پلانی پەروەردە بۆ ڕاهێنانی کۆمەڵگەی دەروەست

(لە دەلاقەی ڕوانگەکانی ژان ژاک ڕۆسۆوە)

 

کیشوەر پیرۆتی/ بەکالۆریۆسی بەڕێوەبەرایه‌تیی بازرگانی، وەرگێڕ و توێژەری ئەدەبیاتی منداڵان

پەروەردە چەندە گرینگە؟ تا چ ڕاددەیەک کاریگەری لەسەر تاک و کۆمەڵگه‌ دادەنێت؟ تا چ ڕاددەیەک بەرپرسیارە لە ڕاهێنانی تاکی بەرپرسیار و متمانەبەخۆ و نیشتمانپەروەر؟ لە کۆمەڵگه‌ و وڵاتی ئێمەدا تا چ ڕاددەیەک ئەو ئەرکە بەپێی پێویست جێبەجێ کراوە و تا چ ڕاددەیەک بەگرینگییەوە ئاوڕی لێ دراوەتەوە و خزمەتی کراوە؟ لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین، بەدڵنیایییەوە ئەگەر خراپ نەبووبێت، بەپێی پێویستیش نەبووە. لەوانەیە هەر کەسێکی کە چەند لاپەڕەیەکی لەبارەی پەروەردەی وڵاتانی پێشکەوتووەوە خوێندبێتەوە، یان خۆی منداڵێک، دوو منداڵی هەبێت، هەست بە کەموکورتیی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بکات و لەوانەیە بەپێی ئارەزوو و تێگەیشتنی خۆی چەند دێڕێکیشی لەسەر بنووسێت، بەڵام تەنیا نووسینەوەی ئەوەی کە پەروەردە و ڕاهێنان لە وڵاتی ئێمە بەپێی پێویست نییە و نەبووە و پێویستی بە کار و ماندووبوون و شارەزاییی زیاتر هەیە، چارەی کێشەکان ناکات.

ئاخۆ پەروەردەکردنی نەوەی ئەم وڵاتە هەر ئەرکی وەزارەتی پەروەردەیە؟ وەزارەتی پەروەردە بەتەنیا دەتوانێ ئەو بارە قورسە بە شان هەڵگرێت و نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و بەرپرسیار بخاتە نێو کۆمەڵگه‌وە؟ پەروەردەکردنی منداڵ دەبێ لە چەند ساڵییەوە دەست پێ بکات؟ ئەرکی دایک و باوک وەکوو نزیکترین و دڵسۆزترین کەسی منداڵ لە پەروەردەکردنیدا چییە و چۆنە؟ نەبوونی ئەزموون و زانیاری و شارەزایی لە پەروەردەکردنی منداڵدا چ ئاکامێکی لێ دەکەوێتەوە؟ ئەرکی حکوومەت چییە؟ حکوومەت چۆن دەتوانێ لەو هەنگاوە گرینگەدا یارمەتیی دایک و باوک بدات و چۆن دەتوانێ کاریگەر بێت؟

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە پێویستیان بە خوێندنەوەی زۆرە. بێجگە لەوەیش، دەبێ زۆر چالاکانە لە جەرگەی بابەتەکەدا و لەنێو کەلێن و کاژێری کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا کار بکرێت و ڕیشەی کەموکورتییەکان بدۆزرێنەوە و چارەسەر بکرێن. بەپێی بیرۆکەکانی ڕۆسۆ، دایک و باوک ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان لە پەروەردە و ڕاهێنان و چاکسازیی کۆمەڵگەی گەندەڵدا هەیە؛ چونکە "ئەگەر بتوانن چاکسازی لە داب و نەریتی گشتیدا بکەن، سەرەتا دەبێ لە چاکسازیی داب و نەریتی خێزانەوە دەست پێ بکەن و ئەو کارە بەتەواوی لە ئەستۆی دایک و باوکە." (معلمان از نظر ژان ژاک روسو)

بەپێی خوێندنەوەی کتێبی "ئێمیل"ی ڕۆسۆ و خوێندنەوەی بیرۆکەکانی ماریا مۆنتێسۆری و وتووێژەکانی برۆنۆ بێتڵهایم و کۆمەڵێک کەسایەتیی دیکەی شارەزا لەو بوارەدا، بۆمان دەردەکەوێت پەروەردە و ڕاهێنان تەنیا ئەرکی قوتابخانە، یان دامەزراوە پەروەردەیییەکان نییە. لە زۆربەی وڵاتان، منداڵ لە تەمەنی حەوت ساڵانەوە دەچێتە بەر خوێندن، لە قوتابخانەیش زیاتر تیشک دەخرێتە سەر خوێندنەوە و نووسین و فێرکردنی کۆمەڵێک زانست و زانیاری کە زۆربەیان لە ژیانی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتی و گەشەی کەسایەتیی منداڵدا هیچ کاریگەرییەکیان نییە. بەشی هەرە گرینگی بناغەی کەسایەتیی منداڵ هەتا تەمەنی حەوت ساڵی دەگۆڕێت و دادەڕێژرێت و کاریگەریی ئەو پەروەردەیەی تا ئەو تەمەنە هەیبووە، لەسەر کەسایەتی و باقیی قۆناغەکانی ژیانی منداڵ زۆر قووڵتر و چارەنووسسازترە. منداڵی ژێر تەمەنی حەوت ساڵی، یان لە لای دایک و باوکییەتی، یان لە داینگە و باخچەی ساوایانە. دایک و باوک، یان ئەو کەسانەی لە داینگە و باخچەی ساوایان منداڵیان پێ دەسپێردرێت، چەندە لە پەروەردەکردنی منداڵ دەزانن و تا چ ڕاددەیەک ڕاهێنانیان پێ کراوە و چاودێرییان دەکرێت، شارەزابوون و ناشارەزابوونی ئەو کەسانە زۆر گرینگە و تاهەتایە کاریگەرییەکەی لەسەر منداڵەکە دەمێنێتەوە و ژیانی دەگۆڕێت؛ لەبەر ئەوە، دەبێ دایک و باوک زۆر ورد بن لە هەڵسوکەوت و قسەکانیان لەبەرچاوی منداڵ و بەگرینگییەوە هەموو وردەکارییەکان تاوتوێ بکەن.  

پێشتر لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا بە هۆی ئەوەی کە زۆربەی هەرە زۆری خێزانەکان بە داپیرە و باپیرە و چەند برای خێزاندارەوە پێکەوە دەژیان، هەم کوڕ و بووک بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان کەڵکیان لە ئەزموونی گەورەکان وەردەگرت و هەم باپیرە و داپیرەکانیش بە گێڕانەوەی ئەفسانە و چیرۆکی فۆلکلۆری و بەیت و گوتنی حەیران و لاوک و بەندوباو ڕۆڵێکی گرینگیان لە پەروەردەکردنی منداڵدا دەگێڕا و بەو شێوەیە منداڵ هەر لە سەرەتاکانی قۆناغی منداڵییەوە لەگەڵ بنچینەکانی فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی نەتەوەییی خۆی ئاشنا دەبوو و وەک سامانێکی نەتەوەیی شانازیی پێوە دەکردن و کەسایەتیی منداڵ بەو بناغەیەوە گەشەی دەکرد. ئەوانە هەرچەندە لەوانەیە زۆر بەسانایی و سادەیی سەیریان بکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا هەر ئەو حیکایەت و ئەفسانە و چیرۆکە فۆلکلۆرییانە لەنێو هەموو نەتەوەکانی دنیادا، بوونەتە هۆی پەروەردەکردنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و متمانەبەخۆ و ئازاد؛ کەچی ئێستا بەپێی گۆڕانی بارودۆخی ژیان و ئەو گۆڕانکارییانەی سەرانسەری دنیایان گرتووەتەوە، کە بێ گومان بە لایەنی باش و خراپیانەوە یەخەی ئێمە و منداڵەکانیشمانیان گرتووە، کەمن ئەو کەسانەی بە شێوەی خێزانێکی گەورە دەژین و دەگمەنن ئەو داپیرە و باپیرانەی حیکایەت و ئەفسانە کۆنەکانیان لەبیر مابێت و بتوانن بیانگێڕنەوە. بەڵام لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە و کەمکردنەوەی زیانی ئەو شێوازە ژیانە، پێش ئەوەی ببنە خاوەنی منداڵ ڕاهێنان بە دایک و باوکەکان دەکرێت و تا ئەو جێیەی پێویست بێت پشتگیریی دەروونی و ماددی دەکرێن و ڕێنوێنی دەکرێن.

دامەزراوە پەروەردەیییەکان گرینگییەکی تایبەت بە ئەفسانە و حیکایەت و چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان دەدەن و دایک وەک نزیکترین کەسی منداڵ، بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت، کە لەگەڵ ئەوەی شیر بە منداڵە شیرەخۆرەکەی دەدات، چیرۆک و حیکایەت و شیعر و گۆرانییشی بۆ بڵێت و کتێبی بۆ بخوێنێتەوە و وێڕای تێرکردن و تەڕووشککردنەوەی منداڵەکەی، لە فکری گەشەی مێشک و زاخاوی بیر و هەستی منداڵەکەیشیدا بێت؛ ئەوە لە لای ئەوان که‌لتوورە. بەڵام لە وڵاتی ئێمە منداڵ هەتا تەمەنی حەوت ساڵان خۆڕسکانە هەڵدەدات و گەشە دەکات و دایک و باوک پاش گەورەبوونی منداڵەکەیان، تازە بە دیتنی هەڵە و ناڕەحەتییەکانی منداڵەکەیان هەست بە نیگەرانی و بەرپرسیارێتی دەکەن و، پاشان هەموو شانەکانیش لە سەری پەروەردەدا دەشکێنن. کەموکورتیی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و هی ناوچەکە بەگشتی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام ناشارەزایی و کەمئەزموونیی دایک و باوک بۆ پەروەردەکردنی منداڵ لە سەرەتای ژیانییەوە کێشەیەکی گەورەتر و ماڵوێرانکەرترە و گرینگیدان بە پەروەردەکردنی منداڵ لەو قۆناغەی ژیانیدا لە نان و ئاو فەڕزترە. لێرەدا ئەرکی حکوومەت لە پەروەردەدا دێتە گۆڕێ و گرینگیی بەرپرسیارێتیی حکوومەت لە پەروەردەدا تۆختر دەبێتەوە. حکوومەت بەرپرسی هەموو دامەزراوەکانی پەیوەست بە هاوسەرینی و منداڵبوونە و، دەبێ لە بنکە تەندروستییەکاندا بەشێکی تایبەت بە ڕاهێنانی دایکان و باوکان دابمەزرێنێت و کەسانی شارەزا لەو بوارەدا ڕاهێنانی تایبەت بەو کەسانە بکەن کە دەیانەوێ ژیانی هاوسەرینی پێک بێنن و منداڵیان ببێت و زانیاریی پێویستیان بۆ قۆناغ بە قۆناغی گەورەبوونی منداڵ بەپێی پێویستیی گۆڕانکارییەکان پێ بدەن و لەگەڵ ئاڵوگۆڕ و تایبەتمەندییەکانی قۆناغ بە قۆناغی تەمەنی منداڵی ئاشنایان بکەن.  

ڕۆسۆ لە پێشەکیی کتێبی "ئیمیل"دا بەم جۆرە باسی ئامانجەکانی خۆی دەکات: "... دەزانم کە لە سەردەمانی کۆنەوە هەتا ئێستا خەڵک بەگشتی لە بەرانبەر سیستەمە هەڵەکانی پەورەردە و ڕاهێنانی سەردەمی خۆیاندا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و کەس نەیتوانیوە شێوازێکی دروست پێشنیار بکات و هێشتا هیچ کەس نەیتوانیوە بەگوێرەی پێویست منداڵ بناسێت و بەو بیر و بۆچوونە هەڵانەی لەبارەی منداڵەوە هەیانە، هەتا زیاتر دەچنە پیشێ، زیاتر تووشی سەرلێشێواوی و سەرگەردانی دەبن. زانایانی زۆر گەورە، خۆیان لەگەڵ کۆمەڵێک شت سەرقاڵ کردووە، کە بۆ مرۆڤ هیچ پێویست نین؛ بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە منداڵ دەتوانێ لە چ شتگەلێک تێ بگات، بەردەوام بە دەوروبەریدا دەسووڕێنەوە. ... عاقڵترینەکان زیاتر سەرنج دەخەنە سەر ئەو شتانەی کە دەبێ گەورەکان بیزانن و هیچ سەرنجیان لەسەر ئەوە نییە کە منداڵان دەتوانن چی فێر ببن. ئەو کەسانە هەمیشە لە منداڵدا بۆ تایبەتمەندیی گەورەکان دەگەڕێن و هیچ بیر لەوە ناکەنەوە منداڵ بەر لەوەی کە گەورە بێت چ ڕۆحییە و خدەیەکی هەیە. بەڵام من هەوڵم داوە زیاتر لەو بابەتە ورد بمەوە و لێی بکۆڵمەوە... کەواتە هەوڵ بدەن سەرەتا قوتابییەکەی خۆتان باشتر بخوێننەوە و لێی ورد بنەوە. ... ئەگەر ئەم کتێبە بەو مەبەستەوە بخوێننەوە، پێم وایە سوودی بۆتان دەبێت. من بۆ ڕاهێنان و پەروەردەی منداڵان تەنیا سروشتم لەبەرچاو گرتووە..." (روسو، امیل، ١٣٤٣: ١٣)

ڕۆسۆ لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێ،  لەوانەیە هەر کەسەو بیەوێت شێوازێکی جیاواز بۆ وڵاتی خۆی پێشنیار بکات، بەڵام من لەبارەی "ئێمیل"ەوە دەڵێم: "بۆ من هەر ئەوەندە تەواوە کە ئەو شتانەی من پێشنیاریان دەکەم بۆ هەر مرۆڤێک، جا لە هەر شوێنێک بێتە دنیاوە، شیاوی جێبەجێکردنن و دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن. کەسێک کە بەپێی ئەو بۆچوونانەی من پەروەردە بکرێت، تا ئەو جێیەی بکرێت سوودی بۆ کەسانی دیکە دەبێت." (روسو، امیل، ١٣٤٣: ١٦)

"ویل دۆرانت"یش لەو بارەیەوە دەڵێت: "پاش بڵاوکردنەوەی ئێمیل، هەر ئەو دایکە فەڕەنسییانەی پێشتر حەزیان لەوە نەبوو شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان، تەنانەت لە ئۆپێڕایش شیری خۆیان دەدا بە منداڵەکانیان. منداڵ لە مەلۆتکەیی ڕزگاری بوو و دایک و باوک خۆیان منداڵەکانیان پەروەردە دەکرد. منداڵان لە قوتابخانە (لە سویسرا زیاتر لە فەڕەنسا) بە شێوازە پەروەردەیییەکەی ڕۆسۆ پەروەردە دەکران و ڕاهێنانیان پێ دەکرا. فریدریش فڕۆبێل بە ئیلهاموەرگرتن لە ڕۆسۆ سیستەمی باخچەی ساوایانی لە ئەڵمانیا کردەوە. پیاو و ژن لە شار دەچوونەوە دەرەوە و ڕوویان لە گوندەکان دەکرد و ڕۆحی خۆیان لەگەڵ ڕۆحی سروشت تێکەل دەکرد." (دورانت، روسو و انقلاب،١٣٧٠: ١٢٠٦).

دەبێ خوێندنەوەی کتێبگەلی تایبەت بە پەروەردەکردنی منداڵ، بکرێن بە بەرنامە و وەک پڕۆژەیەک، حکوومەت پلانێکی تایبەتیان بۆ دابڕێژێت و وەکوو بەرنامەیەکی درێژخایەن گرینگییان پێ بدات. پەروەردەکردن هەر بۆ فێربوونی نووسین و خوێندنەوە، یان پێگەیاندنی کەسانی زانا و پسپۆڕ نییە، بەڵکوو پێش سەرلەبەری ئەوانە، کۆمەڵگه‌ پێویستی بە مرۆڤە؛ مرۆڤێکی ئازا و ئازاد، کە نرخی نانی پێ لە نرخی ئازادی و نیشتمان گرانتر نەبێت و ئازادی بە نان نەفرۆشێت. کتێبی ئێمیلی ڕۆسۆ یەکێکە لەو کتێبە گرینگانەی کە دەبێ هەموو دایک و باوک و مامۆستایەک بەر لەوەی پەروەردەکردنی منداڵێک لە ئەستۆ بگرن، بەجوانی و بەوردی بیخوێننەوە و هەنگاو بە هەنگاو لێی تێ بگەن. هەرچەندە ئەو کتێبە ڕەخنەیەکی زۆری لەسەرە، بەڵام تەنانەت ئەو کەسانەی ڕەخنەیشیان لێ گرتووە، کاریگەریی ئەو کتێبە و کتێبەکانی تری ڕۆسۆ لە گۆڕانی کۆمەڵگه‌ی ڕۆژاواییدا بە گرینگ وەسف دەکەن. (روسو، عصر روشنگری و جهان اسلام، آیان کالر)