دامەزراوەی سیاسەتدانانی ستراتیژیک و پەرەسەندنی کوردستان

محه‌مه‌د کەریمخان، دەرچووی قۆناغی دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

کورتە

سەرەکیترین بازگە و پازگەی پەرەسەندنی وڵاتانی پەرەخواز، گۆڕینی سیستەمی سیاسی و ئابووری بووە. ئەو گۆڕینە لە زۆربەی وڵاتانی هاوشێوەی ئێمە بەسەرکردایەتیی دامەزراوەیەکی زانستیی پەرەسەندووگەرا هاتۆتە دی. بەو ڕوانینەی کە حکوومەتی کوردستان لەسەر پایەی حکوومەتدارییەکی کۆن دەیەوێ بەهێز بێت و، بەهێزبوونیش بەبێ سیاسەتی پەرەسەندن نایه‌تە دی، یەکێک لە میکانیزمە سەرەکییەکانی دامەزراندنی حکوومەتی پەرەسەندنخواز، دانانی دامەزراوەیەکی زانستی و عەمەلگەرای بەهێزی بانسیاسییە. ئەم دەغدەغەیە پرسیاری میکانیزم و چۆنێتیی دامەزراندنی دەزگا‌یەکی پەرەگەرای سیاسەتیی و ستراتیژیکی وێنا کردووە. نووسینەکە بە گریمانەی ڕێچارەی دانانی دامەزراوەیەکی بەهێزی مێتاسیاسی و سیاسەتدانانی ستراتیژیک و پەرەسەندن دەچێتە خوارێ. بەرگە تیۆریی نووسینەکە تیۆریی دامەزراوەگەرایی دەبێ و میتۆدی کاریش شیکاری و بەراوردکارییە. بە قووڵبوونەوە بە پرسیار و وەڵامی سەرەکی، دەگەینە دەرەنجامێک و بەپێی دەرەنجام پێشنیاری لەجێ و بەجێ لەناو نووسینەکە بنەجێ دەکرێ.

سەرەتا

مەتەڵی ئەو گوتەیەی کە بۆچی هەندێ وڵات تیژ و خێرا بەرەو پەرەسەندن غاریان دا و هەندێکیان لە جێی خۆیان چەقین، بۆتە دەغدەغەی زۆرێک لە زانایانی سیاسیی جیهان و، جیهانی سێیەمیان پێ شەنوکەو کردووە. هەندێکیان وێستگە و ویستگای مێژوویییان بە هۆکار دانا، هەندێکی دیکە جوگرافیا و شوێنی دانیشتیان بە هۆکاری پێشکەوتن یان پاشکەوتنی نەتەوەکان زانی. (زیباکلام، 1386: 124) هەندێکیان هۆکاری ژێنیتکی و زۆریشیان بوونی سەرچاوە کەمدۆزەکانیان بە هۆکاری پەرەسەندنی سیاسی و ئابووریی وڵاتان لە قەڵەم دا. بەڵام بە وردبوونەوە و توێژینەوەی ڕچەشکێنانە و پازدان بەسەر لێکۆڵینەوە کلێشەیی و کلاسیکەکان ڕوون بۆتەوە، کە پێشکەوتنی زانست و زەمینەسازی بۆ بەرەو پێشچوونی زانست هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی گەلانی پێشکەوتووی جیهان بووە. ئەگەر بەراوردێکی مێژوویی لە نێوان وڵاتانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات بکەین، دەبینین بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وڵاتانی جیهان هاوتا و هاوبەژنی یەکتر بوونە، بەڵام لەو کاتەی زانست و داهێنان لە ڕۆژاوا بەری گرت، قەڵشی نێوان دواکەوتووییی وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژاوا بەرین بوو. لە سەردەمی پەرەگرتنی زانست، ڕۆژاوا بە دانانی سیستەمی بزواو و بەڕۆژ، بەستێنی زانستیی ساز کرد و ئەم زەمینەسازییە بووە هۆی پەرەسەندنیان. بەڵام لەم سەردەمەدا ناکرێ زەمینەسازیی زانستی بەهێواشی و بە میتۆدی هەوڵ و هەڵە ئەنجام بدرێ، بەڵکوو دەبێ سوود لە سەکۆی پازدان وەربگیرێ، کە ئێستا لە ڕێی بەجیهانیبوون بۆ جیهان سێیەمییەکان ڕەخساوە. بەستێنسازیی زانستی بە سیاسەتدانانێکی هەمەڕەهەندبین و ورد، ساز دەبێ. میکانیزمی ئەو بەستێنسازییە بە دامەزراوەیەکی زانستی و کارای مێتاسیاسی لە وڵاتان دەگاتە بەرهەم. واتا دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتانن کە خەونی پەرەسەندن دەهێننە دی. ئەو وڵاتانەی کە جوگرافیا و ئابوورییەکی بەهێزیان هەیە بەڵام لەبەر ئەوەی دامەزراوەی بەهێزی ئابوورییان نییە، ڕەنگە بۆ ماوەیەک گه‌شه‌ی ئابوورییان هەبێ بەڵام ناگەنە قۆناغی پەرەسەندن. بەپێچەوانەوە ئەو وڵاتانەی کە خاوەن سیستەم و دامەزراوەی سیاسی و ئابووریی بەهێزن، توانیویانە پەرە بستێنن و بچنە ناو کلووپی وڵاتانی پەرەسەندوو، یان لانی کەم بکەونە سەر سکكەی دروستی پەرەسەندن.

لەم دەلاقەوە کە سەیری دۆخی حکوومەتی کوردستان دەکەین، دەبینین هەڵکشانی ئابووری و کەڵەکەبوونی پارە نەیتوانی پەرەسەندن بکاتە ئامانجگه‌ و کوردستان بباتە سەر ڕەیلی پەرەسەندن. ڕەنگە هەموو ئەو هۆکارە جوگرافی، مێژوویی، ئابووری و سیاسییە ژەهراوییانەی کە باس کران، نیشانەی پاشکەوتن و تەنانەت پارچەبوونی نیشتمانی کوردستان بووبن. ئەم هۆکارانە هەر یەکەیان توێژینەوەی زانستیی بەربڵاوی گەرەکە و لەم نووسینەدا جێی نابێتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجاندنە ئەوەیە کە دوای ئەو هەوراز و نشێوە مێژوویییە، ئێستا کوردستان کە خاوەنی حکوومەتێکی تا ڕاددەیەک دەستاوەڵای خۆیەتی و هەندێک توانا و پۆتانسیێلی ماددی و مرۆییی لەباری هەن، بۆچی نەیتوانیوە لە حکوومەتێکی وەستاوی خاوەن نیزامێکی گرێدراو و دواکەوتوو ببێتە وەستای حکوومەتێکی پەرەسەندنگەرا؟ بە چاویلکەی تیۆریی دامەزراوەگەراییی نوێ، ڕەنگە نەبوونی دامەزراوەی پەرەسەندنخواز سەرەکیترین هۆکاری پەرەنەسەندن بێت. ئەو دەغدەغەیەی کە لێرەدا بۆتە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە، حکوومەتی کوردستان چۆن دەتوانێ دامەزراوەکانی خۆی بۆ ئامانجگەی پەرەسەندن تەیار و که‌ناڵیزە بکات؟ گریمانەی ئەم وتارە ئەوەیە کە دانانی دامەزراوەیەکی باڵای مێتاسیاسیی پەرەسەندنخواز و گۆڕینی سیستەمی دامەزراوەکانی سیاسی و ئابووری دەتوانێ حکوومەتی بەرەو پەرەسەندن ڕێنوێن بکات و تەنانەت زۆرێک لە گرفتە ناوخۆیییەکانیشی چارەسەر بکات. لە ڕاستیدا یەکێک لەو خاڵە پەپوولەیییانەی (الوانی، 1378) کە دەتوانێ بەسەر زۆرێک لە گرفتەکانی حوکمڕانیی کوردستان زاڵ بێت، دامەزراندنی ناوەندێکی لێکۆڵینەوەییی ستراتیژیک و جێبەجێکارە کە دەتوانێ بە شێوەیەکی زانستییانە حکوومەت بباتە سەر هێڵی پەرەسەندن.

ئەم وتارە دەیەوێ بە تیۆریی دامەزراوەگەراییی نوێ، میکانیزمی دامەزراندنی حکوومەتێکی پەرەسەندنگەرا بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر گرفتەکان و پێشکەوتنی کوردستان تیۆریزە بکات، ڕەخنە لە دامه‌زراوه‌‌ی کۆنی حکوومەتداری بگرێ و ڕێکاری دانانی حکوومەتێکی پەرەسەندنخواز بە میکانیزمی دانانی دامەزراوەیەکی نوێساز، بەربەرین و گشتگیر و ستراتیژیک ڕێگه‌ی پەرەسەندن هەموار بکات. بەم کلیلە و بە ڕوانگەی دامەزراوەگەراییی نوێ حکوومەتی کوردستان دەتوانێ دامەزراوەیەکی بان-سیاسیی پەرەسەندنخواز بکاتە ئامرازی پەرەسەندن و چەکی زاڵبوون بەسەر گرفتە سەرەکییەکان.

چوارچێوەی تیۆریی دامەزراوەگەراییی نوێ، پشتیوانی لەم نووسینە دەکا و میتۆدی کارا و لەباری وتارەکە شیکاری و بەراوردکارییەکی گونجاو و پەسند دەبێ. دواجار دەرەنجام و وەڵامی پرسیارەکە هەڵدەسەنگێندرێ و ڕێچاری لەبار پێشنیار دەکرێت.

بەرگی تیۆری

بەو نیگایەی کە دامەزراوەگەراییی ژیرانە بناغە و بونیادنەری کۆمەڵگه‌یەکی پێشکەوتووە و دامەزراوەکان دەتوانن پەرجووئاسا کاریگەری بکەنە سەر ڕەفتار و کرداری کۆمەڵگه‌ و بەستێنی ئامانج بەخێرایی خۆش بکەن، تیۆری دامەزراوەگەرایی هاتە ناو بابەتەکانی زانستی سیاسی. بە تێڕوانینە نوێیەکان ئەم تیۆرییەیش خۆی بەڕۆژ کردەوە و ئێستا تیۆریی دامەزراوەگەراییی نوێ بۆتە تیۆرییه‌کی تۆکمە و لەگەڵ دۆخی ئێستای جیهانی کۆکترە. بەو دیدەی کە مەتەڵی سەرەکیی وڵاتانی جیهانی سێیەم لاوازیی دامەزراوەی پەرەسەندن و سیستەمی لەرزۆکی ئابوورییە، تیۆریی دامەزراوەگەراییی نوێ دەتوانێ ببێتە چرای ڕێچکەی دامەزراوەسازیی وڵاتانی پەرەخواز.

قوتابخانەی دامەزراوەگەرایی لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم بۆ ڕەخنەگرتن لە لێکەوتە نەرێنییه‌كانی ئابووریی نیۆکلاسیک لە ئەمریکا سەری هەڵدا. لە بنەڕەتدا ئەم بیرۆکەیه ئەمریکییە؛ ئەوان سەرەتای بیرۆکەی ئابووری و هزری دامەزراوەگەرایان لێک دەبەستەوە. (دادگر، 1383) ئەم هزرگەیە سەرنجی تایبەتی هەبوو بۆ ژێرخانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه‌ و وەک پایەی سەرەکیی ئابووریی پەرەسەندوو هاتە مەیدان. لەناو قوتابخانەی دامەزراوەگەراییی نوێ دوو شت بەرچاو و گرینگن؛ یەکەمیان ئەوەیە کە دامەزراوەکان بە بەشی ناوکی و سەرەکیی تیۆرییە سیاسییه‌كان دادەنرێن و، هەروەها دەبێ دامەزراوەکان وەک سازکەر و ڕێکخەری سیاسەتەکان تەماشا بکرێن. تیۆریی دامەزراوگەرایی لەسەر هۆکار و دەرەنجامەکانی دامەزراوە سیاسییەکان ورد دەبێتەوە و باوەڕی بە نۆڕمە دیموکراتیک و لیبڕاڵەکان هەیە. ڕێدۆزی دامەزراوەیی یەکێکە لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی زانستی سیاسی. ئەم ڕێدۆزە لەسەر ڕێسا، ڕێگه‌ و دامەزراوەکان ورد دەبێتەوە. میتۆدەکانی بریتین لە وەسفی- دامەزراوەیی، یاسایی- فەرمی و بەراوردی- مێژوویی. (مارش و استوکر، 1388: 101-89) ئەم تیۆرییە بەردەوام لە گەشەدایە، بە شێوەیەک کە ئێستا گەیشتۆتە تیۆریی وەک دامەزراوەگەراییی نوێ.

خوێندنەوەی دامەزراوە سیاسییه‌كان تایبەتمەندیی ڕیاڵیستیی خۆیان هەیە؛ دواتر دەگەنە سەر شیکاری نۆڕمە سیاسییەکان. مایکل ئۆکشات لەم بارەوە پێی وایە دامەزراوە سیاسییه‌كان باسی چۆنێتیی دروستبوونی پەیوەندی سیاسی دەکەن. (مارش و استوکر، 1388: 90) ئەم ڕێدۆزە لەسەر ڕێسا، دەستوور و دامەزراوەکان ورد دەبێتەوە. پەیوەندیی ئەم تیۆرییە بە سیاسەتدانان لەوەدایە، کە کەسێکی وەک ئەکشتاین تیۆریی دامەزراوەگەرایی وەک زانستی دەوڵەت دەناسێنێ کە نابێ لەگەڵ زانستی سیاسی بەهەڵە وەربگیرێت. هەرچەندە بەو واتایە نییە کە ئەمانە دوو زانستی لێکجیا بن، بەڵکوو زانستی دەوڵەت پایەی زانستی سیاسییە. (مارش و استوکر، 1388: 100-106)

دامەزراوەگەرایان دیدیان بۆ پەرەسەندن میتۆدئاسایە و پشتیان بە شیکاری ئابووری بەستووە و لە هەمان کاتدا هۆکاری فرەتر لە ئابووری دەبینین. (رمضانی باصری و میرفردی، 1393: 121-138) دامەزراوەکان ڕیشەیان لەناو فەرهەنگ و مێژوودایە. (پاتنام، 1380) هۆکاری گرینگیدان بە دامەزراوەگەرایی دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی سەرمایەی کۆمەڵایەتی کە کاریگەریی لەسەر گەشەی ئابووری هەبووە. (Knak & Keefer: 1997) لەم بوارەدا دامەزراوەی وەک بانکی نێودەوڵەتی گرینگیی داوەتە ئەم تیۆرییە. (Jameson, 2000) هەروەها دامەزراوەگەراییی نوێ گرینگیی داوەتە جێبەجێکردن و پراکتیککاری؛ واتا لایەنی پراکتیکی لە شیکاری ئابووریدا گرینگ بووە و لەگەڵ قوتابخانەی نیۆکلاسیک سازگارترە. ئەم قوتابخانەیە بازاڕیش بە جۆرە دامەزراوەیەک دادەنێت کە دامەزراوەی لاوەکیی لێ دەبنەوە و لەگەڵ کۆمەڵە دامەزراوەیەکی وەک فەرهەنگ، دەوڵەت، ڕێساکان، ئایدیۆلوژی و... پەیوەندیی هەیە. لە دیدی دامەزراوەگەرایان، هۆکاری پەرەنەسەندنی وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەوەیە کە بەڕێوەبردن لەم وڵاتانە زۆرتر بە شێوەی دابەشینی داهاتە نەک بەرهەمهێنانی زۆرتری داهات. (رمضانی باصری، میرفردی، 1393) میرداڵ دیدگه‌ی دامەزراوەگەرایی بە پایەی خوێندنەوەکانی پەرەسەندنی ئابووری دادەنێ و خواستە مرۆیی و دامەزراوەیییه‌كان بە گۆڕاوەی سەرەکیی بزاوتی کۆمەڵایەتی دادەنێ. (Myrdal, 1968) لەم دیدگه‌یانەوە دامەزراوەگەرایانی نوێ بۆ شکڵدان و پشتیوانیی دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئابوورییه‌كان خوازیاری دەستێوەردانی زیاتری دەوڵەتن. (Heico, 1999)

میتۆدی کار

بە مەبەستنی بەستنەوەی تیۆریی دامەزراوەگەراییی نوێ و ئەپڵایکردنی مەیدانیی ئەم تیۆرییە لەسەر حکوومەتی کوردستان، پێویستیمان بە میتۆدی شیکاری و بەراوردکارییە. بۆیە ئامراز و میتۆدی ئەم نووسینە بە شێوەی شیکاری دامەزراوەکانی ئێستا دەبێ و دواتر ئەم دامەزراوانە لەگەڵ دامەزراوەی پەرەسەندنگەرا و بەستێنەکانی پەرەسەندن بەراورد دەکرێن. هەروەها ئەو وڵاتانە وەک نموونە دێنێتەوە کە بە گۆڕینی دامەزراوەکانیان توانییان لە پڕۆسەی پەرەسەندندا باڵ بگرن و سەر کەون. کاری بەراوردکاری یەکێکە له‌ میتۆدە کۆنەکانی زانستی سیاسی کە کۆنایەتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ كتێبی "سیاسه‌ت"ی ئەرستۆ. "لۆیی شتراوس" پێی وایە کە پێكهاته‌ی زەینیی مرۆڤ دوودوویییە و جگە له‌ لێکدانەوەی وێکچوو و جیاوازییەکان هیچی تر نییە. میتۆدی بەراوردکاری ڕێگه‌یەکە بۆ هەڵێنجانی زانست (وەسف و هۆکار) لە ڕێگه‌ی بەراوردکارییەکی سیستەماتیکی وێکچوو و جیاوازیی دیاردەکان لەگەڵ یەکتر. (منوچهری، 1392: 255-254) لێرەدا پێویستە ڕێکار و دامەزراوەکانی وڵاتان و ئاستی سەرکەوتن و کەوتنیان پێکەوە بەراورد بکرێت. لەم وتارەدا که‌ڵک لەم میتۆدە وەردەگیرێ و بە دیدی بەراوردکارانە دامەزراوەکانی پەرەئەستێنی وڵاتان دەبنە سەرنجگەی دامەزراندنی دەزگه‌ی سیاسەتی پەرەسەندن و ستراتیژیکی کوردستان. هەروەها لەناو دڵی نووسینەکەدا، حکوومەتی کوردستانی پێش دامەزراوەی پەرەسەندن و دوای دامەزراوەی پەرەسەندن هەڵدێنجین.

پێناسەی دامەزراوە

بۆ ئاشنابوونی زیاتر و ڕوونبوونەوەی چەمکە سەرەکییەکە، مەبەست و وشەی دامەزراوە پێناسەی دەکەین. لە دیدی داگڵاس نۆرس دامەزراوەکان (Institutions) ڕێسای گەمەی ناو کۆمەڵگه‌ن؛ واتا سنووراندنی دەستی مرۆڤن کە مامەڵەی تاکەکان دەنەخشێنن. ئۆغلۆ و ڕابینسۆن پێیان وایە کە دامەزراوەکان سێ تایبەتمەندییان هەیە:

  • دروستکراوی دەستی مرۆڤن؛ کەواته‌ لە گشت هۆکارە دەرەکییەکانی دەرەوه‌ی دەسەڵاتی مرۆڤ، وەک جوگرافیا، جیاوازن.
  • ڕێساگەلی گەمەن کە ڕەفتاری تاک چوارچێوەبەند دەکەن.
  • کاریگەریدانانی زیاتری لە ڕێگەی ئاراستەکردنی پاڵنه‌ر [هانده‌ر] و خولیاکان دەبێت. (اغلو، رابینسون، 1393: 75)

گرینگیی دامەزراوەی سیاسەتی

هۆکاری پاشکەوتنی وڵاتان، فرەڕەهەندە؛ ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە بۆچی ئەو وڵاتە لەتکراوانەی کە جوگرافیا، مێژوو، فەرهەنگ، ئابوورییان هاوشێوەیە لەتێکیان پەرەی سەند و ئەوی تر بەجێ ما؟ بۆ نموونە هەر دوو کۆریا کە بەستێنەکانی جوگرافی، مێژوویی، ئابوورییان وەک یەک بوو بەڵام لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم یەکێکیان برووسکاسا پەرەی سەند و ئەوی دیکە بۆتە ئیشکەئارۆ و بەستی هەژاری و دواکەوتوویی؟ ئەگەر سەرنج بدەینە شاری نۆگالێس (Nogales) کە لە نێوان مه‌کزیک و ئەمریکادا لەت کراوە، دەبینین یەکێکیان زۆر باش پەرەی سەند بەڵام ئەوی تر کە هیچ جیاوازییەکی جوگرافی، مێژوویی، ئابووریی لەگەڵ بەشەکەی ئەمریکا نەبوو، دوا کەوت. (اغلو، رابینسون، 1393: 29) هەڵدانی ئەم مەتەڵە ئەوەیە کە سیاسەتی کۆریای باشوور لە دوای جەنگی جیهانی، بەرەو بەهێزکردنی دامەزراوەی پێشکەوتنگەرا چوو. هەروەها شاری نۆگالێسی ماریزۆنا لە بەشی ئەمریکا، کەوتە ناو ڕێڕەوی سیستەمی پەرەسەندووی ئابووریی ئەمریکا و، نۆگالێسی سونور کەوتە ناو سیستەمی مەکزیک. کەواته‌ دامەزراوەکان دەبنە هۆی سەرکەوتن یان تێکەوتنی نەتەوەکان و، دامەزراوە سیاسییه‌كان توانای نەتەوەکان لە بەستێنی ئابووریدا دیاری دەکەن. (اغلو، رابینسون، 1393: 73-71) لاوازیی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییه‌كان لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستیش دیارن؛ سعوودیا و کوێت کە زۆر دەوڵەمەندن بەڵام لەبەر لاوازیی دامەزراوەی سیاسی و ئابووری ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت ئەوا تووشی هەژاری دەبن. بەڵام ئەو وڵاتانەی کە نەوتیان کەمە، وەک میسر، ئوردن و سووریا، ئاستێکی لە چەشنی گواتمالا و پیڕۆیان هەیە. (اغلو، رابینسون، 1393: 79)  ئەگەر ڕاشکاوانە ئەم نموونانە بێنینە سەر کوردستان، دەبینین ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان لە ڕووی هزری و فەرهەنگییه‌وه‌ پێشکەوتووترن لەچاو باشووری کوردستان؛ لە کاتێکدا هەموو پارچەکان خاوەنی یەک خوازگە و سەرچاوەی هاوبەشی مرۆیی، جوگرافی، مێژوویی و تا ڕاددەیەک ئابووری بوون. ئەمە جێی هەڵوەستەیە؛ هۆیەکەی ئەوەیە کە پارچە داگیرکراوەکانی کوردستان کەوتنە ناو ئەزموونی سیستەمێکی فێرکاری و زانکۆییی ئێران و سووریا، کە لە عێراقی داگیرکەر پێشکەوتووترن. بۆیە لە ڕووی ستوونی و ئاسۆیییه‌وه‌ کۆمەڵگه‌ی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لێڤڵێک لە سەرووی باشووری کوردستانن. دوای ڕاپەڕینی باشوور، دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییه‌كان هەر بەپێی سیستەمی کۆنی عێراق ڕۆیشتن، بۆیە گۆڕانێکی ڕیشەیی دروست نەبوو. تەنانەت پڕۆژەیەکی پڕتێچووی وەک تواناسازییش نەیانتوانی وەک پێویست ئاستی سەواد و لێهاتووییی زانستگەڕانی باشووری کوردستان بەرز بکاتەوە. ئێستا کە هەلێک بۆ باشووری کوردستان ڕێک کەوتووە، حکوومەتی کوردی پێویستە خۆی لە دامەزراوەکانی کۆن ڕاپچکڕێ و سیستەمی نوێی پەرەسەندنخواز دابمەزرێنێ. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە نیگای بۆ دامەزراوە پەرەویستەکانی وڵاتانی هاوشێوەی خۆی هەبێ.

لاوازیی دامەزراوەگەراییی حکوومەتی کوردستان

بێ گومان هۆکارگەلێک هەن کە دەستیان داوەتە دەستی یەکتر بۆ پاشخستنی باشووری کوردستان. ئەو وتارە لێرەدا نایەوێ باسی هۆکارەکانی جوگرافی، مێژوویی، سیاسی و ئابووریی حاشاهەڵنەگر بکات. بەگشتی گرفتەکانی بەردەم حکوومەتی کوردستان لە ئێستادا دابەشی دوو جۆرە کێشەی سیاسی و چاڵی سیاسەتی دەبن. کێشە سیاسییەکان بابەتی ئەم وتارە نین و دەبێ بە سەربەخۆییی کوردستان چارەسەر بکرێن یان لانی کەم کورد دەبێ ئابوورییەکی سەربەخۆی هەبێ. پرسی ئێمە چۆنێتیی چارەسەری چاڵگە سیاسەتییەکانە. یەکێک لە گرفتە سەرەکییه‌كانی حکوومەتی کوردستان لاوازیی زانستی سیاسەتدانانە. ئەگەر سیاسەتدانان لاواز و نەزۆک بێت کاری حکومڕانی دەبێتە کارێکی ڕۆژمەڕەیی و ناکارا و، میتۆدی کار دەبێتە کاری هەوڵ و هەڵە.

ئەزموونی دامەزراوەکانی سیاسەتی پەرەسەندن

ئەو وڵاتانەی کە بە دەستگرتنی دەوڵەتە پەرەسەندووەکان پێیان گرت و هاتنە ناو باڵگەی پەرەسەندن و، بەره‌و تەناهی، خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن فڕین، هەموویان لە چوارچێوەی حکوومەتی کلاسیکی دەرچوون و بە زانستی دامەزراوەگەرایی نیزامێکی دیکەیان دانا. زۆرێک لەم دامەزراوانە لە لایەن ئەمریکا بۆ ئەم وڵاتانە دانرا. کۆریا و ژاپۆن یەکێکن لەو وڵاتانەی کە دامەزراوەکانی پەرەسەندنگەرا سوکانی گەمییەی ئەو وڵاتانەیان گرتە دەست. هەندێک وڵاتی جیهانی سێیەمی وەک ئێرانیش ئەو هەوڵەیان دا؛ بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا هەوڵێکی چاولێکەرانە بوو و کەوتە دەست بژاردە سیاسییەکانی ئیدیۆلۆگ و سیاسەتزانەکان لێی پەراوێز خران و پێكهاته‌‌ کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەگەڵ ئامانجی دامەزراوەکە ناهاوئاهەنگ بوون، نەیانتوانی بگەنە کەناری پەرەسەندن؛ هەرچەندە تا ڕاددەیەکی بەرچاویش گۆڕانیان دروست کرد. هۆیەکی تری لاوازیی دامەزاروە پەرەسازەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم، نەبوونی زانستی جێبەجێکردن بوو.

گرینگیی دامەزراوەی پەرەسەندن لە کوردستان

لە کوردستان وەزارەتی پلاندانان هەیە بەڵام ئەم وەزارەتە ناتوانێ ببێتە ژووری هزرینەوە و، نەخشە کورت و دوورمەوداکان دابڕێژێ و میکانیزمی گەیشتن بە ئامانجی پەرەسەندن دیاری بکات. چونکە جگە لەوەی بەری کاری تەسکە، هەر گۆڕانێک لە حکوومەت و وەزارەتدا ڕوو بدات ئەوا بەرنامەکانی پلاندانان تووشی سڕی و ئاوابوون دەبنەوە. هەروەها هەر وەزیرێک و لایەنێکی سیاسی دەتوانێ دار بداتە بەر چەرخی پلانەکانی وەزارەتی پلاندانان. بوونی وەزارەتێک بۆ دانانی بەرنامەی گه‌وره‌ی پەرەسەندن بەس نییە، پێویستە دامەزراوەیەکی باڵای مێتاسیاسی و یاسایی وەک ڕێنیشاندەری حکوومەت دابمەزرێ.

بۆ ئەوەی کابینەکانی حکوومەت هەموو ڕۆژێک هەوایەک نەگۆڕن و چیتر بە ئامرازی کەوتن و هەستانەوە نەڕوا و کات و تێچووی ماددی لەدەست نەدا، پێویستی بە دامەزراوەیەکی باڵای پەرەسەندن هەیە. ئەگەر بەپێی دۆخی سیاسیی ناوخۆییی کوردستان سەرنج بدرێ، دەبینین کە هەر لایەنێک ماوەیەک وەزارەتێک وەردەگرێ، بۆ مەیلی خۆی بە کەیفی خۆی هەڵی دەسووڕێنێ. چارەسەری یەکجاره‌كیی ئەم گرفتە ئەوە نییە کە بریکاری وەزیر هی لایەنێک بێت یان بەڕێوەبەرەکان لە دەستی لایەنێکی دیکە بن و وەزیری پێ مەهار بکرێ. ئەگەر ئەمە بە چارەسەر دابنرێ تەنیا چارەسەرێکی موسه‌كینئاسایه‌‌ و دەرەنجامی بەهێزی نابێ. بەڵام ئەگەر دامەزراوەیەکی بانسیاسیی پەرەسەندنخواز دابنرێت و لەناو دەستووردا جێی بۆ بکرێتەوە و ببێتە ژووری هزری و چرای پێشکەوتن و سەرکەوتن، ئەو کاتە دەتوانین حکوومەتێکی بەهێز دابمەزرێنین و ببینە نموونەیەکی بەرچاو لە جیهان یان لانی کەم بکەوینە سەر ڕێگه‌ی دروستی پەرەسەندن.

میکانیزمی دامەزراوەی پەرەسەندنی کوردستان

بۆ ئەوەی لە تەڵەی چەندبەرەکی لەناو حکوومەت دەرباز بین و بەسەر کێشەکاندا زاڵ بین و بەرنامەی ستراتیژی دابنێین، پێویستە دامەزراوەی پەرەسەندن و ستراتیژیکی کوردستان بە دەسەڵاتێکی زۆر و بە هاوکاریی وڵاتانی دۆست و بەراوردکاری لەگەڵ وڵاتانی هاوشێوەی سەرکەوتوو دابمەزرێت. جگە لە دامەزراوەی ستراتیژیکی پەرەسەندن، پێویستە دامەزراوە حکوومییه‌كان سەرلەنوێ بە دیدێکی نوێخوازانە و بەپێی قاپی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان دابمەزرێنەوە. له‌ ئێستادا کە ئیرادەی چاکسازی و بەهێزبوون بۆتە گوتاری دەسەڵاتدارانی کوردستان، پێویستە بۆ سەرکەوتنی ئەم گوتارە ئامرازی بەهێز دابنرێت. باشترین ئامراز، دانانی دامەزراوەی پەرەسەندنخوازە کە دەبێ بە پشتیوانیی پەرلەمان و دەستوور دەسەڵاتی پێ بدرێت و وەزارەتەکان پابەندی بەرنامە و ئامانجەکانی بن. دامەزراوەیەکی وەها، دەبێ دوو ڕەهەندی سەرەکیی هەبێ: یەکێکیان کاری لێکۆڵینەوەی زانستییانە و، ئەوی دیکەیان دانانی سیاسەتە و پێویستە هاوبەش بێت لە کاری جێبەجێکاری لەگەڵ وەزارەتەکان و هەر وەزارەتێک ڕاوێژکارێکی دامەزراوەی پەرەسەندنی لێ بێت. بەرنامەی هەر وەزارەتێک لە دامەزراوەی پەرەسەندنی کوردستان له پارێزن (‌بێژنگ) بدرێ. واتا هەر وەزارەتێک هەر پڕۆژە و بەرنامەیەکی هەبێ، پێویستە لە ڕێی ژووری هزریی ئەم دامەزراوەیە تەتڵە و هاوێر بکرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرنامە ستراتیژییەکان دژبەر نەبێ. پێویستە دامەزراوەی پەرەسەندنی ستراتیژیک، وەک ئایدیۆلۆژی و گوتار ببێتە ئامانجی گشت لایەنەکانی کوردستان و دواجار لە لایەن پسپۆڕان بکرێتە داكترین و بە زانست و ئامرازی سیاسەت وەک دەزگه‌یەکی بەهێز بێتە مەیدانی جێبەجێکردن.

دەسەڵاتی دامەزراوەی پەرەسەندن

دامەزراوەیەکی لەم چەشنە، دەبێ دەسەڵاتەکانی بەپێی دەستوور و یاسای پەرلەمانی دیاری بکرێن. پێویستە جۆرێک بەردەوامیی هەبێ و خولی کاری ئەم دامەزراوەیە زیاتر لە چوار ساڵ بێت و لەگەڵ گۆڕانی کابینەیەک بەرنامەکانی نەگۆڕدرێن؛ پێویستە ئەم دامەزراوەیە ڕاستەوخۆ لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیردا بێ. توانای بڕیاردانی بۆ پڕۆژە نیشتمانییەکانی هەبێ. هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەک بەبێ لێکۆڵینەوەی ئەم دامەزراوەیە تاقی نەکرێتەوە و چیتر پارە بۆ پڕۆژەیەک نەتوێنرێتەوە کە سێکتەر و خەڵکێک وەک تاقیگه‌ سەیر دەکات.

هەیکەلی دامەزراوەی پەرەسەندنگەرا

لە ڕاستیدا لەم نووسینە ناکرێ خشتە و چارتی دەزگه‌ییی ئەم دامەزراوەیە، کە هێشتا هەر خوناوەی بیرۆکەیە، دیاری بکرێ. بەڵکوو ئەگەر حکوومەت بڕیاری دا وەک کۆرییەکان قۆڵ بۆ ئەم کارە هەڵماڵێ، ئەوکات دەبێ بە بەراورد لەگەڵ دامەزراوەکانی وڵاتانی هاوشێوە هەیکەلی ئەم دامەزراوە گەورەیە دابڕێژرێ. دوای ئەوەی پەرەسەندن بووە گوتاری حکوومەت، گەرەکە بەپێی یاسا و دەسەڵاتەکانی وەک دامەزراوەیەکی به‌رفراوان چارتی بۆ دابنرێت و سەرلەبەری دەوڵەتی پێ ببەسترێتەوە. دانانی ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ڕاوێژکاریی پەرەسەندن، دانانی دەزگه‌ی پەیوەندیی پەرەسەندن و وەزارەتەکان گرینگە. پێویستە وەزارەتەکان ڕاوێژکارێکی ئەندامی ژووری هزریی دامەزراوەی پەرەسەندنیان هەبێ. پێویستە لق و بەشی لەناو هەموو وەزارەت و پارێزگه‌کان هەبێ.

کاره‌کتەرەکانی دامەزراوەی پەرەسەندن

دامەزراوەی پەرەسەندنی ستراتیژیک، دەبێ لەژێر چاودێریی باڵاترین دەسەڵاتی کوردستان کار بکات. پێویستە تیمەکانی ئەم دامەزراوەیە لە بژاردە ئەکادیمییە ڕاستەقینەکان پێک بێت. هەروەها دەبێ بەرفراوان بێ و هەر سێکتەرێک تیمێکی شارەزا و زانای لێ بێ. سەرۆکی دامەزراوەیەکی لەم چەشنە، نابێ تەنیا کەسێکی سیاسی یان خاوەن بڕوانامە بێ، بەڵکوو هەڵسووڕێنەری دامەزراوەی پەرەسەندن، دەبێ بە زانستی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵناسی، فەرهەنگناسی، زانستی بەڕێوەبردن و لە هەمووی گرینگتر لە بواری پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لێزانیی تەواوی هەبێ و هێزی پسپۆڕیشی لەژێردەست بێ. پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان بژاردە هزری و ئه‌کادیمییەکان لەگەڵ بژاردە سیاسی و ئامرازییەکان. (سریع القلم، 1396) دامەزراوەی پەرەسەندن دەبێ بە بیر و هزری ژووری بیرکردنەوەی کەسە زانکۆیی و زانستییەکان دەوڵەمەند بکرێت. تەنانەت ئەگەر کەسی وا لەناو کوردستان نەبوو، ئاسایییە لە نەتەوە و وڵاتی دیکە کەسی کارزان و لێزان هاوردە بکرێن. بە واتایەکی دیکە دەبێ مێشک و زانا هاوردە بکەین؛ هەر ئەو کارەی مالیزی و ژاپۆنییەکان لە سەرەتای پێگرتنیان کردیان. هەروەها لێ نەگەڕێین دیاردەی هەڵاتنی مێشکەکان (كۆچكردنی عه‌قڵه‌كان) باو بێ.

بەرنامەڕێژیی دامەزراوەی پەرەسەندن

دەبێ بەرنامەدانانی ئەم دامەزراوەیە بە بیرێکی پەرەسەندنخوازانە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بگرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ بەدڵنیایییه‌وه‌ نەخشەڕێگه‌ دیاری بکات و بگاته پەرەسەندنی پایەدار. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دەسەڵاتی لەناو هەموو سێکتەرەکان هەبێ. پێویستە بۆ هەر کار و ئامانجێک بەرنامەی زانستییانەی کورتمەودای زیاتر لە بەرنامەی چوارساڵە دابنێت. واتا بەرنامەکانی دامەزراوەی پەرەسەندن درێژتر بن لە کابینەیەکی حکوومەت، بۆ ئەوەی بەئاسانی بەرنامە و کارەکتەرەکانی دامەزراوەی پەرەسەندن نەگۆڕێن و حکوومەت و کابینەکانی دواتریش پابەند بن پێییه‌وه‌. بە مەبەستی ئامانجە سەرەکییەکانی پەرەسەندن و تەنانەت ئامانجە سیاسییە نەتەوەیییه‌كان، پێویستە بەرنامەی درێژمەودا و ئامانجی دە و بیست ساڵەی پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دابڕێژێت.

کۆبەند

دانانی دامەزراوەیەکی سیاسەتدانان و ستراتیژیکی پەرەسەندنخواز، کاری کزە وتارێکی وەک ئەم وتارە نییە و پێویستی بە دانیشتنی زانستیی دەستەی زانایانی سیاسی و سیاسەتی پەرەسەندن هەیە. مەبەستی سەرەکیی ئەم نووسینە ورووژاندن و ترینگەیەک بوو بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی باڵای سیاسەتدانان و ستراتیژیکی پەرەسەندن. بەپێی تیۆریی دامەزراوەگەرایی و سەرنجدانی وڵاتانی تازە پەرەسەندوو و بەپێی دۆخی له‌رزۆكی باشووری کوردستان، حکوومەتی کوردستان پێویستیی بە دامەزراوەیەکی زانستی و دەسەڵاتدار هەیە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بە دیدگه‌یەکی فرەڕەهەند و زانستی بگرێتە ئەستۆ. ئەگەر لە دۆخی دیموکراسی و فەرهەنگیی لایەنەکانی سیاسی و کێشەکانی سیاسیی ناوخۆیی و کەلتووری کۆمەڵایەتییش ورد بینەوە، دەبینین کە پەرەسەندن هەتوانی دواکەوتوویی و گرفتەکانە. میکانیزمی ئەم چارەکردنە بە دامەزراوەی ئێستای حکوومەتی کوردستان و گۆڕینی بەرگ و مۆرەکان لە لایەن حزبەکان ئەستەمە. ڕەنگە بە دانانی حکوومەتێکی چاکساز و تەندوتۆڵ زۆرێک لە گرفتەکان تیمار بکرێن و جۆرە ئەهوەنی و تەناهییەک بێتە دی، بەڵام کاری پەرەسەندن کارێکی ورد و چەندین ڕەهەندییە کە بەبێ دامەزراندنی دەزگه‌یەکی بەهێز و دەسەڵاتداری سیاسی، ئەستەمە. بۆیە باشترین پێشنیار ئەوەیە بیر لە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی باڵای پەرەسەندن بکرێتەوە. دامەزراندنی دەزگه‌یەکی لەم چەشنە، دەبێتە نەخشی مێژوویەکی ترووسکاوە و درەوشاوە بۆ گەلانی کوردستان و دەبێتە مایەی شانازی و ئومێد.