ئەمریکا و هێزی نەرم/ بەشی چوارەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

- بەها سیاسییەکان وەک هێزی نەرم

ئەمریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەردەوام بەهای سیاسی و کەلتووری سیاسیی تایبەت بە خۆی بەرهەم دەهێنێت و دواتریش کار بۆ بڵاوکردنەوە و بەجیهانیکردنی دەکات، بەتایبەت لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم و جەنگی جیهانیی دووەم و جەنگی سارد و قۆناغی دوای جەنگی سارد و تەنانەت دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپته‌مبەریش ئەم بەها سیاسی و ستڕاتیژییانە بەپێی قۆناغ و ڕووداوەکان دەگۆڕێن و خۆیان نوێ دەکەنەوە و لە لایەن خودی ئەمریکاوە بەجیهانی دەکرێن.

لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت و ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزمەوە، ئەمریکا لە ڕێگەی داڕشتنەوەی سیسته‌مێکی سیاسیی نوێی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی دونیا (سیسته‌می نوێی جیهانی)، کۆمەڵێک بەها و ڕەگەزی سیاسی و سەربازیی نوێی ڕاگەیاند کە زیاتر تیشکیان دەخستە سەر لیبڕاڵیزم و بەهاکانی وەک: ئازادی، دیموکراسی، بازاڕی ئازاد، دەستوەردانی مرۆیی، میدیای ئازاد، ئازادییە گشتییەکان، مافی کەمینەکان، ئاسایشی بەکۆمەڵ و پڵۆراڵیزم و هتد.

دەستوەردان و یارمەتیی مرۆییی ئەمریکا لە بەهاری ساڵی ١٩٩١دا لە عێراق بە مەبەستی پاراستنی کورد وەک گرووپێکی نەتەوەیی لە عێراق و هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی پەناگەی ئارام و ناوچەی دژەفڕین لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، دەچێتە چوارچێوەی هێزی نەرمەوە و هەوڵێکە بۆ پیشاندانی دیوە باش و جوان و مرۆیییەکەی ئەمریکا تاوەکوو بە لایەنی کەمەوە وێنەی ئەمریکا لە هێزێکی زاڵ و خۆسەپێنەرەوە لە دونیا، بگۆڕێت بۆ هێزێکی باش و جوان و مرۆڤدۆست؛ بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕین و سەربەخۆبوونی هەرێمەوە ڕای گشتیی ئەو هەرێمە دیدێکی ئەرێنی و مرۆیییانەیان بەرامبەر بە ئەمریکا بۆ دروست بووبوو.

هەموو ئەو ئامانجانەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی وێنە و هێز و هێژموونییەتی لە دونیا و لەناو کۆمەڵگەی سیاسیی نێودەوڵەتیدا، بەڵام لە ڕێگەی ئامراز و کەرەستەی نەرمەوە نەک هێزی ڕەق و هێزی سوپا و سەرباز. ئەمریکا بەردەوام هەوڵ دەدات ئەو بەهایانە لە هەموو شوێنیکی دونیادا بڵاو کاتەوە و لەنێو هزر و بیرکردنەوەی هەموو کەس و هاووڵاتییەکی دونیادا بیچەسپێنێت تاوەکوو ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەو بەهایانەوە ئەمریکای وەک هێزێکی گەورە و خاوەن دەسەڵات بێتە بەرچاو، یان بەردەوام ئەمریکای وەک زلهێز و خاوەن بەهای تایبەت بە خۆی لە خەیاڵ و هزریدا بمێنێتەوە.

ناوەندە میدیایییەکان و سی ئێن ئێن: هێزی نەرم لە ڕێگەی شاشەوە

ئەمریکا وەک دەوڵەتێکی لیبڕاڵ و هەڵگری سیسته‌مێکی سەرمایەداری، خاوەن ناوەندێکی زۆری میدیایییە، چ حکوومی و فەرمی، چ ناحکوومی و ئەهلی و، هەر لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکانەوە تا دەگاتە ڕادیۆ و کەناڵە ئاسمانییەکان و میدیای بینراو بەگشتی. ڕۆژنامەکانی وەک: زە نیویۆڕک تایمز، زە وۆڵ ستریت جۆرنال و واشنتۆن پۆست و... و، کەناڵە ئاسمانییەکان وەک: سی ئێن ئێن، ئێن بی سی، ئەی بی سی و فۆکس نیوس و...، ناوەندە گرنگ و سەرەکییەکانی ئەمریکا پێک دەهێنن کە بەگشتی کار بۆ پیشاندان و ناردنەدەرەوەی ئەمریکا دەکەن وەک هێز و بەهاکانی نێو کۆمەڵگەی ئەمریکی و، بەها سیاسییەکانی دەوڵەت پیشان دەدەن. بەگشتی ئەم ناوەند و کەناڵانەی ڕاگەیاندن بە جۆرێک لە جۆرەکان و هەر یەک بە شێواز و تایبەتمەندیی خۆی، هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی هێزی نەرمی ئەمریکا وەک دەوڵەت و خاوەن بڕیار لە جیهاندا بە هاووڵاتیان و ڕای گشتیی جیهان بناسێنێت و بیگەیەنێت.

"سی ئێن ئێن" یەکێکە لە کەناڵە هەرە بەناوبانگ و کاریگەرەکانی دونیا و بینەرێکی زۆری لە جیهاندا هەیە. سی ئێن ئێن کورتکراوەی Cable News Networkە کە بە مانای "تۆڕی هەواڵی جیهانی" دێت. ئەم کەناڵە لە ساڵی ١٩٨٠دا لە لایەن سەرمایەدارێکی ئەمریکییەوە دامەزراوە و لە جەنگی یەکەمی کەنداو و دووەمی کەنداو و لە سەروبەندی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و سەددامدا لە ٢٠٠٣، ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەر و گەورەی بینیوە لە پیشاندان و گواستنەوەی وێنەکان و پیشاندانی ئەمریکا وەک زلهێز و خاوەن سوپایەکی گەورە لە دونیادا. ئەم کەناڵە ڕاستە حکوومی نییە و سەر بە کەرتی تایبەتە، بەڵام لە زۆربەی دۆخەکاندا نوێنەرایەتیی ئەمریکا و سەرچاوەکانی هێزی نەرمی ئەمریکا دەکات و دەیەوێت وێنەیەکی تەواو بەهێزی ئەمریکا پیشانی هەموو دونیا بدات؛ سەرەڕای ئەوەیش کۆمەڵێک کەناڵی تری دەستەخوشکی هەیە لە وڵاتانی تردا لەوانە: سی ئێن ئێنی تورکی، سی ئێن ئێنی ئیسپانی، سی ئێن ئێنی فلیپینی، سی ئێن ئێنی ئەندەنوسی، سی ئێن ئێنی چیلی و هتد. ئامانج لەمەیش جارێکی تر سەرنجڕاکێشان و بەستنەوەی ڕای گشتی و نەتەوە جیاوازەکانی دونیایە بە ئەمریکا و، کردنی ئەمریکایە بە وێنەیەکی جیهانی و هەمیشە لەبەرچاو و کاریگەر.

- زمانی ئینگلیزی؛ کۆڵەگەی سەرەکیی هێزی نەرمی ئەمریکا

زمانی ئینگلیزی سەر بە خێزان و بنەماڵەی زمانەکانی هیندۆ-ئەوروپییەکانە و بەشێکە لە زمانە جێرمەنییەکان و یەکەمین جاریش لە بریتانیا سەری هەڵداوە و دواتر پەڕیوەتەوە ئەمریکا. ئەمڕۆ زمانی ئینگلیزی بووە بە زمانێکی نێودەوڵەتی و زمانی دیپلۆماسییەت و زانست و سیاسەت و بازرگانی و میدیا و زمانی پیشەسازی و تەکنەلۆژی و؛ یەکێکە لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی دونیا و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیش لە سەرانسەری دونیادا گفتوگۆی پێ دەکەن. لە زیاتر لە ٥٤ وڵاتی دونیا زمانی ئینگلیزی بووە بە زمانی فەرمیی دەوڵەت و زمانی بیرۆکراتییەت و کارگێڕی و پەروەردە و نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن خەڵکیش گفتوگۆی پێ دەکەن و بەکاری دەهێنن. جگە لەمە وەک زمانی دووەم لەپاڵ زمانی دایکدا لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دەخوێندرێت و پەرە و گرنگیی پێ دەدەرێت، بەتایبەت لە زانکۆ نێودەوڵەتییەکان و بەشە زانستییەکان لە زۆربەی زانکۆکان وەک زمانی یەکەم دەخوێندرێت و ڕۆژ دوای ڕۆیش لە گەشەی زیاتر و فراوانبوونی زیاتردایە؛ سەرەڕای ئەوەی زمانی یەکەمی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ و کۆمەڵێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی تر و ناوەندی دیپلۆماسیی تری دونیایە.

زمانی ئینگلیزی هەر لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەمەوە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت بە هۆی شۆڕشی پیشەسازی لە بریتانیا و شۆڕشی تەکنەلۆژی و پڕۆسەی جیهانگیرییەوە و دواتریش لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا لە دوای پێشکەوتنەکانی ئەمریکاوە زمانی ئینگلیزی سەرکەوتنەکانی زیاتر و گەورەتر دەبن؛ ئەمەیش بە هۆی پێشکەوتن و باڵادەستیی ئەمریکا و سەرچاوەکانی هێزی ئەمریکا لە دونیادا. لە سەردەمی ئێستا، بە هۆی جیهانگیری و تێکەڵبوونی کەلتوور و نەتەوە و زمانە جیاوازەکانی دونیا، زمانی ئینگلیزی دەبێت بە زمانێکی باڵادەست وەک بەهێزترین و کاریگەرترین سەرچاوەی هێزی نەرم لە سەرانسەری دونیا و، بەشێکی زۆری نەتەوە جیاوازەکانی دونیا لە ڕێگەی ئەم زمانەوە پەیوەندی بە یەکترەوە دەکەن و گفتوگۆ دەکەن و بیروڕا دەگۆڕنەوە و خۆیان بە یەکتر دەناسێنن.

زمانی ئینگلیزی، ئەمڕۆ بۆتە زمانێکی کیشوەربڕ و، سنووری هەموو نەتەوە و کەلتوور و ڕەنگ و ئایین و دەوڵەت و یەکەیەکی سیاسی و ئابووریی تێ پەڕاندووە و دەکرێت بڵێین هەموو نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دونیای بە یەکتر بەستۆتەوە و ڕۆڵی ناوەندێکی خێرا و کارا دەبینێت لە نزیککردنەوە و بەیەکگەیاندنی نەتەوەكانی دونیادا. سەرەڕای ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی زمانی یەکەمە، لە ئاستی نیشتمانییش خەریکە لە زۆربەی سیسته‌می پەروەردە و خوێندنی وڵاتاند لەپاڵ زمانی دایک وەک زمانێکی سەرەکی دەخوێندرێت و گرنگیی پێ دەدرێت. ئەمریکا وەک دەوڵەت بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات ژمارەی بەکارهێنەرانی زمانی ئینگلیزی ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرز بکاتەوە؛ بە جۆرێک هەموو هاووڵاتیانی جیهان بە لایەنی کەمەوە ئاستێک لە زمانی ئینگلیزی بزانن و قسەی پێ بکەن و پێی بخوێننەوە تاوەکوو بەئاسانی و بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ لە پەیام و ئامانجەکانی ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی بگەن و وابەستە و سەرسامی بن.

ئامانج لە باڵادەستکردنی زمانی ئینگلیزی بەسەر زمانەکانی تردا لە لایەن ئەمریکاوە، داگیرکردنی کەلتوور و بچووککردنەوەی زمانەکانی تر و وابەستکردنی زیاتری وڵاتانی جیهانە بە ئەمریکاوە، یان بێهێزکردنی ڕکابەرەکانی ئەمریکایە! ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی خوێندن و بیرکردنەوە و خوێندن بە زمانی ئینگلیزی وا لە هاووڵاتیان و نەتەوەکانی تر بکات، سەرسام بن بە ئەمریکا و بە کەلتوور و شێوە ژیانی و بە جۆرێک لە جۆرەکان هۆگری ئەمریکا بن و سۆز و هەستیان بۆیان هەبێت و خۆیان بە ئەمریکی و بەشێک لە سیسته‌می کەلتووریی ئەو وڵاتە دابنێن و وێنەی ئەمریکایش بەبەردەوامی بە گەورەیی و وەک زلهێزێک لە خەیاڵ و یادەوەری و هزریاندا بمێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکا ساڵانە دەیان بەرنامەی جۆراوجۆری فێربوونی زمانی ئینگلیزی/شێوەزاری ئەمریکی هەیە لە سەرانسەری دونیادا و؛ زۆرینەیشیان بەخۆڕایی و لە ڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوەن و بەشێکییشیان لە ڕێگەی دەزگه‌ی نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانە و کونسڵخانەکانیانەوە لە وڵاتانی جیهاندا جێبەجێ دەکرێن و، لەسەر ئەرک و خەرجی خودی ئەمریکا، ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاویش دەبرێنە ئەمریکا و بەشداری خولی تایبەتی زمان دەبن.