دامەزراندنی حکوومەتی پەرەسەندنگەرا؛ ڕێچاری بەهێزبوونی باشووری کوردستان

محه‌مه‌د کەریمخان، دەرچووی قۆناغی دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پوختە

ڕاچڵەکینی وڵاتانی بەجێماوی جیهانی سێیەم و هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە هەواری پەرەسەندن، بۆتە بابەتێکی گەرمی ئەوڕۆیی لە نێو بژاردەکانی زانکۆیی و دەوڵەتی؛ بە جۆرێک کە هەر وڵاتەی بەپێی توانا و قەبارەی خۆی کاری سیاسەتدانان بۆ ئامانجگه‌ی پەرەسەندن دەکات. باشووری کوردستان لە دوای کەوتن و هەستانی زۆر، هەست بە کەلێنی دواکەوتوویی دەکات و کەڵکەڵی پەرەسەندن بۆ بژاردە ئه‌کادیمییەکانی بۆتە پرس. هەروەها بژاردە دەوڵەتییەکانیشی لەم بابەتە بێئاگا نین و کەم و زۆر نموونەی کاری پەرەسەندن لە ئاسۆی وتار و دروشمی دامەزراوەکانی حکوومەت دەبینرێ. یەکێک لەو نیشانانە بڕیاری بەهێز بوونە. بەڵام لە دیدی ئەم وتارە جاڕدانی حکوومەتی بەهێز، دروستکردنی حکوومەتی پەرەسەندنگەرای گەرەکە و گەیشتن بەم ئامانجگه‌یە بەپێی توانا و پۆتانسیێلەکانی کوردستانی میکانیزمی سیاسەتیی دەوێ. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت حکوومەتی کوردستان بە تیۆری دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا ئاراستە بکرێت، بەڵکوو بگەینە پاڕادایمێک بۆ دامەزراندنی حکوومەتی پەرەسەندنگەرا. پرسیاری سەرەکیی پرسەکە ئەوەیە، ئایا حکوومەتی کوردستان چۆن دەتوانێ بەهێز بێ و بگاتە کەناری پەرەسەندن؟ بەپێی وەڵامی گریمانەیی، دانانی حکوومەتی پەرەسەندنگەرا ئامانجگه‌ی باشترژیان دیاری دەکات و ڕێخۆشکەرە بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانیشی. ئەم وتارە بە تیۆریی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا چوارچێوەدار دەکرێ و میتۆدی کار بە شێوەی شیکاری و نزیککردنەوە دەبێ.

وشە سەرەکییەکان

دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا، سیاسەتدانان، حکوومەتی کوردستان

پێشەکی

ڕوونە کە پەلهاوێژیی بابەتی پەرەسەندن و سەرکەوتنی وڵاتانی پەرەسەندوو و، سەرەکی بوونی ئابووری و پسانی پەتکی بەجیهانیبوون زۆرێک لە ئایدیۆلۆژییه‌ تەسک و حەماسییەکانی تووشی تەزین و بەستن کردووە. بۆیە بابەتگەلی وەک پەرەسەندن و باشترکردنی ژیانی ڕاستەقینە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئومێد بە ژیان، دەتوانێ جێگه‌ی ئایدیۆلۆژییه‌ زبر و ڕەقه‌كان بگرێتەوە. لە زۆر شوێندا دەبینین کە، ئایین و ئایدیۆلۆژییش دروشمیان بۆتە پەرەسەندن، ئابوورییەکی بەهێز و پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەم ئەزموونە ئەوەندە سەرکەوتوو بووە کە تەنانەت هەندێک وڵاتی دواکەوتووویش بە ئیرادەی پەرەسەندنگەرایی، لەناو جغزی جیهانی سێیەم دەرچوون. یەکێک لە کلیلە سەرەکییەکانی ئەم دەرچوونە، دروستکردنی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرایە بەپێی زەمین و زەمان. دیارە کە وڵاتانی جیهان بۆ پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی وەک یەک نەبوونە؛ هەر ناوچە و کۆمەڵگه‌یەک تایبەتمەندیی جوگرافی، مێژوویی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە و هەر یەکەو بە شێوەیەک هەڵدراونەتە (ئەم چەمکە لە هایدگه‌ر وەرگیراوە) سەر ئەم وشکاییە؛ بۆیە هەر یەکەو بەپێی ئێگزیستانسیێل و قەبارە و هەڵگرتەی خۆی و بە شێوازی تایبەت بە خۆی دەتوانێ دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا دامەزرێنێ.

یەکێک لە گرفتەکانی وڵاتانی شکستخواردووی مەیدانی پەرەسەندن ئەوە بووە کە بەبێ ئەوەی بەستێنی کۆمەڵایەتی و هزری وڵاتانی جیهانی یەکەم هه‌ڵسه‌نگێنین و بسەرنجێنن، کار و بەرنامەی ڕۆژاواییەکانیان ڕاستەوخۆ کۆپی دەکرد و لە دەرەنجامدا تووشی تەناش و تەشەر دەبوون، یان ئەگەر زۆر شاکاریان کردبا، دەگەیشتنە مۆدێرنیزمێکی فیزیکی و ڕواڵەتی؛ واتا نەیاندەتوانی بگەنە ماک و هێوێنی مۆدێرنیتە. لە بەرانبەردا ئامرازی بژاردە ژیر و بژاردەکانی پەرەسەندنگەرای هەندێ لە وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەوە بوو، کە بە ئامراز و زانستی سیاسەت دەستیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا هەڵکرد و پەرەسەندنیان لە دەروونەوە دەست پێ کرد و دواجار دەرەنجامی گەشی پێوە بوو.

لەم دەلاقەوە باشووری کوردستان سەرباری هەموو گرفتە سیاسی و سیاسەتییەکانی دوو ئامانجگه‌ی گەورەی هەن بۆ ئەوەی بگاتە ئامانگای ئارام: یەکێکیان بەهێزبوونی حکوومەتی کوردستانە و ئەوی دیکە ئامانجی گەیشتن بە سەربەخۆییە. ئەگەرچی دەوڵەت و حکوومەتداری دوو شتی لێکجیاوازن بەڵام هەردووکیان کاریگەری و کارلێکیان لەسەر یەکتر هەیە و دەبێ بە حکوومەتدارییەکی پەرەسەندنگەرا و ئامانجدار بەستێنی سەربەخۆیی وڵات دابڕێژرێ. بێ گومان ئەرکی حکوومەتی کوردستان زۆر قورسترە لە چاو وڵاتێکی سەربەخۆ؛ چونکە وڵاتانی سەربەخۆ کەڵکەڵی سەربەخۆییان نییە و تەنیا پێشکەوتن و خۆشتر ژیانیان گەرەکە. بەڵام حکوومەتی کوردستان جگە لەم ئامانجانە، دەبێ بە ئامرازی پەرەسەندن ڕێ بۆ سەربەخۆییش خۆش بکات. لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێ کە ئایا حکوومەتی کوردستان بۆ گەیشتن بە دوو ئامانجگه‌کەی، دەبێ چی بکات و چۆن هەنگاو بنێ؟ ئایا لەبەر ئەوەی باشووری کوردستان سنووری دیاریکراوی فەرمیی لەگەڵ عێراقی داگیرکەر نییە و سەربەخۆ نییە، دەبێ دەست لەسەر دەست دابنێ و کار بۆ پەرەسەندن نەکات؟ وەڵام ئەوەیە کە حکوومەتی کوردستان جگە لە پێشکەوتن و پەرەسەندن ڕێچارەی دیکەی نییە.

هەرچەندە پەرەسەندنی کوردستان لە دۆخی جیۆپۆلیتیکی، جیۆئیکۆنۆمیکی و ستراتیژیکی کارێکی ئەستەمە و شان و پیلی بەهێزی دەوێ. وێڕای ئەم دۆخە نالەبار و لەرزۆکەیش حکوومەت بڕیاری چاکسازی و بەهێزبوونی داوە و کۆمەڵێک پۆتانسیێلی هەن کە دەتوانێ بە کەلک وەرگرتن لە زانستی سیاسەتدانان و بژاردە ئه‌کادیمییەکان باشتر کار بکات. بەم کەرەستانەی لەبەردەستن پرسیارێکی سەرەکی دێتە پێش، ئایا حکوومەتی کوردستان چۆن دەتوانێ بەهێز بێ و بگاتە کەناری پەرەسەندن؟ وەڵامی گریمانەیی ئەوەیە کە حکوومەتی پەرەسەندنگەرا ئامانجگه‌ی باشترژیان دیاری دەکات و ڕێخۆشکەرە بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانیش. هەروەها پرسیاری لاوەکی ئەوەیە کە ئایا حکوومەتی کوردستان بۆ بەهێزبوون، دەبێ بە کام ئامراز و چۆن کار بکات؟ لە ڕاستیدا باشووری کوردستان دەبێ لە ڕێگەی بژاردە زانستییەکانی و بە ئامرازی زانستی سیاسەتدانان ڕێگه‌ی پەرەسەندن دیاری بکات. ڕەنگە ئەم دوو ئامانجە بەدوور بزانرێت بەڵام وەک دیارە پەرەسەندن بۆ باشتربوونی ژیانە و دەتوانێ پایەداریی ئابووری و سەقامی سیاسی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی بچنێ. پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەڵایەتیش کوردستانییان وشیار دەکاتەوە و خەباتی سەربەخۆییخوازانەیان بە شێوەیەکی زانستییانە که‌ناڵیزە دەکات. بۆیە حکوومەتی کوردستان جگە لە دامەزراندنی حکوومەتێکی پەرەسەندنگەرا بەردەبازێکی دیکەی نییە.

چوارچێوەی تیۆری

تیۆریی زانستی، پاڵپشتی لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەكانه‌، بۆیە بە پشتبەستن بە تیۆریی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا ئەم وتارە لەقاڵب دەدرێ. لە ڕاستیدا دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا چوارچێوەیەکی تیۆریی فۆرمۆلەکراوی هەیە و، دەکرێ ئەم تیۆرییە بەپێی دۆخی تایبەتی شل و پەیتیی پێ بکرێ، بێ ئەوەی فۆڕم و پرەنسیپە سەرەکییەکانی تێک بچێ. ئەم تیۆرییە نەک هەر بۆ دەوڵەتە گەورەکان شیاوە بەڵکوو بۆ دەوڵەتە ناوچەیی و بچووكه‌كانیش گونجاوە. (کاک حمد، 1397) بەتایبەتی ئێستا کە چەمکی وەک "بچووک جوانە" (شوماخێر، 1389) هاتۆتە ناو بابەتە سیاسییەکان، دەکرێ حکوومەتی کوردستانیش کەڵک لەم تیۆرە وەرگرێ و بیکاتە سەرمەشقی پەرەسەندن. بەگشتی تیۆری دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا، دەیەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە بۆچی وڵاتانی هەبوو و نەبووی جیهانی سێیەم وەک یەک لە پەرەنەسەندندا خاڵی هاوبەشیان هەیە؟ وەڵام ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە سیاسەتی عەقڵانی و پەرەگەرایانەیان لاوازە بۆیە لە کەنداڵی دواکەوتووییدا ماونەتەوە. بابەتی پەرەسەندن بابەتێکی سیاسی و سیاسەتییە، بۆیە پڕۆسەی پەرەسەندنیش پێویستی بە دامەزراوەی دەوڵەتی و سیاسەتی هەیە. لەم بارەیەوە بۆچوونی ماکس ڤێبه‌ر جێی هەڵوەستەیه‌. ڤێبه‌ر پێی وایە کە دەوڵەت بەهێزترین دامەزراوەیە لەناو کۆمەڵگه‌دا. (نش، 1384: 29) دەتوانین ڕیشەی تیۆریی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا لە بۆچوونەکانی فرێدریک لێپسیت و کارل مارکس ببینین. (لێفت ویچ، 1385: 244) هەروەها نموونەی کلاسیکیی دەوڵەتی پەرەسەندووگەرا لەناو کاری بیسمارک دەبینرێ. (Bagchi, 2000: 412) وڵاتی ئینگلیز لە ڕۆژاوا و ژاپۆن لە ڕۆژهەڵات نموونەی ئەم جۆرە دەوڵەتانەن. ساموێل هانتینگتۆن، بوونی دامەزراوەیەکی بەهێزی بیرۆكراتیكی پەرەخواز بە گرینگترین هۆکاری پەرەسەندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادەنێ. (دلفروز، 1393: 50) ئەوەی کە بۆتە جێی سەرنجی تیۆریسییەنەکانی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا ئەوەیە، کە بۆچی هەندێ وڵات کە نرخی گەشە و نمۆیان زۆرە هەروەک ئەو وڵاتانە وەستاون کە نرخی نمۆیان نزمە.

دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا لە دیدگا‌ی ئادریان لێفت ویچ

لێفت ویچ پێی وایە دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا دەوڵەتێکە تێیدا سیاسەت بە شێوەیەکە کە دەزگا‌ی سیاسەتی ناوەندیی دەبێ ئیرادە، هێز، سەربەخۆیی، توانایی، ڕەوایی، پەسندایەتیی هەبێ بۆ ئەوەی بچێتە واری پەرەسەندن و، توانا و سەرچاوەکانی خۆی بۆ کاناڵی پەرەسەندن تەیار و تۆکمە بکا. (Left wich, 2006: 63) یەکێک لە کارە بنچینەییەکانی دروستکردنی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا ئەوەیە کە ئامانجە سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ دامەزراوەییه‌كانی خۆی، بەتایبەتی بیرۆکراسییەکانیان بە ئاراستەی پەرەسەندن بخاتە ڕێ. (Castells.1992, pempel.1999) دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەناو ئەدەبیاتی پەرەسەندندا ئەم دەوڵەتە دوو ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیک و پێكهاته‌ییی هەیە. هایامی پەرەسەندن بە ئایدیۆلۆژی دادەنێ و پەرەسەندنی ئابووری بە بەهاتر لە بەهای ماددی دادەنێ کە دەبێتە هۆی متمانە و ئاسایشی نەتەوەیی. (هایامی، 1380: 270) لەم ئاستە هزرییەدا، دەبێ هەموو بژاردەکانی وڵات بتوانن دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیک دروست بکەن و پڕۆژەی پەرەسەندن بەپێی لێکدانەوەی گرامشی ببێتە پڕۆژەیەکی هێژموونیک و، هەموو ئەکتەرە سەرەکییەکانی وڵات پەیڕەویی لێ بکەن. وزە و هێزی ئایدیۆلۆژیی پەرەسەندن زیاتر بە ناسیۆنالیزم دێتە دی بۆ ئەوەی هانگە و هاندەرێک بێت بۆ گەیشتن بە وڵاتانی پەرەسەندوو. (دلفروز، 1393: 54) یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی دەوڵەتانی پەرەسەندنگەرا ئەوەیە کە ئامانجەکانی سیاسی و پێكهاته‌ دامەزراوەییه‌كانیان دەچنە ژێر کاریگەریی پاڵنه‌ر و هانده‌ره‌ ئابوورییەکان، بەپێچەوانەوە ئامانجەکانی ئابوورییان دەچنە ژێر کاریگەریی مەبەستە سیاسییەکانیان. لە ڕاستیدا هۆکارە سیاسییه‌كان دیاریکەری خێرایی، هێز و ستراتیژیی پەرەسەندنە. لە کەنار ئەم تایبەتمەندییانە هێزی سەربازیش بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان پێویستە. (Leftwich, 2004: 62-63; Stubbs, 1999) گرینگترین ئامرازی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا ئەوەیە کە دەبێ بژاردەکانی پەرەسەندووساز لە بەرانبەر کۆمەڵگه‌دا سەربەخۆ بن. دەوڵەتی بەهێز لەناو پڕۆسەی پەرەسەندندا تایبەتمەندییەکی ئەدەبیاتی مۆدێرنیزاسیۆنە. دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا دەتوانێ وەک دەوڵەتی پەرەسەندووگەرای ژاپۆن، سینگاپۆر و مالیزیا سیستەمی دیموکراسییان هەبێ. لەم دیموکراسییانەدا حزبی پەرەخوازی دەسەڵاتدار بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەبێ ڕکابەر کایەی کردووە، یان خاوەنی هاوپەیمانی و یه‌كێتی بوون، هەروەها یەک ئامانجی پەرەسەندنیان هەبووە.

ڕەگەزەکانی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا

تیۆریی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا هەندێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ دەبێ بژاردە پەرەگەراکان ئەم تایبەتمەندییانە بناسن. ئەم تایبەتمەندییانە بەپێی دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی جێی هەڵوەستەن؛ هەر ئەو تایبەتمەندی و جیاوازییانەیش وایان کردووە تیۆریی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرای نه‌وه‌ی یەکەم وردە وردە بگاتە دەوڵەتی پەرەسەندنگەرای دیموکراتیک و لەگەڵ پاڕادایمی حوکمڕانیی باش لێک نزیک ببنەوە. لێرەدا پێویستە هەندێ تایبەتمەندیی جەوهەری و ڕێسایی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا بخرێنە ڕوو:

بژاردەی پەرەسەندووخواز: زانستی سیاسی، پڕە لە بابەتگەلی ئێلیت و بژاردەگەرایی. فەرهەنگی کۆمەڵگه‌کانی جیهانی سێیەم وایان ویستووە کە هەمیشە هێزی بژاردەی کاریزما جڵەودار و ڕێبەری ئامانجە دوورمەودا و مەزنەکان بێت. واتا زۆربەی وڵاتانی پەرەسەندووگەرا لە ڕێگەی بژاردە و ئێلیتە کاریزماتیکەکان ڕێنوینی کراون. (لفت ویچ، 1385: 252) تایبەتمەندییەکی بژاردەی پەرەسەندووخواز ئەوەیە کە زۆر ناسیۆنالیستن. هەروەها دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ئاستی بیرۆکراسیی باڵادا بەهێواشی ئەنجام دەدرێ. ئەم بژاردانە بەتوندی ڕێگه‌ی پەرەسەندن دەگرنە بەر و پایبەندن بە پەرەسەندنی ئابووری و گۆڕانی کۆمەڵایەتی. ئەم بژاردانە کەمتر گەندەڵن و لە هەوڵی دامەزراوەسازیدان. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم بژاردانە، بوونی جۆرە ئۆلیگارشی و کەمینەسالارییە کە پێک دێ لە بژاردەکانی هزری، بیرۆكراتیك و تەکنۆكرات.

سەربەستیی ڕێژەیی دەوڵەت: یەکێک لە مەرجەکانی دانانی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا، بوونی ئاستێکی زۆری سەربەخۆیی دەوڵەتە. واتا دەبێ دەوڵەت و دەوڵەتمەداری پەرەخواز لە بەرانبەر پێكهاته‌ کۆمەڵایەتی و کەلتوورییه‌كاندا سەربەستانە کار بکات. تایبەتمەندیی هاوبەشی دەوڵەتانی پەرەسەندنگەرا سەربەستیی دەوڵەت و دامەزراوەکانییەتی لە بەرانبەر کۆمەڵگه‌دا. ئەمە بە مانای جودایی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ نییە، بەڵکوو دەوڵەت بە پاراستن و ڕاگرتنی مەودا و جۆرێک لە هاوسەنگی لەگەڵ کۆمەڵگه‌ و بازاڕ، بەرەو ئامانجەکانی پەرەسەندن هەنگاو دەنێ.

دەسەڵاتی بیرۆکراتیک: پەرەسەندگەرایی پێویستی بە دامەزراوەی سیاسییانه‌ و کارزانی دەسەڵاتدار هەیە. هەر وڵاتێک سیاسەتی پەرەسەندنی چنیبێ، دامەزراوەی سەربەخۆی پەرەسەندنی دامەزراندووە. دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا دامەزراوەی وەک ناوەندی باڵای فەرماندەییی ئابووریی هەیە کە لەناو کاناڵی پەرەسەندندا وەک دەسەڵاتی ئاراستەکەر بزاوت دەکا. دامەزاروەی وەک گرووپی بەرنامەڕێژی ئابووری لە کۆریا و MIT لە ژاپۆن و دەستەی پەرەسەندن لە سینگاپۆر لەناو دەوڵەتانی پەرەسەندووگەرادا بە دەسەڵاتی بیرۆکراتیک و ڕەها بۆ پێشکەوتن دێنە ژمار و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەڕێوەبردنی ئەم دامەزاروانە شایستە پێوەر بوونی بژاردە هەڵبژێردراوەکانە.

کۆمەڵگەی مەدەنیی کۆنتڕۆڵکراو: گرووپەکانی وەک خانەوادە، سەندیکا، کۆمپانیا، ڕێکخراوەکان و... بە پێکهێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنرێن. تایبەتمەندیی دەوڵەتەکانی پەرەسەندنگەرا ئەوەیە کە تێیدا کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەیەکی بەهێز دەرناکەوێ، یان لە لایەن دەوڵەت کۆنتڕۆڵ و ڕێنوێنی دەکرێن؛ لە ناو زۆربەی دەوڵەتانی پەرەسەندنگەرادا کۆمەڵگەی مەدەنی تامی ژێردەستی و کۆنتڕۆڵ بوونی لە لایەن دەوڵەت چێشتوە. بۆ وێنە لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی پەرەسەندووگەرا لە بۆتسوانا، ئیندۆنیزیا و کۆریای باشوور، کۆمەڵگەی مەدەنی، بەهێز و سەربەست نەبوو و لە لایەن دەوڵەتی پەرەسەندنگەراوه‌ سەرەڕێ و ڕاستەڕێ دەکرا. (Molutsi, Holm, 1990: 327) دوای پتەوبوونی پایەکانی پەرەسەندن کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز دەبوو، دەبووە ڕکابەری دەوڵەت و گوشارەکان بۆ دیموکراتیزاسیۆن بەهێز دەبوون (بۆ وێنە لە کۆریا دوای ساڵی 1980). ئەم گوشارانە زیاتر لە لایەن دەستەی وەک زانستخوازان، پسپۆڕان، بەڕێوەبەرەکان کە بەشی سەرەکیی کۆمەڵگەی مەدەنییان پێک دەهێنا سەری هەڵدا. کاتێک کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپەکانی ڕکابەر بەهێز دەبوون کە پێكهاته‌ی کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات گۆڕانێکی بەرچاوی بەخۆوە دیتبا. (لفت ویچ، 1385: 258) دەتوانین بڵێین دەوڵەتانی پەرەسەندنگەرا لە کەلێنی نەبوونی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ئامانجەکانی پەرەسەندنیان بەرەو پێش دەبرد. (بدیع و پی یر بیرن، 1392: 21) هەرچەندە پەیوەندیی ئەرێنی لە نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرەسەندنگەرایی هەیە و پەیوەندیی ئۆرگانیک لە نێوان دیموکراسی و پەرەسەندندا هەیە و کۆمەڵگەی مەدەنی توانیویەتی پەرە بە پەرەسەندنی ئابووری بدات؛ ئەمەیش لەناو دەوڵەتی پەرەسەندنگەرای نه‌وه‌ی نوێدا جێی باسە.

بەستێنی نێودەوڵەتی: یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی پەرەی دەوڵەتەکانی پەرەسەندنگەرا، بەتایبەتی دەوڵەتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەستێنی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتانەیە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم. پێشتر ئەو بەستێنە لە هەندێ وڵاتدا لە دەرەنجامی میراتی کۆڵۆنیالیزم وەدی هاتبوو، بەڵام ئێستا دۆخی نێونەتەوەیی تووشی گۆڕان و ئاوەژووبوونەوە هاتووە. پێشتر ئەو بەستێنانە بریتی بوون لە: میراتی ئیستیعماری، بزاوتەکانی پەرەسەندنی ناوچەیی و هەرێمی، ترسی پەلاوێژیی کۆمۆنیزم لەناو هەلومەرجی جەنگی سارد (بۆیە ئەمریکا هاوکاری پەرەسەندنی وڵاتانی وەک کۆریا و ژاپۆن بوو)، دۆخ و کەشی لەبار بۆ نفووزکردنە ناو بازاڕ لە سەردەمێکدا کە هێشتا کەشی ڕکابەری و ئابووریی ئازاد لە ئارادا نەبوو، نەبوونی گوشار لە لایەن دامەزراوەی دارایی وەک بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی نێودەوڵەتیی پارە، زاڵنەبوونی گوتاری مافی مرۆڤ و دیموکراسی لەو سەردەم. (دلفروز، 1393: 68) شایانی باسە دۆخی لەباری نێودەوڵەتی بەتەنیا نابێتە هۆی پەرەستێنی، چونکە زۆرێک لە وڵاتان وێڕای هەبوونی ئەو ده‌رفه‌ته‌یش، هەڵەیان کرد و پەرەیان نەسەند.

بە پێوەری تیۆریی دەوڵەتانی پەرەسەندنگەرا، ئەو ئامرازەی حکوومەت بۆ ڕێگه‌ی پەرەسەندن که‌ناڵیزە دەکات زانستی سیاسەتدانانە. لەم سەردەمەدا بەپێی ئاگاییی کۆمەڵگه‌کان، هاتنی کۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان (چەندنەتەوەییەکان)، بەجیهانیبوون، بابەتی ژینگەیی، مافی مرۆڤ، هاوکاریی نێوده‌وڵه‌تی، دروستبوونی ناوچەی فیدراسیۆنی وەک ئەوروپا و سازبوونی ناوچەگەلی فیدڕاڵ و دەوڵەتانی ناوچەیی و...، دەبێ دەوڵەتانی پەرەسەندنگەرا بەپێی زانستی کۆمەڵناسی، خۆیان بەڕۆژ (ئه‌بدێت) بکەنەوە و شێوازی پەرەسەندنگەراییان بۆ دەوڵەتی پەرەسەندنگەرای دیموکراتیک بگۆڕن. هەر بۆیە ئێستا دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا لەناو پاڕادایمی حوکمڕانیی باشدا هاتۆتە سەر زار و زمان. ئەم ڕەهەندبینی و کارە زانستییە، پێویستی بە زانستی سیاسەت هەیە.

ئامرازی سیاسەتی، مێتۆدی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا

دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا پێویستییەکی سەرەکیی هەیە، ئەویش گەڕانەوەی زانستی سیاسەتە بۆ پڕۆسەی پەرەسەندنگەرایی. سیاسەتدانان زانستێکە کە کاری دەوڵەتیی بە ئامانجێکی دیاریکراو بۆ کاتێکی دیاریکراو بە دیدێکی هەمەڕەهەنده‌وه‌ دادەڕێژێ. (ملک محمدی، 1394: 5) هەروەها ئەو ئامرازە گرینگەیە کە وەک سووکانی گەیشتن بە ئامانجگه‌کان بەدەر لە زانستی پسپۆڕی و تەکنیکی بە هەموولابینی و لێزانی بە زانستە پەیوەندارەکانی دیکە کارێک بەڕێوە دەبات. یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازی و شکستی بەرنامەکانی دەوڵەت، لاوازیی زانستی سیاسەتدانانە؛ واتا دەوڵەتەکانی پەرەنەسەندوو بە دیدگه‌یەکی تەواو پسپۆڕگەرایی، درێژ و تەسکبینی و بەبێ سەرنجدانە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکان و قووڵبوونەوە کار دەکەن. یەکێک لە هۆکارەکانی پرسی حوکمڕانی لە کوردستان، کزبوونی زانستی سیاسەتدانان و نەبوونی دیدگه‌ی پەرەسەندگەراییە؛ لە کاتێکدا ئەگەر باشووری کوردستان بیەوێ بگاتە حکوومەتێکی بەهێز، پێویستە ئه‌وله‌وییاتی، داڕشتنی سیاسەتی پەرەسەندگەرایی بێت و ببێتە حکوومەتێکی پەرەسەندنگەرا. بە زمانێکی دیکە ئەگەر حکوومەتی کوردستان بیەوێ بە هێزەوە بگاتە ئامانجە سیاسییەکانی، پێویستە خۆی بۆ پەرەسەندنی پایەدار تەیار بکات.

باشووری کوردستان وەک حکوومەتێکی پەرەسەندنگەرا

وەک گوترا، دەکرێ تیۆریی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا بۆ هەر ناوچەیەک دابنرێ تەنانەت ئەگەر گرفتی سنوور و سەربەخۆییشی هەبێ. کۆمەڵگه‌ی کوردستان پێویستی بە باشتربوونی ژیان و پێشکەوتنە و، دەبێ ڕێژەی ئومێد بە ژیان تێیدا بەرز بکرێتەوە. حکوومەتی کوردستان کە دامەزراوەیەکی فەرمی و سیاسەتدانەرە و هەندێک توانا و پۆتانسیێلی هەن کە دەبێ بە ئانالیز و زیانناسی (پاتۆلۆژی)ی سیاسەتەکانی ڕابردوو بچێتە ناو کاناڵی پەرەسەندن و بە ڕێدۆزی پەرەسەندنگەرایی ڕێی سەرکەوتن و پێشکەوتن بدۆزێتەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا حکوومەتی کوردستان دەتوانێ تیۆریی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا پراکتیکی بکا؟ بەپێی دۆخی تایبەتی و تواناکان، کوردستان دەتوانێ ببێتە حکوومەتێکی پەرەسەندنگەرا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا. تەنانەت دەتوانێ وەک نموونەیەکی تاقی کراوەی حکوومەتی هەرێمی پەرەسەندنگەرا، ببێتە نموونەی حکوومەتی ناوچەییی پەرەسەندنگەرا. لێرەدا دەتوانین هەندێ ڕەگەزی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا بۆ حکوومەتی کوردستان دابنێین.

بژاردەکانی حکوومەتی پەرەسەندنگەرای کوردستان: بە چاوێکی واقعبینانە سووکاندار و دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەتوانێ دروشمی بەهێزبوون بە میکانیزمی پەرەسەندن بگەیه‌نێتە جێ. ئەم کارە لەناو دۆخی فەرهەنگیی سوننەتیی کورددا بەبێ هێز و وزەی کاپتنێکی کاریزمایی لێزان ئەستەمە. بێ گومان کادیرانی دەوڵەت و وەزیر و بەڕێوەبەرەکان دەبێ بە هزری پەرەسەندنگەرایی ئاشنا بکرێن و هەموویان بەم ئامانجە کار بکەن. تەنانەت کاندیدی حزب و لایەنەکانیش دەبێ بە مەرجی پەرەسەندنناسی بێنە ناو کاری دەوڵەتی. هەروەها پێویستە جیاوازی لە نێوان بژاردەی ئامرازی و بژاردەی هزریدا بکرێت. پێویستە ئۆلیگارشی، بژاردەی سیاسی بگۆڕێت بۆ ئۆلیگارشی بژاردەی سیاسەتزان؛ بژاردەی ئاکادیمی و زانستی کەڵکیان لێوەربگیرێت. زانکۆکانی بیانی و خۆیی پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەت بەهێز بێت. بۆ وێنە دەکرێ سوود لە بژاردە هزرییه‌كانی پارچەکانی دیکەی کوردستان وەربگیرێ کە لە زانکۆی وڵاتانی دەوروبەر پێ گەییون و ئه‌کادیمیی کوردی تێدا دروست بوون و لە ئاستێکی زۆر باشی زانستیدان؛ ئەم کەسانە بەبێ ئەوەی ئێمە بە پڕۆژەیەکی لاوازی وەک تواناسازی خەرجیان لێبکەین لە ئاستێکی بەرچاوتردان.

سەربەستیی حکوومەتی کوردستان: حکوومەتی هەرێم دەبێ ئاستی فەرهەنگیی پێكهاته‌ کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بباتە سەرێ بۆ ئەوی بتوانێ وەک دەسەڵاتێکی بیرۆکراتیک بەسەربەستی و ڕچەشکێنی کار بکات. هەروەها پێویستە هەندێک جار بە شێوازی بەرەبەرەیی و لە هەندێک شوێندا بە هێزێکی شۆڕشگێڕانە بەبێ ڕەچاوکردنی خواستە نەخوازراوەکان هەنگاو بنێ. دەبێ بۆ هاوسەنگیی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگه کار بکات‌. بۆ وێنە زۆر شتی باریك و ورد هەن کە حکوومەت دەتوانێ باوەڕە خوڕافی و خراپەکان بە زانستی هێرمنۆتیک و ئامرازی نوێگەرایی ئایینی چارەسەر بکات و تەنانەت توندڕەوی لە کوردستان بگەیه‌نێتە نزمترین ئاست.

دەزگه‌ی بیرۆکراتیکی مێتاسیاسی: حکوومەتی کوردستان پێویستیی بە دامەزراوەیەکی بان-سیاسی و گه‌وره‌ی پەرەسەندن هەیە؛ بە جۆرێک کە وەک حکوومەت لەناو حکوومەتدا بێت؛ بەپێی یاسای ناسراو و په‌رلەمانی، دەسەڵاتی خۆی هەبێ و بەرنامەی کورت و درێژخایەن دابڕێژێ. ئەم دامەزراوەیە دەبێ دامەزراوەیەکی مێتاسیاسی بێت و ڕووی سیاسەتی و زانستیی هەبێ. بۆ ئەوەی هەر وەزیرێک خەونێکی خۆی نەکاتە سیستەمی وەزارەتێک و چیتر بە ئامرازی هەوڵ و هەڵە نەتەزین، پێویستە کادیری هەر حزب و لایەنێکی سیاسی بە مەرجی پابەندبوون بە بەرنامەکانی دامەزراوەی پەرەسەندن بێتە ناو حکوومەت؛ واتا وەزیر تەنیا دەسەڵاتی میکانیزم و ڕێگه‌ی وەدیهێنانی بەرنامە گه‌وره‌ و به‌رفراوانه‌كانی دامەزراوەی پەرەسەندنی هەبێت.

کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی هاوتەریب: یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتووویی و لاسەنگیی دیموکراسی لە باشووری کوردستان ئەوە بوو، کە هەر لە سەرەتادا بەبێ سازبوونی بەستێنی دیموکراسی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی، سیستەمی دیموکراسی بێ هەبوونی فەرهەنگی لیبڕاڵی، کۆپی کرایە سەر کۆمەڵگه‌یەکی کلاسیکی. بە واتایه‌کی دیکە دیموکراسی و پێشکەوتن لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا شێوازێکی هەڵبژاردەیی و دەروونزای نەبوو، بەڵکوو بێ هەڵسەنگاندن و سه‌رنجاندن بە شێوەیەکی ئایدیه‌ڵیستانە و سەرمەستانە سەپێنرا. کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانیش لەناو ئەم مەغڵەمەیە سەری هەڵدا و لایەنە سیاسییه‌كانیش کەلکی ئامرازیی لێ وەردەگرن (وه‌ك ئامراز به‌كاری ده‌هێنن) و بۆ مەبەستی خۆیان به‌نه‌زانی و كاڵفامانه‌ دەکاری دەکەن. ئێستایش دەبێ ڕێکاری بەرزکردنەوەی ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنی بخرێتە بەر، دەنا سەربەستی و تاکڕەویی حکوومەت بە نادیدەگرتنی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژێردەستیی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی زیانبار دەبێ. ئەڵبەتە وەک گوترا لە سەردەمی بەجیهانیبوون و مۆدێرنیزاسیۆندا ناکرێ تیۆریی پەرەسەندنگەرایی بە میتۆدی کۆن و کاریزماتیک دەکار بخرێت، بەڵکوو دەبێ لە نێوان دیموکراسی و پەرەسەندن هاوسازی بکرێت. ئەم هاوسازییە بە پاڕادایمی حکومڕانیی باش (Good Governance) دەگاتە سەرەنجام.

بەستێنی نێودەوڵەتی: دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان وایە کە ئەمڕۆ وەک ئەکتەرێکی گرینگی ناوچەیی دەرکەوتووە و، کاریگەریی هەیە لەسەر هەڵسووڕان و کایە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست. تەنانەت ئێستا بابەتی ئاسایشیش لە دەستی دەوڵەتانی سەرەڕۆ هاتۆتە دەرێ؛ هەرێمەکانی وەک کوردستان، کۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان (چەندنەتەوەییەکان)، گرووپە ئازادیخواز و تەنانەت گرووپە توندڕەوەکانیش بوونەتە ئەکتەری گرینگی ئاسایشی. لەم ناوەدا حکوومەتی کوردستان وێڕای ئەو گرفت و فرەدوژمنیەی کە هەیەتی لە تەمرینی پێشکەوتن و دیموکراسیدا جێی ئومێدە. کوردستان لە ناوچەی پێکدادانی ئایدیۆلۆژییه‌کاندا جێگه‌یەکی تایبەتی هەیە و ئەگەر هاوتەریب بێت لەگەڵ دەسەڵاتی هێژموونی جیهانی، ڕەنگە بتوانێ زەمینەی هاوکاری بۆ پەرەسەندن ساز بکات.

خشتەی  1: ئاراستەی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا بۆ حکوومەتی پەرەسەندنگەرای کوردستان

 

تیۆریی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا

حکوومەتی پەرەسەندنگەرای کوردستان

بژاردەی پەرەسەندنگەرا

بژاردەی هزریی پەرسەندنخواز

سەربەستیی ڕێژەییی دەوڵەت

هێزی کاریزمایی دەوڵەتمەداران

دەسەڵاتی بیرۆکراتیک

دامەزاروەی مێتاسیاسیی پەرەسەندن

کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی کۆنتڕۆڵکراو

کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی هاوتەریب

بەستێنی نێودەوڵەتی

بەئەکتەربوونی باشووری کوردستان

 

دەرەنجام

لە ڕێرەوی پرسیار و وەڵامی ئەم نووسینەدا لەناو چوارچێوەی تیۆریی دەوڵەتانی پەرەسەندنگەرا، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە زانستی سیاسەت له‌ به‌راییه‌كان (ئه‌وله‌وییات)ی پەرەسەندنە و هێزی دەوڵەتی پەرەسەندنگەرا هێشتا کارایی خۆی هەیە؛ ئەم تیۆرە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نوێی جیهانی دەتوانێ بە ئامرازی سیاسەتی، خۆی بەڕۆژ بکاتەوە و بەرنامەی هەمەلایەنەی پەرەسەندن دابڕێژێ. بەپێی دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، حکوومەتی کوردستان لە دامەزراوەیەکی کلێشەیی و کۆن و لاسانەوە، بەپێی قەبارە و توانای خۆی ڕەنگە بتوانێ ببێتە حکوومەتێکی پەرەسەندنگەرا. وەڵامی مەتەڵی حکوومەتی بەهێزی بەردەوام تەنیا لەناو تەلەسکۆپی پەرەسەندندا دەبینرێ. دروستکردنی حکوومەتی پەرەسەندنگەرای کوردستان لە داهاتوودا دەتوانی ئامانجی سیاسی و پەرەسەندن بەیەکەوە بباتە پێش. هەروەها حکوومەتی کوردستان توانای مرۆیی و سیاسیی بۆ ئەم مەبەستە هەیە. یەکێک لە میکانیزمەکانی ئەم کارە دانانی دامەزراوەیەکی مێتاسیاسی و سیاسەتیی پەرەسەندنە کە بۆ ئەم قۆناغە بە پێویستییەکی گرینگ دادەنرێ. بۆ دانانی دامەزراوه‌یەکی لەم چەشنە، پێویستە کەڵک لە ئەڵقەی بژاردە هزری و ئه‌کادیمییە لێهاتوو و لێوەشاوەکان وەربگیرێ؛ هەروەها زانستی جێبەجێکردن بۆ ئەم کارە زۆر گرینگە. ئەگەر پەرەسەندنگەرایی ببێتە گوتاری گشتیی خەڵک و لایەنەکانی سیاسی و ببێتە کاری سەرەکیی حکوومەت، بێ گومان بۆ گرفتە ناوخۆییەکانیش ڕێگه‌ی عەقڵانی دەگیرێتە بەر.