ئەمریکا و هێزی نەرم/ بەشی پێنجەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

- ناوەندەکانی بیرکردنەوە (Think Tank)

"ناوەندەکانی بیرکردنەوە" یان "خانەی هزر" یان "خانەی ئەندێشە" یان "ژووری بیركردنه‌وه‌" کە بە ئینگلیزی بە (Think Tank) دەناسرێت و ناودێر دەکرێت، یەکێکە لە کەناڵە هەرە سەرەکییەکانی دروستکردنی بڕیار لە سیسته‌می سیاسیی ئەمریکادا و لە پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار، چ لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆ، چ لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا ڕۆڵێکی یەکجار گەورە و بێوێنە دەبینن. هەندێک جار ئەم دەزگه‌یە وەک سەنتەرەکانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنان و شیکردنەوەی زانیارییش دەناسرێن و پیشان دەدرێن. هەرچەند‌ سەرەتای دروستبوونیان، ئەم دامەزراوانە بە "دڵ و مێشکی دەوڵەت" ناو دەهێنران، بەڵام دواتر لە ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوو و دوای دروستبوونی "دامەزراوەی ڕەند"، کە کەناڵێک بوو بۆ کۆمەککردن و پێشکەشکردنی زانیاری و هاوکاری بۆ سوپا و دامەزراوەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی، زیاتر بەرەو ئەوە ڕۆیشتن کە وەک دەزگه‌یەکی هەستیار و بیرکەرەوە ببینرێن و دەربکەون و لە بوار و سێکتەرە جیاوازەکاندا یارمەتیی دەوڵەت بدەن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکێکە لەو یەکە سیاسی و دەوڵەتانەی کە لەسەر ئاستی جیهاندا زۆرترین ناوەندی بیرکردنەوە لەخۆ دەگرێت و، بەوە ناسراوە کە ئەم ناوەندانە لە پڕۆسەی دروستکردنی بڕیاردا بەشدارییەکی کارا و سەرەکی دەکەن و؛ لەپاڵ ئەمانەیشدا ئەمریکا ئەو ناوەندانەی بیرکردنەوەی، هەمیشە وەک هێزی نەرمی خۆی بەکار دەهێنێت و پیشانی دەدات و دەیەوێت لە ڕێگەیەوە پەیامێک بۆ هێزە گەورە و بچووکەکانی جیهان بنێرێت کە ئەمریکا وەک دەوڵەت خاوەن ناوەندی بەرهەمهێنانی زانیاری و مەعریفە و لێکدانەوە و پێشبینیکردن و شیکردنەوەی زانیاریی زۆرە و ڕەچاوی ورد و درشتی ڕووداوەکانی جیهان دەکات و زۆر بەهەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و جووڵە سیاسی، سەربازی، ستراتیژی، ئابووری و دیپلۆماسییەکانی خۆی لەسەر ڕێک دەخاتەوە و دادەڕێژێتەوە.  

ناوەندەکانی بیرکردنەوە دابەش دەبن بۆ چەندین جۆر و بابەت و بە چەندین شێوەیش پۆڵێن و ڕیزبەند دەکرێن. هەندێکیان سەربەخۆن و دوور لە دەسەڵات و حکوومەتن؛ هەندێکی تریان سەر بە دامەزراوە مەعریفییەکان و زانکۆ و ناوەندەکانی تری لێکۆڵینەوە و خوێندنن. میکانیزم و کارنامەی کارکردنیشیان جیاواز و هەمەجۆرە؛ هەندێکیان زیاتر کار لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و پرس و ڕووداوە نێودەوڵەتییەکانی جیهان دەکەن و زیاتر کار لەسەر دەرەوەی خۆیان و ژینگەی دەرەوەی خۆیان دەکەن، هەندێکیان تەنیا کار لەسەر پرسە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییەکان دەکەن و زانیاریی تایبەت بەم پرس و بابەتە بەرهەم دەهێنن. بەشێکی تریان تەنیا کار لەسەر ئابووری بەگشتی و ئابووریی سیاسی بەتایبەتی دەکەن. هەندێکی تریان تەنیا کار لەسەر پرسە دیپلۆماسی و ستراتیژییەکان دەکەن. بەگشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا نزیکەی ١٩٨٤ ناوەندی بیرکردنەوە هەیە و هەموویان کار بۆ ئەوە دەکەن بە جۆرێک لە جۆرەکان، ببن بە کەناڵێکی نافەرمیی پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لە وڵاتەکەیان و؛ ئەمریکایش وەک هێزی نەرم لە بەرامبەر ئەوانی تردا بەکاریان دەهێنێت. بەگشتی دەکرێت ئاماژە بە چەند ناوەندێکی بیرکردنەوەی ئەو وڵاتە بکەین و ناسنامە و شێوە و ڕێچکەی کارکردنیان بخەینە ڕوو:

١- ناوەندی ڕاند، یان ڕاند کۆرپەرەیشن: یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی بیرکردنەوە لە ئەمریکا "ڕاند"ە و، زیاتر تیشک دەخاتە سەر "ئەمریکاناسی" و پرسەکانی تایبەت بە ئەمریکا و لەناویشیدا بابەتگەلی وەک ئاسایش و تەناهی و پرسە ستراتیژی و سەربازییەکانی تایبەت بە ئەمریکا.

 ٢- ناوەندی بڕۆکینگز: تایبەته‌ بە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شرۆڤەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەکتەرە سیاسییەکان و دەوڵەتانی تری جیهان. ئەم ناوەندە ساڵانە زیاتر لە (٣٠) کتێب و گۆڤار و بڵاوکراوە وەشان دەکات و کۆنفڕانس و پانێڵی زانستییش ئەنجام دەدات.

 ٣- واشنگتۆن ئینستیتیۆت: ئەم ناوەندەی تری بیرکردنەوە کار لەسەر سیاسەتی ئەمریکا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ساڵانە لە ڕێگەی توێژینەوە، پەیپەر، کتێب، پانێڵ و کۆنگرەی زانستییەوە بەرچاوڕوونی و زانیاری و شیکردنەوەکانی دەخاتە ڕوو.

 ٤- ناوەندی ئینتەرپڕایزی ئەمریکی: ئەم ناوەندەیش لەپاڵ ئەوانی تردا کار بۆ سیاسەت و بەهایەکی دیاریکراو دەکات کە بەرگریکردنە لە بەها و بنەماکانی لیبڕاڵیزم و کەپیتاڵیزم لە دونیادا. ئەم ناوەندە گۆڤار و کتێب و بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆی هەیە و ساڵانە بڵاوی دەکاتەوە و، جگە لەمەی کە چالاکیی هەفتانەی هەیە و لە ڕێگەی ستافێکی دیاریکراوەوه‌ پەیپەر و وتارەکانیان بڵاو دەکەنەوە.

ئەم ناوەندانە بەگشتی کاریگەری و قوڕساییی خۆیان لەسەر سیاسەت و ستراتیژیی ئەمریکا هەیە و وەک جەمسەرێکی کارا دەبینرێن لە پێدانی زانیاری و شیکردنەوە و سیناریۆ و پێشبینییەکان بە وڵاتەکەیان؛ هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک ڕەگەز و جۆرێک لە هێزی نەرم بەکاریان دەهێنێت و لە جیهاندا دەریان دەخات تاوەکوو بە لایەنی کەمەوە بە هەموو دونیا بڵێت کە من وەک ئەمریکا یەکەیەکی ئاڵۆز و تۆڕێکی فراوان و ماشێنێکی زەبەلاحم لە دروستکردنی بڕیارەکانم هەیە و لە دواوەی منەوە هەزاران کەسی پسپۆڕ و لێهاتوو و زانا ئامادەن و کار دەکەن و ڕێگه‌ و سیاسەتەکانم پیشان دەدەن، بۆ ئەوەی ئەمریکا وەک زلهێزێک بەردەوام لە خەیاڵ و ئەندێشەی هەموو تاکێکی جیهاندا بەگەوەرەیی بمێنێتەوە و وڵاتانی دونیا سەرسام بن پێیەوە!

- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سەرچاوەیەکی باڵای هێزی نەرم

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان میدیای کۆمەڵایەتی (Social Media) سەرچاوەیەکی باڵا و بێوێنە و کەناڵێکی فراوان و بێئەندازی هێزی نەرمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپته‌مبەری ٢٠٠١ەوە لە ئەمریکا لەدایک دەبن و گەشە دەکەن و فراوان دەبن و دواتر بە هەموو جیهان و گۆشەکانی دونیادا بڵاو دەبنەوە و هەموو کون و کەلەبەر و ڕووبەر و پانتایی و یەکە جوگرافی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی جیهان دەگرنه‌وە. زۆرینەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ لە لایەن ئەمریکاوە بەرهەم هێنراون و داهێنراون و؛ یەکێک لە تایبەتمەندی و وێنەکانی نێو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و میدیا نوێیەیش ئەوەیە، سنووری میدیای کلاسیکی و کۆن تێک دەشکێنێت و بازێکی گەورە بەسەر تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤار و میدیای کاغەزی بەگشتی دەدات. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێسا و بنەما و نەریتی میدیای کۆن دەستکاری دەکات و چیتر "وەرگر" کاراکتەرێکی ئەبستڕاکت و ڕووت و سادە نییە؛ بەڵکوو وەرگر لە یەک کات و لە یەک چرکەساتدا هەم "نێرەر"ە و هەمیش "وەرگر" و؛ سەرەڕای ئەمانەیش ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە ئەندامانی هەموو نەتەوە، ئایین، مەزهەب، ئایدیۆلۆژی و جوگرافیا سیاسییە جیاوازەکانی دونیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و لە شێوە ژیان، بیرکردنەوەی سیاسی، دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و چەندین پرسی تری نێو سیسته‌مە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەیان ئاگادار دەکاتەوە. ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە سەرەتا وەک بڕاند و کاڵایەکی ئەمریکی لەنێو خودی ئەمریکادا کارا دەبن، بەڵام دواتر ڕەهەندێکی جیهانی وەردەگرن و دەبن بە تۆڕی کۆمەڵایەتیی جیهانی و ملیار بەشداربوو لە خۆیان کۆ دەکەنەوە و ڕۆژانە بەکاری دەهێنن و لەناویدا دەژین.

ئەمریکا لە ڕێگەی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەوە هەوڵ دەدات جۆرێک لە هێز و باڵایی بەسەر هەموو دونیادا بسەپێنێت و، بە هەموو جیهان بڵێت کە من لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی تۆڕێکی لەم شێوەیە، دەمەوێت ئاگاداری هەموو نەتەوە و گرووپە جیاوازەکانی جیهان و ئاگاداری هەموو کردە و چالاکی و بیرکردنەوە سیاسییەکانیان بم! ئەمەیش وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی ئەو وێنەیە و جێگیرکردنی لەنێو هزر و خەیاڵ و ژیانی ڕۆژانەی هەموو تاکێکی دونیادا، بەوەی کە ئەمریکا وەک بکەرێکی خاوەن تەکنەلۆژی زیاد لە پێویست و هێزێکی بێڕکابەر و بێهاوتا و هاوشان دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت. فەیسبووک، تویتەر، یو تووب، ئینستاگرام، لینکد ئین، گووگڵ پڵەس و چەندانی تر، ئەمڕۆ زۆرترین بەکاربەریان لە دونیادا هەیە و زۆرترین کەس کاتەکانی ژیانی ڕۆژانەیان پێ بەسەر دەبەن و لەناویدا دەژین و، هەموویشی داهێنراوی خودی ئەمریکان.

-  فەیسبووک؛ کۆمارێکی جیهانی

تۆڕی کۆمەڵایەتیی "فەیسبووک" یەکێکە لە بەربڵاوترین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ لە جیهاندا. ئەم تۆڕە لە ساڵی ٢٠٠٤ دا لە لایەن گەنجێکی ئەمریکییەوە بە ناوی "مارک زووکەربێرگ"ەوە دامەزراوە و دواتر پەرەی زیاتری پێ داوە و گەشەی سەندووە و دواجار بووە بە تۆڕێکی جیهانی و جەماوەری! لە ئێستادا ئەم تۆڕە زیاتر لە ملیارێک بەکاربەر و بەشداربووی هەیە و خەریکە وەک ناسنامە و پێناسێکی تاکەکەسیی لێ هاتووە و بووە بە دیاردەیەکی جیهانی! ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە خاوەن چەند ڕێسا و دیسپلینێکی تایبەتە و لە زۆربەی دۆخەکاندا ڕێگە نادات ئەو وێنە، تۆماری ڤیدیۆیی و بەڵگەنامانە بڵاو بکەیتەوە کە خودی دەوڵەتی ئەمریکا قەدەغەی کردووە و بە نایاساییی داناوە. بۆ نموونە وێنەی بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان و هێزە گەریلا و ئەو وێنە و هێمایانەی کە بە لای ئەمریکاوە قەدەغە و بە نایاسایی لە قەڵەم دراون. تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕۆژ دوای ڕۆژ لە گەشە و فراوانبووندایە لە ڕووی بەکارهێنان و ژمارەی ئەندامەکانییەوە و؛ بەمەیش توانیویەتی زۆرینەی نەتەوە، ئایین، مەزهەب، کەلتوور، سیسته‌می کۆمەڵایەتی و زمانە جیاوازەکانی دونیا بەیەکەوە گرێ بدات و بەیەکەوەیان ببەستێتەوە و ببێت بە کەناڵێکی سەروونەتەوەیی و کیشوەربڕ، بەڵام لەپشت ئەم وێنە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە هێزێکی نەرمی کاریگەر ئامادەیە و کار بۆ  ئەوە دەکات کە ئەمریکا وەک ئەکتەرێکی سەروودەوڵەتی و جیهانی پیشانی دونیا بدات و زانیاری و ڕووداوەکانی ڕۆژانەی ناو ئەو تۆڕە لای خۆی گڵ بداتەوە. سەرەڕای ئەمانەیش ئەمریکا لە ڕێگەی توانا مرۆیییەکەیەوە وەک هێزێکی تەکنەلۆژیی بێڕکابەر بخاتە ڕوو و سەرنجی وڵاتانی دونیا بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و، بە ئەو هێزە تەکنەلۆژییەی ئەمریکاوە گرێیان بدات.

- تویتەر؛ پانتایییەکی تەواو ئەمریکییانە

تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تویتەر" لە دوای فەیسبووکەوە، یەکێکی ترە لە تۆڕە جەماوەرییەکانی جیهان و، بەکارهێنەرێکی زۆری لە دونیادا هەیە. ئەم تۆڕە لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە لایەن کۆمەڵێک کەسەوە دامەزراوە و زیاتر بەکارهێنەران چالاکییەکانیان بە زمانی ئینگلیزی "تویت" دەکەن؛ ئەمەیش وەک جۆرێک لە باڵایی و شکۆی ئەمریکا بەسەر تەواوی هێزە سیاسی و کەلتوورییەکانی دونیادا! زاڵبوونی زمانی ئینگلیزی لەناو تویتەر و بەرهەمهێنانی ڕووبەرێک کە نووسین و قسەکردن و ڕادەربڕین بە زمانی ئینگلیزی بێت، بەتەواوی بەئەمریکاکردنی ئەو پانتایییە و ناچارکردنیانە تاوەکوو زیاتر پەیوەست بن بە ئەمریکا و زمانەکەیەوە؛ هەرچەند بە زمانی تریش دەتوانیت لەو تۆڕە چالاک بیت بەڵام زمانی زاڵ و زۆرینە و باو زمانی ئینگلیزییە!

تویتەر وەک ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی، زیاتر سەرکردە باڵا و ناسراوەکانی دونیا و کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆچوون و چالاکییەکانیان تێدا دەخەنە ڕوو. دەکرێت بڵێین زیاتر وەک ناوەندێکی فەرمی و دیپلۆماسی دەردەکەوێت. یەکێک لە جیاوازەکانی تویتەر لەگەڵ فەیسبووکدا ئەوەیە، کە تویتەر ڕێگه‌ت پێ نادات درێژدادڕی بكه‌یت و بۆچوون و نووسینی درێژ بڵاو بکەیتەوە. سەرەتا بەکارهێنەر بۆی هەبوو ١٤٠ وشە بنووسێت و تویتی بکات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧وه‌، بوو بە دوو هێندە و ئێستا بەکارهێنەر دەتوانێت ٢٨٠ وشە بنووسێت و تویتی بکات؛ ئەمەش پەیامێکە کە ئەمریکا لە ڕێگەیەوە دەیەوێت بڵێت "دەبێت بەخێرایی قسە بکەین و بڕیار بدەین." ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە زیاتر وەک سەرچاوەی هەواڵ و ڕووداوە خێراکان، بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا دەردەکەوێت و ڕۆڵ دەبینێت. دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، زۆر جار لە ڕێگەی تویتەرەوە بڕیار و بۆچوونی وڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت و پەیامەکانی خۆی دەگەیەنێت و دواتریش جێبەجێیان دەکات! بۆچوونێک هەیە پێی وایە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترامپدا لە ڕێگەی تویتەرەوە بەڕێوە دەچێت یاخود تویتەر بووە بە کەناڵێکی سەرەکیی دروستکردنی بڕیار لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا؛ بەڵام هەموو ئەمانە گوزارشت لە هێزی نەرمی ئەمریکا و هێژموونی ئەمریکا دەکەن تاوەکوو سات دوای سات جیهان و هاووڵاتیان و نەتەوەکانی دونیا زیاتر پەیوەست بکات بەخۆیەوە و بۆ ئەوەی گەورەتر و زاڵتر لە جیهاندا دەربکەوێت.