تۆڕبەندى (التشبیک – Networking) لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیدا

ئارى ڕەفيق/ ماستەر لە كۆمەڵناسى

لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمدا چەمکى تۆڕبەندى بە هۆى ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەى بەسەر کۆمەڵگەکان و پێداویستییەكاندا هاتووە، زیاتر پەرەى پێ درا. ئەم چەمکەیش زێدەتر لەسەر ئاستى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆتە جێى بایەخى کۆمەڵگەکان؛ واتە چەمکێکە ئۆرگانە مەدەنییەکان خاوەندارێتى دەکەن، لە کاتێکدا دامەزراوەکانى دیکە کەمتر بایەخیان بە چەمکى تۆڕبەندى داوە.

ڕەنگە بەشێکى ئەم بایەخپێدانە پەیوەندیى بە یەکێک لە پرەنسیپە گرنگەکانى کارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنییه‌وه‌ هەبێ، کە پرەنسیپى قازانجنەویستىیە لە ئەجێنداى ئۆرگانى مەدەنیدا؛ لەبەر ئەوەى کارى تۆڕبەندییش لە پێناو قازانجى ماددیدا دروست نابێ و ڕێکخراوى مەدەنییش لە بنەڕەتدا بۆ دەستکەوتنى قازانجى ماددى دانامەزرێت، بەڵام چەمکى تۆڕبەندى بۆتە ناسنامه‌ى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى. هەندێ جار لەسەر ئاستى دامەزراوە ئەکادیمییەکان، میدیاکان، دامەزراوە حکوومییەکانیش لە چوارچێوەیەکى سنوورداردا پێک دەهێنرێن.

Barker (بارکەر)، یەکێک لە بایەخپێدەرانى کۆمەڵگەى مەدەنى، ئاوا کارى تۆڕبەندى دەناسێنى کە: ڕێکخراوەكانى کۆمەڵگەى مەدەنى خاوەنى سەرمایەیەکى کەڵەکەبووى خۆیانن؛ هەر لەو کاتەوەى کە دەچنە ناو بازنەى تۆڕێکى هاوبەشەوە، لەوێوە دەست دەکەن بە ئاڵوگۆڕکردنى ئەزموون و سەرمایەى مەعنەوى و مەعریفە و زانیارییەکان لەگەڵ یەکتریدا.

هەروەها لە ناساندنێکى تردا هاتووە کە تۆڕبەندى، بەتایبەتى لە بوارەکانى مافەکانى ئافرەت، لایەنى ژینگەیى، زانستى، تەندروستى، پرسە نەتەوەیییەکان، دەتوانێ کاریگەرییەکانى لەسەر لایەنە ناوخۆیى و دەرەکییەکان زیاتر بێ، چونکە ئەوەى دەسەڵاتى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى ناتوانن بیکەن، دەسەڵاتى پێنجەم کە "ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی"ن، دەتوانن بەتایبەت لە بوارى پرسە نەتەوەیییەکان و پرسە هەرێمییەکاندا بە میکانیزمى مەدەنییانە بەئەنجامى بگەیەنن. 

بایەخى "تۆڕبەندى" لە چەند خاڵێکدا:

- کارى تۆڕبەندى، میکانیزمێکى بەهێزە بۆ بیناکردنى پەیوەندییەکى باش لە نێوان ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى.

- کارى تۆڕبەندى وا دەکات، هێزى خواست و گوشارى ڕێکخراوەکان بۆ سەر دەسەڵاتەکانى تر زیاتر بێ. زۆر جار بەم پێکەوەبوونە دەتوانن بڕیارى گرنگ بە دەسەڵاتەکان دەربکەن؛ هەندێک جاریش ڕێنمایى و بڕیارەکانیان پێ هەڵبوەشێننەوە.

- کارى تۆڕبەندى سیمایەکى جوان بە کۆمەڵگەى مەدەنى دەبەخشێ، چونکە بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانى ڕێکخراوەیى دادەنرێت.

- کارى تۆڕبەندى دەبێتە یارمەتیدەرێکى باش بۆ مسۆگەرکردنى مافەکانى کۆمەڵگە، چونکە دەتوانن لە ڕێگەى تۆڕەکانەوە دەنگ و خواست و داواکارییەکانى کۆمەڵگە بگەیەنن بە دەسەڵاتەکانى یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەرى و میدیاکان.

- کارى تۆڕبەندى، وا دەکات ڕەنگى جیاواز، دەنگى جیاواز، ئایین و ئایینزاى جیاواز، لایەنگرانى حزبى سیاسیى جیاواز، ئایدیۆلۆژیى جیاواز، ناوچە و کەلتوور و نەتەوەى جیاواز" بەیەکەوە کۆ بکاتەوە و لەگەڵ جیاوازییەکانى یەکتریدا ئاشنایان بکات.

جۆرەکانى "تۆڕبەندى":

لەگەڵ ئەوەى کە لە پێناو پرسێكی دیاریکراودا هەندێک جار تۆڕێکى ڕێکخراوەیى پێک دەهێنرێ، یاخود لە پێناو چەند ئامانجێکى لۆکاڵیدا تۆڕى ڕێکخراوەیى دروست دەکرێ، بەڵام وەک ستاندارێکى جیهانى و بۆ تێگەیشتن لە پۆڵێنبەندییەکانى کارى تۆڕبەندى، کارى تۆڕبەندى بەسەر سێ پۆڵێنکاریى سەرەکیدا دابەش دەبێ:

پۆڵێنکاریى یەکەم:

١- تۆڕى پرسە نەتەوەیییەکان:

ئەم جۆرەیان بە بەرزترین ئاستى تۆڕبەندى لە ناوخۆى کۆمەڵگەدا دادەنرێ، چونکە بەتایبەت بۆ بوارى پرسە نەتەوەیییەکان پێک دەهێنرێ و، جووڵە و پڕۆژەکانى تەنیا لە پێناو ئامانجە نەتەوەیییەکان جێبەجێ دەکات.

٢- تۆڕە هەرێمییەکان:

ئەم جۆرە لە تۆڕى ڕێکخراوەیى، سنوورى لۆکاڵى تێ دەپەڕێنێ و دەچێتە ناو سنوورى وڵاتانى دراوسێ. ئەم جۆرە لە تۆڕى ڕێکخراوەیى لەگەڵ ڕێکخراوەکانى ترى هاوئامانجیاندا لەسەر ئاستى وڵاتانى هەرێمى بەیەکەوە کارى هاوبەش دەست پێ دەکەن، لە پێناو پاراستنى مافە هاوبەشەکان و چارەسەرى کێشە هاوبەشەکانیان؛ بۆ نموونە تۆڕى ڕێکخراوەیى، دامەزرێنراوە لە پێناو پاراستنى خاوێنیى دەریاکانى سەر سنوورەکانیان لە پیسبوون، ژەهراویبوون و هتد.

٣- تۆڕە نێودەوڵەتییەکان:

ئەم جۆرە لە تۆڕى ڕێکخراوەیى بە یەکێک لە بەرزترین ئاستەکانى تۆڕى ڕێکخراوەیى دادەنرێ، چونکە بازنەى تۆڕەکە لە سنوورەکانى لۆکاڵى و هەرێمى دەردەچێ و دەبێ بە تۆڕێکى جیهانى. لەم جۆرەیاندا ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەسەر ئاستى دەوڵەتاندا، بە ئامانجى کارکردن لەسەر ئەو دۆز و دۆسییانەى کە پێویستیان بە کارکردنى مەدەنییانە هەیە و کێشەکانیشيان هاوبەشن، تۆڕى ڕێکخراوەیى پێک دەهێنن؛ بۆ نموونە لەبارەى دۆسیەى پەنابەران، پرسەکانى هەڵبژاردن، ماددەى هۆشبەر، تیرۆر، توندوتیژى بەرامبەر بە ڕەگەزى ئافرەت، کارکردنى پێکەوەیى لەسەر بەهێزکردنى پێگەى ئافرەت لە ناوەندەکانى بڕیار، مافەکانى منداڵ و هتد.

پۆڵێنکاریى دووەم:

١- تۆڕى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیى تایبەتمەند، بە واتاى لە بنەڕەتدا بۆ داکۆکیکردن لە توێژێک یاخود چینێکى دیاریکراو پێک دەهێنرێت، وەکوو تۆڕى پاراستنى مافەکانى منداڵ، یان تۆڕى پاراستنى مافەکانى ئافرەت، یاخود تایبەت بە پاراستنى مافەکانى ڕەگەزى پیاوان و هتد.

٢- تۆڕى گشتیی ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى؛ بەو واتایەی ئەم تۆڕە لە پێناو پاراستنى مافەکانى کۆمەڵگە بەگشتى پێک دەهێنرێ، بەپێچەوانەى جۆرى یەکەم.

پۆڵێنکاریى سێیەم:

١- تۆڕى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەسەر ئاستى پارێزگه‌یەک، یان قەزایەک، یان ناحیەیەک، تەنانەت لەسەر ئاستى گەڕەکێکى دیاریکراو پێک دەهێنرێ، کە تەنیا لەم سنوورە دیاریکراوەدا کارەکانى خۆى چڕ دەکاتەوە.

٢- تۆڕى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەسەر ئاستى دەرەوەى پارێزگه‌یەک یان قەزایەک یان ناحیەیەک یان گەڕەکێکى دیاریکراودا؛ واتە ئەو تۆڕانە دەگرێتەوە کە لەسەر ئاستى هەموو وڵات کار و پرۆژەکانیان جێبەجێ دەکەن.

تۆڕى ڕێکخراوەییى سەرکەوتوو چۆن دەناسرێتەوە؟

هەر تۆڕێک بەپێى سروشتى کارکردنى، ڕەنگە لەگەڵ تۆڕێکى دیکەى ڕێکخراوەییدا وەک یەک نەبن، هەندێ جاریش هەر لە یەکەوە نزیک نین، چونکە ئەو تۆڕەى کە پسپۆڕین و بۆ یەک کایە و بوارى دیاریکراو دادەمەزرێ، جیاوازە لەو تۆڕە گشتییە فرەڕەنگ و فرەڕەهەندەى کە بازنەى کاری گشتیترە. بەڵام وەک چۆن هەموو ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە سەرەتاى دەستپێکردنى کار و پرۆژەکانیانەوە چەند بەند و بڕگەیەکیان وەک مەرج لە لایەن دەسەڵاتى یاسادانانه‌وه‌ بۆ دیاری کراوە، کە وایان لێ دەکات ڕێکخراوەکەیان لەسەر بناغەیەکى پتەو بینا بکەن، ئاوایش چەند پایەیەکى گرنگ هەیە کە دەتوانێ تۆڕى ڕێکخراوەیى هەم بەهێز بکات هەم بەبەهێزییش بیهێڵێتەوە، لەوانە:

- کارکردن لەناو تۆڕى ڕێکخراوەییدا، دەبێ ئارەزوومەندانە بێ؛ مەرج نییە ئەو ڕێکخراوەى نزیکە لە ستراتیژى تۆڕێکەوە، ئارەزوو بکات ببێتە بەشێک لە تۆڕى ڕێکخراوەیى.

- هەڵبژاردنى سەرۆک و دەستەى سەرەکى تۆڕەکە بە فۆرمێکى دیموکراسییانە، وا دەکات ڕێگە لە هەر جۆرە "قۆرخکارى"یەک لە پۆست و ناونیشان و دەسەڵاتەکانى تۆڕەکەدا بگرێ.

- هەموو ڕێکخراوە پێکهێنەرەکانى تۆڕەکە وەک یەک تیم کار بۆ سەرخستنى ئامانجى تۆڕەکە بکەن. بایەخدان بە بەشێک لە ڕێکخراوەکانى ناو تۆڕەکە و پەراوێزخستنى بەشێکى تریان، درز دەخانە ناو پایەکانى تۆڕەکە.

- "ڕوونى" (الشفافیە) لە کۆى بەش و کایەکانى تۆڕەکە، لەوانە: سەرچاوەى دارایى، ژمێریارییەکى شەفاف، شەفافییەت لەو ئامانجانەى کە بۆی پێک هاتوون، پشتیوانانى مەعنەویى تۆڕەکە، ئاشکراکردنى پلانى پێشوەختەى تۆڕەکە بۆ پەیکەرى سەرەکیى تۆڕەکە.

- هەموو جۆرە زانیارییەك لەبارەى کاروبارى تۆڕەکەوە، بەوانى دیکە بگەیەنرێ.

- ڕاوێژکردن لە نێوان ئەندامە پێکهێنەرەکانى تۆڕەکەدا، وا دەکات هەمووان ئینتیمایان بۆ تۆڕەکە بەبەهێزى بمێنێتەوە.

- نابێ کارێک بکرێ هیچ یەکێک لە ڕێکخراوە پێکهێنەرەکانى تۆڕەکە لە هیچ ڕووێکەوە پەراوێز بخرێن.

- دابەشکردنى پسپۆڕییەکان لە نێوان ئەو ڕێکخراوانەى کە لە ستراتیژى یەکترییەوە نزیکن.

- گرنگە لە تۆڕى ڕێکخراوەییدا ئارەزووى "ڕەگەزپەرستى" جێگەى نەبێتەوە؛ بەو مانایەى تۆڕى سەرکەوتوو، دەبێ فرەنەتەوە و ئایین و فرەڕەنگ و دەنگى جیاواز بێ.

- مافى تۆڕەکەیە لێپێچینەوە لەگەڵ هەر ڕێکخراوێکى بەشداربووى تۆڕەکە بکات، ئەگەر هات و بەبێ "هۆکار" لە تۆڕەکە هاتە دەرەوە. لەگەڵ ئەوەى کە بەشداریکردن لە تۆڕەکەدا ئارەزوومەندانەیە بەڵام پێویست دەکات بەر لە هاتنەناوەوەى هەر ڕێکخراوێک، "کۆنتراکتێک" لە نێوان تۆڕەکە و ڕێکخراوەکەدا واژوو بکرێ و، لەناو کۆنتراکتەکەدا مەرجەکانى بەشداربوون و هاتنەدەرەوە لە تۆڕەکە ڕوون بکرێتەوە.

- نابێ لە نێوان ئەندامانى تۆڕەکەدا ڕێگە بە هیچ فۆرمێک لە ململانێ بدرێ.

خاڵە لاوازەکانى دروستکردنى تۆڕى ڕێکخراوەیى:

تۆڕى ڕێکخراوەیى لە پاڵ بایەخ و پێویستیى هەبوونیدا، چەند خاڵێکى لاوازیشى هەیە. لێرەدا بەشێک لەم خەوش و لاوازییانە ئاماژە پێ دەدەین:

١- ونبوونى ڕێکخراوى بەهێز و لاواز لە تۆڕى ڕێکخراوەییدا:

هەندێک جار شکست و لاوازیى تۆڕەکە کاریگەرى دەخاتە سەر کۆى ئەو ڕێکخراوانەى کە لەناو تۆڕەکەدا بەشدارن. واتە تۆڕى ڕێکخراوەیى، یەکێک لە خەوشەکانى ئەوەیە کە ڕێکخراوى لاواز و ڕێکخراوى بەهێز وەک یەک لە تۆڕەکەدا دەردەکەون و پێناسە دەکرێن. سەرکەوتنى تۆڕەکە، سەرکەوتنى کۆى ڕێکخراوەکانى ناو تۆڕەکەیە؛ شکستى تۆڕەکەیش بە شکستى کۆى ڕێکخراوەکانى ناو تۆڕەکە دەشکێتەوە.

٢- بەرتەسککردنەوەى سنوورى چالاکیى ڕێکخراوەکان:

تۆڕى ڕێکخراوەیى، سنوورى چالاکبوونى ڕێکخراوەکانى ناو تۆڕەکە بەرتەسک دەکاتەوە، چونکە وایان لێ دەکات هێز و وزەى خۆیان لەناو تۆڕەکەدا بەکار بێنن. ئەمەیش وا دەکات ڕێکخراوەکە کەمتر لە دەرەوەى تۆڕەکەدا بوون و ڕۆڵى ڕاستەقینەى خۆى بسەلمێنێ.

٣- ونبوونى تواناى تاکە چالاکەکان لەناو تۆڕى ڕێکخراوەییدا:

خەوشێکى ترى تۆڕى ڕێکخراوەیى بریتییە لە ونبوونى هەوڵ و ڕۆڵ و ماندووبونى ئەو کەسانەى کە لەناو تۆڕەکەدا لە بوار و کایەى جۆراوجۆردا چالاکن، بەڵام نە ناویان دەهێنرێ نە ڕێگەیشیان پێ دەدرێ لەسەر ئاستى تاک خۆیان دەربخەن، بەڵکوو توانا و ڕۆڵى ئەوان لەگەڵ کۆى ئەو ڕۆڵەى کە تۆڕەکە بەگشتى لە گۆڕەپانەکەدا دەیگێڕێ، تێکەڵ دەکرێ.

٤- شکستى تۆڕەکە شکستى هەمووانە و سەرکەوتنیشى بۆ هەمووان:

لەناو تۆڕى ڕێکخراوەییدا هەمیشە چەند ڕێکخراوێکى بەهێز هەن کە هەوڵى باش بۆ سەرخستنى تۆڕەکە دەدەن؛ هەر لەناو هەمان تۆڕدا چەند ڕێکخراوێکیش هەن کە لە بنەڕەتدا لاوازن. کاتێک تۆڕەکە سەرکەوتوو دەبێ، سەرکەوتنەکە دەبێتە سەرکەوتنى هەموويان، کە شکستیش دەهێنێ دیسان دەبێتە شکستى هەموویان. ئەم حوکمدانەیش جۆرێک لە نەبوونى دادپەروەریى تێدایە؛ ئەم نەبوونى دادپەروەرییەیش وەک یەکێک لە خەوشەکانى تۆڕى ڕێکخراوەیى دەناسێنرێ.

چۆن لە ناو تۆڕى ڕێکخراوەییدا، ڕێکخراوى بەهێز لە ڕێکخراوى لاواز جیا بکەینەوە؟

سێ قۆناغى گرنگ هەیە کە هەم بۆ ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەگونجێ، هەمیش دەکرێ لەسەر ئاستى دامەزراوە فەرمییەکانیش پراکتیزە بکرێ. پراکتیککردنى ئەم سێ قۆناغە وا دەکات، هەمیشە ئەم دامەزراوەیە خۆى نوێ بکاتەوە:

قۆناغى یەکەم/ بەدواداچوون (Following):

بەدواداچوون بە یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانى زیندوومانەوەى هەر دامەزراوەیەک دادەنرێ، چونکە ئەم قۆناغە وا دەکات بەرپرس و کارمەندانى ناو دامەزراوەکە هەست بە چاودێرى و لێپرسینەوە بکەن.

قۆناغى دووەم/ نرخاندن  (Assessment):

تۆڕى ڕێکخراوەیى بەوە دەناسرێ کە بەردەوام لایەنی بەهێز و لایەنى لاوازى هەیە. یەکێک لە ئەرکەکانى تۆڕەکە بریتییە لە دەستنیشانکردنى خاڵە بەهێز و لاوازەکان. ئەم قۆناغە وا دەکات لایەنە بەهێزەکان بەهێزتر بکرێن و لایەنە لاوازەکانیش بکرێن بە ئامانج بۆ بەهێزکردنیان.

قۆناغى سێیەم/ هەڵسەنگاندن (Evaluation):

کە دەستنیشانى لایەنە بەهێز و لاوازەکانمان کرد، قۆناغى سێیەم دەست پێ دەکات کە قۆناغى هەڵسەنگاندنە. بە جێبەجێکردنى ئەم قۆناغە، بۆمان دەردەکەوێ کە ئايا ئەم ڕێکخراوانەى ناو تۆڕەکە کامانەن ڕۆڵى باشیان لە سەرخستنى تۆڕەکە گێڕاوە و، ئەم ڕێکخراوانەیش کامانەن کە وایان کردووە تۆڕەکە لایەنى لاوازى هەبێ؟