لە پەراوێزی جەنگی "مار" و "هەڵۆ"*: مشتومڕێک لە نێوان لایەنگرانی "هاووڵاتیی باش" و پارێزەرانی "مرۆڤی چاک"!

پەرویز ڕەحیم قادر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین

یەکەم و پێشەکی

ناوزڕاندن و سووکایەتی و تەنانەت توندوتیژیی هێمایینیش بە هەموو جۆر و شێوازەکانی، کردەوەیەکی نا-ئەخلاقی و قێزەون و بێزراوە، بەڵام "مرۆڤی ژیر" هیچ لەو هەموو هێرشە بۆ سه‌ر پیاوێکی ئایینی و لە هەمان کاتدا ئەو پشتگیری و پشتیوانییەی کە لە خاتوو "ماریا" كرا دڵخۆش نابێت یاخود هەڵناخەڵه‌تێت کە کۆمەڵگەی کوردستان لە بەرانبەر پێشێلکردنی ماف و ئازادیی تاک بە واتا فراوان و مۆدێرنەکەی هەستیارە! لە لایەکی تریشەوە، بەدووجەمسەربوون/کردنی کۆمەڵگە (ئیماندار و بێئیمان، دواکەوتوو و پێشکەوتوو، مۆدێرنخواز و نەریتخواز و...) لەم کاتە هەستیارەدا مەترسییەکی ئاسایشییە ("ئاسایشی کۆمەڵگەیی" لە چوارچێوەی چەمکەکانی قوتابخانەی ئاسایشیی "کۆپنهاگن") و تەنانەت دوورکەوتنە لێی، ئەوپەڕی وشیاری و وریایییە. لانی کەم "ئەزموونی-ژیاو" و ڕۆژانەمان دەربارەی ڕەفتار و تێگەیشتنی بەشێکی زۆر لە پیاو/نێرەکان پێچەوانەکەیمان پێ دەڵێت و باشترین بەڵگەیش ئامارە فەرمییەکانی خۆسووتاندن و کوشتن و توندتیژی لە هەمبەر ژنانە لە هەرێمی کوردستان کە زۆر نامۆ و جیاوازە لەو شەپۆلە بەرگرییە!

 لە دەرەوەى سۆسیال میدیا و لە سەرزەمینى واقعدا لە ئاست کۆى ڕووداوەکانى "ژنکوژی"دا زۆرینەى کۆمەڵگە بێدەنگیى هەڵبژاردووە؟! لە کاتێکدا لە هەر دوازدە مانگى ساڵێکدا نزیک لە  50  ڕووداوى کوشتنى ژنان و نزیک لە 120  ڕووداوى خۆکوشتن و خۆسووتاندنى ژنان لەبەر بێدادى و ستەمى کۆمەڵایەتى ڕوو ده‌دات و، دەبن بە قوربانیى کەلتوورێکى "ژنشکێن" و "ژنکوژ". لە ماوەى ساڵەکانى (2015 - 2016 – 2017 - 2018) لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان (194) ئافرەتى بە نەتەوە کورد و بە ئایین موسڵمان بە شێوەیەکى دڕندانە و بەئەنقەست کوژراون؛ کوا هەڵوێست و کاردانەوەى سەرتاپاگیرى ئەو کۆمەڵگەیەى کە تەنیا بۆ خۆنمایشکردنى کۆمەڵایەتى بۆ ماوەى شەو و ڕۆژێک دژ بە ژنکوژى دەوەستنەوە؟! ئەگەر زۆرینەى کۆمەڵگە کۆک نەبن لەسەر خۆکوشتن و خۆسووتاندنى کچان و ژنانى کورد لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوودا، چۆن دەکرێ (724) کچ و ژنى هاوزمان و هاونیشتمانى و هاوئایین و هاوئایینزا و هاوخاک و هاونەتەوەکەت ژیانى خۆیان بە "پاڵنەرى کەلتوورى" لەسەر زەوى بسڕنەوە و هەروا ئاسانیش تێ بپەڕێ، بێ ئەوەى هیچ کەس کەمپینێک، خۆپیشاندانێک، مانگرتنێک بۆ وەستاندنى ڕژانى ئەم هەموو خوێنە ڕێک بخات؟! ئەم نمایشکردنە کۆمەڵایەتییە تەنیا لە بازنەى فەزاى زۆرینەى بەشە سادەکەى کۆمەڵگەدا ناسووڕێتەوە، بەڵکوو زۆرینەى دامەزراوە زانستى، ئیدارى، یاسایى، ئایینى، میدیایى و ڕێکخراوەیییەکانیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیوە ناشیرینەکانى نۆرم و داب و نەریتە ناشیرینە کۆمەڵایەتییەکان کار ناکەن." (بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: ئاری ڕەفیق، پرسى ئافرەت بە نمایشى شانۆیى چارەسەر ناکرێ، ماڵپەری پێنووس،  ٢٠-٥-٢٠١٩).

دووەم: لەبیرمان نەچێت کێشەکە زۆر لە لایەنگری و دژایەتی یاخود هەڵوێست و دەڕبرینێکی سەر لاپەڕەکانی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر و فرەڕەهەندترە؛ ئەم پرسە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە سیستەمی سیاسی و چۆنایەتی و ڕوانگە و ئەزموونی دەسەڵاتی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکانی و، بەم پێیە سیاسەتی کەلتووری و لەمەیش بنەڕەتیتر سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە هەیە. بۆیە وەکوو لێکەوتەیەک زیاتر ڕەهەندی "ئاسایشی کەلتووری و کۆمەڵگەیی"ی هەیە. ئەمە جگە لەوەی کە هێزە سیاسییەکان بەئاشکرا و نهێنی هەوڵیان داوە بۆ بەهێزکردنی لایەنێکی ئیسلامی و لاوازکردنی لایەنەکەی تر... لەبیرمان نەچێت لە ڕوانگە "فۆکۆ"یییەکەیەوە (١٩٢٦-١٩٨٤)، "مەعریفە و دەسەڵات" لە هەموو سیستەم و کۆمەڵگەیەک بەتوندی پێکەوەگرێدراون و یەکتری بەرهەم دەهێننەوە، چ جای کۆمەڵگە دواکەوتوو و پەرەنەسەندووەکان.

سێیەم: بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ئەو کەسەی سووکایەتیی پێ دەکرێت "پیاو" بێت، واتە کچ نەبێت یاخود هەر گۆرانیبێژ نەبێت، بەڵکوو ڕۆشنبیر و بیرمەند و توێژەر و مامۆستایەکی زانکۆ، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و ڕەخنەگر و تەنانەت "مەلا و پیاوی ئایینی" بێت و سووکایەتیی پێ کرابێت، ئایا کۆمەڵگە هەمان هەڵوێستی بەربڵاو و توندی دەبێت؟ ئیتر باسی پەیڕەوانی ئایین و ئایینزای تر لە کوردستان و تەنانەت... ناکەم؛ لەمەیش زۆر دڵنیا نیم! لە کۆمەڵگەیەک کە تاکەکانی تاکوو ئێستا بڕوای بە ڕەوایەتی و سەرووتربوونی ئازادی و مافی پەیڕەوانی ئایینێک لەسەر ئایینەکانی تر یاخود ڕەوایەتیی سەرکردە و ئەندامانی حزبێک لەسەر سەرکردە و حزبەکانی تر و ڕەگەزێک لەسەر ڕەگەزی بەرانبەر و... هەبێت، قسەکردن لەسەر "ئازادیی تاک"، لە خۆفریودان و لاقەکردن و سووککردنی چەمکی "ئازادی" تێ ناپەڕێت.

چوارەم: مەترسییەکی شاراوە ئەوەیە کە بە هۆی ئەوەی کە ئەو لایەنەی سووکایەتیی پێ کراوە، ژن/ئافرەتە (ماریا) و، لە لایەکی تریشەوە سەر بە ناوچەیەکی دیاریکراوە (هەورامان)، ئەم هەڵوێست و کاردانەوەیە ببینین. ئەمەیش لە لایەک ڕەهەند و قەیرانی ڕەگەزی-ژنان و پرسەکانی جێگەی ڕەخنە و مشتومڕی ڕەگەزی بەرجەستە و دەردەخات؛ بەو واتایەی، چونکە ئەو لایەنەی سووکایەتیی پێ کراوە ئافرەت/ژنە! بۆیە لاوازە و پێویستی بە بەزەیی و بەرگرییە! لە لایەکی تریشەوە ڕەهەندە ناوچەیییەکەیش لێکترازان و قەیرانی ناسنامەیی لە ئاستی نەتەوەیی دەردەخات. ئەمەیش قووڵاییی هەژاریی هزری نەتەوەیی و پاشان مەعریفیی ئێمە دەردەخات، لەم ڕەهەندەوە کە بەرگری لە ماف و کەرامەت و ئازادیی مرۆڤ تەنیا بە هۆی مرۆڤبوونییەوە ناکەین. پرسیارێکی تر کە لێرەدا سەر هەڵدەدات، بۆچی ڕای گشتی لە بەرامبەر  توندوتیژی و کوشتن بە پاساوی کێشەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکەکانی ناوچەیەک و لە نێوان ئەندامانی عەشیرەت و خێڵەکانی کوردستان بێدەنگە؟ ئایا ژیان و خوێنی مرۆڤ لە سەروو هەموو شتێکەوە نییە؟

پێنجەم: پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە: ئایا بەشێک لەو کەسانەی بەتوندی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ڕاگەیاندن بەرگری لە ئازادی دەکەن، خۆیان هەمان ئازادی بۆ هاوسەر و کچ و خوشک و...ی خۆیان بەڕەوا دەزانن؟ بە واتایەکی تر، ئایا تا ئەو ڕاددەیە بەرگری لە کەسە نزیکەکانی خۆیان دەکەن کە هەمان ئازادییان هەبێت؟ زۆر دڵنیا نیم!

شەشەم: مەترسییەکی شاراوە کە لەم جۆرە هەڵوێست و کاردانەوانە کاتی و هەستەکییانەدا خۆی حەشار داوە، بریتییە لە پرس و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە "پۆپۆلیزم" کە بۆتە گرفتێکی زۆر گەورە بۆ کۆی پرۆسەی سیاسی و بەم پێیەیش کۆمەڵگە. ئەم ڕووداوە نیشانی دا کە کۆمەڵگەی کوردستان زۆر زوو سەرقاڵ و بەسەر دوو جەمسەردا دابەش دەبێت. بێجگە لەوەی کە پڕسیارێکی جەوهەری ئەوەیە: ئەی بۆچی لە ڕەفتار و پرسە چارەنووسساز و هەستیارە نەتەوەیییەکان (بۆ نموونە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و ڕووداوەکانی پاش ئەو کارەساتە) وەکوو پێویست ڕای گشتیی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان وەکوو هێزێکی کاریگەر بۆ ناڕەزایەتیدەڕبرین نایەتە مەیدان؟! ئەمە بۆ کاتی هەڵبژاردنیش لە هەرێمی کوردستان هەر ڕاستە و حزبە سیاسییەکان زۆر بەباشی بۆ قازانجی خۆیان بەکاری ده‌هێنن.

حەوتەم: با بۆ ساتێکیش بێت واز لە گفتوگۆ لەسەر پرسی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بهێنین، بەڵام خۆ لە ڕووی سیاسییەوە ڕۆژانە لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە پاساو و لە چوارچێوەی سیاسیی جۆراوجۆردا سووکایەتی بە لایەنی تر/ئەوی تری سیاسی دەکرێت، بەڵام بۆچی ڕای گشتی هەستیار نییە و تاکەکان تەنیا بۆ بەکه‌لتوورنەکردنی سووکایەتی و بەرگری لە کەسایەتیی مرۆڤەکان وه‌ڵام و کارادنەوەیان نابێت/نییە و ئەگەریش هەڵوێستیان هەبێت، تەنیا لە چوارچێوەی حزبەکەی خۆی تێ ناپەرێت؟ بۆچی کەسایەتی و لایەنی سیاسیی بەرانبەرمان مرۆڤ و پاشان "کورد" نییە؟

هەشتەم: چی وا دەکات کە ئەم هەڵوێستانە تەنیا لەسەر ڕووداوێک لە ئاستی ناوخۆیی ئەوەندە توند بن، بەڵام لە ئاستی دەرەکی و لە هەمبەر ڕەفتار و سیاسەتی "تورک و فارس و عەرەب" ئەوە نابینین، یاخود هەڵوێست و کاردانەوەکان زۆر کاڵ و پەرتەوازەیە؟ لە لایەکی تریشەوە ئەی بۆ لە بەرانبەر لەسێدارەدان و دەستدرێژی و سووکایەتیی دەسەڵاتی زاڵی ئەو چوار وڵاتە لە هەمبەر کوردەکانی پارچەکانی تر و تەنانەت کوردەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بێهەڵوێست و بێدەنگین؟

نۆیەم: مەترسییەک کە زیاتر لەم پرس و ڕووداوەدا خۆی حەشار داوە ئەوەیە کە، تا ئەو کاتەی پیاوێکی ئایینی دەربارەی پرسگەلێک وەکوو: سیاسەت و کەلتوور و هونەر و... بەگشتی قسە دەکات (کە پسپۆڕیی ئەو نییە) و بە پێوەری تێگەیشتنی خۆی لە دەقە ئایینییەکان هەموو دیاردە مۆدێرنەکان و ڕەفتاری تاکەکان حەڵاڵ و حەرام دەکات، هیچ کاردانەوەمان نییە و تەنانەت گوێی بۆ شل دەکەین و حەزیشمان لێیە و بە زانایشی دەزانین؛ بەڵام هەروەکوو ئاماژەمان پێ دا، کاتێک کە لەسەر کەسێکی تایبەت قسە دەکات و دەبینین دەوروبەرمان کاردانەوەیان هەیە، ئێمەیش هەڵوێستمان دەبێت؛ لەبیرمان چۆته‌وه‌ کە ئەو ڕووداوە و هاوشێوەکانی، دڕیژکراوەی هەمان گوتار و چوارچێوەی هزری و پێوەر و ئەرگیۆمێنتە!

دەیەم: تا کاتێک دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان سوود لە ئایین بەگشتی و پیاوانی ئایینی بەتایبەتی بۆ مەبەست و مەرامی تایبەت و سیاسی ببینن و لەم ڕێگەیەوە (نەک ڕەزامەندیی خەڵک و لە چوارچێوەی چەمکی ڕەوایەتی) ڕەوایەتی وەربگرن و، لە لایەکی تریشەوە ئایین و پیاوانی ئایینی پێویستییان بە حزب و دەسەڵات هەبێت، واتە دابینکردنی ماددی و بەرژەوەندیی دوولایەنە، نە ئایین وەک بەشێک لە کەلتووری ڕەسەنی نەتەوەییمان هەیە و نە حزب و کایەی سیاسەت بە واتا مۆدێرنەکەی. بەداخەوەم ئەوە دەڵێم! بەڵام لەمەیش گرنگتر و مەترسیدارتر، خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژییانە و لە ڕووی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە لە ڕوانگەی تیۆریی ناسنامە-تەوەری کۆنستراکتیڤیزمەوە بۆ ڕووداو و دیاردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان (سیاسی، ئابووری، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و...) لە پاڵ گۆڕانکارییە هەرێمییەکان (لێکەوتەکانی بەهاری عەرەبی و پاشان دەرکەوتنی توندڕەویی ئایینی لە ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە و داعش و پرۆژەی هیلالی شیعە و دەسەڵاتی سیاسیی زاڵ لە بەغدا و ئاک پارتی لە تورکیا و کۆماری ئیسلامی لە ئێران) مەترسییەک ئاشکرا دەکەن، ئەویش ئەوەیە ئەگەر سیستەمی سیاسی و ڕەفتاری دەسەڵات و لایەنە سیاسیییەکان بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوە هەرێمی کوردستان "دەسەڵاتێکی سیاسی-ئایینی" و توندڕەو بە مێژوو قەرزدارە!

یازدەیەم: باشترین دەرفەت و بواریش بۆ تاقیکردنەوەی ڕاستگۆیی و هۆشیاریمان لە کاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت، کە ئایا ئایین لە سەرچاوەبوونی سەرەکی و بنەڕەتیی یاسا و بەم پێیە دەسەڵاتی سیاسی جیا دەکەینەوە یاخود نا؟! لەمەیش گرنگتر، ئایا لە ڕیفراندۆمی ده‌ستووردا دەنگی ئەرێی پێ دەدەین؟

کۆبەند

کۆی ئەم پرس و هەڵوێست و لایەنگری و دژایەتییانە دەچێتە چوارچێوەی لێڵی و ناڕوونیی سنوورەکانی "مرۆڤی چاک" لە بەرانبەر" هاووڵاتیی باش". بەم واتایە دسەڵات دەبێت بەرپرسی پاراستنی سنوورەکانی ئازادی و کەڕامەت و مافی "هاووڵاتیی باش" بێت و، ئایین بەرپرسی دروستکردنی "مرۆڤی باش". ئەم مشتڕمرەی ئێمە ئیمڕۆکە لە کوردستان دەیکەین، زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن فەیلەسووفانی یۆنانی بەگشتی و "ئەرەستۆ"  (384 پ.ز- 322 پ.ز ) بەتایبەتی خرایە ڕوو و تا ئێستایش لەو وڵاتانەی کە ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت جیا نییە، ئەو ناکۆکی و گرفتە لە ئارادایە. بە واتایەکی تر، "مرۆڤی چاک" بەگشتی پێوەرەکەی ئایین/نەریتە، بەڵام پێوەری "هاووڵاتیی باش" یاسا/ بەهاکانی مۆدێرنیتەیە. بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەم دووە هاوواتا و هاوتەریبن، لە کاتێکدا پێوەر و بەها و ئامانجەکانیشیان زۆر جار پێکدژ و ناکۆکیشن. هەر بۆیەیشە ئەگەر ئەم پارادۆکسە چارەسەر نەکەین، ئەوە لە سووڕ و خوڵانەوەیەکی هەمیشەیی لە توندوتیژی و دوورجەمسەری و دابەشبوونی بێواتادا گیر دەخۆین و دەچەقین. با پارێزەرانی "مرۆڤی چاک" بگەڕێنەوە بۆ ناو دەق و بەها ئایینییەکانیان و دەسەڵاتیش ئەرکی سەرەکیی خۆی جێبەجێ بکات کە پارێزگاریکردنە لە "هاووڵاتیی باش" و پاراستنی سنوورەکانی ماف و ئازادییەکانی بەپێی یاسا. لێرەوەیە کە با ناوەند و پیاوانی ئایینی بەرگری لە مرۆڤی چاک بکەن و دەزگه‌ی داد و حکوومەت لە هاووڵاتیی باش...

* تێبینییەکی کورت و گرنگ لەسەر ناونیشانی بابەتەکە:

هەرچەندە واتای ئوستوورەکان جێگیر و هەمیشەیی نین و بە درێژاییی زەمەن و بەپێی شوێن دەگۆڕدرێن، بەڵام بەگشتی "مار" لە ئوستوورە و ئەفسانەکانی هیند و ئەوروپی و زۆربەی نەتەوە و کەلتوورەکانی ئەو ناوچەیە، بەتایبەت ئوستوورە وەدایییەکان سیمبۆلی "دێو" (Vŗtra) و، هەروەها لە ئوستوورە سڵاڤی و ڕووسییەکان Usyna شەیان یاخود "ئەهریمەن" و بە واتای بکوژ و مەرگ و خراپەیە، تەنانەت لە ئوستوورە یۆنانییەکان بە ناوی پیتۆن (piton) و پاشان تیفۆن (tifon) هاتووە. بۆ نموونە لە دەق و زمانی "سانسکریت" بە māra و، mairya بە واتای فریودەر و تەنانەت "مردن" هاتووە. هەروەها لە ئوستوورە و ئەفسانە ئەرمه‌نییەکان بە واتای "تاوان" دێت. هەر بۆیە جگە لە ئەفسانەی "فەرەیدون و زوحاک-ئاژی دهاک" (aži.dahāka) ، لە ئایینە مێژوویییەکان و بگرە تا ئێستا، نیشانەیەکە لە چێژ و خۆشی و بەگشتی ژیانی ماددی، کە لە جەستەی "ژن/ئافرەت" بەرجەستە دەبێت و وەکوو بوونەوەرێکە کە نوێنەرایەتیی "خراپە" دەکات و فریودەری "پیاو/نێرینە"یە و لە هەمان کاتیشدا  بە واتای چارەسەرکەر (بڕوانە نیشان و هێما تەندروستی و پزیشکییەکان بە هێمای ناسراو بە: asklepios) و، لە لایەکی تریش بە واتای خوڵقێنەر و تەنانەت "دایک" دێت. ئەم دووانەیی و پێچەوانەیبیەیش هەر دەربڕی ئەوە بووە کە "مار" هەم ژ یان بووە هەمیش مەرگ و هەم نێر بووە و هەمیش مێ و، لە لایەکی تریشەوە هەم دەرد بووە و هەمیش دەرمان و هتد. هەرچەندە چەندین لێکۆڵینەوە لەم دوایییەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەرەتادا واتا و هێما و خودی "مار" پیرۆز بووە و بە دەرکەوتنی میتافیزیك و ئایین و بەها ئاسمانییەکان، بەتایبەتی ئایینی زەردەشتی، بەپێچەوانە بۆتەوە. لە هەمان کاتدا، "هەڵۆ" نیشانە و سیمبۆلی ئاسمان و پاکی و هێز و دسەڵاتی شاهانە-پیاوانە و به‌ دوژمن و بکوژی "مار" دەناسرێت. هەر بۆیە نیشانەکان و هێمای هەڵۆ لە زۆربەی پاشایەتییەکان وەکوو دەڕبری ئیرادە و هێز و ڕەوایەتیی خواییی پاشاکان دەبیندرێت. هەر لە سەردەمی ئەخمینییەکان تاکوو دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ئەسکەندەر و میسرییەکان و ڕۆما و پاشان ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا و نەمسا و... تەنانەت لە ساڵی ١٧٨٢ بەپێی یاسایەک "هەڵۆ" وەکوو هێمای نەتەوەیی-فەرمیی دەوڵەتی ئەمریکا دەستنیشان کرا. هەر بۆیە لە دەقە مێژوویی و ئۆستوورەیییە بەجێماوەکان "گورز-گۆچان لە پاڵ "هەڵۆ" هێمای "باوکایەتی"یە. تەنانەت لە "منطق الطیر" بە ناوی "سیمرغ" باڵاترین پلەی پاڵاوتنی ڕۆح و سلووکی عیرفانی و ڕۆحانییەتی هەیە کە لە ڕێگەیەوە دەتواندرێت بگەیتە پلەی هاوشێوەی "خوا". هەروەها لە ئوستوورە ڕۆمانییەکان هەڵۆ بە دەرکەوتنێکی "ژوپیتەر" و، لە میسر هەڵۆ سیمبۆلی "ڕۆحی باڵا و گەورە" و، لە ئەفسانەی سوورپێستەکانی ئەمریکا نیشانە و به‌ واتای برووسکی خوداوەنده‌ و هتد. هەموو ئەمانەیش بێجگە لە ڕۆڵ و پێگەی مار لە ئایینی کوردە ئێزدییەکان لە کوردستان. بۆیە ئەم ڕووداوە دەتواندرێت زۆر بەباشی لەم چوارچێوەیە سیمبۆلیک و واتایییەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لە سیاسەتیشدا چوارچێوە و دەرهاوێشتە فەلسەفییەکەی بریتییە له‌ ململانێی نێوان بڕواداران و لایەنگرانی "مرۆڤی چاک و "هاووڵاتیی باش"...