دەسەڵاتى سیاسى (Political Authority) چییە؟ بەشی یەکەم

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

ڕێکخستنى کاروبارەکانى کۆمەڵگە پێویستى بە ئامرازێک هەیە کە ئەم کارە ئەنجام بدات، ئامرازى پێویستیش بۆ ئەم ڕێکخستنە دەسەڵاتی سیاسییە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر چەمکى دەسەڵاتى سیاسى و جۆرەکانى ئەم دەسەڵاتە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەى کە ئەم جۆرە دەسەڵاتە لەسەرى دامەزراوە و بەپێى ئەم پرەنسیپانەیش پلانە سیاسییەکان و کاروبارى گشتیى کۆمەڵگە جێبەجێ دەکات.

یەکەم: چەمکى دەسەڵاتى سیاسى

مرۆڤ بۆ ئەوەى بتوانێت پێداویستییەکانى مانەوەى دابین بکات، پێویستیى بەوە هەیە کە لە چوارچێوەیەکى کۆمەڵیدا بژێت. ژیانى کۆمەڵییش پێویستى بە ڕێژەیەکى دیار لە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا هەیە تا بتوانێت بە باشترین شێواز ئەم پێداویستییانە فەراهەم بکات و کۆمەڵیش بەڕێوە ببات. لە لایەکی ترەوە، داخوازییەکانى مرۆڤ بە حوکمى غەریزەى مرۆڤ سنووردار نییە و هەموو جۆرە هەوڵ و تەقەڵڵایەک وەگەڕ دەخات تا ئەم داخوازییانە دەستەبەر بکات. پێویستى بۆ ژیانى کۆمەڵى لە لایەک و گوشارى داخوازییەکان لە لایەکی ترەوە، دوو پاڵنەرى سەرەکین بۆ دامەزراندنى کۆمەڵگە. هەروەها بە هۆى زۆربوونى ژمارەى ئەندامانى کۆمەڵگە و زیادبوونی ئاستی داواکارییەکان، کۆمەڵگە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى تاک و کۆمەڵ، پێویستى بە ئامرازێک هەیە تا ئەم کارانە ڕاپەڕێنێت. ئەم ئامرازانەیش خۆیان لە دینامیکییەتى دەسەڵاتدا دەبیننەوە.

ناتوانین گومان لەم ڕاستییە بکەین کە کۆمەڵگە مرۆیییەکان، بچووک بن یان گەورە، تەقلیدى بن یان مۆدێرن، پیشەسازى بن یان کشتوکاڵى، بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانی کۆمەڵگە پێویستیان بە حکوومەت هەیە تا ئەم ئەرکە بەئەنجام بگەیەنێت. زیاد لەمەیش ڕاستییەکى حاشاهەڵنەگرە کە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، بە چاوپۆشین لەسەرنجەکانی تایبەت بە ناوەرۆک و سەرچاوەى دەسەڵات، تاقمێکى بچووک دەسەڵاتى سیاسى دەگرنە دەست و فەرمانڕەوایى بەسەر تاکەکانى کۆمەڵگە دەکەن. هەروەها هەقیقەتێکى گومانلێنەکراوی تر ئەوەیە کە ئامانجى هەر سیستەمێکى حکوومەتى بە پلەى یەکەم، پاراستنى پێگە و دەسەڵاتى خۆیەتى (١).

لە لایەکی ترەوە، هەروەک چۆن کاروبارى سیاسى، کاروبارى ئالۆز و نادیارن و ناتوانین لەسەر بنەماى پێوەرگەلى عەینى (ئۆبژێكتیڤ) لە کاروباری تر جودایان بکەینەوە، دەسەڵاتى سیاسییش لە ڕووى کرۆک و سروشتەوە، ناتوانرێت دیار و ڕوون بکرێتەوە. تەنیا دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتى سیاسى، دەسەڵاتێکە، ئەگەرى هەیە بخرێتە ژێر پرسیار و ڕەخنەلێگرتن یاخود گۆڕین. دەسەڵاتى سیاسى، ڕاى گشتى لەخۆ دەگرێت، ڕاى گشتییش دەبێتە چاودێر و، سانسۆریش بەسەر دەسەڵاتدارانەوە دادەنێت (٢).

چەمکى دەسەڵات بە واتاى سەپاندنى ڕاستەوخۆیانەى چوارچێوەیەکى دیاریکراو لە ڕێگەى بەکارهێنانى هێزى فراوان یان سەپاندنى ئایدیۆلۆژیکییانەى دەسەڵات بەسەر جەماوەرى هاووڵاتییاندا، چەمکێکى تەواو ڕوون نییە کە بەئاسانى ئاڵۆزى و گرفتەکانى ڕوون بکرێنەوە. دەبێ ڕەچاو بکرێت کە هەروەک چۆن دەسەڵات لە حاڵەتى ئاگاییدا کار دەکات (زانین لە بوونى دەسەڵات)، لە حاڵەتى نائاگاییشدا کار دەکات. بۆیە پێویستە دەسەڵات وەک ئەنجامى سیستەمى پەیوەندییە نادیارەکان بخوێندرێتەوە (٣).

مەبەست لە حاڵەتى نائاگاییش ئەوەیە، کە دەکرێت دەسەڵاتى سیاسى لە کۆمەڵگەیەکدا بەپێى بنەماى دەستوورى دانەمەزرابێت و حکوومەتیش بەرچاو نەبێت؛ بەڵام کاروبارەکانى کۆمەڵگە بە شێوەیەکى سیسته‌ماتیک و بەپێى عورف و بنەما جێگیربووەکانى ناو کۆمەڵگە و، بەبێ بوونى دەسەڵاتى ڕاستەقینەى ئاشکرا بەڕێوە بچێت و کۆمەڵگە ڕێک بخرێت. ئەم شێوازەیش زۆرتر لە کۆمەڵگە خێڵەکی، سەرەتایی و داخراوەکانى کۆندا کە کۆمەڵگە لە ڕێگه‌ى داب و نەریتەکانەوە ڕێک دەخرا پەیڕەوى دەکرا.

لە ڕووى زمانەوانییەوە، زاراوەى دەسەڵات لە ڕیشەى لاتینى زاراوەى ئۆتۆریتە (authority) کە تایبەت بە ئەنجومەنى پیرانى ڕۆما بووە وەرگیراوە. ئەنجومەنی پیرانی ڕۆما ئەو بابەتانەی کە گەل داوای دەکرد وەک یاسا پەسەندی دەکرد و بەم جۆرەیش ئەم یاسایانە وەک یاسای موعتەبەر هەژمار دەکران، واتە گەل و ئەنجومەنی پیران پێکەوە مومارەسەی دەسەڵاتی یاسادانانیان دەکرد؛ ڕۆمییەکانیش دەسەڵات (ئۆتۆریتە)ى ئەم ئەنجومەنەیان پەسەند کردبوو. دەسەڵاتیش بە ماناى هێزى ڕەوا  دێت (٤).

کەواتە مەبەست لە دەسەڵاتى سیاسى، مافێکى جێگیر بووە، کە لە هەر سیستەمێکى کۆمەڵایەتیدا، بۆ دیاریکردنى ڕێڕەوى کۆمەڵگە، ڕادەڕبرین سەبارەت بە پرسەکانى، نەهێشتنى مشتومڕ و، بەگشتی بۆ ڕێبەرایەتى و ڕێنماییکردنى خەڵک بوونى هەیە. کاتێک باس لە دەسەڵات دەکەین، مەبەست تاک یان تاقمێکە کە مافى ڕێبەرایەتیکردنیان هەیە و لە نێوه‌ندیدا جەخت لەسەر ماف دەکرێته‌وه‌ نەک هێز (٥). واتە ئەو مافانەى کە ئەندامانى کۆمەڵگە بە ڕەزامەندیى خۆیان بە نوخبە هەڵبژێردراوەکانیان سپاردووە تا لە چوارچێوەى ئەم مافەدا دەسەڵات بەدەست بگرن. هەروەها پێویستە بەکارهێنانى هێزیش لە لایەن دەسەڵاتەوە تا ئەو ڕاددەیە بێت، کە ئەم مافە ڕێى  پێ داوه‌.

دەسەڵاتى سیاسى لەگەڵ لەدایکبوونى کۆمەڵدا سەری هەڵداوە؛ چونکە بەبێ بوونى دەسەڵات سیستەم وەدى نایەت و ئازادى بوونى نابێت. کەواتە دەسەڵاتى سیاسى بە پلەى یەکەم، دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییە، چونکە لە دەرەوەى کۆمەڵدا ناتوانین وێناى بکەین، هەروەک چۆن کۆمەڵ، بەبێ بوونى دەسەڵات بوونى نابێت. بۆیە بە پێشکەوتنى کۆمەڵى مرۆڤایەتى، دیاردەى دەسەڵات پشتگیریى لێ کراوە و، دەسەڵات بەیاسایی کراوە و لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە کۆمەڵگە ڕێک دەخرێت و دیسیپلێنی کۆمەڵایەتی دەپارێزرێت (٦).

لێرەوە دەسەڵات لە پاشکۆى نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و پشتبەستن بە هێزى میتافیزیکییەوە دەردەچێت و لەسەر ئەو ڕێسایانە دادەمەزرێت کە بەپێى ڕێککەوتن لە نێوان زۆرینەى ئەندامانى کۆمەڵگەوە داڕێژراون؛ بۆیە دەسەڵات ڕێرەوێکى یاسایى وەردەگرێت و دەبێت بە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانى مانەوە و بەردەوامبوونى کۆمەڵگە. 

بوونی دەسەڵاتى سیاسى پێویستییە (واتە زەرورەتە)، پێویسیتى دەسەڵاتى سیاسییش لە ڕوانگەى لایەنگرانى ئەم ڕێبازەوە، هەڵقووڵاوی داخوازییەکانى سروشتى مرۆڤە، چونکە تاکەکان پێویستیان بەوە هەیە کە حوکمیان لێ بکرێت. تاکەکان بۆ ئەوەى چارەنووسیان دەستەبەر بکەن، پێویستە لە کۆمەڵگەدا بژین بەڵام ژیانى کۆمەڵایەتى و ئەو پەیوەندییانەى کە لەخۆى دەگرێت، داوا لە تاکەکان دەکەن کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا پابەندى ڕەفتارێکى دیاریکراو بن. بۆیە دەسەڵاتى سیاسى پێویستە بۆ دانانى ڕێسا بۆ ڕەفتارى کۆمەڵایەتیى تاکەکان و لە کاتى پێویستدا بەزۆر بەسەریاندا بسەپێنرێت (٧). ئەم بەکارهێنانە زۆردارانەى دەسەڵات لە هەلومەرجى نائاساییدا ڕوو دەدات؛ واتە کاتێک بەشێک لە ئەندامانى کۆمەڵگە هەوڵ بدەن کە کۆمەڵگە  لە ڕەوتى ئارام و سەقامگیرى خۆى لا بدەن، یاخود بەشێک لە چین و توێژەکانى کۆمەڵگە دژ بە دەسەڵاتى دانپێدانراو و ڕەوا بوەستن و هەوڵى ڕووخاندن و نەمانى دەسەڵات بدەن، لەم کاتەدا دەسەڵات بۆى هەیە کە بە مەبەستى دووبارە گەڕاندنەوەى دیسپلینى کۆمەڵگە، هێز بەکار بێنێت. بەڵام ئەگەر بێت و لە دەرەوەى بارودۆخە نائاسایییەکاندا دەسەڵات ئەم هێزە بەکار بێنێت، ئەم کردەوەیە دژ بەو ڕێسایانەیە کە بۆ مانەوەى دەسەڵات بەپێویست دەژمێردرێن.

کاتێک کە باس لە دیسپلینى کۆمەڵایەتى دەکەین هەروەک "بارنز" دەڵێت: "مەبەستمان ئەو کۆششەیە کە خەڵک بۆ دابینکردن و هێنانەدیى ئامانج و پێداویستییە زەروورەکانی مرۆڤ ئەنجامى دەدەن. هەر کۆمەڵگەیەکیش دیسپلینى تایبەت بە خۆى هەیە کە لەگەڵ بەهاکانى گەل و میراتى کۆمەڵایەتییان گونجاوە" (٨). لەم بارەیەوە "دورکایم" دەڵێت: "دەسەڵات بۆ هێنانەدیى هاوسەنگى و سەقامگیرى لەناو بنیاتى کۆمەڵایەتیدا، پێویستە. دەسەڵات بەشێکى دانەبڕاوى هەموو سیستەمێکى کۆمەڵایەتییە، هەروەها خودى سیستەم دەسەڵاتە لە موماڕەسەکردندا، چونکە دەسەڵات بە بنیاتى کۆمەڵایەتییەوە گرێ دراوە و لێى جیا نابێتەوە" (٩).

جورج باڵاندیە، واى بۆ دەچێت: "دەسەڵاتى سیاسى بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک پێویستە و هانى ڕێزگرتن لەو ڕێسایانە دەدات کە کۆمەڵگە لەسەرى دامەزراوە و، لە هەمبەر کەموکوڕییەکان پارێزگاریی لێ دەکات و، لە ورووژاندنى بەربەرەکانێ لە نێوان تاکەکان و کۆمەڵەکاندا سنوورێک دادەنێت" (١٠). کەواتە دەسەڵات هەقیقەتێکى کۆمەڵایەتییە و بایەخێکى تایبەتى لە گۆڕان و گەشەکردن و کارتێکردندا هەیە. بەشێکى هەرە زۆرى مێژووى مرۆڤایەتى بریتى بووە لە ململانێکردن و ناکۆکى لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیدا؛ بەکارهێنانى دەسەڵات ڕۆڵى گرنگى لە دابینکردنى پێداویستییەکانى مرۆڤایەتیدا گێڕاوە (١١).

هەروەک ئاماژەمان پێ دا، دەسەڵات و کۆمەڵگە پێکەوە لکاون و ناتوانرێت لێکجیا بکرێنەوە، بەڵام ئەمەیش واتاى ئەوە ناگەیەنێت کە لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا هیچ سنوورێک نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هەر دوو لایەن بۆ ئەوەى کە بە شێوەیەکى هەڕەمەکییانە دەست لە کاروبارى یەکدى وەرنەدەن، پابەندى هەندێک بەربەستن. ئەم سنوورەیش بەپێى ئەرکە دیاریکراوەکانى هەر دوو لایەن و ڕاددەى تێگەیشتنى هەر کۆمەڵگەیەک لە دەسەڵات لە گۆڕاندایە. بەڵام بەگشتى دەسەڵات هەر جۆرە میتۆدێک پەیڕەو بکات، لە ئەنجامى دەرهاوێشتەکانى کۆمەڵگەیە. 

دەسەڵات پەیوەندییەکى نزیکى لەگەڵ بەها و نۆرمەکانى کۆمەڵگەدا هەیە. ڕاستییه‌كه‌ی، دەسەڵات لە داڕشتنى سیاسەتدا بە هەبوونى ئاکار، دادوەرى و یەکلاکردنەوەى ناکۆکییەکان پێک هاتووە. پرەنسیپە ئاکارییەکانى دەسەڵاتیش وردترن و دیارترن لە بەها گشتییەکان؛ ئەم پرەنسیپانە ڕەفتارى فەرمانڕەواکان بەسەر هاووڵاتیاندا ڕێک دەخەن و بۆ ڕێبەران لە بەکارهێنانى هێزیاندا هەندێ سنوورى تایبەت دادەنێن و، لە هەمان کاتدا مافى بەکارهێنانى سەرچاوەکانى دەسەڵاتیان پێ دەبەخشن. مەرجە پێویستەکانیش بۆ پەسندکردنى دەسەڵات بریتین لە: تێگەیشتن لە ناوەرۆکى دەستوور، ناکۆکنەبوونى دەستوور لەگەڵ سیستەمى بەهاکان، دژنەبوونى دەستوور لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى تاک، تواناییى بەکارهێنانى دەسەڵات لە ڕووى فیزیکى و زەینى و ئاگاییى هاووڵاتیان لە مافى دەسەڵاتداران لە بڕیاردەرکردندا (١٢).

ئەگەرچى دەسەڵات لە ڕێگەى گەرەنتیى ناچارکردن و بەکارهێنانى هێزى فیزیکى پشتیوانى دەکرێت، بەڵام پشتبەستراو بە هاوبەندیى کۆمەڵایەتى و ڕێککەوتنى سیستەمێکە کە هەم بەکارهێنەرانى  دەسەڵات و هەمیش ئەو ئۆبژانەى کە دەسەڵات لەسەریان جێبەجێ دەکرێت لەخۆ دەگرێت. دەسەڵات، دامەزراوەیەکە لە دامەزراوە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە و لە ڕێگەی دەسەڵاتەوە ئامانجە گشتییەکانی کۆمەڵگە بەدی دێت (١٣). بەم جۆرەیش دەسەڵات دەبێتە هێزێکى ڕەوا و یاسایى و پەسندکراو کە دەبێ لە کاتى پێویستدا هاووڵاتى، گوێڕایەڵ و ملکەچى بێت. لە دەسەڵاتدا پاساو و بەڵگاندنێک شاراوەیە کە لە شێوەى هێزێکى ڕووت دوورى دەخاتەوە (١٣). ئەم بەڵگاندنەیش بریتییە لەو مەشروعییەت و پشتیوانییەی کە هاووڵاتیان بە دەسەڵاتداران دەبەخشن.

بەو شێوەیەیش دەسەڵات دوو لایەنى هەیە، لایەنى یەکەمی: پانتاییى حوکم و فەرمانڕەواییکردن لەخۆ دەگرێت. لایەنى دووەمیش، لە شێوەى گوێڕایەڵى و ملکەچیى هاووڵاتیاندا بۆ یاساکان بەرجەستە دەبێت (١٤). کەواتە دەسەڵاتى سیاسى تواناى ڕاستەقینەى چین، تاقم یان هەر تاکێکە لە بەکارخستنى ئەم توانایییەدا کە لە سیاسەت و نۆرمە یاسایییەکاندا باسیان لێ کراوە (١٥). واتە لە چوارچێوەی دەستوور و لە نێوه‌ندی ڕێککەوتنی هاووڵاتی و نوخبەی دەسەڵاتدار باسی لێوە کراوە و سنوورەکانی دەسەڵاتی سیاسی و جۆری دەسەڵاتەکە دیاری کراوە.