ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

زیانناسیی كۆچكردنی سەرمایەی مرۆیی لەسەر پڕۆسەی پەرەسەندن

محەمەد کەریمخان، دەرچووی قۆناغی دکتۆرای بەشی زانستە سیاسییه‌كان لە زانکۆی تاران

کورت و پوخت

ئاشکرایە کە وەستاکار و دانەرانی پایەکانی پەرەسەندنی وڵاتانی پەرەسەندوو، سەرمایە زانستی و مرۆیییەکان بوونە. گرینگیی ئەم جۆرە سەرمایەیه‌ لەوەدایە کە بزاوتی گەشەی ئابووری-تەوەر بۆ ئابوورییەکی زانست-تەوەر دەگۆڕن. ئەم سەرمایەیه‌ لە وڵاتانی دواکەوتوو کەم و زۆر هەیە، بەڵام دیاردەیەکی هەوکگر و خنکێنەر لە پێش پێشکەوتنی وڵاتانی وەپاشکەوتوو، کۆچی ده‌سته‌بژێره‌ ژێهات و عه‌قڵە هۆشمەندەکانە لە نیشتمانی خۆیان بۆ وڵاتانی پەرەسەندوو. سەرمایەی زانستی و ڕووناکبیرانی زۆر وڵاتی پەرەنەسەندوو لەبەر كۆمه‌ڵێك هۆکار، ماندوویانە دەکەونە تاریکاییی شەوستانی بێهیوایی و، ناچار سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەبنە کانگەی سەرمایەی وڵاتانی پێشکەوتوو. دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە وڵاتی دواکەوتوو پتر پەکی دەکەوێت و وڵاتە پەرەسەندووەکانیش لە پەرەسەندن و پێشکەوتن هەروا هەراوتر دەبێت، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە بەتاوتر دەڕۆنە پێش. سەرنجگەی پرسئاسای ئەم نووسینە دیاردەی کۆچی سەرمایە زانستی و فەرهەنگییەکانە و دەیەوێ لە هۆکارەکان بدوێت و لێکەوت و ئاکامەکەی نیشان بدات و ئەگەر ڕێکارێک به‌مێشكدا بێت بیخاتە ڕوو.

پێشەکی

هۆکارەکانی کۆچکردن زۆر و جۆراوجۆر و تا ڕاددەیەک دیارن. خەڵکی ئاسایی کە وڵاتێکی خۆشبژێوتریان پێ خۆشە و وەدیهێنانی ئارەزووەکانی خۆیان لە وڵاتێکی دیکە دەبیننەوە، شاعیر گوته‌نی "ئەو جێیە خۆشە، یاری لێیە." بۆیە ڕەنگە زۆر گرێدراوی نیشتمان نەبن و غوربەت بۆ ئەوان مانایەکی وەهای نەبێت و کل و سورمەی خاکی وڵاتێکی دیکەیان بۆ ڕەنگی چاوان لەلا خەملێنتر بێت لە خاک و خەنەی وڵاتی خۆیان. بەشێکی دیکەی کۆمەڵگە، کە ده‌سته‌بژێره‌ زانستی و فەرهەنگییەکانن، لەوانەیە لەناو کەشی مۆدیرنیتەدا تاکگەرایانەتر بیر بکەنەوە و زەینێکی "جیهاننیشتمانی"یان هەبێت، کە لەناو بابەتی پەیوەندیی نێوان شوێن و مرۆڤ جێی تاوتوێكردنه‌.

بەڵام کاتێک دێینە سەر بابەتی كۆچكردنی سەرمایه لێزانەکان، ئاسۆی شیکاری دەبێ بگۆڕدرێت؛ لەو کاتەدا دەبێ سەر بەسەر کۆشکی بلوورینی هەژار دابگرین و جیاوازی لە نێوان کەللـەی کوڵاو و مێشکی بەبیر بکەین؛ دەبێ جیاوازی لە نێوان هێزی لێزان و وزەی تەکنۆکرات و خەڵکی ئاسایی بکرێت. هۆکاری کۆچی لێزانان جیاوازە و لێکەوتی نەمانی ئەوان لە درێژمەودادا کارەساتێکی قەرەبوونەکراوی بەدواوەیە. کەسی ژیر و بەئاگا، نیگای بۆ وڵات و گەل و ئاییندە جیاوازە و هەست بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەکات و دەیەوێت ببێتە خشتێک لە لاقوژبنی سەرای پێشکەوتنی وڵاتەکەی خۆی. بەڵام لە جێگه‌یەکدا بڕیاری سەرهەڵگرتن دەدات بۆ ناکوێیەکی دوورەدەست و خۆی ڕادەستی چارەنووسێکی نەویستراو دەکات. ئەم بڕیارەی ژیرمەندێک تەنیا زیان بە خۆی ناگەیه‌نێت، بەپێچەوانەوە لەوانەیە لە دەرەنجامدا ببێتە بیرمەندێکی ناوداری بەرۆک بە نۆبڵ و یەخە بە فیلدز و دەست بە ئۆسکار. بەڵام بۆ وڵاتێکی دواکەوتوو، کە پێویستی بە ده‌سته‌بژێره‌ ئه‌کادیمی و زانستییە [ڕاستەقینە]کان هەیە، زیان و مەترسیی زۆری پێوەیە. بە جۆرێک بەم دیاردەیە دەگوترێت "به‌تاڵبوونه‌وه‌ی مێشک". (Gencler, 2012) بە واتایەکی دیکە وڵاتێک کە بەتاڵ دەبێتەوە لە مێشکە هۆشمەندەکان، وەک مرۆڤێکی بێسەر دەمێنێتەوە کە زیان بە ئابووریی وڵاتیش دەگەیه‌نێت. بە قەولی مەحوی: "سەر و سامانمت پرسی، مەپرسە ـــــ سەری تۆ خۆش، نە سەر ماوە نە سامان." ئەگەر واتای شیعری مەحوی لە عیشق و عیرفان بێنینە ناو ئەو وارە، دەبێ بڵێین کاتێک سەرە پڕ لە ژیرایەتی و هزر و زانستەکان لە وڵات بڕۆن، سەروەت لە کەمی دەدات و سامانی وڵاتیش تێک دەچێت.

ڕاستییه‌كه‌ی، سەرمایەی مرۆیی و سەرمایەی زانستی و فەرهەنگی، ئەو بەشەی کۆمەڵگەیە کە وەک ده‌سته‌بژێر و ژووری بیریاری، لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی وڵاتدا ڕۆڵ دەگێڕن. تەنانەت "لە دابەشبەندیی بانکی جیهانی، یەکێک لە کانەکانی سەروەتی وڵاتان سەرچاوەی مرۆیییە. (اسماعیلی، 1385: 137) بوونی ئەم جۆرە سەرمایەیە پەرە بە سەرمایەی مرۆیی دەدات و دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌ و تەنانەت لە ڕووی ئابوورییشه‌وه‌ دەتوانن سوودی سەیریان هەبێت. "ئەزموونی وڵاتانی وەک فەڕەنسا، بریتانیا، ئیتالیا، کۆریای باشوور، سەنگاپوورە، چین و مالیزیا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە مرۆڤە نوخبە و شایستەکان دەتوانن ببنە هۆکاری گەشەکردن و قەڵەمبازی سیاسی و ئابووریی وڵات. هەموو پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتانە، دەرەنجامی توانا، لێهاتوویی و لێزانیی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی نوخبە و هزرمەند بووە کە بەدروستی پەروەردە کراون و لە شوێنی شیاوی خۆیان دانراون و بوونەتە سەرچاوەی گۆڕان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە. (وەلەدبەگی، 2018) لەبەرانبەردا كۆچكردنی ئەم جۆرە سەرمایانە دەبێتە هۆکارێک بۆ شکستی ڕەوتی پێشکەوتن و داکشانی سەرمایەی مرۆیی و تەنانەت شێواویی دیاگرامی ئابووری. چونکە ئەم سەرمایەیە لە لایەک ئامرازی پێشکەوتنە و لە لایەکی دیکە خۆی ئامانجە، چونکە پێشکەوتن کاتێک دێتە دی کە ئەم سەرمایەیە زۆر بێت.

لەم ڕێگوزەرە، هەرێمی کوردستان بە کۆڵێک ئارەزوو و ئامانجی پڕ لە هەورازی پشووبڕ، وەک زۆر لە وڵاتان، بەتایبەتی لەم دوو دەیەی دوایی، تووشی کۆچی عه‌قڵه‌ بەبەهرەکان بۆتەوە و، پێویستە وەک فەکتێک سەیری ئەم دیاردەیە بکرێت. بەڵام جیاوازیی باشووری کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەوەیە کە ده‌سته‌بژێری وڵاتانی دیکە باریان بەقەد ده‌سته‌بژێره‌کانی کورد قورس نییە. چونکە کورد لە لایەک دەیەوێ بگاتە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوی و لە لایەکی دیکە دەبێ بیر لە پەرەسەندنیش بکاتەوە. بەدبەختییەکی دیکە ئەوەیە کە هێشتا درک بە مەترسیی کۆچی سەرمایە زانستییەکان ناکرێت، لە کاتێکدا وڵاتە ئایدۆڵۆگە پەرەنەسەندووەکانی دیکە، لانی کەم لە ڕووی زانستی، کار لەسەر پرسی ڕۆیشتنی عه‌قڵه‌ نایابەکانیان دەکەن و دەیان ئاماریان لەو بارەوە هەیە و دیاردەکە تاوتوێ دەکەن. بەڵام ئێمە تەنانەت ئامار و ڕێژەکانیش نازانین و داتایەکی دروستمان لەبەردەست نییە تاکوو شیکارییەکی، بۆ وێنە، ڕێگریسیۆنی زانستییانەی مانادار لە نێوان گۆڕاو و هۆکارەکاندا بکەین. تەنانەت هێشتا نازانین کە ڕێژەی ژێهاتەکانی ئێمە لەچاو پیتزاچی و سەرتاشەکان لە وڵاتانی پەرەسەندوو چەندن. هەر ئەوەندە دیارە کە زۆرێک لەبەرپرسان ئەگەر بە هەر هۆیەک ڕا بکەنە وڵاتێکی پەرەسەندوو، لەوێ دەبنە شۆفێری تەکسی!

هەروەها، لە ڕووی كۆچكردنی عه‌قڵه‌كان، جیاوازیی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی پەرەنەسەندوو ئەوەیە کە عه‌قڵه‌ بەتواناکانی وڵاتانی پەرەنەسەندوو لانی کەم دەتوانن بچنە وڵاتێکی پەرەسەندوو و لەوێ بدرەوشێنەوە، بەڵام لێرە ئەو هەلە کەمترە و زۆربەی عه‌قڵه‌کان تووشی گۆشەگیری و خەمی دەروونی بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی مەیدانیان تەسکە و ئاسمان بۆ شاباڵی ئەوان بەرتەنگە. پرسیارەکە لێرەدا پڕڕەنگ دەبێت: لێکەوتی دیاردەی کۆچی عه‌قڵه‌ زیره‌كه‌كان لەسەر پەرەسەندن چییە؟ نزیکترین گریمانە ئەوەیە کە کۆچی عه‌قڵه‌ تیژ و بەبارەکان دەبێتە هۆی وەگەڕخستنەوەی سووڕگەی دواکەوتوویی و، لە ڕووی ئابوورییشه‌وه‌ زیانی فرەی پێوەیە و ئاسایشی نەتەوەییش تووشی هێدمە دەکات. گۆڕاوەی سەربەخۆی ئەم بابەتە کۆچی بیریارەکانە و لەبەرانبەریدا گۆڕاوی گرێدراو، پێشکەوتنی وڵاتە کە وابەستەی سەرمایە زانستی و مرۆیییەکانە.

شێوازی لێکۆڵینەوە، وەسفی و ئانالیزەی تیۆر و سەرچاوە پەیوەندارەکانە. لە ڕووی پێناسەی چەمکی، پێش هەر شتێک پێویستە جیاوازی لە نێوان ڕۆیشتنی عه‌قڵه‌ کەمیابەکان لەگەڵ خه‌ڵكی ڕەشۆکی بکرێت. هەرچەندە هۆکاری ڕەشۆکبوونی ئەوانیش جێی تاوتوێیە. لێرەدا مەبەست لە عه‌قڵه‌ لێهاتووەکان خاوەن شەهادەکان نییە، بەڵکوو مەبەست لە ده‌سته‌بژێره‌ ڕەسەنەکان، عه‌قڵه‌ زیره‌كه‌كان، هێزی توێژەران، پسپۆڕان، هێزی کاری لێزان و تەکنۆکراتە ڕاستەقینەکانە.

ڕوانگەی تیۆری

لەناو تیۆرییەکانی گەشەی ئابووریدا، سەرمایەگوزاری لەناو سەرچاوە مرۆیییەکان دەستێکی ئەستووری هەیە. توێژینەوەکان دەریان خستووە کە پەرەسەندنی وڵاتان لە نێوچاوانی سەرمایەی مرۆیی بووە. بۆیە نەتەوە پەرەنەسەندووەکانیش ناچارن تێچووی باش بۆ ئەم سەرمایەیە تەرخان بکەن و گرینگی بە زانست و تەکنەلۆژیا بدەن. بەڵام گرفتێکی سەرەکیی وڵاتانی دواکەوتوو ئەوە کە پێیان وایە پەرەسەندن تەنیا بە ئابووریی درشت دێتە دی، لە کاتێکدا ئابوورییەک سەرکەوتووە کە زانست دەکاتە هۆی بەرهەمهێنانی ئابوورییەکی بزواو و زیندوو. ئەم کارەش تەنیا لە ڕێی سەرمایەی مرۆیی دەکرێت.  (شاه­آبادی و جامەبزرگی، 1392: 75-76) لێرەدایە کە كۆچكردنی سەرمایە مرۆیییەکان زیان لە ڕێگەی پێشکەوتنی وڵات دەدات. لە ڕووی تیۆریی، دوو بۆچوونی سەرەکی لەبارەی کۆچی مێشکە ژیرەکان هەنە.

ڕوانگەی جیهانگەرا

لەناو جیهانی گلۆبالیزەبوودا دیدگەی جیهانگەرا، كۆچكردنی عه‌قڵه‌کان بۆ وڵاتانی پەرەسەندوو بە شتێکی باش دەزانێت. دیدەوەرانی ئەم تیۆرە پێیان وایە هەروەک چۆن بازرگانیی ئازادی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بەجیهانیبوون، ئازادسازی، تایبەتیسازی، لیبرالیزمی ئابووری و بابەتی هاوشێوە بۆ پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکان بەسوودە، کۆچی ده‌سته‌بژێره‌کانیش بەسوده و دەبێتە هۆی کەڵەکەی بەرهەمهێنان لە جیهان و دەتوانن خزمەت بە زانستی تەکنیکی و خۆشبژێوی بکەن؛ لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی هێز و وزەی پسپۆڕ لە شوێنێکی هەرزان و فراوان کە بەرهەمهێنانی کەمە، دەچێتە شوێنێکی کەمدۆز و گران و لەوێ دەکرێ سوودی باشتر و کاراتریان لێ وەربگیرێت. بە بۆچوونی ئەوان دوای ئەوەی وڵاتانی پەرەسەندوو سوودیان لە هێز و وزەی کۆچبەرە ده‌سته‌بژێره‌کان وەرگرت، دوای ماوەیەکی کورت تەکنەلۆژیا دادەگەڕێتە ناو وڵاتانی پەرەنەسەندووی کۆچبەران. ئەم دیدگەیە کۆمەڵگەی جیهانیی وەک گشتەیەک دێنێتە بەر چاو. لە ڕووی مافیشەوە ئەم ڕوانگەیە، جیهان وەک گوندێک دەبینێت و پێی وایە زانا و ده‌سته‌بژێره‌کان سەرمایەی جیهانین و نابێ پێش بە کۆچیان بگیرێت و پێویستە دەستکەوته‌ زانستییه‌كانی ئەوان بۆ هەموو جیهان هەناردە بکرێت.

ڕوانگەی نەتەوەگەرا

لەبەرانبەر ڕوانگەی جیهانگەرا، دیدگەی نەتەوەگەرا دێتە گۆ و پێی وایە لەبەر ئەوەی کە نەتەوە دواکەوتووەکان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی تەکنەلۆژیاییی خۆیان و هەنگاوهەڵێنان لە ڕێگەی پەرەسەندن، پێویستییان بە هێزی پسپۆڕ هەیە، ناتوانن چاوەڕێ بکەن تاکوو تەکنەلۆژیای وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەویش تەنیا ئەو تەکنەلۆژیانەی کە فیلتەرینگ نەبوونە و وڵاتانی پیشەسازی ڕێگەی پێ دەدەن بێتە ناو وڵاتانی تازەپەرەئەستێن و وڵاتەکانیان گیرۆدەی گرێدراویی پێشەسازی و تەکنەلۆژیکی دەکات، بگاتە ئەوان. ئەوان بۆ پڕکردنەوەی درزی تەکنەلۆژیایی و خۆشبژێوی و قەرەبووکردنەوەی دواکەوتووییی خۆیان پێویستییان بە هێزی سەرمایەی مرۆیی هەیە. ئەم دیدگەیە پێی وایە کۆچی عه‌قڵه‌كان تەنیا زیان بە وڵاتەکانیان دەگەیه‌نێت. ئەمە زیاتر ئایدیای وڵاتانی دواکەوتووە و پێیان وایە کە وڵاتەکانیان بە دوو شێوە زیان لە کۆچی عه‌قڵه‌ تیژەکان دەبینن؛ یەکەم، تێچووی پەروەردەکردنی هێزی مرۆیی بەهەدەر دەڕوات و دەچێتە خزمەت وڵاتانی پێشکەوتوو؛ دووەم، ڕۆییشتنی خوێندەواران دەبێتە هۆی بۆشاییی لێهاتووان و ئەم جۆرە کۆمەڵگه‌یانە بزواو نابن و تووشی بەستن و بەستەڵەک دێن، هەروەها پێش بە پێشکەوتن دەگیرێت و بۆشاییی تەکنەلۆژیا پڕ نابێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش قووڵتر دەبێتەوە؛ بۆیە ماوەی دواکەوتوویییان درێژتر دەبێت. (شاەآبادی، 1385: 43-45) لەم نووسینە بەپێی دیدگە تیۆرییەکەی نەتەوەگەرایان، کە پێیان وایە وڵاتانی دواکەوتوو پێویستیی زیاتریان بە ده‌سته‌بژێره‌ ژیرەکان هەیە و کۆچیان دەبێتە هۆی مانەوە لەناو گۆمی دواکەوتوویی، سەر بەسەر ئەم بابەتە دادەگرین.

چییەتیی كۆچكردنی سەرمایەی مرۆیی

بەگشتی بە دیاردەی ڕاکێشان، دەرکردن یان کۆچی بەربڵاوی داهێنەران، خوێندەواران، زانکۆیییەکان و زانایانی وڵاتێک یان کۆمەڵگەیەکی پەرەنەسەندوو (کۆچگە) بۆ وڵاتانی پەرەسەندوو (ویستگە) كۆچكردنی عه‌قڵه‌كان (Brain Drain) دەگوترێت. هەرچەندە هەندێکیش بە هەناردەکردن، ڕەتاندن، ڕفاندن یان گەڕانی عه‌قڵه‌کان ناوی دەبەن. (صالحی عمران، 1385: 58) لەو بارەوە یۆنسکۆ ناوی لەم دیاردەیە ناوە کۆچی تواناکان. (اخوان کاظمی، 1383: 84) ڕاستییه‌كه‌ی، کۆچی ئەم هۆشمەندانە گواستنەوەی نێودەوڵەتیی سەرچاوە کەمیابەکانی مرۆیی و زانستی و فەرهەنگییە لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو بۆ وڵاتانی پەرەسەندوو. کۆچكردنی ئەم کەسانە، لەدەستدانی سەرمایەیەکە کە بە هاوکێشە و ئاڵوێرێکی ئابووری وەدەست نەهاتووە. دروستبوونی ئەم سەرمایەیه مشەقەت و ماندووبوونی ساڵانی دیوە و پشوودرێژیی ڕۆژگار هاڕیونی و هەر ئەوان دەبنە وەستای سازکردنی وڵاتێکی پێشکەوتوو، بۆیە لەدەستدانیان نیگەرانییەکی گەورەی پێوەیە.

گرینگیی عه‌قڵه‌ پێشکەوتووەکان بۆ پەرەسەندن

زانستمەندان ئەو کەسانەن کە دەبنە مەکینەی پێشکەوتنی وڵاتێک؛ بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییه‌وه‌، بیر و هۆشی ئەوان دەبێتە هۆی سەرڕێژی داهات. هەر ئەوانیش بوونەتە هۆی بزاوتی بەردەوامی پێشکەوتن لە وڵاتان. وڵاتانی ژیری پەرەسەندوویش زیاتر لە هەوڵی ڕاکێشانی ئەواندان. ئەگەر سەیر بکەین دەبینین ئێستا زیاتر لە 90%ی کۆچبەرانی پسپۆڕ لە جیهان، لە 30 وڵاتی ئەندامی OECD (دامەزراوەی هاوکاری و پەرەسەندنی ئابووری) دەژین و زیاتر لە 90% کۆچبەرانی شارەزا لەم 30 وڵاتە، لە 6 وڵاتی ئەمریکا، ئینگلیز، که‌نه‌دا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا و فەڕه‌نسا دەژین. ئەمڕۆکە وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ڕاکێشانی سەرچاوەی زانستیی وڵاتان کەوتوونەتە کێبڕکێ. لە بەرانبەردا کۆچكردنی ئەو کەسانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەرمایەی مرۆیی و هێزی کاری وڵاتی دواکەوتوو دادەنێت و وەبەرهێنان لە کەمی دەدات و دواجار لێکەوتی خراپی لەسەر خۆشبژێویش دەبێت. (طیبی، 1390: 71-72) هەرچەندە هه‌ندێ ڕا و بۆچوون هەن کە پێیان وایە كۆچكردنی هۆشمەندەکان دەبێتە هۆی چالاکیی ئابووری و زانستیی ئەوان لە وڵاتانی پێشکەوتوو، دواتر هەر دەبێتەوە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی GNP (Adelman & Taylor, 1990)، بەڵام ئەگەر ئەو ڕایە ڕاستیش بێت، شتێکی کورتمەودایە و سوودێکی وەهای نابێت؛ هەر ئەوەندە نەبێت کە بڕە دراوێکی بیانی لە ڕێی ئەوانەوە هاوردە دەکرێت. ئەمەیش ڕەنگە بۆ کەسانی هۆشمەند، کە گیرۆدەی کاری زانستین، هەڵنەسووڕێت.

دیاردەی كۆچكردنی سەرمایەی زانستی لە وڵاتان

کاتێک باسی كۆچكردنی عه‌قڵه‌کان دەکەین، سیمای وڵاتانی دواکەوتوو یان ئەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆرپەروەرن ڕەنگ دەنوێنن. یەکێک لەم وڵاتانە، وڵاتی ڕووسیایە کە شەپۆلی كۆچكردنی عه‌قڵە زیرەکەکان، هەر لە ساڵی 1917 تا سەردەمی پووتین، چەندین جار خرۆشاوە. عێراقیش یەکێکه‌ لەو شوێنانەی کە دیاردەی كۆچكردنی عه‌قڵه‌کانی تێدا زۆرە. ئەگەرچی سەردەمێک عێراق لە هەوڵی پەرەسەندنی سێکتەری پەروەردەدا بوو و لە سەردەمێکیش هەنگاوی گەشەئاسای هەڵێنان، بەڵام دواجار بەهۆی نەبوونی ئاسایش و ناسەقامگیریی سیاسی، كۆچكردنی عه‌قڵه‌ تیژەکان، بەتایبەت بە هاتنی سەددام، هەڵکشا. ئەم دیاردەیە دوای ڕووخانی بەعسیش ڕووی لە زیادبوون کردووە. (www.bbc.com) جاری وا هەیە ئەم کۆچە لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەبیندرێت کە جیاوازە لەگەڵ وڵاتانی دواکەوتوو؛ بۆ وێنە لە وڵاتانی ئەوروپا کەسێکی لێهاتوو دەچێتە ئەمریکا (اسماعیلی، 1385: 139) یان دەچێتە وڵاتێکی تازەپەرەئەستێن، چونکە لەوێ کڕیاریان زۆرترە؛ هەرچەندە ڕەنگە لەبەر ئەوەی سەرمایەی زانستی لە وڵاتی خۆی زۆر بێت کۆچەکەیان وەک کۆچی ده‌سته‌بژێرێکی وڵاتێکی دواکەوتوو جێی نیگەرانی نەبێت. ئەڵبەتە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی پێشکەوتوو نەنوستوون و بیر لەم بابەتە دەکەنەوە و خەریکی دانانی سیاسەتی گونجاون بۆ چارەکردنی ئەم گرفتە.

لێکەوتی نەرێنیی ڕۆیشتنی هۆشمەندە زیره‌كه‌كان

کاتێک باسی گەشەسەندن و ئارەزووی پێشکەوتن و هەوڵی پەرەسەندن دەکرێت، دەبێ ئەوە بزانین کە كۆچكردنی سەرمایەی مرۆیی، یەکەم شەقی ئەجەل لە پەیکەرەی پەرەسەندن دەدات. سەرەکیترین لێکەوتی كۆچكردنی سەرمایەی مرۆیی، لاوازبوونی زانستە، چونکە مەیدان بۆ کەسانی خاوەن بڕوانامه‌ی ئاستنزم چۆڵ دەبێت و، ئەمە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی زۆر و بۆری نەزانین و نەزانپەرەستی. بەتایبەتی پیرەکان کە ئاست و کوالێتیی بەرهەمهێنانی زانستییان، بەهۆی کزبوونی سینۆپسەکان (Synapse)ی مێشک، لەچاو لاوە زاناکان دادەبەزێت، لە توێژگە و زانکۆکاندا دەمێننەوە و دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی ئاستی کوالێتیی بەرهەمی زانستی دابکشێت. هەروەها كۆچكردنی سەرمایە زانستییەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی یاسایی و ئابووری و... دواجار توانای نیشتمانی تووشی شەپڵە دەکات و سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات تووشی گرفت دەبێت؛ نەتەوەیەکیش کە لێهاتووەکانی لە سەرەوەی کاری بەڕێوەبردن نەبن، ناگاتە هیچ کوێ.

كۆچكردنی جینە ژیرەکان و کاریگەرییان لەسەر "ئای کیو"ی کۆمەڵگە

ئێستا چەمک و دەستەواژەی کۆچی عه‌قڵه‌كان و کۆچی ده‌سته‌بژێره‌کان (Elites Migration و Brain Drain)، گۆڕاوە بۆ کۆچی جینی عه‌قڵه‌کان (Brainy Genes Migration). بەپێی تیۆری کۆچی جینەکان، بە کۆچ کردنی کەسانی لێهاتوو نەک هەر سەرمایەی نیشتمانی لەدەست دەچێت بەڵکوو دوای ماوەیەک وڵاتانی پەنادەر دەبنە خاوەن زۆرترین ڕێژەی جینی هۆشمەند و لە واری زانست پێشڕەو دەبن و وڵاتانی دواکەوتوو دیسان ناچارن وابەستەی ئەوان ببنەوە. ئەگەرچی هۆکاری کەش و پەروەردە لە دروستکردنی ده‌سته‌بژێری ژێهات و ژیر کاریگەریی زۆری هەیە، بەڵام یەکێک لە هۆکارەکان میرات و کەڵەکەی زانستە. کەواتا هەر جینۆمێکی هۆشمەند و زیره‌ك کە لە وڵات دەڕواتە دەرێ، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی جینی ژیر لە وڵاتێکی دیکە. دواجار کۆمەڵگەی وڵاتانی پەنادەر ئەنباری جینە ژیرەکانیان تەژی دەکەن و دەبنە کۆمەڵگەی ده‌سته‌بژێران و کۆمەڵگه کۆچبەرەکانیش ڕێژەی جینی ژیریان دادەکشێت. بە واتایەکی دیکە چاکسازیی جینیتیکی لە وڵاتانی پێشکەوتووی ژیرپەروەر دەست پێ دەکات و ئەوان بەئاسانتر دەگەنە پەرەسەندنی پایەدار. (اسماعیلی، 1385: 143-144)

ئەوەی کە لە دوورمەودادا زیاتر ئاسۆی مەترسی نیشان دەدات، دابەزینی ئای کیوی کۆمەڵگەیە لە ئەنجامی كۆچكردنی جینە ژیرەکان. لە ڕاستیدا دەسگەیشتن بە نێوەنجیی هۆشی باڵاتر، یەکێکە لە ئامراز و دەستکەوتەکانی پەرەسەندن. کۆچی ده‌سته‌بژێره‌کان لێکەوتی تێکدەرانەی لەسەر پەرەسەندن دەبێت و لە درێژمەودادا ئەنباری جینۆمی ژیر تووشی هەژاری دەکات و لە داهاتوودا گواستنەوەی جینی ژیر بۆ نەوەکان تووشی گرفت دەکات. ئەم بابەتە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوو لە سکۆتلەندا دراوەتە بەر ئەزموون و کۆڵینەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم ساڵانە ده‌سته‌بژێرگەلێک بەرەو ئینگلیز کۆچیان دەکرد، تا وای لێ هات ڕێژەی زانکۆیییەکانی کۆچبه‌ر، بوونە 2/17 لەسەدا کە ڕێژەی زیره‌كییان (IQ) 1/108 بوو؛ ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئای کیوی نەوەی داهاتووی سکۆتلەندییەکان وردە وردە بۆ 97 دابەزێت تا وای لێ هات ڕێژەی ئای کیوی ئەوان لەچاو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کەمترین بێت. هەروەها لە ڕووی زانستی جینیتیکی، ئەوە سەلماوە کە جینی باشتر، پێویستە منداڵی زۆرتری هەبێت، چونکە لە کۆتاییدا ڕێژە و ژمارەی مرۆڤی هۆشمەند و زیره‌ك لە كۆمەڵگه‌دا زیاد دەبێت. تەنانەت وڵاتانی وەک هیند و چین کە ڕێژەی دانیشتووانیان زۆرە، سەرنجیان بۆ ئەوە ڕاکشاوە کە کەلتووری تاکمنداڵی، زیانی لە ئەنباری جینی ژیری ئەوان داوە. (یزدانی، 1395)

لەم دەلاقەوە، ئەگەر جینی ژێهات وڵاتی جێ هێشت، ئەوا وڵات بۆ ناهۆشمەندان جێ دەمێنێت و لە کۆتاییدا کۆمەڵگه‌یەکی ناژیر دێتە کایەوە و دەبێ ئه‌له‌رمی مەترسی لێ بدرێت. تەنانەت هونەریش نزم دەبێت و لە جیاتی گوێ بۆ "سەید ئەسغەری کوردستانی" شل بکرێت، گوێ لە گۆرانیی ئاستنزم و هەتاکانە دەگیرێت و لە کەشی ڕواڵەتیشدا ئەمانە فالۆڤەری زۆرتریان دەبێت و لە ئینستاگرام لایڤی پتریان دەبێت و دواجار ئەوان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەنگی زیاتر بەدەست دێنن لەچاو کەسایەتیی ژیرمەند و نوخبەی ڕەسەن و ڕاستەقینە. لەناو کۆمەڵگه‌یەکی ناشیاوسالار و ژیرهەڵاتوو، نۆرمەکانیش دەگۆڕدرێن، باراباس و قیل و قالپەرەستان لە عیسای مەسیح خۆشەویستتر دەبن. (حضرتی، 1399) ئەو جینە باڵایانەی کە وڵاتیش جێ دێڵن و لە وڵاتێکی دیکە دەبنە خاوەن منداڵی هۆشمەند و خاوەن پەروەردەی وەک خۆیان، تازە دەبنە موڵکی ئەو وڵاتەی کە کۆچیان بۆ کردووە چونکە بەپێی پەیوەندیی نێوان شوێن و مرۆڤ ئیتر ئەو منداڵانە فرچک بە خاک و فەرهەنگە نوێیەکە دەگرن و لە وڵاتی ڕەسەنی خۆیان هەست بە بێگانەبوون دەکەن. ئەگەر ئەم مێشکە کەمیابانە سەروەرییەکیش تۆمار بکەن، ئەوا دەستکەوتەکە موڵکی ئەو وڵاتەیە کە کەسەکە لێی دەژیت.

زیانناسی كۆچكردنی سەرمایەی مرۆیی لە کوردستان

لە کوردستان بەهۆی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ده‌سته‌بژێرگەلێکی زانستی لە وڵاتانی دیکە دەژین و بوونەتە سەرمایەی زانستی و فەرهەنگیی ئەوان. لە گۆشە و کەناری وڵاتانی پەرەسەندوو ئاوازەی کەسانی ژیر و بەبیری لێوەشاوەی کورد دەبیسترێت کە بەهۆی بێکیانی و نەبوونی ئاسایش و بژێوێکی شایستە کۆچیان کردووە. بەڵام ئەوەی جێی وردبینییە، دوای دروستبوونی هەرێمی کوردستانیش ئەم دیاردەیە دیسان بەهۆی هۆکارگەلێکی جیاوازتر لە پێشوو بە شێوەیەکی مەترسیدارتر دەرکەوتووە. جیاوازیی شەپۆلی کۆچی ژیران لە پێش دروستبوونی هەرێمی دیفاکتۆی کوردستان لەگەڵ دوای ڕاپەڕینی 1991 ئەوەیە کە، پێشتر ئەوانەی وڵاتیان جێ دەهێشت، لەدەست داگیرکەر هەڵدەهاتن و بە ئومێدی گەڕانەوە و دروستکردنی وڵاتێکی سەربەخۆ بوون و هەست و هۆشیاریی نەتەوەیییان لەدەست نەدابوو، بەڵام کۆچی دوای دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە بەهەدەرچوون و خەساری سەرمایەی مرۆیی، مەترسیی ئاسایشی نەتەوەییشی پێوەیە چونکە کاریگەریی لەسەر متمانەی نەتەوەیی دروست کردووە. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە هێشتا ئەم بابەتە وەک پرسێک بەهەند وەرنەگیراوە؛ هێشتا درک بەوە نەکراوە کە كۆچكردنی سەرمایەی زانستی و فەرهەنگی لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییه‌وه‌ زیانێکی مەزن لە وڵات دەدات. تەنیا وتارگەلێکی ژورناڵی و دانیشتنی پەرلەمانی لەبارەی ڕۆیشتنی گەنجان بە بڤە داندراوە کە ئەویش ناچێتە ناو قاڵبی مەترسیی هەڵاتنی سەرمایەی زانستی و فەرهەنگی، چونکە هەموو ئەو گەنجانەی دەڕۆن ده‌سته‌بژێر و سەرمایەی زانستی نین. ئەو زیانەی کە لە بەرەنجامی كۆچكردنی ژیرەکان لە واری ئابووری دەدرێت، لە درێژمەودادا زۆر زیاترە لە زیانە ئابوورییەکانی سەردەمی جه‌نگ.

وڵاتانی دواکەوتوو یان وڵاتانی لە حاڵی پەرەسەندن تێچوویەکی زۆر بۆ دروستبوونی سەرمایەی مرۆیی دابین دەکەن، بەڵام بەهۆی ناکاراییی سیستەمی داهێنان و گەشاندنەوەی پۆتانسیه‌لە زانستی و فەرهەنگییەکان، لە کاتی بەهرەوەرگرتن، سەرمایەکە هەڵدێت و دەبێتە هەڵم. لە هەرێمی کوردستان برینەکە قووڵتریشە، چونکە سیستەمی پەروەردەیی و زانستییەکەی ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت ئەو سەرمایەیه‌ دروست بکات و وەبەری بێنێت. ئەم سیستەمە زیاتر خاوەن بڕوانامەی کۆنسێرڤیی زۆر و بۆری دروست کردوون؛ ئەو کەمە سەرمایە زانستییەی کە هەشە و، بە تەپشووی عەقڵ و زانست تاشراون، هەشیان وەسەر بووە و مەیلی هەندەرانیان هەیە یان لە تاراوگە و غوربەت دەژین. بە واتایەکی ڕوون، دەردی ئێمە لە دەردی وڵاتانی دواکەوتووی خاوەن سیستەمی باشی پێگەیاندنی سەرمایەی مرۆیی زۆر کاولترە. تەنانەت ئەوانەی کە پێیان وایە کۆچی ده‌سته‌بژێره‌کان دەبێتە هۆی هاوردەکردنی دراوی بیانی یان گواستنەوەی زانست بۆ وڵاتی دایک، بۆ نموونه‌ بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، کە ئابوورییەکی سەربەخۆی نییە، زۆر جێگەی هومێد نییە. ڕێژەی ده‌سته‌بژێره‌ ڕاستەقینەکانیشمان لەچاو ڕێژەی دانیشتووان کەمن و پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ ده‌سته‌بژێره‌کان لە دەرەوە سیستەماتیک نییە، بۆیە ده‌سته‌بژێره‌کانی دەرەوە ناتوانن کاریگەرییەکی وەهایان لەسەر گواستنەوەی زانست و تەکنەلۆژیا بۆ کوردستان هەبێت.

هۆکارەکانی كۆچكردنی سەرمایەی مرۆیی

سەرمایەی مرۆیی هۆیەکی کاریگەرە بۆ گەشە و پەرەی ئابووری و پڕکردنەوەی کەلێنە قووڵەکانی داهێنان و تەکنەلۆژیا؛ بۆیە بەشێکی داهاتی وڵات دەچێتە ناو سێکتەری پێگەیاندنی ئەم سەرمایەیه؛ بەو ئومێدەی لە داهاتوودا سەرمایەی زانستی ساز بێت و ببێتە هۆی داهاتێکی گەوره‌تر. بەڵام ڕێک لە کاتی بەر و بەهرەهانین، بەشێکی زۆری ئەم سەرمایەیە لە وڵات دەڕوات و زیانێکی گەورە بە ڕەوتی پێشکەوتن دەگەیه‌نێت. بەپێی توێژینەوەکان سەرەکیترین هۆکاری كۆچكردنی عه‌قڵه‌ ژیرەکان پاڵنه‌ری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییە. كۆچكردنی ده‌سته‌بژێره‌کان، بەندە بە دوو فاکتەری سەرەکییه‌وه‌: یەکیان فاکتەری پاڵنەرە و ئەوی دیکە فاکتەری ڕاکێشەرە. فاکتەری ڕاکێشەر پەیوەندیی بە وڵاتانی پەرەسەندووه‌ هەیە کە لە هەوڵی ڕاکێشانی نوخبە لێزانەکانی وڵاتانی دواکەوتوودان. لێرەدا دوو هۆکاری ڕاکێشەر و دەرکەر کە هۆکاری سۆبژێکتیڤ و ئۆبژێکتیڤن (Objective & Subjective)، واتا "زەینی" و "عەینی"ن، جێی ئاماژەن. هۆکاری عەینی لە دەرەوەی توانا و تایبەتمەندیی دەوڵەتەکانە و هۆکارە زەینییەکان دەچنە ژێر کاریگەریی سیاسەتی دەوڵەتەکان. لەم دەروازەیەوە، كۆچكردنی عه‌قڵه‌کان لە گشت وڵاتانی پەرەنەسەندوو، بەندە بە چەند هۆکارێکی هاوشێوە، بەڵام لە کوردستان وەک چۆن مەترسیی كۆچكردنی عه‌قڵه‌کان پترە لەچاو وڵاتێکی دیکە، هۆکارەکەیشی بەربەرینترە. لێرەدا چەند هۆکارێکی سەرەکی، بەتایبەتی فاکتەری پاڵنەری ناوخۆیی، تۆخ دەکەینه‌وه‌.

ئەلف) هۆکاری پەیوەندار بە ده‌سته‌بژێره‌کان

نەگونجان لەگەڵ کەشی کۆمەڵگه: یەکێک لە هۆکارەکان ڕەهەندی دەروونیی هەیە و زیاتر بۆ ناخی ده‌سته‌بژێره‌کان دەگەڕێتەوە کە لەناو کۆمەڵگەی ڕەشۆکدا هەست بە نامۆیی دەکەن. بەتایبەتی ئەو بژاردانەی لە وڵاتێکی پێشکەوتووتر هاتوونەتەوە ناو کۆمەڵگەی دواکەوتووی خۆیان، بە دیاردە نانۆڕمییەکان خەمۆک دەبن؛ مەگەر ئەوانەی پارووی چەوریان وەبەر ددان کەوتبێت و دەزانن پارەدەرهێنان و تێربوون لە وڵاتێکی دواکەوتووی ڕانتێری، ئاسانترە لەچاو وڵاتانی یاسامەند و ڕکابەرهێنەر. شێوازی چارەسەریی ئەم کێشەیە بە ڕێگەی زاڵبوون بەسەر قەیرانی دەروونی دەکرێت. لە ڕاستیدا ڕۆشنبیرانی ئەوروپاییش لە دەورەیەکدا مەودای فکری و فیزیکییان لەگەڵ کۆمەڵگه زۆر بوو، بۆیە پێشکەوتنی کۆمەڵگە بۆ ئەوان ببووە ژانی له‌دایكبوون، بەڵام بە ماوەیەکی کورت پەیوەندیی نێوان ڕووناکبیران لەگەڵ یەکتر و، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگە، بووە هۆی ئەوەی دوای ژانی زان، کۆرپەی پێشکەوتن لەدایک بێت.

گەڕان بەدوای کەشی زانستییانە: گرینگینەدان بە گەشەی کوالێتیی توێژینەوە و چۆنێتیی داهێنانە زانکۆیییه‌كان، هۆکارێکە کە زۆر لە ئامانجدارانی زانست دەچنە وڵاتانی ڕۆژاوایی. هەروەها گەڕان بە دوای تاقیگەی پێشکەوتووتر و کەشی زانستییانەی لەبارتر و سکۆلارشیپەکان و پێداویستییە فراوانەکان، وا لە ده‌سته‌بژێره‌کان دەکات تەرکی وڵات بکەن.

کەوتنە ناو پارادایمی گوتاری جیهانیبوون: جیهانیبوون، پەرەی تەکنەلۆژیای پەیوەندی و گواستنەوە، بازاڕی ئازاد، ڕۆژاواگەرایەتیی خوێندن و پەرەسەندنی خوێندن وەک پیشەیەک بۆ وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا و ئوسترالیا، بۆتە هۆی ڕاکێشانی پسپۆڕەکانی وڵاتانی دیکە. (Baruch, 2007) بەگشتی، هەراوی و بێهەوساریی گلۆبالیزەیشن بڕاوەیەکی وەهای دروست کردووە کە ده‌سته‌بژێره‌کان دەروەست نەبن بە یەک شوێن و، پێیان وایە دونیا دێهاتێکی بچووکە و ئاکامی کاری زانستی، خۆی لەگەڵ شەپۆلەکانی بەجیهانیبوون دەچێتە هەموو شوێن و قوژبنێک.

ب) هۆکاری ڕاکێشان لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتوو

پێویستیی وڵاتان بە سەرمایەی مرۆیی: وڵاتە پێشکەوتووەکان، کە بوونەتە مەیدانی موگناتیسیی پێشکەوتنخوازان، بەهۆی پیربوونی کۆمەڵگه‌کانیان، شانس و ئاوانسی باشتر دەدەنە ده‌سته‌بژێره‌ لاوەکانی وڵاتانی دواکەوتوو، بۆ ئەوەی وەک هێزی کاری زانستی و ئه‌کادیمی ڕاکێشیان بکەن؛ بەتایبەتی نوخبەکان کە دەزانن ئاستی خزمەتگوزاری لە وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ئەوان لەبارترە، باروبنەیان بەرەو وڵاتانی پێشکەوتوو لێ دەنێن.

ج) هۆکارە پەیوەندارەکان بە ناوخۆی وڵاتان

کزبوونی ئومێد بە ژیان: ئومێد بە ژیان، وەک چەمکێکی پەرەسەندنی پایەدار، گرینگایەتییەکی فرەی هەیە. پەیوەندیی نێوان ئومێد بە ژیان و کۆچ، پەیوەندییەکی خەتی و میکانیکییە و هەرچەندی ئاستی ئومێد بە ژیان لە ناوخۆی وڵات بەرز بێتەوە، ئەوەندەیش دیاردەی کۆچی فرەزانەکان کەم دەبێتەوە. ئومێد بە ژیان پەیوەندیی بە هەلی کار، ئاستی داهاتی تاک و پێداویستییە سەرەتایییەکانی ژیان وەک پێداویستیی فیزیۆلۆژی، ئاسایشی و مەترسیی فیزیکی و عاتیفی، کۆمەڵایەتی، ڕێز و خۆدۆزینەوە و پشکوتنی تواناکانەوە هەیە. لەم سوێیەوە، یەکێک لە هۆیەکانی كۆچكردنی ده‌سته‌بژێره‌کان تەم و تارماییی ئومێد بە داهاتووە.

ناشایستەسالاری: ناشیاوسالاری یەکێکە لە سەرەکیترین و گرینگترین هۆکارەکانی بێهیوایی و كۆچكردنی ده‌سته‌بژێره‌کان. ناشایستەسالاری، جگە لەوەی هۆکارێکی گرینگی لەدەستدانی سەرمایە مرۆیییەکانە، دەبێتە هۆی زیانێکی گەورە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، چونکە ئاستی متمانە بە وڵات و حکوومەت دادەکشێنێت. بەشێکی زۆر لە بەرپرسان لە ئەنجامی درککردن بە نزمبوونی ئاستی توانا و ئاگاییی خۆیان، ده‌سته‌بژێره‌ ژیرەکان سەرکوت دەکەن و ئەم جۆرە سەرکوتكردنه‌ دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەرمایەی زانستی و مرۆیی. بە کورتی و بە عەرەبی، پەندمان لە پەندی بەناوبانگی، "الشخص المناسب في المکان المناسب" وەرنەگرتووە؛ خراپتر ئەوەیە پێمان وایە دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو، مانای ئەوەیە پزیشکێک بکەینە وەزیری تەندروستی؛ ڕۆشنبیرێک بکەینە وەزیری ڕۆشنبیری؛ خاوەن بڕوانەمەیەکی قوتووبەند بکەینە سەرۆکی زانکۆ، یان ئه‌ندازیارێك بکەینە سەرۆکی شارەوانی. لەویش خراپتر ئەوەیە، دروشمی حکوومەتی تەکنۆکراتیک هەڵگرین، کە قوربانیکردنی نیگای سیاسی و سیاسەتییە بۆ نیگای ئەندازیارانەی بەرتەسک و ناڕەهەندبین.

درکنەکردنی ماکە و تێمای زانست: جگە لە سوودی نابەجێ لە وارگەی زانست بە مەبەستی پارەدەرهێنان، یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە هێشتا نەتواندراوە جیاوازی لە نێوان خاوەن بڕوانامه‌یەک لەناو سیستەمێکی نەزۆک و ئەستەویری پارەکی، لەگەڵ مێشکێکی پڕباری پڕچەککراو بە چەکی زانست و ئای کیوی باڵا بکرێت. هەر وا دەزانین مادام ئەوەندە بڕاونامەمان لە کاردان و ئەوەندە خەڵکە بەهۆی گەشەی ئابوورییەکی کاتی (2005-2011) هاتنە باشووری کوردستان، بە مانای ئەوەیە کە مێشکی تیژمان هاوردە کردووە. نازانین کە زۆربەیان تەنیا بەڕواڵەت بەرگی ئه‌کادیمییان لەبەر بووە، دەنا ئەو ئاستە سەوادەیان نییە. لەوانە خراپتر، نەبوونی سیاسەتی زانستی و توێژینەوەیییە. بڵاوبوونەوەی کەلتووری بڕوانامه‌گەرایی و ناوردبینی و بڵاوبوونەوەی فەرهەنگی چەوتی "دال" و "دکتۆر"ی بێبنەمای قەبە و ناوبەتاڵ، کە ڕیشەی لە نەخوێندەواری و کەلتووری خۆگەورەبینیدایە، بۆتە هۆیەک کە هەرچی ئەوانەی بۆیان بلوێ ڕوو لە زانکۆیەکی بزنسی بکەن بۆ ئەوەی بەڕواڵەت کڵاوی زانست لەسەر بکەن و کڵاو لەسەر زانست دابنێن. لەم کاتەدایە کە عه‌قڵه‌ ڕاستەقینەکان نائومێدتر دەبن و وڵاتیان پێ تەنگە بۆ تاودانی ئەسپی هزری ئامانجدار.

لاوازیی سیستەمی پێگەیاندنی سەرمایەی مرۆیی: جگە لەلایەنی جینیتیکی و کەمهێنانی ئەنباری جینی باش و میراتی هۆشی باڵا، گرینگترین کەشی پەروەردەکردنی سەرمایەی مرۆیی، سیستەمی پەروەردەیە کە لەبەر كۆمه‌ڵێك هۆکار، بۆتە سیستەمێکی ئەستێور و، کوالێتیی بەرهەمەکەی نزمە. بۆ وێنە، ماتۆڕی بەرهەمهێنانی کەسانی خراپتر، لەو زانکۆ کۆنسێرڤییانەی کە بە بەرنامەی ئەندازیارانەی بیرلێنەکراوی تواناسازی، خاوەن بڕوانامەی ئاستنزمی کردوونەتە دەسەڵاتداری ناو زانکۆکان، وەگەڕ دەکەوێت و بێ گومان بەرهەمی زۆربەی ئەو کەسانە دروستکردنی کەسی وەک خۆیان گن و ئاستنزمن. هه‌روه‌ها نزمبوونی ئای کیوی دەرچووانی زانکۆ کۆنسێرڤییەکان و زانکۆی پارەکی و دیاردەی بڕوانامه‌گەراییی بەرپرسانی نەخوێندەوار، هاتنی نانوخبە ئەوروپییەکان- کە پێمان وایە ئەوانە عەلامەی دەهرن-، هەمووی هەڕەشەیە بۆ کەشی لەباری پێگەیاندنی سەرمایەی مرۆیی و ڕاگرتنی ئەم سەرمایە ڕاستەقینەیە.

ناسەقامگیریی باری ئابووری: بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ و نەبوونی سەربەخۆییی ئابووری و کورتهێنانی داهات، بێ گومان سیاسەتە ئابوورییەکانیش توشی درم و پەتا دەبن. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی بەرنامەڕێژی بۆ سێکتەری پەروەردە و ڕاکێشان و ڕاگرتنی سەرمایە مرۆیییەکان لاواز بێت. هەروەها ئەو بڕە دەسەڵاتەی کە هەیە، لاوازیی زانستی سیاسەتی گشتیی تێدا بەدی دەکرێت، بۆیە بەرنامەکان زوو زوو تووشی گۆڕین و شکست دەبن. ئەمە وا دەکات ڕەوتی پێشکەوتن لە مەیدانی زانستی سیاسەت و بەرنامەڕێژیی زانستییانە، دابگەڕێتە ناو ئاستی نزمی هەوڵ و هەڵە و دواجار زیان بە ڕەوایه‌تیی حکوومەت بکەوێت. لەناو هۆکاری ئابووریدا، زیاتر بێکاری و مووچەی کەم، هۆی ڕاکردنی سەرمایەی مرۆیییە. مووچەی کەم و خەرجیی زۆر، ڕانتی ئابووری، نەبوونی هەلی یەکسانی کار، بەراوردی ئاستی خۆشبژێوی، لاوازیی ژێرخانی نیازە سەرەتایییەکان، سەرباربوونی خوێندەواران بەسەر خانەوادەکانیان، هۆکارگەلێکی گرینگی كۆچكردنی ده‌سته‌بژێره‌کانە. هەروەها لاوازیی کەرتی تایبەت لە ڕاکێشانی ژیرمەندان، هۆیەکی دیکەی بێهیوایی و کۆچی سەرمایە مرۆیییەکانە. ڕاستییه‌كه‌ی، تا ئێستا نەبزی ئابووری، زیاتر لەدەستی دەوڵەتە و کەرتی تایبەتیش دەرگەیەکی دیکەیە بۆ پیاوانی دەوڵەت کە چوونەتە ناو کەرتی تایبەت و کەرتی تایبەتیان کردۆتە تایبەتیسازیی ئابووریی دەوڵەتی. واتا کەرتی تایبەت پڕ بە ناوەرۆک و واتا هێشتا ساز نەبووە؛ بۆیە گرفتەکانی کەرتی تایبەتیش هاوشێوەی کەرتی گشتین.

ناسەقامگیریی سیاسی: ناسەقامگیریی سیاسی و چاوەڕوانیی ڕوودانی شەڕ و جه‌نگ و ئاژاوە لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەر و ناسروشتیی عێراق و، هەروەها ناکۆکیی نێوان دوو ناوچەی دەسەڵاتی حزبی لە هەرێمی کوردستان، ئەژنۆی خەم دێنێتە باوەشی ده‌سته‌بژێره‌ ژیرەکان و حەز و تاسەیەکیان بۆ مانەوە نامێنێت. چونکە جگە لە ئەگەری تێکچوونی بارودۆخ، دابەشبەندیی حزبی دێتە جێگه‌ی شیاوسالاری و بەری مەیدانی ده‌سته‌بژێره‌ بیرمەندەکان بەرتەنگ دەبێتەوە.

لاوازیی سیستەمی یاسایی: کاتێک زۆر لە سیاسەتەکان بەپێی یاسا ڕێک بخرێن لەجیاتی ئەوەی یاسا بۆ ئامانجە سیاسی و سیاسەتییەکان دابندرێت، ئەوا ڕوانگەیەکی هەڵە باو دەبێت، ئەویش پێمان وایە یاسا جەوهەری سیاسەتە. تا ئێستا لە زۆر بەرنامەڕێژیدا پشت بە یاسای کۆن و ناکارا بەستراوە کە لە ئەنجامدا لەجیاتی ئەوەی زەمینەی پێشخستن بڕەخسێنێت، بەپێچەوانەوە زیانی بە پێشکەوتن گەیاندووە. لە ناو ئەم جۆرە سیستەمە یاسایییە ناڕێکەدا کە تەمەنی بەسوود بەفیڕۆ دەدات، بە شێوەیەکی ویژدانانە و یەکسانانە ڕەفتار لەگەڵ ژیراندا ناکرێت، بۆیە حەزێک بۆ ئەوان نامێنێتەوە تاکوو بمێننەوە.

بیرۆکراتیی دەستوپێگر: لەو وڵاتانەی کە دەستوەردانی دەوڵەت لە کاروباری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی بێتە ناو ژیانی تایبەتی خەڵک، ئەوکات ڕێسای پڕپێچ و گەوی زیادە زۆر دەبێت. لەناو ئەم جۆرە سیستەمە بیرۆکراتیکە دامەزراندن و بەکارخستنەکان بەپێی لێوەشاوەیی نابن بەڵکوو لەسەر بنەمای پەیوەندیی تایبەتی و تیمی خۆیی دەبێت و پۆستەکان وەبەر کەسانی نەشیاو دەکەون کە دەبێتە هۆی ناکارایی و ناشارەزایی؛ ئەمەیش مەیدان بە سەرمایە ڕاستەقینەکان بەرتەسک دەکات؛ ئەم بابەتە جگە لە دەرپەڕاندنی سەرمایەی مرۆیی، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە GDP. (پاشایی، 1385: 61) هەروەها هەبوونی ڕۆتینی زۆر و لاساییکردنەوەی ناڕەهەندبینانە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و هەر ڕۆژەی گۆڕینی سیستەمێک، کاتی کەسانی زانستمەند دەگرێت و وزەیان لێ دەستێنێت.

ڕانتی نەوتی: یەکێک لە هۆکارەکانی ڕەوەندی کۆچی ژیرمەندان بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو، هەبوونی "نەخۆشیی هۆڵەندی" و ڕەشبەڵای نەوتە لەناو وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک کە لە ئەنجامی نەبوونی سیاسەتی نەوتییه‌وه‌ پەیڕەو دەکرێت. لەم چاوگەیەوە، نیشانەکانی پەیوەندییەکی ناخەتی و ئۆرگانیکی لە نێوان ڕەفتاری ڕانتخوازانە و ژیانی ده‌سته‌بژێره‌کان هەیە، (احدی، 1398: 1)؛ واتا ڕانتی نەوتی و نەوتسالاری بۆتە هۆی ناشیاوسالاری و ئاکامەکەی ڕۆیشتنی ئەو زانایانەیە کە حەزیان بەم دیاردەیە نییە و کەسیش ئەوانی بە پووشێک ناوێت. (Shao & Yang, 2014)

ئازادیی مەدەنی: ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان ئازادیی مەدەنی بەپێی یاسا لە ئاستێکی دیموکراتیکی بەرچاودا هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەستێنی فەرهەنگیی بۆ خۆش نەکراوە، بەشێکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ لەناو کۆمەڵگه‌دا هەست بە خۆبێگانەیی و غه‌ریبی دەکەن و ئەگەر بۆیان هەڵسوڕێت وڵات جێ دەهێڵن. هەروەها لاوازیی NGO لە کوردستان لە ڕووی ناوەرۆک، کاریگەریی نەرێنیی لە سازنەبوونی بەستێنی فەرهەنگیی ئازادیی مەدەنی هەیە.

لاوازیی فەرهەنگی: یەکێک لە هۆکارەکانی كۆچكردنی عه‌قڵه‌کان، ناپایەداریی ناسنامه‌یە؛ ئەوان فەرهەنگی کۆمەڵگه‌ی خۆیان بەکاڵی دەبینن. (میرباقری و دوامی، 1383: 9) هۆکارێکی دیکەی فەرهەنگی-مێژوویی ئەوەیە کە، بەرژەوەندیی تاک چۆتە سەرەوەی بەرژەوەندیی کۆ و کۆمەڵ. هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، لاوازیی فەرهەنگی و نەبوونی کەلتووری ڕێزگرتنە لە ده‌سته‌بژێره‌کان. لە وڵاتانی پێشکەوتوو کە مامۆستا بە بونیادنەری مرۆڤ دادەنرێت، بەرزترین ڕێزی لەلایەن حکوومەت و کۆمەڵگە لێ دەگیرێت. بۆ وێنە، بیسمارک لە دەستپێکی سازینەوەی ئه‌ڵمانیا بە مامۆستایانی گوتبوو، ئێوە مرۆڤسازی بکەن، منیش وڵاتسازی دەکەم. کاتێک مامۆستایەک بە کۆڵانێکی ژاپۆندا دەڕوات خەڵک تەعزیمی بۆ دەکەن؛ بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتوو ڕێز لە سەیارەی فەخم دەگیرێت نەک شۆفێرەکەی. کاتێک دەچییە پێشانگه‌ی ئۆتۆمبێل، زۆر ئەم قسەیە دەبیستی: "کاکە ئەو سەیارەیە زۆر بەشەخسییاتە"، کەواته‌ ماده‌م فەرهەنگسازی نەکرێت، کەسی نوخبە لەناو ئەم مەنجەڵاوە بێفەڕ و بێفەرهەنگییەدا بێزار دەبێت و پێی خۆشە بەکەرامەت و ڕێزەوە لەناو فەرهەنگێکی ڕەسەن و ڕێزداردا بژیت. لە وڵاتان پێگەی ئۆلەمپیادی و هونەرمەند و نوخبە زانستییەکان ئەوەندە پڕمەداڵیایە و وەها دەبنە سیمای دیار، کە هەستی نوخبەکانی وڵاتانی دواکەوتوو دەبزوێنێت. بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە بە چەکی فەرهەنگی، سوود لە نوخبەیەکی بەرز و دیاری خۆمان وەربگرین بۆ ئەوەی ببێتە دیواری پارێزەری سیاسەتی فەرهەنگیمان.

ڕێکارەکان

  1. پێش هەر شتێک، دەبێ دان بەوە دابنێین، زانکۆی وا لە باشووری کوردستاندا هەیە کە تەنیا دوو کەسی ژیری زانستمەندی تێدا بووە ئەوانیش ڕۆیشتوون.
  2. پێویستە گرینگی بە زانستی سیاسەت بدرێت چونکە له‌ناو شەپۆلەکانی دیموکراسیدا، دەبێ ئەم زانستە زۆر پتەو بێت؛ بە واتایەک، لەناو کەشی دیموکراتیکدا هەر شکستێکی سیاسەتی، دەبێتە هۆی هاتنەخوارەوەی ئاستی ڕەوایەتی و حوکمڕانی و، دواجار ناڕەزایەتیی گشتی کەڵەکە دەکات.
  3. بیر لە پێچەوانەبوونەوەی كۆچكردنی عه‌قڵه‌کان بکرێتەوە و لێکۆڵینەوە و دانیشتنی زانستی بۆ لەدەستدانی سەرمایەی مرۆیی بکرێت لە ڕێگەی دانانی بازنەی زانایان لەسەر بنەمایەکی زانستی، لەلایەن کەسانێک کە خۆیان خاوەن جینی تیژ بن و هۆشیاری بەرجەستە بن نەک خاوەن بڕوانامه‌کان.
  4. بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی كۆچكردنی سەرمایەی مرۆیی، پێویستە دوای ناسینی وردی هۆکارەکان، بەستێنی ئەم هۆکارانە پووچەڵ بکرێتەوە و هەوڵ بدرێت خاڵە لاوازەکانی هۆکاری كۆچكردن بگۆڕدرێت بۆ خاڵی هەلی هێشتنەوە.
  5. پێویستە سیستەمی پەروەردە بە ئاراستەی پێگەیاندنی سەرمایەی مرۆیی بگۆڕدرێت.
  6. بە مەبەستی وەدیهێنانی ئامانجی نەتەوەیی و پەرەسەندن، دەبێ بەرژەوەندیی حزبی وەلا بنرێت و هەوڵ بدرێت بناغەی یەکڕیزی و ئاشتەوایی بکرێتە فەرهەنگی گشتیی کۆمەڵگە و حزبە سیاسییەکان.
  7. هەوڵ بدرێت حزبە سیاسییەکان مانۆر لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بدەن و لە ڕێگەی ده‌سته‌بژێره‌ زانستییەکانیان، سەربەستی و پێشکەوتن بکەنە گوتار و هێڵی سووری خۆیان.
  8. پێویستە سیستەمی یاسایی پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و هەوڵ بدرێت یاسا بۆ ئامانج و سیاسەتە دروستەکان دابندرێت.
  9. پێداچوونەوە بە بیرۆکراتیی ئاڵۆز و چەقیو بکرێت و فەرهەنگسازی ببێتە سەرەکییاتی کار.
  10. پێویستە ئەو باوەڕە بێتە ناو سەری سەران کە سەرمایەی تاکداهاتی خودادادی، بەتەنیا نابێتە هۆی پێشکەوتن، بەڵکوو سەرمایەی مرۆیی دەتوانێ گیشەی سەرمایەی ئابووری بەرز بکاتەوە.
  11. هەوڵ بۆ دۆزینەوەی توانا کەمیابەکان بدرێت و گرینگییان پێ بدرێت و بە شێوەیەکی ژێرخانی، پرسی کۆچی ده‌سته‌بژێره‌کان تاوتوێ بکرێت.
  12. پێویستە گرینگیی زیاتر بە سیاسەتی فەرهەنگی بدرێت و بابەتی پەیوەندیی نێوان خاک و مرۆڤ بەهەند وەربگیرێت.
  13. پێویستە کەشی گشتیی فەرهەنگی بگۆڕدرێت و فەرهەنگی گشتی، هاوئاستی یاسای ئازادییە مەدەنییەکان بکرێت.
  14. پێویستە کەشی تەواو زانستی و ڕکابەرێتیی زانستی ساز بکرێت.
  15. پێویستە سوودی زیاتر لە کەرەستەی بەجیهانیبوون وەربگیرێت و گرینگی بە بەجیهانیبوونی زانست بدرێت.
  16. پەیوەندی لەگەڵ سەرمایە زانستییەکانی وڵاتان توند بکرێت.
  17. لە ڕێی ئامێرەکانی ئاسانکاریی بەجیهانییبوونه‌وه‌، سوود لە سەرمایە زانستییەکانی خۆمان لە تاراوگە وەربگرین.
  18. بەو نیگایەی کە چوار بەورەکانی ئاسیا (کۆریای باشوور، سەنگاپووره‌، تایوان، هۆنگ کۆنگ) لە سەرەتای هەنگاونان بەرەو پەرەسەندن، ده‌سته‌بژێری ڕاستەقینەی وڵاتانی دیکەیان بە تێشوێ و تێچوویەکی زۆر هاوردە دەکرد تاکوو هەم کاریان بۆ بکەن هەم هێزی پسپۆڕیان بۆ پەروەردە بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەبێ منەتی بیانییەکان بە هێزی شارەزایانی خۆماڵی، خۆیان پێش بخەن، پێویستە ڕوانگەمان بگۆڕین. بۆ نموونە، سوودوەرگرتن لە کوردەکانی پارچەکانی دیکە، کە لەناو سیستەمێکی باشتر و سەرتری پەروەردە و خوێندندا خوێندوویانە، خاڵی بردنەوەی هەرێمی کوردستانە. ئەرێنیاتی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە بۆ پێگەیاندنی ئەم سەرمایە زانستییە حکوومەتی هەرێم تێچوویەکی نەبووە. کورد هێزی بیریار و پسپۆڕی ڕاستەقینەی دڵسۆزی لە پارچەکانی دیکە هەیە کە بە تێچوویەکی کەمتر دەتواندرێت سوودیان لێ وەربگیردرێت، بەڵام حکوومەتی هەرێم ڕووی لەم هەلە زێڕینە وەرگێڕاوە و نیگای ئاسایشیی بەسەر نیگای پەرەسەندندا زاڵترە. پێویستە بە خوێندنەوەی مێژوو و پەروەردە و فێرکردن و کۆنایەتی و کوالێتیی زانکۆ و سیستەمی زانکۆیی و لاوازیی پەروەردەنەبوونی جینی باڵا لە هەرێمی کوردستان، ئەوە بزانین کە چینی ناوەندی پارچەکانی دیکە هەلی پێشکەوتنی باشتریان هەبووە و ئەنباری جینیان ڕەنگە پڕتر و دەوڵەمەندتر بێت. بۆ نموونە، هەر لە واری زمانی کوردی کەسانێک لە پارچەکانی دیکە هەن، کە سەرەڕای قەدەغەبوونی زمانی کوردی، خزمەت و کار و بەرهەمی زانستییانەیان لە زانکۆیەکی باشوور لەسەرترە.
  19. پێویستە کوردەکانی پارچەکانی دیکە، کە لە باشوور خزمەت دەکەن، هەر لە بازگەکان تا دەگاتە شوێنەکانی دیکە ڕێزیان لێ بگیردرێت و ژیانێکی شایستەتریان بۆ دابین بکرێت و لانی کەم لە پارەی ئیقامە ببووردرێن.
  20. سەرنجنەدانە بەر کۆچی ژیرانی پێکهاتە نەتەوەیییەکانی غەیرە کوردیش، لەدەستدانی سەرمایەی مرۆیییە بۆ هەرێمی کوردستان.

کۆبەند

دوای تاوتوێی زیانناسی و لێکەوتەکان، لە ئاست پرسیاری سەرەکی، گریمانەی ئەوەی کە کۆچی سەرمایەی مرۆیی سەرمایەی ئابووری دادەهێزێنێت و زیان بە ئاسایشی نەتەوەییش دەگەیه‌نێت، دەسەلمێت. بەپێی ڕوانگەی تیۆری نەتەوەگەرا، كۆچكردنی مێشکە هۆشمەندەکان زیانی بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم دەبێت و مەودای ئەوان لەگەڵ جیهانی یەکەم دوورتر دەکات و لە ڕەوتی پەرەسەندن وەدواتریان دەخات. بە گوتەی "هیرشمەن" کۆچی زانستمەندان دەبێتە هۆی دواکەوتووییی زیاتری وڵات. بەتایبەتی وڵاتێک کە خۆی لەبەر هۆکاری جوگرافی، مێژوویی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ڕووی چەندێتی، خاوەن بڕوانامەی کاغەزینی زۆرە بەڵام لە ڕووی چۆنێتییه‌وه‌، سەرمایەی مرۆیی و زانستیی کەمە، لە ئاکامی كۆچكردنی عه‌قڵه‌کان زیانی زۆرتری بەردەکەوێت.

بەپێی شیکردنەوەی هۆکارەکانی کۆچی سەرمایەی مرۆیی، هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکدایە کە نەک هەر دەبێ بیر لە شێوازەکانی ڕێگەگرتن لە كۆچكردنی عه‌قڵه‌ بەنرخەکان بکاتەوە و بەستێنی مانەوەیان بۆ لەبار بکات و گرینگی بە شیاوسالاری بدات تاکوو هۆی مانەوە و هاتنەوە بڕەخسێت، بەڵکوو دەبێ لە هەموو قوژبنێکی جیهاندا، لە هەموو وارە پسپۆڕییە زانستییەکاندا ڕاوی عه‌قڵه‌ نایابەکان بکات و ڕایان بکێشێتە ناو جەغزەی خزمەتێکی دووربینانە، ژیرانە و داهاتووبینانە، و هەوڵی ئەوە بدات لە جیاتی كۆچكردنی عه‌قڵه‌ هۆشمەندەکان چەرخەی عه‌قڵه‌ نایابەکان وەگەڕ بخات و بۆ داهاتوویەکی باشتر بیر لە کۆگەی جینۆمی ژێهات بکاتەوە. دڵۆپاوەی وتە ئەوەیە؛ ئەگەر لە ئاوێنەی "ئیمانۆێل کانت"ه‌وه‌ بیر لە ئەفسوونی گوڵی سوور نەکرێتەوە و بەو چاوە سەیری لەکیسچوونی نەکرێت، بە قەولی مەحوی "نە سەر دەمێنێت، نە سامان."

 

 

Latest from محه‌مه‌د کەریمخان