دەسەڵاتى سیاسى (Political Authority) چییە؟ بەشی دووەم

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

دەسەڵات لە توخمى ماددى و مەعنەوى پێک دێت. هەندێ وا پێناسەى دەکەن کە دەسەڵات، هێزە لە خزمەتى هزردا. ئەو، هێزێکە کە هۆشیاریى به‌کۆمەڵ بەرهەمى دێنێت. ئەم هێزە بەرەو ڕێبەرایەتیکردنى کۆمەڵگه‌ بۆ گەڕان بە دواى بەرژەوەندیى گشتیى هاوبەشدا ئاراستە دەکرێت و دەتوانێت ئەو شتانەى کە فەرمانیان پێ دەردەکات، بەسەر ئەندامانى کۆمەڵگه‌دا بسەپێنێت. ئەم پێناسەیەیش دەردەخات کە توخمەکانى دەسەڵات هێز و هزرن (القوة والفکرة)(١٦).  هێزیش واتە ئەو ئامرازە ماددى و فیزیکییانەى کە دەسەڵات بەکاریان دێنێت و هاووڵاتیان لە کاتى بەرەنگاربوونەوەیدا تووشى سزا دەبن و، ئەو ڕایە لەناو تاکەکانى کۆمەڵگەدا بەرهەم دێنێت کە پێویستە ڕێز لەم هێزە بگیرێت. لێرەوەیە کە ئەم هزرە لە لای هاووڵاتیان و دەسەڵات دێتە ئاراوە کە، پێویستە پێکەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان هەوڵ بدەن. کەواتە هەم دەسەڵات و هەمیش کۆمەڵگە، هاوتەریب و هاوسەنگ دەبن و هەر لایەنێک چاودێریى ئەوەی تر دەکات و لێیشی دەپێچێتەوە تا پارێزگارى لەم هاوسەنگییە بکەن. لە ئەنجامیشدا ڕەزامەندى لە دەسەڵات دێتە کایەوە.

هەر بۆیەیش دەسەڵات شێوازێکى تایبەتە لە پەیوەندیى پشتبەستوو بە هێز، کە تیایدا ڕەوایى یان بەکارهێنانى هێز تا ڕاددەیەک لە لایەن ئەکتەرەکانی ترى گۆڕەپانى سیاسییەوە پەسەند کراوە. لە زۆربەى هەلومەرجە سیاسییەکاندا، ڕەوایى بە ماناى پەسندکردنى سیستەمێکى یاساییى سەقامگیر دێت.(١٧)

مەبەستیش لە ڕەواییى سیاسیى سیستەم، کە بە دوو ئاراستەى چەندێتى (چەند لە سەد) و چۆنێتى (ڕاددەى لایەنگرى) دەپێورێت، بریتییە لە ئاستى پشتیوانیى خەڵک لە دەسەڵاتى سیاسى و بەکارهێنانى دەسەڵاتى ڕەواى. بەو مانایەى کە سەرکردە یان حزب یان ئەو تاقمەى کە خاوەن دەسەڵاتى ڕەوایە، خۆى بە خاوەن ئەو مافە دادەنێت کە فەرمانى جۆراوجۆر دەربکات. لە بەرامبەریشدا، تاکەکان کە ڕووى قسە لە وانە، خۆیان پابەند و ناچار بە گوێڕایەڵیکردن لە فەرمان و ڕاسپاردە و یاساغەکان (ڕێگەپێنەدراوەکان) دەزانن، بەبێ بەکارهێنانى دەسەڵاتى ناچارکەر لە لایەن دەسەڵاتەوە (١٨).

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە هەر پەیوەندییەکى دەسەڵاتدارێتیدا سنوورێک هەیە کە دەشێت شێوازى جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت. یەکەم سنووردانان، کە تا ڕاددەیەک لە گشت پەیوەندییەکانى دەسەڵاتدارێتیدا تاکەکان بە ویستى خۆیان بەرقەرارى دەکەن، ئەوەیە کە هاووڵاتی مافى وەرگرتنى دەسەڵاتى بەسەر کردەوەکانى خۆیدا هەبێت کە بەدەست دەسەڵاتەوەن (١٩). بیرۆکەى سنووردارکردنى دەسەڵاتى سیاسییش زادەى هاوپەیمانیى بیرۆکەى مافى سروشتى لەگەڵ بیرۆکەى  کۆمەڵگەى مەدەنییە (٢٠). هەر لێرەیشەوە پرسى ڕەزامەندى لە دەسەڵات دێتە ئاراوە.

لەم بارەیەوە "جان لۆک" دەڵێت، کاتێک دەسەڵات ڕەوایە کە تاکەکان ملکەچى دەسەڵاتێک بن کە بەپێى ڕێککەوتن و دەسەڵاتى خودى ئەوان بێت و تەنیا حکوومەتێک کە هاووڵاتیان ڕەزامەندییان لەسەر هەبێت، ئەو حکوومەتەیە کە یاساکانى لە لایەن دەسەڵاتى یاسادانانەوە داڕێژرابێت و پارێزگارى لە ماف و ئازادییەکانى گەل بکات. واتە سیستەمێک کە بۆ من ئازادیى پەیڕەوکردنى ئیرادەى خۆم لە هەموو شتێکدا دابین بکات، بە مەرجێک ئەم ئیرادەیە دژى یاسا نەبێت (٢١).

بە بڕواى "دورکایم" دەسەڵات و ڕەزامەندى لە دەسەڵات، لە ویژدانى گشتییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو دەڵێت کە هێزى بەڕێوەبردن هەر کات لە شوێنێک بەرقەرار بوو، ئەرکى یەکەم و سەرەکیى، چاودێریکردنى ڕێزلێنانە لە باوەڕەکان، داب و نەریتەکان و کردە کۆمەڵایەتییەکان؛ واتە هەوڵ بدات لە هەمبەر گشت نەیارە ناوخۆیى و دەرەکییەکان بەرگرى لە ویژدانى گشتى بکات. بەم جۆرەیش هێزى بەڕێوەبردن لە دیدى هەموواندا، دەبێت بە هێما و سیمبۆلى زیندووى ویژدانى گشتى. لێرەوە ئەو هێزە زیندووەى کە لە ویژدانى گشتیدا شاردراوەیە، بۆ هێزى بەڕێوەبردن دەگوازرێتەوە. بەو پێیەیش دەبێتە خاوەن هەمان دەسەڵات کە جۆرى کۆمەڵایەتی (social type) بەسەر ویژدانى گشتیدا دەسەپێنێت و تواناییشى هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت (٢٢).

کەواتە ڕەزامەندى، فاکتەرێکى سەرەکییە بۆ بەرقەراربوونى دەسەڵاتى سیاسی. ڕەزامەندییش واتە متمانەپێکردنى ئەندامانى کۆمەڵگە بە دەسەڵات و ئەو ڕێبازەى کە ئەم دەسەڵاتە بۆ بەجێگەیاندنى ئەو ئەرکانەى کە دەسەڵات بەڵێنى هێنانەدییانى داوە پەیڕەویى لێ دەکات. هەروەها ڕەزامەندى لە ئەنجامى دابینکردنى پێداویستییە سەرەکییەکانى ماددى و مەعنەویی ژیانى مرۆڤەوه‌یه‌ لە لایەن دەسەڵاتەوە. ئەگەر بێت و دەسەڵات ڕەزامەندیى هاووڵاتیان لەدەست بدات، دەسەڵات تووشى قەیرانى ڕەوایى دەبێتەوە. بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەیش یان دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ لایەنێکی تر، یاخود  کۆمەڵگە پێویستە بگەڕێتەوە بۆ دۆخى پێش سەرهەڵدانى قەیران. کە ئەمەیش لە ڕێگەى دووبارە سەقامگیرکردنى  کۆمەڵگە و گۆڕانکاریکردن لە ڕێڕەوى دەسەڵاتدا دێتە دى. کەواتە هەموو ئەندامانى کۆمەڵگە لە بەڕێوەبردنى دەسەڵاتدا هاوبەشن.

هەر لەم بارەیشەوە "هێرمان هێلێر" واى بۆ دەچێت کە کۆمەڵێک مرۆڤ ڕێک دەکەون کە دەسەڵاتێک دابمەزرێنن و خودی ئەم مرۆڤانەیش پارێزگاری لە بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکە دەکەن. ئەم پارێزگاریلێکردنەیش لە ڕێگەی کۆمەڵێک ڕێساوە دەبێت کە ئەم مرۆڤانە لەسەری ڕێک کەوتوون، ڕێساکە دەکرێ بە ڕاشکاوی و نووسراو بێت. بۆ نموونە بوونی دەستوورێک یاخود بە ناڕاشکاوی و نەنووسراو بێت، بۆ وێنە دەسەڵاتی سەرۆکخێل لە ناو خێڵەکەیدا. دەسەڵاتى سیاسییش جیاوازە لە گشت شێوازەکانی ترى دەسەڵاتى کۆمەڵایەتى، بە هۆى ئەو ئەرکەى کە ئەنجامى دەدات لە نێوه‌ندى ڕێکخستن و ئاوێتەکردنى چالاکییە پێکەوەبەستراوەکانەوە کە دانیشتووانى ناوچەیەکى دیار ئەنجامى دەدەن (٢٣).

دەسەڵاتیش بۆ ئەوەى کە بتوانێت ئەرکە جۆراوجۆرەکانى لە کۆمەڵگەدا بە باشترین شێوە بەئەنجام بگەیەنێت، بۆ ڕاپەڕاندنى ئەم ئەرکانە پێویستى بە هەندێ ڕێسا و بنەما هەیە. دەتوانین ئەم بنەمایانە بەم شێوەى خوارەوە کورت بکەینەوە (٢٤):

١. بنەماى دانایى و زانین (الحکمة والمعرفة)

٢. بنەماى یاسایى

٣. بنەماى مەشرووعییەت (ڕەزامەندى و پەسندکردن) [شەرعییەت بابەتێکی یاسایییە، بەڵام مەشروعییەت سیاسییە، دەکرێت دەسەڵاتێک شەرعییەتی هەبێت بەڵام مەشروعییەتی نەبێت، بۆ نموونە دەسەڵاتی سەددام حوسێن لە یاسادا ڕێگەی پێ دراوە، کەواتە شەرعییەتی هەیە، بەڵام مەشروعییەتی نییە چونکە خەڵک سەددام حوسێنی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، هەڵنەبژاردبوو]

٤. بنەماى هێز و توانایی

٥. بنەماى بەشداریکردن

٦. بنەماى هاوسەنگی

ئەگەر لەم بنەمایانەیش ورد بینەوە، دەبینین کە دەسەڵات لە کەسى فەرمانڕەوا جیا کراوەتەوە و ئەوە دەوڵەتە کە دەسەڵاتى لەخۆ گرتووە. ئەم لەخۆگرتنەیش بەردەوامیى هەیە. هەروەها فەرمانڕەوایان شتێک نین؛ تەنیا بەکارهێنەرى دەسەڵاتن کە بە ناوى دەوڵەت و لە پێناوى بەرژەوەندییەکانى گشتیدا موماره‌سه‌ی دەسەڵات ده‌كه‌ن (٢٥).

ئەگەرچى ڕامان لە دەسەڵاتى سیاسى، ڕوانگە و بۆچوونى فرەچەشنى هەیە، بەڵام دوو ڕێبازى سەرەکى، بەتایبەتیش لە سەدەى بیستەمدا سەریان هەڵدا کە لە دوو سۆنگەى دژبەیەک سەیرى دەسەڵاتى سیاسى و ئەرک و سنوورەکانى دەکرد. ئەم دوو ڕێبازەیش خۆیان لە فەلسەفەى لیبراڵیزم و مارکسیزمدا بەرجەستە کرد و توانییان لە گۆڕەپانى سیاسیدا بە شێوەیەکى پراکتیکى مومارەسەى ئەو پرەنسیپانە بکەن کە دەبوایە دەسەڵات لە ڕوانگەى خۆیانەوە لەسەرى دابمەزرێت. بۆیە پێویستە بە شێوەیەکى پوخت ئاۆڕێک لەم ڕێبازە سیاسییانە و بۆچوونەکانیان لە هەمبەر دەسەڵات بدەینەوە.

کرۆکى لیبراڵیزم، لێکجیاکردنەوەى پانتاییى حکوومەت و کۆمەڵگە و دەسەڵاتى حکوومەتە لە هەمبەر مافى تاک لە کۆمەڵگەدا. لیبراڵیزم هەر لەسەرەتاوە، هەوڵێکى هزرى بووە بە مەبەستى دیاریکردنى پانتاییى تایبەتى تاکى، خێزانى، ئابوورى، لە بەرامبەر دەسەڵاتى حکوومەت. وەکو ئایدیۆلۆژیى سیاسییش، لە پانتاییى کۆمەڵگەى مەدەنیدا هەمبەر پانتاى دەسەڵاتى حکوومەت، پشتگیریى لە حکوومەتى مەرجدار و پابەند بە یاسا و ئازادییەکانى تاک و مافى مەدەنیدا، بەتایبەتیش خاوەندارێتیى تایبەت کردووە. بەپێى پرەنسیپەکانى لیبراڵیزم، دەبێت مافى حکوومەت بۆ دەستێوەردان لە ژیانى تایبەتى و مەدەنیدا بە بەربەستى بەهێز و دیار سنووردار بکرێت (٢٦).

یەکێک لە بنەماکانى لیبراڵیزم بریتییە لە باڵادەستیی ئازادى بەسەر دەسەڵاتدا و لە بنەڕەتدا دەبێ دەسەڵاتێک شەرعییەتى هەبێت کە بتوانێت چەند پەیمان و ڕێککەوتنێک بسەپێنێ و، بە هۆیەوە زۆرترین ئازادى بۆ زۆرترین ژمارەى مرۆڤ دابین بکات. هەر لەو ڕوانگەیەوە سیاسەت، یاسا، ئایین، ڕەوشت و سیستەمى پەیوەندى لە  کۆمەڵگەى لیبراڵدا بە جۆرێک ڕێک دەخرێ کە ئەو باڵادەستبوون و پێشخستنەى ئازادى بریندار نەکات (٢٧).

سیستەمە لیبراڵەکان دامەزراوەى زۆر ناسک و هەستیارن؛ تەنیا کاتێک دەتوانن بە شێوەیەکى ڕەزایەتبەخش و شیاو کار بکەن کە ڕاى گشتى قبووڵى بکات و هەلومەرجى کۆمەڵایەتى لە ڕووى پێشکەوتنە ئابوورى و فیکرییەکانەوە قۆناغى گەشە و بووژانەوەى تێ پەڕاندبێت (٢٨).

لە ڕوانگەى لیبراڵیزمەوە، حکوومەت یان هەمان کۆمەڵە تاکێک کە بەپێى بنەماى گرێبەستى کۆمەڵایەتى پێکەوە کۆ بوونەتەوە، مافێکى زۆرتر لە مافى تاکە پێکهێنەرەکانیان نییە. بۆ پەیبردن بە مافەکانى حکوومەت، دەبێ ئەو چرکەساتە بخۆێندرێتەوە کە تاکەکان پێکەوە کۆ بوونەوە و لە نێوه‌ندیدا حکوومەت سەری هەڵدا. تەنیا لە ڕێگەى خوێندنەوەى مافە گوازراوەکان، ئەویش لە کاتی بەستنی پەیمانی کۆمەڵایەتیدا دەتوانین ماف و ئەرکى دوولایەنەى حکوومەت و هاووڵاتیان هەڵنجێنین. دیارە کە ئەم لۆژیکەیش لەسەر بنەماى تاک لە پێشەوەى  کۆمەڵگەوە وەستاوە (٢٩).

هەر بۆیەیش لە حکوومەتى لیبراڵدا تا ئەو ڕاددەیەى کە بوار هەبێت، دەرفەت دەدات کە هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ ئەرکە تاکى و کۆمەڵایەتییەکانى خۆیان دەستنیشان و جێبەجێ بکەن. پاساوهێنانەوە بۆ ئەم جۆرە حکوومەتەیش لە هەمان پرەنسیپە بنەڕەتییەکانى لیبراڵیزمە؛ واتە جەختکردن لەسەر بەرپرسیارێتیى تاک، بەهەند وەرگیراوە کە لە تواناى بیرکردنەوەى پێویست بۆ ناسین و هەڵبژاردن بەهرەمەندە (٣٠).

لە لیبراڵیزمدا گرنگترین فاکتەرى ڕەواییبەخشین بە حکوومەت، ڕەزامەندیى هاووڵاتیانە؛ لەم بیرۆکەیەدا، پەیوەندییەکى پتەو لە نێوان گوێڕایەڵى و ڕەزامەندیدا بوونى هەیە؛ تەنیا بە ڕەزامەندیى تاکە کە دەتوانین خوازیارى گوێڕایەڵى بین(٣١). چونکە حکوومەت لە ئەنجامى داواکارى و حەزى ئەو هاووڵاتیانەیە کە دایان مەزراندووە. هەروەها حکوومەت وجوودێکى ئۆرگانیکە کە بۆ هێنانەدیى ئامانجە گشتییەکانى مرۆڤایەتى  سەری هەڵداوە (٣٢). بەم جۆرەیش ماناى لیبراڵیزمى سیاسى، کۆنترۆڵى دەسەڵاتە لە لایەن ئەو کەسانەى کە لە دەرەوەى  دەسەڵاتن (٣٣).

بەگشتى لە هزرى لیبراڵیزمدا، ئەگەرچى دەسەڵات بە لەمپەرى فراوان سنووردار کراوە بەڵام ماناى ئەوە نادات کە دەسەڵات ئەرکەکانى کەمن، بەڵکوو بەو مانایە دێت کە دەسەڵات بەسەر گشت هاووڵاتیاندا دابەش کراوە. واتە ڕاى گشتى و ڕەزامەندیى هاووڵاتیان دوو بنەماى سەرەکین لە دیاریکردنى ئەرکەکانى ئەم جۆرە دەسەڵاتە و چۆنێتیى ڕاپەڕاندنیاندا. هەروەها لەم سیستەمەدا سەڵاحییاتى دەسەڵات و هاووڵاتیان لە چوارچێوەى یاسادا بەوردى دەستنیشان کراوە؛ ئەمەیش بۆتە هۆى ئەوەى کە ئازادییەکانى هەر دوو لایەن فراوانتر بن و ئامانجەکان بە تێچوونێکى کەمتر بە ئەنجام بگەن.

بۆچوونێکی تر بۆ دەسەڵاتى سیاسى بریتییە لە فەلسەفەى مارکسیزم، کە فەلسەفەیەکى شۆڕشگێڕانەیە و بۆ لەناوبردنى دەسەڵاتى بەرقەرار و گۆڕینی گشت بوارەکانى ژیان تێ ده‌كۆشێت. ئەم ڕێبازە زۆرتر باس لە ململانێى چینایەتى لە چوارچێوەى بەرهەمهێنان و باس لە فەلسەفەى بوونى دەوڵەت دەکات لە بری تێڕوانینێکى ورد بۆ دەسەڵاتى سیاسى و ڕەگ و سەرچاوەکانى. لە جیهانبینیى ئەم ڕێبازەدا دەبینین کە (٣٤):

١. پەیوەندیى چینایەتى بریتییە لە پەیوەندیى دەسەڵات.

٢. چەمکى چین و دەسەڵات پێکەوەگرێدراون، چونکە هەردووکیان لە چوارچێوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دێنە ئاراوە.

٣. پەیوەندى لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا دەلالەت لەوە ناکات کە ئەم پەیوەندییە بنەمایەکە بۆ چەمکێک لە ڕێگه‌ى چەمکێکی ترەوە، واتە یەکێکیان ئەوەی تریان دێنێتە کایەوە لە ڕێگەى ئەو پەیوەندییەى کە لە نێوانیاندا هەیە، بەڵکوو دەلالەت دەکاتە سەر هاوڕەگەز (تجانس)بوونیان. کەواتە پەیوەندییە چینایەتییەکان بنەماى پەیوەندییەکانى دەسەڵات نین، هەروەها پەیوەندییەکانى دەسەڵاتیش پەیوەندیى چینایەتى نین.

بە بۆچوونى ئەم فەلسەفەیە، دەسەڵاتى ئابوورى لە بوارى پەیوەندییەکانى بەرهەمهێناندا، دەبێتە هۆى هێنانەدیى دەسەڵاتى سیاسى. بۆرژوازى لە ڕێگەى خاوەندارێتیى ئامرازەکانى بەرهەمهێنانەوە، نەک تەنیا کاروبارى بەرهەمهێنان بەڵکوو ئۆرگانى دەوڵەتیشی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیەوە (٣٥):

ئەم ڕوانگەیە تێڕامانێکى دوژمنکارانەى لە هەمبەر دەوڵەت هەیە و هەوڵى لەناوبردنى  دەدات تا نەتوانێت گشت بوارەکانى کومەڵگه‌ لە پێناو مانەوەى خۆیدا بخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆیەوە. هەر بۆیە سەبارەت بە دەوڵەت واى بۆ دەچێت کە... دەوڵەت هیچ نییە، جگه‌ له‌ ئۆرگانێک کە بۆرژوازى بۆ گەرەنتیکردنى خاوەندارێتى و بەرژەوەندییەکانى خۆى، چ لە ڕووى بەرژەوەندیى ناوخۆیى و چ لە ڕووى بەرژەوەندییە دەرەکییەکانییەوە بەدیی هێناوە (٣٦). لەم ڕوانگەیەدا، دەوڵەت سیمبۆلى ئاشتنەبوونەوەى ناکۆکیى چینایەتییە. پێکهاتەیەکە، کە بە بەکارهێنانى گشت توانایییەکانى، بەتایبەتیش هێزى پڕۆپاگەندە و سەرکوتکەرەکانییەوە، چینى ژێر دەسەڵات لە بەرامبەر چینى خاوەن ئامرازەکانى بەرهەمهێنان و دەسەڵاتداردا دادەپڵۆسێت(٣٧). دەوڵەت هێمایەک نییە بۆ ئازادى، بەڵکوو هێمایەکە بۆ نامۆییى سیاسى. دەوڵەت ئەو ناکۆکییانەى کە  کۆمەڵگە بارى هێناون لەبەین نابات و لێیان دەرباز نابێت بەڵکوو دەیانشارێتەوە. بۆیە دەبێ دەوڵەت لە بوارى کۆمەڵایەتى و ئابووریدا بخوێندرێتەوە نەک لە بوارى سیاسەت و یاسادا (٣٨).

ئەم فەلسەفەیە لەو بڕوایەدایە کە، هزرى چینى دەسەڵاتدار لە هەر سەردەمێکدا، هزرگەلى بەرقەرارە بەسەر گشت  کۆمەڵگەدا؛ واتە ئەو چینەى کە لە ڕووى هێزى ماددییەوە زاڵە بەسەر  کۆمەڵگەدا، ئەو چینەیە کە ئامرازەکانى بەرهەمهێنانى ماددیى بەدەستەوەیە و، ئامرازە بەرهەمهێنەرەکانى هزریش کۆنترۆڵ دەکات (٣٩).

کەواتە بە بۆچوونى ئەم ڕێبازە، دەسەڵاتى سیاسى ئامرازێکە لە دەست چینى بۆرژوازیدا و بەکارى دێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانى خۆى. بۆیە لە بۆچوونى ئەم ڕێبازەدا، پێویستە گشت کۆمەڵگەى سیاسى بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە تاکوو دەسەڵات سەرلەنوێ دابەش بکرێتەوە.

 لە گشت ڕێباز و ڕا و بۆچوونە فەلسەفییەکانى سەبارەت بە دەسەڵاتى سیاسیدا، دەبینین کە جۆرە هاودەنگییەک لە ئارادایە لەبارەى ئەو تایبەتمەندییانەى کە دەسەڵات، بە لانى کەمەوە، لە ڕووى تیۆرییەوە لەخۆ دەگرێت. ئەم تایبەتمەندییانەیش بریتین لە (٤٠):

١. بوونى دەسەڵاتى سیاسى، لە بەکارهێنانیدایە نەک لە خاوەندارێتیدا. واتە لە خاوەنداریى مرۆڤدا نییە، بەڵکوو لە پەیوەندیى نێوان مرۆڤەکاندا بوونى هەیە.       

٢. دەسەڵاتى سیاسى، دەسەڵاتى هەمووانە و بە گشت خەڵکەوە بەندە.

٣. دەسەڵاتى سیاسى ئامانجى کۆمەڵایەتیى هەیە و لەناو کۆمەڵگەدا کارى پێ دەکرێت.

٤. دەسەڵاتى سیاسى، دەسەڵاتى ناچارکەرە.

٥. دەسەڵاتى سیاسى گشتگیرە و دەیەوێت هەر دەسەڵاتێکی تر لە هەمبەریدا لاوەکى بێت.

٦. دەسەڵاتى سیاسى، دەسەڵاتێکى جێگیر بووە.

٧. دەسەڵاتى سیاسى، جۆرە ڕەوایییەکى لەخۆ گرتووە.

لە کۆتاییی ئەم بابەتەدا، بەو ئامانجە دەگەین کە شیکردنەوەى چەمک و ناوەرۆکى دەسەڵاتى سیاسى، کارێکى دژوار و سەختە. چونکە ئەم چەمکە جۆرە پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى لەخۆ دەگرێت کە بۆ بەردەوامبوونى، پێویستى بە چەندین فاکتەری تر هەیە. وەک هێزى ناچارکردن، ڕەزامەندى، دابینکردنى پێداویستییەکانى مرۆڤ، ڕێکخستنى کۆمەڵگە، وەدیهێنانى ئازادى و دادپەروەرى. ئەمەیش وای کردووە کە ئەم پەیوەندییە، پەیوەندییەکى ئاڵۆز و چڕ بێت و سنوورەکانى دەسەڵات بەپێى کات و شوێن ئاڵوگۆڕى بەسەردا بێت... چونکە پەیوەندییە مرۆیییەکان بەردەوام لە گۆڕاندایە؛ ئەمەیش واى کردووە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتیش بەردەوام لە گۆڕاندا بن(٤١). ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستى زانیارى و هۆشیاریى مرۆڤ لە گۆڕانکارییەکانى دەوروبەر و ڕاددەى زانیاریى مرۆڤ لە مافەکانى له‌ هەمبەر دەسەڵاتى سیاسیدا. بۆیە دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتى سیاسى، کۆڵەکەى ژیانى هەر  کۆمەڵگەیەک پێک دێنێ و لە دەرهاوێشتەى پێداویستییەکانى مرۆڤ بۆ ڕێکخستنى کاروبارەکانى ژیانى تایبەتى و کۆمەڵایەتیى خۆیەتى. بەڵام ئەگەر ڕەزامەندى و ڕەوایى لە دەسەڵات بسێندرێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆى جووڵانەوەى ڕاى گشتى له‌ هەمبەر دەسەڵات، کە بەردەوامبوونى ئەم ڕایە لە دژى دەسەڵات دەبێتە هۆى لەرزۆکبوونى پایەکانى دەسەڵات. بەپێچەوانەیشه‌وه‌ پشتگیریکردنى ڕاى گشتى لە دەسەڵات، هۆکارى سەرەکییە بۆ سەقامگیربوونى دەسەڵاتى سیاسى و سیستەمى کۆمەڵایەتی کە هەردووکیان تەواوکەرى یەکدین.