هێزی نەرمی ئێران - بەشی دووەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

- ناوەندە میدیایییەکان وەک سەرچاوەیەکی باڵای هێزی نەرمی ئێران

میدیا و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن، یەکێکن لە سەرچاوە باڵاکانی هێزی نەرمی ئێران و بە چەندین شێواز و فۆڕمی جۆراوجۆر بۆ سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتیی جیهانی و وڵاتانی عەرەبی و شیعەکانی جیهان بەتایبەتی بەکار دەهێنرێن. میدیا ئێرانییەکان هەر لە ڕادیۆ و ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکانەوە تا دەگاتە کەناڵە ئاسمانییەکان و ئاژانسی فەرمیی ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئامانجیان ئەوەیە ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بنەماکانی شۆڕش و ڕەگەزەکانی شیعەگەرایی بگەیەننە جیهانی دەرەوە و؛ شیعە و دەوڵەتی ئێران وەک هێزێکی گەورە و کاریگەر پیشانی دونیا بدەن. ئەو ناوەندە میدیایییانە لەژێر دەسەڵات و فەرمانی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێراندان و خۆی بەرپرس و بەشێک لە کاره‌کتەرەکانی ناوی دیاری دەکات. کەناڵە ئاسمانییەکانی ئێران ڕۆڵ و پێگە و ناسنامەی میدیایییان بۆ دیاری کراوە و بەشێک لەو کەناڵانە بە زمانی عەرەبی بەرنامەکانیان پەخش دەکەن و سیاسەتی کەناڵەکە و، پەیامی کەناڵەکە ڕووی لە وڵاتانی عەرەبییە بەگشتی. چەند کەناڵێکیش بە زمانی ئینگلیزی بەرنامە و ئەجێندا سیاسییەکەیان پەخش دەکەن، لەوانە: کەناڵی پرێس تی ڤی و... . سەرەڕای ئەمە ئێران لە ڕێگەی ئاژانسە هەواڵییەکانی وەک ئیرنا، مێهر و فارس و چەندانی تر، دەیەوێت پەیام و وێنەیەکی سیاسیی تایبەت ئاڕاستەی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە عەرەبییەکان بکات بەگشتی.

- دامەزراوە و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هێزی نەرم

ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و ئەو ناوەندانەی کە کۆمەک و هاوکاری پێشکەش دەکەن، یەکێکن لە ڕێگه‌ و شێوە کاریگەرەکانی هێزی نەرم لە جیهاندا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانی عەرەبیدا کە زیاتر ئایین و مەزهەب و ئایدیۆلۆژی لە پشت ئەو ڕێکخراو و ناوەندانەیە و بە ناوی خێر و یارمەتییەوە دەوڵەت یان دەستەبژێری سیاسیی وڵات ئامانجەکەی خۆی دەپێکێت و بە شێوەیەکی شاراوە هەوڵی بەدەستهێنانی خەون و ستڕاتیژە باڵاکانی دەدات!

ناوەند و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان خاوەن مێژوویه‌کی زیاتر لە نیو سەدەن لە ئێراندا. زۆرینەی ئەم ڕێکخراوانەی کە ئێستا وەک سەرچاوەی هێزی نەرمی ئێران دەردەکەون و کار دەکەن، مێژوو و سات و کاتی دامەزراندن و چالاکبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران. بەر لە شۆڕش و بەر لە ساڵی ١٩٧٩، بەشێک لە هەواداران و لایەنگرانی "ئایەتوڵڵا خومەینی" بە شێوازی نهێنی کاری خێرخوازییان ئەنجام دەدا و ئایدیۆلۆژی و بنەماکانی بیروباوەڕەکەیان بڵاو دەکردەوە و؛ کۆمەکییان پێشکەش بە زیندانییە سیاسییەکانیان دەکرد. دواتر دوای سەرکەوتنی شۆڕش، "ئایەتوڵڵا خومەینی" بازنە و کار و چالاکییەکانی ئەم دامەزراوە خێرخوازییانە فراوانتر دەکات و لیژنەی ئیمام خومەینی بۆ یارمەتی و کۆمەک دادەمەزرێنێت. ئەم لیژنەیە کۆمەکی پێشکەش بە هەژاران و منداڵانی بێباوک دەکرد. سەرەتا چوارچێوەی کارکردنی لە ئاستێکی زۆر تەسک و ناوخۆییدا بوو، دواتر کارەکانی فراوان بوون و چوارچێوەیەکی هەرێمیی وەرگرت و دواتریش ئەمریکای لاتین و چەندین ناوچەی تری جیهانی گرتەوە. لە دوای ٢٠٠٣ و سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و تێکچوونی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و ئاوارەبوون و پەناهەندەبوونی ملیۆنان خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، هەر لە شوێنی حەوانەوە تا خواردن و خۆراک و کەلوپەلی ڕۆژانە و سەرچاوەی بژێوی و ئاوی خواردنەوە و کەرەستەکانی خوێندن و... بۆ ئێران دەرفەتێکی زێڕین بوو تاوەکوو لە ڕێگەی ناوەند و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک هێزێکی کاریگەری نەرم، کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بکات و خۆی وەک زلهێزێکی سەرەکی لە ناوچەکە و لەنێو سیسته‌می هەرێمیی ناوچەکەدا بسەپێنێت، بەتایبەت لە بەرامبەر بلۆکی سوننە و ئیسڕائیل و وڵاتە نەیارەکانی تریدا.

عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و کەرتی غەزە و سوودان و بەنگلادیش و مۆریتانیا و سینیگال و سۆماڵ و چەندین وڵاتی تری کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا گرنگترین ڕووبەرن بۆ بەکارهێنانی هێزی نەرمی ئێران. ئەگەر سەرنج بدەین ئەو وڵاتانەی کە هێزی نەرمی ئێرانی لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە تێدا چالاکە، زیاتر وڵاتانێکن کە سیسته‌می سیاسی و حکومڕانی کێشە و کەموکوڕیی تێدایە و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتییش لەوپەڕی خراپی و بێمتمانەییدایە و، ئێرانیش لە ڕێگەی ئەم درز و بۆشایی و کەموکوڕییانەوە دەچێتە نێو کۆمەڵگەکە و لە ڕێگەی ناوەندەکانییەوە هەوڵ دەدات دڵسۆزی و سۆز و خۆشەویستیی هاووڵاتیان بۆ ئێران زیاتر بکات و بیانبەستێتەوە بە بنەماکانی شیعەگەرایی و سیسته‌می "ویلایەتی فەقیھ" بەگشتی، بەتایبەت لە وڵاتانی سوننەمەزهەب و هەندێک وڵاتی ئەفریقی!

لە ڕاستیدا ئەم ڕێکخراوانە بەردەوام هەوڵ دەدەن وێنەیەکی جوان و ئەرێنی و تەندروستی ئێران و شیعە بەگشتی پیشانی دەرەوەی خۆیان و وڵاتانی سوننەمەزهەب بدەن و، هەوڵ دەدەن لەم ڕێگەیەوە بە کۆمەڵگەی سوننەمەزهەبی ناوچەکە بڵێن کە کۆمەڵگەی شیعە چۆن بەسەر نەیار و هێزە ڕکابەرەکانیدا سەر کەوتووە و دونیای شیعە چەندە جوان و بێکێشە و پڕ لە سەرکەوتن و دەستکەوتە. ئەم ڕێکخراوانە لە بەشێکی وڵاتانی ئەفریقا زۆر چالاکە و لە ڕێگەی دابینکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی سەرەتاییی تەندروستی و پێداویستیی خوێندن و دابینکردنی هەڵی کارەوە، چەندین ملیۆن سوننەی کردووە بە شیعە و بە ئایدیۆلۆژی و سیسته‌می ویلایەتی فەقیھ گرێ داوە. هەرچەند بەشێک لەو ڕێکخراوانە لە لایەن ئەمریکاوە لە ڕابردوو سزا دراون، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە هێزە شیعییە هەرێمییەکانی وەک حزبوڵڵا و حەماس و ئەوانی ترەوە هەیە و هەندێک لە کارەکانی ئەو ڕێکخراوانە گەیشتۆتە ئەوەی ئەو هێزە سیاسییانە چەکدار بکات و تەنانەت مەشق و ڕاهێنانیش بە چەکدارەکانیان بکات.

- ئەنجومەنی جیهانیی ئەهلی بەیت

ئەم ئەنجومەنە لە ساڵی ١٩٩١ دا لە لایەن ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران "ئایەتوڵڵا خامەنه‌یی" دامەزرا و دەستی بە کارەکانی کرد. ئەم ئەنجومەنە تۆڕێکی فراوانی کارکردن و پەیکەرێکی گەورەی کارگێڕیی هەیە و نووسینگەی لە ٩٠ وڵاتی دونیادا هەیە؛ هەر لە وڵاتانی ئاسیاوە تا دەگاتە ئەمریکا و ئەوروپا و ئەفریقا و بەشێکی زۆری کەسایەتی و زانا شیعەکانی لە هەموو نەتەوە جیاوازەکانی دونیای لە خۆی کۆ کردۆتەوە و کار بۆ ڕێکخراوەکە دەکەن. ئەم ئەنجومەنە دەیەوێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی سەرمایە کەلتووری و ڕەمزییەکانی شیعەوە کار و چالاکییەکانی لە وڵاتانی وەک عێراق، لوبنان، سووریا، بەحرێن، هندستان، پاکستان و ئەفغانستان بەڕێوە ببات و سەرنجی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و هەوڵی ئەوە دەدات ئایدیۆلۆژی و بنەماکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتانەدا بەچڕی بڵاو بکاتەوە و بەرگری لە شیعەکانی ئەو وڵاتانە بکات و وەک هێزێکی کاریگەر بەکاریان بهێنێت. بە شێوەیەکی گشتی ئامانجە بنەڕەتی و هێڵە گشتییەکانی ئەم دامەزراوەیە دروستکردنی هێزێکی شیعییە لە دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی ئامرازە نەرمەکانی وەک فەرهەنگ و ئایدیۆلۆژیی شیعی و پەرەپێدانی کەلتوورییەوە، سەرەڕای بەگژداچوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی پلانەکانی ڕۆژاوا و ستڕاتیژیی ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت ئەمریکا و ئێران و بلۆکی سوننە.

دامەزراوەی کەلتووری ئیسلامی

ئەم دامەزراوەیەیش دامەزراوەیه‌كی دیكه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی نەرمی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی کەلتوور و زمان و ئەدەبی فارسییەوە. ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی ١٩٩٥دا دامەزراوە و کار و چالاکییەکانی وڵاتانی دراوسێی ئێرانی گرتۆتەوە. ئەم ناوەندە مۆرکێکی فەرمی و دەوڵەتیی پێوە دیارە و بە "وەزارەتی ڕۆشنبیری"ی ئێرانەوە بەستراوەتەوە و شێوازی کارکردنی زیاتر لە ڕێگەی ناوەندە دیپلۆماسییەکانی وەک کونسڵخانە و باڵیۆزخانەکانی ئێرانەوەیە و نووسینگەی لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا هەیە، لەوانە وڵاتانی ئەوروپا، تورکیا، پاکستان، عێراق و چەندین وڵاتی تر. بە شێوەیەکی گشتی کار بۆ بڵاوکردنەوە و گەشەپێدانی زمان و ئەدەبی فارسی دەکەن تاوەکوو لە ڕێگەی زمانی فارسییەوە باشتر بیرۆکە و بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بگوازنەوە و پەیام و ستڕاتیژیی وڵاتەکەیان بگەیەنن.

- ئەدەب و دراما و سینەمای ئێرانی؛ هێزێکی نەرمی خێرا و کاریگەر

یەکێک لە سەرچاوە هەرە کاریگەر و باڵاکانی تری هێزی نەرمی ئێران، ئەدەب و دراما و سینەمای ئەو وڵاتەیە! ئەم ڕشتەیەی هێزی نەرم بەئاسانی و بەخێرایی دەتوانێت خۆی بگەیەنێتە هەموو جوگرافیایەکی سیاسی و، سنوورە نەتەوەیی و کلاسیکی و سیاسییەکان زۆر بەخێرایی ببڕێت و ئامانجی خۆی بپێکێت. لە دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سینەما و درامای ئێرانی پێشکەوتنێکی زۆر و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و دونیایش ئەم سینەمایە کاریگەریی خۆی دروست کردووە. وێنە و پەیامی سیاسیی نێو سینەمای ئێرانی و دراماکان بەگشتی، پیشاندانی وێنەیەکی جوانی کۆمەڵگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێرانی و پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێی کۆمەڵگەی ئێرانی و بەهاکانی نێو سیسته‌مە سیاسییەکە و ڕەگەزەکانی شیعەگەرایی و ژێرخانی ئەو وڵاته‌یە! سەرەڕای ئەمانە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کاره‌کتەرە ئەدەبی و هونەرییەکانییەوە بازنەکانی هێزی نەرمی وڵاتەکەی فراوانتر بکات و هێژموون و باڵادەستیی سیاسی و فەرهەنگی و کەلتووریی خۆی زیاتر لە ناوچەکەدا بسەپێنێت؛ بەتایبەت کاره‌کتەرە ئەدەبییەکانی وەک حافزی شیرازی، سەعدی شیرازی، فروغی فه‌ڕوخزاد، سوهراپی سپێهری، شاملوو و دکتۆر عەلی شەریعەتی و چەندانی تر و هونەرمەندەکانی وەک شەجەریان و هونەرمەندە کلاسیکییەکانی تر و... بەردەوام لە لایەن ئێرانەوە وەک سەرچاوەی هێزی نەرم بەکار دەهێنرێت و کاری لەسەر دەکرێت! هاوکات ئاواز و میوزیکی فارسی وەک ڕەگەزێکی سەربەخۆ لەنێو هونەری فارسیدا وەک هێزی نەرم بەکار دەهێنرێت و لە زۆربەی دۆخەکاندا لەگەڵ سرووتە ئایینییە شیعییەکان تێکەڵ دەکرێت و فۆڕمێکی مەزهەبیی بۆ دروست دەکرێت کە زیاتر گوزارشت لە پاڕانەوە و دۆخی بەرگری و پەراوێزبوونی شیعەکان دەکات بە درێژاییی هەزار ساڵی ڕابردوو. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش، کۆماری ئیسلامیی ئێران کەناڵێکی تایبەتی کردۆتەوە لەژێر ناوی "ئای فیلم" کە ڕۆژانە فیلم و زنجیرە دراما و میوزیکی ئێرانی بە هەر سێ زمانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی پەخش و وەشان دەکات؛ ئەمەیش بۆ گەیاندنی فەلسەفە و ستڕاتیژیی شیعە و ئایدیۆلۆژیی فه‌رمیی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی فیلم و زمانی سینەما و وێنە و هونەرەوە، چونکە هەم پەیامەکە خێراتر دەگات و هەمیش تێچووی کەمترە و هەمیش دەرەنجامی باشتری دەبێت.

لە ڕووی وەرگێڕان و جووڵەی ئەدەبییشەوە ئێران خاوەن هێز و توانایەکی گەورەیە و زۆرینەی بەرهەمە ئەدەبییە گەورەکانی دونیای وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی فارسی، بەڵام ئەو بڕگە و بیرۆکە و دەستەواژە و ڕستانەی کە لەگەڵ فەلسەفەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و سیسته‌می سیاسی و مەزهەبیی ئێراندا یەک ناگرێتەوە و ناگونجێت، لا براوە و وەرنەگێڕدراوە. مانگانە هەر بەرهەمێکی ئەدەبی لە سەرانسەری جیهاندا کە بڵاو دەکرێتەوە و بەرهەم دەهێنرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی توانا مرۆیییە ناوخۆیییەکانی و لە ڕێگەی وەرگێڕەکانییەوە بە کەمترین ماوە و بە کواڵیتییەکی باش وەری دەگێڕێتە سەر زمانی فارسی و هەندێک جاریش زمانی عەرەبی و، بۆ وڵاتانی دەوروبەری خۆی و وڵاتانی دراوسێی دەنێرێت و ساڵانەیش پیشانگه‌ی نێودەوڵەتیی کتێبی گەورە لە تاران و شارەکانی تر ساز دەکات و دەکاتەوە بە مەبەستی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی. لە ڕووی هونەری چاپکردنیشەوە خاوەن ئەزموون و تەکنیکێکی زۆرە و چەندین وڵاتی ناوچەکە و دەوروبەر ڕووی تێ دەکەن و بەرهەم و کتێبەکانیان لێ چاپ دەکەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە و، ئەمەیش دواجار جگە لەوەی دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ ئەو وڵاتە، دەبێت بە سەرچاوەیەکی زاڵیش بۆ سەپاندنی هێزی نەرمی ئێران؛ چونکە لە کتێب و بەرهەمەکان دەنووسرێت لە "ئێران" یان لە "تاران" چاپ کراوە، بەمەیش ئەگەر زمان و ناوەڕۆکی کتێبەکە نوێنەرایەتیی زمانی کورد و کوردبوون یان هەر زمانێکی تر بکات بەڵام بەشە ڕەقەکەی کتێبەکە و کاغەز و کواڵیتییەکەی، نوێنەرایەتیی ئێران و فارس و هێزی نەرمی ئەو وڵاتە دەکات.