ئەمریکا و هێزی نەرم- بەشی دووەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

 - سینەما و فیلم و هۆڵیوود

سینەما و فیلم و هۆڵیوود وەک سێ ڕەگەزی سەرەکیی نێو هێزی نەرمی ئەمریکی، بەیەکەوە لە سەرنجڕاكێشانی وڵاتانی جیهان و پەیوەستکردنیان بە ئەمریکا و بە مێژوو و شارستانییەت و شێوە ژیانی ئەمریکییەکانەوە، ڕۆڵ دەبینن. فیلم و سینەما بە پایەیەکی هەرە بنەڕەتیی شارستانییەت و سیاسەتی کەلتووری و ژیاری لە جیهاندا دادەنرێت. هەموو نەتەوەیەک و هەموو وڵاتێک لە دونیادا بە شێوە و فۆڕم و میکانیزمی تایبەت بە خۆی، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فیلمەوە مێژوو، ڕابردوو، چیڕۆکە فۆلکلۆری و ئەدەبییەکانی، شێوە ژیان، ڕێسا و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانی، سیسته‌مە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکەی، ژێرخان و سەرخانەکەی، بەگشتی لە ڕێگەی فیلم و سینەماوە بە دونیا پیشان بدات و بیناسێنێت. لە ڕاستیدا سینەما ناوەندێکی کاریگەرە بۆ گواستنەوە و پیشاندانی چیڕۆک و سەرمایە و تواناکانی نەتەوەیەک بە نەتەوەکانی تر. ئەمریکا یەکێکە لەو یەکە سیاسییانەی دونیا کە بۆ سەپاندنی هێژموونی کەلتووریی خۆی بەسەر یەکە سیاسییەکانی تردا، هەم بەقووڵی و هەمیش بەوردی کار لەسەر فیلم و سینەما دەکات.

لە زۆربەی ناوەڕۆکی ئەو فیلمانەی کە ئەمریکا بەرهەمی دەهێنێت، ئەمریکا وەک هێزێکی گەورە و گەردوونی پیشان دەدات و هەندێک جاریش هێزەکانی دەرەوەی خۆی بچووک دەکاتەوە و وەک ئەکتەرێکی لاوەکی و ناسەرەکی دەیناسێنێت و؛ سەرەڕای ئەوەی لە زۆربەی فیلمەکاندا ئاڵای ئەمریکا و براند و بەرهەمە ئەمریکییەکان پیشان دەدرێن وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ هێز و توانا سیاسی و ئابووری و تەکنەلۆژییەکەی ئەمریکا، لە هەمان کاتیشدا فیلم و سینەمای ئەمریکی ساڵانە ملیاران دۆلار وەک داهات دروست دەکەن و ملیۆنان خەڵکیش لە دونیادا لە نەتەوە، کەلتوور، ڕەگەز، ئایین، مەزهەب و ئایدۆلۆژیی جیاوازەوە بینەری ئەم فیلمانەن و سەرسامن پێیان و هۆگری کاراکتەرە ئەمریکییەکانی نێو فیلمەکانن و لاسایییان دەکەنەوە.

 لە ڕاستیدا ئەمریکا لە ڕێگەی سینەماوە دەیەوێت ناسنامە و ستراتیژ و خەونەکانی خۆی هەناردەی دەرەوەی خۆی بکات، تاکوو لە ڕێگەیەوە بە جیهان بڵێت کە ئەمریکا چییە و دەیەوێت چۆن دەربکەوێت! لە لایەکی ترەوە لە ڕێگەی سینەماوە بەشیك لە بەها سیاسییەکانی وەک ئازادی، دیموکراسی، بازاڕی ئازاد و تاکگەرایی پیشانی دونیا دەدات، بۆ ئەوەی ببێت بە مۆدێڵ و نەتەوەکانی تر چاوی لێ بکەن!

ئەمریکا لە %١٠ فیلمە سینەمایییەکانی هەموو جیهان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە ڕێگەی ئەم ڕێژە بەرهەمهێنانەی لە فیلم و، لە ڕێگەی سەرقاڵکردنی بینەرە جیاوازەکان و پەیوەستکردنیان بەو فیلمانەوە، نیوەی کاتی هەموو جیهانی بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ کردووە. فیلم و بەرهەمەکانی "بۆڵیوود"یش لە ئەمریکا ئامادەیییان هەیە و پیشان دەدرێن، بەڵام وەک بەرهەم و فیلمەکانی "هۆڵیوود" کاریگەرییان نییە و سەرنجی خودی ئەمریکییەکان ڕاناکێشێت.

- خواردنە خێراکان (فه‌ست فوود) و پڕۆسەی "بەماکدۆناڵدکردن"ی دونیا

بەماکدۆناڵدکردنی دونیا و هێژموون لە ڕێگەی براندی خواردنە خێراکانی ئەمریکاوە، پایەیەکی تری هێزی نەرمی ئەمریکایە لە جیهاندا. ئەم براند و زنجیرە چێشتخانانە کە خواردنی خێرای ئەمریکی بە ماوەیەکی کەم و بە کاتێکی کەم ئامادە دەکەن، لە زۆربەی کیشوەر و وڵاتە جیاجیاکانی دونیادا ئامادەن و خواردنی ئەمریکیی جۆراوجۆر پێشکەش بە کڕیارانیان دەکەن. هەر لە "ماکدۆناڵد"ەوە تا دەگاتە "کەی ئێف سی" (KFC)، "پیتزا هەت" و "بێرگەر کینگ" و ...، ئەم براند و چێشتخانانە ڕاستە خواردن پێشکەشی کڕیاران دەکەن وەک پڕۆسەیەک بۆ تێرکردنی جەستە و خۆراکپێدانی جەستە، بەڵام لە پاڵ ئەمانەیشدا ئەم خواردنانە بەشێکن لە کەلتوور و فەرهەنگی ئەمریکی و پەیوستن بە ڕابردوو و مێژوو و یادوەریی خودی ئەمریکییەکانەوە و، کڕیار لە هەر شوێنێکی دونیا کاتێک تامی ئەو خواردنانە دەکات و بەریەککەوتنیان لەگەڵدا دروست دەکات، ڕاستەوخۆ وێنەیەکی ئەمریکی لە خەیاڵی دروست دەبێت، بەر لەوەی وەک سەرچاوەی چێژ و ئامرازێک بۆ تێرکردنی جەستەی لە خەیاڵی خۆیدا وێنای بکات.

یەکێک لەو زنجیرە براند و چێشتخانانە "ماکدۆناڵد"ە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لقی هەیە و ڕۆڵ دەگێڕێت. "جۆرج ڕیتزەر" ئەم پرۆسە و ستراتیژە بە پرۆسەی "بەماکدۆناڵکردن"ی کۆمەڵگە جیاوازەکانی دونیا و بەستنەوەیان بە ئەمریکاوە ناو دەبات. لە ڕاستیدا بەماکدۆناڵکردنی دونیا یەکێکە لەو چەمکە کۆمەڵناسییانەی کە لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە لە لایەن سۆسیۆلۆگی ئەمریکی "جۆرج ڕیتزەر"، وەک دیاردەیەکی سۆسیۆلۆژی هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی دونیاوە و بووە بە بەشێک لە هێزی نەرم. یەکێک لە ئارگیۆمێنتە سەرەکییەکانی نێو تێز و کتێبەکەی "جۆرج ڕیتزەر"، پڕۆسەی لەدایکبوون و بەرهەمهێنانی کەلتوورێکی یونیڤێرساڵی ئەمریکییانەیە، تاوەکوو لە ڕێگەی زنجیرە خواردنگەکانی ماکدۆناڵدەوە نەتەوە جیاوازەکان بەخۆیەوە ببەستێتەوە و کەلتوور و فەرهەنگی ئەمریکییان بەسەردا زاڵ بکات و بسەپێنێت و قووڵاییی ستراتیژی و هێزێکی نوێی خێرا و کاریگەریش بۆ خۆی دروست بکات، کە بەشێک لە توێژەرانی سیاسی، بە هێزی نوێی ئەمریکییەکانی دادەنێن.

"جۆرج ڕیتزەر" پێی وایە ئەم چێشتخانە و خواردنە خێرایانەی ئەمریکا، بونیادێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و هێزێکی نوێی ڕێکخراون و سەر بە کەلتوور و بیرکردنەوە و فەلسەفەی کۆمەڵایەتیی ئەمریکان و وەک هێزێکی عەقڵانییش شێوە ژیانی کۆمەڵگەی سەدەی بیست و یەکەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە ڕێک دەخەن و ناسنامەیەکی نوێی تاکگەراییش بەرهەم دەهێنن؛ پێچەوانەی "ماکس ڤێبەر" کە ڕوانینێکی تری هەبوو بۆ پرسی ڕێکخستنی هێز، کە زیاتر پەیوەستی کردبوو بە دامەزراوە بیرۆکراتی و کارگێڕییەکانەوە؛ هەرچەندە فۆڕم و ڕێکخستنی بیرۆکراسییەتیش جۆرێکە لە هێزی نەرم و، هەر وڵات و نەتەوەیەک جۆرێک لە بیرۆکراسییەت و دەزگه‌ و یەکەی بیرۆکراسیی تایبەت بە خۆی پەیڕەو دەکات.

بەگشتی ئەمڕۆ ژمارەی زنجیرە چێشتخانەکانی ماکدۆناڵد دەگاتە ٣٧ هەزار لق لە ١٤٠ وڵاتی جیاوازی دونیادا. هەر لە ناوخۆی ئەمریکاوە تا دەگاتە تورکیا، سینگاپۆر، ئیندۆنیزیا، مالیزیا، وڵاتانی ئەمریکای لاتین، بڕازیل، ئارژانتین، وڵاتانی ئەوروپا، ئیسپانیا، فەڕەنسا و وڵاتانی باشووری ئەفریقا و...، بەگشتی هەمبەرگر و خواردنەوە گازی و گەرمەکان پێشکەش بە میوانان دەکەن، بەڵام بە مۆدێڵێکی ئەمریکییانە و مەبەستی سەرەکییش لەمە، جگە لە سوود و قازانج لە ڕووی ئابوورییەوە، پەیوەستکردنیانە بە مۆدێڵی ژیانی ئەمریکی و فەرهەنگی ئەمریکی و دواتریش ناچارکردنی بەکاربەران و ئاڵوودەبوونیان بە خواردن و خواردنەوەی ئەمریکی و سەرسامبوون پێیانەوە و، بەمەیش ئەمریکا وەک هێزێکی گەردوونی لە هەموو کۆمەڵگە جیاوازەکانی دونیادا، دەبێت بە خاوەنی هێژموون و هێز و سەرچاوەکانی سەرەکییەکانی هێز.

بەگشتی پڕۆسەی "بەماکدۆناڵکردن" لە ڕێگەی چوار بنەمای سەرەکی کار دەکات و وەک ئامێرێکی میکانیکییش دەجووڵێت و ئەرک و جووڵەکانی خۆی نوێ دەکاتەوە:

یەکەم: لێهاتوویی

لێهاتوویی، واتە چۆن ئامراز و کەرەستە خاوەکان ئامادە دەکەیت و بە بەکاربەر و کڕیاری دەگەیەنیت، بەڵام بە مۆرکێکی ئەمریکییانە و هێما و سیمبوڵی ئەمریکی.

دووەم: ژماردن و ژمێرکاری

ژماردن و ژمێرکاری بە مانای ئەوەی چۆنێتیی ئەنجامدانی پڕۆسەکە و دەرەنجام و لایەنە ئەرێنییەکانی بەئاسانی بژمێردرێت و لێک بدرێتەوە و ئاڵۆز و تەمومژاوی نەبێت، چونکە ماکدۆناڵد وەک براند، جگە لە کاریگەرییە کەلتووری و فەرهەنگییەکەی وەک بەشێک لە هێزی نەرم، هەوڵ دەدات لە ڕووی ئابووری و بازرگانییشه‌وه‌ سوود و داهاتێکی زۆر بۆ ناوخۆی ئەمریکا دروست بکات.

سێیەم: توانای پێشبینکردن

واتە هەم لە ڕووی کاتەوە هەمیش لە ڕووی شوێنەوە، پڕۆسەکە دەرەنجامێکی باشی هەبێت و سەرکەوتوو بێت و بتوانێت کاریگەری و هێژموون و ئامانجەکانی خۆی لەناو چوارچێوەیەکی کەلتووری نائەمریکی بپێکێت و سەرنجی خەڵکانی تر بۆ خۆی ڕابکێشێت، چونکە مەرج نییە ڕێژەی پێشوازیکردنی ئەم براندە لە کەلتوورێکەوە بۆ کەلتوورێکی تر و لە سیسته‌مێکی کۆمەڵایەتیی تایبەتەوە بۆ سیسته‌مێکی کۆمەڵایەتیی ترەوە، بە یەک ئەندازە و هاوشێوە و وەک یەک بێت.

چوارەم: کۆنتڕۆڵکردن و دەورەدانی خەڵک

دەورەدان و چوارچێوەدارکردن و سەرنجڕاکێشانی خەڵک لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێر و کەرەستە و هێما و لۆگۆ و دروشم و ڕەنگی سادە و ساکار و ساناوە تاوەکوو زیاتر بچێتە نێو دڵ و دونیابینی و سیسته‌می بیرکردنەوەی خەڵکه‌وه‌ و لەگەڵ ژیانی ڕۆژانە و ئاسایییان تێکەڵ ببێت و بەئاسانی لەبیریان نەچێتەوە و زۆرترین ماوە و کات لە خەیاڵ و یادگە و یادەوەریی درێژخایەنیان بمێنێتەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەم براندە کار لەسەر دیزاین و فۆڕمێکی سادەی ڕێکخستن و دانیشتن و خشتەی خواردنەکان و شوێنەکەی دەکات، بۆ ئەوەی زۆر ئاڵۆز و قووڵ و بێزارکەر دەرنەکەوێت.

بە شێوەیەکی گشتی، ماکدۆناڵد هەوڵ دەدات و کار لەسەر دروستکردن و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ و هێزێکی کۆمەڵایەتیی نوێ، لەناویشیدا هێزێکی لیبڕاڵ و نەرم و تاکگەرایییانە دەکات و، دواتریش هەوڵ دەدات ئەم پڕۆسە و براندسازییە درێژ بکاتەوە و بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی تری دونیا و دەرەنجامیش بەماکدۆناڵکردنی دونیا و بەسەنتەرکردنی ئەمریکای وەک هێزێکی گەردوونی لێ بکەوێتەوە؛ یان بە لایەنی کەمەوە ئەمریکا وەک مۆدێڵی ژیان و بیرکردنەوە و کەلتوور، بکات بە بەشێک لە جیهان و دونیای ئەمڕۆ و، بیکات بە کەلتووری زاڵ لە بەرامبەر کەلتوورەکانی تردا.