١٠٠ ڕۆژ پاش شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی": شرۆڤە و هەڵسەنگاندن

د. پەرویز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای زانکۆ

بزووتنەوەی نوێی گەلانی ئێران یان جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژینا" لە ئێران[1] لە ڕێکەوتی ٢٤-١٢-٢٠٢٢دا سەد ڕۆژەی خۆی تێ پەڕاندووە و بە شێوازی جیاواز، بە بەرزی و نزمیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانەوە بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا لە ئێستادا باشتر دەتوانین شرۆڤە و هەڵسەنگاندنێک سەبارەت بە گۆڕانکاری و دەسکەوت و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بکەین بۆ ئەوەی ئاسۆ و ئەگەر و سیناریۆکانی داهاتووی ڕوونتر ببێتەوە. ڕوانگەی زاڵ لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی ئەوەیە کە، چیتر دۆخی ئێران ناگەڕێتەوە بۆ پێش کوشتنی "ژینا ئەمینی"؛ ئەو کچە کوردەی سەقز کە 13ی سێپته‌مبه‌ر، له‌ شه‌قامێكی تاران له‌لایه‌ن پۆلیسی ڕه‌وشته‌وه (گشت ارشاد-پلیس اخلاق)‌ دەستبەسەر دەکرێت، دواتر له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا له‌ 16ی مانگ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تاران گیان له‌ده‌ست ده‌دات و پاشان لە ١٧-٩-٢٠٢٢دا لە سەقز لە ڕێورەسمێکی پڕشکۆدا بەخاک دەسپێردرێت و، هەر لەوێ لەسەر گۆڕەکەی دەنووسرێت "ژینا گیان، تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز" و، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەوترێتەوە. لەم قۆناغە بەدواوە هەم ناوی ژینا و هەمیش دروشمە مۆدێرن و کوردانەکەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەبێتە هەوێنی ڕاپەڕین و بزووتنەوە و شۆڕشێکی سەرتاسەریی بێوێنە، کە بەپێی ئامارەکان لانی کەم لە ٣١ پارێزگا و زیاتر لە ١٦٠ شار و ١٤٣ زانکۆی ئێران، چ لە ڕووی فۆرم و بەرفراوانییەوە و چ لە ڕووی داواکاری و ناوەڕۆکی گۆڕانکارییەکان لە هەموو ئێران لە هەردوو بەرەی خەڵک و دەسەڵات بوومەلەزەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست دەکات. لە لایەکی تریشەوە، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراو و، لە نێوان ١٨٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠٠ هەزار کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان و، سەدان و هەزاران کەسیش بێسەروشوێنن، بەڵام ڕاپەڕینەکە هەر بەردەوامە.

 

دەرفەت و خاڵە بەهێزەکان و لێکەوتەی شۆڕشی ژینا لەم ١٠٠ ڕۆژەدا

لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم شۆڕشەی ئێستا، جگە لە بەرفراوانی لە ڕووی جوگرافی و بەردەوامی لە ڕووی زەمەنی و مەودا و کاتەوە، ئەوە بوو کە ئەم ناڕەزایەتی و بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە نزیکەی هەموو گرووپە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی هاوهەڵوێست کرد بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران؛ بۆ نموونە چینی ناوەڕاست شان بە شانی چینی خوارەوە یان سەرەوە لە شارە بچووک و گەورەکان، لە ناوەند و پەراوێزی ئێران، هەروەهای بەشداریی نەتەوەکان، کەمینە ئایینییەکان، ڕەگەزه‌ کەمینەکان، سەندیکاکان، لەوانەیش مامۆستایانی قوتابخانەکان، گرووپە کرێکارییەکان، قوتابی و خوێندکاران، مامۆستایانی زانکۆ، هونەرمەندان، وەرزشوانان لەم چین و توێژانە بوون. لەم ناڕەزایەتییانەدا بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان لە هەندێک شاردا لە ڕێگەی مانگرتنەوە بە شێوەیەکی بێوێنە بە  بەراورد بە ڕابردوو، پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتییەکانەوە.

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم بزووتنەوە یان ڕاپەڕین و جووڵانەوە ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانەیە (شۆڕشگێڕانە بەو مانایەی کە داواکاری و دروشمەکانی ناڕازییەکان ڕووخێنەرن و داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی و کەلتووری و دەستوور و...، دەکەن) ئەوە بووە کە ناوچە پەراوێزییەکان، بەتایبەتی کوردستان و بەلوچستان کە لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا شوێن و نیشتمانی نەتەوە جیاوازەکانی جوگرافیای دەوڵەتی ئێرانە، بەپێچەوانەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ڕابردوو وەکوو ڕاپەڕینی قوتابیان لە ساڵی ٢٠٠٩ و ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠١٧ و ڕاپەڕینی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تاوەکوو ناڕەزایەتییەکانی خۆزستان و ئیسفەهان لە ساڵی ٢٠٢١ و ناڕەزایەتیی زیاتر لە شەش پارێزگا لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢، ئاستی بەشداری و قەبارەی ناڕەزایەتییەکان توندتر و کاردانەوەی دەسەڵاتیش خوێناویترە. سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژاییی ٤٣ ساڵی ڕابردوو بزووتنەوەیه‌كی سیاسی و جەماوەریی بەهێز لە ئارادا بووە و بە هۆکاری مافخوازانە و ناسنامەییی جیاواز دژی ناوەند چالاک بووە؛ لە هەمان کاتیشدا پەراوێزخستنی ئەم ناوچانە و کاردانەوەی کورد وای کردووە، هەم دروشمەکان ناوەڕۆکی کوردیی هەبێت و هەمیش داواکارییەکان ڕادیکاڵتر بن. لە ڕاستیدا هیچ کات نەتەوە-ئێتنیکییەکانی ئێران و بەتایبەتی کورد دەسەڵاتدارانی ئەم ڕژێمەی بە نوێنەری خۆی نەزانیوە؛ جگە لە خولێکی زەمەنیی کورت کە گوتاری ڕیفۆرمخوازی و هیوا بە گۆڕانکاری، هەموو ئێرانی گرتەوە و ئەمەیش وای کرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە ڕێژەیەکی بەرزتر لە ڕابردوو بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماردا بکەن.

بۆیە  بێجگە لە ڕیشە کەلتووری و مێژوویی و سیاسییەکەی چۆنێتیی پەیوەندیی کورد و ناوەند لە ئێران، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ سەبارەت بە شۆڕشی ژینا یان شۆڕشی نوێی ئێران لەسەر بنەمای ئاماری بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠١٩ و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢١، هەروەها ئاستی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە جیاوازەکان، دەری دەخات ناڕەزایەتی لەو شارانەدا توندتر بووە کە زۆرترین ڕێژەی دابەزینی دەنگیان هەبووە و بەشداریی سیاسییان لە هەڵبژاردنەکان، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩وە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە. بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە-توێژینەوەیە، کە لەلایەن گرووپی شیتەڵکاریی خولەک (گروه داده‌کاوی دقیقه) ئەنجام دراوە و بەتایبەتی بۆ ڕۆژنامەی ئیعتماد (اعتماد) نووسراوە، بەشداریی سیاسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠١٩دا بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، نزیکەی ١٠.٣ ملیۆن کەس کەمی کردووە و ئەم ڕێژەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢١ نزیکەی ١٤.٥ ملیۆن کەس بووە.[2]

یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم شۆڕشە، کاردانەوەی دەرەکی بووە؛ چ پشتیوانی و پاڵپشتی و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات و چ لەلایەن ڕای گشتی و هونەرمەند و ئەکتەر و وەرزشوان  و کەسایەتیی سیاسی و خودی دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمریکا و کەنەدا و هتد. بۆ نموونە، لە چەند مانگی ڕابردوودا ئێرانییەکان لە زیاتر لە ١٥٠ شاری جیهان ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە تۆرۆنتۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس و لە بەرلینیش زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس وەک هاوسۆزی لەگەڵ خۆپیشاندەران لە ناوخۆی وڵات خۆپیشاندانیان كرد. جگە لەمانەیش، گرووپی ناسراو بە "ئەکادیمیستانی ئازادیخوازی ئێران" ڕای گەیاند کە لە ڕێکەوتی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە زیاتر لە ١٥٠ زانکۆی جیهان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران گردبوونەوەیەکیان بەڕێوە بردووە.

لە دوایین ڕوودا و گۆڕانکارییشدا، لە کاردانەوە بۆ سەرکوتی توندی ناڕازییان لە ئێران، حکوومەتی ئاڵمان ڕۆژی هەینی ٢٣ی کانوونی دووەم ڕای گەیاند کە گەرەنتیی دارایی و گەرەنتیی قەرزی هەناردەکردن کە بە مەبەستی بازرگانی و وەبەرهێنان لە ئێران پەسەند کرابوو، ڕادەگرێت. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری وەزارەتی ئابووریی ئەڵمانیاوە ڕای گەیاندووە، بەهۆی "دۆخی زۆر جددی"ی ئەم وڵاتە، چوارچێوە ئابوورییەکانی دیکەی لەگەڵ ئێران، لەوانە دانوستان لە بواری وزەدا، ڕاگرت. ئەم ڕووداوە، گرنگییەکەی لەوەدایە کە جگە لەوەی ئەڵمانیا ئەندامی ترۆئیکای ئەوروپییە لە پاڵ بریتانیا و فەڕەنسا لە ڕێکكەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران، لە هەمان کاتیشدا بە گوێرەی ڕۆژنامەی "فرانکفۆرتەر ئالگمەین" کە بابەتێکی لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ئەڵمانیا بڵاو کردۆتەوە، باس لەوە دەکات کە ئەڵمانیا  گەورەترین و گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەناو وڵاتانی ئەوروپیدا و، ئێران لە ساڵی 2021 لەنێو 239 هاوبەشی بازرگانیی ئەڵمانیادا پلەی 73ی بەدەست هێناوە.

ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتە یەک ملیار و ٧٦٠ ملیۆن دۆلار. ئەم ڕێژەیە لە ٩ مانگی یەکەمی ٢٠٢٢دا گەیشتە یەک ملیار و٠ ٤٩ ملیۆن یۆرۆ.[3] جگە لە لێکەوتەی سیاسی و ئابووریی ئەم بڕیارە بۆ ئێران، کە پێ دەچێت وڵاتانی دیکەی ئەوروپییش هەنگاو بەرەو ئەو بڕیارانە بنێن لە دژی ئێران، لە ڕاستیدا ئێران لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا و کەرەستەی پێشکەوتووی ئەڵمانیا توانیویەتی چ لە کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنان، چ لە پێشەسازیی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، جێگۆڕکێ بە کەرەستە کۆن و لەکارکەوتووەکانی بکات کە شادەماری ئابووریی ئێران لە سەردەمی گەمارۆ و ئابڵووقەکانی ئەمریکا، پێک دێنێت.

لە پاڵ ئەمانەیش، بریتانیا، کەنەدا و ئەمریکا و ئوستراڵیا و بەتایبەتی یەکێتیی ئەوروپا چەندان سزا و ئابڵووقەی خستۆتە سەر دامەزراوە و کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران و لە دوایین کاردانەوەیشدا، جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢-١٢-٢٠٢٢ بڵاوی کردەوە، گوتی: یەکێتیی ئەوروپا لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دڕندانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکات؛ ناوبراو، هەروەها گوتیشی: لە دیدارەکەی لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی "بەغدا 2" لە ئوردن، ڕەخنەی لە کردەوەی "قبووڵنەکراو"ی کۆماری ئیسلامی لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران گرتووە.

هەروەها ئەندام پەرلەمانی دەوڵەتانی ئەوروپی بەکۆمەڵ کەفالەتی سیاسیی بەندکراوانی ئێرانی کە زۆربەیان بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خوا بە "موحاریب" ناسراون و بەم پێیەیش تاوانبار کراون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ ده‌رچووه‌، لە ئەستۆ گرتووە. بۆ نموونە جگە لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و یەکێتیی ئەوروپا و هۆڵەندا و سوید و ئوسترالیا و نیۆزلەندا، لە بڕیارێکی مێژووییدا ١٨٣ ئەندام پەرلەمانی نەمسا بەکۆمەڵ کەفالەتی سیاسیی ١٨٣ بەندکراوی ئێرانیان لە ئەستۆ گرتووە.

لە ئێستادا، کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا زیاتر لە جاران گۆشەگیر بووە. گەمارۆکان زیاتر بوونە و کۆماری ئیسلامی لە ئاژانس و کۆمەڵەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو کۆمیسیۆنی پێگەی ژنان دەرکرا. جێگەی ئاماژەیە کە دەنگدان بۆ دەرکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەی ژنان (Commission on the Status of Women)، ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی کانوونی دووەم (١٤-١٢-٢٠٢٢) لە ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیکۆسۆک لە نیویۆرک بەڕێوە چوو. لە کۆی ٥٢ ئەندامی ئامادەبوو لەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن، ٢٩ وڵات دەنگیان بە دەرکردنی ئێران دا و تەنیا ٨ وڵات دەنگی "نەخێر"یان دا. هەروەها ١٦ وڵاتیش بەشدارییان نەکرد.[4]

لە وەرچەرخانێکی بێوێنەی سیاسیدا، لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، داواکارییەک بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر سوپای پاسداران و تەنانەت بەتیرۆریست ناساندنی ورووژێنراوە. لێرەدا پێویستە ڕوون بکرێتەوە ئەوەی کە وا دەکات بەپێچەوانەی پێشبینییەکانی سەرەتای ئەوروپییەکان و بەتایبەتی ئەڵمانیا کە زۆر پارێزگارن و بەرژەوەندییه‌ ئابوورییەکان لەلایان زۆر گرنگە و تەنانەت لە دۆخی پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا پرسی وزە ئەولەوییەتی ئاسایشیی هەیە و پێیان وایە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران مەترسییەکانی ئەم وڵاتە کەم دەکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا هەڵوێستی زۆر توندیان لە هەمبەر ئێران بۆ سێ فاکتەری سەرەکی دەگەڕێتەوە:

یەکەم-  دوو حزبی دیموکراتی ئازاد (بیژن جیرسرایی) و حزبی سەوزەکان (امید نوری‌پور) لە ئەڵمانیا، سکرتێر و ڕێبەریان ئێرانین کە لە تەمەنی مناڵییەوە لە ئەڵمانیا پەنابەر بوونە. ئەمانە زۆر بەتوندی لە دژی سەرکوتکردنەکانی ڕژێمی ئێران هەڵوێستیان نواندووە و، بوونەتە هۆی ڕاکێشانی هەڵوێستی سیاسەتمەدار و ئەندام پەرلەمان و بەگشتی ڕای گشیی ئەڵمانییەکان بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی ژینا. جێگەی ئاماژەیە کە حزبی سەوزی ئەڵمانیا 14.8%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەدەست هێناوە و یەکێکە لە سێ حزبە گەورەکەی ئەڵمانیا لە حکوومەتی هاوپەیمانیی ئەم وڵاتە. ئانالینا بێربوک و ڕۆبەرت هاوبێک، سەرکردەکانی پێشووی حزبی سەوز، ئێستا وەک وەزیری دەرەوە و ئابووری لە حکوومەتی ئەڵمانیا هەڵبژێردراون. ئەوە جگە لەوەی کە پێشووتریش ڕۆبێرتا مێتسۆلا (Roberta Metsola)، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕێکەوتی ٢١-١١-٢٠٢٢دا ڕای گەیاند، پەیوەندی و وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم دامەزراوە ئەوروپییە و کۆماری ئیسلامیی ئێران تا کاتێکی نادیار هەڵدەپەسێردرێت. خاتوو مێتسۆلا هەروەها ئاماژەی بە سەرکوتکردنی توندوتیژانه‌ی خۆپیشاندەران لە ئێران کرد و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوروپا چاوی خۆی بەرامبەر ئەو خۆپیشاندەرانه‌ داناخات کە ئومێدیان بە ئێمە هەیە."

دووەم- بە شێوەیەکی نەریتی، حزبە سەوز و بەشێک لە چەپەکان و دیموکراتەکان لایەنگری مافی مرۆڤ و ژنان بوونە؛ هەر ئەمەیش وای کردووە لەم پرسەدا هەڵوێستی توندیان هەبێت و پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێرانی و ژنان بکەن.

سێیەم- هەڵەی ستراتیژیی ئێران سەبارەت بە هەڵپەساردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لەمەیش گرنگتر، پێدانی چەک بەتایبەتی درۆن و مووشەک بە ڕووسیا و بەکارهێنانی لەلایەن ڕووسیاوە لە دژی ئۆکراینا کە بۆ ئەوروپییەکان لە لووتکەی پرسە ئاسایشییەکاندایە وای کردووە کە، ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپی بە بەروارد بە ڕابردوو ئەم هەڵوێستانەیان هەبێت کە چاوەڕواننەکراو بوو. هەرچەندە بە کۆمەڵێک هۆکاری جیۆئێکۆنۆمی و ناوخۆییی خۆیان و، هەروەها هۆکاری جیۆسیاسی، ئەم کاردانەوە و هەڵوێستانە وەکوو پێویست نییە، بەڵام تا ئەم ئاستەیش لە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی ئەڵمانیا چاوەڕوان نەدەکرا.

بۆیە یەکێک لە دەسکەوتەکان یاخود لێکەوتەکانی ئەم شۆڕشە بۆ ئێرانییە ڕاپەڕیوەکان ئەوەیە کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپییش لەم کاتەدا نایانەوێت لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن بکەن و ئابڵووقە و سزاکانی سەر لا ببەن و ئێران بتوانێت بە ئازادکردنی سەرچاوە دارایییەکانی و لابردنی سزاکانی سەری، دەستی لە سەرکوتکردنی ناڕازییان ئاوەڵاتر بێت و لە ئاستی دەرەکی جارێکی دیکە میلیشیاکانی ببووژێنەوە و لە جەمسەری ڕووسیادا جێگیر بێت و تەنانەت یارمەتیی سەربازیی ڕووسیا بدات. بۆ نموونە ڕۆژنامەی "القدس"ی فەلەستینی لە ڕێکەوتی ١٢-١٢-٢٠٢٢ ئاشکرای کرد کە گرووپە فەلەستینییەکان وەک (گرووپە سەربازییەکانی سەر بە بزووتنەوەی فەتح و گرووپە چالاکەکانی غەززە وەک "جیهادی ئیسلامیی فەلەستین" و "بەرەی جەماوەری بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین") کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە سەرچاوە دارایییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبەستن، ئێستا بەهۆی وەستانی یارمەتییە دارایییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم گرووپانە ئێستا کێشەیان هەیە لە پێدانی مووچەی بەرپرسان و ئەندامان و، هەروەها چالاکییە جۆراوجۆرەکانیان.

لە لایەکی تریشەوە، بەردەوامیی سەرکوتکردنی ئینتەرنێت و ئەو سنووردارکردنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کراون لە ئێران، کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە و بەپێی ڕاپرسییەک 23%ی بەشداربووانی ئەم ڕاپرسییە کارەکانیان لەدەست داوە. ڕۆژنامەی "شەرق" پێشتریش بڵاوی کردەوە، ئەو ئامارانەی لە سیستەمێکی بازرگانیی ئۆنلاین زیرەکەوە بەدەست هاتوون، یەک ملیۆن هەلی کار، ڕاستەوخۆ و بژێوی 9 ملیۆن کەس کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی ئەو بزنسانەی لە ئینستاگرام هەیانە، کە هاوکات لەگەڵ فلتەرکردنی مانگی ئەیلوولدا، 85 بۆ 100%ی فرۆشی فرۆشگه‌ ئۆنلانەکان دابەزیوە. زیانەکان فلتەرکردنی ماڵپەر و ئەپەکان لە ئابووریی ئێراندا زۆر فراوانە و، بە گوتەی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران، بەهۆی بەشداریکردنی کەرتی ئایتی لە بەرهەمی ناوخۆییدا، هەر کاتژمێرێک لە پچڕانی ئینتەرنێت نزیکەی یەک ملیۆن و نیو دۆلار زیانی ئابووریی بۆ وڵاتەکە هەیە کە لە ٢٤ کاتژمێردا یەکسانە بە ٣٦ ملیۆن دۆلار. هەموو ئەمانەیش بەهۆی ترسی ئێران بووە  لە گواستنەوەی زانیارییەکان کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو سه‌کۆیەک بۆ پەیوەندیی ئاسۆیی و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و گواستنەوەی وێنە و بەڵگەی گرتن و کوشتن و ئەشکەنجە و سەرکوتکردنەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کەڵکی لێ وەردەگیرێت. بە واتایەکی تر، گوشارەکان بۆ سەر ڕژێمی ئێران بە شێوەیەک بەرفراوانە کە ئەم سانسۆر و "فیلتەرینگی ئینترنێت" لە ئێران وەکوو چەکی دووسەرە وایە، هەمیش بۆ ماوەیەکی کاتی پەیوەندیی جیهانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران دەپچڕێنێت و هەمیش دەبێتە هۆکاری قووڵبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئابووری بەهۆی لەدەستدانی سەرەچاوەی داهاتی چەند ملیۆن کەس کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییه‌كان، بەتایبەتی ئینستاگرام و تێلێگرام خاوەن پیشەی بچووکن.[5] بەپێی ئاماری سەنتەری توێژینەوەی بێتا و نوینهاب، یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بزنس لەسەر پلاتفۆرمی ئینستاگرام کار دەکەن، کە نزیکەی ١٠ ملیۆن بزنسی بچووک و ماڵەوە لەخۆ دەگرێت.

یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم شۆڕشە بۆ ڕژێمی ئێران، دەرچوونی بڕیاری ژمارە  (A/HRC/S-35/L.1) بوو لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ٢٤-١١-٢٠٢٢ کە تایبەت بوو به‌ پێکهێنانی لیژنەیەکی "دۆزینەوەی ڕاستییەکان" ( Fact-finding Mission) لە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕێکەوتی ١٦-٩-٢٠٢٢ بە دواوە، سەبارەت بەو کەیسانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکڤانان خراونەتە ڕوو وەکوو بەشێک لە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ناڕازی و خۆپیشاندەرە ئێرانییەکان، بەتایبەتی ئەو پێشێلکارییە گەورەیەی کە ڕژێم بە کوشتنی سەدان کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە بەلوچستان و کوردستان و  ناوچەکانی دیکە ئەنجامی دا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و تەنانەت چەکی قورس و هێزی سەربازیی لە بەرامبەر کەسانی سڤیل بەکار هێناوە. هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆماری ئیسلامی، سەدان ناڕازیی کوشتووە کە بەشێکی زۆریان مناڵ و ئافرەتن و، دەیان هەزار کەسی گرتووە و ئەشکەنجە داوە و بەپێی ڕاپۆرتی(CNN)  و سەرچاوەکانی تر، ڕژێمی ئێران دەستدرێژیی سێکسیی کردۆتە سەریان، هەم بۆ شکاندن و ترساندن و هەمیش بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و، مەترسیی ئەوەیش هەیە بە تۆمەتی "دژایەتی لەگەڵ خوا" و "ڕووخانی سیستەم" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنێت و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا، بەتایبەتی لە کوردستان و شارە بچووکەکان، بنەماڵەکانیان لەبەر هۆکاری ئابڕوو و پاساوی پاراستنی شەرەف بەمیدیایییان نەکردووە.

هەڕەشە و خاڵە لاوازەکانی شۆڕشی ١٠٠ ڕۆژەی "ژن، ژیان، آزادی"

ڕاستییه‌كه‌ی، جگە لە ویست و داواکاریی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، تاوەکوو ئێستا هیچ ئەڵتەرناتیڤێكی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی ڕوون و ئاشکرا لە ناوخۆ و دەرەوە نەخراوەته‌ ڕوو کە بتوانێت هەموو چین و توێژەکان بە شێوەیەکی کرداری و ڕۆژانە پەیوەست بکات بە شۆڕشی ژیناوە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ئامار و ئاماژە و واقعی ناڕەزایەتی و شۆڕشەکانی ساڵانی ڕابردووی کۆمەڵگەی ئێران لە پاڵ هەژاری و کێشەی ئابووری، بێکاری و نائومێدیی گەنجان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ئاسایی، کێشەی هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان، گرانیی خوێندن و نەبوونی قوتابخانە لە ناوچە گوندنشینەکان، مایەپووچبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، شکستی خۆشگوزەرانی، ژینگەی قەیراناوی، نەبوونی ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و...، ئەمانە بەشێکن لە لیستی درێژی قەیرانی ڕژێمی ئێران؛ بەڵام جیاوازی لە خواستی چین و توێژەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران بەپێی نەتەوە و ئایین و جوگرافیا بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌، هەر کامە لەم پێکهاتانە داواکارییەکیان هەبێت.

 ئەمەیش وای کردووە دڕدۆنگی و دوودڵییەک لە پەیوەستبوون بەم شۆڕشە لە لای زۆرینە- کە بە "توێژی خۆڵەمێشی"- دەناسرێت دروست بکات. بۆ نموونە کوردەکان و بەلوچەکان خواستی نەتەوەیی و پاشان مەزهەبییان هەیە و لەوانەیە ئەمە لە لای بەشێکی دیکە زۆر گرنگ نەبێت و بانگەشەی ئێرانێکی دیموکراتی و سیکۆلار بکەن کە چیتر ئەم جیاوازییانە تیایدا بەرجەستە نەبێت. یان بەشێکی تر کە هێشتا پەیوەستن بە توێژی مەزەهەبی و باوەڕدار و پارێزگار، ترسیان هەبێت لە ڕووخانی ئەم ڕژێمە بە سیستەمێک کە ڕێز لە بیڕوبڕوا و بەهاکانیان نەگرێت و تەنانەت بەم هۆیەیشەوە سزا بدرێن یان لانی کەم بخرێنە پەراوێزە و هەڕەشە لە بەهاکان و ناسنامەیان بکات.

هەموو ئەمانەیش وا دەکات کە خاڵێکی دیکەی لاوازی ئەم شۆڕشە بەرجەستە ببێتەوە و، ئەویش ئەوەیە کە تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێکخستن و ئەنجومەنێکی ڕێبەری لە ناوخۆ و دەرەوە دروست نەبێت. ڕاستە لە ناوخۆ تاوەکوو ئێستا بەهۆی سەرکوت و گرتن و ڕاوەدوونان، دەرەتان و دەرفەتی پێکهێنانی ئەم ڕێکخستن و ڕێبەرییە نەبووە و زیاتر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گرووپ و تۆڕی ئاسۆیی و ناڕێکخراوەوە ئەو ١٠٠ ڕۆژە ناڕەزایەتی بەردەوام بووە و ئەگەری بەردەوامبوونیشی زۆر بەهێزە، بەڵام هەر ئەم هۆکارە ناڕێکخراوەیییەیه‌ کە وای کردووە شۆڕشەکە بەردەوام بێت و ڕژێم نەتوانێت سەرکوتیان بکات؛ لە هەمان کاتیشدا بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە هیچ ئەڵتەرناتیڤ و ئەنجومەنێک ناوەندی ڕێبەری یاخود لانی کەم ڕێوەبەری دروست نەبێت. جگە لەمانەیش ڕووداو و پێشهاتەکان دەریان خست کە حزب و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە جگە لەوەی کە لەگەڵ یەکتری ناتەبا و تەنانەت دژبەرن و سەرەڕای "دوژمنی هاوبەش"، تاوەکوو ئێستا ناتوانن پێکەوە دابنیشن و کار بکەن و ئەڵتەرناتیڤێک بخەنە ڕوو، لە هەمان کاتیشدا ئەم دۆخە وای کردووە کە ئەمریکا و وڵاتانی کاریگەر له‌سەر داهاتووی ئێران، دوودڵ و دردۆنگ بن لە ڕووخانی ڕژێم.

تەنانەت هەڵوێستی ئەمریکا ئەوە نیشان دەدات کە ئێرانێکی لاواز کە خاوەن چەکی ئەتۆمی نەبێت یاخود بەرنامە مووشەکییەکی کۆنترۆڵ کرابێت و توانای بەڕێوەبردنی سیاسەتی ڕابردووی لە ئاستی هەرێمایەتی بۆ هاندان و پاڵپشتی لە میلیشیا و گرووپە توندڕەوەکانی لاواز بێت، دەکرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لەوە باشترە کە بەرەو ئاسۆیەکی نادیار و ناڕوون لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشمەکێش و ئالنگاری هەنگاو بنرێت و یارمەتیی ڕووخانی سیستەمێک بدرێت کە جێگرەوەکەی، دیار نییە چی دەبێت و چۆن دەبێت.

 ڕاستییەکی دیکەیش ئەوەیە کە جگە لە کورد  لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان کە خاوەن هێزی سیاسیی ڕیشەدار و ئەزموونی بەرەنگاریی ئەم ڕژێمەیە، لایەنە سیاسییەکانی دیکە لەم ماوەی ١٠٠ ڕۆژەدا نیشانیان دا کە جگە لە ڕاگەیاندنی سەرتاسەری، خاوەن پێگە و نفووزێکی ئەوتۆی سیاسی نین لە ناوخۆی ئێراندا. ئەمەیش بۆ کورد هەم دەرفەتە هەم هەڕەشە؛ دەرفەتە لەو ڕووەوە کە دەتوانێت لە هاوکێشەکانی داهاتوودا پێگە و قورساییی هەبێت و، هەروەها پاڵپشتییەکی بەرفراوانی جەماوەریی هەیە، بەڵام هەڕەشەیە لەم ڕووەوە کە هەم ناتوانێت ئێران ڕزگار بکات و، تێچووی مرۆیی و ماددیی هەر جووڵانه‌وه‌یەکی ناڕەزایەتی لەم ناوچەیە چەندان بەرامبەری ناوچەکانی دیکەیه‌ و، لە لایەکی تریشەوە بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی نەتەوەپەرەستە ناوەندگەراکان و بەتایبەتی لایەنگرانی کوڕی محەممەدرەزا پەهلەوەی، شای پێشووی ئێران کە لە ئێستادا بەراورد بە لایەنەکانی تری ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی ئێران بەهێزترە و، ئەمەیش بەهۆی بوونی توانای ماددی و دیپلۆماسی و میدیایی و سەرمایەی ڕەمزیی ڕابردووی باوک و بنەماڵەکەی.

 پێکناکۆکی یان دایلەمای (dilemma) ئەم دۆخە وای کردووە کە لایەنگرانی ڕەزا پەهلەوی، شازاده‌ی جێنیشنی پێشووی ئێران، لە هەستیارترین بارودۆخدا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر هەڕەشەی جینۆساید و سەرکوتکردندا بوو، ئەم لایەنە بەناڕاستەوخۆ هاوهەڵوێست بێت لەگەڵ لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و خۆی بێدەنگ بکات یان ئەوەی کە بەناڕاستەوخۆ بەردەوام ترسی جیابوونەوە و جیاییخوازی بورووژێنێت و ببێتە هۆکاری دڕدۆنگیی خەڵکی ناوەند کە دەیانتوانی گوشارەکانی سەر کوردستان کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی کە ڕژێم نەتوانێت هێزێکی زۆر بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆ بکاتەوە؛ بەڵام ئەمە ڕووی نەدا!

 بۆیە بێهەڵوێستیی شارە گەورەکان، بەتایبەتی تاران و تەورێز  و ئەسفەهان و مەشهەد، بەشێکی بۆ ئەو ترسە لە کورد و نەتەوەکانی دیکە و داهاتووی یەکپارچەییی ئێران دەگەڕێتەوە. ئەم ڕووداوانە دەری خست کە خودی حزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەدا نەیانتوانیوە هیج پەیوەندییەکی بەهێز و ڕێکخراو لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران پێک بێنن یان لانی کەم ئەم ترسە بە ڕێگەی جۆراوجۆر لە سەردەمی شۆڕشەکانی زانیاری و تەکنەلۆژیا و بەرفراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕەوێننەوە. هەر ئەمەیش وای کردووە کە بەهێزبوونیان لە دوو لانەی ڕژێم و ئۆپۆزیسیۆن ببێتە خاڵی لاوازیان بۆ سەرکوتکردنی زیاتر و ترساندنی خەڵکی ناوەند بۆ ڕووخانی سیستەمەکە. هەرچەندە ئەم شۆڕشە لەم ١٠٠ ڕۆژەدا وای کرد کە تا ڕاددەیەک بەرە بەرە ئەم کەلێن و لێکترازانە لانی کەم لەسەر ئاستی ڕای گشتی پڕ ببێتەوە و پەیوەندی لە نێوان ئەو بەشانە دروست ببێت و ئەو ترسە لە هەڵوەشانەوەی ئێران و جیاییخوازیی کورد کەمتر بکرێتەوە.

 ئەم ڕووداو و پێشهاتانەیش نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی لەم ٤٣ ساڵه‌دا لەوە سەرکەوتوو بووە کە ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر ئەو خاڵە دژی نەتەوەکانی ئێران هاوڕا بکات و ئەو پێکهاتانە بە ئەوی تری ناسنامەی ئەوان پێناسە بکات، نەک تەنیا نەیار و  دوژمنی کۆماری ئیسلامی. ئەمەیش هەر ئەو خاڵە بووە کە وای کردووە تەمەنی کۆماری ئیسلامی بگاتە سەروو ٤٠ ساڵ و سەرەڕای ناڕەزایەتیی قووڵی زۆرینەی هاووڵاتیان لە سیستەمەکە، بەڵام سیستەمەکە هەر بمێنێتەوە. ئەمە جگە لەوەی لە ئاستی ناوخۆییش جگە لە سەرکوتکردن، ڕێگەی بە دروستبوبنی هیچ ڕێکخراو و حزبێک نەداوە کە ئێستا ئەرکی ڕێکخستنی لە ئەستۆ بێت و تەنانەت وەکوو هەموو سیستەمە تۆتالیتەرەکان کاری لەسەر ئەتۆمیزەکردنی کۆمەڵگە و تاکەکان کردووە و خەڵکی لە بەرامبەر یەکتری بێمتمانە کردووە و بۆتە هۆکاری ناکۆکیی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی دەرەکییش.

لە لایەکی تریشەوە، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئابووری و  سزا و ئابڵووقە درێژخایەنە دارایی و ئابوورییەکانی سەر ئێران، دۆخی نالەباری ئابووریی خەڵک وای کردووە کە نەتوانن وەکوو پێویست، پەوەست بن بە ناڕەزایەتی و مانگرتنە سەرتاسەرییەکانەوە؛ بە جۆرێک کە زۆرینەی خەڵکی ئێران بەپێی ئامارەکانی خودی کۆماری ئسیلامی، لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و تەنانەت ئەگەر پیشەیەکی نزمیشیان هەبێت، نەتوانن پارەی خۆراکی ڕۆژانە و کرێی مانگانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان دابین بکەن. ئەوەیش وای کردووە کە کرێکاری ڕۆژانە و بازاڕی و کرێکاری کەرتی پیشەسازیی نەوت و بەرژەمە نەوتییەکان، کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی ئێرانن، نەتوانن بە شێوەیەکی درێژماوە بەردەوام بن لە مانگرتن یان ناڕەزایەتی.

هەرچەندە پێشبینی دەکرێت بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری و لەدەستدانی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و بێکاری لە ئێران، ئەمانەیش پەیوەست بن بە مانگرتن و شۆڕشەوە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە  خاڵ لە مانگی کۆتاییی پاییزی ساڵی ١٤٠١ گەیشتووەتە ٤٨.٥%. واتە هەر خێزانێک 48.5% زیاتری لە کڕینی کاڵا و خزمەتگوزاریدا خەرج کردووە بە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١. هەر لە هەمان ڕاپۆرتدا باس لەوە دەکرێت کە ڕێژەی هەڵاوسان بۆ هەر خێزانێکی شارەکان بە زیادبوونی شەش لەسەر دەی لەسەدا گەیشتووەتە 47.9% و بۆ خێزانە گوندنشینەکان بە دابەزینی 9 لەسەر دەی لەسەدا گەیشتووەتە 51.4%.

هەروەها پێداچوونەوەیەک بە ئامارەکانی پەیوەست بە دۆخی هێزی کار لەم هاوینەدا  و پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا دەری دەخات کە ٩٥٥ هەزار و ٣٩٨ کەس لە دەرچووی وڵات بێکارن؛ ئەمەیش بەو مانایەیە کە 40.9%ی بێکارانی وڵات دەرچووی زانکۆن. هەروەها ٥١٣ هەزار و ٨٩٥ کەس لەم بێکارانەی دەرچووی زانكۆكان ژنن و ٤٤١ هەزار و ٥٠٣ کەسیش پیاون؛ لە ڕووی ڕێژەیەوە ڕێژەی بێکاریی دەرچووانی پیاو ٩.٧% و دەرچووانی ژن ٢٣.٢%یە. هەرچەندە ئامارە نافەرمییەکان هەم رێژەی بێکاری و هەمیش رێژەی هەژاری و هەڵاوسان زۆر بەرزتر نیشان دەدەن، چونکە هەم شاردنەوە و ناڕوونی لە ئامارەکانی ئێراندا هەیە و هەمیش پێوەرکانی بێکاری لە ئێراندا بە جیاواز هەژمار دەکرێت و تەنانەت لە ناوچە پەراوێزییەکانیشدا هەموو کەرت و بوارەکانی ئابووری ڕێژەکەی زۆر بەرزترە.

کۆبەند

یەکێک لە ئاماژەکانی کۆتاییهاتنی ئەم سیستەمە کە لێکەوتەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینایە ئەوەیە کە، ئێران خەریکە چ لەلایەن چین و چ لەلایەن ڕۆژاواوە لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخرێتە پەراوێزەوە و، بە جۆرێک جیهان خۆی بۆ نەمانی ئەم ڕژێمە ئامادە دەکات؛ باشترین بەڵگەیش سەردانی سەرۆکی چین و ڕێککەوتنی چین و سعوودیا و وڵاتانی کەنداو و عەرەبی بوو لەم چەند ڕۆژەدا لە ڕیاز و، لە لایەکی تریشەوە  لووتکە یاخود کۆنفڕانسی بەغدا-٢ لە ئوردن کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لە ڕێکەوتی 23-12-2022 لەگەڵ رۆژنامەی النهار بەئاشکرا باسی لەوە کرد کە باشترین ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی عێراق، دوورخستنەوەی عێراقە لە ئێران و، هەروەها ئەمەی سەبارەت بە لوبنانیش گوت. لەم چاوپێکەوتنەدا ماکرۆن دەڵێت: "من قەناعەتم وایە جگە لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی نفووزی ناوچەییی ئێران نەبێت، ناتوانین چارەسەرێک بۆ کێشەکانی لوبنان و عێراق و سووریا بدۆزینەوە."

یەکێک لە گرنگترین خاڵ و فاکتەرەکان لەم ١٠٠ ڕۆژەدا کە بۆتە هۆکاری لاوازیی ئەم ڕاپەڕینە و هەڕەشە لەم شۆڕشە دەکات، یەکگرتووییی سیاسیی دەسەڵاتداران بە ڕێبەرایەتیی ئایەتۆڵڵا خامنەیی و، هەروەها یەکگرتووییی هێزە سەربازی و ئاسایشییەکانە کە وای کرددوە هیچ پاشەکشەیەک نەبینرێت و هێزە ئەمنییەکانیش یەکگرتووانە ئیرادەی سەرکوتکردنیان بەردەوام بێت. مردنی خامنەیی لە پاڵ ناکۆکی و دوودڵیی هێزە سەرکوتکەرەکان دەتوانێت ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت، بەڵام بەردەوامی و بەرفراوانبوونی ئەم شۆڕشە لە پاڵ پاڵپشتیی کرداریی دەرەکی (کە تاوەکوو ئێستا نەبینراوە!) دەتوانێت ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت و ئەمەیش پەیوەستە بە دروستبوونی ڕێکخستن و بەڕێوەبەریی شۆڕشەکەوە لە ناوخۆ و دەرەوە و پەیوەستبوونی هەموو چین و توێژەکانەوە بە خستنەڕووی ئه‌ڵتەرناتیڤی ڕوون بۆ ناوخۆ و دەرەوە و ڕەواندنەوەی مەترسی و دڵەڕاوکێکانی پێکهاتەکان و، هەروەها مانگرتنی سەرانسەریی کەرتی گواستنەوە و پیشەسازییەکانی، بەتایبەتی نەوت و گاز و پێترۆکیمیایییەکانی ئێران کە شادەماری ئابووریی ڕژێم پێک دێنن. لە لایەکی دیکەیشەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی بەشداریی شارە گەورەکان، بەتایبەتی بە پلەی یەکەم تاران و پاشان تەورێز و مەشهەد و ئەسفەهان، چ لە  ڕووی خەڵک و جەماوەرەوە و چ لە ڕووی مانگرتنی بازاڕەوە، ئەو شۆڕشە و ڕووخانی سیستەم خێراتر دەکات؛ بەپێچەوانەوە ئەم دۆخە درێژە دەکێشێت و تێچووی مرۆیی زۆر بەرز دەبێتەوە و دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی پێشێلکردنێکی بێوێنە لە بواری مافی مرۆڤ دەگرێتە بەر.

لە کۆتاییدا، ئەوەی کە ئەم سیستەمە دەڕووخێنێت، لە لایەک دروستکردنی پەرژینێک لە بەها و پیرۆزییەکانی هاوبەش بوو لەگەڵ زۆرینەی خەڵک لە ڕێگەی دامودەزگه‌یەکی ئاڵۆزی ئایدیۆلۆژی و ڕاگەیاندن و بانگەشەوە کە ئەمە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕۆژانە و بێتوانایی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی سەرەتاییی خەڵک و، هەروەها ئاشکرابوونی گەندەڵی و ڕەفتار و بەهای پێچەوانەی ئەو دەسەڵاتادارانە وای کرد کە بەهۆی کوشتن و گرتن و سەرکوتکردن چیتر خەڵک ئەم سیستەمە و دەسەڵاتە بە خوایی و پیرۆز نەبینێت و بەتەواوی بێهیوا ببێت لێی. لە لایەکی تریشەوە بێهیواییی تەواوی ئەو خەڵکە لەم ڕژێمە بۆ هەر جۆرە چاکسازییەک، وای کردووە کە جگە لە ڕووخان هیج جۆرە ڕێگەچارەیەکی دیکەیان نەمێنێت، چونکە ئەم فاکتەرە نهێنیی مانەوەی ئەو سیستەمە بووە. جگە لەمانەیش ئیرادەی ڕووخانی خەڵک لە پاڵ چوونەپاڵ ڕووسیا و تا ڕاددەیەک چین، وا دەکات کە لە دەرەوەیش وڵاتان بە لێکدانەوەی سوود و زیان لە قۆناغێکی نزیکدا پەیوەست بن بە ئامانجەکانی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەكه‌وە و، ئاسانکاریی بۆ بکەن لە ڕێگەی توندترکردنی گوشارەکانیانەوە و لێسەندنەوەی ڕەوایەتیی نێودەوڵەتی لە بەرپرسانی سیستەمەکە.

 

 

 

[1] - ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ئەم پێشهاتە سیاسییە بەردەوامانە بە "ناڕەزایەتیی تێکدەرانە" و "ئاژاوە" (riot) ناو دەبات بۆ جەختکردنەوە لەسەر نەبوونی ڕێکخستن، نەبوونی سەرکردایەتی، پارچەپارچەبوون لە ئامانج و داواکارییەکان، نەبوونی تاکتیکی ڕوون لە خەباتدا، ئەگەری کەمی بەردەوامی و توانای بەرزی وێرانکاری، بۆ ئەوەی بێبەهاییی نیشان بدات و پاساوی سەرکوتکردنی ناوخۆیی و دەرەکیی هەبێت. تەنانەت هێزە ڕیفۆرمخوازەکان کە ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە سیاسەتی هەنووکەییی ئێراندا نییە، ئەم پەرەسەندنە بە "ڕاپەڕین، یاخیبوون" (uprising, rebellion) ناو دەبەن. هەروەها لە ئەدەبیاتی میدیای فارسیزمان لە دەرەوەی ئێران، کە هەوڵ دەدات بێلایەن بێت، ئەم پەرەسەندنە به‌: "راپەڕین"، "خۆپیشاندان"، "سەرهەڵدان" یان "خۆپیشاندان" (revolt, protests, outburst) ناو ده‌برێت؛ ڕەنگە "خۆپیشاندان" و "ناڕەزایەتی" ناونیشانی گونجاو بن بۆ کۆبوونەوەیەکی دیاریکراو لە ناوچەیەکی دیاریکراودا؛ بەڵام ناوێکی باش نییە بۆ ئەم زنجیرە بزووتنەوەیە؛ چونکە بزووتنەوەکان تەنیا لە خۆپیشاندان یان ناڕەزایەتیی زارەکیدا دەرناکەون و خۆپیشاندانەکان زیاتر نیشاندانی ئەم بزووتنەوەیەن نەک نوێنەرایەتیی سروشتیی ئەو بزووتنەوەیە بکەن. بۆیە جووڵانەوە و بزووتنەوەی شۆرشگێرانە (revolutionary movement) دەتوانێت ناونیشانێکی گونجاوتر بێت.

[2] - ئەم توێژینەوەیە بە شیکردنەوەی ئامارەکان ئەگەری کاریگەریی پەتای کۆرۆنا لەسەر کەمبوونەوەی دەنگی جەماوەری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠١٩یش ڕەت دەکاتەوە. بەپێی ئەم توێژینەوە-شیکارییە، لەو شارانەی کە ناڕەزایەتییان بەرز و بەردەوامە، دەنگدان بۆ کاندیدی براوەی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠٢١ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ بەتێکڕا ٢٢.٦% کەمتر بووە لەو شارانەی کە ناڕەزایەتییان کەم بووە یان نەبووە. بە واتایەکی تر ئەو شارانەی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢١ لە ناڕەزایەتییەکاندا چالاکتر بوون، لە ڕووی سیاسییەوە بێزارتر بوون و کەمتر بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا کردووە. بەم پێیەیش قەیرانی نوێنەرایەتیی سیاسی، نیشاندەرێکی زۆر ئاشکرایە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەو وڵاتەدا ڕوویان داوە.  یەکەم نیشانە جددییەکانی ئەم قەیرانەیش، لە دەنگەکانی هەڵبژاردنی خولی یازدەیەمی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٩دا دەبینرێت. بۆ نموونە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ساڵانەی ٥٦٩ هەزار دەنگدەر، پێشبینی دەکرا ژمارەی دەنگەکانی ساڵی ٢٠١٩ بگاتە ٣٤ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دەنگ. بەڵام کۆی ئەو دەنگانەی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠١٩ لە دەنگدەرانەوە وەرگیراون، نزیکەی ١٠.٤ ملیۆن دەنگ کەمترە لە بڕی چاوەڕوانکراو (٥ هێندەی لادانە ستانداردەکە). کۆی گشتیی دەنگەکانی ئەو هەڵبژاردنە، 24.5 ملیۆن بوو کە دەکاتە 30% کەمتر لەوەی پێشبینی دەکرا.

هەروەها ئەگەر لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکانی کۆی گشتیی دەنگەکانی بەدەستهاتووی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا پێش ساڵی ٢٠٢١، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دەنگدەرانی خاوەن مافی دەنگدان، پێشبینی دەکرا بەتێکڕا ٧٥٠ هەزار دەنگ بۆ کۆی دەنگەکان زیاد بکرێت لە هەر هەڵبژاردنێکدا و، بەم پێیەیش ژمارەی دەنگەکان لە ٢٠٢١ بگاتە 43.5 ملیۆن دەنگ؛ بەڵام کۆی گشتیی ئەو دەنگانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ٢٠٢١ لە دەنگدەرانەوە وەرگیراون، نزیکەی ١٤.٥ ملیۆن دەنگ کەمترە لە رێژەی چاوەڕوانکراو و، بەم پێیەیش کۆی گشتیی دەنگەکانی ٢٠٢١، نزیکەی 29 ملیۆنە کە دەکاتە 33% کەمتر لەوەی پێشبینی دەکرا (لێرەدا ئەوە جگە لەوەی کە زیاتر لە ٣.٧ ملیۆن دەنگی سپی و پووچەڵ هەبووە وەکوو ناڕەزایەتییەک، کە دەکاتە١٣% کۆی گشتیی دەنگەکانی ئەو هەڵبژاردنە؛ لە لایەکی تریشەوە بەردەوام رژێمی ئێران بە دەستبردن بۆ ئەنجامەکان و دەستکاریکردنی رێژەی دەنگدان لە نەبوونی چاودێری سەربەخۆ و دەرەکی تۆمەتبار دەکرێت و هیچ کات ئامارەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا جێگەی بڕوا نەبوونە).

[3] - لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٢١ بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی ئه‌ڵمانیا بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠٠٥ بووە کە بەهاکەی ٤ ملیار و ٣٧٠ ملیۆن یۆرۆ بووە. پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و ئەڵمانیا کاریگەریی گەمارۆکانی لەسەرە. لە سەرەتای ساڵی 2016، دوا بە دوای ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ کە بە "JCPOA" ناسراوە، سزاکان کەم کرانەوە. بێ گومان هەناردەکردنی هەندێک کەلوپەل بۆ ئێران هێشتا قەدەغەیە و هەندێکیان پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەت هەیە. لەنێو وڵاتانی ئەوروپی، ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢١دا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێران بوو؛ بە جۆرێک نزیکەی یەک لەسەر سێی بازرگانیی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئەم وڵاتە بوو. ئه‌ڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢١دا یەک ملیار و ٤٤٩ ملیۆن یۆرۆ کاڵای هەناردەی ئێران کردووە و ٢٧٤ ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە. کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران، یەک ملیار و ٧٢٣ ملیار یۆرۆ بووە. بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢١ هەناردەی ئەڵمانیا بۆ ئێران بریتی بووە لە ماکینە بە بەهای ٢٧٥ ملیۆن یۆرۆ، کەلوپەلی کشتوکاڵی ٢٧٠ ملیۆن یۆرۆ، بەرهەمی کیمیایی ٢٣٠ ملیۆن یۆرۆ، بەرهەمی دەرمانسازی ٢٢٨ ملیۆن یۆرۆ. هەروەها لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا کۆی گشتیی هەناردەی کاڵای ئێران بۆ یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی ٢٧٢ ملیۆن تۆن بووە و بەهای نزیکەی ٥٥٤ ملیۆن یۆرۆ بووە و لەم ماوەیەدا نزیکەی ٧٣%ی هەناردەی کاڵای ئێران بۆ یەکێتیی ئەوروپا بۆ ٥ وڵات هەناردە کراوە: ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ڕۆمانیا و بولگاریا.

[4] - ئەو بڕیارە کە ئەمریکا پێشنیاری کردبوو، دوای ئەوە هات کە زۆربەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داواکاریی دەرکردنی کۆماری ئیسلامییان لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان ئامادە کرد. بۆ نموونە، لە مانگی تشرینی یەکەمدا، ڕێکخراوی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێکخراوێکی ناحکوومییە لە سویسرا و وەک قۆڵێکی ڕاوێژکاریی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی ئامادە کرد کە تێیدا داوای لە ئەنجومەنەکە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی ئەم دامەزراوەیە دەربکرێت. هەروەها مانگی ڕابردوو کۆمەڵێک ژنی ناودار لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نامەیەکیان نووسی و داوای دەکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لەم کۆمیسیۆنە کرد. هیلاری کلینتۆن، میشێل ئۆباما، لۆرا بۆش، خانمە یەکەمەکانی پێشووی ئەمریکا، هەروەها میلانیا جۆڵی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، شیرین عیبادی، مەلالە یوسفزای و نادیە موراد لەو کەسایەتییە سیاسییانە بوون كه‌ واژۆیان لەسەر ئەم نامەیە کردووە.

[5] - ئابووریی دیجیتاڵی (Digital Economy)، ئابووریی ئۆنلاین، ئابووریی نوێ، ئابووریی وێب و ئابووریی ئینتەرنێت تێکەڵ بە ئابووریی تەقلیدی بووە؛ ئابوورییەک لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای کۆمپیوتەری دیجیتاڵی وەکو واقعی زیادکراو و واقعی مەجازی، بلۆکچەین و دراوی دیجیتاڵی، مۆدێلکردنی سێڕەهەندی، زیرەکیی دەستکرد، مرۆڤی دیجیتاڵی و، هەروەها ئەو IoE کە جیهانی بردووە بۆ سەردەمی نوێی میتاڤێرس لە ڕێگەی بازاڕەکانی بنەمای ئینتەرنێتەوە. لە ئێران لەگەڵ فراوانبوونی ئیکۆسیستەمی ستارتاپ، پشکی ئابووریی دیجیتاڵی لە بەرهەمی ناوخۆییدا گەیشتووەتە نزیکەی ٧.٢%. ئەم ڕێژەیە لە هەندێک وڵاتدا ٣٠%ی تێ پەڕاندووە. ئابووریی دیجیتاڵی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا ٢.٥ هێندە خێراتر لە بەرهەمی GDPی وڵاتانی جیهانی گەشەی کردووە. پچڕانی ئینتەرنێت و فلتەرکردنی فەزای مەجازی نەک هەر ژیانێکی سادە و چالاکییەکانی ڕۆژانە و بەتایبەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پەک خستووە، بەڵکوو زیانێکی زۆری بە ئابووریی وڵات و سووڕی بەرهەمهێنانی وڵات گەیاندووە. ئەمڕۆ ئینتەرنێت بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ بازرگانی، وەک کارەبا و گاز، ئاو، ڕێگاوبان و گواستنەوە و ژێرخانی گەشەپێدانی سەرەتاییی تر. لە ئێران کە ٨٥ ملیۆن کەسی تێدایە، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ٧٢ ملیۆن کەسی تێ پەڕاندووە و زیاتر لە ٥٥ لەسەدیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نامەبەرەکاندا چالاکن، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ١٠ لەسەد گەشەی کردووە. ئینستاگرام بە ٤٨ میلیۆن بەکارهێنەر و وەتسئەپ بە نزیکەی ٥٢ ملیۆن بەکارهێنەر، بەناوبانگترین تۆڕی کۆمەڵایەتی و نامەناردنن لە ئێران؛ هەروەها تێلێگرام ٥٠ ملیۆن بەکارهێنەری ئێرانیی هەیە. بوونی ئەم ژماره‌ بەکارهێنەرە لە سۆشیال میدیادا بنەمای زۆرێک لە کارلێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی بازرگانی و بازرگانی لە فەزای مەجازیدا دابین کردووە. بەپێی ئامارەکانی نێتبلۆکس (رێکخراوێکی ناحکوومیی چاودێری ئینتەرنێت لە جیهاندا)، ئێستا زیانەکانی پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران بە نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار لە کاتژمێرێکدا (نزیکەی ٣٦ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا) مەزەندە دەکرێت.

 

Latest from پەرویز ڕەحیم