سەرهەڵدان و بنەماکانی مافی هاووڵاتیبوون (بەشی دووەم و کۆتایی)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

بنەماکانی هاووڵاتیبوون

خاوەنڕایان بە سەرنجدان بە تێڕوانین و گۆشەنیگای خۆیان کۆمەڵێک بنەمای جیاوازیان بۆ هاووڵاتیبوون دیاری کردووە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) زانا-تەوەری: هاووڵاتی بە سروشت کەسێکی مڵومۆکەرە. زانا-تەوەری گرنگترین بنەمای هاووڵاتیبوونە و هەنگاوی یەکەم لەم بوارەدا، بەشداریی چالاک و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە. ئاگاداربوون لە بابەتە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان لەسەر ئاستی لۆکاڵی، نیشتمانی و نێودەوڵەتی، بە پێشزەمینەی سەرەکیی زانا-تەوەری  دادەنرێت.

٢) نیشتمانپەروەری: هاووڵاتی هەست بە پێبەندی دەکات بەرامبەر بە شار و وڵاتی خۆی. نیشتمانپەروەری، بە واتای ئەمەگداری دێت بەرامبەر بە وڵاتی خۆت و لەبەرچاوگرتنی بەرەژەوەندیی کۆمەڵگە لە چالاکییە ڕۆژانەیییەکاندا. یەکێک لە پرسە ڕاستینەکانی هاووڵاتیبوون، هەستکردنە بە وابەستەییی کۆمەڵایەتی بە کەلتوور و داب و نەریت و...ی وڵاتێک، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستینەی ئەم هەستە ئەوەیە کە هاووڵاتی، خاک و نیشتمانی خۆی بە ماڵی خۆی بزانێت.

٣) یاساپەروەری: یاسا وەک فاکتەرێکە کە زەمینەی تۆکمەیی و یەکگرتوویی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە دەستەبەر دەکات. هاووڵاتی هەوڵ دەدات تا یاساکان لە ژیانی تایبەتی خۆیدا بەکار بهێنێت، هەرچەندە پێچەوانەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیشی بێت. ئەو سەرەتا پابەندبوونی کرداریی خۆی بە یاسا بە ئەرکی خۆی دەزانێت و، هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی خۆی بەرامبەر بە یاسا لە کەناڵی دیالۆگەوە بەرەو پێش دەبات.

٤) هەستکردن بە بەرپرسیارێتی: هاووڵاتیبوون چەمکێکە کە پەیوەندیی بەوەوە هەیە تاکەکان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن. جوانترین هەستی هاووڵاتی، هەوڵدانە بۆ هاوکاریکردن و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی خۆی و کەسانی تر.

٥) بەشداریکردن: ئەرەستۆ، کۆمەڵگەی سیاسی بە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی دەزانێت، کە تێیدا هاووڵاتیان لە ڕێگەی بەشدارییەوە پێش دەکەون. بەشداری، تەنیا ئەوە نییە کە تاک وەک دەنگدەر دەربکەوێت، بەڵکوو لە پرۆسەی هاووڵاتیبووندا دەبی ڕۆڵێکی ستراتیژیی هەبێت و پەرەپێدەری فەرهەنگی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بێت. بەشداریکردن بە واتا فراوانەکەی، بریتییە لە دەستەبەرکردنی هەلی تێکەڵبوونی ئۆتۆماتیکی لە هەموو بوارەکانی ژیانی گشتی، کە ئەمەیش جیاوازە لە بەشداریپێکردن کە بە واتای بەخشش دێت لە لایەن دەسەڵاتداران بەرامبەر بە ڕەعیەت و ژێردەستەکانیان کە ملکەچن بۆ ئەوان، چونکە بەشداریپێکردن بەو واتایە لەگەڵ چەمکی هاووڵاتیبوون و بنەماکانیدا ناکۆکە. هەر بۆیە لە هزری سیاسیی ڕۆژاوایی، بەشداریکردن ئەو کردارەیە کە جیاوازی لە نێوان هاووڵاتی و ڕەعیەتدا دیاری دەکات؛ ڕەعیەت ملکەچە و حوکم ناکات، بەڵام هاووڵاتی بەپێچەوانەوە لە ڕێگەی چالاکیی سیاسی و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکانەوە حوکمی دەوڵەتەکەی دەکات.

٦) ڕەخنەگری و قبووڵکردنی ڕەخنە: ڕەخنەگری و قبووڵکردنی ڕەخنە بە بنەمایەکی سەرەکیی هەڵسوکەوتی کاریگەر لە نێوان هاووڵاتیاندا دادەنرێت. ئەوان دەبێت تواناییی ئەوەیان هەبێت سەرنج بخەنە سەر کار و کاردانەوەکانی ناو کۆمەڵگە و، پاشان لێکدانەوەیەکی هزریی ڕێکوپیک و لۆژیکیی بۆ بە مەبەستی باشترکردنی پرۆسەکە بخەنە ڕوو. قبووڵکردنی ڕەخنەیش بە واتای توانای لێکدانەوەی بیروبۆچوونی ئەوانی تر و پاشان تێگەیشتن لە لۆژیک و چەمکی پیادەکردن و پەسندکردن یان ڕەتکردنەوەی دێت.

شوێنەوارەکانی هاووڵاتیبوون

١) جەختکردنەوە لەسەر بەهای هاووڵاتیبوون، دەبێتە هۆی هەستکردن بە تەناهی و سەقامگیری و دەرچوون لە خانەی ملکەچی لە چوارچێوەی بنەما و بەهاکانی هۆشیاریی خودی کە لە شێوازی تێکەڵبوون بە کۆمەلی نیشتمانی ڕەنگ دەداتەوە. بۆ دەستەبەربوونی ئاسایشی کۆمەڵگە، پێویستە کە وا هاووڵاتیان ببنە خاوەن هۆشیارییەکی بەرز و ئاشنابوون بە بەهاکانی بەشداری، پێبەندی، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و دەربڕینی ئارەزوویان بۆ بەشداریی سیاسی و دانبەخۆداگرتن بەرامبەر بە قەیرانە ئابوورییەکان.

٢) بەهای هاووڵاتیبوون جەخت لەسەر سەربەخۆییی خودی دەکاتەوە، کە ئەمەیش بە واتای توانای تاک دێت بۆ ڕەخنەلەخۆگرتن و بەم جۆرە چوارچێوە و ئاستی تواناکانی خۆی بۆ بەشداریکردن لە بەرەوپێشبردنی خۆی و کۆمەڵگە، دەناسێت.

٣) هاووڵاتیبوون ڕێبەرێکی کردارییە بۆ کاراکردنی ناسنامه‌ی فەرهەنگی لە کۆمەڵگە، چونکە ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەربەخۆ لە ڕووی هزری و فەهەنگییه‌وه‌، وا دەخوازێت کە ناسنامه‌ی فەرهەنگی پارێزراو بێت و، ئەمەیش بەکردەوە بەدی نایەت تەنیا لە ڕێگەی بەشداریی کارا لەناو کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکانی هزری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری. ئەو کاتەی کە ئەمە بەدی بێت، ئەوا ناسنامه‌ی تاک لە کۆمەڵگە بەرجەستە دەبێت و بەم جۆرە سیماکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی داهێنانی ڕۆڵەکانی و بەرهەمە هزری و کردارییەکانیان فۆرم وەردەگرێت.

٤) چەسپاندنی بنەمای یەکسانی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە لە گەرەنتیکردنی مافەکان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکان، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی چەسپاندنی دەوڵەتی هاووڵاتی کە لە ئەنجامدا ئاستی سەقامگیریی کۆمەڵگە بەرزتر دەکاتەوە.      

٥) داننان بە فرەڕنگی لە کۆمەڵگە لە ڕووی ئایینی، زمانی، ڕەگەزی، بیروبۆچوون، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و...، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان.

ڕەهەندەکانی هاووڵاتیبوون

چەمکی هاووڵاتیبوون بەپێی ئەو گۆشەنیگایەی کە سەیر دەکرێ، ڕەهەندی جیاوازی هەیە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) ڕەهەندی مەعریفی/ڕۆشنبیری: مەعریفە بە ڕەگەزێکی سەرەکی دادەنرێت لە جۆرێتیی ئەو هاووڵاتییەی کە دامودەزگەکانی کۆمەڵگە هەوڵی بۆ دەدەن. ئەمەیش بەو واتایە نایەت کە کەسێکی نەخوێندەوار هاووڵاتی نییە، چونکە ئەویش بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵدەگرێت و پێبەندیی هەیە بە نیشتمانەکەی، بەڵام مەعریفە ئامرازێکە کە دەبێتە هۆی بنیاتنانی ئەو لێهاتوویی و توانایەی کە هاووڵاتی پێویستی پێیەتی.

٢) ڕەهەندی شارەزایی: مەبەست شارەزایییە هزرییەکانە، وەک بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، لێکدانەوە و چارەسەرکردنی گرفتەکان و ...؛ بە جۆرێک کە ئەو هاووڵاتییەی کە خاوەنی ئەم شارەزایییانە بێت، ئەوا باشتر دەتوانێ بابەتەکان لێک بداتەوە و، لە کردار و گوفتارەکانیدا زیاتر لۆژیکی و عەقڵانییە.

٣) ڕەهەندی کۆمەڵایەتی: مەبەست لێهاوتووییی کۆمەڵایەتییە لە پێکەوەژیان لەگەڵ ئەوانی تر و کارکردن لەگەڵیاندا.

٤) ڕەهەندی پێبەندی: هەمان ڕەهەندی نیشتمانییە و مەبەست چاندنی پێبەندییە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ کەلتوور و کۆمەڵگە و نیشتمانی خۆیان.

٥) ڕەهەندی بەهاکان: مەبەست، بوونی هەندێ بەهایە وەک: دادپەروەری، یەکسانی، لێبووردەیی، ئازادی، دیموکراسی و هتد.

٦) ڕەهەندی شوێن: مەبەست ئەو چوارچێوە ماددی و مرۆیییەیه‌ کە هاووڵاتی تێیدا دەژی؛ واتە ئەو ژینگە لۆکاڵییەی کە تێیدا فێر دەبێت و لەگەڵ تاکەکاندا هەڵسوکەوت دەکات.

چەمکی هاووڵاتیبوون لە عێراق

دەوڵەتی عێراق هەر لە ساڵی ١٩٢١ەوە هەتا ئەمڕۆ، لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەتایبەت لە ڕووی خوڵقاندنی هەست و سۆزه‌وه‌ بەرامبەر بەم دەوڵەتە نوێیە، لەگەڵ کۆمەڵێک ئاستەنگ و گرفت دەستەویەخە بووە. هەر بۆیە، چەمکی هاووڵاتیبوون لەم وڵاتە بە هۆی پێبەندییە لاوەکییەکانی نەتەوەیی و تائیفی، ئاستەنگی گەورەیان لە بەردەم جێگیربوونی ناسنامه‌ی عێراقیدا دروست کردووە. سروشتی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی بریتییە لە پەیوەندیی وەرگرتن و پێدان؛ بەو واتایە کە هاووڵاتی کۆمەڵێک ئەرکی لەسەر شانە بەرامبەر بە دەوڵەت، وەک: خۆشەویستی بۆ وڵات و بەرگریلێکردنی لە کاتی هەڕەشە و هتد. لە هەمان کاتدا دەبێ دەوڵەتیش پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە هاووڵاتی جێبەجی بکات و مافەکانی گەرەنتی بکات و لێ نەگەڕێت پێشێل بکرێن و ژیانێکی شیاوی بۆ دابین بکات و هتد.

سەبارەت بە ڕێزگرتن لە مافی هاووڵاتیبوون لە عێراق دەتوانین بێژین، کە حاڵی دەوڵەتی عێراقیش وەک حاڵی دەوڵەتانی دیکەی عەرەبییە، کە تێیدا چەمکی هاووڵاتیبوون وەک پێویست لە کەلتووری سیاسیی ئەم وڵاتەدا جێگیر نەبووە و، سەرەڕای ئەوەی کە دەستوورەکانی عێراق بە درێژاییی ٩ دەیەی ڕابردوو بە شێوەیەکی ڕواڵەتی جەختیان لەسەر مافە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و پرەنسیپی یەکسانی لە نێوان هاووڵاتیاندا کردۆتەوە، بەڵام لە واقعی کرداریدا بنەمای هاووڵاتیبوون وەک پێویست نەچەسپاوە و بەردەوام گرفت و قەیران لە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەتدا هەبووە.

لە ڕووی مێژوویییەوە، ئەو دەسەڵاتدارانەی کە فەرمانڕەوایییان لە عێراقدا کردووە، لەسەر بنەمای جیاکاری لە نێوان هاووڵاتیان مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە؛ هەر بۆیە ئەوەی کە دەسەڵاتی لەدەست بووە، ئەم بابەتەی وەک ئامرازێک بەکار هێناوە بۆ پاوانکردنی ئیمتیازات و بەرژەوەندییەکان بۆ گرووپ، هۆز و تائیفە و نەتەوەیەکی دیاریکراو و، لایەنەکانی دیکە لە سیستەمی حوکمڕانی زیانمەند بوونە. بۆ نموونە هەتا پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و باڵادەستیی تائیفەی سوننە، کورد و شیعە بە هۆی ناسنامه‌ی نەتەوەیی و تائیفیی جیاوازه‌وه‌ لە ناوەندەکانی دەسەڵات دوور دەخرانەوە و پەراوێز دەخران. لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ و باڵادەستیی شیعە لە سیستەمی فەرمانڕەوایی، تائیفەی باڵادەست هەموو ئامرازەکانی دەسەڵاتی بۆ خۆی پاوان کردووە و لایەنەکانی دیکەی پەراوێز خستووە.  

هەروا یەکێکی تر لە کێشە گەورەکانی بەردەم جێگیربوونی چەمکی هاووڵاتیبوون، کێشەی نەتەوەیییە لە نێوان عەرەب و کورد و تورکمان کە ڕووداوە مێژوویییەکانی ڕابردوو کەلێنێکی گەورەی لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدا دروست کردووە. کاتێک کە باس لە کێشەی هاووڵاتیبوون و نەتەوەکان دەکەین لە عێراقدا، کێشەی کورد دیارترینی ئەو گرفتانەیە کە لەم وڵاتەدا سەری هەڵداوە. هاووڵاتیی کورد زیاتر لەوەی ئینتیمای بۆ عێراق هەبێت، ئینتیمای بۆ کوردستانی گەورە هەیە و ئەمەیش لە ناخی هاووڵاتیی کورددا ڕەگی داکوتاوە؛ بە جۆرێک کە چەمکی عێراقیبوونی فەرامۆش کردووە و ئەمەیش وای کردووە هەستکردن بە ناسنامه‌ی عێراقی لە لای لاواز بێت.

لەناو عەرەبیش، ڕۆحی یەکگرتن لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکانی تر لە لایان بەهێزە؛ ئەمەیش وای کردووە عەرەبەکانی عێراق و لەوانەیش حزبی بەعس هەموو هەوڵی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بخەنە کار، کە لە بەرامبەردا ئەم بەهێزبوونەی ڕۆحی نەتەوەییی عەرەب وا دەکات، کە ئینتیمایان بۆ ناسنامه‌ی عێراقیبوون لاواز بێت. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، عێراق بە ئاراستەی نەتەوەگەریی عەرەبیی زۆرەملێیانە لەسەر حیسابی نەتەوەکانی تر هەنگاو دەنێت، کە لە ئەنجامدا نەتەوە ناعەرەبەکانی دانیشتووی عێراق بە شێوەیەکی نالۆژیکی دەبنە قوربانی و بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر دەچەوسێنرێنەوە.

هەر بۆیە، لە بارودۆخێکی لەم جۆرە کە لە عێراقدا هەبووە، هەر لە سەرەتای دروستبوونی لە ساڵی ١٩٢١ هەتا ساڵی ١٩٥٨ و دامەزراندنی سیستەمی کۆماری و پاشان دەسەڵاتی حزبی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ و ئینجا ڕووخانی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣  و پاش ئەویش، هاووڵاتیبوون وەک بەهایەک لە عێراقدا نەچەسپیوە. بۆ نموونە لە سەردەمی بەعس، حزبی بەعس وەک تاکە حزبی دەسەڵاتدار خاوەنی ١١ ملیۆن ئەندام بوو و حزبیبوون سەرچاوەی بەدەستهێنانی هەموو ماف و ئیمتیازاتێک بوو. هەر بۆیە "هاووڵاتیبوونی حزبی"، تاکە پەناگە بوو بۆ هاووڵاتی بۆ ئەوەی بتوانێ مافەکانی بەدەست بهێنێ و دەستکەوتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ خۆی دەست بخات.

لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ و گەشەکردنی پتری چەمکی تائیفەگەری لە عێراق، دابەشکردنی پۆست و ئیمتیازات لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی تائیفی، نەتەوەیی و حزبی هەر لە  سەردەمی ئەنجومەنی حوکمەوە (مجلس الحکم) تا بە ئەمڕۆ بەردەوام بووە و، لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گۆڕانێکی بنەڕەتیی لەگەڵ سەردەمەکانی پێشووتر نییە و بەکردەوە دەوڵەتێک لەسەر بنەمای تائیفی هاتۆتە دامەزراندن، هەرچەند بەفەرمییش لە دەستووردا جێگیر نەکرابێت. 

بنەمای هاووڵاتیبوون لە هەموو دەستوورەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ هەتا ٢٠٠٥ باسی لێوە کراوە و، ئەم دەستوورانە لە ڕووی تیۆرییەوە جەختیان لەسەر ئەم بنەمایە کردۆتەوە، بەڵام ئەم بنەمایە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی لە مومارەسەکردنی ماف و ئەرکەکاندا نەبینیوە. دەسەڵاتدارانی عێراق بە درێژاییی مێژووی خۆیان، هەوڵی بڵاوکردنەوەی کەلتووری ئەرکیان داوە لەناو هاووڵاتیان. هاووڵاتیی عێراقی بەردەوام ئاشنای ئەرکەکانی بووە بەرامبەر دەوڵەت و دەسەڵات و حزبی فەرمانڕەوا و بەردەوام لە مافەکانی بێبەش کراوە و، بە درێژاییی ٩٠ ساڵی ڕابردوو ئەمە کەلتوور و سیاسەتی زاڵ و باڵادەست بووە.    

کۆبەند

لەم وتارەدا، باسمان لە چەندین چەمک و لایەنی جۆراوجۆری هاووڵاتیبوونم کرد و بۆمان دەرکەوت کە ئەم چەمکە ڕەگ و ڕیشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتی یۆنانی و ڕۆمانی و لە پاش چەرخی ڕێنسانس لە ئەوروپا گەشەی کردووە تاکوو گەیشتووەتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ و، لەم قۆناغە مێژوویییانەیشدا بە کۆمەڵێک شێواز و واتای جۆراوجۆردا تێ پەڕیوە. ئەمرۆ واتای چەمکی هاووڵاتیبوون بە ماف و ئەرکەکانەوە گرێدراوە؛ واتە هاووڵاتی کۆمەڵێک مافی هەیە، کە پێویستە دەوڵەت گەرەنتی و دەستەبەری بکات و لە بەرامبەریشدا دەبێت هاووڵاتی ئەرکی خۆی بەرامبەر بە نیشتمانەکەی بەبەرپرسیارێتییەوە جێبەجێ بکات.  

هەروا سەبارەت بە گەشەکردنی چەمکی هاووڵاتیبوون لە عێراق، بۆمان دەدەکەوێت کە ئەم چەمکە هەرچەندە لە ڕووی تیۆرییەوە لە دەستوورە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەر لە چەرخی پاشایەتی تاکوو ئەمڕۆ ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە ئەم چەمکە وەک پێویست لەناو کۆمەڵگەدا جێگیر نەبووە. لە ساڵانی ڕابردوو، چەمکی هاووڵاتیبوون لە عێراق لە قازانجی ناسنامە نەتەوەیی و تائیفی و حزبییەکان لە پاشەکشەدا بووە و، لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ناسنامە لاوەکییانە زیاتر بەرجەستە کراون. هەر بۆیە، دەتوانین بڵێین بە هۆی ئەدای خراپی دەسەڵاتداران و نائامادەییی دەوڵەتی عێراق لە پراکتیزەکردنی دروستی ئەم چەمکە، هاووڵاتیبوون لە عێراق لە بەردەم ئاڵنگاری و ئاستەنگی زۆر گەورەدایە و، ئەوەی کە دەبینرێت ئەم وڵاتە پتر لەوەی وڵاتی مافەکان بێت وڵاتی ئەرکەکانە.