سێ وانە و سێ پێشنياز دەربارەی ياداشتی لێکتێگەيشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا

لە ڕۆژی ١٢/٧/٢٠١٦ ديپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێكی باڵا چووە پێش، کاتێك توانیی لەگەڵ ئەمريكا ياداشتێكی لێکتێگەیشتن (Memorandum of Understanding) ببەستێت. ئێمە لێرەدا ناتوانين ناوەڕۆکی ئەم ڕێکكەوتنە شرۆڤە بکەین، چونکە هەردوو لایەنی ياداشتەکە دەقەکەیان بە شێوەیەکی فەرمی بڵاو نەکردۆتەوە، هەروەها هيچ زانیاریەکمان نییە دەربارەی دانوستان و چۆنیەتیی نووسینەوەی ئەم یاداشتنامەیە، بەڵام ئەوەی دەستمان کەوتووە چەند ڕاپۆرت و لێدوانی ڕۆژنامەوانییە و ئەو ڕوونکردنەوەیە کە بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراقی لە ڕۆژی ٢٢/٧/٢٠١٦ بڵاوی کردۆتەوە.

ئەوەی مەبەستمانە لێرەدا باسی بکەین تەنها لایەنە ڕووکارییەکەی (شکلییەکەی) ئەم یاداشتەیە، لە ڕێگای سێ وانە هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە شرۆڤەی لایەنە ئاشکراکانی ئەم ياداشتە بکەین و، هەروەها لە سەربنەمای ئەم یاداشتە، سێ پێشنياز دەخەینە ڕوو بە مەبەستی کاراکردن و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

یەکەم وانە: ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە بریتییە لە ڕێكکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی.

هەرچەندە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراقی دەڵێت: "ئەمە ڕێکكەوتننامە نییە بەڵکو ياداشتی لێکتێگەیشتنە"، ئەم قسەیە هيچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە پەیماننامەی ڤييەننای ساڵی ١٩٦٩ کە بە پەیماننامەی پەیماننامەکان ناسرا و زۆر ڕوونە، لە مادەی (٢-١-أ) دەڵێت کە ناولێنان لە هەر ڕێکكەوتنێك گرنگیی نییە، ئایا ئەمە پەیماننامەیە، ڕێکكەوتننامەیە، پڕۆتۆکۆڵە، یاداشتە. وا دیارە وەزارەتی بەرگریی عێراقی ویستوویەتی لە گرنگیی ئەم ڕێکكەوتنە کەم بکاتەوە و ناوی لێ بنێت (ياداشت). دەبا بۆیان ڕوون بێت، ياداشتی لێکتێگەیشتن هەر ڕێككەوتننامەیە، کاتێك ئەم یاداشتە ئەرك و ماف بۆ هەردوو لایەنی ڕێکكەوتننامەكه‌ دروست بکەن. بە شێوەیەکی گشتی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی ماف و ئەرکەکانی هەردوو لای ڕوون کردۆتەوە لە دەنگی ئەمریکا.

شایەنی وتنە، تا ئێستا پسپۆرترین یاساناس لە بواری یاسای نێودەوڵەتی نەیتوانیوە ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتی لە ياداشت جیا بکاتەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە هۆی ناوهێنانی بە یاداشت ئەوەیە کە لایەنێك لە لایەنەکان دەوڵەت نییە، بۆیە ئەم جۆرە ناوە بە باشترین فۆرمی ناوهێنان دادەنرێت لە حاڵەتی ڕێکكەوتنی ئەکتەرێکی نادەوڵەت (بۆ نموونە هەرێمی کوردستان) لەگەڵ دەوڵەتێكدا. هەر بۆ زانیاری، عێراق خۆی لە مانگی (٥)ی ساڵی ١٩٩٦ (یاداشتێکی لێکتێگەیشتن)ی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی جێبەجێکردنی پرۆگرامی "نەوت بەرامبەر خۆراك" ئیمزا کرد. پرسیارەکە ئەوەیە چ یاساناسێك دەتوانێت نكوڵی لەوە بکات کە ئەم ياداشتەی ساڵی ١٩٩٦ ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتی نییە؟

دووەم وانە:  سەرکەوتنێکی مێژوویییە بۆ ديپلۆماسیی هەرێمی کوردستان. ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتی، بە کۆڵەکەی یاسای نێودەوڵەتی دەناسرێت و بەڵگەیەکی بەهێزە لە توانستی ديپلۆماسیی دەوڵەتێك یان هەر ئەکتەرێکی نادەوڵەت. هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەلماندی کە پێگەیەکی گرنگی هەیە لە ناوچەکە و بە تایبەتی لە جەنگی دژی داعش. ئەم هەرێمە یەکێکە لە سەقامگيرترین ناوچەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لێرەدا، نابێت ڕۆڵی پێشمەرگە لە بير بکەین. پێشمەرگە جگە لەو ڕۆڵە پيرۆزەی لە پاراستنی كوردستان هەیەتی، ڕۆڵێکی تری هەبوو کە کەم کەس درکی پێ کردووە: دەست و بازووی خۆنەویستی پێشمەرگە بووە کە پاڵی بە ئەمریکایەکی زلهێز ناوە دەست بخاتە دەست سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی کوردستان.

چی وا لە دەوڵەتێکی گەورەی وەك ئەمریکا دەکات کە لەگەڵ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی وەك هەرێمی کوردستان، ڕێکكەوتننامە ببەستێت؟  وەڵامەکەی دیارە؛ ڕۆڵ و ئازایەتیی پێشمەرگەیە. هەر ئەو، ڕۆڵی بزوێنەری ديپلۆماسیەتی نوێی کوردستان بووە. ئەمەش ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە، لە کاتی نەمانی جەنگی داعش، ئایا ئێمە هەر لەم ئاستە دێپلۆماسیەتە دەمێنینەوە؟

سێیەم وانە: دانپێدانان بە ڕۆڵی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان بە تایبەتی بە هەرێمی کوردستان.

 دەوڵەتان لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەکتەری نادەوڵەتی (Non-State Actor) زۆر هەستیارن. دەوڵەتان بە چاوێکی کەمتر لە خۆیان تەماشای هەرێم و ناوچە و ڕێکخراو و هەر حکوومەتێك دەکەن کە لە پلەی دەوڵەتدا نەبێت، یان هەندێك جار دژیان دەوەستنەوە. ئەم ياداشتە هەنگاوێکی مێژوویییە بۆ ئەم جۆرە ئەکتەرانە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، پێشكەوتنێکە لە بواری یاسای نێودەوڵەتی لە ڕۆڵێکی لاواز و دوورخراوه‌وه‌ بۆ ڕۆڵێکی چالاك و ئەکتيڤ لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. ڕازیبوونی عێراق لە سەر ئەم یاداشتە - هەروەكو لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە – شه‌رعییه‌ت و دەستووریبوونی ڕێکكەوتننامەکە دەردەخات و، هەروەها ڕازینەبوونی عێراقیش هيچ لە وانە گەورەکە ناگۆڕێت.

نوێنەری ڕێگەپێدراوی ئەمریکی، بۆ لە بەغداد نەوەستا بۆ بەستنی ئەم یاداشتە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوێ؟ ئایا ئەمریکا نەیدەتوانی هەر ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە ئەو ویستەی خۆی هەیبوو بە سەر دەسەڵاتدارانی بەغداد و هەرێمدا بسەپێنێت، لەو کاتەدا پێویستی نەدەکرد بێت بۆ هەولێر؟ دیارە ئیرادەی ئاشکرا و شاراوەی ئەمریکا شتێکی تر بووە - ئەويش لە بەر هەر هۆكارێك بێت - ویستوویانە بازێكی سیاسی و دیپلۆماسی بە سەر عێراقدا بدەن. لە ڕێی ئەم ياداشتنامەیەوە، ئەمریکا ویستی پەیامێكی ئاشکرا بۆ جيهان بنێرێت کە ئەوان – ئێستا - مامەڵەیەکی ديپلۆماسیی ئاسایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.

لێرەوە دێمە سەر پێشنيازەکانمان دەربارەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا.

یەکەم پێشنياز:  دروستکردنی قۆناغێکی نوێ لە ديپلۆماسیی هەرێمی کوردستان.

ئەو یاداشتەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئیمزا کرا، دەبێت بە شێوەیەکی ڕەسمی (ئەو بەشەی کە ڕێگەپێدراوە بۆ بڵاوکردنەوە) لە دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بنێردرێت بۆ هەموو ئەو دەوڵەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی (نەتەوە یەکگرتووەکان و یەكێتیی ئەوروپا) كه‌ لە هەرێمی کوردستان قونسلیەت و نووسینگەی خۆیان هەیە، مەبەست لێی: ئاگادارکردنەوەی ڕەسمیی دەوڵەتانە، پيشاندانی قۆناغێکی نوێیە لە ديپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو جيهان، دەستپێکێکە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ناڕاستەوخۆ و پاراديپلۆماسییەوە بۆ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا.

لە ئاستی ناوخۆییی هەرێم، دەکرێت سوود لە یاسای عێراقیی ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠١٥، سەبارەت بە بەستنی پەیماننامەکان وەرگرین، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەبێت هەوڵ بدرێت لە پەرلەمانی کوردستانەوە و بە یاسا، ئەم جۆرە ڕێکكەوتننامانە ڕێک بخرێت و وتووێژی لە سەر بکرێت. بە شێوەیەکی گشتی، لە داهاتوودا پێویستە سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە یاسایی و دەستووری بکرێت، هەرچەندە لێرەدا دەزانین دەکەوينە دەمەتەقێیه‌کی یاسایی لەگەڵ لایەنگرانی باڵادەستی دەستوری عێراقی. دروستکردنی قۆناغێکی نوێ لە ديپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی دەرەوە و ناوخۆدا پێویستیی بە ئامادەسازی و نوێسازی هەیە و هەروەها دامودەزگای نوێی پێویستە.

دووەم پێشنياز: ئامادەکردنی ياداشتنامەی هاوشێوە لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە

نازانم تا چەند ڕاستم، ئەم شێوە یاداشتە لەگەڵ ئەمریکا، دەچێتە چوارچێوەی ڕێکكەوتنی بەرگریی دوولایەن (Bilateral Defense Treaty)، ئەمە خۆی پەیامێکی بەهێزە بۆ دەوڵەتانی نەیار بە هەرێمی کوردستان. ئێمەی کوردستانی، پێویستمان بەم جۆرە ڕێکكەوتنە بەرگری و ئاسایشییانە هەیە. شاراوە نییە باشترین بەرگریلەخۆکردن لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بە شێوەی هاوپەیمانیی دوولایەنە یان - لە هەمووی باشتر - فرەلایەنە دەبێت. پێم وایە، سەرۆکایەتیی هەرێم، کە ئێستا ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوەش دەگێڕێ، لەبەر نەبوونی ئەم وەزارەتە، پێویستە بير لەوە بکاته‌وه‌ کە لەگەڵ هەر دەوڵەتێك و ڕێکخراوێك و لە سەر هەر بابەتێك ڕێک دەکەوێت، پێویستە بە دەقێك بنووسرێتەوە و لە ڕێوشوێنێکی هاوشێوەی ١٢/٧/٢٠١٦ ئيمزا بکرێت. ئێستا باشترین هەلمان هەیە ئەگەر هاوشێوەی ئەم ياداشتی لێکتێگەیشتنە هەبوو، دەوڵەتان چاو لە ئەمریکا دەکەن و  بە هەمان ڕێوڕەسم ئيمزای دەکەن. یاداشتەکەی ١٢/٧/٢٠١٦ پاڵنەرێكی بەهێزە بۆ دەوڵەتانی تر.

سێیەم پێشنياز: تۆمارکردنی یاداشتەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا باوی ديپلۆماسیەت و ڕێکكەوتنی شاراوە نەماوە. یاسای نێودەوڵەتی، کار بۆ ئەوە دەکات کە نهێنی لە کاره‌ نێودەوڵەتییەکاندا نەهێڵێت چونکە سەرچاوەی کێشەیە. ئێمەی کوردیش چەندین جار قوربانیی دەستی ڕێکكەوتننامە ژێربەژێرەکان بووینەته‌وە. بۆ ئەم مەبەستە، چارتەری (ميثاق) نەتەوە یەکگرتووەکان دەرگایەکی فراوانی واڵا کردووە بۆ تۆمارکردنی هەموو جۆرە ڕێکكەوتننامەیەک کە ڕەهەندی نێودەوڵەتیی تێدا بێت.

ئەم جۆرە تۆمارکردنە، گەرەنتییەکە بۆ هەردوو لایەنی ڕێکكەوتنەکە. ئەمە ژیانە، ئەو کەسانەی کە ئیمزایان کردووە ڕۆژێك لە ڕۆژان نامێنن. لەوانەیە جەنگی داعش هەر درێژە بکێشێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم جۆرە ڕێکەوتننامانە بمێننەوە بۆ مێژوو و، بۆ نەوەی داهاتوو ببێت بە بەڵگەیەکی یاساییی چەسپاو. کەواتە گرنگە هەوڵێکی دوولایەنەی کوردستانی و ئەمریکی بدرێت کە ئەم جۆرە یاداشتانە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکرێت.