ئاسایشى مرۆیی  - بەشى دووەم

تۆفیق ڕەحمان مەنتک، ماستەر لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

ئاسایشى تەندروستى

ئێمە لەم بەشەى بابەتەکەماندا زیاتر جەخت لەسەر ئاسایشى تەندروستى دەکەینەوە لەگەڵ خستنەڕووى بوارەکان و ئەو لایەنانەى کە بەرپرسیارێتیى ئەم بوارەیان لە ئەستۆدایە. ئاسایشى تەندروستى بە بەشێکى گرنگى ئاسایشى مرۆیى دادەنرێت، چونکە تەندروستییەکى باش بۆ ژیان و مانەوەى مرۆڤ گرنگە و، هەروەها بەپێى ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى،تەندروستى ماناى تەنیا دووربوون لە نەخۆشى نییە بەڵکوو ماناى ئەوەیە کە مرۆڤ لە ڕووى جەستەیى و دەروونى و کۆمەڵایەتییەوە لە خۆشگوزەرانیدابێت. کۆمەڵگه‌ى مرۆڤایەتى لە سەدەى ٢٠دا بە بەراوردکردنى بە سەدەکانى ڕابردوودا پێشکەوتنى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتى لە ڕووى تەندروستییەوە. ئەمڕۆکە نزیکەى یەک ملیار کەس تەمەنیان نزیکە لە تەمەنى ٨٠ ساڵى، کە ئەم ڕێژەیەیش دوو هێندەى سەدەکانى ڕابردووە.

ئەم پێشکەوتن و دەسکەوتانەى مرۆڤایەتى، دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتن لە بوارەکانى دابینکردنى سەرچاوەکانى خۆراک، خوێندن، ئاوى پاکى خواردنەوە، پێشکەوتن لە بوارى زانستى پزیشکیدا و، هەروەها بوارە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان کە لە ڕێگه‌ى زانیاریى نوێوه‌ دۆخى ژیانى مرۆڤایەتیى باشتر کردووە. بەڵام بەداخەوە سەرەڕاى ئەو پێشکەوتنانەى کە بەدەست هاتوون، بەرهەمەکانى ئەو پێشکەوتنانەى سەرەوە بەشێوەیەکى یەکسان بەسەر کۆمەڵگه‌ى مرۆڤایەتى دابەش نەکراوە. ئەمڕۆکە نزیکەى نیوەى دانیشتووانى سەر گۆى زەمین لە بارودۆخێکى ناهەمواردا دەژین، بەتایبەتى لە بوارى تەندروستى و، بەتایبەتى لە کۆمەڵگه‌کانى  وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان کە ڕووبەڕووى جۆرەها پەتا و نەخۆشیى ترسناک دەبنەوە؛ ئەمەیش بەهۆى نەبوونى سەرچاوەى خۆراکى تەندروست، ژینگەیەکى ناتەندروست و بەردەستنەبوونى خزمەتگوزارییە سەرەتایییە تەندروستییەکانه‌وه‌. هەندێک لە بوارەکانى تریش کە پەیوەندیى بە ئاسایشى تەندروستییه‌وه‌ هەیە، بریتین لە ئاسایشى خۆراک و ئاسایشى ژینگە و پیسبوونى سەرچاوەکانى وەک ئاو و خاک و خۆراک بە ماددە ژەهراوى و کیمیایییەکان، بەتایبەتى ئەو خۆراکانەى کە جیناتەکانیان دەگۆڕێت، کە ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر تەندروستیى مرۆڤ دەبێت. بەپێى ئەو ڵێکۆڵینەوانەى کە کراون، چوار بوارى سەرەکى هەن کە هەڕەشەى سەرەکین بۆ سەر ئاسایشى تەندروستى، ئەوانیش: یەکەم، ئەو پەتا و نەخۆشییانەى کە جیهانین؛ دووەم، هەڕەشەکانى كه‌ پەیوەندیى بە هەژارییەوە هەیە؛ سێیەم: ئاڵۆزى و توندوتیژییەکان بەهۆى ھەڵسوکەوتەکانى مرۆڤ و کارەساتە سروشتییەکان؛ چوارەم: نەخۆشییە نەگوازراوەکان؛ ئەوانەى پەیوەندییان بە ستایلى ژیانى مرۆڤەوە هەیە.

یەکەم: پەتا و نەخۆشییە جیهانییەکان: یەکێک لە هەڕەشە مەزنەکانى سەر ئاسایشى تەندروستى، ئەو پەتا و نەخۆشییانەن کە دەبنە هۆى مردنى ڕاستەوخۆى مرۆڤ، ئەوانیش وەک نەخۆشیى ئایدز کە بەپێى ئامارەکان ئێستا نزیکەى ٣٥ ملیۆن کەس هەڵگرى ئەم ڤایرۆسەن و سێ ملیۆن و دوو سەد هەزار کەس تەمەنیان لە خوارووى تەمەنى پازدە ساڵییە. بانکى نێودەوڵەتى ئەوەى خستۆتەڕوو کە لە ساڵى ١٩٨٩ تاوەکوو ئێستا نزیکەى سی و نۆ ملیۆن کەس مردوون و کیشوەرى ئەفریقا زۆرترین ڕێژەى تووشبووانى ڤایرۆسى ئایدزى لێیە کە دەگاتە ڕێژەى ٧٠% تووشبووانى هەموو جیهان. نەخۆشیى ئایدز کاریگەریى ڕاستەوخۆى دەبێت لەسەر سیستەمى تەندروستى، خوێندن، پێکهاتەى کۆمەڵایەتى و دروستبوونى ملیۆنان منداڵى ناکام و بێسەرپەرشتو، هەروەها نەمانى هێزى کارى وڵات.

بەپێى لێکۆڵینەوەکان پەتاى ئایدز بۆتە هۆى کەمکردنەوەى داهاتى نیشتمانیى ئەفریقا بە ڕێژەى %٢ بۆ %٤. هەر بۆیە لە ساڵى ٢٠٠٠ ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارى ژمارە ١٣٠٨ى دەرکرد کە نەخۆشییەکانى ئایدز مەترسییە بۆ سەر  سەقامگیرى و ئاسایش و،ئەمەیش یەکەمجار بوو کە ئەنجومەنى ئاسایش بڕیارێک پەسەند بکات دەربارەى بابەتێک کە پەیوەندیى بە ئاسایشى سەربازییەوە نەبێت. جگە لە ئایدز ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى،نەخۆشییەکانى ترى وەک سیڵ و مەلاریای بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى تەندروستى داناوە. بەپێى داتاکانى ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى، لە ساڵى ٢٠١٤  یەک ملیۆن و نیو کەس بەهۆى نەخۆشیى مەلاریاوە کۆچى دوایییان کردووە کە بەشێکى زۆر کەم لەوانە لە هەمانکاتدا نەخۆشیى ئایدزیان هەبووە. هەرچەندە نەخۆشیى مەلاریا لە ڕێگه‌ى مێشووڵەوە دەگوازرێتەوە کە ئەمەیش وادەکات خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەى ئاسانتربێت بە بەراوردکردنى لەگەڵ نەخۆشیى ئایدز، بەڵام تاوەکوو ئێستا بە یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان دادەنرێت و لە ساڵى ٢٠١٥ لە تەواوى جیهان ٢١٤ ملیۆن حاڵەتى نوێی نەخۆشیى مەلاریا تۆمار کرابوو کە ڕێژەى ٨٨% لە کیشوەرى ئەفریقا بوون و لەو ڕێژەیەى کە لەلایەن ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى تۆمارکرابوو، ٤٣٨ هەزار کەسیان مردبوون کە ڕێژەى ٩٠% مردووەکان منداڵ بوون لە تەمەنى کەمتر لە پێنج ساڵى. یەکێک لە پەتاکانى تر کە لە مانگى ئازارى ٢٠١٤ لە ئەفریقا سەرى هەڵدا، بریتى بوو لە نەخۆشیى ئیبۆڵا کە لە وڵاتەکانى ڕۆژاواى ئەفریقا بڵاو بووەوە وەک لایبریا و گینیا و سیرالیۆن کە تاوەکوو مانگى دێسه‌مبەرى ساڵى ٢٠١٥، بووە هۆى مردنى یازدە هەزار  و سێ سەد کەس. هەر بۆیە لە هەمان ساڵى ٢٠١٤ ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارى ژمارە ٢١٧٧ى دەرکرد کە بڵاوبوونەوەى نەخۆشیى ئیبۆڵای لە ئەفریقا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى دانا.

دووەم: هەڕەشەکانى هەژاری و برسێتى: هەژارى و برسێتى لە ڕووى هەڕەشەوە شتێکى واى کەمتر نییە لە پەتا و نەخۆشییەکان، چونکە بەپێى ئەو ئامارانەى کە هەن کە لەلایەن بانکى نێودەوڵەتى و، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەمڕۆ زیاتر لە حەوت سەد و هەشتا و سێ ملیۆن کەس لەژێر هێڵى هەژاریى نێودەوڵەتیدان کە داهاتى ڕۆژانەیان کەمتر لە دوو دۆلارە. لە ساڵى ٢٠١٦ ڕێژەى ١٠%ى کرێکارانى جیهان داهاتى ڕۆژانەیان کەمتر بوو لە یەک دۆلار و نەوەد سەنت. هەژارى لە دوو ناوچەى سەرەکیى جیهان بەشێوەیەکى بەرچاو و بەربڵاو هەیە، ئەوانیش باشوورى ئاسیا و ئەفریقان. ڕێژەى ٨٠% دانیشتووانى سەر گۆى زەمین داهاتى ڕۆژانەیان کەمترە لە ١٠ دۆلار و،ڕێژەى ٤٠% دانیشتووانى جیهان تەنیا ٥% داهاتى جیهان پێک دەهێنن و ئەمە لە کاتێکدا ڕێژەى ٢٠% دەوڵەمەندەکانى جیهان،  سێ بەشى داهاتى جیهانیان لەژێر دەستدایە. بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوى یونیسێف لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان ڕێژەى ٢٧ بۆ ٢٨%ى منداڵان لە ڕووى تەندروستییەوە کێشى لەشیان کەمە. هەروەها ١٠ ملیۆن و شەش سەد هەزار منداڵ تاوەکوو ساڵى ٢٠٠٣ پێش ئەوەى بگەنە تەمەنى ٥ ساڵى، مردوون. ساڵانە یەک ملیۆن و چوار سەد هەزار منداڵ بە هۆى نەبوونى سەرچاوەى ئاوى پاکى خواردنەوە و پێداویستییەکانى پاک و خاوێنى تەندروستى، گیان لەدەست دەدن.

سێ یەم: ئاڵۆزى و توندوتیژییەکان بە هۆى ھەڵسوکەوتەکانى مرۆڤ و کارەساتە سروشتییەکان: حاڵەتە فریاگوزارییە مرۆیییەکان ئەو ڕووداو و کارەساتانە دەگرێتەوە کە هەڕەشەن بۆ سەر تەندروستى و سەلامەتى و ژیان و خۆشگوزەرانى مرۆڤ؛ئەمەیش ڕووداوە سروشتییەکان و مرۆڤه‌ دەستکردەکان دەگرێتەوە. بەپێى ڕاپۆڕتى پەیمانگه‌ى ڵێکۆڵینەوەى ئاشتیى نێودەوڵەتى لە ستۆکهۆڵم لە سویدلە ماوەى نێوان ساڵى ٢٠٠٢ بۆ ساڵى ٢٠١١، ئاڵۆزیى نێوان دەوڵەتان ٧٣ ئاڵۆزى ڕوویداوە کە بەڕێژەى ٤٠% لە کیشوەرى ئەفریقا بووە و، هەروەها ١٦٥ توندوتیژى و ئاڵۆزى تۆمارکراوە کە ئەو گرووپانە بوون کە لە دەرەوەى دەوڵەت بوون و، ڕێژەى ٧٦%یئەمەیش لە کیشوەرى ئەفریقا بووە. ئەمڕۆ نزیکەى یەک ملیار و نیو کەس لەو هەرێمانە دەژین کە ئاسایش و ئاشتیى تێدا سەقامگیرنییە؛ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر سیستەمى خزمەتگوزارییەکانى تەندروستى هەیە.

زۆرجار لە کاتى جەنگ و ئاڵۆزییەکاندا چەک و ماددەى بایۆلۆژى بەکاردێت وەکوو ئەوەى کە لە ساڵى ٢٠١١ ماددەى ئەنتراکس لە ڕێگه‌ى نامەوە ئاڕاستەى کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و چەند شوێنێکى تر کرابوو، لە ئەنجامدا ٢٢ کەس ژەهراوى ببوون و ٥ کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها جگەلەمەیش لە جەنگى دژەتیرۆر و پرۆسەکانى ئازادکردنى عێراق و لەناوبردنى گرووپى تیرۆریستیى تاڵیبان و ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان، گومان دەکرێت کە چەکى بایۆلۆژى بەکارهاتبێت؛ کە ئەمەیش کاریگەریى هەیە لەسەر تەندروستى و ژینگەى ئەو ناوچانە و دانیشتووانەکەى.

هەروەها ڕووداوە سروشتییەکانى وەک تسۆنامى و لافاو و زریان و وشکەساڵى و بوومەلەرزە و  بوڕکان و ڕۆچوونى زەوى و ئاگرى دارستانەکان، ئەمانە هەمووى هەڕەشەی مەترسیدارن لەسەر تەندروستى و ئاسایشى مرۆیى. بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى، ساڵانە نزیکەى ٩٠ هەزار کەس بە هۆى ڕووداوە سروشتییەکانەوە دەمرن و جگە لەمەیش ١٦٠ ملیۆن کەس ساڵانە لە سەرتاسەرى جیهان کاریگەریى ڕاستەوخۆى ڕووداوە سروشتییەکانیان لەسەرە. بۆ نموونە زریانى کاترینا لە ساڵى ٢٠٠٥ و بوومەلەرزەکەى هایتى لە ساڵى ٢٠١٠ و بوومەلەرزەکەى ژاپۆن لە ساڵى ٢٠١١ کاریگەریى ڕاستەوخۆ و فراوانیان هەبوو لەسەر ئاسایشى تەندروستى و مرۆیى و ئابوورى و ژینگەى دانیشتووانى ئەو ناوچانە. بۆ نموونە بوومەلەرزە و تسۆنامیى ژاپۆن، زیانى بە وێستگەى ناوکیى فۆکۆشیما گەیاند، کە ئەمەیش بووە هۆى مەترسیى بڵاوبوونەوەى تیشکى ناوکى کە لە داهاتوودا کاریگەریى لەسەر تەندروستى مرۆڤ دەبێت، بەتایبەتى بە زیادکردنى ئەگەرى تووشبوون بە نەخۆشییەکانى شێرپەنجە و هۆرمونەکان و لەدەستدانى بینین و سییەکان و هەناسەدان.

چوارەم: نەخۆشییە نەگوازراوەکان: بریتین لە قەڵەوى، نەخۆشییەکانى دڵ و فشارى خوێن و شەکرە و ئەوانى تر: ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى، نەخۆشییە نەگوازراوەکان ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ئەمانە بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان دادەنێت کە پێچەوانەى نەخۆشییەکانى وەک ئایدز و ئەنفلەوەنزاى بەراز و ئیبۆڵایە، چونکە بە ئاسانى لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر ناگوزارێتەوە، ئەم نەخۆشییانە زیاتر لە ئەنجامى بۆماوەیى و فیزیۆلۆژى و ژینگەیى و هەڵسوکەوت و ستایلى ڕۆژانەى مرۆڤەوە سەرهەڵدەدەن. ئەوەى کە نەخۆشییە نەگوازراوەکان لەوانى تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە مەترسى هەیە بۆ سەر ژیانى هەموو مرۆڤێک بەبێ جیاوازیى کۆمەڵە و ئایین و وڵات. هەرچەندە زۆرجار وادەخرێتە ڕوو کە نەخۆشییە نەگوازراوەکان پەیوەندییان بە تەمەنەوە هەیە، بەڵام ئامارەکان وا دەرى دەخەن کە ١٥ ملیۆن کەس لەوانەى کە بە هۆى نەخۆشییە درێژخایەنەکانه‌وه‌مردوون، تەمەنیان لە نێوان ٣٠ ساڵى بۆ ٦٠ ساڵیدابووه‌. هەروەها ڕێژەى ٨٥%ی ئەو کەسانە لەو وڵاتانە بوون کە داهاتیان لەنێوان کەم بۆ مامناوەنددایە و هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ خۆراکى ناتەندروست و وەرزشنەکردن، جگەرەکێشان و خواردنەوە کحوڵییەکان زیاتر لەو ڕێژەى کە ڕێگەپێدراوە. خواردنى خۆراکى ناتەندروست و وەرزشنەکردن لە هەر کۆمەڵگه‌یەک بێت، ڕۆژهەڵاتى یاخود ڕۆژاوایى، وڵاتانى پێشکەوتووى ئەوروپا و ئەمریکا یاخود وڵاتانى تازەگەشەسەندووى ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، یەک مەترسى و کاریگەریى هەیە بۆ دروستبوونى نەخۆشییەکانى وەک پاڵه‌په‌ستۆى خوێن، شەکرە، نەخۆشییەکانى دڵ و قەڵەوى و، دەبنە هۆکارى سەرەکى بۆ مردنى پێشوەختەى مرۆڤ.

بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى، ساڵانە ٤١ ملیۆن کەس بە هۆى نەخۆشییە درێژخایەن و نەگوازراوەکانه‌وه‌ دەمرن، کە ئەمەیش ڕێژەى ٧١%ی کۆى گشتیى حاڵەتەکانى مردن پێک دەهێنێ. هەروەها ١٧,٩ ملیۆن کەس بە هۆى نەخۆشییەکانى دڵ و، ٩ ملیۆن کەس بە هۆى نەخۆشییەکانى شێرپەنجە و،٣,٩ ملیۆن کەس بە هۆى نەخۆشییەکانی سیەکان و، ١,٦ بە هۆى نەخۆشییەکانى شەکرە گیانیان لەدەست داوە.باشترین ڕێگه‌ بۆ کەمکردنەوەى نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بڵاوکردنەوەى هۆشیاریى تەندروستییە دەربارەى مەترسییەکانى ئەو نەخۆشییانە، بەتایبەتى لەنێو چینى گەنجان و منداڵان بۆ خۆبەدوورگرتن لە خواردنى خۆراکى ناتەندروست. ژمارەیەک وڵات ئـێستا ڕێنماییى تایبەتیان هەیە سەبارەت بە ڕیکڵام بۆ خواردەمەنییە ناتەندروستەکان.وڵاتى مەکسیک یەکێکە لەو وڵاتانەى کە دانیشتووانەکەى بە ڕێژەى ٧٠% کێشیان زیادە، بۆیە لە ساڵى ٢٠١٤ باجى زیاتر خراوەتە سەر خۆراکە ناتەندروستەکان و ئەمەیش تا ڕاددەیەکى باش کاریگەریى هەبووە.

کێ دەتوانێت ئاسایشى تەندروستى بپارێزێت؟

یەکەم: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان:

بە هۆى ئەوەى کە پەتا و نەخۆشییەکان ڕەهەندێکى نێودەوڵەتییان هەیە و،ئەمەیش پێویستى بە هەماهەنگیى نێودەوڵەتى هەیە، بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێگه‌ى ئاژانس و ڕێکخراوەکانه‌وه‌، بەتایبەتى ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى و ڕێکخراوى یونیسێف، ڕۆڵێکى گرنگ لە پاراستنى ئاسایشى تەندروستى لە سەرتاسەرى جیهاندا دەبینێت. هەروەها چەندین سندووقى جیهانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشی و پەتا کوشندەکان دانراون، وەک: سندووقى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشییەکانى ئایدز و سیل و مەلاریا. ئەنجومەنى گشتیى ڕێکخراوى تەندروستیى جیهانى لە مانگى مایسى ٢٠١٤ بڕیارێکى دەرکرد بۆ کارکردن بە دانانى ئامانجى کەمکردنەوەى مەترسییەکانى نەخۆشیى سیل بە ڕێژەى ٩٥% لە ماوەى نێوان ساڵانى ٢٠١٥ – ٢٠٣٥؛ بە هەمان شێوە ڕێکخراوى ناوبراو ستراتیژییەکى ترى دانا بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى نەخۆشیى مەلاریا بەڕێژەى ٩٠% لە ماوەى نێوان ساڵانى ٢٠١٦ -٢٠٣٠. کۆمەڵەى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگى ئەیلوولى ٢٠١٥ ئەجێنداى پەرەپێدانى سەقامگیریى بۆ ساڵى ٢٠٣٠ پەسەندکرد، کە یەکێک لەو خاڵانەى کۆمەڵگه‌ى نێودەوڵەتى داوایکرد، کارکردن بوو بۆ نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشییەکانى ئایدز کە هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستیى گشتى.

دووەم: حکوومەتەکان:

بە هۆى ئەوەى کە بڵاوبوونەوەى پەتا و نەخۆشییەکان هیچ سنوورێک نازانێت، بۆیە هەموو وڵاتان بەبێ جیاوازى، مەترسیى گەیشتنى ئەو پەتا و نەخۆشییانە بە وڵاتەکانیان له‌ ئارادایه‌. زۆربەى داڕێژەرانى سیاسەت و سەربازیى وڵاتان ئامادەنین کە تەندروستیى گشتى بە ئاسایشى نیشتمانى ببەستنەوە، چونکە بەلاى ئەوانەوە پرسە تەندروستییەکان زیاتر پرسێکى ناوخۆیین و ئەوان زیاتر جەخت دەکەنەوە لەسەر پرسە تەقلیدییەکانى ئاسایش، وەک بڵاوبوونەوەى چەکى ناوکى. بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیەکى بەرچاو لە وڵاتان ستراتیژیى نیشتمانیى تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەى ئایدز و نەخۆشی و پەتاکانیان پەرەپێداوە، کە هاوکاریان دەبێت لە ڕووى ئامادەکاریى پێشوەختە و بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن و وەڵامدانەوە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندن و کەمکردنەوەى زیانەکانى ھەڕەشە تەندروستییەکان لە ڕووى ژمارەی قوربانیان و کاریگەرییە کۆمەڵایەتى و ئابوورییەکانه‌وه‌.

کۆبەند

ئێمە لەم بابەتەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئاسایشى تەندروستى،هیچى کەمترنییە لە ئاسایشى نیشتمانى و، بە کۆڵەگەیەکى گرنگى بوارى ئاسایشى مرۆیى بۆ وڵاتان لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوەدا دادەنرێت. کرۆکى ئاسایشى تەندروستى، واتە بوونى کۆمەڵگه‌یەکى تەندروست، چونکە بەپێچەوانەوە لایەنە کۆمەڵایەتى و ئابوورى و بەرەوپێشچوونەکان بەرەو داڕمان دەڕۆن. حکوومەتى هەر وڵاتێک بەرپرسیارێتییەکى مەزنى لە بوارى پتەوکردن و پاراستنى ئاسایشى تەندروستى دەکەوێتە سەرشان. هەرێمى کوردستان بە هۆى ئەوەى لە ڕووى هەڵکەوتەى جوگرافییەوە کەوتۆتە ناوچەیەک کەجه‌نگ و ئاڵۆزییەکان بەردەوامە و، هەروەها هاوردەکردنى کەلوپەلى خۆراکیى ناتەندروست و ماوەبەسەرچوو بەشێوەیەکى بەرچاوهەیە، بۆیە لە قۆناغى ئێستادا ئاسایشى تەندروستى لەژێر هەڕەشەدایە کە پێویستى بە بەرنامەیەکى ستراتیژى و گرنگ هەیە بۆ پتەوکردنى سیستەمى تەندروستى و بەرەنگاربوونەوەى مەترسى و هەڕەشەکان. ئامارەکانى تایبەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بەتایبەتى نەخۆشییەکانى شێرپەنجە بە هەموو جۆرەکانییەوە ڕوو لە هەڵکشانە لە هەرێمى کوردستان کە ئەمەیش جگە لە ژینگە، سەرچاوەکانى خۆراکى ناتەندروست کاریگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر بەرزبوونەوەى ئەو ڕێژەیە هەیە. ئاسایشى تەندروستى، تەنیا پەیوەندیى بە وەزارەتى تەندروستییەوە نییە بەڵکوو په‌یوه‌ندیی به‌ کۆمپانیاکانى بوارى خۆراک و دەرمان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى و پەروەردە و زانکۆکانیشه‌وه‌ هەیە؛ واتە پێویستى بە بوونى هەوڵێکى گشتگیر و هەمەلایەنە و بەرنامە و پلانى درێژخایەن هەیە.

 

سەرچاوەکان: