جۆرەکانى دەسەڵاتی سیاسی- بەشی سێیەم و کۆتایی

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

هەر بیرمەندێک خوێندنەوەى بۆ دەسەڵاتی سیاسی کردبێ، بەپێى تێگەیشتنى خۆى دەسەڵاتى پۆلین کردووە؛ ئێمەیش لەم بابەتەدا سوودمان لە دابەشکردنى ماکس ڤێبه‌ر بۆ دەسەڵاتى سیاسى وەرگرتووە.

یەکەم: دەسەڵاتى تەقلیدى

لە بنەڕەتدا، ئەم جۆرە دەسەڵاتە تایبەت بەو کۆمەڵگەیانەیە کە لە بارودۆخێکى سەرەتایى یان خێڵەکیدا دەژین، واتە ئەو کۆمەڵگەیانەى کە لە ڕووى پێکهاتەى کۆمەڵایەتییەوە جۆرە خەسڵەتێکى هۆزگەرێتى و ئینتیما بۆ بەهایەکى داخراو بەسەریدا زاڵە. بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نییە کە ئەم چەشنە دەسەڵاتە لە کۆمەڵگەکانى سەردەم و سیستەمە سیاسییەکاندا بەرچاو ناکەوێت؛ هەر بۆ نموونەیش لە زۆربەى ئەو وڵاتانەى کە خاوەن بەها و نەریتى کۆمەڵایەتیى دواکەوتوون، ئەم جۆرە دەسەڵاتە فەرمانڕەوایى بەسەر کۆمەڵگەدا دەکات.

دەسەڵاتى تەقلیدى کاتێک سەر هەڵدەدات کە دەسەڵات پشت بە خەسڵەتێکى پیرۆزى بەهاکان دەبەستێت، کە ئەم پیرۆزییە بە درێژاییى زەمەن بوونى هەبووە و لە لایەن گەلیشەوە ئەم دەسەڵاتە پەسند کراوە. ئەم دەسەڵاتە، لە بەڕێوەبردنى کاروبارە گشتییەکاندا دەسەڵاتێکى میراتیى ڕەهایە تا پارێزگارى لە نەریتە جێگیربووەکان بکات و لە ڕێگەى بیروباوەڕ و نەریتەکانەوە، نەک لە ڕێگەى یاساوە کاریگەرى لەسەر کۆمەڵگەوە دابنێت. خاوەنى دەسەڵاتى تەقلیدى، پارێزگارى لە ڕێژەیەکى دیاریکراو لە ئازادى دەکات و ئەو کەسەی حوکمڕانی دەکات، دەست بەسەر گشت دەسەڵاتەکاندا دەگرێت و بەپێی بنەما مۆدێرنەکانی دەسەڵاتداریی (بۆ نموونە لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات) حوکم ناکات (١). پەیوەندیى هاووڵاتییش بە فەرمانڕەواوە لە نێوه‌ندى هەستکردن بە وەلا بۆ فەرمانڕەوا، پەیوەندییەکى پتەوە. دەسەڵاتى تەقلیدى، بەردەوام هەوڵى مانەوەى سیستەمى سیاسیى دەسەڵاتدار و بەردەوامبوونى دەدات، هەروەها لە هەمبەر هەر جۆرە گۆڕانکارییەکى کۆمەڵایەتیدا تووشى گیروگرفت دەبێت (٢). واتە داب و نەریت و عورفە کۆمەڵایەتییەکان هێزى دەرەکیى پابەندکەرە کە تاک و کۆمەڵەکان هان دەدات پابەندى ئەو یاسا و ڕێسایانە بن کە لەم داب و نەریتانەوە هەڵقووڵاون؛ ئەم داب و نەریت و پاشکۆ کۆمەڵایەتییانەیش دەربڕى ویژدانى میللەت و هیوا و ئاواتى گەلن؛ بۆیە لە ڕوانگەی دەسەڵاتی تەقلیدییەوە ئەگەر کۆمەڵگە بخوازێت کە پارێزگارى لە بوون و گەشەکردن و خۆشگوزەرانى و داهاتووى نەوەکانى بکات، پێویستە ئەم پاشکۆ کۆمەڵایەتییانە کاریگەریى بەردەوامیان بەسەریاندا هەبێت (٢).

دەکرێت لە هەندێ ژینگەى تایبەتدا، داب و نەریت، تایبەتمەندییەکى ئاشکراى سیاسیى هەبێت و بۆ گەرەنتیى گوێڕایەڵیکردن لە بڕیارەکان بەکار بێت (٣).

لە ڕووى پراکتیکییەوە، دەسەڵاتى تەقلیدى بە هۆى سیستەمى زنجیره‌پله‌یی (سلسلە مراجع/ هیراركی) کار دەکات کە بە هەر تاکێک لە کۆمەڵگەدا پێگەیەکى تایبەت دەبەخشێت، بەڵام پێگەى تاک بەپێچەوانەى پۆست و پایە هاوچەرخەکان بە وردى پێناسە و دیارى نەکراوە. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەم جۆرە دەسەڵاتە هەر لە ڕێگەى ئەو ڕێسا و داب و نەریتە سەقامگیرانەوە کە پێویست بە پاساوهێنانەوە بۆ بەردەوامبوونیان نییە و پێگەى هەمیشەییى شتەکان دیاری دەکەن، سنووردار دەکرێت (٤).

بەگشتیش دەتوانین ئاماژە بە کۆمەڵێک لە تایبەتمەندییەکانى ئەم جۆرە دەسەڵاتە بکەین وەک (٥):

١. فەرمانڕەوا یان پاشا کە وەک باوکى خێزان دەژمێردرێت، لە ڕێگەى پەیڕەوکردنى نەریتەکانى کۆمەڵگەوه‌ ڕەوایى بەدەست دێنێت. کۆمەڵگەیش خاوەن نەریتى باوە کە لە لایەن گەلەوە پەسند کراوە.

٢. دامودەزگه‌کانى بیرۆکراسیى ئەم جۆرە دەسەڵاتە، لە خێزانى خودى فەرمانڕەوا پێک هاتووە.

٣. چونکە گواستنەوەى دەسەڵات لەم سیستەمەدا بە شێوازى میراتى ئەنجام دەدرێت و گەیشتن بە دەسەڵات لە دەست خێزانى فەرمانڕەوادایە، بۆیە ئەگەرى کڕین و فرۆشتنى پلە و پۆستە کارگێڕییەکان بوونى هەیە.

٤. لە ڕوانگەى "ڤێبه‌ر"ەوە، داب و نەریتەکان فاکتەرى مەعنەوین بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەکانى گەل. بەم مانایە کە داب و نەریتەکان و که‌لتوورى سیستەمى تەقلیدى، مانا بە دابەشکردنى کار، فراوانبوونى شارنشینى، بەکارهێنانى تەکنه‌لۆژی و ئامرازەکانى پەیوەندیى گشتى دەبەخشێت.

هەروەها لە دەسەڵاتى تەقلیدیدا، دوورخستنەوە و دامەزراندنى زۆربەى بەڕێوەبەر و بڕیاردەرەکان بەپێى پێوەرگەلى تەقلیدى و گونجانیان لەگەڵ نۆرمە پەسندکراوەکاندا لە لایەن ئەو کەسانەى کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە ئەنجام دەدرێت. لە هەمان کاتیشدا، وەها چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم کەسانە بتوانن ڕۆڵى کارا لە بەکارهێنانى سەرچاوەکان و بەرزکردنەوەى ڕەزامەندیى هاووڵاتیاندا بگێڕن. دوورخستنەوە و دامەزراندنى ئەم بەڕێوەبەر و بڕیاردەرانەیش پەیوەندیى ڕاستەوخۆى بە توانایى و لێهاتووییى ئەوانەوە نییە، هەروەها دووریشە لە ویستى هاووڵاتیانەوە، بەڵکوو لەژێر کاریگەریى بگۆڕى جیاوازدایە. (٦).

لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتى تەقلیدى دەسەڵاتێکى چەقبەستووى ناوەندگەراى پشتبەستوو بە پاشکۆ مێژوویییەکانە. تا ئەو کاتەى کە ئەم دەسەڵاتە ڕێز لەو ڕێسا و بنەمایانە بنێت کە لەسەریان دامەزراوە و جەخت لە باڵابوونیان لە کۆمەڵگەدا بکات، گەرەنتیى بەردەوامى و دەسەڵاتدارێتیى خۆى دەکات و ڕەزامەندیى گەلیش دەستەبەر دەبێت. بەڵام لادان لەم پرەنسیپانە هۆکارى ورووژاندنى ڕاى گشتییە دژ بە دەسەڵات.

دووەم: دەسەڵاتى کاریزمى

دەسەڵاتى کاریزمی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا سەر هەڵبدات، خەسڵەته‌ سەرەکییه‌كه‌ی ئەوەیە کە سەرکردە لە سەرووى کۆمەڵگە و ئەندامانێتى، بۆیە گشت کۆمەڵگە بە دیدێکى سیحرامێزەوە دەڕواننە سەرکردەى کاریزما. لێرەوە ئەم سەرکردەیە خەسڵەتێکى ڕۆحى وەردەگرێت و کۆمەڵگە لە نێوه‌ندى ئەم خەسڵەتەوە بەڕێوە دەبات و کەس بۆى نییە ڕەخنەیشى لێ بگرێت. لە کاتى سەرهەڵدانى ئەم جۆرە دەسەڵاتەدا زۆرینەى تاکەکانی کۆمەڵگە پشتگیریى لێ دەکات، بەڵام مەرج نییە ئەم پشتگیرییە بەردەوام و نەگۆڕ بێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە گۆڕانکارییە هەمەڕەهەندەکانى ژیان بەسەر بۆچوونى هاووڵاتیان هەمبەر بە سەرکردەى کاریزما کاریگەر دەبن.

دەسەڵاتى کاریزمى، دەسەڵاتێکە پشت بە هێزى تاکەکەسی دەبەستێت، واتە هێزى ئیلهامبەخشى کەسەکە. ئەم دەسەڵاتە پشت بەوە دەبەستێت داخۆ فەرماندە یاخود سەرکردە، تا چ ڕاددەیەک توانا و لێهاتووییى دەبێت، وەکوو پاڵەوانێک یان کەسێکى پیرۆز فەرمان بۆ پەیڕەوکەرانى دەربکات (٧).

لە دەسەڵاتى کاریزمیدا، مرۆڤ بە هۆى داب و نەریت یان یاساوه‌ پەیڕەوى لە کاریزما ناکات، بەڵکوو بە هۆى باوەڕبوونى بە کاریزماوه‌ پەیڕەوى لێ دەکات. ئەگەر سەرکردە لە سەرکردەیەکى سنووردار و دۆگماییی بزاڤێکى تازەپێگەیشتوو سەرووتر بێت، ئەو سەرکردەیە خاوەن ئامانجگەلێک دەبێت کە کار و ژیان و هەوڵ و تەقەڵڵاکانى بە ئاراستەى بەدیهێنانى ئەم ئامانجانە دەبن. گوێڕایەڵیى پەیڕەوکەران و شوێنکەوتوو و هاوڕێ حزبیەکانیشى بە هۆى پێگەى کەسایەتى و خەسڵەت و دەسەڵاتەکانییەتى (٨). لە ستراکتۆرى کاریزماتیکدا، بەپێچەوانەى هەموو دامەزراوە بیرۆکراتییەکان، هیچ مێتۆدێکى سیسته‌ماتیک بۆ دامەزراندن یان لەکارلابردن  بەکار ناهێنرێت. لەم ستراکتۆرەدا باس لە پیشە، بەربوونەوەى پلە و پایە و ماف لەسەر بنەمایەکى ڕێکوپێک و فێرکاریى بەردەوام و تایبەت بە سەرکردەى کاریزما و ڕاوێژکارانى ناکرێت. (٨).

بە بۆچوونى "ڤێبه‌ر" سەرچاوەى بزاڤى کاریزمایى، دروستبوونى "بۆشاییى مانایە" کە لە ئەنجامى بێتواناییى نەریتەکان و سیستەمى فیکریى چەقبەستوو لە شڕۆڤەکردنی گۆڕانکارییە نوێیەکانه‌وه‌ سەر هەڵدەدات. بۆیە بزاڤە کاریزمایییەکان لە زۆربەى کاتەکاندا بۆ نەهێشتنى ئەم بۆشایییەى مانا بەردەوام نەریتەکان نوێ دەکەنەوە، ئەویش لە ڕێگه‌ى پێناسەى نوێوە کە لە واقعییەتى کۆمەڵایەتییەوە سەر هەڵدەدەن و پەیڕەوکەرانى مۆبیلیزە دەکەن (٩).

بە بڕواى "گرامشى" چینە کۆمەڵایەتییەکان لە قۆناغێکى دیارى ژیانى مێژوویییاندا لە حزبە کۆنەکان دوور دەکەونەوە. بە واتایەکی تر، چین یان بەشێک لە چین، چیتر حزبە کۆنەکەى، شێوەى ڕێکخستنى تایبەتى، ئەندام، سەرکردە و نوێنەرانى، بە وتەبێژى خۆیان دانانێن. بە هاتنەکایەى ئەم جۆرە قەیرانەوە بارودۆخێکى مەترسیدار دێتە ئاراوە، چونکە گۆڕەپان بۆ ڕێگه‌چارەسەرە توندوتیژەکان و چالاکیى هێزە نەناسراوەکان ئامادە دەبێت کە بەگشتى بەرجەستەبوونى خۆى لە کەسایەتییە چارەنووسساز و کاریزماتیکه‌كاندا دەدۆزێتەوە (١٠).

دەسەڵاتى کاریزماتیک سروشتى بێت یان ناسروشتى، بەگومانەوە سەیر دەکرێت. ئەم ڕوانینە لە ئەنجامى ئەو باوەڕەیە کە دەسەڵاتى کاریزماتیک پەیوەندییەکى پتەوى هه‌یه‌ لەگەڵ دەسەڵاتگەرایى یاخود "ئۆسۆریتاریانیزم"دا، واتە له‌گه‌ڵ خواستى گوێڕایەڵیى بێچەندوچۆن یان سەپاندنى دەسەڵات بەبێ ڕەچاوکردنى ڕەزامەندیى هاووڵاتیانه‌وه‌. چونکە دەسەڵاتى کاریزماتیک لەسەر کەسایەتیى تاک بنیات نراوە نەک لەسەر بنەماى پێگەى کۆمەڵایەتى یان پلە و پایەى کەسەکە؛ هیچ جۆرە ڕێسا و پرەنسیپێکیش ناتوانێ ئەم دەسەڵاتە سنووردار بکات (١١).

دەسەڵاتى کاریزمایی، خاوەن ستراکتۆرى تایبەتە، بەڵام ستراکتۆرێکى کاتى و لەرزۆک. ئەم ستراکتۆرە تەنیا ئەوکات ئومێدى مانەوەى هەیە کە بتوانێت ستراکتۆرەکانى دەسەڵاتى تەقلیدى یان دەسەڵاتى عەقڵانى بەکار بێنێت (١٢). چونکە گومان لەوەدا نییە کە سەرکردایەتیى کاریزماتیک هێزێکى شۆڕشگێڕانەیە لە پرۆسەیەکى مێژووییدا، پێدەچێت ئەرکەکەى ئەو کاتە ئاشکرا بێت کە کۆمەڵگە بە قۆناغە سەختەکاندا دەرباز دەبێت و ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان بە بەرزترین ئاستى وەستان دەگەن. لەم کاتەدا کاریزما ئاسۆى نوێ دەکاتەوە و ڕوانینى داهێنەرانە بۆ ژیانى کۆمەڵایەتى دێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نییە کە هێزى کاریزما دەتوانێت بەسەر ڕێکخستنى عەقڵانیى ژیانى کۆمەڵایەتیدا سەر کەوێت، بەڵکوو دواجار بەرەو ئاستێکى ڕۆتینانە هەنگاو دەنێت (١٣).

ئەمەیش لەبەر ئەوەى کە دەسەڵاتى کاریزماتێک بەڕاشکاوى هەمبەر دەسەڵاتى تەقلیدى یان عەقڵانى دەوەستێت، چونکە نە عەقڵ و نە نەریت پایەى ئەم دەسەڵاتە نییە، بەڵکوو سۆز و نەریتشکاندن لە پێداویستییەکانى ئەم جۆرە دەسەڵاتەیە. دامودەزگه‌ى بەڕێوەبردنى دەسەڵاتى کاریزماتیکیش جیاوازە، چونکە ئەم دامودەزگه‌یە حاڵەتى شۆڕشگێڕیى هەیە و هەوڵ بۆ لەناوبردنى ڕابردوو دەدا (١٤)،

بەگشتى دەسەڵاتى کاریزمایى ئەم تایبەتمەندییانەى هەیە: تەواو تاکەکەسییە، لە هێزە ناسروشتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەوانەیە ئایینى یان نائایینى بێت، پەیوەندیى سۆزایەتى یان ناعەقڵانى لە نێوان پەیڕەوان و سەرکردەدا بوونى هەیە، پەیامێکى لەخۆ گرتووە کە دەکرێت دووبارە نوێکردنەوەى باوەڕێکى لەناوچوو یان گەڵاڵەکردنى ئامانجێکى نوێ بێت، لە کاتى قەیرانى کۆمەڵایەتیدا ئەگەرى سەرهەڵدانى زۆرترە، بەگشتى دەبێتە هۆى گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتى و هزرى (١٥).

پێویستە لەبیر نەکرێت کە ئەزموونە مێژوویییەکان، لایەنگرانى دیموکراسیی بەو ڕێڕەوە ئاراستە کردووە کە لەو بڕوایەدا بن کە سەرکردایەتیى نوخبەى کاریزماتیک دەتوانرێت بە سەرەتاى سەرهەڵدانى ستراکتۆرى داخراویى سیاسى و دیکتاتۆرى، بە واتایەکی تر حکوومەتگەلى ستەمکار و دیکتاتۆرانە بزانرێت (١٦).

کاتێک کۆمەڵگە تووشی قەیران دەبێت، بەدوای فریادڕەسێکدا دەگەڕێت و، وەها هزر دەکات کە ئەم فریادڕەسە دەتوانێت کۆمەڵگە لە قەیران دەرباز بکات. واتە ئەو کاتەى کە دەسەڵاتى فەرمانڕەوا ناتوانێت پێداویستییە ماددى و مەعنەوییەکانى کۆمەڵگە فەراهەم بهێنێت؛ لەم چەشنە بارودۆخە کۆمەڵگە بە دواى ئه‌لته‌رناتیڤێکدا دەگەڕێت تا بتوانێت ڕەوشى کۆمەڵگە سەقامگیر و پێداویستییەکانیش دابین بکات. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەم دەسەڵاتە کورتخایەنە، چونکە ئەو کاتەى کە هەلومەرجى کۆمەڵگە بەرەو دۆخى سەقامگیر بگەڕێتەوە، ئیتر ناتوانێت درێژە بە دەسەڵاتى بدات و پشتیوانیى جەماوەرییش بۆ مانەوەى خۆى دەستەبەر بکات.

سێیەم: دەسەڵاتى عەقڵانى

دەسەڵاتى عەقڵانى لە تایبەتمەندییەکانى ئەو سیستەمە سیاسییانەن کە تیایدا کار و ئەرکەکان بەڕوونى دیاری کراون و پێشکەوتنى هەمەڕەهەند لە بوارەکانى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیریدا دەستەبەر کراوە. ئەم کۆمەڵگەیانە خەسڵەتى هەرە سەرەکییان کاراییى سیستەمى بیرۆکراسییە و، عەقڵانییەتیش لە بەڕێوەبردنى بوارەکانى ژیاندا شوێنپەنجەى دیارە. هەروەها لەم جۆرە دەسەڵاتەدا بە هۆى فراوانیى زانیارییەکان و قۆرخنەبوونى ئامرازەکانى ڕاگەیاندن بەدەست لایەن یان تاقمێک و ئازادیى یاسایى لە دامەزراندنى ئەنجومەنە گشتییەکاندا وەک حزبی سیاسی و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، گشت ئەم فاکتەرانە نەک تەنیا ئامرازێکن بۆ سنووردارکردنى دەسەڵاتى سیاسى و گۆڕانکارى لە ئەرکەکانیدا بەپێى پێداویستییەکانى ڕۆژ، بەڵکوو لە لایەکی ترەوە یارمەتیدەرى دەسەڵاتن لە ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانیدا. لەم سیستەمەدا هەر جۆرە چالاکییەک لە هەر بوارێکدا، پێویستە بەپێى یاسا ڕێک خرابێت کە کەس بۆى نەبێت پێشێلى بکات.

ماکس ڤێبه‌ر، کاتێک ئاماژە بە چەمکى عەقڵانیبوون دەدات، ڕاستەوخۆ پرۆسەیەک وێنا دەکات کە بەپێى ئەم چەمکە دەتوانرێت یاسا و داب و نەریتەکان بپێورێن و لە ڕووى عەقڵانییشەوە بەڕاشکاوى ڕێکخراو و سەقامگیر بوونە و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ جێى سۆز و نەریتەکان دەگرنەوە. هەروەها ئەم چەمکە جۆرێک لە کۆنترۆڵى نۆرمەکان و چەشنێک لە دەسەڵاتى یاسایى لەخۆ دەگرێت کە ڤێبه‌ر، بە دەسەڵاتى عەقڵانیى ڕەوا ناوى دەبات؛ ئەم دەسەڵاتەیش بە مافى ئەو زانایانە دەزانێت کە بە ئامانجى جێبەجێکردنیان سەریان هەڵداوە (١٧).

ڕەوایەتیى دەسەڵاتى عەقڵانى- یاسایى، پشتبەستراوە بە داڕشتنى ڕێسا و بڕیارەکان لەسەر بنەماى یاسا (١٨).

ئەم دەسەڵاتە سیستەمێکى یاساییى زۆر پێشکەوتوو بەرجەستە دەکات؛ بەو مانایە کە لەگەڵ دامەزراوەى دەسەڵاتى حکوومەت و مەرجەعییەتە سیاسییەکەیدا پەیوەندیى هەیە. لە ڕووى یاسایییەوە لەم جۆرە دەسەڵاتەدا ڕێبەرایەتیى سیاسى، دەسەڵاتەکانى لە چوارچێوەى یاساى بنەڕەتیدان. بەڵام هەر بە هۆى ئەم چوارچێوە یاسایییەیشەوە، سەرکردایەتیى سیاسى لە هەندێ ڕووەوە، دوورە لە چاودێریى ئاکارى و ئایینى، جا ئەم چاودێرییە بە شێوەى تەقلیدى بێت یان کاریزمى (١٩).

دەسەڵاتى عەقڵانى بەپێى پێوەرە جیهانى و فەرمییەکان مومارەسە دەکرێت؛ داڕێژراوە بۆ گەره‌نتیکردنى زۆرترین ڕاددەى مومکین لە پێشبینیکردن. هەروەها دەسەڵاتى عەقڵانى- یاسایى بە ماناى حوکمکردنە لە لایەن فەرمانبەرانەوە کە خاوەن پلەیەکى بەرزن لە پسپۆڕێتى و دابەشکردنى کارەکاندا (٢٠).

بۆیە ئەم دەسەڵاتە، پشتبەستراوە بە یاساى بنەڕەتى کە هەم فەرمانڕەوا هەمیش هاووڵاتى بە نۆرمگەلى هاوبەش پابەند دەکات. ئەم تایبەتمەندییەى دەسەڵاتى سیاسیى مۆدێرن، لە ئەنجامى تێکچڕژان و لێکهەڵکێشانى ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و کردەى سیاسییە. لەم پرۆسەیەدا کردەى سیاسى لە ڕێگەى دەستوور و یاساوە ئاراستە دەکرێت و یاساسالارى و دەستوورسالارى(Constitutionality)  بە بەشێک لە کردەى سیاسى دادەنرێت (٢١).

لە دەسەڵاتى عەقڵانیدا، گوێڕایەڵى بۆ کەسێکى دیاریکراو نییە بەڵکوو بۆ کۆمەڵێک بنەماى بابەتییانەیە کە بەسەر هاووڵاتیاندا ئەو ئاراستە و فەرمانانە دەسەپێنێت کە سەرۆک دەرى کردوون؛ ئەویش بە چاوپۆشین لە کەسایەتیى خودى سەرۆک. سەرەڕاى ئەمەیش، هەندێ ڕێوشوێنى ڕوون هەن کە پەیڕەوى دەکرێن بۆ ئەوەى کە سەرۆک بتوانێت لە ڕێگه‌یانەوە ئەرکەکانى پێگەى کۆمەڵایەتیى خۆى ئەنجام بدات، وەک: دامەزراندن و هەڵبژدان [بۆ نموونە هەڵبژاردنی کۆمەڵێک ڕاوێژکار) (٢٢). بۆیە لەم جۆرە دەسەڵاتەدا گشت ماف و ئەرکێک لە ویستى گشتیى خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت و، لە دەرەوەى ویستى خەڵک هیچ ماف و ئەرکێک بوونى نییە (٢٣).

 بە گشتى دەسەڵاتى یاسایى -عەقڵانى لەسەر ئەم پرەنسیپانەى خوارەوە دامەزراوە (٢٤).

١. لە ڕووى عەقڵانییەوە، ئەگەرى ئەوە هەیە کە هەر یاسایەک لە ڕێگەى ڕێککەوتنەوە بەرقەرار بکرێت.

٢. هەر یاسایەک لە جەوهەردا بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێساى ئینتیزاعى کە بە ئامانجێکى لەمەو پێشتر نووسراوەتەوە.

٣. خاوەنانى دەسەڵاتى یاسایى، پەیڕەوى لە دیسپلینى خۆیان ناکەن بەڵکوو پەیڕەوى لە یاساکان دەکەن.

٤. کەسى گوێڕایەڵ وەکوو ئەندامێکى کۆمەڵ، گوێڕایەڵى لەو یاسایانە دەکات کە بە جەوهەرى بۆچوونى کۆمەڵ دەژمێردرێن.

٥. بەو جۆرەیش ئەو کەسانەى کە گۆێڕایەڵن بەپێى بەندى سێیەم، گوێڕایەڵى لە کەسى خاوەن دەسەڵات ناکەن بەڵکوو گوێڕایەڵى ڕێسا بابەتییەکانن.

کەواتە لەم سیستەمەدا تاکى دەسەڵاتدار ڕەوایەتیى نییە، بەڵکوو ڕەوایەتى بە دامەزراوەکان دەدرێت ئەویش لە ڕێگەى یاساوە؛ هەر لەم ڕێگه‌یەیشەوە تاک پلە و پایە وەردەگرێت یاخود لێى دەسێنرێتەوە.

لە سیستەمى سیاسیى بەدامەزراوەییکراو یاخود عەقڵانى- سیاسیدا، مەرجەعییەتى دەسەڵاتداران و مانەوەى دامەزراوەکان، پێویستیى بە ڕەزامەندیى هاووڵاتیان هەیە. بەم پێیە، جۆرە پەیوەندییەکى کارلێکردنى دوولایەنە لە نێوان دەسەڵاتى سیاسى و هاووڵاتیدا بوونى هەیە (٢٥).

لە ئەنجامدا، لە سیستەمى عەقڵانیدا گشت کردەوەکان لە نێوه‌ندى ئەو یاسایانەى کە کۆمەڵگە لەسەریان ڕێک کەوتووە ئەنجام دەدرێن، کە نە دەسەڵات و نە کۆمەڵگە بۆیان نییە بەتەنیا گۆڕانکاریى تیایدا ئەنجام بدەن؛ ڕاى گشتییش هەر لە ڕێگەى پشتبەستن بە میکانیزمە یاسایییەکانەوە، هەوڵ دەدات خواستەکانى بۆ بەردەم دەسەڵات بخاتە ڕوو.