سەرهەڵدانی بیرۆکەی سەربازگەرایی لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

ئەگەر سەیری ڕووادوەکانی سەدەی بیستەمی وڵاتانی دواکەوتوو بکەین، دەبینین کە سوپا ڕوڵێکی کاریگەری لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتانەدا هەبووە. دەکرێت ئاماژە بە چەند هۆکارێك بکەین کە بوونە هۆی باڵادەستیی سوپا لە مەیدانی سیاسەتدا، وەک: ڕۆڵی سوپا (بزاڤە چەکدارەکان) لە نەهێشتنی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم و هەڵگرتنی دروشمی نەتەوایەتی، بەردەوامیی جەنگ لە ناوخۆی ئەم وڵاتانە و جەنگی یەکێک لەم وڵاتانە لە دژی وڵاتانی دراوسێی و ئەنجامدانی کودەتا یەک لە دوا یەکەکانی سوپا لە زۆرێک لەم وڵاتانەدا. بە واتەیەکی تر، سوپا لە زۆرێک لەم وڵاتانەدا ڕۆڵی ڕاگرتنی نەزمی سیاسی-کۆمەڵایەتیی گرتە ئەستۆ. تا هەنووکەیش ئەم ڕوڵە لە وڵاتانی وەک تورکیا و لوبنان و ئێران دەبینرێت. ئەم ڕووداوانەیش کاریگەریی لەسەر که‌لتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتانەی بەجێ هێشت و وڵاتانی لە دۆخی پێشکەوتندا ڕووبەڕووی چەندین پرسیار کرده‌وه‌.

سوپا و مۆدێرنیزاسیۆن

لە شەستەکانی سەدەی بیستەم، دوای ئەوەی کە وڵاتانی دواکەوتوو، ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆنیان گرتبووه‌ بەر، هاوکات ئەم کۆمەڵگه‌یانە ڕووبەڕووی ناسەقامگیری ببوونەوە. لە لایەکی ترەوە، کۆمەڵێک لەو وڵاتانەی کە لە هەندێ لایەنی بەمودێرنکردنی کۆمەڵگه‌دا سەرکەوتبوون، ئەو وڵاتانە بوون کە زۆرتر سوپا، فەرمانڕەواییی دەکرد و خودی سوپایش ببووە بە پێشەنگ و هەڵگری دروشمی مۆدێرنیزاسیۆن. ئەمەیش وای کرد کە بیرمەندانی ئەم بوارە، هزر لەوە بکەنەوە بۆ ئەوەی کە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن بەخێرایی لەم وڵاتانەدا چەگەرە بکات و سەقامگیریی پارێزراو بێت، باشتر وایە کە سوپا ئەرکی بەمۆدێرنکردنی ئەم کۆمەڵگه‌یانە لە ئەستۆ بگرێت. ئەم بیرمەندانە بۆ ئەم بیرۆکەیە پاساوگەلێکیان خستە ڕوو. بە بڕوای ئەوان:

١. سوپا لەم وڵاتانەدا تاکە کەرتە کە لەسەر سیستەمێکی مۆدێرن دامەزراوە.

٢. ئەمەیش وای کردووە کە سیستەمی بیرۆکراسی لەناو سوپادا گەشە بکات کە بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی مۆدێرنیزاسیۆن هەژمار دەکرا.

٣. سوپا بەبێ جیاوازی، گشت ڕوڵەکانی کۆمەڵگه‌ی بە گشت نەتەوە و زمانەکان و لە گشت بەشەکانی وڵاتی لەئامێز دەگرت و، ئەرکی سوپا بەرگریکردن لە خاکی نیشتمانە. ئەمەیش بەو مانایە دەهات کە سوپا تەنیا دامەزراوەی نیشتمانییە کە ڕەنگدانەوەی ئایینی و نەژادی و ناوچەیی نەبێت. ئەم هۆکارانە وای کرد کە دروشم و پلان و ئەرکەکانی سوپا، دروشم و پلان و ئەرکی نیشتمانی بن.

٤. خاڵی سێیەم، سوپای لە دامەزراوه‌یەکی سێکۆلار نزیکتر دەکردەوە تا دامەزراویەکی ئایینی.

٥. لە گشت ئەم خاڵانە گرنگتر، ئەزموونی ڕابردووی ئەم وڵاتانە نیشانی دەدا، کە فەرماندەکانی سوپا لە پاڵ بەشێک لە ڕۆشنبیران چینی سەرەکیی داکۆکیکردن لە مۆدێرنیتەبوون.

٦. سوپا زۆرتر جەخت لە ڕۆڵی تاک دەکاتەوە تا هەڵسوکەوت و ڕۆڵی کۆمەڵ.

٧. ڕەفتاری سوپا زۆرتر ڕەفتارێکی عەقڵگەرایە تا تەقلیدی. واتە سوپا لەسەر بنەمای لۆژیک بەرنامە و پلانەکانی دادەڕێژێت و هەڵسوکەوت دەکات.

٨. پێش ئەم بیرۆکەیە، بیرمەندانی مۆدێرنیزاسیۆن لەو بڕوایەدا بوون کە حزبە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەیەدا دەگێڕن، بەڵام خودی حزبەکان و ڕۆشنبیران بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببوون، واتە بەرەی سەرمایەداری و بەرەی کۆمۆنیستی.  ئەمەیش هەم لە دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا بوو، هەمیش لە ناوخۆی ئەم وڵاتانەدا، ئایدیۆلۆژیی دژیەک سەریان هەڵدابوو.

دەکرێت هەر یەک لەم خاڵانە ڕەخنەی لێ بگیرێت؛ بەتایبەتیش ئەو ڕوانگەیەی کە سوپا بە دامەزراوەیەکی سێکۆلار هەژمار دەکات. لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین سوپا دامەزراوەیەکی سێکۆلار نییە، بەڵکوو بەتەواوەتی دامەزراوەیەکی ئایینییە. دەکرێت سوپا لە تورکیا بە پارێزەری بەهاکانی سێکۆلاریزم (لائیکی تورکیا) هەژمار بکرێت، بەڵام لە وڵاتێکی وەک ئێران و سعوودیا پارێزەری بەهاکانی ئایینە. ئەمەو سەرەڕای تێبینی لەسەر ڕاژەی بەشداربوونی ڕەگەزی مێیینە و کەمینەکانی تر لەم دامەزراوەیه‌دا.

لە لایەکی ترەوە، لە خودی هەندێ وڵاتی تازە سەرهەڵدراو، نوخبەی سەربازی بە بنیاتنەری نیشیمان هەژمار دەکران (Bienen, 1971). وەرچەخانە سیاسییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، لە زۆرێک لەم وڵاتە نوێیانەدا، لە لایەن نوخبەی سەربازییەوە و بە دروشمی نەتەوەیی ئەنجام درابوون. ئەم نوخبەیە خاوەن پشتگیرییەکی بەرفراوانی جەماوەری بوون. ئەگەر خودی نوخبەی نوێ، نوخبەی سەربازی نەبووبن، بەڵام پاڵپشتییەکی بەهێزی سوپایان لە پشتەوە بووە. ئاشنابوون بە ئایدیۆلۆژیی جیهانی سەرمایەداری و کۆمۆنیستی، بینینی که‌لتووری ڕۆژاوایی و هەبوونی زانیاری لەسەر که‌لتووری خۆجێ، خوێندەواری و چەندین فاکتەری تری ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەم نوخبەیەی کردە پێشڕەوی جەماوەریی ئەم کۆمەڵگه‌یانە؛ جەماوەرێک کە لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا بوون.

گشت ئەم هۆکارانە و یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردن لەم وڵاتانە لە وەستان دژی بلۆکی کۆمۆنیستی و گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی وڵاتانی ناکۆمۆنیستی، بوونە پاڵنەر کە بیر لەوە بکرێتەوە سوپا ئەرکی مۆدێرنیزاسیۆن لە ئەستۆ بگرێت. ئەگەرچی خودی ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ بیرۆکە سەرەتایییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن نەدەگونجان، کە پێیان وا بوو مۆدێرنیزاسیۆن دواجار بەدیموکراسی دەگات.

لۆسیان پای (Pye, 1961)، لەو بڕوایەدا بوو کە دامەزراوە نیشتمانییەکانی وڵاتانی دواکەوتوو وەک پەرلەمان و دەستوور و حزبە سیاسییەکان، کۆمەڵێک دامەزراوەن کە لە دەرەوە هاوردەی ئەم کۆمەڵگه‌یانە کراون و لەگەڵ که‌لتووری ئەم کۆمەڵگه‌یانە ناگونجێت کە که‌لتوورێکی دەسەڵاتخوازییە. بە بڕوای "پای"، سوپا دەتوانێت ئەو دامەزراوە نیشتمانییە بێت کە ئەرکی مۆدێرنیزاسیۆن و گەشەسەندنی سیاسی لەم وڵاتانەدا لە ئەستۆ بگرێت و لە کۆتاییشدا سیستەمێکی دیموکراسی دابمەزرێنێت. ئەو لەو بڕوایەدا بوو کە تەنانەت لە کۆمەڵگه‌ پێشکەوتووەکاندا، حزبە سیاسییەکان، بیرۆکراتەکان و سیاسەتمەدارە نیشتمانییەکان تووشی ئەم گرفتە ببوون کە چۆن خەسڵەتەکانی کۆمەڵگه‌ی مۆدێرن بخەنە ناو ناخی کۆمەڵگه‌ دواکەوتووەکەیاندا و زۆر جار لەم هەوڵانە شکستیان خواردووە.

هاوکات هەوڵەکانی دامەزراندی سوپا لە خودی ڕۆژاوا وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن زۆر سەرکەتوو بووە. "پای" ئەوە دەخاتە ڕوو کە سوپا نەك تەنیا دامەزراوەیەکی نیشتمانییە، بەڵکوو تاكه‌ دامەزراوەیە کە جۆرەها شارەزای وەک کیمیاناس، ئەندازیار، دکتۆر، مێژووناس، شوێنەوارناس و کەسانی تری شارەزای لەخۆ گرتووە. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو بە بۆچوونی "پای" خەسڵەتی سوپا ئەوەیە کە سەربازی لێهاتوو لەخۆ بگرێت. ئەو دەڵێت لە وڵاتانی لە دۆخی گوزاردا، سوپا خەسڵەتێکی تریشی وەرگرتووە کە بریتییە لەوەی کە سەربازی باش لە هەمان کاتدا تا ڕادده‌یەک مرۆڤێکی بەمۆدێرنکراوە (the good soldier is also to some degree a modernized man). بە واتایەکی تر، "پای" بەناڕاستەوخۆ باس لە ڕۆڵی سوپا لە هێنانەدیی که‌لتوورێکی مۆدێرن دەکات. هەروەها چونکە سوپای مۆدێرن، پێویستی بە چەکی مۆدێرن و تەکنه‌لۆژیی مۆدێرنە، بۆیە سوپا هەوڵی بەپیشەسازیکردنی کۆمەڵگه‌ دەدات کە ئەمەیش بە واتای پێشکەوتنی  ئابووری دێت. هەروەها هەروەک لە سەرەوە باسمان کرد، چونکە سوپا گشت ڕۆڵەکانی نەتەوە لەخۆ دەگرێت، کەواتە وەک بریکار (Agent)ی پرۆسەی هاووڵاتیبوون دەردەکەوێت. هەر بۆیەیش "پای" جەختی لەوە دەکردەوە کە سوپا دەتوانێت ئەرکی مۆدێرنیزاسیۆن لە ئەستۆ بگرێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی هەژمارکردنی سوپا بە پێشەنگی مۆدێرنیزاسیۆن، بریتی بوو لەوەی کە لە ڕێگەی سوپاوە دامەزراوە نیشتمانییەکان دابمەزرێن (Bienen, 1971)؛ بەڵام پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کە چ جۆرە دامەزراوەیەک؟ دامەزراوە، دەکرێت دامەزراوەی سیستەمی دیکتاتۆری بێت، هەروەها دەکرێت دامەزراوەی سیستەمی دیموکراسی بێت. ڕاستییه‌كه‌ی، لە بیرۆکەی سەربازگەراییدا، زۆرتر گرنگی بە بابەتی سەقامگیری درا، نەک بە پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی دیموکراسییانەی کۆمەڵگه‌ و سیاسەت. دەکرێت مۆدێرنیزاسیۆن لە ڕێگەی دامەزراوەی نادیموکراسییشەوە بێتە کایەوە؛ یەکێتیی سۆڤیەت، ئیتاڵیای فاشی و نازی، نموونەی بەرجەستەی سەدەی بیستەمن. ئیتاڵیا و ئەڵمانیا پێش سەرهەڵدانی تیۆرییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، لەم ئەزموونە دەرباز ببوون و یەکێتیی سۆڤیەتیش نزیکەی چوار دەیە بوو کە لەم ئەزموونەدا دەژیا. واتە لە کاتی خستنەڕووی بیرۆکەی سەربازگەرایی لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا، سێ ئەزموونی بەتاقیکراو بوونیان هەبوو.

 سەرەڕای ئەمەیش "هانتینگتۆن" لە یەکەم لاپەڕەی كتێبی "نەزمی سیاسی لە وڵاتانی لە دۆخی گۆڕاندا" ئاماژە بەوە دەکات کە:

      "گرنگترین جیاوازیی سیاسی لە نێوان وڵاتاندا، پەیوەست نییە بە جۆری حکوومەتی ئەم وڵاتانە، بەڵکوو پەیوەستە بە ئاستی حکوومەت (واتە حوکمڕانی) لەم وڵاتانەدا. جیاوازی لە نێوان سیستەمی دیکتاتۆری و دیموکراسیدا کە لە شێوازی سیاسەتەکەیاندا کۆدەنگی، هاوبەشی، شەرعییەت، کارایی، ڕێکخستن و سەقامگیری بوونی هەیە، کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ئەو حکوومەتانەی کە لە سیاسەتەکەیاندا ئەم خەسڵەتانە بوونی نییە. دەوڵەتانی کۆمۆنیستی دیکتاتۆری و دەوڵەتانی لیبراڵی ڕۆژاوا، هەردووکیان لە خشتەی یەکەمدا پۆلێن دەکرێن کە سیستەمی سیاسیی کاران، نەک ناکارا."

لێروەوە دەبینین کە چۆن سەقامگیری و نەزم دەبێتە سەرئێشەی سەرەکیی بیرمەندانی بواری مۆدێرنیزاسیۆن. ئەمەیش لە ناونیشانی خودی كتێبی هانتینگتۆندا دیارە.

موشێ لیساک (Moshe Lissak, 1967)، سەبارەت بە ڕۆڵی سوپا لە مۆدێرنیزاسیۆندا بۆچوونێکی تری هەیە و بە شێوەیەکی کۆمەڵناسانە خوێندنەوەی ڕۆڵی سوپا دەکات. لیساک دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکانی پێشەنگبوونی سوپا لە مۆدێرنیزاسیۆندا، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی "ناهاوسەنگی لە پێشکەوتنی دامەزراوەکان" لە نێوان دامەزراوەکانی وڵاتانی دواکەوتوودا. بە بڕوای لیساک دامەزراوەکان لە وڵاتانی دواکەوتوودا بە شێوەیەکی هاوتەریب گەشەیان نەکردووە، هەروەها لە نێوان خودی دامەزراوەکاندا ڕێگرەکان زۆرن لە بەردەم ئەو فەرمانبەرانەی کە بتوانن بە باشترین شێوە سەرچاوەکانی بەردەست بەگەڕ بخەن. سەرەڕای ئەم دوو فاکتەرە، هێدی هێدی لەم وڵاتانەدا نوخبەی سیاسیی مەدەنی متمانە لەدەست دەدەن و ڕێگە بۆ سوپا دەکەنەوە کە دەسەڵات بگرێته‌ دەست. لەگەڵ ئەمەیشدا، بە بۆچوونی لیساک ناکرێت بە یەک چاو سەیری ڕۆڵی سوپا بکەین و بەسەر هه‌موو کۆمەڵگه‌کاندا گشتاندنی بۆ بکەین. ئەو دەڵێت، زۆر گرنگە هەر نموونه‌یه‌ك بە تەنیا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لەم خوێندنەوەیەدا ڕەچاوی فاکتەرگەلی جۆراوجۆر بکرێت؛ فەکتەرگەلی وەک: گرفتە تایبەتییەکانی هەر کۆمەڵگه‌یەک، ڕاددەی دواکەوتوویی، جۆر و سروشتی سەرچاوە شاراوەکان (Potential resources) وەک هێزی مرۆیی و سەرچاوە که‌لتووری و ماددییەکان.

لەگەڵ ئەمەیشدا لیساک چوار خاڵ دەستنیشان دەکات کە لە وڵاتانی دواکەوتوودا سوپا وەپێش دامەزراوە مەدەنیەکانی تر دەخات:

یەکەم: سوپا لە ڕووی تەکنه‌لۆژییەوە داهێنەر و لە ڕووی کارگێڕییەوە بکەری گۆڕانکارییە. کادیرەکانی سوپا خاوەن ڕاهێنانی باشترن و دەتوانن ببن بە پێشەنگی شۆڕشی تەکنه‌لۆژی-کارگێڕی.

دووەم: سوپا، بەتایبەتیش ئەگەر لە هێنانەدیی سەربەخۆییی نیشتمانیدا بەشدار بووبێت، دەبێتە هێمای سۆلیدارێتی و غروری نەتەوەیی.

سێیەم: سوپا دەتوانێت یاساکان جێبەجێ بکات و نەزم بێنێتە ئاراوە و هاووڵاتیان هەست بە ئاسایش بکەن. بەم جۆرەیش ڕەگەزەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتی چەگەرە دەکات.

چوارەم: پێکهاتەی پلەبەندی و کارگێڕیی سوپا (hierarchical-ritual structure) ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە زۆر ئاسانتر لە حزبێکی سیاسیی دیموکرات، لەگەڵ ستراکتۆری تەقلیدیی کۆمەڵگه‌ی دواکەوتوو بگونجێت.

لیساک ئاماژە بەوەیش دەدات کە سوپا زۆرتر جەخت لەسەر لایەنی تەکنه‌لۆژی و دیسیپلین دەکاتەوە، بەڵام لەوانەیە لە ڕووی کارگێڕییەوە ڕووبەڕووی گرفت ببێته‌وه‌. ئەو دەڵێت چارەسەری ئەم گرفتە، بەندە بە توانای نوخبەی سەربازی لە گرتنەبەری ڕێکاری گونجاو. لەگەڵ ئەمەیشدا، ناکرێت نموونەی فەرمانڕەواییی سوپا لە وڵاتێکدا بۆ وڵاتێکی تر بگوازرێتەوە. لە ڕاستیدا لیساک بۆیە زۆر جەخت لەو خاڵە دەکاتەوە، چونکە ئاگاداری شکستەکانی سوپا لە بەڕێوەبردن لە ئەمریکای لاتین بوو.

ڕاستە کە لە هەندێ بارودۆخدا، دەستێوەردانی سوپا دەکرێت وڵاتێکی مۆدێرن و دیموکرات بنیات بنێت؛ دەکرێت کۆریای باشوور باشترین نموونە بێت. بەڵام پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە سەرکەوتنی کۆریای باشوور بە چاوپۆشین لە فاکتەرە دەرەکییەکان، هاوکات بوو بە ڕادەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی بە نوخبەی مەدەنیی سێکۆلار. بیرۆکەی دەستێوەردانی سوپا لەناو ئەدەبیاتی مۆدێرنیتەدا، دەکرێت ڕەخنەی ئەوه‌ی لێ بگیرێت کە کێشەی سەرەکی لە وڵاتانی تازە سەرهەڵدراو، بەتایبەتیش وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بریتی بوو لەوەی کە خودی ئەم دەوڵەتانە دەوڵەتی نەتەوەیی نەبوون تا سوپا بتوانێت ئەرکی مۆدێرنیزاسیۆن لە ئەستۆ بگرێت. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر سوپا سەرکەتوو بێت لە "مۆدێرنیزاسیۆنی فیزیکی"- واتە دروستکردنی ڕێگه‌وبان، هێنانەدیی ئابووریی بەرنامەبۆداڕێژراو، کردنەوەی نه‌خۆشخانە و فڕۆکەخانە و...- بەڵام لە دواجاردا لە بەدیهێنانی "مۆدێرنیزاسیۆنی بەهاکان"- وەک بەهای ئازادیی ڕادەربڕین، بەرهەڵستیی دەسەڵاتی سیاسی، دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و حزبی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن- تووشی شکست دەبێت. هاوکات خودی ئەم بیرۆکانەیش ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ مانەوەی سوپا-سالارەکان لەسەر کورسیی دەسەڵاتی سیاسی. هەر بۆیەیش ماریۆن و لێڤی (Marion and Levy, 1971) دامەزاوەی سوپا بە ئامرازێک بۆ حوکمڕانی هەژمار دەکەن، نەک بە خودی حکوومەت.

ئەسکەندەرۆڤ (Iskenderov, 1971) سەبارەت بە ڕۆڵی سوپا لە مۆدێرنیزاسیۆندا بۆچوونێکی جیاوازی هەیە. بە بڕوای ئەو، نە دەتوانین سوپا بەتەواوی وەک ئامرازێکی مۆدێرنیزاسیۆن هەژمار بکەین، نە بەتەواوەتی وەک ئامرازێک لە دژی مۆدێرنیزاسیۆن. بەڵکوو پێویستە سەیری بارودۆخی هەر کۆمەڵگه‌یەک و چرکەساتی سەرهەڵدانی سوپا و ڕۆڵی سوپا لەو کۆمەڵگه‌یەدا بکەین. ئەو دەڵێت، سوپا لە وڵاتانی تازە سەرهەڵدراودا هێچ کات سوپایەکی بێلایەن نەبووە، بەڵکوو سوپایەکی سیاسی بووە. یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لەوەی کە دۆخی ئابووری و سیاسیی وڵاتانی تازە سەرهەڵدراو، دۆخێکی پاشکەوتووە و سنووری چینە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان دیار نییە. سوپا لە گۆڕینی ئەم واقعەدا بەشدار دەبێت. دووەم، سوپا لەم وڵاتانەدا لەو چرکەساتە مێژوویییەدا سەری هەڵدا کە لە دژی داگیرکاریی بیانی وەستایەوە. سوپایش زۆرتر لە چینی جووتیار و پیشەوەری بچووک و هەژارەکان پێک دەهات. واتە سوپا ئەرکی مۆبیلیزەکردنی سیاسییانەی ئەم چینانەی لە ئەستۆ گرت. لە زۆربەی ئەم وڵاتانەدا، سوپا نەك تەنیا دژی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم بوو، بەڵکوو لە دژی کاپیتالیزمیش بوو؛ بە واتایەکی تر دژی چینی ناوەند. ئەگەرچی چینی ناوەند لەم وڵاتانەدا لە ڕووی ژمارەوە زۆر کەم بوو، بەڵام ئەو ژمارەیەیش کە بوونی هەبوو، بەرژەوەندییەکانی زۆرتر لەگەڵ وڵاتی داگیرکەردا بوو تا دەسەڵاتی تازە دامەزراوەی لۆکاڵی. سێیەم، حزبە سیاسییەکانی وڵاتانی تازە سەرهەڵدراو حزبگەلی لاواز بوون کە توانای چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگەیان نەبوو. ئەمەیش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ بەهێزبوونی دامەزراوەی سوپا.

بە بڕوای ئەسکەندەرۆڤ کێشەکە لێرەدایە کە کاتێک دامەزراوەی سوپا دوای سەرکەوتن لە دژی داگیرکەری بیانی ڕووبەڕووی کێشە سیاسی و ئابوورییە ناوخۆیییەکان دەبێتەوە، ئەم دامەزراوەیە بەم ڕاستییە دەگات کە ئەو ناتوانێت وەڵامدەرەوەی کێشە سیاسی و  ئابوورییەکان بێت؛ چونکە ئەرکی ئەو، پاراستنی نەزمە، نەک چارەسەرکردنی ڕکابەرێتیی سیاسی و لاوازیی ئابووری. ئەم کێشەیە کاتێک قووڵتر دەبێتەوە، کە دامەزراوەی سوپا لە هەمبەر ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا هیچ ئەزموونێکی سیاسی و ئەزموونی بەڕێوەبردنی ئابووریی نییە. لەم بارەیەوە بە بڕوای کلاود و وێلچ (Claude and Welch, 1971) ئەگەرچی سوپا لەم وڵاتانەدا بە بنیاتنەری نەتەوە ناوی دەرکردووە، بەڵام پێویستە لە نێوان گوتار و کرداردا جیاوازی بکەین. چونکە قۆناغی شۆڕش جیاوازە لە سەردەمی حوکمڕانی کە تێدا سوپا ڕووبەڕووی تەحەدییات و داواکارییەکانی کۆمەڵگه‌ دەبێتەوە.

گرفتێکی تر لە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن سوپاوە بریتی بوو لەوەی کە سوپا، بۆ نموونە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئەگەر گشت نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانیشی لەخۆی گرتبێت، بەڵام دواجار ئامانجی سەرەکی بریتییە لە خزمەتی سوپا بۆ نەتەوە، ئایین و ئایینزای باڵادەست. نموونەی ئەم کردارە لە عێراقی سەردەمی سەددام، سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد و حافز ئەسەد، لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە تورکیای لائیک و زۆربەی وڵاتانی باکووری ئەفریقا دەبینرێت.

لە هەمان کاتدا گرفتی تر بریتی بوو لەوەی کە خودی سوپا-سالارەکان، حزبی سیاسییان دامەزراند و بوونە سەرۆکی حزبەکە و بۆ ماوەی چەندین دەیە لە ڕێگەی هەمان حزب یاخود لە نێوه‌ندی هەڵبژاردنەکاندا کە لە زۆر وڵات هاوکات بوو بە بەربەست نواند لە هەمبەر حزبی ڕکابەر، دەسەڵاتی سیاسییان قۆرخ کرد. واتە هەروەک مۆریس جانویتز (Morris Janowitz in Bienien, 1971) ئاماژەی بۆ دەکات، بە بەراورد لەگەڵ دامەزراوەی سوپا لە وڵاتانی پێشکەوتوو، سوپای ئەم وڵاتانە زۆرتر سوپایەکی سیاسی بوو تا سوپایەکی مەدەنی. دەرەنجام بریتی بوو لەوەی کە حوکمڕانیی سوپا بۆ چەندین دەیە، دواجار لایەنی "مۆدێرنیزاسیۆنی فیزیکی"یشی خاپوور کرد. سووریا، عێراق، لیبیا، ئەفغانستان، پاکستان، تورکیا و تەنانەت ئێران، هەر یەک بە پلەی جیاواز باشترین نموونەن کە چۆن لە دەرەنجامی دەستێوەردانی سوپا لە کاروباری سیاسی-بیرۆکراتیی وڵاتدا، وڵاتیان بەرەو هەڵدێر برد. لەم وڵاتانەدا، نەك تەنیا سوپای نشتیمانی هەبوو، بەڵکوو هاوتەریب لەگەڵ سوپای نیشتمانی، گرووپی چەکداری شاراوە و ئاشکرا، هاوشانی سوپای نیشتمانی بوونیان هەبوو. سوپای پاسدارانی ئێران و ئەرگەنەکۆنەکانی تورکیا نموونەی هەره‌ دیارن. لە زۆرێک لە وڵاتان کاتێک کە دەسەڵاتی سوپا ڕووخا، گرووپی چەکداری جۆراوجۆر، هاوشان لەگەڵ سوپای نیشتمانی دامەزران. عێراقی دوای سەددام، ئەفغانستانی دوای تاڵیبان، لیبیای دوای قەزافی، سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد، نموونەی نوێن. دەکرێت پێشبینیی سەرهەڵدانی نموونەی تر لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بکرێت.

سوپا لەم وڵاتانەدا توانیی سەقامگیرییەکی ڕووکەش بێنێتە کایەوە، بەڵام هاوکات کەلێنی کۆمەڵایەتیی نێوان چین و نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگه‌ی بەرفراوانتر کرد. لە لایەکی ترەوە، ڕاستە کە سوپا خاوەن دیسپلینێکی بەهێزە، بەڵام پێویستە لە نێوان "دیسپلینی وشکی سەربازی" و "نەزمی مونعەتفی (نه‌رمونیانی؟) سیاسی-کۆمەڵایەتی"دا جیاوازی بکرێت. ئەمە خاڵێکی گرنگە کە تیۆرییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن تیشکی نەخستووه‌تە سەر. لە نەزمی مونعەتفی (نه‌رمونیانی؟) سیاسی-کۆمەڵایەتیدا، سیستەم کراوە دەبێت، بەڵام لە دیسپلینی وشکی سەربازیدا، سیستەم داخراوە دەبێت. ئەم دوو جۆرە سیستەمە، دوو جۆر تاک و دوو جۆر که‌لتووری جیاواز بەرهەم دێنن.

بێنۆیت (Benoit, 1973)  دەڵێت، سەرباز پەیڕەوی لە کۆمەڵێ بەهای ڕۆژاوایی دەکات، وەک: پابەندبوون بە ڕێنمایییەکان، ڕێکخستنی ژیان و ڕاپەڕاندنی کارەکانی بەپێی کات (واتە پابەندبوون بە کات و گرنگیدان بە کات)، ڕەچاوکردن و پابەندبوون بە هێماکان (sings)، خەرجکردن و پاشکەوتکردنی پارە. بە بڕوای دێکسۆن و موون (Dixon and Moon, 1986) هۆکاری جەختکردنە سەر سوپا وەک دامەزراوەیەک بۆ مۆدێرنیتەی کۆمەڵگه‌کان، بریتی بوو لەو تێڕوانینەی کە سوپا چەمکی وەک دیسپلین، کارایی، عەقڵگەرایی و ئیندیماجی ناو ڕێکخراوەکان، لەناو دەروون و کرداری تاکەکاندا دەڕوێنێت. ئەم تاکە دواتر دەتوانێت لەناو کۆمەڵگه‌دا پەرە بەم که‌لتوورە بدات؛ پرۆسەیەک کە لۆسیان پای (١٩٦٤) بە بەڕۆشنبیرکردن (acculturation) ناوی دەبات. بە واتایەکی تر لە تێڕوانینی لایەنگرانی گرنگیی ڕۆڵی سوپا لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا، سوپا بە سەرمایەی مرۆیی هەژمار دەکرا. چونکە سوپا لە نێوه‌ندی دەستکردن بە پرۆسەکانی وەک مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵایەتی، مۆبیلیزەکردنی سەرچاوە  ئابوورییەکان، نەهێشتنی جیاوازییەکانی زمانی، که‌لتووری، ئایینی و نەژادی، بە دامەزراوی بنیاتنانی نەتەوە هەژمار دەکرا. هەر بۆیەیش ڕاهێنانی ئەم دامەزراوەیە گرنگە بە بەهاکانی ڕۆژاوا، دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووری و هێنانەدیی نەزمی کۆمەڵایەتی. لە گشت ئەمانە گرنگتر، سوپا بە لایەنگری چینی هەژار هەژمار دەکرا؛ چینێک کە زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتانی دواکەوتووی پێک دێنا.    

ڕەخنەکان                            

هاوکات خودی ئەم خاڵە، کە چینی هەژار، زۆربەی دانیشتووانی وڵاتانی دواکەوتوو پێک دێنێت، دەکرێت وەک ڕەخنە ئاراستەی بیرۆکەی لایەنگری لە سوپا لە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا بکرێت. چونکە ئەگەر گریمانە بکەین کە زۆرینەی وڵات هەژار بێت و خاوەن سەرچاوەی ئابووری و سروشتی نەبێت، تێچوونی سوپا لە کام سەرچاوە دابین دەکرێت؟ چونکە داهاتی هاووڵاتیی هەژار، ئەوەندە بەرز نییە کە بتوانێت باج بدات و لە ڕێگەی باجی هاووڵاتیانەوە تێچوونی دامەزراوەی سەربازی دابین بکرێت. تەنانەت ئەگەر وڵاتەکە خاوەن سەرچاوەی ئابووری و سروشتییش بێت، پێویستە سەرچاوەکان سەرەتا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی چینی هەژار خەرج بکرێت نەک لە تێچوونە سەربازییەکان، کە دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنەر نییە.  

ماریۆن و لێڤی (Marion and Levy, 1971) ئاماژە بە خەسڵەتی دوورەپەرێزی (isolation)ی ئەندامانی دامەزراوەی سوپا دەدەن بە بەراورد لەگەڵ ئەندامانی دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگه‌. یەکەم نیشانەی ئەم دوورەپەرێزییەیش جۆری ئەو پۆشاکەیە کە تاکی سەرباز دەپۆشێت بە بەراورد لەگەڵ پۆشاکی مەدەنی کە لە دامەزراوکانی تردا دەپۆشرێت. بە واتەیەکی تر، بازنەی مامەڵەی تاکی سەرباز بەرتەسکترە، بە بەراورد لەگەڵ بازنەی مامەڵەکردنی تاکێکی تری کۆمەڵگه‌. ماوەی ڕاهێنان (training)ی سەرباز، لە قۆناغێکی هەستیاری تەمەنیدا ئەنجام دەدرێت، واتە لە قۆناغی سەرەتای گەنجیدا. لەم قۆناغەدا ئەم دوورەپەرێزییە بەوپەڕی خۆی دەگات. لە لایەکی ترەوە، بە بڕوای ماریۆن و لێڤی، پێویستە ڕەچاو بکرێت کە لەناو دامەزراوەی سوپادا فەرمان (command) بوونی هەیە نەک حوکمکردن (governing). فەرمان تاکلایەنە و لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە، بەڵام حوکمکردن دوولایەنە. ئەمەو سەرەڕای ئەوەی کە دامەزراوەی سوپا لە وڵاتانی دواکەوتوودا، دەکرێت بە ڕادیکاڵترین دامەزراوە هەژمار بکرێت، بەتایبەتیش سەبارەت بە پرسی نەتەوە و نەتەوەگەرایی و هەژمارکردنی نەتەوەی خود بە بەرزترین نەتەوە لە هەمبەر نەتەوه‌کانی تردا.

لە لایەکی ترەوە، پێویستە ئەم تێبینییە بخرێتە ڕوو کە بە بەدەستەوەگرتنی حکوومەت لە لایەن سوپاوە، ئابووری لە لایەن حکوومەتی سەربازییەوە بەڕێوە دەبردرێت. ئەم جۆرە ئابوورییە، ئابوورییه‌کی بەرنامەبۆداڕێژارەوە. واتە لەسەر بنەمای مکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد ڕێک ناخرێت، بەڵکوو لە لایەن سیستەمێکی کارگێڕیی ناوەندگەراوە بەڕێوە دەچێت. ئەم جۆرە ئابوورییە لە دژی بنەماکانی بازاڕی ئازاد دەوستێتەوە، کە خاڵێکی تری ئەدەبیاتی مۆدێرنیزاسیۆن بوو. لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئەم جۆرە ئابوورییە بەرنامەبۆداڕێژراوە تا چ ئاستێک دەرگه‌ بۆ سەرهەڵدانی چینی ناوەند دەکاتەوە، کە لە هەر دوو قوتابخانەی مارکسیستی (لە قۆناغێکی زەمەنیی دیارکراودا) و سەرمایەداریدا، بە بزوێنەری وەرچەرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە قەڵەم دەدرێن کە دواجار گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی سیاسییشدا ئەنجام دەدەن؟ ئابووریی حکوومەتی سەربازگەرا، سیستەمێکی بیرۆکراسیی وشک، پان و بەرین و کەرتێکی گشتیی ناکارای بەرهەم هێنا کە لە دواجاردا، دامەزراندن لە دامودەزگه‌ حکوومییەکان، بووە بە ئامانجی هەره‌ پێشینەی هاووڵاتیانی ئەم کۆمەڵگه‌یانە. ئەم دیاردەیەیش هاوکات بوو لەگەڵ تەشەنەسەندنی گەندەڵی و بێکاری.

دەکرێت ڕەخنەیەکی تر ئاراستەی بیرۆکەی سەربازگەرایی لە مۆدێرنیزاسیۆندا بکەین. ئەگەر بێت و سوپا بە پێشەنگی مۆدێرنیزاسیۆن هەژمار بکەین، بێ گومان سەرەتا پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن لەناو خۆدی ئەم دامەزراوەیە دەست پێ دەکات. مۆدێرنکردنی ئەم دامەزراوەیەیش بریتییە لە ڕاهێنان بە میتۆدی نوێ و پڕچەکبوون بە تەکنه‌لۆژیی نوێ. ئەمەیش تێچوونێکی گەورەی ئابووری دەخاتە سەر شانی بوودجەی وڵات. ئەم تێچوونە ئەوکات بەرزتر دەبێت، ئەگەر بێت و ڕەچاوی ئەم ڕاستییه‌یش بکەین کە سوپا دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنەری  ئابووری نییە، بەڵکوو تەنیا ڕۆڵی بەکاربەری هەیە. ئەگەرچی ئەم ڕۆڵە لە هەندێ وڵات و لە هەندێ بەشی سوپادا گۆڕانی بەسەردا هاتووە (بۆ نموونە هەندێ جار هێزی دەریاوانیی ژاپۆن کاری ڕاوەماسی وەک چالاکییەکی ئابووری ئەنجام دەدات)، بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی دواکەوتوو هەمان ڕۆڵی تەقلیدیی پاراستنی نەزم و سەقامگیریی لە ئەستۆدایە. خودی سوپای ئەم وڵاتانەیش بەرهەمهێنەری تەکنه‌لۆژیی سەربازی نین، بەڵکوو بەکاربەر و هاوردەکاری تەکنه‌لۆژیی سەربازیی دەرەکین.

لە لایەکی ترەوە، ئەگەر ئارگیۆمێنتەکە بەرفراوانتر بکەین و لە چوارچێوەی هەرێمایەتییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بیرۆکەیە بکەین، بەپێی تیۆریی دۆمینۆ (Democratic Domino Theory)، هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی دیموکراسی لە وڵاتێکدا، کار دەکاتە سەر ڕاددەی هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی دیموکراسی لە وڵاتانی دراوسێدا (Leeson and Dean, 2009). بە هەمان شێوە واڵرشتاین لەو بڕوایەدایە کە بزاڤە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وڵاتێک، کاریگەریی لەسەر بزاڤگەلی وڵاتی تر دروست دەکەن ئەگەر بێت و ئەم وڵاتانە لە ڕووی جوگرافی و که‌لتوورییەوە لێکنزیک بن (Wallerstein, 1999). دەکرێت ئەم بۆچوونە بەرفروان بکرێت؛ بەو واتایەی کە جۆری سیستەمی سیاسی و ڕاددەی گەشەسەندن و سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتێک، کار دەکاتە سەر جۆری سیستەمی سیاسی و ئاستی گەشەسەندنی وڵاتانی دراوسێ.

پوختە

دوای دەربازبوونی پتر لە نیو سەدە لەسەر بیرۆکەی بەمۆدێرنکردنی کۆمەڵگه‌ لە لایەن سوپاوە و هاوکات ئەزموونی چەندین دەیە لە حوکمڕانیی سوپا بەسەر وڵاتانی تازە سەرهەڵدراودا، کەچی تا هەنووکەیش کۆمەڵگه‌ی ئەم وڵاتانە یان بە دەست دیکتاتۆریی سەربازگەرایی یاخود دیکتاتۆریی ئایینی یاخود هاوپەیمانێتی لە نێوان ئەم دوو بەرەیه‌دا دەناڵێنن. هاوکات هزری سەربازگەرایی، ململانێی چەکداری و کڕینی چەک لە نێوان وڵاتانی ئەم ناوچەیە بەوپەڕی خۆی گەیشتووە. هەر بۆیەیش دەبینین کە خەسڵەتە سیاسی، که‌لتووری و  ئابوورییەکانی ئەم وڵاتانە زۆر لێک نزیکن، کە بریتییە لە خەسڵەتی دواکەوتووییی ئەم وڵاتانە.