ئەرکی دەستە سەربەخۆکان لە عێراق لە نێوان تیۆری و کردار (بەشی دووەم)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

سروشتی دەستووریی دەستە سەربەخۆکان

زانایانی یاسایی دەربارەی دیاریکردنی سروشتی دەستە سەربەخۆکان چەندین ڕا و بۆچوونی جیاوازیان هەیە. هەندێک پێیان وایە، کە ئەم دەستانە خاوەن سروشتێکی کارگێڕین، بەڵام بۆچوونێکی تر هەیە کە دەڵێت کە ئەم دەستانە خاوەن سروشتێکی دەستوورین؛ هەر بۆیە دەستوور گەرەنتیی چارەسەرکردنی ئەحکامەکانی کردووە لەناو دەقی دەستووردا. ئەمەیش وای کردووە کە بڵێین کە ئەم دەستانە کۆمەڵێک دامەزراوەن کە بەپێی دەقی دەستوور دامەزراون یان پشت بە دەقی دەستووری دەبەستن.

ئەگەر دەستە سەربەخۆکان بە خاوەن سروشتێکی دەستووری بزانین، هەندێ ئەنجامی لێ دەکەوێتەوە کە بریتین لە: یەکەم/ سەرۆک و ئەندامانی ئەم دەستانە دەبێ پابەند بن بەو چوارچێوە دەستوورییەی کە لە دەقی دەستووردا بۆیان داڕێژراوە و ئەگەر بەپێچەوانەوە بجووڵێنەوە، ئەوا بەوە دادەنرێت کە سەرپێچیی دەستووریان کردووە. دووەم/ دەسەڵاتەکانی تر کە مەبەست سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەیە، ناتوانن پێشێلی سەربەخۆییی ئەم دەستانە بکەن. سێیەم/ بەپێی باڵادەستیی دەقی دەستوور لەسەر یاسا ئاسایییەکان، ئەوا لە ئەگەری هەموارکردنی بنەما سەرەکییەکانی پێکهێنانی ئەم دەستانە، ئەوە دەبێ هەمواری دەقی دەستووری بکرێت.

لە فەڕەنسا، دەتوانین بڵێین کە ئەم دەستانە خاوەن سروشتێکی تەشریعین نەک دەستووری، چونکە دامەزراندنیان دەچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و لەناو دەستووری فەڕەنسیدا هیج ئاماژەیەک بەم دەستانە نەدراوە. هەر بۆیە ناتوانین ئەم دەستانە لە فەڕەنسا بە دەستەگەلێکی دەستووری بزانین، چونکە لەناو دەقەکانی دەستووری هیچ ئاماژەیەکیان پێ نەدراوە. لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش، بەپێچەوانەی فەڕەنسا ئاژانسە سەربەخۆکان کە سەرۆککۆمار سەرپەرشتیاری و چاودێرییان دەکات، دامەزراندنیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت، هەرچەندە لە لایەن کۆنگریسەوە پێک دەهێندرێن؛ هەر بۆیە دەتوانین بە دەستەگەلێکی دەستووری ناودێریان بکەین. لە عێراقیش، ئەم دەستانە خاوەن سروشتێکی دەستوورین، لەبەر ئەوەی لە دەقی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ بەڕاشکاوی باس لە دامەزراندنی ئەم دەستانە کراوە، هەروەک چۆن پێشتر باسمان لێوە کرد.

ئامانجەکانی دەستە سەربەخۆکان

ئەو ئامانجانەی کە ئەم دەستانە لە پێناویدا دامەزراون فرەڕەنگن؛ هەندێکیان ژمارەیەک ئامانجی گشتین کە دەتوانین بێژین لە نێوان هەموویاندا هاوبەشن و، هەندێکیان ئامانجی تایبەتین کە هەر دەستەیەک بەپێی ئەرکەکانی لە پێناویدا دامەزراون. بۆ نموونە، لە نێوان ئامانجە تایبەتییەکانی دەستەی دەستپاکی یان دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندیدا جیاوازی هەیە. لێرەدا ئاماژە بەو ئامانجانە دەکەین بەم جۆرەی خوارەوە:

ئا) ئامانجە گشتییەکان: دەتوانین ئامانجە گشتییەکان لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕ بکەینەوە:

١) گەرەنتیکردنی پیادەکردنی بنەمای ڕەوایی (مشروعیة).

٢) چاودێریکردنی ئەرکی دامودەزگە گشتییەکان.

٣) چاودێریی خەرجکردنی سامانی گشتی.

٤) پاراستنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ.

ب) ئامانجە تایبەتییەکان: لە پاڵ ئەو ئامانجە گشتییانەی کە ئەو دەستانە هەیانە بەگوێرەی یاسای هەر یەک لەو دەستانە، کۆمەڵێک ئامانجی تایبەتیشیان هەیە کە لە پێناویدا دامەزراون. بۆ نموونە، لە یاسای دەستەی دەستپاکی، ژمارە (٣٠) ساڵی ٢٠١١دا هاتووە کە ئامانجەکانی ئەم دەستەیە بریتین لە: بەشداریکردن لە قەدەغەکردنی گەندەڵی و  پشتبەستن بە شەفافییەت لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حوکمڕانی لە هەموو ئاستەکان و هتد.

هەروا سەبارەت بە دیوانی چاودێریکردنی دارایی، ئەگەر بۆ یاسای ژمارە (٣١) ساڵی ٢٠١١ بگەڕێینەوە، دەبینین لە بەندی (٤)ی ئەو یاسایەدا هاتووە: "دیوان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە هەوڵ دەدات:

یەکەم/ پاراستنی سامانی گشتی لە بەفیڕۆدان و یان خراپ بەکارهێنان و گەرەنتیکردنی بەکارهێنانی باشتر.

دووەم/ گەشەپێدانی باشترکردنی ئەرکی ئەو لایەنانەی کە ملکەچن بۆ چاودێری.

سیێەم/ بەشداریکردن لە سەربەخۆییی ئابووری و پاڵپشتیکردنی گەشەپێدان و سەقامگیربوونی.

چوارەم/ بڵاوکردنەوەی سیستەمی ژمێرکاری و وردبینیی پشتبەستوو بە پێوەرە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکان و باشترکردنی ئەو ڕێسا و پێوەرانەی کە شیاون بۆ پیادەکردن لەسەر کارگێڕی و ژمێرکاری بە شێوەی بەردەوام.

پێنجەم/ گەشەپێدانی پیشەکانی ژمێرکاری و وردبینی و سیستەمەکانی ژمێرکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەرکی ژمێرکاری و چاودێری بۆ ئە لایەنانەی کە ملکەچن بۆ چاودێری.

بە خستنەڕووی ئەو ئامانجانە بۆمان دەردەکەوێت، کە هەر دەستەیەکی سەربەخۆ بەگوێرەی ئەو مەبەستەی کە لە پێناویدا دامەزراوە ئامانجی جیاوازی هەیە، بەڵام لە دیوانی چاودێری یان دەستەی دەستپاکی، لە چوارچێوەی ئامانجەکانی چاودێری دەرناچێت؛ لە دامەزراوەی شەهیدان یان زیندانییە سیاسییەکان لە چوارچێوەی ئامانجە جێبەجێکارییەکاندایە و، هەروا لە هەندێ دامەزراوەی تر وەک دەستەی داواکارییەکانی موڵکدارێتی یان دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە چوارچێوەی ئامانجە نیمچەدادوەرییەکاندایە.

جیاوازی و لێکچوونی دەستە سەربەخۆکان لەگەڵ هاوشێوەکانیان

دەستە سەربەخۆکان لێکچوون و جیاوازییان هەیە لەگەڵ زاراوە هاوشێوەکان، وەک وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکان. بۆ ئاشنابوونی زیاتر بەم لایەنە لێرەدا لە دوو بەش باسیان لێوە دەکەین:

یەکەم/ جیاوازی و لێکچوونی دەستە سەربەخۆکان و وەزارەتەکان

کۆمەڵێک جیاوازی و لێکچوون لە نێوان دەستە سەربەخۆکان و وەزارەتەکاندا هەیە کە لێرەدا باسیان لێوە دەکەین:

ئا) لێکچوونەکان:

١) لە ڕووی دروستبوون و پێکهاتن: هەردووکیان هاوشێوەن لەوەی کە یان بە دەقێکی دەستووری یان بە یاسا دادەمەزرێن و ناکرێ بەپێی ئامرازێکی یاسایی کەمتر لە دەقی دەستووری یان یاسایی دابمەرزرێن و بە پەیڕەو یان ڕێنمایی دانامەزرێن.

٢) پێگەی یاساییی وەزیر و سەرۆکی دەستە: هەردووکیان بۆ خزمەتی گشتی ڕادەسپێردرێن و لە ڕووی ماف و پابەندییەکانەوە هاوشێوەن و لە ڕووی پێگەی یاسایییەوە یەکسانن و هیچ کامیان وەسفی فەرمانبەریان لەسەر ناچەسپێت، چونکە ئەو ناونیشانانە لە ڕیزی میلاکی تایبەتی فەرمانبەراندا نین. هەر بۆیە، لە ڕووی مەرجەکانی دامەزراندن و ئەنجامدانی ئەرکەکان و لێپرسینەوە، یاسای خزمەتی شارستانییان لەسەر ناچەسپێت، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە بە دەقی ڕاشکاو هاتبێت. بۆیە دەتوانین بڵێین، کە سروشتی یاساییی هەر دوو پۆستەکە وەک یەکە و، هەر یەکەیان بۆ خزمەتێکی گشتی ڕادەسپێردرێن و هەمان مافی دارایییان لەسەر دەچەسپێت، بەو پێیەی سەرۆکی باڵای ئەو دامەزراوەیەن.

٣) لە ڕووی لایەنی تایبەت بە دامەزراندن: هەردووکیان لە ڕووی لایەنی تایبەتمەند بە دامەزراندنه‌وه‌ هاوشێوەن. وەزیر و سەرۆکی دەستە وەک ڕێسایەکی گشتی لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانان کە لە عێراق بریتییە لە ئەنجومەنی نوێنەران دادەمەزرێن، بەڵام بە شێوەیەکی ڕیزپەڕ هەندێکیان لە لایەن ئەنجومەنی دەستە یان کۆمیساران هەڵدەبژێردرێن.

٤) لە ڕووی دەسەڵاتی تایبەت بە تۆمەتبارکردن و بەخشین لە پۆست: هەردووکیان لێک دەچن لەوەی کە کە بە هەمان ڕێکارەکانی تۆمەتبارکردن بۆ وەزیرەکان کە لە دەستووری عێراقیدا هاتوون تۆمەتبار دەکرێن و، هەروا هاوشێوەن لە ڕووی کاریگەریی لێپرسینەوە لە پەرلەمان و بەخشین لە پۆستەکەیان بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.

ب) جیاوازییەکان:

١) لە ڕووی سروشتی پۆستی وەزیر، یان سەرۆکی دەستە: وەزارەتەکان لە یەک کاتدا بە یەکەیەکی خاوەن سروشتی دووانەیی (کارگێڕی و سیاسی) لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام دەستەکان لە یەک کاتدا پتر خاوەن سیفەتێکی دەستووری و پیشەیین.

٢) ملکەچبوونیان بۆ دوو سیستەمی یاساییی جیاواز: لە کاتێکدا وەزارەتەکان ملکەچن بۆ دەستوور و یاسای ئەنجومەنی وەزیران و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن و یاسای وەزارەت و ئەو ڕێنمایییانەی کە دەری دەکات بۆ ئاسانکردنی جێبەجێکردنی یاسای وەزارەت و پەیڕەوە ناوخۆیییەکان و هەموو تەشریعاتە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی گشتی، لە بەرامبەردا دەستە سەربەخۆکان ملکەچن بۆ دەستوور و یاسای دەستە و ئەو پەیڕەوانەی کە لەم بارەیەوە دەردەچن. 

٣) لە ڕووی پەیوەندی: لە کاتێکدا ئەوە ڕوون و ڕاشکاوە کە وەزارەت وەک بنەمایەکی گشتی بەستراوەتەوە بە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام دەستە سەربەخۆکان لەم بارەیەوە فرەجۆرن. بەگوێرەی پشکنینی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، بۆمان دەردەکەوێت کە ژمارەیەک لەم دەستانە بەستراونەتەوە بە ئەنجومەنی نوێنەران و هەندێکیان بەستراونەتەوە بە ئەنجومەنی وەزیران و هەندێکیشیان بەتەواوی سەربەخۆن لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران.

٤) لە ڕووی مەرجەکانی دامەزراندن: لە کاتێکدا دەستوور و یاسای دەسەڵاتی جێبەجێکردن مەرجەکانی دامەزراندنی وەزیر دیاری دەکات، لە هەمان کاتدا مەرجەکانی دامەزراندنی سەرۆکی دەستە، یان کۆمیسیۆن بە یاسای ئەو دەستە یان کۆمیسیۆنە دیاری دەکرێت.

٥) لە ڕووی ناونان لە مەرسوومی پێکهێنانی حکوومەت یان وەزارەت: ڕێسای گشتی ئەوەیە کە دەبێ وەزیرەکان لە کاتی پێکهێنانی حکوومەت ناو بنرێن، بەڵام هیچ ئیلزامێکی دەستووری یان یاسایی نییە بۆ ناونانی سەرۆکی دەستە، یان کۆمیسیۆن لە مەرسوومی پێکهێنانی حکوومەت، سەرەڕای ئەوەی هەندێکیان لە ڕووی پەیوەندییەوە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانن.

٦) لە ڕووی ئامادەبوونیان لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران و دەنگدان لەسەر بڕیارەکان: هیچ ئیلزامێکی یاسایی نییە بۆ ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەکان لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بەپێچەوانەوە وەزیر لەسەریەتی لەو دانیشتنانە ئامادە بێت.

٧) لە ڕووی سوێندخواردن: وەزیر بەپێی بەندی (٥٠) لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، دەبێ لە بەردەم پەرلەماندا سوێندی دەستووری بخوات، بەڵام سەرۆکی دەستە مولزەم نییە بە سوێندخواردن، تەنیا لە هەندێ حاڵەت نەبێت کە لە یاسای دەستەکەدا ئاماژەی پێ دراوە. بە وتەیەکی تر سوێندی وەزیر سوێندێکی دەستوورییە، بەڵام سوێندی سەرۆکی دەستەکان ئەگەر هەیشبێت، سوێندێکی خاوەن سروشتی یاسایییە.

٨) لە ڕووی سەربەخۆیی: سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران له‌ هەندێ حاڵەتی تایبەتدا دەتوانێ بەدواداچوون و تەنانەت هەموارکردن بۆ بڕیارەکانی وەزیر بکات، بەڵام بڕیارەکانی سەرۆکی دەستە بەگشتی ملکەچ نییە بۆ بەدواداچوون یان هەموارکردن لە لایەن هیچ دەسەڵاتێکەوە، چ یاسادانان یان جێبەجێکردن.

٩) لە ڕووی دەسەڵاتی تایبەت بە دادگه‌ییکردن: بەپێی بەندی (٩٣/شەشەم) لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی وەزیر دەکرێ لەو تاوانانەی کە بە هۆی ئەرکەکانییەوە تووشی دەبێت، لە دادگەی باڵای فیدراڵی یەکلایی دەکرێتەوە؛ بەپێچەوانەوە سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان لە کاتی ئاراستەکردنی تۆمەتەکانی پەیوەست بە ئەرکەکانیان، ملکەچن بۆ سەڵاحییاتی دادگە ئاسایییەکان و بەدیاریکراوی دادگەی تاوانی ناوەندی.

دووەم/ جیاوازی و لێکچوونەکان لەگەڵ لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت:

یاسادانەری عێراقی هیچ ناونانێکی بۆ لایەنە نەبەستراوە بە وەزارەتەکان دانەناوە، بەڵام بە سەرنجدان لە بوونی ئەم لایەنانە دەتوانین خاڵەکانی لێکچوون و جیاوازییان لەگەڵ دەستە سەربەخۆکان بەم جۆرەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

ئا) لێکچوونەکان:

١) لە ڕووی بنەمای یاسایی: پێویستە دەقێکی یاساییی ڕاشکاو هەبێت بۆ دروستبوونی ئەم لایەنانە یان دەستەی سەربەخۆ و، لە ئەگەری نەبوونی دەقێکی لەو جۆرە دەرفەتی یاسایی بۆ دروستبوونیان ناڕەخسێت.

٢) لە ڕووی سەرۆک: هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی سەربەخۆ و لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت، کەسی یەکەم و بڕیاربەدەستن و بڕیار و کارەکانیان بە ناوی خۆیانەوە ئەنجام دەدەن.

ب) جیاوازییەکان:

١) لە ڕووی سەربەخۆیی: لە کاتێکدا کە دەستە سەربەخۆکان لە ڕووی ئەرک و تایبەتمەندییەکانیانه‌وه‌ سەربەخۆییی تەواویان هەیە، لە هەمان کاتدا لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت سەربەخۆییی ڕێژەییی هەیە و ملکەچە بۆ چاودێریی کارگێڕی یان ڕاسپێرادراوی (وصایة)ی کارگێڕیی لە هەندێ حاڵەتدا.

٢) لە ڕووی سروشتی یاسایی: لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت بە یەکەیەکی کارگێڕی دادەنرێن؛ بەپێچەوانەوە دەستە سەربەخۆکان بە دەستەگەلێکی دەستووری لە قەڵەم دەدرێن.

٣) لە ڕووی پێگەی یاساییی سەرۆک: سەرۆکی لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت بە فەرمانبەرێکی گشتی لە قەڵەم دەدرێت، لە کاتێکدا سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان بە ڕاسپێردراو بە خزمەتی گشتی دادەنرێت و پێگەکەی هاوشێوەی وەزیرە و لە ڕووی پلەوە و لە سەرووی سەرۆکی لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەتە، کە بەزۆری پلەیەکی تایبەت یان بەڕێوەبەری گشتییە.

٤) لە ڕووی ئەو سیستەمە یاسایییەی کە حوکمیان دەکات: لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت ملکەچە بە یاسای تایبەت بە خۆی و پەیڕەو و ڕێنمایییە ناوخۆیییەکان و هەموو تەشریعاتی پەیوەست بە ئەرکی گشتی، بەڵام دەستە سەربەخۆکان ملکەچن بۆ دەستوور و یاسای دەستە سەربەخۆکان و پەیڕەوەکانیان. بە وتەیەکی تر، لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت ملکەچە بۆ یاسای کارگێڕی و، دەستە سەربەخۆکان ملکەچن بۆ یاسای دەستووری.

٥) لە ڕووی پەیوەندی: وەک ڕێسایەکی گشتی، لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت سەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، بەڵام لە دەستە سەربەخۆکان بەگوێرەی دەقەکانی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ و یاسای ئەم دەستانە، هەندێکیان بەستراون بە ئەنجومەنی نوێنەران و هەندێکیان سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانن و هەندێکیشیان بەتەواوی سەربەخۆن و سەر بە هیچ یەک لە دەسەڵاتەکان نین.

٦) لە ڕووی بەرپرسیارێتی: بەرپرسی لایەنی نەبەستراوە بە وەزارەت لە ڕووی بەرپرسیارێتییەوە ملکەچە بۆ ئەحکامی پەیوەست بە بەرپرسیارێتیی ڕێكکاری (الانضباطیة) و سزایی، بەڵام سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان ملکەچن بۆ بەرپرسیارێتیی سیاسی و سزایی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە ئەرک بەبێ بەرپرسیارێتیی ڕێککاری.