ئاسایشى مرۆیی- بەشى یەکەم

تۆفیق ڕەحمان مەنتک، ماستەر لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

 

پێشەکى

"ئاسایشى مرۆیى" یەکێکە لەو چەمکانەى کە پێچەوانەى "ئاسایشى سەربازی"یە. بەپێى ئینسایکلۆپیدیاى بریتانیکا چەمکى ئاسایشى مرۆیى، دەرچوون بوو لەو چەمکەى کە پێشووتر زیاتر جەختى لەسەر ئاسایشى سەربازى، واتە ئاسایشى دەوڵەت دەکردەوە. ئامانجى سەرەکیى ئاسایشى مرۆیى، پاراستنى مرۆڤە لە هەڕەشەو مەترسییە تەقلیدى و ناتەقلیدییەکان، وەک: جەنگ، هەژارى و بڵاوبوونەوەى پەتا. بەپێى بڕیارى ژمارە ٦٦/٢٩٠ى کۆمەڵەى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١٠ ئەیلوول ٢٠١٢، "ئاسایشى مرۆیى بریتییە لە ئاڕاستەیەک بۆ هاوکاریکردنى وڵاتانى ئەندام لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنى ئەو ڕووبەڕووبوونەوە هەمەلایانانەى کە ڕووبەڕووى ژیان و مان و گوزەران و کەرامەتى مرۆڤ دەبێتەوە و مرۆڤ چەق و کرۆکى ئەم چەمکەیە." دواى کۆتاییهاتنى جەنگى جیهانیى یەکەم و دووەم و، هەروەها جه‌نگى سارد و ڕووخانى یەکێتیى سۆڤیەت، بەپێى داتاکان لە پاش جەنگى جیهانیى دووەم تاوەکوو ئێستا ٢٥ جەنگى نێوان دەوڵەتان ڕوویداوە لەگەڵ ١٢٢ جه‌نگى ناوخۆیى، ئەگەر ئێمە بەراوردێکى قوربانیانى جەنگى نێوان دەوڵەتان و شەڕ و ئاڵۆزییە ناوخۆیییەکانى نێو سنوورى وڵاتەکان بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە قوربانیانى جەنگى نێوان دەوڵەتان زۆر کەمترە، چونکە لە دواى جەنگى دووەمى جیهانى کە ژمارەی قوربانیانى جەنگى نێو دەوڵەتەکان تەنها ٣ میلۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بووە، ئەمە لە کاتێکدا قوربانیانى شەڕ و ئاڵۆزییە نێوخۆیییەکانى ناوەوەى سنوورى وڵاتەکان ژمارەیان گەیشتۆتە ١٦ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس. ئەمە بووە هۆى ئه‌وه‌ی کە بەشێوەیەکى گشتى وڵاتانى ڕۆژاوا، کاریان کرد لەسەر بنەماکانى وەک مافى مرۆڤو چۆنێتیه‌ بەشارستانیکردنى ئەنجامدانى جەنگ و پاراستنى گیانى ئەو گرووپانەى کە بەلاواز و بێدەرەتان ناودەبردرێن، وەک: ئافرەت و منداڵ و کەسانى بەتەمەن و خەڵکانى سڤیل. ئەمەیش دەسپێکێک بوو بۆ سەرهەڵدانى بیرۆکەى ئاسایشى مرۆیى. یەکێک لەو چەمکانەى کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەنجامدانى کارەکانى پشتى پێ دەبەستێت و جەختى لێ دەکاتەوە،"ئاسایشى مرۆیی"یە. بەپێى كتێبى ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاسایشى مرۆیى، ئامانج لە ئاسایشى مرۆیى، پێشکەشکردنى ڕێگه‌یەکى نوێى بیرکردنەوەیە دەربارەى ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەى لە سەدەى بیست و یەکدا یه‌خه‌ی جیهانیان گرتووه‌ و کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى چۆن دەتوانێت وەڵامیان بداتەوە.

قوتابخانەى کۆپنهاگن زیاتر جەخت لەسەر لایەنە ناتەقلیدییەکانى ئاسایش دەکاتەوە و، نوێنەرایەتیى ئەو ڕەوتە دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە دیراساتى ئاسایش بەشێوەیەکى تەقلیدى. بارى بۆزان لە قوتابخانەى کۆپنهاگن بۆ دیراساتى ئاسایش (Copenhagen school of security studies) خاوەنى کتێبى "خەڵک، دەوڵەت، ترس: کێشەى ئاسایشى نیشتمانى لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان"، کە لە ساڵى ١٩٨٣ چاپ کرا. ئه‌م كتێبه‌  لە یەكه‌مین ئه‌و كتێبانه‌ بوو کە باسى لە هەڕەشە و مەترسییە ناسەربازی و ناتەقلیدییەکان کرد، کە ئاسایش ئەمانەیش دەگرێتەوە: ئابوورى و کۆمەڵایەتى و هۆکارە ژینگەیییەکان؛ هەڕەشە ناتەقلیدییەکان وەک: تیرۆرى نێودەوڵەتى و پێشێلکاریى مافى مرۆڤ و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و گۆڕانى ژینگە. ئەم هەڕەشە و مەترسییانە، ڕێک پێچەوانەى هەڕەشە تەقلیدییەکانى بەکارهێنانى هێزى سەربازییە، چونکە لەوانەیە دەرەنجامى خراپى هەبێت لەسەر کوالیتیى ژیان و گوزەرانى دانیشتووانى ئەو وڵاتە و تەنانەت ژیان و مانەوەیان، بەبێ ئەوەى کاربکاتە سەر لەناوچوونى دەوڵەتەکە و، مەترسییەکان زیاتر لەسەر ژیانى مرۆڤەکانە. ئەم جۆرە هەڕەشانە پێویستى بە هەماهەنگیى نێودەوڵەتى هەیە؛ بۆ نموونە بڵاوبوونەوەى پەتاکانى وەک نەخۆشیى ئیبۆڵا و ئەنفلەوەنزاى بەراز و، هەروەها گۆڕانى کەشوهەوا. ئەمانە تایبەت نییە بەتەنیا دەوڵەتێک، بەڵکوو بابەتێکە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانى مرۆڤایەتى. بارى بۆزان لێکۆڵینەوەکانى لە بوارى ئاسایشى دەوڵەت فراوانکرد، کە بابەتەکانى وەک ئابوورى و ژینگە و دانیشتووان لەخۆبگرێت و، دواتر یەکەى زیاترى لەخۆگرت، وەک کۆمەڵگه‌، نەتەوە، کۆمەڵ، تاکەکەس. بۆیە ئەو بە خاڵى پەیوەندى دادەنرێت لەنێوان دیراساتى ئاسایش وەک بابەتێکى تەقلیدیى تایبەت بە دەوڵەت بۆ ڕەخنەگرتن لە ئاسایشى دەوڵەت و، ئەو یەکەمین کەس بوو باسى لە ئاسایشى کۆمەڵایەتى کرد. جەیمس وۆلفهۆنسن، سەرۆکى پێشووى بانکى نێودەوڵەتى، لە وتارێکى لە بەردەم ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیدا لە ساڵى ١٥/٠١/٢٠٠٠ گوتى، کاتێک کە ئێمە بیر لە ئاسایش دەکەینەوە، پێویستە لەو چوارچێوەیە دەربچین کە پەیوەندیى بە جەنگ و سنوورەوە هەیە. پێویستە ئێمە بیر لە جەنگ دژى هەژارى و برسێتى بکەینەوە و، سەرکەوتن بەدەست بهێنین.

دکتۆر ڕامیش تاکور لە زانکۆى نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆکیۆ دەڵێت، بەهۆى ئەوەى لە بەشێکى زۆرى جیهان سیستەمى حکومڕانى بەدەست خانەوادەیەک یاخود گرووپ و کۆمەڵە کەسێکەوەیە، زۆربەى ئاڵۆزییەکانى ئەمڕۆ لەسەر ئاستى جیهان، ئاڵۆزیى ناوخۆیین کە لەنێوخۆى سنوورى وڵاتێکدا ڕوودەدات و کێشەى تایبەت و دیاریکراون، وەک: موسڵمانەکان لە هند، تامیلەکان لە سریلانکا، کۆسۆڤۆیییەکان لە سڕبیا، کوردەکان لە ژمارەیەک وڵات، شیعەکانى عێراق لەژێر دەسەڵاتى سەددام حسێن؛ هەروەها کێشەکانى ترى وەک: قوربانیانى لافاو، پاکتاوى ڕەگەزى، ڕێگرییکردن و خۆپاراستن لە پەتا و نەخۆشیە درمەکان؛ ئەمانە بابەتگەلێکن کە ناتوانرێت لە چوارچێوەى ئاسایشى نیشتمانیدا کارى لەسەر بکرێت. بەشێوه‌یەکى پوخت و گشتى، ئاسایشى نیشتمانى واتە خۆپڕچەککردن و پەرەپێدانى هێزى سەربازى و، هیچ پەیوەندییەکى نییە بە پرسەکانى وەک: تاوانە مرۆیییەکان، بڵاوبوونەوەى پەتا و مەترسییە ژینگەیییەکان. ئاسایشى مرۆیى جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنى مرۆڤ لەو ڕووداوانەى بە هۆى مرۆڤ یاخود سروشته‌وه‌، لەناوەوەى وڵات یاخود لە دەرەوەى وڵات ڕوو دەدەن. کاریگەریى ئەم ڕووداوانەیش تەنها لەسەر مرۆڤە کە ئەمەیش جیاوازى نابێت ئەگەر تەنها مرۆڤێک قوربانى بێت یاخود کۆمەڵە مرۆڤێک. هەروەها پرۆفسیۆر جێنفەر لینینگ لە زانکۆى هارڤارد دەڵێت، مرۆڤ بۆ ئەوەى ئاسایشى مرۆییى بۆ بەرجەستەبێت، دەبێت بەلایەنى کەم پێداویستییە سەرەتایییەکانى وەک خۆراک، ئاو، شوێنى حەوانەوەی بۆ دابین بکرێت و لە هەڕەشەکان بپارێزرێت و هەست بە سەلامەتیى خۆى بکات. ئەمانەیش هەمووى پەیوەندیى بە فاکتەرە کۆمەڵایەتى و دەروونى و سیاسى و ئابوورییەکان هەیە، کە پێویستە بەپێى کات بۆ دابینکردنى خۆشگوزەرانیى مرۆڤ پەرەى پێ بدرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان

چەمکى ئاسایشى مرۆیى، بەرەبەرە شوێنپێى خۆى گرت تا گەیشتە ساڵى ١٩٩٤ کە ئاژانسى UNDPى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى مرۆیى (United Nations Human Development Report)دا ده‌ڵێ، کە ئابووریناسان و شارەزایانى نێودەوڵەتى لەگەڵ ئەوە نەبوون کە چەمکى "پەرەپێدان"بە ماناى فراوانبوونى ئابووری بێت، بەڵکوو ئاسایشى مرۆیییه‌ كه‌ ئەو مانایە دەبەخشێت. لە ڕاپۆرتەکەدا بەمشێوەیە باسى ئاسایشى مرۆیى دەکات کە دوو بوارى گرنگ لەخۆ دەگرێت: یەکەمیان سەلامەتى و خۆپاراستن لە هەڕەشەکانى وەک برسێتی، نەخۆشییەکان و چەوساندنەوە؛ دووەمیان پاراستن لەو ڕووداوە لەناکاوانەى کە لە ژیانى ڕۆژانەدا ڕوودەدات؛ ئەمەیش لە کاتى کارکردندابێت یاخود کۆمەڵگه. بەهۆى نیگەرانیى بەشێکى زۆر لە وڵاتانى جیهانى سێیەم، له‌وه‌ی کە لەوانەیە ئاسایشى مرۆیى ببێتە ئامرازێک بۆ دەستێوەردان لە کاروبارى ناوخۆى وڵاتان، بۆ ڕەواندنەوەى ئەو نیگەرانییە، کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە تێگەیشتنێکى هاوبەش سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتیی پەیڕەوکردن و جێبەجێکردنى ئاسایشى مرۆیى لە چوارچێوەى سیستەمى نەتەوە یەکگرتووەکان و، بۆیە لەسەر ئەم خاڵانەى خوارەوە ڕێک كەوتن:

  1. تاکەکەس مافى ئەوەى هەیە کە بەئازادانە و سەربەرزانە بژیت و دەفەرتى یەکسانى بۆ دابین بکرێت کە سوود لە مافەکانى خۆى وەربگرێت و پەرەى پێ بدات.
  2. ئاسایشى مرۆیى داوا دەکات کە ئەو وەڵامدانانەوەى کە دەکرێت، پێویستە جەخت لەسەر مرۆڤ بکاتەوە؛ هەروەها بۆ حاڵەت و بارودۆخێکى دیاریکراوبێت بۆ زیاتر پەرەپێدانى پاراستن و بەهێزکردنى هەموو مرۆڤێک و کۆمەڵگه‌یەک بێت.
  3. ئاسایشى مرۆیى، داندەنێت بە پەیوەندیى بەیەکەوەبەستراوى نێوان ئاشتى، پەرەپێدان و مافى مرۆڤ و یەکسانى، لە ڕووى مافە مەدەنى، سیاسى،ئابوورى، کۆمەڵایەتى و کەلتوورییەکانه‌وه‌.
  4. چەمکى ئاسایشى مرۆیى لە ڕووى بیرۆکە و جێبەجێکردن، جیاوازە لە بەرپرسیارێتى بۆ پاراستن (Responsibility to Protect ).
  5. ئاسایشى مرۆیى بەهیچ شێوەیەک هەڕەشە و هێز و ڕێکارە توندوتیژییەکان بەکارناهێنێت و نابێتە جێگرەوەیەک بۆ ئاسایشى دەوڵەت.
  6. بەرنامەکانى ئاسایشى مرۆیى لەسەر خاوەندارێتیى نیشتمانى بنیات نراوە. ئەمەیش بە هۆى ئەوەى کە بارودۆخە ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تر جیاوازە؛ هەروەها لە وڵاتێکى دیاریکراویشدا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى تر جیاوازە. بۆیە پێویستە بەرنامەى ئاسایشى مرۆیى بەپێى تایبەتمەندیى ئەو بارودۆخ و ناوچەیە دابنرێت، کە ئەمەیش بەهێزیى ئاسایشى مرۆیى دەسەلمێنێت.
  7. حکوومەتى ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتیى سەرەکیى لە ئەستۆدایە بۆ مسۆگەرکردنى مان و ژیان و گوزەرانى هاووڵاتیانى خۆى؛ ڕۆڵى کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى، تەنیا تەواوکارى و پێشکەشکردنى پشتگیریی پێویستە بۆ حکوومەتى ئەو وڵاتە؛ ئەویش لەسەر داواکاریى خۆى بۆ بەهێزکردنى تواناى وەڵامدانەوەیان بۆ ئەو کارەسات و ڕووداوانە.

کەنەدا و ژاپۆن

کاتێک باسى ئاسایشى مرۆیى دەکرێت، ناتوانین هەردوو وڵاتى کەنەدا و ژاپۆن لەبیر بکەین و تیشک نەخرێتە سەر ڕۆڵیان لەو بوارەدا. کەنەدا و ژاپۆن لە وڵاتە هەرە لەپێشینەکان بوون بۆ بانگەشەکردن و بەرزکردنەوەى بیرۆکەى ئاسایشى مرۆیى لەسەر ئاستى جیهان، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەردوو وڵات لە ڕووى سیاسەتى دەرەوە و جێبەجێکردنه‌وه‌ شێوازى جیاوازیان پەیڕەوکرد. ژاپۆن بانگهێشتنامەى کەنەداى بۆ بەشدارى لە تۆڕى ئاسایشى نیشتمانى (Human Security Network) ڕەت کردەوە و، هەروەها داواى لە کەنەدا نەکرد بۆ بەشداریکردن لە کۆمسیۆنى ئاسایشى نیشتمانى (Commission on Human Security).  هەرچەندە ژاپۆن و کەنەدا بەشێوازى جیاواز لەسەر ئاسایشى مرۆیى کاریان دەکرد، بەڵام هیچ ئاڕاستەیەکى دژبەیەکیان نەبوو لە بەرنامەکانیان، بەڵکوو زیاتر بە شێوەى هاوتەریب بوو.  بەرنامە و شێوازى کارکردنى کەنەدا و ژاپۆن چەند خاڵێکى لێکچوونیان هەیە.

یەکەم: هەر دوو وەزیرى دەرەوەى کەنەدا و ژاپۆن ڕۆڵێکى بەرچاویان هەبوو کە وڵاتەکانیان ئاسایشى مرۆیى لە چوارچێوەى سیاسەتى دەرەوەیاندا جێبەجێ بکەن. لیۆد ئاکسۆرتى، وەزیرى دەرەوەى کەنەدا لە (١٩٩٦-٢٠٠٠) و کیزۆ ئۆبوچى،وەزیرى دەرەوەى ژاپۆن لە (١٩٩٧ - ١٩٩٨)، كه‌ دواتر بوو به‌ سەرۆکوەزیران لە (١٩٩٨-٢٠٠٠)، جگە لەوەى ئاسایشى مرۆیییان کرد به‌ بەشێک لە سیاسەتى دەرەوەى وڵاتەکانیان، بەڵام بە شێوەیەکى پراکتیکى جێبەجێیان کرد کە پێشووتر بەم شێوەیە لەلایەن حکوومەتەکانى خۆیان و وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى خۆیان کارى لەسەر نەکرابوو.

دووەم: بەبێ ئەوەى هیچ هەماهەنگییەکى پێشوەخت لەنێوانیاندا هەبێت، ژاپۆن و کەنەدا لە یەک کاتدا ئاسایشى مرۆیییان کردە بەشێک لە بەنارمەى سیاسەتى دەرەوەى وڵاتەکانیان. هەردوو وەزیرانى دەرەوەى کەنەدا و ژاپۆن لە لووتکەى وڵاتانى جى حەوت (G7) لە لیۆن بەشداربوون بەڵام لەسەر پەیڕەوکردنى ئاسایشى مرۆیى لە سیاسەتى دەرەوەدا هیچ هەماهەنگییەکیان نەکردبوو. هەردوو وڵات لە کۆتاییى ساڵانى نەوەدەکان ئەندامى ناهەمیشەییى ئەنجومەنى ئاسایش بوون لە نەتەوە یەکگرتووەکان؛ژاپۆن لە ساڵى ١٩٩٧-١٩٩٨ و کەنەدا لە ساڵى ١٩٩٩-٢٠٠٠، کە بە شێوەیەکى چالاکانە کاریان لەسەر بەرنامە جیهانییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و بەپەیڕەوکردنى ئاسایشى مرۆیى کرد؛ هاوکات نیگەرانیى خۆیان دەربڕى دەربارەى ئەو کێشە و گرفتانەى دواى کۆتاییهاتنى جه‌نگى سارد ڕووبەڕووى جیهان بوونه‌ته‌وه‌. هەر لەو کاتەوە ئاسایشى مرۆیى بۆتە بەشێک لە وەڵامەکانى کەنەدا و ژاپۆن بۆ وەڵامدانەوەى پرس و ڕووداوەکان.

 سێیەم: هەردوو وڵاتى کەنەدا و ژاپۆن ڕۆڵێکى گرنگیان هەبوو لە بەرنامەکانى ڕێکخراوى UNDP. وەزیرى دەرەوەى کەنەدا، ئاکسۆرتى، جەختى لەسەر دابینکردنى پێداویستییەکانى ژیان و گوزەران دەکردەوە، وەک بنەمایەک بۆ ئاسایشى مرۆیى. لە هەمانکاتدا ئۆبوچى، وەزیرى دەرەوەى ژاپۆن، جەختى لەسەر بابەتەکانى پەیوەندار بە ڕێگریکردن لە پێشێڵکردنى مافى مرۆڤ و تاوانەنێودەوڵەتییەکان و کێڵگەکانى مین، دەکردەوە. دواتر هەریەک لە کەنەدا و ژاپۆن پێداچوونەوەیان کرد بە سیاسەت و بەرنامەیان بۆ ئاسایشى مرۆیى؛ کەنەدا جەختى لەسەر ڕێگریکردن و چارەسەکردنى ئاڵۆزییەکان، پاراستنى خەڵکى مەدەنى و پاراستنى مافى مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەى تاوانە نێودەوڵەتییەکان کردەوە. لەلایەکى ترەوە ژاپۆن زیاتر بەرەو بابەتەکانى پەیوەندیدار بە پەرەپێدان و تەندروستى و ژینگە هەنگاوى نا.

کۆبەند

بە شێوەیەکى گشتى،ئاسایشى مرۆیى ٧ بوارى سەرەکى لەخۆدەگرێت کە لە خوارەوەدا ئاماژەى پێ کراوە؛ ئەمە جگە لەوەى کە بوارێکى سەربەخۆیە بەڵام هەموویان بەیەکەوەگرێدراوان و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. بۆ نموونە  خۆراک و تەندروستى و ژینگە، تێکەڵاوییەکى تەواویان هەیە و ڕاستەوخۆیش ئابووریى وڵات پشتیان پێ دەبەستێت. ئێمە لە بابەتەکانى داهاتوودا هەندێک لە بوارە سەرەکییەکانى ئاسایشى مرۆیى لە ڕێگه‌ى بابەتى تایبەته‌وه‌ دەخەینە ڕوو:

  1. ئاسایشى ئابوورى
  2. ئاسایشى خۆراک
  3. ئاسایشى تەندروستى
  4. ئاسایشى ژینگە
  5. ئاسایشى سیاسى
  6. ئاسایشى کۆمەڵگه
  7. ئاسایشى تاکەکەس.

ئەوەى ئێمە لێرەدا بۆمان دەرکەوت، ئه‌وه‌یه‌ کە ئاسایشى مرۆیى چەمکێکى نێودەوڵەتیی فراوانى هەمەلایەنە و پەیوەندیى بە مرۆڤەوە هەیە و، جیاوازنابێت ئەگەر ئەم مرۆڤە لە وڵاتێکى پێشکەوتووى دەوڵەمەند بژیت یاخود له‌ وڵاتێکى هەژار بژیت. چەمکى ئاسایشى مرۆیى، زیاتر جەخت دەکاتەوە لەسەر ئه‌وه‌ی کە چۆن مرۆڤ یاخود تاکەکەس لە کۆمەڵگه‌دا ژیان دەگوزەرێنێت و هەناسە دەدات؛ چۆن بە ئازادانە دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەو بژاردانە بدات کە لەبەردەستدان. تاچەند سوود لە دەرفەتە کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکان وەردەگرن و،ئایا ئەوان لە ئاشتى یاخود ئاڵۆزیدا ژیان بەسەر دەبەن.