پەیوەندیی نێوان ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و دەسەڵاتی سیاسی

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە بواری ڕاگەیاندندا، سەرتاپای بیر و بۆچوونەکانی سەبارەت بە دەسەڵاتی سیاسی گۆڕی. بەرفراوانبوونی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندیکردن، بوو بە ھۆی تێکھەڵکێشانی کات و شوێن و شکاندنی سنوورەکان و لێکنزیککردنەوەی پانتاییی ژیانی تایبەت لە پانتاییی ژیانی گشتی. بە ھۆی ئەم ئامرازانەوە، ڕووداوەکان بە خێرایییەکی بێوێنە بڵاو دەکرێنەوە، یاخود ڕووداوەکان دەتوانن بە زمانی وێنە قسە بکەن و پەیامی خۆیان بە بینەر بگەیه‌نن و گۆڕان بەسەر ڕا و بۆچوونەکاندا دروست بکەن. ئەمەیش وای کردووە کە دەسەڵاتی سیاسی ڕووبەڕووی تەحەددایەکی گەورە ببێتەوە.

 کاریگەریی ئامرازەکانی راگەیاندن

ھەروەک چۆن پرۆفیسۆری ئەنسروپۆلۆژی "جۆرج باڵاندییە"، نووسەری كتێبی "ئەنسرۆلۆژیی سیاسی" دەڵێت: "بە ھۆی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە لەم بوارەدا ڕووی داوە، شێوازی بەرھەمھێنانی وێنە سیاسییەکانیش گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. جیھانی سیاسەت بە چەشنێکی بێوێنە لە بەردەم ھاووڵاتیاندا نمایش دەکرێت و بە ڕاددەیەکی زۆر، لایەنی ئەفسونئامێزی خۆی لەدەست داوە. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا دەبێتە ھۆی لەئەفسانەخستنی سیاسەت."

بەکارھێنانی سەرەکیی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ئەوەیە کە بیر و بۆچوونە گشتییەکان گەڵاڵە بکات و جۆرە ھاوڕایییەکی کۆمەڵایەتی کە بۆ دیسپلینی کۆمەڵگە لە ھەر سیستەمێکدا پێویستە، وەدی بێنێت. ئەم ئەرکەیش ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ئەنجامی دەدەن. لە نێوه‌ندی بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان، بیر و ڕای تاکەکان لە ھەمبەر ژینگە و ئەو پرسانەی کە لە دەوروبەری ڕوو دەدەن کراوەتر دەبێت. ھەروەھا تاک پەی بە ئەرک و مافەکانی خۆی دەبات و دەتوانێت ھەمبەر دەستێوەردانی حکوومەت بەرپەرچدانەوەی ھەبێت و سنوورێک بۆ کردارەکانی حکوومەت بکێشێت؛ لێرەدا دەسەڵات بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە بەردەوامبوونی خۆی بکات، ناچار ھەوڵ دەدات لە بڕیار و کردارەکانیدا بۆچوونی ھاووڵاتیان ڕەچاو بکات.

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک بەشێک لە سیستەمی لاوەکیی کۆمەڵگە(Subsystem) ، لەژێر کاریگەریی سیستەمی گشتیی کۆمەڵایەتیدایە. ھەروەھا سەرکەوتنیشیان لە ڕاکێشانی بەشداریی گەل، دەتوانرێت لە چوارچێوەی سیستەمی زاڵ بەسەر ئەم ئامرازانەدا ھەڵبسەنگێنرێت. ئەم سەرکەوتنەیش بەندە بە بوونی سیستەمێکی جەماوەری. سەقامگیریی ئەم سیستەمەیش پێشمەرجێکە بۆ ھێنانەدیی یەکگرتوویی و فاکتەرێکی ڕێخۆشکەرە بۆ بەشدارییە کۆمەڵایەتییەکان لە پرۆسەی سیاسیدا. ئەم ئامرازانە لە ڕێگەی پلان و بەرنامەکانیانەوە توانیویانە جۆرە که‌لتوورێکی یەکدەست و سەقامگیر لە کۆمەڵگەدا بێننە ئاراوە. ھەر ئەم که‌لتوورەیش وای کردووە کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بۆ ژیانی سیاسی، بایەخی زۆریان ھەبێت.

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن خاوەن دەسەڵاتێکی یەکجار زۆرن، بە چەشنێک لە توانایاندایە گۆڕانکاری لە که‌لتوورەکاندا دروست بکەن و داواکاریی نوێ لە جێگەی خواستەکانی ڕابردوو دابنێن. میدیا نوێیه‌کان مۆنۆپۆڵەکانی پێشوو دەخەنە ژێرەوە و بە دانانی مۆنۆپۆڵی نوێ، سەرچاوەکانی دەسەڵات و ھێژموون لە گرووپێکی کومەڵایەتییەوە بۆ گرووپێکی تر دەگوازنەوە. ڕاگەیاندنە نوێیەکان نەك تەنیا ناوەندی نوێی دەسەڵات دروست دەکەن بەڵکوو شێوازی فیکری و پەیوەندیی نوێیش دروست دەکەن و داھێنەری گەلێک تێگەیشتن و دەرککردنی نوێ و تایبەتن لە ھەموو پانتایییەکانی ژیاندا. بۆیە ئەم ئامرازانە، بوون بە بەشێک لە کەناڵەکانی چاودێریی دەسەڵات و ئەمەیش کاریگەریی بەسەر بڕیارەکانی دەسەڵاتدا ھەیە و لەمپەرە لە ھەمبەر ئازادانە کارکردنی دەسەڵاتدا.

ھابه‌رماس، ئاماژە بە ھەندێ ئەرک دەکات کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە سیستەمە سیاسییەکانی دامەزراو لەسەر بنەمای یاسا ئەنجامیان دەدەن، ئەم ئەرکانەیش بریتین لە:

١. چاودێریکردنی ژینگەی کومەڵایەتی_ئابووری و گوزارشتکردن لەو گۆڕانکارییانەی کە لەوانەیە بە شێوەی پۆزەتیڤانە یان نێگەتیڤانە کاریگەریی لەسەر خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتیاندا ھەبێت.

٢. بەرجەستەکردنی ماناداری پەیامەکان؛ واتە گەڵاڵەکردنی بابەتەکان، بە جۆرێک کە مانایان ھەبێت.

٣. سەکۆیەکە بۆ پشتگیریکردنی ڕۆشنبیرانە لە سیاسەتمەدار و، گوتەبێژی گرووپەکانی تری ناو کۆمەڵگەیشە.

٤. دروستکردنی پانتای گفتوگۆ لە نێوان ڕوانگە جۆراوجۆرەکان، ھەروەھا لە نێوان دەسەڵاتداران و خەڵکدا.

٥. ڕێکاری پێویست گرتنەبەر بۆ ناچارکردنی بەرپرسان بۆ وەڵامدانەوەیان سەبارەت بە چۆنێتیی بەکار ھێنانی دەسەڵاتیان.

٦. ھاندان و فێرکردنیان لە چۆنێتیی بەشداریی سیاسی و بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا.

٧. بەرگریی بەردەوام دژ بە ھێزەکانی دەرەوەی ئەم ئامرازانە کە ھەوڵ دەدەن سەربەخۆیییان لەناو ببەن.

٨. ڕێزگرتن لە لایه‌نی بەرامبەر.

ھەروەھا بە بۆچوونی هاروڵد لاسویل ئەرکەکانی ئەم ئامرازانە بریتین لە، پارێزگاریکردن لە ژینگە، ھێنانەدیی ھاوبەندی لە نێوان گشت بەشەکانی کۆمەڵگەدا، گواستنەوەی میراتی که‌لتوور لە وەچەیەک بۆ وەچەیەکی تر.

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ئامرازانە پردی پەیوەندین لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا، کە لە نێوه‌ندیدا ھەم دەسەڵات ئاگاداری داواکارییەکانی ژینگەی دەرەوە و ناوەوەی خۆی و چۆنێتیی تێڕامانی جەماوەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەبێت و، ھەمیش جەماوەر ئاگاداری بڕیارەکانی دەسەڵات دەبێتەوە.

بەم پێیە، پێویستە ئەم ئامرازانە ئەوەندە لە سیاسەت و حکوومەت نزیک بن تاکوو بتوانن زانیاری دەستەبەر بکەن. لە لایەکی ترەوە، دەبێ ئەم ئامرازانە بێلایەن و خۆپارێز بن تا بتوانن ئیعتیباری خۆیان بپارێزن. بەم شێوەیەیش، دەبن بە ناوبژیوان و بازنەی پەیوەندی لە نێوان ھاووڵاتی و حکوومەتدا لە بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی ڕەوڕەوەکانی زانیاری، کە ئەمەیش بناغەی داڕشتنی بڕیارە سیاسییەکانە.

توێژەران چوار ڕێگه‌یان دیاری کردووە کە لە نێوه‌ندیدا ئامرازەکانی ڕاگەیاندن کاریگەرییان بەسەر ڕای گشتییەوە ھەیە:

١. ئاگادارکردنەوەی جەماوەر لەو شتەی کە لە جیھاندا ڕوو دەدات (شێوازی فێر کردن)؛ ٢. دیاریکردنی دۆز و ڕووداوە سیاسییە گرنگەکان، یان کێشەکانی ڕۆژ (شێوازی پلەبەندیکردنی ڕووداوەکان).

٣. گێڕانی ڕۆڵی کاریگەریخستنە سەر دیاریکردنی ئەوەی کە کام یەک لە سیاسەتمەداران پێویستە لۆمە یان پاداشت بکرێت (دیاریکردنی بەرپرسیارێتی).

٤. شێوازی کاریگەریخستنە سەر بژاردنەکان (الخیارات) و حەزە سیاسییەکانی خەڵک (ڕازیکردن).

بەم جۆرە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە سەردەمی زانیاریدا بەشێکی دانەبڕاون لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ و ڕۆڵی کارا لە پەروەردە کردن و پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵدا دەگێڕن. ئەم ئامرازانە لە ڕێگەی ئەو وێنە و وتارانەی کە بڵاو دەکەنەوە، توانیویانە جۆرە ورووژاندنێکی ھاووڵاتی لە کۆمەڵگەدا بخوڵقێنن. لە قۆناغی ئێستادا، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن سنورە سیاسی، ئابووری، که‌لتووری و کۆمەڵایەتییەکانی تێک شکاندووە و بەڕاشکاوانە دەست لە کاروباری ژیانی ڕۆژانە وەردەدات و ڕووە شاراوەکانی ھەر ڕووداو و بابەتێک ئاشکرا دەکات. ئەمەیش وای کردووە کە بەدەستھێنانی زانیاری، قۆرخ نەکرێت و ئاستی زانین و ھۆشیاریی گەل بەرز ببێتەوە و بە شێوەیەکی ئاسانتر داواکارییەکان خەڵک لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە دابین بکرێن.

ئەم ئامرازانە ڕەنگدانەوەی ژینگەی سیاسین؛ یاخود ئاوێنەی  ڕووداو و ململانێ و کارلێککەرە ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە لە ئاستی سیاسیدا و بەبێ بوونی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی جەماوەری، ھیچ کەس لە دەرەوەی بازنەی سیاسیدا ناتوانێت ئاگاداری ڕووداوە سیاسییەکان ببێتەوە. بەم جۆرەیش، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن چوارڕییانی پێکەوەگرێدانی کۆمەڵگە پێک دێنن. ئەم چوارڕییانە دەسەڵاتداران بە نوخبە و بە جەماوەر، کۆمەڵانی خەڵک بەیەکدی و دەسەڵاتداران بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ڕاستییه‌كه‌ی، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە جیھانی نوێدا ئەرکی گواستنەوەی وتار و بیسراوەکانیان لە ئەستۆدایە؛ بەرھەمھێنانی مەعریفە و زانیارییش ئەرکی دووەمی ئەم ئامرازانە پێک دێنێت.

لە نێوه‌ندی تیشکخستنه‌ سەر گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و کێشە و گرفتە جۆراوجۆرەکان و گەڵاڵەکردنی بابەتە ھەستیارەکان و ئەولەوییەتبەخشین بە ھەندێکیان و دواتریش ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، ئەم ئامرازانە فاکتەری سەرەکین لە ورووژاندن و بەرھەمھێنانی ڕای گشتی، بەتایبەتیش لەو کات و کۆمەڵگەیانەدا کە ڕکابەرێتی لە نێوان ئەم ئامرازانەدا لە ئارادا بێت. ستوارت ھال، لە كتێبی "خۆدۆزینەوەی ئایدیۆلۆژیک"دا ئاماژە بەوە دەکات کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئافراندن و بەھێزکردنی ڕامانی ئێمە بۆ کۆمەڵگەی خۆمان و جیھانی دەوروبەرمان ھەیە. ئەم ئامرازانە جەماوەر ڕەزامەند و ھۆگری بارودۆخی بەرقەراری سیاسی و ئابووریی ئێستا دەکەن. ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، سەرەڕای دروستکردنی چوارچێوەی که‌لتووریی جەماوەری، گرنگترین ئامرازەکانی سەرمایەداریی سەدەی بیستەمن بۆ پاراستنی گوێڕایەڵیی خەڵک بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگەدا.

دانیێڵ لێرنر، لە كتێبه‌کەیدا بە ناوی "گوزار لە کۆمەڵگەکانی تەقلیدی، مۆدێرنیزاسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، کە لە ساڵی ١٩٥٨ دەرچووە، لەبارەی چۆنێتیی گەشەسەندن لە وڵاتانی دواکەوتوودا سەبارەت بە ڕۆڵی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لەم وڵاتانەدا، وا دەبینێت کە بەرزبوونەوەی ئاستی شارستانییەت، مەیلدارە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە. بەرزبوونەوەی ئاستی پەروەردەیش دەبێتە ھۆی زیاتر نزیکبوونەوە لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و نزیکبوونەوەیش لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن دەبێتە ھۆی بەشداریی ئابووریی بەرفراوانتری خەڵک (سەبارەت بە ئاستی داھاتی تاک) و بەشداریی سیاسیی زۆرتر (دەنگدان).

پوختە

ئامرازەکانی ڕاگەیاندن ئەرکی دوولایەنە دەگێڕن؛ واتە بڕیارەکانی دەسەڵات بۆ کۆمەڵگە دەگوازنەوە و، بیر و بۆچوونەکانی کۆمەڵگەیش بۆ دەسەڵات. ئەنجامی ئەم چالاکییەیش ئاگاداریی ڕای گشتی و دەسەڵاتە لە داواکارییەکانی یەکدی. لێرەیشەوە جۆرە ئاسایش و متمانەیەک لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەدا وەدی  دێت کە لە دەرھاوێشتەی چالاکییەکانی بابەتییانەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنن. ئەم ئامرازانە بە ھۆی بەرفراوانیی پانتاییی تۆڕەکانیان، ڕۆڵێکی بەھێزیان لە چۆنێتیی دروستکردنی بۆچوونی ھاووڵاتیان دەگێڕن؛ چونکە پەروەردکردن و ئاگادارکردنەوە، لە چالاکییە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ئامرازانەن. لە لایەکی ترەوە، بە ھۆی زیادبوونی جۆراوجۆریی ئەم ئامرازانە، دەسەڵاتی سیاسی لە زۆربەی وڵاتاندا ھەوڵ دەدات کە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پشت بە ڕەزامەندیی جەماوەر لە دەسەڵات و بڕیارەکانی ببەستێت؛ بەتایبەتیش لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا کە گەل بە سەرچاوەی دەسەڵات لە قەڵەم دەدرێت. ھەر بۆیە دەبینین لەم وڵاتانەدا مەڵبەندی بەھێز ھەن کە بە میتۆدێکی زانستییانە لەسەر پرسە گرنگەکان ڕاپرسی ئەنجام دەدەن و بیر و ڕای ھاووڵاتیان سەبارەت بە پرسە ھەستیارەکان دەخەنە ڕوو.