مافی خوێندن بە زمانی دایک

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

نێلسون ماندێڵڵا: "ئەگەر لەگەڵ کەسێک بە زمانێک قسە بکەیت کە لێی تێ دەگات، ئەوا قسەکە دەچێتە ناو مێشکییەوە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ کەسێک بە زمانی دایکی قسە بکەیت، ئەوا قسەکە دەچێتە ناو دڵییەوە."

پێشەکی

لەسەر گۆی زەوی، پتر لە حەوت ملیار کەس دەژین کە بە پتر لە ٦٥٠٠ زمان لەگەڵ یەکتر قسە دەکەن. بەڵام دۆخەکە بۆ هەموو زمانەکان وەک یەک نییە؛ بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی گۆی زەوی لە هەلی یەکسان بۆ فێربوون و خوێندنی زمانی دایک بێبەشن. هەر بۆیە، بە مەبەستی گرنگیدان بە خوێندن بە زمانی دایک و پاراستنی هەموو زمانەکان، ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی زمانی دایک دیاری کردووە. یۆنسکۆ، ئەم بابەتەی لە چوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی بەردەوامی کارکردن هەتا ساڵی ٢٠٣٠ دەستنیشان کردووە و، هەوڵ بۆ ڕیزگرتنی بەکارهێنانی زمانی دایک لە پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و پاراستن و بەهێزکردنی فرەزمانی دەدات. فرەزمانی سەرچاوەی هێز و هەلە بۆ مرۆڤایەتی، کە تێیدا فرەفەرهەنگی ڕەنگ دەداتەوە و هانی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بۆچوون و وێناکان دەدات. بە لەناوچوونی بەشێک لە زمانەکان، جیهان لە ڕووی گەنجینەی ڕۆشنبیرییەوە هەژارتر دەبێت.

زمانناسان هۆشداریی ئەوەیان داوە کە ئەگەری لەناوچوونی ٤٠% زمانەکان لە جیهاندا هەیە؛ هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی یۆنسکۆ ده‌ستیان كرد به‌ داڕشتنی گەڵاڵەیەک بۆ پاراستنی زمانەکان لە جیهاندا، کە ناونانی ٢١ی شوبات وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک( International Mother Language Day)  بە یەکێک لەو هەوڵانە دادەنرێت. ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، کە لە ١٩ دەوڵەتی جیهان کە لە ڕووی پێشکەوتنی تەکنیکییه‌وه‌ لە ڕیزی هەرە پێشەوەن، خوێندن و توێژینەوەیان بە زمانی دایکە. هەروا لە توێژینەوەیەکی تردا ئەوە دەرکەوتووە کە لە ٥٠٠ باشترینی زانکۆکانی جیهان کە لە ٣٥ دەوڵەتدا هەڵکەوتوون، هەر هەموویان بە زمانی دایک دەخوێنن. بەدەر لەمەیش، هەندێک لەو توێژینەوانەی کە ئەنجام دراون ئەوە دەردەخەن، کە خوێندن بە زمانێکی تر جگە لە زمانی دایک لە قۆناغی سەرەتایی، ئەنجامی نەرێنیی هەیە لەسەر گەشەی زمانی و سۆزداری و پێبەندیی ئەو منداڵانە بە زمان و کەلتووری خۆیان. لەم وتارەدا باس لە گرنگیی زمانی دایک و ڕەنگدانەوەی ئەم مافە دەکەین لە بەڵگەنامە و دیکۆمێنتە نێودەڵەتییەکاندا.

گرنگیی خوێندن بە زمانی دایک

خوێندن بە زمانی دایک مافێکی سروشتی و سەرەتاییی هەر مرۆڤیکە. زمان بەدەر لەوەی کە ئامرازی دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان مرۆڤەکان، لە هەمان کاتدا بە یەکێک لە بنەماکانی ناسنامه‌ی نەتەوەیی دادەنرێت. مرۆڤ لە هەر شوێنێکی گۆی زەوی بێت وەک یەکێک لە بنەماکانی مافی هاووڵاتیبوون، مافی هەیە بە زمانی دایک بخوێنێت. هەر بۆیە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە جیهان و لە سەروویانەوە ڕێکخراوی یۆنسکۆ بە خستنەڕووی چەندین ڕێککەوتن و ڕاگەیاندراو، خوازیاری پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایکن لە جیهاندا و ناونانی ٢١ی شوباتیش وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، بە یەکێک لەو هەوڵ و هەنگاوانە دادەنرێت. مافی قسەکردن و خوێندن بە زمانی دایک، مافێکی سروشتی و مرۆیییە کە لە جیهانی ئەمڕۆ وەک مافێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دانی پێدا نراوە و بەپێی مانیفێستی یۆنسکۆ، دەوڵەتانی جیهان لەسەریانە کە ئەم میراتە بەنرخە ڕۆشنبیرییە بپارێزن.

لە لایەکی ترەوە، دەروونناسانی بواری منداڵان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە منداڵان سەرەتا بە زمانی دایک هەست و نەستی خۆیان دەردەبڕن و، بە زمانی دایک یەکەم جار خۆیان و دەوروبەریان دەناسن. ڕەوتی فێربوونی زمانی دایک هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە دەست پێ دەکات و لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیە فاکتەرەکانی ناسنامه‌ی تاکفۆرمیی خۆیان وەردەگرن و، ئەو توانایە بە منداڵ دەبەخشن کە لەناو کۆمەڵگەی خۆیدا ڕۆڵ بگێڕێت. سنوورداربوونی ئەم پرۆسە سروشتییە، تواناییی منداڵ بۆ خوێندن و فێربوون لەبار دەبات و بۆ دروستکردنی پەیوەندیی سروشتی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر تووشی گرفتی دەکات. بۆیە، هەر هەوڵێک بە ئاراستەی سنووردارکردن یان ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی زمانی دایک، بە واتای هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ڕۆشنبیری و هزری ئەو نەتەوەیە دێت.  

بەگوێرەی ئەو توێژینەوە بەربڵاوانەی کە لە سێ دەیەی ڕابردوو لەسەر منداڵانی دووزمانە ئەنجام دراون، خوێندن بە زمانی دایک ڕۆڵێکی گرنگ لە پێشکەوتنی زانستیی زمانی دووەم دەگێڕێت. ئەو منداڵانەی کە زمانی یەکەم، واتا زمانی دایک دەپارێزن و چەمک و زانیارییەکان بەو زمانە فێر دەبن، ئەگەری سەرکەوتن و لێهاتوویییان لە زمانی دووەم زیاتر دەبێت. بۆ نموونە، لە مالیزیا کە بە یەکێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئابووری و پیشەسازی دادەنرێت، سەرەتا زمانی ئینگلیزی وەک زمانی خوێندن لە بواری ماتماتیک و زانستەکان بەکار دەهات و، ئەمەیش بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرا لە ڕەوتی پیشەسازی و ئابووریی مالیزیادا، بەڵام پاش شەش ساڵ لەم تاقیکردنەوەیە دەوڵەتی مالیزیا بڕیاری وەستاندنی ئەم پرۆژەیەی دا و گەڕایەوە بۆ خوێندن بە زمانی مالاوی؛ چونکە بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لە پتر لە ١٠٠٠٠ قوتابخانە ئەنجامیان دابوو بۆیان دەرکەوت، کە پرۆژەی خوێندن بە زمانی ئینگلیزی سەرکەوتوو نەبووە و تا ئاستێکی بەربڵاو بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی قوتابیان. 

زمانی دایک، ئەو زمانەیە کە تاک، ناسنامه‌ی خۆی لێ وەردەگرێت و ڕۆڵێکی گرنگ لە پەیوەندییە کەسییەکانی دەگێڕێت و تاک بەو زمانە بیر دەکاتەوە و خەیاڵ دەکات و، یەکەمین چەمک و واتاکان بەم زمانە لە زەینیدا فۆرم وەردەگرن. خوێندن بە زمانی دایک دەبێتە هۆی متمانەبەخۆبوون، لەخۆنامۆنەبوون، ئاسانکاری بۆ پرۆسەی فێربوون، فراوانبوونی توانای داهێنان و زیاتربوونی تامەزرۆیی بۆ خوێندن لە منداڵدا.

چەمکی مافی خوێندن بە زمانی دایک

مافی خوێندن بە زمانی دایک، بریتییە لە مافی تاکەکان بۆ فێربوونی زمانی دایک و هەروا مافی کەمینەکان بۆ فێربوونی زمانی خۆیان بە مەبەستی پاراستن و گەشەکردن و گەرەنتیکردنی گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بە هەر دوو شێوەی فێرکردن و خوێندن بە زمانی دایک هەروەک زمانێکی ستانداردی فێرکاری یان وەک یەکێک لە بابەتەکانی خوێندن.

دەوڵەت-وڵاتانی ئەمڕۆ چ بە هۆی شێوازی مێژووییی دروستبوونیان و، چ بە هۆی شەپۆلی بەربڵاوی کۆچ و پەنابەرێتی لە سەدەکانی بیست و بیست و یەک خاوەن پێکهاتەی دانیشتووانی یەکسان و هاوجۆر نین. هەر بۆیە، فرەیی و چەندێتیی ڕەگەزی، ئیتنیکی، فەرهەنگی و ئایینی، بە تایبەتمەندیی دیاری دەوڵەت-وڵاتان دادەنرێت. ئەم فرەیییە لە بواری زمانی، خاوەن ڕەهەندێکی زۆر بەربڵاوترە. لە جیهانی ئەمڕۆ ٦٠٠٠ زمانی زیندوو هەیە، لە کاتێکدا لەسەر گۆی زەوی تەنیا ٢٠٠ یەکەی سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەت-وڵات هەیە، کە هیچ کامیان لە ڕووی زمانییەوە یەکدەست و هاوجۆر نین.

"یۆهان ئامووس کۆمنیۆس" کە بە باوکی پەروەردە و فێرکردنی نوێ لە جیهان دەناسرێت، لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٧ کۆمەڵێک ڕێسای بۆ پەروەردە و فێرکردن داناوە کە جیهان تاکوو ئێستا پەیڕەویی لێ دەکات. ناوبراو هەمیشە جەختی لەسەر پێویستیی کەڵکوەرگرتن لە زمانی دایک دەکردەوە و، لەو باوەڕەدا بوو کە هەتا تەمەنی ١٢ ساڵان پەروەردە و فێرکردن، دەبێت تەنیا بە زمانی دایک بێت و، پاش ئەم تەمەنە دەکرێ خوێندن بە زمانەکانی تر بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

ڕەگ و ڕیشەی مێژووییی سەرهەڵدانی ئەم ڕۆژە، بۆ وڵاتی بەنگلادیش دەگەڕێتەوە. لە ڕێکەوتی ٢١/شوبات/١٩٥٢ قوتابیانی زانکۆکانی شاری داکای پایتەختی بەنگلادیش کە ئەوکات بە پاکستانی ڕۆژهەڵات دەناسرا و بەشێک بوو لە وڵاتی پاکستانی ئەمڕۆ، وەک ناڕەزایی بەرامبەر بە خوێندن بە زمانی دایک دەستیان دایە خۆپیشاندان، کە لە لایەن پۆلیسەوە سەرکوت کرا. خۆپیشاندەران خوازیاری ئەوە بوون کە زمانی بەنگاڵی وەک زمانی دووەمی پاکستان لە پاڵ زمانی ئۆردوو دانی پێدا بنرێت. خەباتی بەنگلادیشییەکان سەرەنجام گەیشتە ئاکام و پاش حەوت ساڵ سەربەخۆیییان بەدەست هێنا و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا ڕێوڕەسمێکیان ئەنجام دەدا. لە ١٧/نۆڤەمبەری/ ١٩٩٩ دەوڵەتی بەنگلادیش بەفەرمی پێشنیاری بە یۆنسکۆ کرد، کە ڕۆژی ٢١ی شوبات وەک ڕۆژی جیهانۆی زمانی دایک دانی پێدا بنرێت. ئەوە بوو کە ئەم پێشنیارە لە سییه‌مین دانیشتنی ئەو ڕێکخراوە پەسند کرا و لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە.

زمانی دایک لە دیکۆمینتە نێودەوڵەتییەکان

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، گرنگی و پێویستیی خوێندن بە زمانی دایکی وەک مافێکی سەرەکیی مرۆڤ پەسند کردووە؛ بە جۆرێک کە لە چەندین ڕێککەوتننامە و ڕاگەیاندراوی نێودەوڵەتی وێڕای داننان بە مافی تاکەکان بۆ خوێندن بە زمانی دایک، پابەندیی ئەرێنی و نەرێنیی دەوڵەتەکان لە داننان بەم مافە جەختی لەسەر کراوەتەوە. مەبەست لە پابەندیی ئەرێنی، ئەو پابەندییانەیە کە دەوڵەتان بەپێی ڕێککەوتن و ڕاگەیاندراوەکان لەسەریانە دەستەبەری بکەن، وەک ئاسانکاری و دابینکردنی هەلومەرج و پێداویستییەکان و پاراستنی پێویست، هەتا تاکەکان بتوانن مومارەسەی ئەم مافەیان بکەن. هەروا مەبەست لە پابەندییە نەرێنییەکان، ئەو بەڵێنەیە کە ڕێگە لە دەوڵەتان دەگرێت کە دەستدرێژی بکەنە سەر ئەم مافە. لە خوارەوە ئاماژە بەو ڕێککەوتن و دیکۆمێنتانە دەکەین کە باس لە مافی خوێندن بە زمانی دایک دەکەن:

١) ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی مافە شارستانی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦ لە بەندی ٢٧ خۆیدا دەڵێت: لەو وڵاتانەی کە کەمینەی ڕەگەزی، ئایینی یان زمانییان هەیە، نابێ تاکەکانی سەر بەو کەمینانە لە مافی پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە و کەڵکوەرگرتن لە کەلتوور و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و بەکارهێنانی زمانی خۆیان بێبەش بکرێن.

٢) ڕێککەوتننامەی مافی منداڵ ساڵی ١٩٨٩ لە چەندین بەندی خۆی و لەوانە بەندی ٣٠ دەڵێت: لەو وڵاتانەی کە کەمینەی خۆجێ، ئایینی یان زمانییان هەیە یان ئەو کەسانەی کە ڕەگ و ڕیشەی خۆجێیان هەیە، منداڵانی سەر بەو کەمینانە یان خۆجێیانە، نابێ لە مافی کەڵکوەرگرتن لە کەلتوور، ئایین یان زمانی خۆیان لەگەڵ ئەندامانی دیکەی گرووپەکانیان بێبەش بکرێن.    

٣) ڕاگەیاندراوی مافی تاکەکانی سەر بە کەمینە ئیتنی، نەتەوەیی، ئایینی و زمانیی ساڵی ١٩٩٢ لە بڕگەکانی ٣ و ٤ بەندی ٤ دەڵێت:

بڕگەی ٣: دەوڵەتانی ئەندام بەپێ دەرفەت، دەبێت کرداری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی تاکەکانی سەر بەو کەمینانە هەلومەرجی لەباریان بۆ بڕەخسێت بۆ فێربوونی زمانی دایک و یان وەرگرتنی یاسا و ڕێساکان بە زمانی دایکی خۆیان.

بڕگەی ٤: دەوڵەتانی ئەندام دەبێت ئامادەکاریی پێویست ئەنجام بدەن بۆ خوێندن بە زمانی دایک و هاندان بۆ وەدەستهێنانی زانیاریی مێژوویی، نەریتەکان، زمان و ئەو ڕۆشنبیرییەی کە لەناو ئەو سنوورانەدا هەیە کە ئەو کەمینانە تیایدا دەژین.

٤) ڕاگەیاندراوی جیهانیی مافی زمانیی ساڵی ١٩٩٦ کە ئەم ڕاگەیاندراوە لە ٥٢ بەند پێک هاتووە و تێیدا هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە پاراستنی زمانی کەمینەکان و ئەرکی دەوڵەتانی لەم بارەیەوە دیاری کردووە.

٥) چارتی زمانی دایکی یۆنسکۆ: ئەم چارتە لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە ئامادە و پەسند کراوە و بەپێی بەندەکانی ئەم چارتە هەموو قوتابیانی قوتابخانەکان دەبێ خوێندنی فەرمیی خۆیان بە زمانی دایک ئەنجام بدەن و، هەروا هەموو دەوڵەتان لەسەریانە کە هەموو سەرچاوەکان و کەرەستە و ئامرازە پێویستەکان بەرهەم بهێنن و دابەشی بکەن و، بۆ خویندنی زمانی دایک دەبێ بەپێی پێویست مامۆستا ئامادە و پەروەردە بکات. هەروا ئەم چارتە خوێندن بە زمانی دایک بە ئامرازێک دەزانێت بۆ یەکسانیی کۆمەڵایەتی.

٦) ڕێککەوتننامەی دژ بە جیاکاری لە پەروەردە و فێرکردن، پەسندکراوی یۆنسکۆ لە ساڵی ١٩٦٧. 

٧) ڕاگەیاندراوی نەهێشتنی هەر جۆرە نایەکسانی و جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین کە لە ساڵی ١٩٨١ لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کراوە و، تێیدا باس لەوە دەکات کە نابێ هیچ جیاکارییەک بەرامبەر بە کەمینە و ئیتنیکەکان ئەنجام بدرێت و مافی کەڵکوەرگرتن لە ئایین و زمانی خۆیانیان هەیە.

٨) لە ١٦/ئایار/٢٠٠٧ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری ژمارە A/RES/61/266، دەوڵەتانی ئەندام هان دەدات بۆ پاراستنی هەموو ئەو زمانانەی کە گەلانی جیهان بە کاری دەهێنن. هەروا بەپێی ئەم بڕیارە کۆمەڵەی گشتی، ساڵی ٢٠٠٨ی بە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان دەستنیشان کرد بۆ بەهێزکردنی لێکگەیشتنی نێودەوڵەتی لە بواری فرەزمانی و فرەکەلتووری.

بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت، کە دیکۆمێنتە نیودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەدەر لە ڕەگەز، زمان، ئایین و...، مافی خوێندن بە زمانی دایک بە مافێکی سەرەتایی و سەلمێنراوی هەر هاووڵاتییەک دەزانن و، لەم ڕووەوە پشت بە بنەمای یەکسانی و ڕەتکردنەوەی جیاکاری دەبەستن. جگە لەو دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییانەیش، کۆمەڵێک دیکۆمێنتی هەرێمییش هەیە کە باس لە مافی کەمینە زمانی، ئایینی و ڕەگەزییەکان دەکات، وەک: چارتی ئەوروپیی زمانە هەرێمییەکان و کەمینەکان و ڕاسپاردەی لاهای سەبارەت بە مافی خوێندنی کەمینە نەتەوەیییەکان و هتد.

ئەنجام

زمانی دایک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە فۆرموەرگرتنی ناسنامه‌ی تاکەکان و، سروشتییە لە ڕێگەی خوێندن و فێرکردنەوە مرۆڤ بەسەر ئەو زمانەدا زاڵ دەبێت. خوێندن و فێرکردن بە زمانێک جگە لە زمانی دایک، دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندن، گەشەنەکردنی توانای داهێنان و نیگەرانیی کۆمەڵایەتی. لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە خوێندن بە زمانی دایک لە کۆمەڵگە فرەزمانەکاندا، دەبێتە هۆی یەکگرتووییی زمانی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ زمانەکانی تر؛ هەر بۆیە بێبەشکردنی بەشێک لە هاووڵاتیانی کۆمەڵگە لەم مافە، دەتوانێ دەرەنجامی زۆر ترسناکی بەدواوە بێت و، کەلێنی ناو دانیشتووانی وڵات زیاتر بکات و بە تێپەڕبوونی کات زیانی گەورەی بەدواوە دەبێت.

لە ڕووی یاساییشەوە، مافی خوێندن بە زمانی دایک یەکێکە لە مافە سەرەتایی و سەرەکییەکانی مرۆڤ کە پێویستە لە دەستوور و یاسای ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە فرەزمانن بەفەرمی بناسرێت؛ هەروەک چۆن لە دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ باسی لێ کراوە و جەختی لەسەر کراوەتەوە. هەر لە سۆنگەی ئەم گرنگیپێدانەیە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وێڕای داننانی ڕۆژی ٢١ شوبات وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، چەندین دیکۆمێنتی نێودەوڵەتییشی لەم بارەیەوە دەرکردووە و جەختی لەسەر خوێندن بە زمانی دایک کردۆتەوە.