بنەماكانی كوردستانێكی بەهێز: سیما و تایبەتمەنمدییەكانی

پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستەسیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین

پێشەكی

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین پرسی جۆراوجۆر بۆتە ڕۆژەڤی حزبە سیاسییەكان و، بەم پێیە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان. بەڵام گرنگترین و نوێترین پرس كە بۆتە جێگەی مشتومڕی تاك و حزبە سیاسییەكان و لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ كراوە، پرسی بنیاتنانی "كوردستانێكی بەهێز" بووە. ئەوەی كە لەم باره‌یەوە گوتراوە، زیاتر لە چوارچێوەی بانگەشەكانی هەڵبژاردن و تەنانەت هەڵمەتی میدیایی و ڕاگەیاندنەكان قەتیس ماوەتەوە. بەم واتایە كە بۆ هاووڵاتیان بەتەواوی ڕوون نەبۆتەوە كە "كوردستانێكی بەهێز" چییە؟ لەمەیش گرنگتر، چۆن ئەم كوردستانە بەهێزە دروست دەكرێت؟ ئایا ئەم "بەهێزی"یە لە ڕووی گرنگیپێدان بە بواری سەربازی و ئاسایشییە یاخود ئابووری و سیاسی؟ لە لایەكی تریشەوە، ئایا كوردستان تواناكانی لەو ئاستەدایە كە لە هەموو بوار و ڕەهەندەكانەوە بەهێز بێت؟ لە هەموو ئەوانەیش گرنگتر ئەوەیە كە خودی چەمكی "بەهێزی" لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟

لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین سیماكانی كوردستانێكی بەهێز لە لایەك بەپێی توانا و واقعی سیاسی، مرۆیی، جوگرافی و... و، لە لایەكی تریشەوە بەپێی هەڕەشە و مەترسییەکان، ئەولەوییەتە ئاسایشییەکانی (ئابووری، سیاسی، ژینگەیی، سەربازی و كۆمەڵگەیی) شرۆڤە بكه‌ین و بخەینە ڕوو.

هێز(Power)

چەمكی "هێز" یەكێكه‌ لە چەمكە چەندڕەهەندی (multidimensional) و پڕمشتومڕ (contestable) و تەنانەت لێل و ناڕوونه‌كان، بەڵام چەمكی بنچینەیی و  ناوەندیی فەلسەفەی سیاسی و پاشان زانستی سیاسی و بەگشتی زانستە كۆمەڵایەتییەكانه‌. بە شێوەیەی گشتی، "هێز" بە كرۆكی زانستی سیاسەت دادەندرێت و، بەبێ تێگەیشتن لە سروشت و چییەتیی هێز، ناتوانین لە سیاسەت تێ بگەین. لە پێناسەیەكی كورتدا دەكرێت بڵێین: "هێز" هۆكار یاخود توانای دروستكردنی شوێندانەری و كاریگەرییه‌ لەسەر ئەوانەی تر. بەم واتایە كە كەس و لایەنێك بتوانێت ویست و ئیرادەی خۆی، چ بە ویستراو و ڕەزامەندی و چ بە زۆرەملێ بەسەر ئەوانەی دیكەدا بسەپینێت بۆ كردن یاخود نەكردنی ڕەفتار و كارێك (Ability to do or act). ئەمەیش هەر دوو ڕەهەندی ماددی و نا-ماددیی هێز یاخود هێزی نەرم (Soft power) و هێزی ڕەق (Hard Power) دەگرێتە خۆ. هەرچەندە دەكرێت هێز بۆ سەر دوو دەستەی "هێزی ئەرێنی" و "هێزی نەرێنی" دابەش بكەین؛ بەو واتایه‌ی كە هێزی ئەرێنی بریتییە لە توانای ناچاركردن بۆ كردنی ڕەفتار و كارێك و، هێزی نەرێنی بریتییە لە توانای ناچاركردن بۆ نەكردنی ڕەفتار و كارێك. تەنانەت مایكل مان (M.Man) پێی وایە، كۆمەڵگەكان بریتین لە "تۆڕگەلێكی پێكهێنراو لە هێز"؛ بۆیە هێز لە كۆمەڵگە جیا ناكرێتەوە.

هێزی سیاسی (political power)یش جۆر یاخود چەشنێكە لە هێز كە تاك یاخود لایەن و گرووپ و حزبێك بتوانێت ئەو هێزە بەدەست بخات (لە ڕێگەی ڕەوا و ناڕەوا) و پاشان پیادەی بكات بە مەبەستی كۆنترۆڵ و نفووز یاخود سەرخستنی ویست و داواكاریی خۆیان (What that has influence or control). هەرچەندە پێویستە جیاوازی لە نێوان "هێز" (Power) و دەسەڵات (Authority)"دا بكرێت؛ بەم واتایە كە بە زمانی سادە (چونكە زۆر لەوە ئاڵۆزترە) كاتێك كە هێز، بەتایبەت هێزی سیاسی، خاوەن ڕەوایەتی (شه‌رعییه‌ت)ی كۆمەڵایەتی بێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی سیاسی. جا سەرچاوەی ئەم دەسەڵاتە دەتوانێت هێزی یاسایی و سەربازی یاخود ئابووری و تەنانەت كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ئایینی و... بێت. هەر لێرەوەیە كە سەرچاوەكانی ڕەوایەتی، دەبێتە هۆی جیاوازی لە دروستبوونی سیستەم و دەسەڵاتدارێتیی دیموكراتیك و نادیموكراتیك. تەنانەت بە مانایەك، حكوومەت بریتییە لە ڕێكخراو و دامەزراوەكانی جێبەجێكردن و سەپاندنی سەروەری و، پاشان دەسەڵاتی سیاسییە كە بەسەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری دابەش دەبێت یاخود جیا دەكرێتەوە.

تەنانەت بیرمەندانی بواری زانستە سیاسییەكان بڕوایان وایە كە گرنگترین ڕۆڵی سیاسەت بریتییە لە كۆنترۆڵ و ڕێبەرایەتیی هێزی سیاسی. هەر بۆیە سیاسەت و هێز لێكتری جیا ناكرێنەوە و وەكوو دوو ڕووی یەك دراون. بەم پێیە هێزی سیاسی بە هۆی ئەوەی كە لە لایەك تایبەت نییە بە تاكەوە و، لە لایەكی تریشەوە لە كۆمەڵگەدایە و پێویستی بە فەرمانپێكەر و فەرمانپێكراو (خەڵك) هەیە، لە هەموو جۆرەكانی هێز جیا دەبێتەوە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی، هێز لە تۆڕێكی پەیوەندیدا واتا پەیدا دەكات. بۆیە لەوانەیە "هێز" بەپێی بەرژەوەندی و ترس و بڕواپێهێنان و ڕەزامەندی و... بچەسپێت و جێبەجێ بكرێت. هەر بۆیە "هانس مۆرگێنتا" (1904-1980) (Hans Joachim Morgenthau)، هێز بە پەیوەندییەكی دەروونیی نێوان دوو لایەنی ئەو یەكانەی كە هێز دەسەپێنن و ئەو یەكانەی كە هێز بەسەریاندا دەسەپێندرێت، دەزانێت. بەم پێیە "مۆرگێنتا" پێی وایە كە ئەو پەیوەندییە سێ سەرچاوەی هه‌یه‌: 1- ترس لە زیان 2- بەرژەوەندی و قازانج 3- هەستی گرێدراوبوون و بەستراوەیی، كە لە ڕێگەی هەڕەشە و سەرنجڕاكێشی و یاخود كاریزماوە دەسەپێندرێت. هەرچەندە مشتومڕێكی قووڵی ئۆنتۆلۆژی و ئێپیستمۆلۆژی لە نێوان مۆدێرنیتە-مۆدێرنیستەكان (Modernity) و پۆستمۆدێرنیزم یاخود پاش-پێكهاتەگەرەكان (Post-Structuralism) لە لایەك و، سیكۆلار و ئایینییەكان بۆ سەرچاوەكانی دەسەڵاتی سیاسی و هێز لە لایەكی ترەوە لەم بوارەدا لە ئارادایە، كە لێرەدا جێگەی باسی ئێمە نییە.

بنەماكانی كوردستانێكی بەهێز

لە ڕاستیدا بێجگە لە پرسیاری چییەتیی ڕەهەند و بنەماكانی بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و چۆنێتیی دەستەبەركردنی ئەو هێزە، چەند پرسیارێكی دیكەی زۆر گەوهەری ئەوەیە كە، ئایا ئەم هێزەی كوردستان نابێتە هۆی هەست بە مەترسیی ئەكتەر و لایەنەكانی دیكە؟ یاخود لە ڕوانگەیەكی دیكەوە، بەپێی ئەوەی كە هێز لە چوارچێوەی تۆڕی پەیوەندیدا واتا پەیدا دەكات، ئایا ئەو هێزە لە بەرامبەر كێ (چ ئەكتەرێك) پیادە دەكرێت؟ بەم پێیە ئایا جۆری ئەم هێزە بۆ ئاستی دەرەكی بۆ مەبەستی: 1- بەرگرییە؟ 2- بەرەنگاربوونەوەیە؟ 3- ناچاركردن و پابەندكردنە؟ 4- پێگە و پرستیژە؟ هەروەها هەڕەشە و مەترسییەكان بۆ ئەو هێزە چین و لەمەیش گرنگتر، خاڵی لاوازی هەرێمی كوردستان كامەیە؟ لە لایەكی تریشەوە، بەو پێیەی كە هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە، ڕیزبەند و ئەولەوییەتی دەستەبەركردن و بنیاتنانی ڕەهەندەكانی هێزی هەرێمی كوردستان كامانەن؟

لێرەدا هەوڵ دەدەین بە شێوەیەكی كورت و پوخت بنەماكانی هێزی كوردستان ڕوون بكەینەوە بۆ ئەوەی سیما و تایبەتمەندییەكانی كوردستانێكی بەهێز دەربكەوێت. بەڵام ئەم سیما و تایبەتمەندییانە لە لایەك بەپێی "هێزی نەتەوەیی" و، لە لایەكی ترەوە بەپێی "هەڕەشە و مەترسییە ئاسایشییەكان" پێناسە دەكرێت. گشتگیرترین و مۆدێرنترین ڕوانگەی پێكهێنەرەكانی هێزی نەتەوەیی بۆ ڕوانگەی "ئەشلی تلیس و هاوكارەكانی" ( Ashley J. Tellis, Janice Bially, Christopher Layne, Melissa MacPherson) دەگەڕێتەوە كە لە كتێبی: Measuring National Power in the Post-Industrial Age (هەڵسەنگاندنی هێزی نەتەوەیی لە سەردەمی پاش-پیشەسازی) خراوەتە ڕوو. كە بگۆڕ و  ڕەگەزە جۆراوجۆرەكانیان لە چوارچێوەی سێ دەستە پۆلین كردووە كە بریتین لە:

  • سەرچاوە نەتەوەیییەكان: گرنگترینیان بریتین لە: تەكنەلۆژی، ئاستی داهێنان، سەرچاوە مرۆیییه‌كان، سەرچاوەكانی دارایی و سەرچاوە سروشتییەكان.
  • توانای كردەییی نەتەوەیی: بریتین لە: سنووردارێتی و گوشارە دەرەكییەكان، توانا ژێرخانییەكان، سەرچاوە هزری و بیروباوه‌ڕییه‌كان (عقیده‌).
  • توانا سەربازییەكان. بگۆڕ و ڕەگەزەكانی كاریگەر لەسەر "توانا سەربازییەكان"یش بۆ سەر سێ دەستە پۆلین دەكرێت:

یەكەم: سەرچاوە ستراتیژییەكان: كە سوپای هەر وڵاتێك لە حكوومەتەكەی وەردەگرێت و چەندین بوار وەكوو: بوودجەی بەرگری، هێزی مرۆیی، ژێرخانی سەربازی، دامەزراوە لەشكری و جەنگییەكان، پیشەسازیی بەرگری و مەوادی جەنگی و لۆجێستیك لەخۆ دەگرێت.

دووەم: بگۆڕەكانی كاریگەر لەسەر گۆڕینی ئەو "سەرچاوە ستراتیژییانە" بۆ توانای سەربازی: وەكوو؛ ئاستی هەڕەشە و مەترسییەكان و تاكتیك و بەرنامە و ستراتیژیی ڕووبەڕووبوونەوەیان، ستراكچەری پەیوەندیی یاسایی-دامەزراوەییی نێوان لەشكر و حكوومەت یاخود سیاسەت، چۆنێتیی پەیوەندییەكانی سوپای وڵات لەگەڵ سوپای وڵاتانی دیكە، سروشتی تاكتیك، ستراتیژی و ڕاهێنان و دامەزراوە و پەروەردەكردن و ئاستی داهێنانی سەربازیی وڵات.

سێیەم: تواناكانی خودی هێزە شەڕكەرەكان، كە لە ڕێگەی چەندین هۆكار و فاكتەری ماددی و ناماددییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت.

هەروەها بەپێی پێناسەی نوێ بۆ ئاسایش، ئاسایشی مرۆیی (Human security) لە سەرووی جۆرەكانی دیكەی ئاسایش دەردەكەوێت كە هەموو ڕەهەندەكانی ئاسایشی وەكوو ئاسایشی ئابووری (Economic security)، ئاسایشی خۆراك (Food security)، ئاسایشی تەندروستی (Health Security)، ئاسایشی ژینگەیی (Environmental security)، ئاسایشی تاكەكەسی (individual Security)، ئاسایشی كۆمەڵگەیی (Societal security) و ئاسایشی سیاسی (Political security) دەگرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئاسایشی مرۆیی، بە واتای ڕزگاربوونی مرۆڤە لە گوشاری پێداویستییە ئابوورییەكان و هەژاری و بێكاری؛ چونكە ئەمانە دەبێتە هۆی پێكدادان و توندوتیژی و نائاسایشی. بۆ نموونە: نەبوونی تەندروستیی باش و ئاوی خاوێن و چاودێریی تەندروستی، دەتوانێت ئاسایشی تەندروستی بخاتە ژێر هەڕەشەوە. بەم پێیەیش ئاسایشی تاكەكەسی كە بریتییە لە پاراستنی خەڵك لە هەمبەر توندوتیژی و دەستدرێژی، پەیوەندیی بە ئاسایشی كۆمەڵگەیشەوە هەیە كە بریتییە لە پاراستنی ناسنامە لە هەڕەشە و دەستدرێژی. بۆیە هەموو ئەو ئاست و ڕەهەندانەی ئاسایش، پێكەوەگرێدراون؛ ناكرێت تەنیا بە ڕێگەی ئاسایشی سەربازی (Military security)، ئاسایش بپارێزرێت یاخود ئاسایش دەستەبەر بكرێت. بەگشتی هەڕەشەكانی ئاسایشی نەتەوەیی لە دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی بریتییە لە:

  • ناوخۆیی: بریتییە لە: ناكۆكیی نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی، چینایەتی، كەلتووری و...؛ پاشكۆیەتیی ئابووری و سیاسی، هەروەها لێكترازانەكانی كۆمەڵایەتی و ژینگە و تەندروستی و هەژاری و نەخوێندەواری و هتد.
  • دەرەكی: پەلاماری سەربازی یان دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی دەوڵەت، یان پرۆپاگەندەی دەوڵەتان و یان پلانی دوژمنكارانەی بەبێ ڕەچاوكردنی یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

لێرەوە دەتوانین لە سێ ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و سەرووهەرێمی، بنەماكانی كوردستانێكی بەهێز دەستنیشان بكەین:

یەكەم: ئاستی ناوخۆیی و عێراق

  • دەستنیشانكردن و داڕشتنی ئەولەوییەتەكانی هەرێمی كوردستان و دووركەوتنەوە لە هەڵەكانی ڕابردوو و تەرخانكردنی سەرچاوە دارایی و ماددی و مرۆیی و سیاسییەكان بۆ ئەو ڕیزبەند و ئەولەوییەتە.
  • گرنگیدان بە سەرنجڕاكێشیی كوردستان و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ڕێگەگرتن لە هەڵاتنی مێشكەكان (كۆچكردنی عه‌قڵه‌كان/ هجرة العقول) و، هەروەها سەرمایە و سەرمایەداران لە كوردستان و بەپێچەوانەكردنەوەی، بە هەموو ئامرازە یاسایی و سیاسییەكان.
  • پلانی ڕوون بۆ بەدامەزراوەییكردنی هەنگاو بە هەنگاو و، هەروەها داڕشتنی نەخشەیەكی تۆكمە بۆ ڕیفۆرم لە دامودەزگه‌ ئیداری و سیاسییه‌كان و، هەروەها پەیوەندییە سیاسی و یاسایییەكانی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان.
  • بەردەوامی لە بەدیموكراسیكردنی پرۆسەی سیاسی لە هەموو بوار و ڕەهەندەكان.
  • سەروەریی یاسا و پێدانی ڕۆڵی سەربەخۆ بە دادگه‌كان.
  • یەكلاییكردنەوەی كێشە یاسایی و سیاسییەكان لە چوارچێوەی كاری پەرلەمانی و، بەم پێیە بەرجەستەكردنی ڕۆڵی پەرلەمان لە ڕەنگڕێژكردنی كۆی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیی هەرێمی كوردستان.
  • بەزانستی و بەدامەزراوییكردنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە ڕۆڵی تاك و حزب لەم بوارەدا.
  • گرتنەبەری هەموو ئامراز و جۆرەكانی تری دیپلۆماسی وەكوو: دیپلۆماسیی دیجیتاڵ و دیپلۆماسیی وزە و ئابووری و دیپلۆماسیی ڕاگەیاندن و دیپلۆماسیی كەلتووری و دیپلۆماسیی هونەری و دیپلۆماسیی گەشتیاری و پارادیپلۆماسی و پرۆتۆدیپلۆماسی و دیپلۆماسیی ناوەندە هزرییەكان و دیپلۆماسیی ئایینی و مەزهەبی (بۆ نموونە ناوچە پیرۆزەكانی ئێزدییەكان و مەسیحییەكان و هتد).
  • دووبارە داڕشتنەوە و پێداچوونەوە بە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسی و لۆبیگەرییەكانی هەرێمی كودستان لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
  • گواستنەوە لە قۆناغی ڕەوایەتیی شۆڕشگێڕی بەتەواوی و، ڕووكردنە قۆناغی یاسایی و تەكنۆكراتیزم (لانی كەم لە پۆستی وەزارەت و بەرێوەبەرایەتییەكاندا).
  • فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و دووركەوتنەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و گاز و لە هەمان كاتیشدا پەرەدان بە توانا نەوتی و گازییەكانی هەرێمی كوردستان. بەم واتایە كە ئەم سەرچاوانە بۆ دامەزراندنی ژێرخانە ستراتیژییەكان بێت و دابینكردنی تێچووە ڕۆژانەكانی حكوومەت و هاووڵاتیان بەم سەكتەرە، كەمتر بكرێتەوە.
  • هەوڵدانی بە پلان بۆ بەستنەوەی ئاسایشی وزەی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی ناوچەكە و ئاسایشی وزەی ئەوروپا بەتایبەتی، لە ڕووی گازی سروشتییەوە.
  • بەپێی توانا و سەرچاوەكانی كوردستان، گرنگیدان بە بوار و سەكتەرەكانی تری ئابووری وەكوو كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و گەشتیاری و تەنانەت پیشەسازیی بچووك و مۆنتاژ و، هەروەها بازرگانیی هەرێمی و لەمەیش گرنگتر ئامادەكاری لە ڕووی زانكۆیی و پەروەرده‌یییەوە بۆ برەودان بە پیشەسازیی تەكنەلۆژیی زانیاری (IT).
  • گرنگیدانی زیاتر بە فرەییی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و بەرجەستەكردنی لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بە پلان و بەرنامەیەكی مۆدێرن.
  • پلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی بەگشتی و بەتایبەتی داعش و هاوشێوەكانی.
  • گرنگیدان بە ڕۆڵی میدیا و ڕێكخستنەوەی لە ئاستی ناوخۆیی و، هەروەها دامەزراندنی میدیای حكوومی لە ئاستی دەرەكی بە زمانە جیاوازەكان.
  • كاكردن و داڕشتنەوەی بنەماكانی بنیاتنانی دەوڵەت و نەتەوەسازی بە شێوەیەكی زانستی.
  • بەهێزكردنی ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە بوارە جۆراوجۆرەكان و پێسپاردنی ئەركی زیاتر و كەمكردنەوەی ڕۆڵی حكوومەت و حزبە سیاسییەكان لەم بوارانەدا.
  • بەدامەزراوه‌ییكردنی هێزی ئاسایش و هەواڵگرییەكان و، هەروەها هێزی پێشمەرگەی كوردستان و كۆتاییهێنان بە بوونی هێزی چەكدار لەژێر كۆنترۆڵ و فەرمانی تاك و حزبی سیاسی.
  • دووبارە داڕشتنەوەی پێكهاتەی هێزە سەربازییەكان بەپێی سەردەم و هەڕەشە و مەترسییە نوێیە ناوخۆیی (تیرۆر) و دەرەكییەكان.
  • گرنگیدان بە كەرت و بواری ژینگەی كوردستان، بە پلانێك كە هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنە مرۆیی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان.
  • گرنگیدان بە سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان و داڕشتنی نەخشەیەكی ورد لەم بوارەدا.
  • كۆتاییهێنان بە كێشەی ئاو و كارەبای هاووڵاتییان، بە شێوەیەك كە قەزا بە قەزا و پارێزگه‌ بە پارێزگه‌ و بەپێی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووان بێت. هەروەها دابینكردنی جێگرەوەی پاك و سروشتی بۆ وزەی كارەبا.
  • دووبارە پێداچوونەوە بە هەموو سەرچاوە و وانەكانی پەروەردە لە هەموو قۆناغەكان و گونجاندنیان بەپێی پەروەردەیەكی سەردەمییانە و سیكۆلار.
  • هەوڵدان بۆ داڕشتنی بنەماكانی ناسنامەی نەتەوەییی كوردستان، بەتایبەتی لە ڕووی زمانییەوە و ڕێگەگرتن لە پەرواێزكەوتنی زمانی كوردی وەكوو كرۆكی ناسنامەی نەتەوەیی.
  • كاراكردنەوەی سیستەمی بانكی و دڵنیایی (بیمە) لە هەرێمی كوردستان.
  • داڕشتنی پلانی بەدامەزراوییكردنی كەرتی دارایی و هەنگاو بەرەو وەرگرتنی (TAX) بەبێ جیاوازی لە هەرێمی كوردستان وەكوو سەرەكیترین سەرچاوەی داهاتی حكوومەت.
  • گرنگیدان بە كەرتی تەندروستی و مۆدێرنكردنی بەپێی سەردەم و پێداویستییەكان له‌ ڕێگەی ئامادەكردنی كادیری پسپۆڕی تەندروستیی ناوخۆیی.
  • داڕشتن و ڕێكخستنەوەی كاروباری ئایینی و ناوەندەكانی پەیوەندیدار، بەپێی پلان و بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
  • دامەزراندنی ناوەندێكی یاسایی-سیاسی بەڵام پسپۆڕ (تەكنیكی)، بۆ نوێنەرایەتیكردنی كورد لە بەغدا.
  • هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بارگرژییەكان لەگەڵ بەغدا (بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان) و چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ڕێگەی داڕشتنی مانیفێستێكی سیاسی و یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا.
  • بوونی پەیوەندییەكی بەهێز یاخود بنیاتنانەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سوننەكان لە عێراق.

دووەم: ئاستی هەرێمی

  • داڕشتنەوە و دووبارە پێداچوونەوە بە پەیوەندییە هەرێمییەكان و بەدامەزراوەیی و بەزانستیكردنی ئەم بوارە.
  • پەرەدان بە بوارەكانی جۆراوجۆری پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە دراوسێكان، بەتایبەتی ئێران و توركیا و، دروستكردنی هاوسەنگی و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەم پەیوەندییانەدا.
  • جگە لە پەیوەندیی حكوومی و فەرمیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئێران و توركیا، گرنگیدان بە پەیوەندیی ناحكوومی و ڕای گشتیی وڵاتانی هەرێمی، پێویستییەكی فەرامۆشكراوە.
  • هەوڵدان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی سیاسی و بازرگانی و ئابووری و ئاسایشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی.
  • بەستنەوەی ئاسایشی وڵاتانی هەرێمی بە ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
  • سوودوەرگرتن لە ناكۆكیی وڵاتانی هەرێمی، بەتایبەتی توركیا و ئێران.
  • كەڵكوەرگرتن لە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی لە هاوكێشە سیاسییەكانی بەغدا.
  • سوودوەرگرتن لە جەنگی دژی تیرۆر لە پەیوەندیی هەرێمی و هاوكێشە هەرێمییەكاندا.
  • بەكارهێنانی پەیوەندیییە بازرگانی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی لە بواری پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسی و ئاسایشییەكان.

سێیەم: ئاستی سەرووهەرێمی (نێودەوڵەتی)

١- ڕێكخستنەوە و داڕشتنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە سەرووهەرێمییەكان لە ڕێگەی ئەكادیمی و پسپۆڕانی ئەو بوارە لە چوارچێوەی پرس، ئەكتەر و ناوچەكان.

٢- بەپێی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییە و سوود لە بوار و ڕەهەندەكاتی تری دیپلۆماسی و لۆبیگەری وەربگرێت.

٣- گرنگیدان بە كەسایەتی و ڕای گشتی و ناوەندەكانی میدیایی و ڕۆشنبیری و ئەكادیمی و بازرگانی و ئابووریی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكا و ڕووسیا.

٤- بەستنەوەی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە پرسە ئاسایشییەكانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و تەنانەت ڕووسیا لە بواری جەنگی دژی تیرۆر و هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی و، هەروەها پرسە ئابوورییەكان و بەتایبەتی ئاسایشی وزە.

كۆبەند

بەپێی پێناسە و ڕوانگە زانستی و تەنانەت ئەزموونی و پراكتیكییەكان، سەرچاوەكانی هێزی هەرێمی كوردستان لە ئاستی ناوخۆییدایه‌. بەم واتایە كە هەرێمی كوردستان بە چارەسەركردنی كێشە و گرفتە سیاسییەكان و پاشان بەدامەزراوەییكردنی ژیانی سیاسی و ئیداریی خۆی، دەتوانێت كوردستانێكی بەهێز بنیات بنێت. داڕشتنی ستراتیژیی بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و ئەولەوییەتەكانی، دەبێت كاری لەپێشینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوار ڕەهەندەكانی پێكهێنەری هێز بێت. هەریمی كوردستان تاوەكوو ناسنامەیەكی نەتەوەییی ڕوون بۆ خۆی پێناسە نەكات، ناتوانێت سیاسەت و ئاسایشی نەتەوەیی و بەم پێیە بەرژەوەندی و هەڕەشە و مەترسییەكانیش دەستنیشان بكات. لە ڕوانگەیەكی ترەوە، بوارەكانی پەروەردە و ئابووری و سەربازی و كۆمەڵگە پێكەوەگرێدراون. پاشان، كەڵكوەرگرتن لە پێگەی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان بە هۆی پرس و بابەتە ئاسایشی و سیاسییە هەرێمی و سەرووهەرێمییەكان لە ململانێ جیۆسیاسییەكانی نێوان ئەكتەرەكان، دەتوانێت وەكوو فاكتەرێكی بەهێزبوون بەكار بهێندرێت.

لەم نێوەندەدا ڕۆڵی سەركردایەتی و دەستەبژێری سیاسی لەپاڵ نوخبەی ئەكادیمی و زانستی و ڕۆشنبیری، یەكلاكەرەوەیە. بەم واتایە كە هەرێمی كوردستان، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ "خۆی". ئەوەیش تەنیا بە حزبێكی سیاسی و لایەنێك ناكرێت، بەڵكوو كاری هەموو هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانە. جگە لەمەیش تا كاتێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكوو تاكە دامەزراوەی ڕەوا، بەكردەیی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی بەسەر هەموو هەرێمی كوردستاندا نەچەسپێنێت، ناتوانین باس بە بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز بكەین. لە ڕوانگەیەكی ترەوە، دەوڵەت-نەتەوەسازی لە ڕێگەی "پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی كاریگه‌ر" یاخود حوكمڕانیی كاریگه‌ر و شوێندانه‌رانه (Effectiveness Principle)، كه‌ ئێستا (له‌م سه‌رده‌مه‌دا) ده‌تواندرێت یەكێك له‌ باشترین به‌ڵگه‌كان‌ بێت بۆ مافی به‌ده‌وڵه‌تبوون و ڕه‌وایه‌تیدان به‌ هێز و تەنانەت سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان. بۆیە دەتوانین بڵێین، تا كاتێك هەرێمی كوردستان نەتوانێت "پرەنسیپی سەروەریی كاریگەر" بكاته‌ بەرنامەی سەرەكی و بنچینەییی خۆی، ئەوە كوردستانێكی بەهێز بنیات نانرێت.