سەرهەڵدان و بنەماکانی مافی هاووڵاتیبوون - بەشی یەکەم

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

چەمکی هاووڵاتیبوون، یەکێکە لەو چەمکانەی کە لە جیهانی ئەمڕۆ گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە و بە چەمکی یەکسانی و دادپەروەرییەوە گرێدراوە. ئەم چەمکە هەروا لە تیۆرییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و یاسایییەکان پێگەیەکی بەرچاوی هەیە. ئەم چەمکە ئەو کاتە بەدی دێت، کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە خاوەن مافی یەکسانی سیاسی و شارستانی بن و، هەروا هەلەکانی ژیان لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەئاسانی لەبەردەستیان بێت. وێڕای ئەمەیش هاووڵاتیان وەک ئەندامانی کۆمەڵگە، سەرەڕای ئەو مافانەی کە هەیانە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کۆمەڵگە و دروستکردنی سیستەم، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن.

لە وڵاتانی په‌ره‌‌ستێن (گه‌شه‌‌ستێن)، کە هاووڵاتیان تا ڕاددەیەک نامۆن بەم مافە و تازە لەگەڵ ئەم چەمکەدا ئاشنایەتییان پەیدا کردووە، چەمکی هاووڵاتیبوون زۆر جار وەک دروشمێکی بریقەدار لە لایەن گرووپ و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە بۆ ئامانج و مەبەستی سیاسی بەکار دێت. لە ڕاستیدا هاووڵاتیبوون وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن، بە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی هەر سیستەمێکی دیموکراتی دادەنرێت و پێوەرێکی بنەڕەتییە بۆ پیشاندانی بەدیهاتنی دیموکراسی لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرندا، کە خاوەن بواری گشتی و کۆمەڵگەیەکی شارستانیی کارا و چالاکە.

لەم وتارەدا، باس لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی چەمکی هاووڵاتیبوون دەکەین وەک: زەمینە مێژوویییەکانی سەرهەڵدانی هاووڵاتیبوون، پێناسەی چەمکی هاووڵاتیبوون، بەها و جۆرەکانی هاووڵاتیبوون و هتد.

زەمینەی مێژووییی چەمکی هاووڵاتیبوون

هەموو شارستانییەتەکان بە درێژاییی مێژوو هەر لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیا، سۆمەر و بابلەوە بگرە، هەتا شارستانییەتەکانی یۆنانی، ڕۆمانی، چین، هیندستان و ئێران ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی چەمک و ئایدیۆلۆژی و هزرەکان و دانانی کۆمەڵێک بنەما بۆ ئازادی و یەکسانیی مرۆڤ و، تێپەڕاندنی ویست و ئیرادەی دەسەڵاتدارە سەرکێشەکان بۆ چەسپاندنی مافی بەشداریی سیاسی بۆ هەموو مرۆڤەکان. ئەمەیش وای کردووە لە هەندێک قۆناغدا بەشێک لە بنەماکانی چەمکی هاووڵاتیبوون بێتە ئاراوە و بچەسپێت. 

بنەمای فەلسەفیی چەمکی هاووڵاتیبوون، دەگەڕێتەوە بۆ هەر دوو شارستانییەتی یۆنانی و ڕۆمانی و، ئەم چەمکە لە ئەسینا بە هۆی بڵاوبوونەوەی دیموکراتی پەرەی سەند؛ بەڵام تەنیا بۆ چینێکی دیاریکراو بوو، چونکە کۆمەڵگەی یۆنانی کۆمەڵگەیەکی چینایەتی بوو. لە سەدەکانی ناوەڕاست بنەمای هاووڵاتیبوون بە هۆی باڵادەستیی حوکمی پاشایەتی و دەسەڵاتی پاپا لە پاشەکشێ بوو، بەڵام لە چەرخی ڕێنیسانس دەسەڵاتی ئەو دوو چینە لە کەمیی دا و سەرلەنوێ چەمکی هاووڵاتیبوون هاتەوە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سێ هۆکار ڕۆڵیان هەبوو لە چەسپاندنی بنەماکانی هاووڵاتیبوون لە ئەوروپا کە بریتین لە: سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان، بەشداریی سیاسی، دەستاودەستکردنی دەسەڵات و حوکمی یاسا.

لە سەدەی نۆزدەیەم لە بریتانیا، هاووڵاتیبوون بریتی بووە لە پەیوەندیی خۆشەویستیی تاکەکەسی لە نێوان شا و گەل؛ هەروا لە هەمان سەردەم لە ئەمریکا ئامانج لە فێرکردنی خەڵک لەسەر چەمکی هاووڵاتیبوون، بریتی بووە لە دروستکردنی ڕۆحی نەتەوەیی لەناو تاکەکانی گەل؛ ئەمەیش لە ڕێگەی ڕاهێنان و سروودەکانی قوتابخانە و جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە بەها دیموکراتییەکان و دادپەروەریی نەتەوەیی. لە ڕاستیدا لەژێر تیشکی تێڕوانینی نوێ بۆ چەمکی سەروەری، "ڕەعییەتەکان" بۆ پلەی "هاووڵاتیان" بەرز بوونەوە و لە پاڵ ئەرک و بەڵێنەکاندا بوونە خاوەن مافە کۆمەڵایەتییە پارێزراوەکان. هەر بۆیە، سەدەی هەژدەیەم ڕۆڵێکی نکۆڵیلێنەکراوی هەیە بۆ تێپەڕبوون لە "کۆمەڵگەی پێشڕەوگەرا" بۆ "کۆمەڵگەی یاساگەرا"، کە کۆماری سێیەمی فەڕەنسا لەناو ئەم هەلومەرجەدا لەدایک بوو. 

زاراوەی مافی هاووڵاتیبوون (لە واتای نوێی خۆیدا) یەکەم جار لە ڕاگەیەندراوی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوونی فەڕەنسی لە ساڵی ١٧٨٩ هاتە ئاراوە، کە پاش پەسندکردنی لە سەرەتای دەستووری ئەیلوولی ١٧٩١ی فەڕەنسادا گونجێندرا. جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ کە لە ساڵی ١٩٤٨ لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا، لە ناوەرۆکی خۆیدا کەڵکێکی زۆری لە ڕاگەیەندراوی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوونی فەڕەنسی وەرگرتووە. چەمکی نوێی هاووڵاتیبوون نزیکەی ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا پەرەی سەند؛ ئەو کاتەی کە دەوڵەتانی نوێی ئەوروپا پێک هاتن و ئەم دەوڵەتانەیش لەناو سنووری خۆیاندا خاوەن سەروەریی ڕەها بوون و بە پێویستیان دەزانی، کە فەرمانەکانیان بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێ بکرێت کە لە چوارچێوەی سنوورەکانیاندا بوون. لە بەرامبەر ئەمەیشدا، بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی دەوڵەت، بیرۆکەی هاووڵاتیبوون گەشەی کرد؛ بەو پێیەی کە مرۆڤ شایستەی کۆمەڵێک مافە، کە دەوڵەتان بۆیان نییە دەستدرێژیی بکەنە سەر.

لە سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەک، بە هۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری هاتە ئاراوە، هزرڤانان هەوڵیان دا بەرگێکی نوێ بکەنە بەر ئەم چەمکە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و دەستەبەرکردنی مافە سیاسی، شارستانی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەموو مرۆڤەکان، بە دەر لە پێبەندیی ڕەگەزی، ئایینی و زمانی و هەروا دیاریکردنی ئەرکەکانی تاک بەرامبەر بە کۆمەڵگە و دەوڵەت.

بەم جۆرە لە ماوەی چەند سەدەی رابردوو، چەمکی هاووڵاتیبوون بەردەوام لە گەشەکردندا بووە و هەتا گەیشتە ئەو ئاستەی کە گەل بە سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکان دادەنرێت و خاوەن سەروەریی خۆیەتی و بە چەسپاندنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، چەمکی هاووڵاتیبوون بووە مافێکی چەسپاو کە ئیدی مشتومڕ هەڵناگرێت.     

پێناسە و واتای چەمکی هاووڵاتیبوون

هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەهای باڵا دامەزراوە وەک: ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری. هاووڵاتیبوون چەمکێکی مێژوویی، گشتگیر و ئاڵۆزە و خاوەن چەندین ڕەهەندی ماددی و یاسایی و ڕۆشنبیرییە. جۆری هاووڵاتیبوون لە هەر وڵاتێک لەژێر کاریگەریی پێگەیشتووییی سیاسی و ئاستی شارستانییەتی ئەو وڵاتەدایە.

دەربارەی پێناسەی هاووڵاتیبوون (citizenship)، چەندین پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. لە زانستی کۆمەڵناسیدا، ئەم چەمکە بریتییە لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکی سروشتی و کۆمەڵگەی سیاسی (دەوڵەت)، کە تێیدا لایەنی یەکەم (هاووڵاتی)، خۆشەویستی (الولاء) پێشكه‌ش ده‌كات و، لایەنی دووەم ئەم پەیوەندییە ده‌پارێزێت، کە لە ڕێگەی سیستەمی حوکمڕانییەوە دیاری دەکرێت.  بەپێی ئینسایکلۆپێدیای بریتانی، هاووڵاتیبوون بریتییە لە: "پەیوەندیی نێوان تاک و دەوڵەت، بەو جۆرەی کە یاسای ئەو وڵاتە دیاریی کردووە و، ئەو پەیوەندییانە ئەرک و مافەکان لەو دەوڵەتە لەخۆ دەگرێت؛ ئەمەیش پەیوەندیی بە ئازادی و بەرپرسیارێتییەکانەوە هەیە. هەروا مافی سیاسی بە هاووڵاتیان دەبەخشێت، وەک: مافی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی ئەرکە گشتییەکان."

فەرهەنگی نێودەوڵەتی، جیاوازیی لە نێوان ڕەگەزنامە و هاووڵاتیبوون نەکردووە و، دەڵێت هاووڵاتیبوون بریتییە لە ئەندامێتیی تەواو لە دەوڵەت و یەکەکانی فەرمانڕەوایی. "مایکڵ واڵزەر" مانایەکی فراوانتر بە هاووڵاتیبوون دەبەخشێت و پێی وایە، بریتییە لە مافی ئەندامبوون (membership) یاخود مافی پێبەندی (انتماء) بۆ کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو؛ ئەو پێبەندییەی کە ئەو ماف و گەرەنتی و جیاوازییانە دەسەلمێنێت، کە تایبەتمەندی بە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە دەبەخشن و، پرۆسەی خەمڵینی داخوازییە دیموکراتییەکانیش دەستەبەر دەکەن.

لە ڕوانگەی "تۆماس مارشاڵ"ه‌وه‌ هاووڵاتیبوون بریتییە لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی لە پەیوەند لەگەڵ دەوڵەت، کە سێ جۆر مافی شارستانی، سیاسی و کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت. هەروا چەمکی هاووڵاتیبوون پێگەیەک دەخاتە ڕوو کە لە ڕێگەی یاساوە دەبەخشرێت و لە هەمان کاتدا، ئەو چەمکەیش پیشان دەدات کە تاکەکان بەگوێرەی پێگەیان لە کۆمەڵگە، یان یەکەی سیاسی، دەبنە خاوەن ماف.

بەپێی ئەو هەموو پێناسە جۆراوجۆرانەی کە لەمەڕ چەمکی هاووڵاتیبوون خراونەتە ڕوو، دەتوانین چەند خاڵی گرنگ بەرجەستە بکەین کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) مافی هاووڵاتیبوون لە ڕیزی ئەو مافانەیە کە بۆ مرۆڤ دانی پێدا نراوە بۆ ڕێزگرتن لە شکۆمەندیی و پێگەی ئەو.

٢) مافی هاووڵاتیبوون بریتییە لەو ئیمتیاز و ئازادییانەی کە لە لایەن دەستووری وڵاتانەوە دەپارێزرێت و لەبەرچاوگرتنی، گەرەنتی کراوە.

٣) مافی هاووڵاتیبوون بریتییە لەو ئیمتیازاتانەی کە تاکی مرۆیی، یان بە سروشت پێی بەخشراوە یان یاسای وڵاتان پێیان بەخشیوە.

٤) مافی هاووڵاتیبوون بەپێچەوانەی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتینامە ڕۆڵی تێدا نییە، بۆ ئەو کەسانە دانی پێدا دەنرێت کە خاوەن وڵاتینامەن.

بەهاکانی هاووڵاتیبوون

هاووڵاتیبوون لە کۆمەڵێک بەها و ئەرک و ماف پێک هاتووە و، ئەمانەیش پێویستە دەستەبەر بکرێن هەتا هاووڵاتیبوون ببێتە هاووڵاتیبوونێکی ڕاستەقینە کە لە ناخی تاکەوە سەرچاوەی گرتبێت. ئەم بەهایانە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) یەکسانی و داد: یەکسانی بە پێوەرێکی سەرەکی لە پێوەرەکانی هاووڵاتیبوون دادەنرێت، کە ڕێگە بە تاکەکان دەدات بۆ کەڵکوەرگرتن لە مافەکانیان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان؛ واتە دەبێ ئەندامانی کۆمەڵگە ماف و ئەرکی یەکسانیان هەبێت لە ڕێگەی بەشداریکردن لە دامودەزگەکانی حوکمڕانیی سیاسی و یاسایی. بەهای یەکسانی لە نێوان تاکەکان، بنەمایەکی سەرەکیی هاووڵاتیبوونە لە دەوڵەتە هاوچەرخەکاندا. بەهای داد بەستراوەتەوە بە بەهای یەکسانی، چونکە یەکسانی بەدی نایەت، ئەگەر داد بەدی نەیەت.

٢) پێبەندی و خۆشەویستی: پێبەندی بریتییە لە پێبەندبوون بە گەل بە هەموو توێژەکانییەوە و ئەو خاکەی کە لەسەری ژیان بەسەر دەبات و، قوربانیدان لە پێناویدا کە لە هەستی خۆشەویستی بۆ نیشتمانەوە هەڵقووڵابێت. پێبەندی بریتییە لە ڕەفتار و کرداری لێبڕاوانە لە پێناو نیشتمان و کارلێککردن لەگەڵ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی لە بیروباوەڕ و بۆچوونەکانیان. پێبەندی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، دەبێ لە سەرووی پەیوەندییە خێڵکەکییەکانەوە بێت و، نابێت تەنیا هەستکردن بە پێبەندی و هەست و سۆز بێت، بەڵکوو دەبێ لە ڕۆح و ویژدانی تاکدا ڕەنگ بداتەوە و تاک هەست بکات ئەرکی لەسەر شانە بەرامبەر بە نیشتمان. هەر بۆیە، هەر هاووڵاتییەک دەبێ خزمەتی نیشتمانەکەی بکات و پێگەی بەرز بکاتەوە و پێکهاتە و بیروباوەڕە ئایینی و ڕۆشنبیری و شارستانییەکانی بپارێزێت. هەروا خۆی بە بەرپرس بزانێت بەرامبەر بە بەدیهێنان و بڵاوکردنەوەی قازانجی گشتی و، داکۆکیکردن لە دۆزە نیشتمانییەکان و بەشداریکردن لەگەڵ دامودەزگەکانی تر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسی و حاڵەتە کتوپڕانەی کە هەڕەشە لە نیشتمان دەکەن. 

٣) بەشداریی سیاسی: بەشداری لە ژیانی گشتی بریتییە لە کارلێککردن لە هەموو بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان، بە جۆرێک کە لە بەردەم هەموواندا کراوە بێت بەبێ جیاوازی لە ئەرک و مافەکان بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، کە دەست پێ دەکات لە مافی منداڵێک بۆ فێربوون و پەروەردەکردن لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونێکی ڕاستەقینە و کەڵکوەرگرتنی هەموو تاکەکانی گەل لەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش دەکرێن؛ هەروا ئازادیی سیاسی و ئابووری و چالاکیی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، هەتا مافی وەرگرتنی پۆست و پایە گشتییەکان و دامەزراندنی کۆمەڵە و حزبەکان و... لەخۆ دەگرێت.

بەشداریکردن بەشێکی جیانەکراوەی کەلتووری دیموکراسییە و، ڕۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و تێکەڵکردنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە لەژێر یەک چەتردا بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێبەندییە جیاوازەکان لە ڕووی ئایین، زمان، ڕەگەز و هتد. هاووڵاتیبوون بەو پێیەی بەهایەکی شارستانی و مرۆییی گرنگە، بایەخ بە تاک دەدات و دانی ناوە بە مافی بەشداریکردن و ئامادەبوونی هەنووکەییی ئەو لەناو دامودەزگەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ڕۆشنبیریدا.  

 جۆرەکانی هاووڵاتی

هاووڵاتیبوون  لە تێڕوانینێکی گشتی بەو واتایە دێت، کە مرۆڤ سەر بە وڵاتێکە و بۆ ژیان لەو کۆمەڵگەیە خاوەن مافە. مافی هاووڵاتیبوون خاوەن دوو باڵە: ماف و ئەرک. بەڵام هەندێک لە هاووڵاتیان گرنگی بە مافەکانیان دەدەن و لە ئاست ئەرکەکان کەمتەرخەمن، بەم پێیە هاووڵاتی بەسەر سێ جۆردا دابەش دەبێت کە بریتین لە:

١) هاووڵاتیی تاکتەوەر: ئەم جۆرە لە هاووڵاتی بە شێوەیەکی تاکەکەسی چالاکی دەکات، بۆ نموونە بەشێک لە ڕەفتارەکانی بریتین لە: کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک و خاوێنڕاگرتنی ژینگە، لە خۆبردوویی و وەدەستهێنانی خۆبەخشانەی زانیارییەکان و هتد. هاووڵاتیی تاکتەوەر، باجی خۆی دەدات و ملکەچە بۆ یاساکان و لە کاتی قەیران و گرفتەکاندا وەک بوومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوە و...، یارمەتیی ئەو کەسانە دەدات کە پێویستیان بە هاوکارییە و، ڕەفتار و ئاکارێکی خێرخوازانەی هەیە.

٢) هاووڵاتیی بەشدارتەوەر: ئەم جۆرە لە هاووڵاتیان بە شێوەیەکی چالاک لەسەر ئاستی لۆکاڵی و نیشتمانی، بەشداری لە کاروباری مەدەنی و ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەکەن. هاووڵاتیی بەشدارتەوەر دەبێتە هۆی پەرەپێدانی تێگەیشتنی هاوبەش، متمانە و پابەندیی بەکۆمەڵ.

٣) هاووڵاتیی دادپەروەرتەوەر: ئەم جۆرە لە هاووڵاتی، سەرنجێکی ڕوون و ئاشکرای هەیە لەسەر بابەتەکانی نادادپەروەری و بەدواداچوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. بە وتەیەکی وردتر، هاووڵاتیی دادپەروەرتەوەر بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە سەیری پێکهاتە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکان دەکات و سەرنج دەخاتە سەر ئەو ستراتیژییانەی کە ناوەڕۆکی بەکۆمەڵیان هەیە و، دژایەتیی نادادپەروەری دەکات و هۆکاری سەرەکیی گرفتەکان دەخاتە ڕوو. 

تێڕوانینی هاووڵاتیی دادپەروەرتەوەر لەوەدا لەگەڵ هاووڵاتیی بەشدارتەوەر یەک دەگرێتەوە، کە هەردووکیان لە بابەتەکانی پەیوەست بە ژیان و کاروباری کۆمەڵایەتی جەخت لەسەر کاری بەکۆمەڵ دەکەنەوە. بەڵام ئەو پێداگرییەی کە هاووڵاتیی دادپەروەرتەوەر لە کاردانەوە بەرامبەر بە گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەخنەگرتن لە ڕەوشی پێکهاتەییی کۆمەڵگە هەیەتی، لە هاووڵاتیی بەشدارتەوەر جیای دەکاتەوە.