ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

کزیی سیاسەتی فەرهەنگی و دیاردەی تاوان و توندایەتی

محەمەد کەریمخان، دەرچووی قۆناغی دکتۆرای بەشی زانستە سیاسییه‌كان لە زانکۆی تاران

پوختە

بەپێی هەواڵە میدیایی و دەنگۆیە دادگایییەکان، وێڕای پێشکەوتنێکی ڕواڵەتی و ئامرازی، لە سەردەمی ژیانی مۆدێرنی ناهاوسەنگ و ئەستووربوونی هێڵی هەژاری، نائەهوەنیی کۆمەڵایەتی وەک دیاردەی توندوتیژیی فیزیکی دژی ژنان و شەڕانگێزی و تاوانی شەقامی، وەک فەکتێکی کۆمەڵایەتی، بۆتە هۆی ئەوەی یاسا، میدیا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەتەنیا و بەتەواوی نەتوانن ئاستی ئەم دیاردە دزێوە دابکشێننە خوارێ. لەو شەپۆلە گوتارییەی پەرەسەندندا، کە دونیای بەخۆیەوە خەریک کردووە، پێویستە بە چاوێکی فەرهەنگییانە سەیری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی بکرێت و لە جیاتی هەڵچنینی تاکڕەهەندانەی بینای بەرزی شووشەوات، زیاتر بیر لە ڕەهەندی پەرەسەندنی فەرهەنگی بکرێتەوە. دانگێکی سەرەکیی پەرەسەندن، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتییە کە گرنگترین کلیلی ئەم پەرەسەندنە، سیاسەتی فەرهەنگییە. بەهۆی نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگی لە وڵاتە دواکەوتووەکان نەک هەر پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی شێوەیەکی ڕواڵەتیی هەیە، بەڵکوو سەرمایەی کۆمەڵایەتییش نایێتەدی؛ تەنانەت دەمارگرژی و ڕق و ڕەقایەتی ڕەو دەگرێت و دەبێتە هۆی ڕووخانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و نائەهوەنیی شارستانیی لێ دەکەوێتەوە و کەلتووری هاووڵاتیبوون ساز نابێت. سەرەکیترین پرسیاری ئەم پرسە ئەوەیە کە چۆن کۆمەڵگه‌ لە نەریتە ناشیاوەکان بپەڕێتەوە و بەرەو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی هەنگاو بنێت؟ لە وەڵامدا پێدەچێت دوورمەوداترین و بنەماییترین کارکردی دروستکردنی کۆمەڵگه‌یەکی تەندروست فەرهەنگسازی بێت، واتا تا سیاسەتی فەرهەنگی بۆ ئەم پرسە دانەندرێت ڕێگەی یاسا، بەرزکردنەوەی ئاستی باری ئابووری و NGO بەتەواوی سەرکەوتوو نابن.

پێشەکی

سەرمایەی کۆمەڵایەتی  (social capital) ڕەهەندی مەعنەویی میراتێکی مێژوویییە کە ڕۆحی هاوکاری و بەشداریی تێدایە؛ لەو کەناڵەوە دەکرێت زۆرترین کێشەکانی ناو کۆمەڵگه چاره‌سه‌ر بکرێن و کۆمەڵگه زووتر بگاتە کەناری پەرەسەندنی سیاسی و ئابووری. ئەم سەرمایە مەعنەوەییە، نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان پەسند و پێناسە دەکات و لەناو کۆمەڵگه‌یەکی خاوێن و متمانەپێکراو و بەشدارمەند دێتە دی و کۆمەڵگه بۆ هەر ئامانجێکی پێشکەوتن تەیار دەکات. ئەم سەرمایە مرۆیییە لە تەنیشت سەرمایە فیزیکییەکان، دەتوانێت هاووڵاتیی ئەرکناس و مافناس بونیاد بنێت. سەرمایەی کۆمەڵایەتی تەنیا بە سەرمایەی زانستی و ئه‌کادیمی، لە ڕووی ستوونی، پێک نایێت بەڵکوو پێویستە تا ڕاددەیەکی بەرچاو لە ڕووی ئاسۆییش ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگه‌ی ڕەشۆک بەرز بکرێتەوە. ئەم جۆرە سەرمایە کۆمەڵایەتییە دەبێتە یەکێک لە کلیلە سەرەکییەکانی پەرەسەندن. ئەوەی کە ئێستا لەناو دەوڵەتە دواکەوتووەکان دەبیندرێت ئەوەیە، کە بۆ پەرەسەندن تەنیا بینای ئاسماندڕ و بریقاوی بەرز دەکرێتەوە، بەبێ ئەوەی مرۆڤسازی کاری لەسەر بکرێت؛ نەخۆشخانەی چەند نهۆمی و پڕ لە ئامێری پزیشکی دروست دەکرێت بەبێ ئەوەی کار لەسەر ئاکاری پزیشکی و بەرهەمهێنانی سەرمایەی زانستی بکرێت؛ جادەوبانی شاران گڵۆپین دەکرێن بەبێ ئەوەی بیر لە پەرەسەندنی لادێ و بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردە و GDP بکرێتەوە؛ بەبێ ڕەچاوکردنی زانستی سیاسەتی ئابووری، نەوت بە خاوی لەناو بۆڕی ڕەوانە دەکرێت، بەبێ ئەوەی بیر لە دانانی پاڵاوگە و کارخانەی پەترۆکیمیایی بکرێتەوە؛ قوتابی بەڕێ دەکرێتە زانکۆیەکی پووڵەکیی وڵاتێک، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە وڵات پێویستی بە چ زانستێکە و دەبێ قوتابی بنێردرێتە کام وڵات و کامە زانکۆ؛ میدیاکان ڕکابەرییانە بۆ هەواڵاویکردنی کۆمەڵگه و سیاسەتزەدەییی تاک؛ ئەم گەیه‌نەرانە، بە تێچوویەکی زۆر، ناپسپۆڕانە دەم لە سیاسەت وەردەدەن بەبێ ئەوەی لە زانستەکە بزانن، لە کاتێکدا پێویستە سیاسەتزانان بۆ پێشخستنی کۆمەڵگه کاری فەرهەنگی بکەن؛ وێڕای ئەرتەشی سایبێری، دەیان و سەدان لاپەڕە و ماڵپەڕ لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەلتووری زمانشڕی و بڵاوکردنەوەی هەواڵە ناڕاستەکانیان کردۆتە پیشە، بەبێ ئەوەی سوود لەم تەکنیکە زانستییەی گڵۆبالیزەیشن وەرگرن و ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگه‌ی پێ بەرنە سەر و لەو ڕێگەیەوە ببنە بەشێک لە داهاتی GDP.

ئاکامی ئەم سادەهزری و ساکاربیرییە ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلی باش دێنە سەر شەقام بەڵام شۆفێری دەرووننەخۆش و نەخوێندەوار لە پشت سوکان دادەنیشن. زانکۆیە دوکانشێوەکان زۆروبۆرن بەڵام دەگمەنن ئەو مامۆستا و قوتابیانەی کە نیزامی هزرییەکەیان بە شێوەیەکی زانستییانە شکڵی گرتبێت و زانست بەرهەم بێنن، یا لانی کەم زانست بەباشی بەکار بێنن؛ دادگه‌، پارێزەر و یاسا مشە و زۆرن بەڵام تاوان و بێدادی لەو پترە و ڕۆژانە تاوانی نامرۆڤانە بۆتە بەرهەمی میدیای کوردی و میدیاکەیش خۆشحاڵە لەوەی کە یەکەم گەیه‌نەر بووە ڕووداوەکەی ڕاگەیاندووە. ئەمە هەمووی ئه‌له‌رمی مەترسییە و نیشانەی ئەوەیە کە لەناو قوڕاوی دواکەوتوویی هەروا تل دەخۆینەوە.

یەکێک لە کارە تەنگبین و کورتهێنەرەکانی کۆمەڵگه‌ تاکڕەهەندبینەکان بۆ بەرەنگار­بوونەوەی هەر دیاردەیەک یاسادانانه‌، بەڵام بژاردە ناهزرییەکان (Instrumental Elites) [بژاردە نائاکادیمییەکان کە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورین] پێیان وایە تەنیا یاسا و سزا دەتوانێت ببێتە بەربەست لە پێش ڕوودانی تاوان و ناڕێکیی کۆمەڵایەتی. لە کاتێکدا ئەم دیدگه‌یە تەسک و کورتبینە زۆر سەرکەوتوو نییە. یاسا و سزا کاتێک سەرکەوتوو دەبن و کۆمەڵگه‌یەک دەگەیه‌ننە ئامانج، کە ژێرخانی پەروەردە و فەرهەنگیی کۆمەڵگه‌کە پتەو و دامەزراو بێت و ئاکامی سیاسەتی فەرهەنگی، شۆڕ بووبێتەوە ناو بچووکترین یەکەی دامەزراوی کۆمەڵگه کە خانەوادەیە.

یاسای دروست کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە لەگەڵ نەریت و باوەڕە باوەکان بێتەوە. کاتێک یاسای باش دژی بڕوا، نەریت و ئایین بوەستێتەوە ناتوانێت بەپڕی بڕ بکات چونکە خۆی دژی کەلتوورە باوەکانە. بۆ ئەوەی یاسا بتوانێت بەتەواوی سێبەری هەبێت، پێویستە ئاستی کۆمەڵگه بگەیه‌ندرێتە ئاستی ژیربێژی و لۆژیكیی یاسا. کەواته‌ یاسا تەنیا ئامرازە بۆ چوارچێوەدارکردنی واقیع و کەلتوورە پەسندکراوەکانی کۆمەڵگه. بۆیە پێویستە بیر لە فەرهەنگسازی بکرێتەوە و سیاسەتی فەرهەنگی لە ڕێگەی ده‌سته‌بژێره‌ (نوخبه‌) ئاکادیمییە سیاسییه‌كانه‌وه‌ دابڕێژرێت بۆ ئەوەی لە لایەک ئاستی عەقڵانییەتی کۆمەڵگه بچێتە سەر، لە لای دیکە‌ ده‌سته‌بژێره‌ یاسادانەرەکان بتوانن بە شێوەیه‌کی باشتر یاسای چاکتر بۆ کۆمەڵگه دابنێن تاکوو یاساکە سەرکەوتووتر بێت و لە ئاکامدا ڕێژەی توندوتیژی دابەزێت.

لەم دەلاقەوە ئەگەر سەیری دۆخی کۆمەڵگه‌ی باشووری کوردستان بکەین، دەبینین وێڕای هەلی پێشکەوتن و سەکۆی بازدان، ڕۆژانە ڕێژەی توندایەتی و تاوان لە هەڵکشاندایە و ڕووداوی وا بێزاوی دەبینین کە ئاستی ئومێد بە ژیان، کە یەکێکە لە چەکەناتی پەرەسەندن، دادەبەزێنێت. ڕاستە یاسا بەباشی پێناسە کراوە و تا ڕاددەیەکیش کاری خۆی دەکات بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، چۆن کۆمەڵگه لە نەریتە دزێوەکانی وەک تاوان و توندوتیژی بپەڕێتەوە و بەرەو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت و بۆچی یاسا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان نەیانتوانیوە کۆمەڵگه بگەیه‌ننە ئاستی پەرەسەندنی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی؟ وەڵامی نەرمەئامرازییانە ئەوەیە کە پێدەچێت دوورمەوداترین و بنەماییترین کارکردی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگسازی بێت؛ تا سیاسەتی فەرهەنگی بۆ ئەم پرسە دانەندرێت ڕێگەی یاسا، بەرزکردنەوەی باری ئابووری و NGOکان بەتەواوی سەرکەوتوو نابن. لە ڕاستیدا لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری سیاسی و ئابووری بەپێی توانا کراوە، بەڵام ئەوەی زۆر بیری لێ نەکراوەتەوە سیاسەتی فەرهەنگییە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت لە چوارچێوەی تیۆریی نۆڕماتیڤ، لە ڕوانگەی سیاسەتی فەرهەنگی بە میتۆدی وەسفی، تاوتوێی دیاردەی تاوان و توندایەتی بکرێت و ڕێچارەی فەرهەنگی بە شێوەیەکی زانستیانە پێشنیار بکرێت. گۆڕاوی سەرەکیی نووسینەکە فەرهەنگسازییە و گۆڕاوی گرێدراو تاوان و توندایەتییە کە گرێدراوی هەبوون یان نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگییە.

چوارچێوەی تیۆری

بەپێی گوتەی ئایزایا بێرلین، تیۆریی سیاسیی نۆڕماتیڤ (Normative Theory) بریتییە لە دۆزینەوە و به‌كارهێنانی هزری ئەخلاقی بونیادین لەناو مەیدانی پەیوەندییە سیاسیەکاندا. ئەم تیۆرییە لقێکە لە فەلسەفەی ئەخلاقی کە سەروکاری لەگەڵ ئەو پرسیارگەلە ئەخلاقییە بونیادییە هەیە کە کاریگەری دەنێتە سەر ژیانی سیاسی. تیۆریی نۆڕماتیڤ لە شێوە فەلسەفییەکەیدا بەدوای گوزارەی ئەخلاقی ڕێنوێن دەگەڕێت، بەڵام لە به‌كارهێنانه‌ مەیدانییەکەیدا بەدوای تێگەیشتنی لێکەوت و هۆکارە ئەخلاقییەکانی ڕەفتاری واقعی سیاسییە. (مارش و استوکر، 1392: 49 و50) لە ڕاستیدا تیۆریی نۆڕماتیڤ لە جیاتی ئەو شتەی کە "هەیە"، پێداگری لەسەر ئەو شتە دەکات کە دەبێ "هەبێت" و ماکەی سەرەکیی ئەم تیۆرییە "دەبێ" و "نابێ"یەکانە و ئەم "دەبێ" و "نابێ"یانە، دەکرێ کۆمەڵایەتی، ئایینی و یاسایی بن.

ئەم "دەبێ" و "نابێ"یانەی کە جەوهەری سەرەکیی تیۆریی نۆڕمین، پەیوەندییان بە زۆربەی بابەتەکانەوە هەیە و تەنانەت باز دەدەنە بابەتگەلی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە گریمانەی بەها و ئەرزشییان تێدایە. یەکێک لەم وارانە، واری فەرهەنگیین کە پەیوەندییەکی بەهێزی بە کۆمەڵگه‌وە هەیە. تیۆریی نۆڕماتیڤ ڕاڤەی مرۆڤ و بەها ئەخلاقییه‌كان دەکات و لەناو دەروونی ئەم ڕاڤەیە "دەبێ" و "نابێ"گەلێک بۆ ژیان هەڵدێنجێت. ئەم "دەبێ" و "نابێ"یانە لە ڕەهەندی فەرهەنگی، دەبنە بناغە و دەگەنەوە سیاسەتی فەرهەنگی. ئەم تیۆرییە، لەسەر بنەمای هەڵگرتەیەک لە جیهان، مرۆڤ و فیترەت، لەخۆگری بەها و نۆڕمگەلێکی سیاسەتدانانە. ئەم بەهایانە دەتوانن لە ئاراستە سەرەکییەکان و سیاسەتە گشتییەکان زیاتر خۆ بنوێنن و لە سیاسەتی وردیشدا بخرێنە ڕوو. (اشتریان، 1391: 126-128)

سیاسەتی فەرهەنگی

لە شێوە کلاسیكییەکەیدا فەرهەنگ لەناو هونەر، شیعر، موزیك و... سنووردار دەکرا کە تایبەت بوو بە گرووپی ده‌سته‌بژێره‌كان و چینێکی تایبەتی کۆمەڵگه. بە واتایەک، ڕەوتی فەرهەنگ لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە شێوەیه‌کی قۆرخکراو بوو. بەڵام لە شێوە مۆدێرنەکەیدا ئەم بازنە کلاسیکە پسا و گرینگایەتیی فەرهەنگ زیاتر وەدەرکەوت؛ بە جۆرێک کە ئێستا فەرهەنگ بۆتە بەشێکی سەرەکیی خۆراکی کۆمەڵگه و هەموو کەلێن و کۆڵانێکی تەنیوە. واتا شێوازی ژیانی ئێمە نۆڕم و فەرهەنگە و ئەم نۆڕمانە لە هەموو بەشێکی ژیاندا هه‌ن. بۆیە هەر کاتێک گرفتێکی فەرهەنگی لەناو کۆمەڵگه‌یەکدا بێتە دی، بە پرسێک دێتە هەژمار و کۆمەڵگه و دەوڵەتیش تووشی هەڵوەستە دەکات.

لەو سەردەمەدا کە ئەرکی دەوڵەتان زیادی کردووە، یەکێک لە ئەرکەکان داڕشتنی سیاسەتی گشتیی فەرهەنگییە و دەبێ سوود لە هەموو سەرچاوە و ئامرازەکانی فەرهەنگسازی وەربگیرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگه‌ی ئاسۆیی بۆ ڕێگەی ڕاستی و خۆشبەختی ئاراستە بکرێت. هەندێک پێیان وایە سیاسەتی فەرهەنگی لە سەرەوە بۆ خواره‌وەیە و لە ئەستۆی دەوڵەتە، (وحید، 1382: 51( و بە سیاسەتێکی دەسەڵاتدارانەی دادەنێن. (کاشی، 1382: 51-67) ڕاستە کاتێک فەرهەنگسازی بە تەواوی دەکەوێتە دەستی دەسەڵات، هەوڵ دەدرێت مرۆڤی تاکڕەهەند و بارگاوی دروست بکرێت؛ بۆ وێنە دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی، سیاسەته‌ فەرهەنگییەکەی بە شێوەیەکە کە مرۆڤی زۆر "ئایدیۆڵۆگ" بار دێنێت، هەروەها سیاسەتی فەرهەنگیی کاپیتالیستی وا دەکات، مرۆڤ وەک لۆکۆمۆتیڤێکی ئاراستەکراو تەنیا لەسەر ئاسنەڕێی ئابووری هەنگاو بنێت. واتا کارێک ناکرێت تەنیا چاودێریی فەرهەنگ بکرێت و بەستێن بۆ مرۆڤسازی هەموار بکرێت تاکوو فەرهەنگ خۆی بزواو بێت و ڕەوتی ڕاست بگرێتە بەر. لێرەدا مەبەستی نووسینی ئێمە ئەم جۆرە فەرهەنگسازییە تاکڕەهەندبینییە دەوڵەتییە نییە، بەڵکوو پێویستە دەوڵەت بە هەماهەنگی لەگەڵ ده‌سته‌بژێره‌ زانستییەکان و نەریتە ئەرێنییەکان کەش و مەیدان بۆ مرۆڤسازی بێتە ئارا، نەک مرۆڤەکان لەقاڵب بدرێن و بکرێنە مرۆڤی ماشێنی.

چییەتی و ماکەی سیاسەتی فەرهەنگی

سیاسەتی فەرهەنگی، کاریگەریدانانی گشتییە لە مەیدانی فەرهەنگ و پەرەسەندنی فەرهەنگی. لە دیدگه‌ی زانستیدا، سیاسەتی فەرهەنگی، گرینگایەتیی ستراتیژیی هەیە و پەیوەندیی بە هەموو بابەتەکانی پەرەسەندنی پایەدارەوە هەیە. (اشتریان، 1381: 10) لە ڕوونترین پێناسەی چەمکیدا دەتوانین بڵێین سیاسەتی فەرهەنگی لە ئاستی گشتیدا، بریتییە لە دانان و ڕێکخستنی ڕێکاری زانستی بە مەبەستی چارەسەریی کێشە کۆمەڵایەتییەکان یان گەیشتن بە دۆخێکی تایبەتی. (اشتریان، 1381: 51) بەپێی پێناسەی دەیەی جیهانیی پەرەسەندنی فەرهەنگیی یۆنسکۆ (1998-1988)، سیاسەتی فەرهەنگی بریتییە لە دیاریکردنی هێڵ و ستراتیژیی فەرهەنگی بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە چوارینەکانی پەرەسەندنی فەرهەنگی، واتا هاوکاریی فەرهەنگی، بەشداریی فەرهەنگی، میراتی فەرهەنگی و ناسنامه‌ی فەرهەنگی (اجلالی، 1379: 11) کە یۆنسکۆ یەکەم جار بە خستنەڕووی چەمکی پەرەسەندنی فەرهەنگی، خستییە سەر زار. ئێستاکە بابەتی فەرهەنگی بەرینتریش بووە و بابەتگەلی وەک دیموکراسیی فەرهەنگی، پاراستن و بڵاوکردنەوە و ڕێزلێنانی فەرهەنگی بوونەتە بازنە سەرەکییەکانی سیاسەتی فەرهەنگی. جگە لە یۆنسکۆ، ئەنجومەنی ئەوروپا، دامەزراوەی یەکێتیی ئەفریقا، وڵاتانی ئەندامی ASAN و ئاژانسی هاوکاریی تەکنیکی و فەرهەنگی وەک بەشێک لە بەرنامەکانی خۆیان خەریکی سیاسەتدانانی فەرهەنگین. لەم سەردەمەدا وێڕای قەبارەی زۆری پۆمپاژی (په‌مپه‌كردن، هەڵگرتنی شتێک لە شوێنێک و فڕێدانی بۆ شوێنێکی دیکە) تۆوی فەرهەنگی لە لایەن میدیاکان، پێداچوونەوە لە ڕێکار و ستراتیژییەکانی سیاسەتدانانی فەرهەنگی شتێکی حاشاهەڵنەگرە؛ بە جۆرێک کە سیاسەتی فەرهەنگی جگە لەوەی کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی فەرهەنگی، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پایەدار و درێژخایه‌نیش.

حکوومەت و سیاسەتی فەرهەنگی

فەرهەنگ یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی پێشکەوتن کە کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی دیکە هەیە. واتا پایەداریی فەرهەنگی دەتوانێت پاراستنی فەرهەنگی کۆمەڵگه‌ی پێوە بێت و پێش بە ناڕێکی و نانۆڕمی بگرێت. لەسەر ئەم ئەساسە دەوڵەتەکان سەرنجیان داوەتە ڕەوت و دۆخی فەرهەنگی و هەوڵ دەدەن بەرنامەڕێژیی بۆ بکەن. لێرەدا خاڵی سەرەکی، بابەتی دەستێوەردان یان دەستێوەرنەدانی دەوڵەتە. ئایا دەبێت دەوڵەت بۆ فەرهەنگ بەرنامەڕێژی بکات و سیاسەتی دیار بگرێتە بەر یان ڕەوتی فەرهەنگی سه‌ربه‌ست بکات بۆ ئەوەی ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر. لە ڕاستیدا سیاسەتی فەرهەنگی، پێویستییە، بەڵام بە گۆڕینی سەرچاوە فەرهەنگسازەکان هەر جۆرە سیاسەتێک پێویستی بە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەیە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی فەرهەنگی

لەوانەیە تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە پێناسەیەکی بۆ سیاسەتی فەرهەنگی نەبێت. لە ڕاستیدا لە باشووری کوردستان زیاتر بە چاوێکی پۆزەتیڤیستییانە سەیری فەرهەنگ دەکرێت. ئەو کارە فەرهەنگییانەی تا ئێستایش کراون، زیاتر چوارچێوەی چالاکیی فەرهەنگییانەی کلاسیکیی وەک چاپخانە و خولی مووزیك، سمینار، دەورەی دروومان، فێرکردنی کۆمپیوتەریان هەیە؛ واتا ناچنە ناو بازنەی سیاسەتی فەرهەنگییەوە. دەیان سەنتەری ڕۆشنبیری و ناوەندی میدیاییی جۆراوجۆر بە تێچوویەکی زۆر خەریکی چالاکین، بەڵام پێناچێت هیچیان خاوەنی سەنەدی سیاسەتی فەرهەنگی بن و پێیان وایە کاری فەرهەنگی بریتییە لە کۆنسێرت و زیندووکردنەوەی کەلەپووری کوردەواری و دانانی بەند و بڕگەی یاسا. لە چاوی ده‌سته‌بژێره‌ دەسەڵاتدارەکانی حکوومەت، هەروەک پێناسەی کلاسیک، فەرهەنگ بریتییە لە کاڵای لوکسی ده‌سته‌بژێرپه‌سه‌ند (نوخبه‌په‌سه‌ند). زۆربەی دامەزراو و سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکانیش تەنیا چالاکیی فەرهەنگی و ڕووناکبیری بە فەرهەنگسازی دەزانن و تەنانەت کەمتر درک بە جیاوازیی نێوان ژیار و فەرهەنگ کراوە. هەروەها کەمتر سەرنج دراوەتە ئەوە کە سیاسەتی فەرهەنگی و چالاکیی فەرهەنگی و وەرزشی دوو بابەتی لێکجیاوازن. لەسەر ئەم جۆرە تێگەیشتنەیە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆتە شوێنی کلیپ و ژمارە سپاردنی کتێب و فیستیڤاڵ؛ تەنانەت ڕەنگە ئەم وەزاره‌تە ستراتیژ و په‌یڕه‌وێكی زانستییانەی بۆ داڕشتنی سیاسەتی فەرهەنگی نەبێت و پێناسەی زانستیی سیاسەتی پەرەسەندنی فەرهەنگییش بە شێوەیەکی ئه‌کادیمییانە کاری لەسەر نەکرابێت.

فەرهەنگسازیی داکشاندنی تاوان و توندایەتی

ئەگەر لە دیدگه‌ی فەرهەنگسازییه‌وه‌ سەیری دیاردەیەکی وەک تاوانی شەقامی بکەین، دەبینین کە هۆکاری سەرەکیی هەڵکشانی تاوان یان ناکامی لە داکشاندنی تاوان، لاوازیی سیاسەتی فەرهەنگییە. یەکێک لە ڕێکارەکانی داکشاندنی تاوان و توندایەتی، دیاریکردنی سزای جۆراوجۆری وەک بەندیخانە و بەندییەکانی یاسایین؛ بەڵام ئەم شێوە ڕێکارە تەنیا دەتوانێت تا ڕاددەیەک ڕێگری لە تاوان بکات یان مافی تاوانلێکراو بستێنێت. واتا یاسا و سزا بەتەنیا نابنە هۆی کەمکردنەوەی تاوانکاری. لە ئەنجامی نەبوونی فەرهەنگسازی بۆ دیاردە دزێوەکان و نەهێشتنی سوننەتە خرابەکان، ڕەنگە ڕێژەی تاوان و خرابه‌کاری (كه‌تنكاری) بەپێی ڕێژەی دانیشتووان لە هەڵکشاندا بێت. هۆکارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە زیاتر پشت بە یاسا دەبەسترێت، لە کاتێکدا یاسا بەتەنیا ناتوانێت بەرەنگاری نەریتە باوەکان بێتەوە و هاووڵاتیی باش بەرهەم بێنێت. تەنانەت لەوانەیە دوای سەرکەوتنی نەریتی بەردین و دواکەوتووانە، به‌ناچار یاسایش بخرێتە خزمەت نەریتە خوار و خرابه‌کان. ئەگەر لە دیدگه‌ی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی سەیری پرسەکە بکەین، دەبینین زۆربەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کە خشتی بناغەییی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیین، ڕواڵەتێکن کە کەمتر سەرنجیان داوەتە فەرهەنگسازی و لە بەرزکردنەوەی ئاستی فەرهەنگیی کۆمەڵگه تا ڕاددەیەکی زۆر ناکام بوون. بۆیە پێویستە سیاسەتی فەرهەنگی بە شێوەیەکی گشتی بە سوودوەرگرتن لە هەموو ئامرازە فەرهەنگسازەکان کاری لەسەر بکرێت. بۆ وێنە نووسینی ڕستەی جوان لەسەر بیلبۆردی ناو شار، چالاکیی فەرهەنگیی ئاگاییبەخشی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرزکردنەوەی خۆناسی و خۆئاگایی لەناو تاک و خانەوادە، لە دوورمەودادا زۆر کاریگەرترە لە یاسادانانی ڕەق و توند و دانانی ڕێکخراوە مەدەنییە یاسامەندە ڕواڵەتییەکان. وەک دیارە هەڵکشانی نەخۆشیی توندایەتی و تاوان زیانێکی زۆری بۆ بونیادی کۆمەڵگه دەبێت. ئەم پرسە تەنیا بە سیاسەتی کارای فەرهەنگی چارەسەر دەکرێت و بە دانانی بەرنامەی گشتی، پەروەردە و فێرکاریی لێهاتووییی تاک و کۆمەڵەکی، دەکرێ لە ڕاست پتەوکردنی ناسنامه‌ی فەرهەنگی هەنگاو بهاوێژرێت و هاوتەریب توندوتیژییش دابکشێندرێت.

ڕێکارە پێشنیارییەکان

پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە ڕەوتی سیاسی و ئابووری، ڕەوتێکی فەرهەنگی بخاتە گەڕ و بوودجەی پێویستی بۆ دابنێت. پێویستە فەرهەنگسازیی گشتی، کاری زانستیی بۆ بکرێت و لەژێر خیزەڵانی سیاسی و شەڕەهەواڵی ڕاگەیاندندا کاری فەرهەنگی بێتە دەرێ؛ کارێک بێت کە نەدرێتە دەست ڕاگەیاندنکار، ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوانامەکان بەڵکوو بە ژیران و زانایانی پسپۆر و شارەزایانی سیاسەتی فەرهەنگی بسپێردرێت. لەم دەرگه‌یەوە ئەگەر سەرنج بدەینە یەکێک لە ڕیشەکانی تاوان، بۆ نموونە دەبینین کە کەلتووری تووڕەیی هۆکارێکی سەرەکیی هەڵکشانی تاوانە. ڕاستییەکەی تووڕەیی یەکێکە لە وەڵامە سروشتییەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر هەڕەشە؛ هۆکارگەلی زۆر هەن کە ئەم تووڕەیییە هەڵدەکشێنن و ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت مەترسیی پێوەیە. خانەوادە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە کۆنترۆڵی تووڕەییی منداڵ. بۆیە پێویستە سەرەتا لە پەروەردەی خانەوادەوه‌ دەست بە فەرهەنگسازی بکرێت. لێرەدا دەبینین کە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن یەکێکن لەو میوانە بەردەوامانەی هەموو ماڵێک؛ بەڵام تا ئێستا جگە لە هەواڵی سیاسیی ناقووڵ، کەمتر کاری فەرهەنگی بۆ پەروەردەی منداڵان کراوە. تا ئێستا نەزانراوە که‌ناڵێک ئه‌ڵقەیکی تەلەڤزیۆنی لێ بدات کە پێشتر دانیشتنی سیاسییانە، کۆمەڵناسانە و دەروونناسانەی لەسەر کرابێت و بە ئامانجی ڕێکخستنی کۆمەڵگه ئەم فیلم یا ئه‌ڵقەیە دۆبلاژ بکرێت. نەک هەر بیر لەوە نەکراوەتەوە بەڵکوو لەسەر کەناڵێکی ڕاگەیاندن سووکایەتی بە ده‌سته‌بژێرێكی شارەزا و شانازمەندی کوردستان کراوە، لە جیاتی ئەوەی سوود لە زانست و هونەرەکەی وەربگرین و ناوەرۆکی پێ بەرهەم بێنین بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگه.

بە دەیان که‌ناڵی تەلەڤزیۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تێچووی زۆر خەریکی چالاکین، بەڵام نەبیندراوە یەکێکیان پێناسەی زانستیی بۆ بەرهەمهێنانی ناوەرۆک بکات. هەر کەسێ دێ و لە ڕێگەی ئەم جۆرە که‌ناڵانە خۆیەک نیشان دەدات و دەیەوێ پاش ماوەیەک ببێتە ئەندامی پەرلەمان و وەزیر. هۆیەکەیشی ئەوەیە کە لە جیاتی هزر، تەونی هەرزەیی و سادەبیری و وەهم هەموو وڵاتی تەنیوە و ئەو شتەی کە دەبێت لەناو دەستی سیاسەتزانانی هێسکن (هێسکئەستوور، غولی سیاسی) و قووڵدا بێت، کەوتۆتە دەستی تەکنیکسالاران، تەکنۆکراتەکان، ڕۆشنبیر، ڕاگەیاندنکاران و خاوەن بڕوانامە کاغەزینە کڕاوەکان. لە کاتێکدا ئەم جۆرە کارانە سیاسەتزانییەکی زانستییانەی گەرەکە؛ بەڵام بەپێچەوانەوە لە باشووری کوردستان دروشمی حکوومەتی تەکنۆکرات گیراوەتە بەر، بێخەوەر لەوەی، مەیدانی سیاسەت کاری تەکنۆکراسی و عەقڵی ئامرازی نییە. ڕاستە سوودوەرگرتن لە تەکنیک لە جێی خۆی پیشەیی و یاسایییە و دەتوانێت سیاسەتدانان بگەیه‌نێتە ئامانج، بەڵام سوودوەرگرتنی لەڕاددەبەدەر لە تەکنیککاران و سوکانسپاردن بە تەکنۆکراسی، ڕووی نەرم و هزری زانست لەناو دەبات. زانست بنەمای فەلسەفی، داتا و زانیاریی هەیە کە ئاکامەکەی تەکنەلۆژیایە. ئەگەر پشت بە سیستەمی تەکنیکی بەڕێوەبردن ببەسترێت، لە ئاکامدا سەربەخۆییی سیاسەتدانەران لەدەست دەچێت و هەستیارییان لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا نامێنێت و ناتوانن کاتی قەیران دیاری بکەن. لێرەدایە کە نەبوونی زانستی سیاسەت و پشتبەستن بە تەکنۆکراتیزم وا لە تەکنیکارێکی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوێکی مەدەنی دەکات بە شێوەیه‌کی مەکینەیی و کلاسیکی سەیری فەرهەنگ بکەن و وا لە حکوومەت دەکات تەنیا بە ئامرازی یاسا بەرەنگاری دیاردەگەلی وەک گەندەڵی، تاوان و توندایەتی بێتەوە.

لەسەر ئەم باسە با سەرنج بدەینە نموونەیەک؛ لە دونیای مۆدێڕندا سازکردنی بینا و باڵاخانەکان کاری وەستای تەکنیککارە، بەڵام ئەگەر کەسێکی سیاسەتدانەری فەرهەنگی لە پشت ئەم وەستاکارە نەبێت ڕەنگە شێوازی دانانی بینایەکی بێڕۆح و بێواتا، ببێتە هۆی گرژبوونی ڕەفتاری منداڵان و بەرپرسیارییه‌تی هەڵنەگرتنی هاووڵاتیان، بەڵام سیاسەتڕێژانی فەرهەنگی تەنانەت مۆدێلی بینایەکی بلووکین وەها هونەرییانە بە وەستا دادەڕێژن، کە ئارامی بداتە هاووڵاتی و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژیی دەروونی و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرپرسیارییه‌تیی کۆمەڵایەتی. کەواتا لە ورد و درشتی هەر شتێکدا، پێویستە سیاسەتی فەرهەنگی قسەی یەکەم بکات.

دەرکەوتە

لاوازیی سیاسەتی فەرهەنگی نەک هەر بۆتە هۆی ئەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندن ساز نەبێت، تەنانەت بۆتە هۆی هەڵکشانی ئاستی تاوان و دەرووننەخۆشی لەناو بەشێکی فراوانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش ئەوەیە کە زیاتر بە چاویلکەی تەسکی یاسا سەیری هەموو شتێک دەکرێت. میدیایش بۆتە شتێکی بڵقاوی و خزمەت بە فەرهەنگ و شێوازی ژیانی کوردی ناکات؛ بە کەرخی ئەواندا سۆشیال میدیایش بۆتە شوێنی بەرهەمهێنانەوەی ناکەلتووریی میدیاکانی پێش خۆیان. ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش زیاتر بە ئامرازی لە قالبدراوی یاسا دەکەونە بەرگری و زیاتر سازەیەکی فیزیکی و ئامێرییان هەیە و کەمتر بیریان وەلای ئامرازی نەرمی فەرهەنگییە. بەرزترین مەرجەعی فەرەهەنگسازییش دیدێکی پۆزەتیڤیستییانەی هەیە و نیگایان بۆ فەرهەنگ نیگایەکی کلاسیکی ده‌سته‌بژێرخوازه‌. کەلێنی نەبوونی فەرهەنگسازیی کلیلیترین هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی دیاردە دزێوەکانە.

بەپێی گریمانەی پرسیاری سەرەکی، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە تاکوو سیاسەتی فەرهەنگی لە لایەن سیاسەتزانانی ژیرگەرا و گەشەخواز دانەندرێت، بە یاسا، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، پۆلیس و میدیا هەواڵدەرەکان فەرهەنگی هاوشاری و هاووڵاتیی یاسامەند ساز نابێت. بۆ وێنە دیاردەیەکی وەک "تریاک" تەنیا ماوەیەک بە یاسا و سزا کۆنتڕۆڵ دەکرێت بەڵام ئەگەر زانستی کیمیا زیاتر پێش بکەوێت و ماددەی هۆشبەر لە شتی زۆر سادە بەدەست بێت، ئایا ئەوکات یاسا و پۆلیس دەتوانن ڕێگری لە بەکارهێنەران بکەن؟ لە وەڵامدا دەبێ بڵێین هاوتەریبی یاسا و سزا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕێگەی سازکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و پێشگری لە تاوانکاری و نانۆڕمیی کۆمەڵایەتی کیمیاگەرێکە، کە ئەویش سیاسەتی فەرهەنگییە.

Latest from محه‌مه‌د کەریمخان