ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

پەیوەندیی نێوان ناسیونالیزم و گەشەسەندن (بەشی یەکەم)

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

پێشەکی

لە دوای ڕێککەوتننامەی وێستفاڵیا لە ساڵی ١٦٤٨، کە بووە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگی سی ساڵە لە ئەوروپا و وەک بنەمایەک بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن هەژمار دەکرێت، هێدی هێدی پێکەوەگرێدانێک لە نێوان گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری لە لایەک و ناسیۆنالیزم، بنیاتنانی دەوڵەت و بنیاتنانی نەتەوە لە لایەکی ترەوە دێتە کایەوە؛ بەو واتایەی کە دەسەڵاتی ناوەندی بۆ هێنانەدیی ئامانجی پێشکەوتنی وڵات، پێویستیی بە ئاستێکی بەرز لە هاوبەندی (ئیندیماج)ی نیشتمانی هەبوو (national integration) لە چوارچێوەی ئەو جوگرافیایەی کە حوكمی تێدا دەکرد. لێرەوە، هێدی هێدی نووسەران و کاربەدەستانی سیاسی، جەختیان کردە سەر مێژوو، زمان، ئایین و تێڕوانینی سیاسیی هاوبەش بۆ ڕکابەرێتیکردن لەگەڵ نەتەوە و وڵاتانی تر و هێنانەدیی گەشەسەندنی فرەڕەهەند، بەتایبەتیش گەشەسەندنی ئابووری لە لایەک و هێنانەدیی سەقامگیریی ناوخۆیی لە لایەکی ترەوە. سەرەڕای ئەوەی کە جەختکردنە سەر ئەم چەمکە هاوبەشانە بە مانای جیاکردنەوەی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی تر دەهات، لەگەڵ ئەمەیشدا ئەم مێژووە زۆرتر تایبەتە بە وڵاتانی ڕۆژاوایی، چونکە ئەوان بوون کە دەوڵەتی مۆدێرنیان دامەزراند و دەستیان بە پرۆسەی گەشەسەندن کرد؛ چ لە ڕێگەی بەپیشەسازیکردنی وڵات بێت یاخود بازرگانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە یاخود لە ڕێگەی دەستکردن بە پرۆسەی بەکۆڵۆنیاڵکردنی وڵاتانی ترەوە بێت. زیاد لەمەیش هەر ئەوان بوون کە دەستیان کرد بە خوێندنەوە و لێکۆڵێنەوەی زانستی لەبارەی ناسیۆنالیزم و بنیاتنانی نەتەوە و پەیوەندی لە نێوان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن.

"لۆشیان پای" (Pye, 1965:511)، لە توێژینەوەیەکدا بە ناونیشانی چەمکی گەشەسەندنی سیاسی (The Concept of Political Development)، تیشک دەخاتە سەر ١٠ ڕەهەندی جیاواز بەڵام پێکەوەگرێدراوی ئەم پرۆسەیە. بە بڕوای لۆسیان پای، لە دە ڕوانگەوە دەکرێ خوێندنەوە بۆ چەمکی گەشەسەندن بکرێت.

١. گەشەسەندنی سیاسی وەک پێشمەرجی سیاسی بۆ گەشەسەندنی ئابووری.

٢. گەشەسەندنی سیاسی وەک سیاسەتێکی تایبەت (typical) بە کۆمەڵگه‌ بەپیشەسازیبووەکان.

٣. گەشەسەندنی سیاسیی مۆدێرنیزاسیۆنی سیاسی.

٤. گەشەسەندنی سیاسیی کردەکانی تایبەت بە دەوڵەت-نەتەوە.

٥. گەشەسەندنی سیاسی بە واتای گەشەسەندنی کارگێڕی و یاسایی.

٦. گەشەسەندنی سیاسی بە واتای مۆبیلیزەی جەماوەری و بەشداریکردن.

٧. گەشەسەندنی سیاسی بە واتای بنیاتنانی دیموکراسی.

٨. گەشەسەندنی سیاسی بە واتای سەقامگیری و گۆڕانی نەزمدار.

٩. گەشەسەندنی سیاسی بە واتای  مۆبیلیزەکردن و هێز.

١٠. گەشەسەندنی سیاسی بە واتای لایەنێک لە پرۆسەی فرەڕەهەندی گۆڕانی کۆمەڵایەتی.

ئەگەر سەیری ئەم ڕوانگە جیاوازانە سەبارەت بە گەشەسەندنی سیاسی بکەین، دەبینین کە گەشەسەندنی سیاسی پەیوەندیی نزیکی یان بە بنیاتنانی دەوڵەت یاخود بە بنیاتنانی نەتەوەوە هەیە. ئەم نووسینە بەسەر چوار تەوەردا دابەش کراوە؛ لە تەوه‌ری دووەم بە ناونیشانی "بنیاتنانی نەتەوە" باس لە بۆچوونی لۆشیان پای سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان گەشەسەندنی سیاسی و کردەوەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەکەین.

تەوەری یەکەم: گەشەسەندن و ناسیۆنالیزم

پەیوەندی لە نێوان گەشەسەندن و ناسیۆنالیزم پەیوەندییەکی ئاڵۆزە؛ چونکە هەم خودی گەشەسەندن پێناسە و ڕوانگەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت، هەمیش گەشەسەندنی سیاسی، فرەڕەهەند و پێناسەیە. تەنانەت کۆمەڵێک بیرمەند، ناسیۆنالیزم لە دژی گەشەسەندن هەژمار دەکەن. بۆ نموونە، ئارنۆڵد تۆینبی، ناسیۆنالیزم وەک كۆسپێك لە بەردەم بەپیشەسازیبوون و دیموکراسی (perversion of Industrialism and Democracy) یاخود بە گەندەڵییەکی وێرانکار (disastrous corruption) هەژماری دەکات. هاوکات کۆمەڵێک نوخبەی سیاسی هەن کە ناسیۆنالیزم وەک ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوونی نەتەوەکەیان لە برسێتی و گەیشتن بە ژیانێکی ستاندارد و دەرچوون لە ژێرڕکێفی دەسەڵاتی بێگانە هەژمار دەکەن؛ ئەگەرچی ناسیۆنالیزم لە زۆربەی وڵاتان هاوکات بووە لەگەڵ بێبەشکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی پێکهاتەکانی دەوڵەتێک لە مافە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان؛ ئەمەیش لە پێناو دروستکردنی نەتەوەیەکی یەکدەست.

سەبارەت بە پرسی ناسیۆنالیزم لە زۆربەی وڵاتانی بەکۆڵۆنیکراو، دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم بووە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی هەستێکی ناسیۆنالیستیی توندڕەو و دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون لەدەست کۆڵۆنیاڵ و گەیشتن بە گەشەسەندن و پێشکەوتن. بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا، جیاوازییەکی زۆر گرنگ لە نێوان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن بەدی دەکرێت؛ جا چ گەشەسەندنی ئابووری بێت یاخود گەشەسەندنی سیاسی کە بریتییە لەوەی کە ناسیۆنالیزم لەسەر بنەمای پێناسەکردنی "ئێمە" و "ئەوانی تر" دامەزراوە. واتە لە ناسیۆنالیزمدا جۆرێک لە دەرکردن (exclusive)ی "ئەوانی تر" هەیە تا بۆ "ئێمە" ناسنامه‌یه‌كی هاوبەش لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی تردا دروست بکات؛ کەچی گەشەسەندن لەسەر بنەمای "ئێمە هەموومان پێکەوە" دامەزراوە. واتە بۆ ئەوەی گەشەسەندن، بەتایبەتیش گەشەسەندنی ئابووری بێتە دی، ئێمە هەموومان دەبێ پێکەوە کار بکەین. ئەم پێکەوەبوونەی هەموومان، دەکرێ لە ئاستی وڵات، لە ئاستی هەرێمایەتی یاخود لە ئاستی جیهانی بێت. واتە بەبێ بوونی پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ ئەوانی تر، گەشەسەندن و پێشکەوتن بەدی نایه‌. هەروەک چۆن بنەماکانی گەشەسەندنی بەردەوام لەسەر ئاستی جیهانی کار دەکات، بەپێی بنەماکانی گەشەسەندنی بەردەوام و بەتایبەتیش لە سەردەمی بەجیهانیبووندا، جیهان وەک یەکەیەکی جوگرافیی پێکەوه‌گرێدراو هەژمار دەکرێت کە گەشەکردن و گەشەنەکردنی ناوچەیەک، کاریگەریی لەسەر ناوچەیەکی تر دروست دەکات. واتە بەپێچەوانەی ناسیۆنالیزم کە جۆرێک لە خەسڵەتی دەرکردنی ئەوانی تری هەیە، گەشەسەندن خەسڵەتی لەخۆگرتن (inclusive)ی هەیە.

لە لایەکی ترەوە، هەندێ وڵات هەوڵیان داوە بنەمای ناسیۆنالیزمی "ئێمە" لەگەڵ بنەمای "ئەوانی تر" کۆ بکاتەوە و نموونەیەکی جیاوازی پێکەوەگرێدانی ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن بخاتە ڕوو. بۆ نموونە، لە ژاپۆنی سەردەمی ئیمپراتۆر مێجی کە لە ساڵی ١٨٧٦ دەسەڵاتی سیاسیی گرتە دەست، هەوڵی دا کە پارێزگاری لە بەشێک لە ناسنامه‌ی ژاپۆنییەکان، بەتایبەتیش ناسنامه‌ی سامۆرایی بکات. هاوکات هەوڵی دا پشت لە پێشکەوتن و تەکنه‌لۆژیای ڕۆژاوایییەکان نەکات و ناسنامه‌ی ژاپۆنی تێکەڵ بە پێشکەوتنی ڕۆژاواییی کرد. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٠٥، ژاپۆن ببێتە زلهێزێکی جیهانی و تەنانەت هێرش بکاتە سەر کۆریا و، ململانێی ڕووسیا و دواتر ململانێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات.

"بێلا" لەبارەی چۆنێتیی پێشکەوتنی ژاپۆن لە ساڵی ١٩٥٧دا توێژینەوەیەکی ئەنجام دا بە ناوی ئایینی تۆکۆگاوا (Bellah: Tokugawa Religion). بێلا نەك تەنیا لەبەر ئەو هۆکارەی کە ژاپۆن تەنیا وڵاتێکی ناڕۆژاوایییە کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەستی بە بەپیشەسازیبوون کرد، بەڵکوو لەبەر ئەو هۆیەیش کە ژاپۆن نموونه‌یه‌كی تایبەت لە بەپیشەسازیبوون و ناسیۆنالیزم دەخاتە ڕوو، خوێندنەوەی بۆ حاڵەتی ژاپۆن کرد. لە ژاپۆن لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەمدا یەکەمین شەپۆلی بەپیشەسازیبوون نەک لەلایەن خاوەن کارگەکان، پیشەوەران و بازرگانەکان دەستی پێ کرد بەڵکوو لەلایەن چینی سامۆرایییەوە دەستی پێ کرد. ئەوە چینی سامۆرایی بوو کە ئیمپراتۆری بۆ دەسەڵات گەڕاندەوە، ژمارەیەکی زۆری خاوەنکاری بەرهەم هێنا و بناغەکانی مۆدێرنیزاسیۆنی ژاپۆنی داڕشت. نموونەی ژاپۆن ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە چوارچێوەی کات و شوێنی جیاواز و که‌لتووری جیاواز، دەبێ خوێندنەوە بۆ پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن بکەین.

هەر بۆ نموونە، لە زۆرێک لەو وڵاتانه‌ی کە بە ڕووخانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی لە ساڵانی ١٩٢٠دا دامەزران و ئەو وڵاتانەیش کە دوای بڕیاری ژمارە (١٥١٤)ی ئەنجومەنی گشتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەت بوو بە نەهێشتنی کۆلۆنیالیزم و بەخشینی سەربەخۆیی بە وڵاتانی کۆلۆنیکراو دامەزران، دەبینین کە ناسیۆنالیزم لەم وڵاتانەدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە گەشەسەندنی ئابوورییەوە هەبوو نەک گەشەسەندنی سیاسی. واتە نوخبەی سیاسیی ئەم وڵاتانە، گەشەسەندنی ئابوورییان بە خاڵی وەرچەرخان و خاڵی هەستانەوەی نەتەوەکانیان هەژمار دەکرد، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی لایەنە سیاسییەکانی گەشەسەندن بکەن؛ بەتایبەتیش بوونی پەرلەمانی فره‌حزبی، سیستەمی سیاسیی فرەحزبی، هەڵبژاردن و بوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. لە دوای ٦٠ ساڵ لە دەرکردنی ئەم بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبینین ئەم جۆرە هزرکردنەوەیە لەبارەی ناسیۆنالیزمه‌وه‌، نەك تەنیا گەشەسەندنی بەدی نەهێنا، بەڵکوو وڵاتیشی پارچەپارچە کرد و چەندین ناسنامه‌ی دژبەیەک لەناو یەک وڵاتدا سەریان هەڵدا. دەکرێ عێراق، ئەلجەزاییر، سووریا، نایجێریا و چەندین وڵاتی تر لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نموونە بێنینەوە، کە هەموویان وەک ئەوەی کە "ساموێل هانتینگتۆن" باسیان لێوە دەکات؛ لە بری هێنانەدیی "گەشەسەندنی سیاسی"، تووشی "پووکانەوەی سیاسی" هاتن.

لە لایەکی ترەوە، دژبەیەکبوون لە هەندێک لە بۆچوونەکان سەبارەت بە پەیوەندیی نەرێنیی نێوان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن، مانای ئەوە نادات کە گەشەسەندن و ناسیۆنالیزم بەتەواوەتی پێچەوانەی یەکترن، چونکە چەندین بیرمەند هەن کە بوونی هەستێکی بەهێزی ناسیۆنالیستی، بە بەردی بناغەی دەسپێکردنی گەشەسەندنی وڵاتێک هەژمار دەکەن.

"ئێرنێست گێلنێر"، خاوەن كتێبی "ناسیۆنالیزم"، لەو بڕوایەدایە کە ناسیۆنالیزم تەنیا بریتی نییە لە تیۆرێکی هەڵە کە دەتوانین هەڵی بوەشێنینەوە و پشتگوێی بخەین، بەڵکوو ناسیۆنالیزم بریتییە لە بەشێکی گرنگ و پێکهێنەری جیهانی مۆدێرن، چ لە سەردەمی ڕابردوو و چ لە سەردەمی ئێستادا. ئەوەی کە پێویستە سەرنجی بخەینە سەر، بریتییە لەوەی کە هەروەک چۆن ناسیۆنالیزمی توندڕەومان هەیە کە بەرەو نازیزم و فاشیزم پەلکێشت دەکات، بە هەمان شێوە گەشەسەندن دەتوانێت کۆمەڵگه‌ بەرەو توندڕەوی و خراب بەکارهێنانی تەکنه‌لۆژیا هان بدات؛ هەروەک چۆن ئەم کردەوەیه‌مان لە سەردەمی فاشیزم و نازیزم و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جەنگی دووەمی جیهانی لە دژی ژاپۆن بینیمان. لە لایەکی ترەوە، هەروەک چۆن ناسیۆنالیزم، مەرامێکی سیاسییە، بە هەمان شێوەیش گەشەسەندن مەرامێکی سیاسییە.

هەروەک باسمان کرد، ئەوەی کە لە ناسیۆنالێزم زۆر بەرچاوە بریتییە لە کۆمەڵێک چەمکی هاوبەش؛ بۆ نموونە، بوونی مێژووی هاوبەش، هەست و ناسنامه‌ی هاوبەش، زمانی هاوبەش و ئایینی هاوبەش. بەڵام ئەمانە کۆمەڵێک چەمکن کە لە ڕێگەیەوە ناتوانین پەی بە چۆنێتیی پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن ببەین. بۆیە باشترە بە دوای پێناسەی تردا بگەڕێین؛ چونکە دامەزراندنی دەوڵەت هاوشانە لەگەڵ کۆمەڵێک چەمکی تر وەک چۆنێتیی بنیاتنانی دەوڵەت، بنیاتنانی نیشتمان و بنیاتنانی نەتەوە و، گەشت ئەمانەیش بە گەشەسەندنی سیاسی و ئابوورییەوە گرێ دراون کە لەم گوتارەدا گشت ئەم چەمکانە شه‌نوكه‌و دەکەین. بەڵام سەرەتا پێویستە پێناسەیەکی تا ڕاددەیەک هاوبەش لە نێوان ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن بدۆزینەوە.

"ئەرنێست هاس"، ناسیۆنالیزم پێناسە دەکات بە جۆرێک لە عەقڵانییەت و هەوڵدان بۆ هێنانەدیی هاوبەندی/ئیندیماج لەو وڵاتانەی کە بە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن و گەشەسەندندا دەرباز دەبن. بە بڕوای ئەرنێست هاس، ناسیۆنالیزمی لیبراڵ زۆرترین ئەگەری هەیە کە بتوانێت ئەم عه‌قڵانییەت و هاوبەندییە بەدی بێنێت. ئەمەیش بەو هۆیەی کە لیبراڵیزم ئەو ئایدیۆلۆژیایەیە کە توانای لەخۆگرتنی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگه‌ی هەیە. مەبەستی هاس لەم بەعه‌قڵانیکردنە، دامەزراندنی کۆمەڵێک دامەزراوەی لەخۆگرە (inclusive institutions) کە پانتایەکی بەرفراوانی دابینکردنی هەل و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت. لە ڕوانگەیەکەوە، کرۆکى لیبراڵیزم، لێکجیاکردنەوەى پانتاى حکوومەت و کۆمەڵگە و دەسەڵاتى سیاسییە لە هەمبەر مافى تاک لە کۆمەڵگەدا. ئەم پێناسە و خەسڵەتانە، لە گەشەسەندنی سیاسیشدا بەدی دەکرێن. بە واتایەکی تر لیبراڵیزم هەر لە سەرەتاوە، هەوڵێکى هزرى بووە بە مەبەستى دیاریکردنى پانتاى تایبەتى (تاکى، خێزانى، ئابوورى) لە بەرامبەر دەسەڵاتى حکوومەت. وەکوو ئایدیۆلۆژیاى سیاسیش، لە پانتاى  کۆمەڵگەى مەدەنیدا هەمبەر پانتاى دەسەڵاتى حکوومەت، لە حکوومەتى مەرجدار و پابەند بە یاسا و ئازادییەکانى تاک و مافى مەدەنیدا، بەتایبەتیش خاوەندارێتیى تایبەت پشتگیریى کردووە. بەپێى بنەماکانی لیبراڵیزم، دەبێت مافى حکوومەت بۆ دەستێوەردان لە ژیانى تایبەتى و مەدەنیدا بە بەربەستى بەهێز و دیار سنووردار بکرێت. لەم ڕێگەیەیش جۆرە هاوبەندی و یەکگرتوویییەک لە کۆمەڵگه‌دا دروست دەبێت کە هەم بە قازانجی گەشەسەندنە، هەمیش بە قازانجی ناسیۆنالیزم.

ڕاستییه‌كه‌ی، ئەم بیرۆکەی "هاس"یش لە بیرۆکەی ماکس وێبه‌ر وەرگیراوە. ئەوە ماکس وێبه‌رە کە دەسەڵات بەسەر دەسەڵاتی تەقلیدی، کاریزمایی و عەقڵانی دابەش دەکات کە لە هەر کامەیاندا جۆرێکی تایبەت لە دامەزراوە و سیستەمی سیاسی دێنە کایەوە. چۆنێتیی ئەم جۆرە دامەزراوەیە و سیستەمه‌ سیاسییەیش، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی به‌ هێنانەدیی جۆری گەشەسەندنه‌وه‌ هەیە. بە ڕێزپەڕی وڵاتێکی وەک سەنگاپوور نەبێت، سەختە دەسەڵاتی تەقلیدی (دیکتاتۆری) بتوانێ گەشەسەندن بەدی بێنێت، ئەویش تەنیا گەشەسەندنی ئابووری نەک گەشەسەندنی سیاسی.

وێبه‌ر کاتێک ئاماژە بە چەمکی بەعەقڵانیبوون دەدات، ڕاستەوخۆ پڕۆسەیەک وێنا دەکات کە بەپێی ئەم چەمکە دەتوانرێت یاسا و داب و نەریتەکان بپێورێن و لە ڕووی عەقڵانییشەوە بەڕاشکاوی ڕێکخراو و سەقامگیر بوونە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جێگەی سۆز و نەریتە تەقلیدییەکان دەگرێتەوە. زیاد لەمەیش لە ڕوانگەی وێبه‌رەوە ئەم چەمکە جۆریك لە کۆنترۆڵکردنی نۆرمەکان لە ڕێگەی یاساوە لەخۆ دەگرێت، واتە جۆرێک لە دەسەڵاتی دامەزراوەیی و یاسایی بەبوون دێت کە ماکس وێبه‌ر بە دەسەڵاتی عەقڵانی ناوی دەبات. وێبه‌ر ئەم شێوازە دەسەڵاتە لە دەرەنجامی پرۆسەی لەسەرەخۆی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی لە قەڵەم دەدات. ئەم دەسەڵاتە پشتبەستراوە بە دەستوور، کە هەم فەرمانڕەوا و هەمیش هاووڵاتی بە کۆمەڵێک نۆرمی هاوبەش پابەند دەکات و هاوبەندیی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. بۆ نموونە، هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و هاووڵاتی دەتوانێ لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە فەرمانڕەوا بگۆڕێت و فەرمانڕەوا بۆی نییە سەرپێجی لە دەنگی هاووڵاتیان بکات.

ئەگەر ئەم دوو ڕوانگەیە سەبارەت بە عەقڵانیبوون و دامەزراوەکان، تێکهەڵکێش بکەین بە پێناسەکەی ساموێل هانتینگتۆنه‌وه‌ لەبارەی گەشەسەندنی سیاسییەوە، پەیوەندیی نێوان گەشەسەندن و ناسیۆنالیزم بۆمان ڕوونتر دەبێتەوە. ساموێل هانتینگتۆن لە گوتاری "گەشەسەندنی سیاسی و پووکانەوەی سیاسی" باس لەوە دەکات کە پێناسەکانی گەشەسەندن زۆر و فرەڕەهەندن؛ بەڵام بە شێوەیەکی گشتی چوار دەستە تایبەتمەندی لە پێناسەکاندا دووبارە دەبنەوە: دەستەیەک تیشک دەخاتە سەر بگۆڕەکانی نموونه‌ی (pattern variables) بەشداریکردن. بەکورتی، دەکرێ ئەم دەستەیە بە بەعقڵانیکردن ناو بنرێت. خەسڵەتەکانی ئەم دەستەیە بریتین لە: گوزار لە تایبه‌تگه‌رایی بەرەو گەردوونیبوون، لە پەرتوبڵاوی بەرەو پسپۆرێتی، لە بۆماوەیی بەرەو بەدەستهاتوویی، لە سۆزداری بەرەو بێلایەنی. لە ڕووی گەشەسەندنی سیاسییەوە، بەتایبەتیش جەخت لەسەر پێوەرەکانی لێکجیاکاریی کارکردی و بەدەستهاتوویی کراوە.

دووەمین دەستە لە خەسڵەتەکانی دیاریکراو بۆ گەشەسەندنی سیاسی، پرسی ناسیۆنالیزم و ئیندیماجی نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت. زۆربەی نووسەرانی ئەم بوارە تیشکیان خستووه‌تە سەر قەیرانەکانی ناسنامه‌ی نەتەوەیی و زەروورەتی دامەزراندنی بناغەیەکی ئیتنیکیی پتەو بۆ کۆمەڵی سیاسی (political community). وەها گریمانە دەکرێت کە دەبێ یەکەیەکی سیاسی (polity)ی گەشەسەندوو، بە ڕێزپەڕێکی زۆر کەمەوە، دەوڵەت-نەتەوە بێت. لەم دەستەیەدا، بنیاتنانی نەتەوە کڕۆکی سەرەکیی گەشەسەندنی سیاسییە. سێیەمین ڕێباز تیشک دەخاتە سەر دیموکراتیزەکردن، فرەیی، ڕکابەرێتی، یەکسانی لە دەستگەیشتن بە دەسەڵات و چەندین بابەتی هاوچەشن. کۆڵمەن دەڵێت: "ڕکابەرێتی، لایەنێکی جەوهەریی گەشەسەندنی سیاسییە. هەر بۆیەیش سیاسەتی ئەنگلۆ-ئەمریکی زۆر لە سیستەمێکی سیاسیی مۆدێرن نزیکە." بە بۆچوونی فێری (Ferry)، "باوترین بیرۆکە لەناو بازنەی ڕۆشنبیرانی ئەمریکیدا بریتییە لە هەنگاونان بەرەو دیموکراسی." فێری ئەم بیرۆکەیە، بە بیرۆکەیەکی بنیاتنەر (congenial) هەژمار دەکات و پێناسەی تایبەتی خۆی بۆ گەشەسەندنی سیاسی بەم جۆرە دەخاتە ڕوو: "گۆڕان بە ئاراستەی دابەشکردنی زۆرتری دەسەڵات و دەستاودەستکردنی دەسەڵات." کەواتە هەروەک دەبینین بەعەقڵانیکردن، ئیندیماج و بەدیموکراسیکردن بە بەرفراوانی لە پێناسەکانی گەشەسەندنی سیاسیدا دەبینرێن. لە کۆی گشتیی ئەم چوار ڕەهەندەی سەرەوە و بە پشتبەستن بە بیرۆکەی ماکس وێبه‌ر، هانتینگتۆن بەو دەرەنجامە دەگات کە گەشەسەندنی سیاسی واتە "بەدامەزراوەییکردنی ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕێکارەکان." هاوشێوەی هانتینگتۆن، بە بۆچوونی وینهام گەشەسەندنی سیاسی واتە "گەشەسەندنی پرۆسە و دامەزراوە سیاسییە دیموکراتیکەکان."

لێرەدا وینهام چەمکی دامەزراوە دیموکراتیکەکان بۆ پێناسەکەی زیاد دەکات، چونکە هەم لە سیستەمی دیموکراسیدا دامەزراوە هەیە و هەمیش لە سیستەمی دیکتاتۆریدا؛ بەڵام زۆر جار سیستەمی دیکتاتۆری لە دژی ناسیۆنالیزم و بنیاتنانی نەتەوە دەوەستێتەوە و دەبێتە هۆی هێنانەدیی پووکانەوەی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکان. بۆیە بۆ ئەوەی زۆرتر لە چەمکی ناسیۆنالیزم و گەشەسەندن تێ بگەین، پێویستە بەکورتی باس لە بنیاتنانی نەتەوە و بنیاتنانی دەوڵەت بکەین.

کۆتاییی بەشی یەکەم

 

Latest from هیوا مەجید خەلیل