ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

خوێندنەوەیەک بۆ ڕای گشتی (بەشی یەکەم)

هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی، زانکۆی بەنگۆر

پێشەکی

ئەگەر بەپێی تیۆریی سیاسیی هاوچەرخی دیموکراسی، سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ گەل بگەڕێتەوە، کەواتە ڕای گشتی و دەسەڵاتی سیاسی دوو دیاردە یاخود دوو چەمکی پێکەوەگرێدراون کە یەکەم، پێگەی دووەم دیاری دەکات. ئامرازی پێکەوەگرێدانی ئەم دوو چەمکەیش ئەو کەناڵانه‌ن کە لە کۆمەڵگه‌دا هه‌ن و بۆچوونەکانی کۆمەڵگه بە دەسەڵات و بڕیارەکانی دەسەڵاتیش بە کۆمەڵگه دەگەیه‌نن. بۆیە لەم گوتارەدا ھەڵوەستە لەسەر ئەم چەمک و کەناڵانە دەکەین، تا بۆمان دەرکەوێت کە ڕۆڵی ھەر یەک لە ڕای گشتی و دەسەڵاتی سیاسی و ئەم کەناڵانە لە کۆمەڵگه‌دا چین و، چۆن دەتوانن بە ھاوتەریبی لەگەڵ یەکدیدا ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن؛ بە چەشنێک کە ئەم دیاردە و کەناڵانە ڕووبەڕووی لێکترازان نەبنەوە و تەواوکەری یەکدی بن.

مێژوو و چەمکی ڕای گشتی (public opinion)

خوێندنەوەی ھەر دیاردەیەک پێویستی بە ناسینی مێژوو و چەمکی ئەو دیاردەیە ھەیە تا لەم ڕێگەیەوە بتوانین پێناسەی بکەین. بۆیە پێویستە سەرەتا بەپوختی لە ناوەڕۆکی دیاردەی ڕای گشتی ورد ببینەوە. ئەگەرچی لە فەرھەنگی سیاسیدا ڕای گشتی زاراوەیەکی نوێیە، بەڵام ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵگه‌ی سیاسییەوە ئەم زاراوەیە ھەبووە. زانایان و فەیلەسووفانی بواری سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، بە شێواز و زاراوەی جۆراوجۆر ئەم چەمکەیان دەربڕیوە. لە لایەکی ترەوە، لە ھەر کۆمەڵگه‌یەک بەپێی کراوەیی یاخود داخراوەییی سیستەمی سیاسی و دابونەریتی باوی کۆمەڵگه، ئەم چەمکە قورساییی تایبەتی خۆی ھەبووە.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی سیاسی بدەینەوە، دەبینین کە لە دەوڵەت - شارەکانی یونانی کۆن، وەک ئاسینا و کۆرینس و ئیسپارت کە ھەر یەکێکیان دەوڵەت - شاری سەربەخۆ بوونە و بەپێی بنەماکانی دیموکراسی بە پێوەری ئەوکات، بەڕێوە دەبران، ھەموو ئەندامانی کۆمەڵگه (واتە ئەو پیاوانەی کە بە تەمەنی یاسایی گەیشتبوون، جیا لە کۆیلە و ئافرەت و بیانییەکان) لە گۆڕەپانی کڕین و فرۆشتنی شار کۆ دەبوونەوە تا بەرپرسانی حکوومەت ھەڵبژێرن و سەبارەت بە پرسە گشتییەکان گفتوگۆ بکەن. لێرەدا دەبینین کە چۆن لە یۆنانی کۆن بیروبۆچوونی دانیشتووان سەبارەت بە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کاروباری دەسەڵات گرنگیی تایبەتی ھەبووە. لە ساڵی (٥٩پ.ز)دا یۆلیۆس قەیسەر ڕووداوەکانی ڕۆژانەی، کە تایبەت بوون بە چالاکییەکانی ئەنجومەنی پیران تۆمار ده‌كرد و، کردە و گوتارەکانی  ئەندامانی ده‌خسته‌ بەردەم جەماوەر.

 لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست کە دەسەڵاتی ئایینی باڵی بەسەر زۆربەی کۆمەڵگه‌کاندا کێشابوو و بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا زاڵ بوو، ڕای گشتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە؛ چونکە لەو سەردەمەدا دەسەڵات پشتی بە متافیزیک بەستبوو. ڕای گشتیش، زۆرتر ڕایەکی ئایینی بووە؛ ھەروەھا ھەر جۆرە دژایەتیکردنی دەسەڵات، بە تاوانی دژی ئایین لە قەڵەم دەدرا. بۆیە لەم قۆناغەدا ڕای گشتی جۆرە کپبوونێکی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام دواتر لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، کە گرنگی بە مرۆڤ و دەسەڵاتی زەمەنی درا، ڕای گشتی کارا دەبێت و گرنگیی پێ دەدرێت.

ھەندێ لە توێژەران وای بۆ دەچن کە زەمینەی زاراوەی ڕای گشتی، "ئەنگڵۆسەکسۆنی"یە و بۆ یەکەم جار لە ئینگلتەرا لە سەرەتاکانی سەدەی دوازدەیەم لەلایەن "جۆن ساڵزبۆری"ی سیاسەتڤان لە ساڵی (١١٥٩ز)دا بەکار ھاتووە، کە وەک بەڵگەنامەیەک بۆ پەرلەمان و دەسەڵات هەژمار دەکرا. "مه‌کیاڤێللی" لەم بارەیەوە دەڵێت: "مرۆڤی عاقڵ سەبارەت بە پرسە دیار و وردەکان ڕای گشتی پشتگوێ ناخات، وەک پرسگەلی دابەشکردنی پلە و پایە و ئەفزەڵیات و پێشکەوتن. ھەروەھا ئەگەر بێت و گەل دەرفەتی بۆ بڕەخسێت ھەڵە ناکات. ھەر کاتێکیش ھەڵەی کرد، ھەڵەکان زۆر کەمترە لەو ھەڵانەی کە کەمینە ئەنجامی دەدات."

دواتر لە سەدەی هەڤدەیەم و لە قۆناغی ھەستانەوەی ھەستی نەتەوایەتی و ھاوتەریببوونی سنووری جوگرافی و نەتەوەیی و سەرھەڵدانی دەوڵەت بە شێوازی مۆدێرن لە سەدەکانی هەڤدەیەم و بیستەمدا، چەمکی ڕای گشتی بازدانێکی تەواوی بەرەوپێشچوونی بەخۆیه‌وە بینی. "جۆن لۆک" ھەمبەر پەیوەندیی نێوان گەل و دەسەڵات باس لە جۆرە گرێبه‌ستێك دەکات کە بە گرێبه‌ستی کۆمەڵایەتی ناسراوە کە لە نێوان گەل و پاشادا مۆر کراوە؛ ئەگەر بێت و پاشا یاخود میر لە بەندەکانی ڕێکكەوتننامەکە لا بدات، ئه‌وا لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەنجام دەدرێت و گەل مافی گۆڕینی دەسەڵاتی دەبێت.

"ژان ژاک ڕۆسۆ" باس لە ئیرادەی گشتی دەکات و وای بۆ دەچێت کە دەوڵەت لە تاکەکان پێک دێت کە مافی یەکسانیان ھەیە. کەس بەسەر ئەوی تردا دەسەڵاتی نییە و، ھەموو لە پێکهێنانی ویستی گشتی-کە تاکە سەرچاوەی دەسەڵاتی ڕەوایە- بەشدارن. لێرەوە ڕای گشتی دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی و ڕۆڵی چاودێریکردن دەگێڕێت.

دوای شۆڕشی پیشەسازی و لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە کە بووە هۆی فراوانبوونی سنوورەکانی ئاڵوگۆڕی کاڵا و تەشەنەکردنی بازرگانی، کە ئەمەیش بووە ھۆی ناسینی که‌لتووری بیانی، لەم نێوه‌دا، بیروبۆچوونەکانی تاک سەبارەت بە مافەکانی خۆی گۆڕانی بەسەردا ھات. تاک ھەوڵی دا ئەو ماف و ئازادییانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە لێی زەوت کراوە، بسێنێتەوە. سەرھەڵدانی چینی بۆرژوا کە خاوەن سەرمایە بوون و ژێرخانی ئابووریی کۆمەڵگەیان وەگەڕ خستبوو، وەک لەمپەرێک ھەمبەر زیادەڕۆییی دەسەڵات چەگەرەی گرت.

لێرەوە چەمکی ڕای گشتی بە مانای ئەمڕۆیی، بۆ یەکەم جار لەلایەن "ژان نیکر"، وەزیری داراییی لۆیی شازدەیەم، لە سەرەتای سەرھەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسا بەکار ھات. بە بڕوای ئەو، ڕای گشتی، ڕۆحی کۆمەڵگه‌یە؛ بە پردی پەیوەندییەکی نەپچڕاو لە نێوان مرۆڤەکاندا دەژمێردرێت. ژان نیکر وای بۆ دەچوو کە ڕای گشتی دەسەڵاتێکی نادیارە کە بەبێ زێڕ و پاسەوان و سوپا، بۆ شار و بۆ کۆشکی پاشاکان یاسا دادەڕێژێت.

بەپێی ئەم لێدوانە و گۆڕانکارییانە بێت، دەتوانین بڵێین کە ئەگەر لە سەدەکانی ناەڕاستدا دەسەڵاتی ئایینی لە ڕێگەی یاسای ئاسمانییەوە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی وەستا و سنوورداری کرد؛ ئاوا لە قۆناغی شۆڕشی پیشەسازیدا، گەل لە ڕێگه‌ی یاسای داڕێژراو، توانیی ئەرک و کردە و سنوورەکانی دەسەڵات دیاری بکات. بەم پێیەیش وەھا سەیری ڕای گشتی دەکرا کە ڕوانگەی ھەموو، یان زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگه‌یە بەرامبەر بە دۆز یان ڕووداو یان ئەکتەرەکان لە سیستەمی سیاسیدا؛ چونکە ڕای گشتی لە بۆشاییدا سەر ھەڵنادات و ناخولێتەوە، بەڵکوو لە ڕووی پێکهاتن و توانایییەوە کارتێکراو دەبێت بە گۆڕاوە کۆمەڵایەتییەکان. واتە ڕای گشتی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسییە و لە ئەنجامی سەرھەڵدانی گرفتێک کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی تاک و کۆمەڵ دەگەیەنێت دێتە ئاراوە. لەم ڕێڕەوەدا کۆمەڵ کاریگەری لەسەر ئەو بڕیار و سیاسەتانە دادەنێت کە لە ئەنجامیاندا گرفت سەری ھەڵداوە و پێویستە دووبارە پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکرێت. بەم جۆرەیش پانتا و ھێزی ڕای گشتی ھەرچەند فراوانتر بێت، کاریگەریی زۆرتر و ماوەی چارەسەرکردنی کێشە کەمتر دەبێت.

ھەر بۆیەیش لە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی سیاسیدا ڕای گشتی بە باشترین ئامراز دەژمێردرێت. زۆربەی حکوومەتەکان بریتین لە حکوومەتی ڕا و پشتبەستوو بە ڕای گشتی، جا بە ڕاژەیەکی کەم بێت یان زۆر. لە سیستەمی دیموکراسیدا باوەڕھێنان بەم چەمکە و پشتگیریکردن لەو دروشمانە، کە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و، بەدەستهێنانی ڕای گشتی، ئامانجی ھەر ھێزێکی سیاسییە کە ھەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات دەدات. بۆیە ڕای گشتی، دەرەنجامی ململانێی نێوان ھێزە کۆمەڵایەتییەکان و دەسەڵاتی سیاسییە، کە ئەم دوایییە، دەستی لە پانتاییی کۆمەڵایەتیدا وەرداوە و بووە بەھۆی تێکچوونی دیسپلینی کۆمەڵگه. لە دوای کۆتاییهاتنی ململانێ و لەناوچوونی فاکتەرەکانی سەرھەڵدانی ململانێکە، ژیانی کۆمەڵگه دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش سەرھەڵدانی ململانێ.

کۆمەڵێک بۆچوون لەبارەی ڕای گشتی

زانایان بۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆریان لەبارەی ڕای گشتییەوە هەیە. "ھیگڵ" وای دادەنا کە ڕای گشتی، تێگەیشتنی جەماوەری یان کۆمەڵایەتی بێت؛ بەستراوەتەوە بە ھەڵسەنگاندنی ئەو شتەی کە درکی پێ کراوە. "ڤۆلتێر"یش جەختی لەسەر باڵادەستیی ڕای گشتی کردووەتەوە، بەڵام "جۆن ستوارت میل" سەرزەنشتی سەرکەشیی ڕای گشتی دەکات. لە ڕوانگەی مێژوویییەوە ڕای گشتی پەرەی سەندووە لەگەڵ گەشەکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت: "باڵادەستیی حکوومەت، پێویستە لەسەر ڕەزامەندیی ھاووڵاتیانەوە بوەستێت، بەتایبەتیش لە بیرۆکەی دیموکراتیدا."؛ واتە ئەو بیرۆکەیەی کە لەو بڕوایەدایە، پێویستە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سیستەمێکی دیموکراسی و پشتبەستراو بە ڕای گشتی بێت.

"ھابرماس" بۆ ھاتنەدیی ڕای گشتی جەخت لەسەر پانتای گشتی دەکاته‌وه‌. بە بۆچوونی ئەو، دوابەدوای ھاتنەدیی پانتای گشتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، قەڵەمڕەوێک دێتە ئاراوە کە تێیدا ڕای گشتی دروست دەبێت و ھاووڵاتیان بەدوور لە کۆتوبەند لەگەڵ یەکدیدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن و وەک جەستەیەکی گشتی ھەڵسوکەوت دەنوێنن. دەستپێگەیشتنی گشت ھاووڵاتیان بەم قەڵەمڕەوە بە شێوەیەکی یەکسان گەرەنتی کراوە و بەشداریی سیاسییش تێیدا لە ڕێگەی گفتوگۆوە ئەنجام دەدرێت. بۆ ھاتنەدیی ئەم مەبەستەیش، پێویستە تاک ئاگاداری ئازادی و مافەکانی خۆی بێت کە لە چوارچێوەی یاسادا دیاری کراوە تا دەسەڵات نەتوانێت دەست لەم چوارچێوەیە وەربدات و ئەم پانتایە بەرتەسک بکاتەوە. کەواتە لێرەوە مەبەستی هابرماس ئەوەیە کە پێشمەرجی هاتنەدیی ڕای گشتی، بوونی پانتایییەکی بەرفراوانه‌ لە ئازادییەکان و نەبوونی ترس لە دەربڕینی ڕا؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی هاتنەدیی سیستەمێکی دیموکراتیک.

بەم جۆرەیش ڕای گشتی لە کۆمەڵێکی دیاریکراو، یان لە کۆمەڵگه‌یەک یاخود لە نەتەوەیەکدا، ڕەنگدانەوەی گۆشەنیگای خەڵک و ھەڵوێستەکانیانە لە ھەمبەر دۆزە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا. بۆیە ڕای گشتی بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە مەیدانێکی کراوەیە؛ بەو پێیەی کە یەکێک لە توخمە بنەڕه‌تی و بەھێزەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. کەواتە ڕای گشتی چەندین ئەرک دەگرێتە خۆ وەک:

١. چاودێریکردنی بەھا مرۆیی و پێودانگ و بنەما ئاکارییەکانی کۆمەڵگه‌.

٢. ڕای گشتی، گیانی مەعنەوی و ورەی کۆمەڵگه و تاکەکانی دەپارێزێ و ژیانی دەخاتەوە بەر.

٣. تاكه‌کان بۆ گوێڕایەڵیی  فەرمان و بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی ڕادەھێنێ.

٤. جیاوازی و دژایەتیی تاکەکان کەم دەکاتەوە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا دابینیان دەکات.

بەم پێیەیش ھەرچەند ئاستی زانیاریی تاک لە کۆمەڵگه‌دا، لە ڕووداوەکانی ناوەوەی دەسەڵات و دەرەوەی، واتە لە ژینگە زۆرتر بێت و ھەست بە ھاووڵاتیبوونی خۆی بکات و دەرفەتی بۆ بڕەخسێت کە بتوانێت بەشداری لە کاروباری گشتیدا بکات و لێهاتووییی خۆی دەربخات؛ لەم جۆرە کۆمەڵگه‌یانەدا، ڕای گشتی ئاسانتر دەورووژرێت و کاریگەریشی زۆرتر دەبێت.

بەپوختی دەتوانین ئەو بابەتانەی کە لە دەرەنجامیدا ڕای گشتی سەر ھەڵدەدات، لە سێ خاڵ کۆ بکەینەوە کە ئەوانیش بریتین لە:

١. بابەتی ڕای گشتی دەتوانێت کادر (پرسنێل)ی سیاسی بێت. بەو مانایەی کە بەھۆی ئەنجامدانی کردەوەی پێچەوانەی ئەو نۆرمانە کە لەلایەن نوخبەی سیاسی یان کەسایەتییە باڵاکانی سیستەمی حکوومەت پەسەند کراوە، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیدەربڕین سەر ھەڵبدات، کە لە دەرەنجامیدا لە نێوان حکوومەت و ڕای گشتی بۆشایییەک بێتە ئاراوە بە ناوی "بۆشاییی ڕەوایی" کە دەتوانێت گرفت بۆ حکوومەت بخوڵقێنێت.

٢. لەوانەیە بابەتی ڕای گشتی، گشت سیستەمی سیاسی بێت.

٣. بابەتی ڕای گشتی دەتوانێت سیاسەتەکانی حکوومەت بێت.

بۆیە دەبێت بەدواداچوون لەوەدا بکەین کە چۆن لە لایەک ناوەڕۆکی ڕای گشتی، کە لەو بەھا و نۆرمانەی کە لە یاسا و ئایین و ئەخلاق و دابونەریت ھەڵدەقووڵێن، کارتێکراو دەبێت، لە لایەکی ترەوە، لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتیدایە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ھەر کات ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵگه ڕوانینێکی دیاریکراویان لە پرسە سەرەکی و گشتییەکانی ژیانی کۆمەڵی ھەبێت، ڕای گشتی بەرھەم دێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ڕای گشتی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، کە لە لێکدان و ئاوێتەکردنی ڕوانگەی تاکی و گرووپەکان لە پێکهاتەی فەرھەنگیی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا وەدەست دێت. بە واتایەکی تر، ڕای گشتی بەو جۆرە ڕایانە دەگوترێت کە لەسەر بنەمای ئەو ڕووداوانەی کە لە کۆمەڵگه‌دا ڕوو دەدەن، وەکوو کەشی زاڵی کۆمەڵگه کاریگەریی بەسەر خەڵک دادەنێت.

بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەو ھۆکارانەی کە بوونە ھۆی جەختکردنە سەر ڕای گشتی و گرنگیدانی دەسەڵاتی سیاسی بەم دیاردەیە بریتی بوون لە:

١ .پەرەسەندنی دەنگدان و تەشەنەکردنی دیموکراسی.

٢. گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی فێرکردن و دەرفەتڕەخساندن بۆ گشت چینەکان لە فێربوون.

٣. باشتربوون و پێشکەوتنی تۆڕەکانی پەیوەندیکردن.

٤. گۆڕانکارییە ئابورییەکان.

٥. ململانێ بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی ڕای گشتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

٦. ڕای گشتی، گرنگیی فراوانی ھەیە، چونکە سیاسەتە گشتییەکان پێویستی بە پاڵپشتی و ھاوکاریی ژمارەیەکی زۆر لە تاکەکانی گەل ھەیە.

جۆرەکانی ڕای گشتی

تیشکخستنە سەر چەمک و مێژووی ڕای گشتی، ئەو مانایە ناگەیه‌نێت کە ڕای گشتی تەنیا یەک جۆری ھەیە و ھەموو زانایانی ئەم بوارە سەبارەت بە یەک جۆری ڕای گشتی، کۆدەنگن، بەڵکوو زانایان پۆلێنبەندییەکی ھاوبەشیان بۆ ئەم دیاردەیە نییە؛ ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لەو بوارانەدا کە ھەر یەک لە توێژەران، توێژینەوەی تێیدا ئەنجام دەدەن؛ واتە بوارەکانی سیاسەت، کۆمەڵناسی، دەروونزانی، ئابووری، که‌لتوور و هتد. جیاوازی لەم بوارانەدا لە لایەک و زاڵبوونی بیروبۆچوونەکانی توێژەر لە لایەکی ترەوە، کاریگەریی لەسەر ئەم پۆلینبەندییە ھەیە. لێرەدا ھەوڵ دەدەین بەکورتی ئاماژە بە جۆرەکانی ڕای گشتی بکەین:

١. ڕای گشتیی نیشتمانی: واتە ئەو ڕایەی کە پەیوەستە بە دەوڵەت و، دەسەڵات پشتی پێ دەبەستێت و بە ڕەواییی دەسەڵاتدارێتیی دەوڵەت دەژمێردرێت.

٢. ڕای گشتیی ھەرێمی (الاقلیمی): واتە ڕایەک کە لە نێوان گەلانی ھاوسێ، لە کاتێکی دیار سەبارەت بە دۆزێکی دیار سەر ھەڵدەدات.

٣. ڕای گشتیی نێودەوڵەتی: واتە ڕایەک کە لە سنووری جوگرافیی وڵات دەرباز دەبێت و، دەبێت بە ڕای گشتیی جیهانی.

ھەروەھا دابەشکردنێکی تر ھەیە ئەویش بریتییە لە:

یەکەم: ڕای گشتی لە ڕووی بوون (الوجود) کە دوو جۆرە

١. ڕای گشتیی شاراوە یان پێشبینیکراو: واتە پێشبینیکردنی ھاتنەئاراوەی ڕای گشتی، کاتێک کە دۆز یان ڕووداوێك ڕوو بدات.

٢. ڕای گشتیی ڕاستەقینە، کە لە دوای ڕوودانی ڕووداوێکی دیار سەر ھەڵدەدات.

دووەم: ڕای گشتی لە ڕووی بەردەوامییەوە

١. ڕای گشتیی کاتی: واتە بە لەناوچوونی ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی، لەبەین دەچێت.

٢. ڕای گشتیی بەردەوام: واتە  ئەو ڕایەی کە پشت بە که‌لتوور و دابونەریت دەبەستێت.

لە ڕووی چۆنێتیی بەرھەمهێنانی ڕای گشتییەوە، دەتوانین ئاماژە بە دوو جۆری تر لە ڕای گشتی بدەین:

یەکەم: ئەو ڕایەی کە دەسەڵات لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی، بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان، بەرھەمی دێنێت. ئەم جۆرە ڕای گشتییە، ڕایەکی ناسەقامگیرە و زۆرتر بەھۆی ترسی ھاووڵاتیان لە بەکارھێنانی توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتەوە سەر ھەڵدەدات. بە واتایەکی تر، ئەم جۆرە ڕایە تەنیا ھۆتافکێشان و ستایشتکردنی دەسەڵاتە کە زۆرتر لە وڵاتە نادیموکراسییەکاندا بەرچاو دەکەوێت.

دووەم: ئەو ڕایەیە کە لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا بەھۆی فراوانیی سنووری ماف و ئازادییەکانی مرۆڤه‌وه‌ بوونی ھەیە. ئەم جۆرە ڕایە کە لە دەرەنجامی زۆریی زانیاری و سنوورداربوون و دیاربوونی ئەرکەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوه‌یه‌، ڕایەکی ڕەخنەگرانەیە و لە کۆمەڵگه‌وە سەرچاوە دەگرێت و، ھەوڵ دەدات بەپێی ڕێڕەو و میکانیزمە یاسایییەکان ئەنجامەکانی دەستەبەر بکات. ئێمەیش لەم باسەدا زۆرتر تیشک دەخەینە سەر ئەم جۆرە ڕایە.

کۆتاییی بەشی یەکەم

Latest from هیوا مەجید خەلیل