با لە هەرێمی کوردستانی فرەڕەنگ و فرەدەنگدا تەنیا یاسا سەروەر بێت

قەرەنی قادری

ڕه‌‌نگاوڕه‌‌نگبوون، فره‌‌چه‌‌شنه‌‌بوونی پێكهاته‌‌ی سیاسی، كۆمه‌‌ڵایه‌‌تی و ئایینیی هه‌رێمی كوردستان، گه‌‌ڵاڵه‌‌یه‌‌كی فره‌‌چه‌‌شنه‌‌ی گه‌‌ره‌‌كه‌‌ كه‌ بتوانێت بەپێی یاسا ناسنامه‌‌ی گشت پێكهاته‌‌كان‌ بپارێزێت، به‌‌ڵام له‌‌ هه‌مان كاتیشدا، یه‌‌كه‌‌ی‌ سیاسی و نه‌‌ته‌‌وه‌‌ییی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت و به‌‌هێزتری بكات.

له‌‌م سۆنگه‌‌یەوە،‌‌ چه‌‌ندده‌‌نگیی سیاسی (پلۆرالیزمی سیاسی) و پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن (تۆلێرانس)، دوو كۆڵه‌‌كه‌‌ی كۆمه‌‌ڵگه‌‌یه‌‌كی فره‌‌چه‌‌شنه‌‌ی دیموكراتیكن،‌‌ كه‌ له‌‌ قۆناغی ده‌‌ربازبووندا بوار بۆ هاووڵاتیانی كۆمه‌‌ڵگه‌‌ خۆش ده‌‌كه‌ن تا له‌‌ ڕه‌‌وتی بنیاتنانه‌‌وه‌‌ی وڵاتدا به‌‌شداری بكه‌‌ن و بناغەی وڵاتێک کە ماڵی هەمووانه‌، دابڕێژن.

به‌‌ڵام دروستكردنی كۆمه‌‌ڵگه‌‌یه‌‌كی دیموكراتیك، فه‌‌رهه‌نگێكی دیموكراتیکی گه‌‌ره‌‌كه‌‌. ئه‌‌وانه‌‌ی لایه‌‌نگری لە كۆمه‌‌ڵگه‌‌یه‌‌كی كراوه‌‌، دیموكراتی و پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن ده‌‌كه‌‌ن، ده‌‌بێ هه‌ڵگری فه‌‌رهه‌نگێكی له‌‌م چه‌‌شنه‌‌ بن (بەدیموکراتیکردنی هزری سیاسی و ئایینی)، هه‌روه‌ها پشتیوان و به‌‌شداری له‌‌ دیالۆگ و وتووێژی عه‌‌قڵانیدا بكه‌‌ن. بێ شك له‌‌م مه‌‌یدانەیشد‌‌ا، چه‌‌ندده‌‌نگیی سیاسی و پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن (نەسڕینەوە و هەڕەشەنەکردن) دوو مه‌‌رجی پێویستن‌. بەبێ بەدیموکراتیکردنی هزری سیاسی، ئایینی و ئایینزایی، پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن لەدایک نابێت. چەقبەستوویی، سەرچڵی، فۆندەمێنتالیزم و بەدووجەمسەرکردنی کۆمەڵگە، جا چ لە لایەن هزری سیاسی یان ئایینییەوە بێت، جاڕی مەرگی چه‌‌ندده‌‌نگیی سیاسی (پلۆرالیزمی سیاسی) و پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن (تۆلێرانس)ە!

دووانه‌‌ی چه‌‌ندده‌‌نگیی سیاسی و پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن

له‌‌ ڕوانگه‌‌ی هزری و كرده‌یییه‌وه‌، "چه‌‌ندده‌‌نگیی سیاسی، پرۆژه‌‌ی مۆدێرنیته‌‌یه‌"‌ كه‌‌ له‌‌ وڵاته‌‌ پێشكه‌‌وتووكانی سه‌‌رمایه‌‌داریدا به‌‌ڕێوه‌ ده‌‌چێت‌ و هه‌ر ئێستایش گه‌‌شه‌‌ ده‌‌ستێنێت. له‌‌م كۆمه‌‌ڵگه‌‌یانه‌‌دا، ده‌‌سه‌‌ڵات به‌‌ ڕێگەی هه‌ڵبژاردن، پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن و دیالۆگه‌‌وه‌‌‌ ‌ده‌‌ستاوده‌‌ست ده‌‌كرێت. بنه‌‌مای ئه‌‌مه‌یش، ئازادییه‌‌ به‌‌رفراوانه‌‌ سیاسی و كۆمه‌‌ڵایه‌‌تییه‌‌كانن، كه‌ ئه‌‌م ئامانجه‌‌ ده‌‌پێكن.

هاووڵاتیانی ئه‌‌م كۆمه‌‌ڵگه‌‌یانه‌‌ ته‌‌نانه‌‌ت به‌‌بێ ئه‌‌وه‌‌ی بیر له‌‌ كوده‌‌تای سه‌ربازی، جموجۆڵی چه‌‌كداری، توندوتیژی، گوشارهێنان، چه‌‌مكی ده‌‌مارگیری و سڕینه‌‌وه‌‌ی یه‌‌كتر‌ بكه‌‌نه‌‌وه‌‌، به‌‌ ڕێگەیه‌‌كی مه‌‌ده‌‌نییەوە و له‌‌سه‌‌ر بنه‌‌مای مافی به‌‌رامبه‌‌ر، كێشه‌‌ی ده‌‌سه‌‌ڵات، پرسه‌‌ سیاسی و كۆمه‌‌ڵایه‌‌تییه‌‌كانیان یه‌‌كلا ده‌‌كه‌‌نه‌‌وه‌‌. له‌‌م ده‌‌ڤه‌‌رانه‌‌دا ئازادیی سیاسی، كۆمه‌‌ڵایه‌‌تی و ئایینی ده‌‌سته‌‌به‌‌ر كراون و ده‌‌سه‌‌ڵاتی یاسا و عەقڵیش جێگیر كراوە‌. كاتێك باس له‌ ئازادی ده‌‌كرێت، پێویسته‌‌ باس له‌ یاسایش بكرێت. ئازادی به‌‌بێ یاسا، كۆمه‌‌ڵگه‌‌ به‌‌ره‌‌و هه‌ڵدێر ده‌‌بات، به‌‌ڵام یاسایش به‌‌بێ ئازادی، كۆمه‌‌ڵگه‌‌ ده‌‌خنكێنێت. هه‌ر له‌‌م په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌دا،‌ دیالۆگی به‌‌رفراوان، ئاشكرا و كه‌لتووری دیموكراتیكه‌ و مافی یەکسانە كه‌‌ ئه‌‌مانه‌‌ ده‌‌چه‌‌سپێنێت. بڵاوكردنه‌‌وه‌‌ی زانیاری و پێكه‌‌وه‌‌ئاخا‌فتن، خوڵقێنه‌‌ری كه‌لتووری دیموكراسین‌، كه‌‌ ئه‌‌مه‌یش هاووڵاتیی یاساقبووڵكه‌‌ر، هه‌روه‌ها حكوومه‌‌تێكی به‌‌رپرس و وه‌ڵامده‌‌ر‌‌ دێنێته‌‌‌ كایه‌‌وه‌‌.

به‌‌گوێره‌‌ی بۆچوونی كۆمه‌‌ڵناسه‌‌ لیبراڵه‌‌كان، پلـۆرالیزم، په‌‌یوه‌‌ندیی به‌‌وه‌‌وه‌‌ هه‌یه‌‌ كه‌‌ "كۆمه‌‌ڵگه‌‌، مه‌‌ودا بۆ كۆمه‌‌ڵێك حزب و ڕێكخراو، بیروڕای جیاواز، ڕێكخراوی ناحكوومی و تاك، كه‌‌ به‌‌ڕه‌‌سمی دان به‌‌ به‌‌رژه‌‌وه‌‌ندیی جیاواز داده‌‌نێن، دروست بكات"، هه‌روه‌ها به‌‌ ڕێگەی كێبه‌‌ركێی سیاسی، ئاشتییانه‌‌ و دیموكراتییانه‌‌ و لە چوارچێوەی یاسادا، كێشه‌‌كان چاره‌‌سه‌‌ر بكه‌‌ن.

كاتێك باس له‌‌ پلـۆرالیزم ده‌‌كرێ، ده‌‌بێ باس له‌‌ جیاوازییش (دەنگ و ڕەنگی جیاواز) بكرێت. به‌‌بێ ڕه‌‌چاوكردنی‌‌ جیاوازیی بیروڕا و به‌‌رژه‌‌وه‌‌ندیی ئه‌‌وانی تر، پلـۆرالیزم مانایه‌‌كی نییه‌‌. كاتێك باس له‌‌ پلـۆرالیزم و جیاوازی ده‌‌كرێت، ده‌‌بێت باس له‌‌ دانوستانیش بكرێت. بۆ گه‌‌ییشتن به‌‌م ئامانجه‌‌، بڵاوكردنه‌‌وه‌‌ی زیاتری زانیاری له ‌‌لایه‌‌ن حكوومه‌‌ته‌‌وه‌‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵی بێوچانی ئامرازی ڕاگه‌‌یاندنی گشتی بۆ بڵاوكردنه‌‌وه‌‌ و ده‌‌ستاوده‌‌ستكردنی زانیاریی دروست و جێی متمانه‌،‌ ده‌‌وری گه‌‌لێك گرینگ و بنه‌‌ڕه‌‌تی له‌ به‌‌دیموكراتیكردنی كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا ده‌‌گێڕن.

به‌‌ڵام به‌‌یاساییبوونی ده‌‌ستاوده‌‌ستكردنی زانیاری له ‌‌لایه‌‌ن حکوومەتەوە، مه‌‌رجی سه‌‌ره‌‌كییه‌‌ بۆ ئازادكردنی زانیاری له‌‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا. ئه‌‌م هه‌نگاوه‌‌ هاوكات كه‌ كه‌‌شوهه‌وایه‌‌كی ئاشتییانه‌‌ له‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا ده‌‌خوڵقێنێت، ده‌‌توانێت مه‌‌یدان له‌‌ گه‌‌نده‌‌ڵیی ئیداری و سیاسییش به‌‌رته‌‌سك بكاته‌‌وه‌‌.

پلـۆرالیزم و جیاوازی له‌‌ بیروڕا و به‌‌رژه‌‌وه‌‌ندی، ته‌‌نیا به‌‌ ڕێگەی دیالۆگ و پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردنی ژیرانه‌‌یه‌‌‌ كه‌‌ گه‌‌شه‌‌ ده‌‌ستێنێت. بوونی زمانی هاوبه‌‌ش و ئاڕاسته‌‌كردنی پلانی گشتگیر، هه‌روه‌ها دۆزینه‌‌وه‌‌ی میكانیزمی سیاسی و مه‌‌ده‌‌نی بۆ چاره‌‌سه‌‌ركردنی كێشه‌‌كان، له‌‌ توانای دیالۆگ و كاری عەقڵانیدایه‌‌. به‌‌ عەقڵ و ڕێكاری ژیرانه‌‌یه‌‌ كه‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌یه‌‌كی دیموكراتیك، حکوومەتی به‌‌رپرس و وه‌ڵامده‌‌ر‌‌، هه‌روه‌ها هاووڵاتیی وشیار و یاساقبووڵكه‌‌ر دێنه‌‌ كایه‌‌وه‌‌. له‌‌م سۆنگه‌یه‌‌‌وه‌‌، سەروەریی یاسا یه‌‌كێكە له‌‌ پێشمه‌‌رجه‌‌ سه‌‌ره‌‌كییه‌‌كانی دامه‌‌زراندنی حکوومەتێکی دیموكراتیك‌‌. "دیموكراسی به‌‌بێ ده‌‌وڵه‌‌تی یاسا، بوونی نییه‌‌ و نابێت."

هه‌ر له‌‌م په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌دا ته‌‌نیا ده‌‌سه‌‌ڵات و هێزه،‌‌ كه‌ ده‌‌توانن حكوومه‌‌تی یاسا جێگیر بكه‌‌ن، به‌‌ڵام ته‌‌نیا یاسایشه‌‌ كه‌ ده‌‌توانێت "ده‌‌سه‌‌ڵات و هێزی حکوومەتی، سنووردار بكاته‌‌وه‌"‌ و حوکمڕانییەکی عەقڵانی كه‌ بنه‌‌ماكه‌‌ی له‌‌سه‌‌ر ئازادیی سیاسی و كۆمه‌‌ڵایه‌‌تییه‌‌، بێنێته‌‌ كایه‌‌وه‌‌.

پێویسته‌‌ جه‌‌خت لە‌‌وه‌یش بكرێته‌‌وه‌‌، كه‌ هه‌ر سێ پێكهاته‌‌ی ده‌‌سه‌‌ڵات واته‌ ده‌‌سه‌‌ڵاتی یاسادانان (په‌‌رله‌‌مان) ده‌‌سه‌‌ڵاتی جێبه‌‌جێكردن‌ (حكوومه‌ت) و ده‌‌سه‌‌ڵاتی داد (دادوه‌‌ری) له‌‌یه‌‌ك جیا بكرێنه‌‌وه‌‌ و هه‌ر یه‌‌ك له‌‌م ده‌‌سه‌‌ڵاتا‌نه‌‌ به ‌‌شێوه‌‌یه‌‌كی سه‌‌ربه‌‌خۆ، كاروباری خۆیان ڕاپه‌‌ڕێنن. ده‌‌بێ ئه‌‌و ڕێنوێنییه‌‌ یاسایییانه‌یش له‌‌ ده‌‌ستووری وڵاتدا باسیان لێوه‌‌ بكرێت، كه‌ ده‌‌سه‌‌ڵاته‌‌كان بۆیان نه‌‌بێت ده‌‌ست له‌‌ كاروباری یه‌‌كتر وه‌‌ربده‌‌ن یان به‌‌ چه‌‌شنێك ڕێوشوێن بۆ یەکتر دیاری بكه‌‌ن، كه‌ چی بكه‌‌ن و چی نه‌‌كه‌‌ن. به‌‌ واتایه‌‌كی دیکە، ده‌‌بێ هه‌ر ده‌‌سه‌‌ڵاتێك له‌‌ شوێنی خۆی دابنیشێت و خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بێت، به‌‌ڵام پێكه‌‌وه‌‌ هه‌ماهه‌نگییشیان هه‌بێت تا مەیدان لە دیارده‌‌ی گه‌‌نده‌‌ڵی به‌‌رته‌‌سكتر بكەنەوە.

ده‌‌سه‌‌ڵاتی یاسایش به‌‌و مانایه‌‌یه‌‌، كه‌ هیچ كه‌‌سێك، جا پایه‌‌به‌‌رزێكی حكوومی، ئایینی و حزبی بێت یان هاووڵاتییه‌‌كی ئاسایی، له‌‌ سه‌‌رووی یاساوه‌‌ نه‌‌بێت. ده‌‌سه‌‌ڵاتێكی دیموكراتیك كاروبار و ڕێوشوێنه‌‌كانی به‌‌ ڕێگەی یاساوه‌‌ به‌‌ڕێوه ‌‌ده‌‌بات و هه‌ر ئه‌‌وانیش ده‌‌بێ پێڕه‌‌وی له‌ یاسایه‌كه‌‌ بكه‌‌ن. ئه‌‌گه‌‌ر یاسا، ماف و ئه‌‌رك بۆ هاووڵاتییه‌‌كی ئاسایی دیاری ده‌‌كات، هه‌ر به‌‌و چه‌‌شنه،‌‌ ده‌‌بێ بۆ حوكمڕانانی وڵاتیش دیاری بكات. ئه‌‌گه‌‌ر حكوومه‌‌تی یاسا داوا له‌‌ هاووڵاتییه‌‌كی ئاسایی بكات، كه‌ ده‌‌بێ له‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا پێڕه‌‌وی له‌ ده‌‌سه‌‌ڵاتی یاسا بكات، هه‌ر به‌‌و پێیه‌یش‌ ده‌‌بێ ژنان و پیاوانی ده‌‌سه‌‌ڵات، بەتایبەتی پیاوانی ئایینییش ڕێز له‌‌ یاسا بگرن و به‌‌ڕێوه‌‌ی به‌‌رن.

دیالۆگ، زمان و پێناسه‌‌ی پلـۆرالیزمه‌‌، پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردنیش گه‌‌شه‌‌ی پێ ده‌‌دات و به‌‌یاساییی ده‌‌كات. جیاوازیی بیروڕایش، پلـۆرالیزم به‌‌هێز ده‌‌كات و ده‌‌توانێت له‌‌ درێژخایەندا بیكاته‌‌ دامه‌‌زراوه‌‌یه‌‌كی كۆمه‌‌ڵایه‌‌تی؛ هەر بەو پێیەیش کۆمەڵگە بەهێز دەبێت.

جێی ئاماژه‌‌پێكردنه‌‌‌،‌ كه‌‌ بوونی پلۆرالیزمی سیاسی و پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن، له‌‌گه‌‌ڵ تێڕوانینی چڕ، به‌‌سته‌‌ڵه‌‌كی فكری، سانترالیزمی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌‌، ده‌‌وڵه‌‌تی ئایدیۆلۆژیكی و ئایینیدا یه‌‌كتر ناگرنه‌‌وه‌.‌ له‌‌به‌‌ر ئه‌‌وه‌‌، ئاڵوگۆڕ و چاكسازیی سیاسی، كۆمه‌‌ڵایه‌‌تی، كه‌لتووری، هزری و تێڕوانینی ئایینی، هه‌روه‌ها گه‌‌شه‌‌ی عەقڵانیی ئابووری له‌ وڵاتی ئێمه‌‌دا مه‌‌رجی هه‌ره‌‌ سه‌‌ره‌‌كین.

لە بازنەیەکی بچووکدا، بەڵام زۆریش گرینگ، چڕینی ئاواز و گۆرانی، پۆشینی دڵخوازانەی جلوبەرگ، ڕێکخستنی ژیانی تایبەت بە خۆ (تاک)، بیرکردنەوە و دەربڕینی هەست و ئاوات، لە ئاسایی و سەرەتاییترین مافی هەر تاکێکە، کە دەبێ یاسا ڕێکی بخات و حکوومەتیش دەبێ بەلێبڕاوی بەرگریی لێ بکات و، ئەوەیش بێ ئەملا و ئەولا ئەرکی حکوومەت و دامەزراوەکانیتی؛ هەروەها پێویستە تاکیش ئەو شارەزایییەی لە ماف و ئەو بوێرییەیشی هەبێت کە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا بەکاری بێنێت و بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات. ئەوەیش مافی هیچ کەسێک (حکوومت، ئایین و ئایینزا) نییە کە ئازادییەکانی تاک سنووردار بکات یان ئەوەتا بە ناوی ئایین یان گۆیا "کەلتووری کۆمەڵگە ئەوە ناخوازێت"، هەڕەشەی لێ بکات!

ئەزموونی تاڵی کۆماری ئیسلامی، عەرەبستانی سعوودی، تالیبان، ئەلقاعیدە و سەرچڵتر لەوانیش داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)مان بینیوە، هەر بۆیە بۆ گرینگیی ئازادییەکان، مافی تاک و بەرگری لێیان، هیچ پێویست ناکات پەنا بۆ تیۆری ببەین تا بیسەلمێنین کە مافی تاک و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە پرسە ژیانییەکانی ئێمەیە. گەشەی هەر کۆمەڵگەیەک لە گرەوی ئازادی و گەشەی تاکدایە و پێویستە یاسا ڕێکی بخات. ئەگەر تاک ئاسایشی نەبێت، کۆمەڵگە دەکەوێتە بەر مەترسییەوە و دەخنکێت!

مەرجی هەرە سەرەتا بۆ بەدامەزراوەییکردنی چەنددەنگیی سیاسی و پێکەوەهەڵکردن، هەر لە دەسپێکدا شوشتنەوەی زمانی سیاسی و ئایینییە کە چۆن بتوانیت بە شێوەیەکی سەردەمییانە پەیامەکەی بەوانی تر بگەیه‌نێت. دوورکەوتنەوە لە بەدووجەمسەریکردنی کۆمەڵگە (باش و خراپ، یان کافر و مسوڵمان) گەرچی پەیوەندیی بە چەشنە هزرێکی چەقبەستووەوە هەیە، بەڵام شوشتنەوەی زمان و بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی گونجاو بۆ ڕۆنانی پەیوەندییەکی ماقووڵ، وزه‌ی ژیان و پێکەوەژیان بە کۆمەڵگە دەبەخشێت و، ئەو هەستەیش لە ناو هاووڵاییانی ڕەنگاوڕەنگی هەرێمی کوردستاندا چەکەرە دەکات کە خۆی بە خاوەن ماڵ بزانێت. کاتێک هاووڵاتی (تاک) هەست پێ بکات کە ئاسایشی کار، ژیان و ئازادییەکانی بە ڕێگەی یاساوە دابین کراوە و حکوومەت و دامەزراوەکانیشی بەرگریی لێ دەکەن، کۆمەڵگە لە ناوخۆیدا بەهێز دەبێت و پلەی ئاسایشی نەتەوەییش لە وڵاتدا بەرز و بەرزتر دەبێتەوە!

كۆبه‌‌ندیی چه‌‌ندده‌‌نگیی سیاسی و پێكه‌‌وه‌‌هه‌ڵكردن

پلۆرالیزمی سیاسی بۆ كۆمه‌‌ڵگه‌‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌‌م ده‌‌رفه‌‌ته‌‌ به‌‌ هاووڵاتیانی ئه‌‌و یه‌‌كه‌‌ سیاسی و نه‌‌ته‌‌وه‌‌یییه‌ ‌ده‌‌دات، كه‌ له‌ ژیانی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌‌ڵایه‌‌تیی هه‌رێمی كوردستاندا گه‌‌لێك چالاك بن؛ ئه‌‌مه‌یش له‌ به‌‌هێزتركردن و پاراستنی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌‌ورێكی گه‌‌لێك گرنگ ده‌‌گێڕێت. چه‌‌ندده‌‌نگیی سیاسی، هۆكارێكی گرنگه‌‌ بۆ به‌‌هێزكردنی هه‌ستی نه‌‌ته‌‌وایه‌‌تی و به‌‌شدارییه‌‌كی به‌‌رفراوانی سیاسی و كۆمه‌‌ڵایه‌‌تیی هاووڵاتیان له‌ كاروباری هه‌رێمی كوردستاندا. لایه‌‌نێكی تری ئه‌‌و چەمکە‌،‌ یارمه‌‌تیده‌‌ر ده‌‌بێت بۆ‌ به‌‌رزترڕاگرتنی پله‌‌ی ئاسایشی نه‌‌ته‌‌وه‌‌یی له‌‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

بیروبۆچوونی حزب و ڕێكخراوی جیاواز، هەروەها بارستایییان له‌‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا هه‌ر چه‌‌ند بن، با ببن، چونكه‌‌ له‌‌م مه‌‌یدانه‌‌دا گرینگ ئه‌‌وه‌‌یه‌،‌ كه‌‌ به‌‌ چ میكانیزمێكی گشتگیر و دیموكراتیكه‌‌وه‌‌ به‌‌رژه‌‌وه‌‌ندیی هاووڵاتیانی كوردستان بپارێزرێت، كه‌‌ یه‌‌كسانی له‌‌ مافدا بێته‌‌ كایه‌‌وه‌‌ و په‌‌یوه‌‌ندییه‌‌كانی ناو كۆمه‌‌ڵگه‌یش‌ به‌‌دیموكراتی‌ بكرێن. به‌‌ واتایه‌‌كی تر، بۆ ئه‌‌وه‌‌ی كۆمه‌‌ڵگه‌‌ی ڕه‌‌نگاوڕه‌‌نگ و فره‌‌چه‌‌شنه‌‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌‌م ئامانجانه‌ بگات، ده‌‌بێ ژیرانه‌‌ و ئاشكرا له‌‌سه‌‌ر بنه‌‌مای مافی یه‌‌كسان (بەبێ هەڕەشە و تەمای سڕینەوە)، له‌‌ گشت بواره‌‌كان له‌‌گه‌‌ڵ خۆیدا بپه‌‌یڤێت.

چه‌‌ندده‌‌نگیی سیاسی، ئایینی، ئایینزایی و پێکەوەژیان، یانی بوونی گشت ڕەنگ و دەنگەکان لەناو یەکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی (هەرێمی کوردستان)دا؛ هەر ئەمەیش یانی پێکەوەژیانی ڕەنگەکان لە پاڵ یەکتر بەبێ ئەوەی مافیان لێ زەوت بکرێت یان ئەوەتا هەوڵی سڕینەوەی ئەوی تر، یان یەکتریان هەبێت. بەبێ شک تەنیا سەروەریی یاسایە کە دەتوانێت ئەمە دابین و بەهێزی بکات و ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتیش پارێزراو بێت. بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە!

هەر ڕاوەستاو بێت کوردستان!
هەر شەکاوە بێت ئاڵای وڵات!