جینۆسایدی فەرهەنگی لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا

ئازاد وەڵەدبەگی

تۆماس مەکولای (ئەندازیاری سیاسەتی فێرکردنی زمانی ئینگلیزی بە گەلانی ژێردەستە): "لەو باوەڕەدا نیم هەرگیز بتوانین بەسەر ئەم وڵاتەدا (هندوستان) زاڵ ببین ئەگەر نەتوانین بڕبڕەی پشتی بشکێنین، کە بریتییە لە زمانەکەی و کەلتوورەکەی و کەلەپوورە ڕۆحییەکەی."

پێشەکی

یاسای نێودەوڵەتی لە سەدەی بیستەم بۆ یەکەم جار خۆی لە قەرەی باسەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ دا. بە سەرنجدان بە سیاسەتی سەرکوتکردنی فەرهەنگی لە لایەن هەندێک لە دەوڵەتان بە درێژاییی مێژوو هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، ئەو پرسیارە بەردەوام بە مێشکماندا گوزەر دەکات کە ئایا جینۆسایدی فەرهەنگی چۆن پێناسە دەکرێت و ئایا ئەم جۆرە لە جینۆساید بە واتا یاسایییەکەی بوونی هەیە؟ ئایا بۆچی بە سەرنجدان بەو پێشکەوتنانەی کە لە بواری مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی هاتوونەتە ئاراوە، هێشتا جینۆسایدی فەرهەنگی لە دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکاندا بەفەرمی نەناسراوە؟ ئایا جینۆسایدی فەرهەنگی هەروەک جینۆسایدی فیزیکی و بایۆلۆژی بە تاوان دادەنرێت و، دەکرێت داوایەکی لەو جۆرە بخرێتە بەردەم دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی یان نا؟

جینۆسایدی فەرهەنگی، بەزۆری وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی جینۆسایدی فیزیکی بەکار دێت؛ واتە ئەم جۆرەیش لە جینۆساید لە ڕاستیدا هەمان ئامانج و نیازی جینۆسایدی فیزیکیی هەیە. بەشێک لەو یاساناسانەی کە لە بواری جینۆساید کار دەکەن، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە جینۆساید تەنیا فیزیکی نییە و مەرج نییە تەنیا لەناوبردنی فیزیکی بگرێتەوە؛ ئەم گرووپە لەناوبردنی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانیش بە واتای جینۆساید لە قەڵەم دەدەن، هەروەک چۆن "ئادام جۆنز" لە کتێبی "پێشەکییەکی تێروتەسەڵ لەسەر جینۆساید"دا دەڵێت: "ناساندنی جینۆساید، بەو جۆرەی کە ببێتە هۆی لەناوچوونی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی گرووپێک، لە ڕیزی گرنگترینی ئەو بابەتانەن کە لە توێژینەوەکانی تایبەت بە جینۆساید لە ئارادان." بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، دەچینە ناو یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە هەر لە سەدەی بیستەمەوە تاکوو ئەمڕۆ لەناو خاوەنڕایانی یاسای نێودەوڵەتی لە ئارادا بووە و، هەتا ئێستایش مشتومڕ لەسەری بەردەوامە و تیشک دەخەینە سەر هەندێ لایەنی ئەم بابەتە.

پێشینەی مێژوویی جینۆسایدی فەرهەنگی

 کاتێک کە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید لە ساڵی ١٩٤٨ دەرچوو، زۆر کەس ڕەخنەی ئەوەیان گرت کە بۆچی باسی لە جینۆسایدی فەرهەنگی نەکردووە. هەرچەندە  بڕگەی ٣ لە بەندی ١ لە ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەکە باسی لە جینۆسایدی فەرهەنگی کردبوو، بەڵام دواتر لە لایەن زۆرینەی دەوڵەتانی ئەوسای ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەت کرایەوە؛ ئەمەیش وای کرد کە مشتومڕێکی دوورودرێژ لەم بارەیەوە سەر هەڵبدات. پاش دەرچوونی ڕێککەوتنەکەیش داوا کرا کە پرۆتۆکۆڵێکی هاوپێچ دەربچێت بۆ بەتاوانناساندنی جینۆسایدی فەرهەنگی، کە ئەم هەوڵەیش تاکوو ئێستا سەری نەگرتووە.

دەتوانین ڕافایل لیمکین بە پێشڕەوی تیۆریی جینۆساید لە قەڵەم بدەین، بەڵام هەموو تیۆری و بۆچوونەکانی ئەو لە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدی ساڵی ١٩٤٨ دەرفەتی جێگیربوونی پێ نەدرا. ئەو کۆمیتەیەی کە کاری لەسەر ئەم بابەتە دەکرد شەش کەس بوون کە لیمکین یەک لەوان بوو، بەڵام بە هۆی ململانێی ئەو کاتە لە نێوان بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بابەتی جینۆسایدی فەرهەنگی لە دەقی ڕێککەوتننامەکەدا نەگونجێندرا. وڵاتانی سۆسیالیستی، پاڵپشتی گونجاندنی چەمکی جینۆسایدی فەرهەنگی بوون لەناو ڕێککەوتنەکەدا، بەڵام دەوڵەتانی ڕۆژاوایی لە دژی وەستانەوە و لە کۆی ٤٥ وڵاتی بەشدار لە گفتوگۆکان ٢٥ دەوڵەت دژ و ١٦ دەوڵەت لەگەڵی بوون و ٤ دەوڵەتیش بێلایەن بوون. شیاوی باسە دەوڵەتانی ڕۆژاوایی ئەوکات بەڵێنیان دا، کە بە گونجاندنی بەندێک لەناو جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ لەسەر پاراستنی فەرهەنگ و شوێنەواری مێژوویی و ئایینیی کەمینەکان ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەم بەڵێنەیشیان نەبردە سەر و لە جاڕنامەیش باسێکی لەو جۆرە لە ئارادا نییە.

لە ساڵی ١٩٨٣ هەلێکی تر هاتە ئاراوە بۆ هەموارکردنی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید؛ بەو پێیە ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، "بنیامین ڤایتاکر"ی وەک ڕیپۆرتەری تایبەت ڕاسپارد هەتا ڕاپۆرتێک دەربارەی پێداچوونەوە و چاکسازی لە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید ئامادە بکات. ڤایتاکر لە ساڵی ١٩٨٥ ڕاپۆرتەکەی خۆی پێشکەش کرد و کۆمەڵێک دەرەنجامی سەرنجڕاکێش و داهێنەرانەی خستە ڕوو و خوازیاری هەموارکردنی ڕێککەوتننامەکە بوو، کە یەک لە پێشنیارەکانی بریتی بوو لە بەتاوانناساندنی جینۆسایدی فەرهەنگی، بەڵام ئەم ڕاپۆرتەی ناوبراو نەخرایە بەرنامەی کاری ئەنجومەنەکە و هەلێکی دیکە بۆ گونجاندنی ئەم بابەتە لە ڕێککەوتننامەکە لەدەست چوو.

چەمکی جینۆسایدی فەرهەنگی

زاراوەی جینۆسایدgenocide) ) لە دوو وشەی لاتینی genos بە واتای گرووپ و cide بە واتای کوشتن پێک هاتووە. ئەم زاراوەیە لە یاسای نێودەوڵەتی، یەکەم جار لە ساڵی ١٩٤٤ لە لایەن زانای ئەمریکیی بە ڕەگەز پۆڵۆنی، ڕافایل لیمکین، کە ڕاوێژکاری وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بوو، لە کتێبی "سەروەریی دەوڵەتانی میحوەر (میحوه‌ر؟) لە ئەوروپای داگیرکراو" بەکار هات؛ ئەمەیش بۆ خستنەڕووی تاوانەکانی ئەڵمانیای نازی لە کاتی جەنگی جیهانیی دووه‌م بەرامبەر بە گرووپە ئیتنی، کۆمەڵایەتی یان ئایینییەکان بەکار هات. پێناسەی لیمکین بۆ جینۆساید بەم جۆرە بوو: "داڕشتنی هاوئاهەنگی کردارە جۆراوجۆرەکان بە مەبەستی لەناوبردنی بنچینە سەرەکییەکانی گرووپە نەتەوەیییەکان بە ئامانجی لەناوبردنی خودی ئەم گرووپە. ئامانجی ئەم پرۆژەیە لەوانەیە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکان، ژیانی فەرهەنگی یان زمانی یان هەستی نەتەوایەتی، ئایینی یان ئابووریی گرووپە نەتەوەیییەکان و لە ئەنجامدا نەهێشتنی ئاسایش، ئازادی، سەلامەت و شکۆمەندی و تەنانەت ژیانی تاکەکانی سەر بەم گرووپانە بێت. جینۆساید دژ بە ژیان و بوونی گرووپێکی نەتەوەیی ئەنجام دەدرێت و کردارەکانی نەک دژ بە تاکەکان، بەڵکوو دژ بە ئەندامانی گرووپێکی نەتەوەیی ئەنجام دەدرێت." پێناسەکەی لیمکین پێناسەیەکی بەربڵاوە، هەر بۆیە هەر دوو جۆری جینۆسایدی فیزیکی و فەرهەنگی دەگرێتەوە.

سەبارەت بە ناوهێنانی ئەم زاراوەیە لە دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکان، ئەم زاراوەیە یەکەم جار لە ڕاسپاردەی ژمارە (٠١/٩٦) (ئەمە ژمارەی بڕیارەکەیە لە دەقەکەدا بەوجۆرە هاتووە) کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١١/١٢/١٩٤٦ بەکار هات؛ بە جۆرێک کە ئەم تاوانە ئیدانە کراوە و بە یەکێک لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان باسی لێوە کراوە، کە لە لایەن جیهانی شارستانییەوە ئیدانە دەکرێت. پاشان لە بڕیاری ژمارە ١٢٦٠ لە ٩/١٢/١٩٤٨ ناوی هاتووە کە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید لەخۆ دەگرێت و لە ١٢/١/١٩٥١ەوە بەرکارە.  

بە وتەی "دی ڤیبرس" جینۆساید تاوانێکی دژەمرۆیییە، کە بە سێ شێوازی جۆراجۆر دەردەکەوێت:

١) جینۆسایدی جەستەیی: بریتییە لە دەستدرێژیکردنە سەر ژیان و تەندروستی و سەلامەتیی جەستەیی.

٢) جینۆسایدی بایۆلۆژی: بریتییە لە دەستدرێژیکردنە سەر گەشەکردنی گرووپێکی مرۆیی لە ڕێگەی لەباربردنی ئافرەتان و نەزۆککردنی پیاوان.

٣) جینۆسایدی فەرهەنگی: بریتییە لە قەدەغەکردنی زمانی نەتەوەیی و دەستدرێژیکردنە سەر کەلتووری نەتەوەیی.

جینۆسایدی فەرهەنگی زاراوەیەکە بۆ باسکردن لە تێکدانی بەئەنقەستی کەلەپووری فەرهەنگیی نەتەوەیەک بە هۆکاری سیاسی، سەربازی، ئایینی، ئایدۆلۆژی و ڕەگەزی، بە مەبەستی لەناوبردنی بەشێک یان هەموو ژیانی فەرهەنگیی نەتەوەیەک یان گرووپێکی ڕەگەزی، ئیتنی یان ئایینی یان تێکدانی دامەزراوە فەرهەنگییەکانیان و دەستکەوتەکانیان لە بواری گەشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی لە قۆناغە مێژوویییەکان، وەک داهێنانەکان لە بواری زمان، هونەر، ئەدەبیات، زانستەکان، پەروەردە و ژیانی ماددی و مەعنەویی ئەو گرووپە.  لە سادەترین پێناسەدا دەتوانین بڵێین کە جینۆسایدی فەرهەنگی بریتییە لە ڕێگەگرتن لە قسەکردن بە زمانی نەتەوەیی و دەستدرێژیکردنە سەر کەلتووری نەتەوەیی. واتە  ئەو هۆکارانەی کە پاڵنەرن بۆ ئەم کارە، بریتین لە هۆکاری ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی یان ململانێی مێژوویی و هتد. شیاوی باسە لە ڕەشنووسی سەرەتاییی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید، ئەم ئامرازانەی خوارەوە دەتوانرێ بۆ جینۆسایدی فەرهەنگی بەکار بێت:

١) گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵان بۆ ناو گرووپە مرۆیییەکانی تر.

٢) دوورخستنەوەی زۆرەملێ و سیسته‌ماتیکی ئەو کەسانەی کە بە نوێنەری فەرهەنگیی گرووپێک لە قەڵەم دەدرێن.

٣) قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی گرووپی کەمینە لە ئاخاوتنی تایبەت و تاکەکەسی.

٤) لەنابردنی سیسته‌ماتیکی کتێبە چاپکراوەکان بە زمانی گرووپی کەمینە و هەروا لەناوبردنی بەرهەمە ئایینییەکان یان قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی کتێبی نوێ.

٥) لەناوبردنی سیسته‌ماتیکی شوێنەوارە مێژوویی و ئایینییەکان، یان شێواندنی چۆنێتیی کەڵکلێوەرگرتنی، شێواندن یان لەناوبردنی ئەو بەڵگەنامە و کەلوپەلانەی کە خاوەن بەهای مێژوویی، هونەری یان ئایینین، هەروا تێکدانی ئەو ئامرازانەی کە لە کاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

لیمکین لەو باوەڕەدا بوو کە گرووپێکی ڕەگەزی، نەتەوەیی یان ئایینی، بەبێ بوونی یەکگرتووییی ڕۆحی و مەعنەوی ناتوانێ لەسەر ژیانی خۆی بەردەوام بێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایە لیمکین لە ساڵی ١٩٤٧ لە گۆڤاری ئەمریکیی یاسای نێودەوڵەتیدا وتارێکی لەژێر ناوی "جینۆساید: تاوانێک لە یاسای نێودەوڵەتی"  بڵاو کردەوە، کە تێیدا باس لە دوو هێمای ئەم تاوانە دەکات: تاوانی "هۆڤیگەری" کە تێیدا گرووپە کۆمەڵایەتییەکان ڕیشەکێش دەکرێن و، تاوانی "دژایەتیکردنی زانست و هونەر" کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی شوێنەواری فەرهەنگی ئەم گرووپانە. سەرەڕای دژایەتیکردنی دوو کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی داڕشتنی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید، بەڵام لیمکین توانی ئەم بابەتە بەم جۆرە لە ڕێککەوتننامەکەدا جێ بکاتەوە:

بەپێی ڕەشنووسی کۆمیتەی تایبەتی داڕشتنی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید، جینۆسایدی فەرهەنگی بریتییە لە هەر یەک لەو کردارە بەئەنقەستانەی خوارەوە کە بە مەبەستی لەناوبردنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەک، گرووپە ڕەگەزی و ئایینییەکان بە هۆی بیروباوەڕی نەتەوەیی یان ڕەگەزی، یان ئایینی ئەنجام دەدرێت:

١) قەدەغەکردنی کەڵکوەرگرتن لە زمانی گرووپ لە ئاخاوتنی ڕۆژانە یان لە قوتابخانەکان یان قەدەغەکردنی چاپ و بڵاوکردنەوە بەو زمانە.

٢) لەناوبردنی کتێبخانەکان، مۆزەخانەکان، قوتابخانەکان، شوێنەوارە مێژوویییەکان، پەرستگەکان یان دامەزراوە و ئامرازە فەرهەنگییەکانی گرووپ یان قەدەغەکردنی کەڵکلێوەرگرتنیان.

هەروەک پێشتر باس کرا، نوێنەرانی وڵاتانی سۆسیالیستی و عەرەبی ڕەزامەند بوون لە گونجاندنی ئەم دەقە لەناو ڕێککەوتننامەکەدا، بەڵام وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکای لاتین بەتوندی دژی وەستانەوە؛ هەر بۆیە لە ئەنجامدا ئەم بابەتە لەناو دەقی ڕێککەوتننامەکەدا جێگیر نەکرا. تەنیا بابەتی گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گرووپێک بۆ ناو گرووپێکی تر لەناو ڕێککەوتننامەکەدا پەسند کرا. دەوڵەتانی دژ، بۆچوونیان وا بوو کە چەمکی گرووپە فەرهەنگییەکان واتایەکی ئاڵۆز لەخۆ دەگرێت کە دەرگە بەسەر دەستوەردانی سیاسی لە کاروباری ناوخۆییی وڵاتانی تر دەکاتەوە، هەر بۆیە لە ڕێککەوتننامەکەدا جێی نەکرایەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە جینۆسایدی فەرهەنگی، جینۆسایدێکی مەعنەویی ترسناکە و هەڕەشە لەسەر جۆری مرۆڤ دەکات و کردارێکی ناڕەوایە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاکوو ئێستا لەم بارەیەوە نەگەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی.

جینۆسایدی فەرهەنگی لە بڕیاری دادگە نێودەوڵەتییەکاندا

هەرچەندە چەمکی جینۆسایدی فەرهەنگی بۆ ماوەیەک لە باس و توێژینەوەکانی تایبەت بە جینۆساید بێدەنگیی لێ کرا، بەڵام ئەم چەمکە لە دەیەی ١٩٩٠ سەرلەنوێ لە پێشینە دادوەرییەکان زیندوو کرایەوە نەک وەک جینۆساید، بەڵکوو وەک بەڵگە و نیشانەیەکی پتەو بۆ ئەنجامدانی جینۆسایدی فیزیکی. ئەگەرچی پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان چەمکەکانی جینۆسایدی فیزیکی و بایۆلۆژی لەگەڵ جینۆسایدی فەرهەنگی هەیە، بەڵام چونکە لە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید و بە دوای ئەوانیش لە پەیڕەوی دادگەکانیش باسی لێوە نەکراوە، هەر بۆیە دادگەکانی تایبەت بە ڕواندا و یۆگسلاڤیا و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی هیچ ئاماژەیەکی پێ نەکراوە، چونکە ئەمە لە دەسەڵاتەکانی دادگەدا نییە. بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نایەت کە دادگەکان لەم بارەیەوە بەتەواوی بێدەنگ بن. دادگەی تایبەت بە ڕواندا لەم بارەیەوە هیچ ئاماژەیەکی نییە، بەڵام دادگەی تایبەت بە یۆگسلاڤیا سەرنجی خستۆتە سەر ئەم بابەتە.

دادگەی نێودەوڵەتیی سزاییی تایبەت بە یۆگوسلاڤیا لە بڕیاری خۆی لە کێشەی کرستیچ، باس لەوە دەکات کە لەناوبردنی هێما فەرهەنگییەکانی موسڵمانانی بۆسنیا لە لایەن سربەکانەوە وەک مزگەوت و کتێبخانەی سەرەکیی سارایۆڤۆ، بەڵگەیە لەسەر نیاز و مەبەستی سربەکان بۆ لەناوبردنی موسڵمانانی بۆسنیا وەک گرووپێکی ئایینی. دادگە لە بڕیارەکەی خۆیدا دەڵێت: "لەناوبردنی فیزیکی، سەلماوترین شێوازە بۆ لەناوبردنی گرووپێک، بەڵام لەناوبردنی گرووپێک لە ڕێگەی ڕیشەکێشکردنی ئامانجداری فەرهەنگ و ناسنامه‌یانه‌وه‌ شیاوی وێناکردنە. ئەم کردارە دەبێتە هۆی لەناوبردنی کۆتاییی ئەو گرووپە وەک پێکهاتەیەک کە بوونێکی جیاوازی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا هەیە. چەمکی جینۆساید کە لە ساڵی ١٩٤٤ لە لایەن ڕافایل لیمکین دانرا، سەرەتا هەموو شێوازەکانی لەناوبردنی گرووپێکی وەک پێکهاتەی جیاوازی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرت."

هەرچەندە دادگە ئەوەی خستۆتە ڕوو کە سەڵاحییەتی دادگه‌ییکردنی نییە لەسەر جینۆسایدی فەرهەنگی، بەڵام لە هەمان کاتدا باس لە ڕوودانی هاوکاتی شێوازە جۆراوجۆرەکانی جینۆساید دەکات و جینۆسایدی فەرهەنگییش وەک بەڵگەیەک دەزانێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە نیازی جینۆسایدی فیزیکیی گرووپێک لە ئارادایە.    

ئەنجام

هەرچەندە جینۆسایدی فەرهەنگی لە یاسای نێودەوڵەتیدا تاوانە، بەڵام نابێتە هۆی سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە. دەوڵەتانی جیهان لە ساڵی ١٩٤٨ نەیانتوانی بگەنە کۆدەنگی لەسەر گونجاندنی جینۆسایدی فەرهەنگی لەناو ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆساید و، نەیانتوانی لەم بارەیەوە ئەرکێکی یاسایی بخەنە سەر شانی دەوڵەتان، بەڵام دەکرێ ئەمڕۆ بە سەرنجدان بەو ئەزموونانەی کە مرۆڤایەتی لەو سەردەمەوە تاکوو ئێستا بەدەستی هێناوە و، هەروا مەترسیی تاوانی جینۆسایدی فەرهەنگی لەسەر ئاشتی و ئارامی لەناو کۆمەڵگە مرۆیییەکاندا و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەدی هاتوون و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، جارێکی تر ئەم بابەتە بخرێتە بەرنامەی کاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لە چەشنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامەیەکی نوێی تایبەت بە جینۆسایدی فەرهەنگی دەربچێت؛ بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی واقعی جیهانی ئەمڕۆ بێت و ڕێگر بێت لە بەردەم دەوڵەتانی ئەنجامدەری جینۆسایدی فەرهەنگی. بە هەر حاڵ، نابێ ئەو ڕاستییە لەیاد بکەین کە جینۆسایدی فەرهەنگییش هەروەک جینۆسایدی فیزیکی و بایۆلۆژی، بە یەکێک لە شێوازە بەئەنقەستەکانی لەناوبردنی هەر گرووپێکی زمانی، ڕەگەزی یان ئایینیی دادەنرێت؛ چونکە فەرهەنگ پێشمەرجی سەرەکیی ژیانی هەر گرووپێکە، کە بە لەناوچوونی فەرهەنگی ئەندامانی ئەو گرووپە، ئەوا گرووپەکەیش لەناو فەرهەنگەکانی تردا دەتوێتەوە و لەناو دەچێت.

بە سەرنجدان بە پێشینەی دادوەری لە دادگە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە جینۆسایدی فەرهەنگی، دوور نییە لە ئاییندەیەکی نزیکدا جینۆسایدی فەرهەنگی بە تاوان لە قەڵەم بدرێت. ئەم ئامانجەیش دەتوانێ بە سێ شێواز بێتە دی: یان ئەوەیە ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدی ساڵی ١٩٤٨ هەموار بکرێت و هەندێک بەندی نوێی تێدا بگونجێنرێت لەسەر جینۆسایدی فەرهەنگی، یان ئەوەتا ڕێککەوتننامەیەکی نوێی تایبەت بە جینۆسایدی فەرهەنگی بێتە ئاراوە، یاخود پەیڕەوی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی هەموار بکرێته‌وه‌ و بڕگەیەکی بۆ بەتاوانناساندنی جینۆسایدی فەرهەنگیی بۆ زیاد بکرێت.