ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

چۆنێتیی گواستنەوەى ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى بۆ ڕەوایەتیی دامەزراوەیی/ یاسایى

بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە سیسته‌مى سیاسى، مامۆستاى زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر

پێشەکى

زۆربەى کۆمەڵگه‌کان بە چەندین قۆناغى سیاسیى جیاواز گوزەریان کردووە کە یەکێک لەوانە گواستنەوەیە لە دۆخێکى داگیرکارى و ژێردەستییه‌وه‌ بۆ ئازادى و ڕزگارى لە ڕێگەى شۆڕش و ڕاپەڕینەوە. ئەمە قۆناغى کۆتا نییە و لێرەوە کارەکە سەخت تر دەبێت، چونکە بۆ نموونە گۆڕینى ڕژێمى "سەددام حوسێن" تەنیا سێ هەفتەى خایاند، بەڵام بەدامەزراوەییکردن و پێدانى ڕەوایەتى بە دامەزراوەکان تاوەکوو ئێستا بێئاکامە. بەشێک لە کۆمەڵگه‌کان بەهۆى نەبوونى ئەزموونى دیموکراسى و خراپ پێکەوەلکان، یان بەزۆر گرێدانى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانه‌وه‌ خاوەن سیسته‌مێکى جێگیر نین و بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەى دووبارە گەڕانەوەن بۆ قۆناغى شۆڕشگێڕى بۆ ڕزگارکردنى وڵات لەدەستى شۆڕشگێڕەکانى پێشوو. لە دووتوێى ئەم پەڕاوەدا دەپڕژێینە سەر باسى ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى و یاسایى لە هەرێمى کوردستان.  

یەکەم: ڕەوایەتیى سیاسى چییە و ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى چۆن دروست دەبێت؟

بە لاى پڕۆفیسۆر یواکیم بلاتر (Joachim Blatter)ەوە ڕەوایەتیى سیاسى بریتییە لە پەسەندکردنى حکوومەت و ڕژێمى سیاسى لەلایەن خەڵکه‌وه‌. ماکس ویبەر (Max Weber) جیاوازى لە نێوان سێ جۆرى شەرعییەت دەکات کە لە بوارەکانى نەریتى، کاریزمایى و عەقڵانى- یاسایى دێنە کایەوە. هەروەها ویبەر باس لە گواستنەوە لە قۆناغى نەریتى و شۆڕشگێڕى دەکات بۆ قۆناغى عەقڵانى و یاسایی[1]. بە لاى ویبەرەوە ڕەوایەتیى سیاسیى دامەزراوەکان کاتێک دروست دەبێت، کە خەڵک متمانە بە عەقڵانییەتى یاساکان بۆ بوونى دامەزراوەکان بکات، ئه‌وجا پابەندییەکان (الالتزامات)ى دەسەڵاتى سیاسى دروست دەبێت و ڕەوایەتیى پێ دەدرێت. جۆن ڕاوڵز (John Rawls)یش ڕەوایەتی دەبەستێتەوە بە جێبەجێکردنى بنەماکانى دادپەوەرى لە کۆمەڵگه‌[2]. هەر کات ئەرک و مافەکان بەدادپەروەرانە دابەش کران، ڕەوایەتیى سیاسى دروست دەبێت. بە هەمان شێوە فەیلەسووف و توێژەرانى ترى سیاسى، هەر یەکەو ڕەوایەتى، پەیوەست دەکەن بە چەند میکانیزمێکەوە.

دووەم: ڕەوایەتیى دامەزراوەیى

ڕەوایەتیى دامەزراوەیى و دەستوورى بریتییە لە سەروەربوونى بنەما یاسایییەکان و پابەندکردنى بەرپرسانى دامەزراوە فەرمییەکان بە بنەما دەستوورى و یاسایییەکان بۆ ڕێکخستنى مافەکانى تاک و دڵنیاییى پاراستنى ماف و ئازادییەکان لە کۆمەڵگه‌[3]. سیسته‌مى سیاسى بەگوێرەى پێویستیى کۆمەڵگە و حکوومەت، دامەزراوەکان دروست دەکات و یاسای لە پەرلەمان بۆ دەردەکات. بە حوکمى ئەوەى نوێنەرانى گەل دەنگ لەسەر دەستوور دەدەن بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەى نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان بەناڕاستەوخۆ دان دەنێن بە یاساکانى کارپێکراو بۆ کارکردنى دامەزراوەکان، ئا لێرەدا ئەم دامەزراوانە ڕەوایەتى دروست دەکەن و خەڵکیش پەسەندیان دەکەن و ئامادەن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

ئەم دوو جۆرەى ڕەوایەتى (شۆڕشگێرى و یاسایى)، پێچەوانەى یەکن. لە ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕیدا کۆمەڵێک لە تاکەکان و گرووپەکانى ناو کۆمەڵگە هەموو یاسا و ڕێسایەکى ئەو ڕژێمە سیاسییەى حوکمڕانێتییان دەکات ڕەت دەکەنەوە، چونکە پێیان وایە دژى پڕەنسیپەکانى مافى سروشتى و مافى مرۆڤ و بەها نەتەوەیى و ئایینى و مەزهەبى و که‌لتوورییەکانى ئەوانە و، دەبێ سەرتاپا بگۆڕدرێت. لێرەدا خەڵک پشتگیریى دروشم و بیروڕاکانى ئەم شۆڕشگێڕانە دەکات و ڕەوایەتییان پێ دەدات. لە بەرامبەردا، ڕەوایەتیى دامەزراوەکان لە ڕێگەى پڕەنسیپەکانى دیموکراسى و دەستوورییه‌وه‌ دەبێت و خەڵک ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ ڕەوایەتى بە بوونى دامەزراوەکان دەدات بەبێ بەکارهێنانى توندوتیژى و هێز.

سێیەم: نموونەکانى گواستنەوەى ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى بۆ ڕەوایەتیى یاسایى

بە دەیان نموونەى ئەم قۆناغە بەردەستن، بەڵام گرنگە ئێمە چەند نموونەیەکى ئەرێنى و نەرێنیى ئەم گواستنەوەیە وەربگرین. بۆ نموونە ئەرێنییەکان، دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشى بریتانییەکان بکەین کە هەوڵى ڕزگارکردنى دامەزراوەکانیان دا لەدەستى دەسەڵاتدارانى شانشین بۆ دەستى پەرلەمان و خەڵک. ئەمە هەر لە سەردەمى مەگناکارتا (١٢١٥) بەردەوام بوو هەتاوەکوو ساڵى (١٦٦٨) کە بە شۆڕشى ئازادى ناوزەد دەکرێت. هەروەها ئەمریکییەکان ڕەوایەتییەکى شۆڕشگێڕییان پەیدا کرد دژى داگیرکاریى بریتانیا و توانییان لە ئەنجامى شۆڕشى (١٧٧٦) ئازاد بن و دواتر لە ڕێگەى دانانى دەستوور و دروستکردنى دامەزراوەکان وایان کرد، کە خەڵک ڕەوایەتى بە دامەزراوەکان بدات و تاوەکوو ئێستا بەردەوام بێت. لە نموونە نوێیەکانیش، هەرێمى کوردستان دیارترین نموونەى ئەم گواستنەوەیە کە لە خوارەوە باسى دەکەین.

مەرج نییە لە قۆناغى گواستنەوەکەدا سەقامگیرى دروست بێت یان ئەو دامەزراوانەى زادەى شۆڕش و گۆڕانکارین وەکوو خۆیان بەردەوام بن تا ئەبەد؛ وەک لە ئەمریکا و بریتانیا درێژەى کێشاوە. دیارترین نموونە نەرێنییەکانى گواستنەوەى شۆڕشگێڕى بۆ دەوڵەتى دامەزراوەیى و دواتر دیسانەوە شۆڕشکردن و پشێویى سیاسى، بریتییە لە وڵاتە عەرەبییەکان لە پێش و دواى "بەهارى عەرەبى". ئەم وڵاتانە لە دواى جەنگى جیهانیی دووه‌مه‌وه‌ بۆ ڕزگاربوون لەدەستى داگیرکاری شۆڕشیان کرد، بەڵام ئەم ڕەوایەتییە دامەزراوەیییەى دروستیان کرد تەنیا بە ڕووکار بوو و نەک دامەزراوەى سەربەخۆ و خاوەن هێزى یاسایى. بۆیە بەهارى عەرەبى پەرچەکردارێک بوو بۆ لابردنى ئەو ماسکە لەسەر ڕووى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکان لەلایەن شۆڕشگێڕەکان و کۆتاییهێنان بە مۆنۆپۆڵى بەردەوامى حوکمڕانێتیى شۆڕشگێڕەکان لە دواى بەهارى عەرەبى. ئەم پڕۆسەیە کۆتایی نەهاتووە و ئەم وڵاتانە لە "قەیرانى ڕەوایەتی"دا دەژین.

چوارەم: گواستنەوەى ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى بۆ ڕەوایەتیى یاسایى لە هەرێمى کوردستان

لەسەر بنەمای دەیان ساڵى شۆڕش و ڕاپەڕین، هەرێمەکە ئازاد کرا و لە ساڵى ١٩٩٢ یەکەمین هەڵبژاردنى ئازادانە لە هەرێمى کوردستان ئەنجام درا و، خەڵک ڕەوایەتیى بە بوونى دامەزراوەکان دا. کەچى زۆر خێرا ڕەوایەتیى سیاسى ڕووى لە لێژى کرد، چونکە شه‌ڕی ناوخۆ هەم ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى و هەم ڕەوایەتیى دامەزراوەییى خستە ژێر پرسیارى جددى. جگە لەمەیش چەندین هۆکارى ترى یەک بە دواى یەک، بوونە هۆى لەدەستدانى ڕەوایەتیى سیاسى و کاڵبوونەوەى ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى وەک:

١- بەردەوامیدان بە ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى لەناو دامەزراوە یاسایییەکان مەترسییەکى گەورەیە لە بەردەم ڕەوایەتیى دامەزراوەکان و بێئومێدبوونى خەڵک لە شۆڕشگێڕەکان. تاوەکوو ئەم چرکەساتەیش بەرپرسى حزبى، خۆى بە خاوەنى دامەزراوەى یاسایى و فەرمى دەزانێت و بەرپرسانى باڵا و ئاسایى، بۆیان نییە لە بڕیار و ئامۆژگاریى بەرپرسانى مەکتەبى سیاسى، ناوچە و کۆمیتە، لق و مەڵبەندەکان دەربچن. بەردەوامیدان و ماف بەخۆدان بە ناوى شۆڕشگێڕى بۆ بەشداریى زیاتر لە قەبارەى ڕەوایەتیى هەڵبژاردن و دامەزراوەکان بەردەوامە و، سەرکردەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان پێى وایە کە "ئەگەر حزبەکەى تەنیا یەک کورسیشى هەبێت، دەبێت نیوەى پۆستە باڵاکانى حکوومەت بۆ ئەو بێت." یان لە کاتى دابەشکاریى پۆستە باڵاکانى وڵات بەسەر براوەکانى هەڵبژاردن، پارتى سیاسیى خاوەن شۆڕش بەئاشکرا بانگەشەى ئەوە دەکەن کە "دەبێ لە دابەشکارییەکە ڕەچاوى مێژوو و خەبات و ڕێژەى شەهیدەکان بکرێت نەک لەسەر بنەماى براوە و دۆڕاو!"

٢- گەندەڵى بە هەموو جۆرەکانى ئابوورى، سیاسى و کارگێڕى، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى لەدەستدانى ڕەوایەتی و متمانە لە هەرێمى کوردستان. خەڵک بۆ ئەوە ڕاپەڕى تاوەکوو ئازاد بێت و ڕەوایەتى بە دامەزراوەکان بدات کە ڕەچاوى یەکسانى و دادپەروەرى بکرێـت لە کارەکانیان، بەڵام کە دەبینێت شەڕى پۆست بۆ ئەوەیە کە بۆ بەرژەوەندیى کەسى و حزبى بەکار بخرێت، ئیدى بیر لە وەرگرتنەوەى ڕەوایەتى بەم دەسەڵاتدارانە دەکاتەوە. گەندەڵى لە چوارچێوەى دیاردە دەرچووە و وەکوو تۆڕێکى ترسناک بە کۆمەڵگه‌دا‌ بڵاو بۆتەوە و بووەته‌ کولتوور.

٣- هەندێک فاکتەرى دەرەکى ڕۆڵیان لەم بابەتە هەبووە. هەر لە سەرەتاوە دەستێوەردانى دەرەکى، هۆکارێک بوو بۆ شه‌ڕى ناوخۆ و لاوازکردن و ڕاگرتنى هەرێم لە بەهێزبوون هەتاوەکوو قۆناغى نوێ کە ئێستا کار لەسەر ناشرینکردنى شۆڕشگێڕەکان لەبەرچاوى یەکتر دەکەن لە ڕێگەى بەکارهێنانى ناو و ناتۆرە و دروستکردنى کورتە ڤیدیۆ و فۆتۆشۆپ و چەندین ئامرازى تر کە وایان لە خەڵک گەیاندووە هەموو بەرپرسان و شۆڕشگێڕەکان داوێنپیس و دز و گەندەڵ و خۆفرۆش و... ن. بەهۆى نەبوونى چاودێرى لەسەر تۆڕەکانى پەیوەندى و سۆشیال میدیا بەتایبەت، هەروەها ململانێى توندى سەرکردە شۆڕشگێڕەکان لەگەڵ یەکترى و بەکارهێنانى ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان بۆ ناشرینکردنى یەکتر، هەموو ئەمانە هەڕەشەن لەسەر ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى و دامەزراوەیى لە هەرێمى کوردستان.

٤- شکستهێنانى سیاسەتى حکوومەت و لاوازیى دامەزراوەکان هۆکارێکى ترى بەردەم کەمبوونەوەى ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى و دامەزراوەیییە. بۆ نموونە لە سەروبەندى قەیرانى مووچە و نەبوونى خزمەتگوزارییەکان، بێزاریى خەڵک گەیشتە ئاستى حاشاکردن لە کوردبوون و دابەزینى هەستى نەتەوایەتى و بێهیوابوون لە تواناى دامەزراوە حکوومییەکان.

٥- خیانەتى نیشتمانى لەلایەن بەشێک لە سەرکردە کوردەکان لە قۆناغە جیاوازەکانى مێژووى سیاسیى کورد، بەردەوام فاکتەرێکى بەهێزى بووە بۆ ڕەواندنەوەى ڕەوایەتى بە شۆڕشگێڕان و دامەزراوەکان.

٦- بەردەوامبوونى خاوەن پێگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانى پێشووتر کە لەگەڵ ڕژێمى بەعس کاریان دەکرد، هۆکارێکى ترى کاڵبوونەوەى ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕییە لە هەرێمى کوردستان. لەنێو تیۆرى گواستنەوەى سیاسى (Theory of Political Transition)، هەردوو توێژەر "دارۆن ئه‌جه‌مۆغلۆ" و "جەیمس ڕۆبنسۆن" (Daron Acemoglu and James A. Robinso) جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەى کە کۆمەڵگه‌ نادیموکراتەکان لە قۆناغى گواستنەوەى سیاسى لەلایەن دەستەبژێرەکان یان نوخبەى دەوڵەمەندەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. ئەوان هەست بە مەترسیى ئەوە دەکەن کە هەرچەندە خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت بۆ هێنانەدیى دادپەروەرى و یەکسانى شۆڕش دەکەن، بەڵام نوخبەکان دواتر بە حوکمى بەهرە و ئەزموونى پێشوو، یان ئەو هێزە مەعنەوى و ماددییەى هەیانە دەسەڵات دەگرنەوە دەست[4]. ئەمە بەئاشکرا لە هەرێمى کوردستان ڕووی دا. کاتێک دایکى شەهیدێکى ڕزگاریخواز سەیر دەکات لەگەڵ ئەو دایکى جاشێک مووچەى شەهیدانە وەردەگرێت، یان سەرمایەدارانى هاوبەشى عودەى سەددام حوسێن و ئەنفالچى و بەعسییەکان خاوەن پڕۆژە گەورەکانى وەبەرهێنانن، چۆن ڕەوایەتى بەم گرووپە شۆڕشگێڕە و دامەزراوەکانیان دەدات!

پێنجەم: بارودۆخى ئێستاى ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى و یاسایى لە هەرێمى کوردستان

لە سەردەمى ئێستادا قەیرانى ڕەوایەتى، بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتووە. جگە لەم هۆکارانەى سەرەوە، ئەم قەیرانە لەوەوە چەکەرە دەکات کە دامەزراوەکان یان سیسته‌م نەتوانێ وەڵامى داواکارییەکان بداتەوە. بەهۆى زیادبوونى لەڕاددەبەدەرى دانیشتووان و هاتنى ئاوارەکان و خەڵکى تر بۆ نیشتەجێبوون لە هەرێم، سیسته‌مى سیاسى و یەکەکانى خزمەتگوزارى نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان بگونجێنن و، ئەمەیش تێهاوێشتە (Input)کانى بۆ سیسته‌مەکە زۆر زیاد کردووە و سیسته‌مەکە تواناى وەڵامدانەوەى لاواز بووە. لێرەدا دابەزینى ئاستى متمانە بەهۆى خراپیى ئەداى دامەزراوە و سەرکردەکان دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى ڕەوایەتیى سیاسى و دامەزراوەیى. تا دێت قەیرانەکان زیاتر دەبێـت و بیرکردنەوە لە چارەسەرییەکان بۆ پێشگرتنى قەیرانەکان لاوازن.

به‌هێزبوونى په‌يوه‌ندیيه‌كانى نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات ئه‌و كاته‌ دێته ‌كايه‌وه‌ كه، ‌تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ ڕەوایەتى به‌ سيسته‌مى سياسى و دامه‌زراوه‌كانى بده‌ن، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕاسته‌وخۆ كاريگه‌ریى ده‌بێت له‌سه‌ر پشتگيریى سيسته‌مه‌كه‌، ڕێزگرتن له ‌ياسا و بڕياره‌كان و ئه‌وجا سه‌قامگيرى له ‌هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌‌. له ‌به‌رامبه‌ردا نه‌مانى ڕەوایەتیى سياسى، پشێوى و ناسه‌قامگيرى و دواتريش شۆڕشى پێچەوانە به‌رپا ده‌كات بۆ گۆڕينى سيسته‌مه‌كه‌.

له ‌هه‌رێمى كوردستان زياتر له‌ نيوه‌ى خه‌ڵك سه‌ره‌ڕاى كه‌موكوڕیيه‌كانى سيسته‌مه‌كه‌، ڕەوایەتى  به‌ سيسته‌مى سياسیى هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن. ‌لە بەرامبەردا، له‌به‌ر چه‌ندين هۆكارى هاوشێوەى سەرەوە، (٢١%)ى هاووڵاتيان به ‌هيچ شێوه‌يه‌ك و (١٠%)يش تا ڕادده‌يه‌ك ڕەوایەتى به‌م سيسته‌مه‌ ناده‌ن. له ‌هه‌مان وێنه‌دا (١٦%)ى هاووڵاتيان بێوه‌ڵامن[5].

لێرەدا ڕێژەى ڕەوایەتیى سیاسى (٥٣%)، نزیکە لە ڕێژەى بەشداریى سیاسى لە هەڵبژاردن کە دوایین جار (٢٠١٨) بریتی بوو لە (٥٨%). هەروەها ڕێژەى پێنەدانى ڕەوایەتیى سیاسى (٣١%)، تێک دەکاتەوە لەگەڵ ڕێژەى بێمتمانەییى سیاسى کە (٣٠%)ە. ئەمە بەو دەرەنجامەمان دەگەیەنێ کە هەرچەندى بەشداریى سیاسى لە هەرێمى کوردستان زیاتر بێت، متمانە بەرز دەبێتەوە و ئەمەیش ڕەوایەتیى سیاسى دروست دەکات. هەرچەندى متمانە دابەزێ، بەشدارى دادەبەزێ و ئاماژەیە بە کەمبوونەوەى ڕەوایەتیى سیاسى. دابەزینى ئەمانە پێکەوە، دەبێـتە مەترسى لەسەر ناسنامەى نەتەوەیى و سەقامگیریى سیاسى.

 

شەشەم: چارەسەرییەکان

١- بۆ گەڕانەوەى شکۆ و بەها بۆ شۆڕشگێڕەکان و ڕەوایەتیدان بەم مێژووە پڕسەروەرییە، پێویستە بە هەمان گیانى شۆڕشگێڕیى پێشوو لەپێناو مانەوە و بەهێزبوونى هەرێمى کوردستان و ئاشتکردنەوەى خەڵک و پێشمەرگە و دەسەڵاتى سیاسى، دەرفەت بە کەسانى تەکنۆکرات و خاوەن ئەزموون بدرێت بۆ بەڕێوەبردنى دامەزراوەکان و ڕێگرى لە دەستوەردانى بەرپرسە حزبییەکان لە دامەزراوە فەرمییه‌كان بکرێت.

٢- گۆڕانکارییە هەرێمى و ناوخۆیییەکان لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان نین و دابەزینى ئاستى متمانە و بەشدارى و ڕەوایەتیى سیاسیى خەڵک، مەترسییە لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى و داهاتووى هەرێمى کوردستان. بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانى ڕەوایەتیى ناوخۆیى و دەرەکى، بیر لە بەهێزکردنى دامەزراوەکان بکەنەوە.

٣- کۆتایى بە "دیموکراسیى سازان" بێت و هەر حزبێکى سیاسى بەگوێرەى ڕێژەى متمانەى هاووڵاتیان لە دەنگدان، بەشى لە حوکمڕانێتى هەبێت، چونکە هاووڵاتى هاتۆتە ئەو باوەڕەى کە بچێت یان نەچێت بۆ هەڵبژاردنەکان وەکوو یەکى لێهاتووە؛ کاتێک پۆستەکان هەر بە سازان دابەش بکرێن! ئەمە هۆکارى سەرەکیى کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسییە لە هەرێمى کوردستان.

کۆبەند

بێباکیى سەرکردە سیاسییە شۆڕشگێڕەکان لە پارێزگاریكردن له‌ مێژووى پڕسەروەریى شۆڕش و خەباتى دەیان ساڵە و ڕێزگرتن لە خوێنى شەهیدان وای کردووە، ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەها و ڕەوایەتیى شۆڕشگێڕى ڕوو لە کەمبوونەوە بکات. بە گریمانەکەى "ساموێڵ هانتینگتۆن" بێ، لەبەر ئەوەى لە هەرێمى کوردستان دامەزراوەى حزبى سیاسى پێش دامەزراوەى فەرمیى حکوومى جێگیر بووە، ئەستەمە دامەزراوەکان خۆیان لە کۆتوبەندى حزبى داماڵن و بەسەربەخۆیانە کار بکەن تاوەکوو ڕەوایەتیى دامەزراوەیى وەربگرن. هەژموونیى شۆڕشگێڕى بەسەر دامودەزگه‌کانى سیسته‌مى سیاسیى هەرێمى کوردستان بەردەوامە و سەرکردەکان خەباتى چەندیین ساڵییان کردە قوربانیى چەند بەرژەوەندییەکى ئابوورى.

 

ئەو سەرچاوانەى سوودیان لێ وەرگیراوە:

  • Acemoglu, D., and Robinson J. (2001). A Theory of Political Transitions. The American Economic Review, Vol. 91, No. 4. Pp. 938-963. Available at: http://www.jstor.org/stable/2677820 (Accessed 13th February 2021).
  • Stanford Encyclopedia of Philosophy (2017). Political Legitimacy. Available at: https://plato.stanford.edu/entries/legitimacy/ (Accessed 13th February 2021).
  • Blatter J. (2018). Legitimacy. Britannica. Available at: https://www.britannica.com/topic/legitimacy/additional-info#history (Accessed 13th February 2021).
  • ابوحبلە، على. (٢٠١٣). الشرعیة الثوریة في مفھومھا تتناقض. دنیا الوطن. https://pulpit.alwatanvoice.com/content/print/299662.html (رێکەوتى سەردانى ١٤ى فێبریوەرى ٢٠٢١).
  • صادق، بارزان جوهر (٢٠٢١). متمانەى سیاسى بە سیسته‌میى سیاسیى هەرێمى کوردستان. تهران: چاپخانەى جەنگەڵ.

 

[1] Blatter J. (2018). Legitimacy. Britannica. Available at: https://www.britannica.com/topic/legitimacy/additional-info#history (Accessed 13th February 2021).

[2] Stanford Encyclopedia of Philosophy (2017). Political Legitimacy. Available at: https://plato.stanford.edu/entries/legitimacy/ (Accessed 13th February 2021).

[3]  ابوحبلە، على. (٢٠١٣). الشرعیة الثوریة في مفھومھا تتناقض. دنیا الوطن. https://pulpit.alwatanvoice.com/content/print/299662.html  (رێکەوتى سەردانى ١٤ى فێبریوەرى ٢٠٢١).

[4] Acemoglu, D., and Robinson J. (2001). A Theory of Political Transitions. The American Economic Review, Vol. 91, No. 4. Pp. 938-963. Available at: http://www.jstor.org/stable/2677820 (Accessed 13th February 2021).

 

[5]  صادق، بارزان جوهر (٢٠٢١). متمانەى سیاسى بە سیسته‌مى سیاسیى هەرێمى کوردستان. تهران: چاپخانەى جەنگەڵ. ل٢١٥-٢١٦.

Latest from بارزان جەوهەر سادق