزرکراوەتر و گورجوگۆڵتر بن. خوێندنەوەی گشت هاوکێشەکان، بە ورد و درشتیانەوە، هەروەها پۆلێنبەندیی قەیرانەکان و دەستنیشانکردنی ئەولەوییەتەکان، دەتوانێت ئاستی زیانی قەیران کەم بکاتەوە و، ڕێگە نەدات کە کۆمەڵگە ڕوو لە دۆخێکی ماراسۆنی بکات یان ئەوەتا بەرەو لێواری هەڵدێر بڕوات.

لەوەیش گرینگتر ئەوەیە کاتێک کە کۆمەڵگە لە قەیراندا دەژیت، پێویستە گشت دامەزراوە حکوومییەکان و بەشەکانی سەر بەو دامەزراوانە، خۆیان لەگەڵ بارودۆخە قەیراناوییەکەدا بگونجێنن؛ واتە لە گشت بوارەکاندا سیاسەتی "دەستپێوەگرتن" بەڕێوە بەرن. ئەمەیشیان بەپێی ئاست و ڕۆڵی دامەزراوەکان لە کۆمەڵگەدا دەور دەبینێت، چونکە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکە بە مانای ناسینی کێشەکانە، هەروەها هەنگاونانە بەرەو داهاتوو. ئەگەر جارێکی تر بۆ پەیڤی تووماتسۆ شیبووتانی بگەڕێینەوە، بەڕوونی باس لەوە دەکات: "قەیران چرکەساتێکە، کە پێویستیی به‌ چەشنێکی دیکەیه‌ لە خۆگونجاندن." ئیتر ئەمەیان زۆر ڕوونە کە ژیان لە سەردەمی قەیراندا بە هیچ شێوەیەک لە بارودۆخی بەر لە قەیران ناچێت و کەشوهەوای سیاسی و ڕۆحیی کۆمەڵگە لە کاتی قەیراندا چەشنێکی ترە، بەڵام ئەگەری ئەوەیش زۆرە کە قەیران ململانێ ناوخۆیییەکان چڕتر و ئاشکراتر بکاتەوە و دەمامک لە ڕووی کۆمەڵێک کیشە و گرفت لا بدات کە کاتی خۆی نادیار بوون، یان ئەوەتا پێیان وا بوو ئەمەی کە کراوە لە جێی خۆیدا بووە.

قەیران و ململانێی نێوان هاوکێشەکان

بۆ کەمکردنەوەی کارتێکەریی نەرێنیی قەیران لەسەر کۆمەڵگە، یان لغاوکردنی قەیران، دەکرێت ئەم تێڕوانینەی واینێر بە دووسەر بخوێنینەوە کە دەڵێت: "قەیران ئاکامێکی گرینگی بەدواوەیە، کە کار لەسەر پەیوەندیی هاوکێشەکان دەکات." واتە دەکرێت بە باری ئەرێنی، یان نەرێنی لێکی بدەینەوە. کارتێکەرییەکەی دەتوانێت هێزەکان لێک دوور بکاتەوە، هاوکاتیش دەتوانێت لێکیان نزیک بکاتەوە، بەڵام ئەمە بەوەوە بەندە کە سەوڵلێدەرانی سیاسەت، چۆن دۆخەکە دەخوێننەوە و لێکی دەدەنەوە؛ هەروەها وشیاریی بڕیاربەدەستان، دەتوانێت قەیران بکات بە دەرفەت. واینێر کە باس لە لایەنە نەرێنییەکەی قەیران دەکات، بەو دەرەنجامە دەگات: "لە دۆخێکی قەیراناویدا، ململانێ لە نێوان هاوکێشەکاندا پەرە دەستێنێت." بە خوێندنەوەیەکی ژیرانە لە قەیران و ڕەهەندەکانییەوە، دەکرێت ئەم بۆچوونەی واینێر پێچەوانە بکەینەوە و ڕێگە نەدەین کە ململانێ ناوخۆیییەکان پەرە بگرن و ئاست و ڕێژەی ململانێکانیش کەمتر و کەمتر بکەینەوە.

هیچ شک لەوەیشدا نییە کە قەیران هەمیشە هەڵگری مەترسییەکی زۆرە، ئەگەر وریا نەبین دەتوانن پەرە بگرن، چونکە دۆخی قەیران زۆر هەستیار و ئاڵۆزە. لە نەبوونی وریاییدا مەترسییەکانی قەیران لە کۆمەڵگەدا پەرە دەگرێت و بێمتمانەیی لە کۆمەڵگەدا سەر هەڵدەدات. گادسۆن ڕێک بەو بارەدا قەیران دەخوێنێتەوە: "قەیران بریتییە لە بێمتمانەییی پەرەگرتوو سەبارەت بە داهاتووی کاروبارەکان." لێرەدایە کە قەیران تەنیا وەکوو هەڕەشە ڕوو لە کۆمەڵگە دەکات و لێكترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات. هەر لەبەر ئەوە قەیران، هەم مەترسییە، هەم دەرفەت. هەردووکیان ناوەڕۆکی قەیران پێک دێنن."

قەیرانناسی بەشێکی گرینگە لە ڕەوتی به‌ڕێوه‌بردنی قەیران (ئیداره‌دانی قه‌یران) و دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان. ناسینی قەیران بە گشت ڕەهەندەکانییەوە مەرجێکی سەرەکییە و بوار دەخوڵقێنێت تا کۆمەڵگە کەمتر زەرەرمەند بێت؛ هەر بەو مەرجەیش دەکرێت ئیدارەی قەیران بکرێت و بەلەمی کۆمەڵگە لە ڕەشەبای سیاسی و کۆمەڵایەتی و، تا ڕاددەیەک لە کارتێکەریی نەرێنیی ئابوورییش ڕزگار بکرێت.

سەرەتا، دەبێ بگەینە ئه‌و شوێنەی کە قەیرانی لێیە، دوای ئه‌وه‌ ناسینی لایەنە جۆراوجۆرەکانی قەیرانە و لە کۆتاییدا، دەبێت به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قەیران ده‌ست پێ بكرێت. پرسێکی تر کە پێویستە لەو بوارەدا ئاماژەی پێ بدرێت، پرسی بەشداریکردنی هاووڵاتیانه‌، کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی و پیشەیییەکاندا ئاڕاستە کراون و، دوری گرینگ له‌ کەمکردنەوەی تێچووی قەیرانەکان، هەروەها گۆڕینی ئاڕاستەی قەیران لە هەڕەشەوە بۆ دەرفەت، دەگێڕن.

پرۆسەی بڕیاردان و بەشداریپێکردن

بەشداری لە کاروباری کۆمەڵگەدا بریتییە لە: پرۆسەی بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن لە توانای تاک و گرووپ و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان (بەتایبەتی زانکۆکان کە سامانی نەتەوەییی وڵاتن) بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان. بەشداریکردن لە پرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئەو بنەمایە جێگیرە، کە هاووڵاتیان مافی خۆیانە لەو کاروبارانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی ئەوانەوە هەیە، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ، بیر لە ڕێگەچارەیش بکەنەوە.

کاتێک تاک و گرووپی کۆمەڵایەتی، هەستیان بە بوونی خۆیان کرد، ئەوا هەستی بەرپرسیارێتی لە ناخیاندا بەهێز دەبێت. کۆمەڵگەیەکی بەهێز، لە گرەوی بەشداریکردنی هاووڵاتیاندایه‌ لە پرۆسەی بڕیارداندا. تاک و گرووپی بەهێز، کۆمەڵگەی بەهێز بەرهەم دێنێت.

لە دۆخێکی وادا، مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان ڕۆژ دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە و، ئەوەیش کۆمەڵگە بەهێز دەکات و بواریش بە نامۆبوون (alienation) بە وڵات، حکوومەت، حزب و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەرتەسکتر دەکاتەوە. ئەمە بنەمایەکی عەقڵانیشە بۆ بەهێزبوونی ئاسایشی تاک، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستاندا. بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە!