پلان و سیاسەتی زمان و گرفتی دەوڵەت - نەتەوەسازی لە ئێران

لە ڕوانگەی کوپێر (Cooper, 1985: 45)ەوە پلاندانان بۆ زمان "هەر چەشنە هەوڵێکی مەبەستدارە بۆ شوێندانان لەسەر ڕەوشتی زمانیی ئەوانی دیکە لە ئاستی فێرکردن، ڕۆنان [پەیکەرە]، یان ئەرکپێدان بە کۆدە زمانییەکانیان [پێگەسازی]". پلانی زمان و پلانی فێرکردنی زمان، کەم وایە لە ژینگەیەکی تاکزمانیدا بەڕێوە بچێ. ئەوەی کە لە ژینگە فرەزمانەکاندا زمان چۆن فێر بکرێ، بابەتێکی ئاڵۆزە. لە وڵاتێکی وەکو ئێرانی فرەزمان، فرەنەتەوە و فرەکەلتووردا، پلانی زمان، بەتایبەتی لە ئاستی فێرکردندا، تەنیا بابەتی زمانی نیشتیمانی یان فەرمی (زمانی فارسی)ی گرتووەتەوە. ئەوەی کە بەردەوام کێشەی سەرەکی بووە، ئەوەیە کە ئەم وڵاتە فرەئیتنییە لە ئەنجامی پێکناکۆکیی متبووی نێوان کۆمەڵەی ئیتنیکیی وەفادار بە دەوڵەت و کۆمەڵە ئیتنیکییە وەفادارەکان  بە نەتەوە بندەستەکان، ململانێ دێتە ئاراوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆن ئەو دوولایەنە دەتوانن بە شێوەیەکی نەرم، بەوجۆرەی سیستەمی ناوەندیی دەیهەوێ بگونجێن بۆ پرۆسەی دەوڵەت نەتەوەسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەره‌ڕۆدا.

گرفتەکە ئەوکاتە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، کە گرووپە ئیتنییە جیاوازەکان زۆر جار بە زمانی جیاواز قسە دەکەن و وەفاداریی بە نەریتی زمانیی خۆیان پیشان دەدەن. کەواتە فرەییی زمانی، مەیلی لە ئاستێکی لاوازی تێکەڵاوییە لە پێوەندیکردندا و  پێشکەوتن لەم وڵاتەدا پرۆسەیەکی درێژ و ئەستەم دەبێت.

ئەگەر لە ڕوانگەیەلی سیستەمییەوە سەیری وڵاتی ئێران بکەین، ئینسیجام و یەکپارچەییی تەواوی سیستەمەکە لە پلەی یەکەمدا، بەرهەمی پێوەندیی ڕێکوپێکی نێوان وردە سیسته‌مەکان و لە پلەی دوایەدا پێوەندیی نێوانیان لەگەڵ سیستەمی ناوەندیی دێت. گریمانەکەمان ئەوەیە كه،‌ ئێرانی فرەنەتەوە و فرەزمان لەبەر چەندین هۆ، سیستەمێکی تۆکمە و مونسەجیم نییە. ئەم ناتۆکمەیییه‌، دەکرێ لە هەر لایەنێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری لە نێوان سیستەمی گشتی و وردەسیستەمەکاندا، کە دەکرێ نەتەوەکان بن، بەدی بکرێ. لێرەدا، زیاتر لەسەر زمان ورد دەبینەوە.

 یەکەم، جیاوازیی زۆری زمانەکان لەگەڵ زمانی فارسی، وای کردووە لە زۆربەی ناوچە نەتەوەیی_ جوگرافییەکانی ئیتنیکیی غەیری فارسدا، مامۆستاکان بابەتەکانی بیرکاری و زانست و زۆر بابەتی دیکە بە زمانی ناوچەیی و نەتەوەی غەیری فارسی ئەو ناوچەیە شرۆڤە بکەن. ئەمەیش یەک لەو هۆکارانەیە کە  وای کردوە قەت زمانی فارسی ئەو پێگەیەی نەبێت کە دەوڵەتی ناوەندیی ئێران پێی وایە دەبێ بیبێ. سەرەڕای بەهێزکردنی فاکتەری ئایین و، تەرخانکردنی هەموو تواناکان لە ناوچە شیعەکانی تورکزمان و کوردزمان، بۆ زمانی فارسی، هێشتا دەرفەتی بەشداریی کۆمەڵایەتیی ئەو نەتەوانە بە زمانی فارسی لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک ئاستی پێویست نییە و مەیلی بەرگری لە زمانی خۆجێیی و نەتەوەییی ئەو نەتەوانە، بەهێزە.

هۆیەکی دیکەی سەرنەکەوتنی ئەو پلانە زمانییەی ئێران و لاوازبوونی زمانی نیشتیمانی لە ناسنامەسازیدا، ئەوەیە کە خوێندن لە ناوچە غەیری فارسەکان هەر بەتەنیا خوێندەوار بوون نییە، بەڵکو به‌ر له‌وه‌، فێربوونی زمانی دووەمیشە کە فارسییە. زمانی هەر نەتەوەیەکی غەیری فارس لە وڵاتی ئێراندا، تا ڕاده‌یەکی زۆر لە پەیوەستەیییەکی جوگرافی و زمانیدایە لەگەڵ دیالێکت و شێوەزاری تایبەت بە خۆیەوە لەناو ئەو وڵاتەدا. هاوکات، لە دەرەوەی سنوورە سیاسی و جوگرافییەکانی دەوڵەت_-نەتەوەی فارسی لەگەڵ جوگرافیای زمانی نەتەوەییی خۆیشی، هەمان پەیوەستەییی پاراستووە. وەک کوردی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، تورکی لەگەڵ ئازەربایجان و بەلووچی لەگەڵ پاکستان و عەرەبیش لەگەڵ عێراق. جگە لەوەیش، دانیشتووانی ئەو ناوچە نەتەوەیییە جیاوازانەی ئێران، بە ملیۆن قسەپێکەری خۆیان هەیە و قوتابیان لە دەره‌وەی سەعاتەکانی خوێندندا زمانی دایک، لە جیاتی زمانی فارسی، لەناو کۆمەڵ و خێزانی خۆیاندا بەکار دێنن.

هۆیەکی دیکەی سەرنەکەوتنی پلانی زمانی ئێران بۆ زاڵکردنی فارسی بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا، ئەوەیە کە کواڵیتیی فەزای خوێندنیش تەواو نییە. قوتابیان لەناو پۆلەکانی خوێندندا دەرفەتێکی کەمیان بۆ بەشداریکردن و کارلێککردنی زمانی (تعامل زبانی) بە زمانی فارسی هەیە، چونکە دەوڵەت نەیتوانیوە فەزای خوێندن لە ڕووی شوێنەوە بە جۆرێک دابین بکات کە ژمارەیەکی کەمی قوتابی لە پۆلێکدا بن و هەموویان دەرفەتی قسەکردنیان پێ بدرێ.  ئەمانە هەموو وا دەکەن پاڵنەری فێربوون و بەکارهێنانی زمانی فارسی لە هەموو پانتاکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ئەستەم بێت. کەواته‌، مەسەلەی زمانی نەتەوەکان لە ئێران، مەسەلەیەکی گرنگ و خاڵێکی بەهێزی گەورەکردنەوەی کەلێنی نەتەوەیییە لەو وڵاتەدا، کە بە گرێدانەوەی بە لایەنەکانی دیکەی مافی نەتەوەکان، مافی زمانی دەتوانێ خاڵێکی باشی پاشەکشەکردن بە سەرەڕۆیی لەو وڵاتە بێت. چ بۆ نەتەوە ژێردەستەکان و چ بۆ لایەنگرانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران.

جگە لەوانەیش، بەکارهێنان و فێرکردنی هەر زمانێک لەگەڵ مەسەلەی ناسنامە، نەتەوە و دەسەڵات لەپێوەنیدایە. دەگوترێ کە زمان تەنیا ئامرازی پێوەندی و گەیاندنی زانست نییە و، تایبەتمەندییەکی بنەڕەتیی ناسنامە و هێزی کەلتوورییە (داوری ئەردەکانی ، ١٣٨٨:٣٢). بە باوەڕی بۆردیۆ، نابێ زمان تەنیا وەک ئامرازی دامەزراندنی پێوەندیی تاوتوێ بکرێ، بەڵکو زمان پانتایییەکی سیاسییە کە تاکەکان لەو چوارچێوەیەدا بەدوای  مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی خۆیانەوەن. بابەتێکی دیكه‌ کە لە فێربوونی زماندا گرنگە، ئەوەیە کە مامۆستایان  و قوتابیان لە ڕووی سۆزداری و ئامرازییەوە، چ تێڕوانینێکیان بۆ زمانی دووەم یان ئەو زمانە هەیە کە بە زمانی فەرمی ناسراوە؟ پاڵنەرە کۆمەڵایەتییەکانیان تا چ ئاستێکە؟ ئەوەی پێوەندیی بە نەتەوەکانی کورد و بەلووچەوە هەبێ، بەشێکی بەرچاو و زۆرینەی ئەو نەتەوانە جگە لەوەی مافی زمانییان ڕەچاو نەکراوە، لە دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوەکانی هێز و بەشدارییان لە ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریشەوە هەڵاوێردراون و، ئەمەیش بەپێی ده‌ستووری کۆماری ئیسلامی و هەڵاواردنی سیسته‌ماتیکی دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی تری دەوڵەت، بەتایبەتی لە ئاستی پەروەردە و فێرکردن، لە بژاری مامۆستا، لەو ناوچانە کراوە. پابەندی و باوەڕ بە "ویلایەتی فەقیھ"، یەک لە بنەماکانی دامەزراندنی مامۆستایە و هەر جۆرە گومانکردنێک لەو بوارە، هیچ پێویست بە بەڵگە ناکات؛ لە لایەن لێژنەی بژاری مامۆستاوە دەتوانێ بە مانای ئەستێرەداربوونی مامۆستاکە (ئەو مامۆستا و قوتابییە دەرچووانەی خوێندنی باڵا کە لە سیستەمی بژاری مامۆستادا پەسند نەکرێن، ئەستێرە لەو کارت یان بەڵگەیەدەدرێ کە بەشدارییان پێکردووە، بۆیە لە خوێندنی باڵاو و پەروەردە بە ئەستێرەدار ناسراون، نەک هەر لە مامۆستایەتی، بەڵکو هیچ پیشەیەکی دەوڵەتییان پێنادرێ) و لە ئەنجامدا بێبەشکردنی بێت لەو پیشەیە.

لە وڵاتی ئێران تەشکیلاتێکی ناوەندی لە دایرەی پەروەردە و فێرکردن لە تاران هەیە کە  لقی لە پارێزگا، شار و شارۆچکەکانی دیکەی ئێرانیش هەیە و بە لیژنەی بژارکردن (هیأت گزینش) ناسراوە و یەکەی تایبەتی لە پەروەردەی ناوەندیی پارێزگا و شارەکانیش هەیە، بە "هستەی گزینش" ناسراون. ئەمانەن بڕیار دەدەن مامۆستایەک لە ڕووی سیاسی-و باوەڕمەندی بە سیستەمی ویلایەتی فەقیھ، شایانە یان نا. تەنانەت، ئەگەر باڵاترین پلەی زانستیشی لە تاقیکردنەوەی زانستی و سەرانسەری لە ئێرانیش هێنابێتەوە کە بە "کۆنکوڕ" ناسراوە.

لە زۆربەی شارە کوردییەکانی پارێزگای ورمێ، لەبەر باڵادەستبوونی تورکەکان، بەپێی بنەمای مەزهەبی و بەتایبەتی باڵادەستیی تەواو لە بەڕێوەبردنی لیژنەی بژاری مامۆستا، مامۆستایانی تورکزمان وانەی فارسی بە کوردزمان دەڵێنەوە، کە هەر لە بنەڕەتدا زمانی تورکی لە خێزانی زمانە ئێرانییەکانی وەک فارسی و کوردی نییە. ئەم پێداگرییە سیستیماتیکە لە پەراوێزخستنی نەتەوەی کورد، دەبێتە هۆی شکانی متمانەبەخۆییی ناسنامەی نەتەوەییی قوتابی و بە بێڕێزی، سووک سەیرکردن و پێشێلکاریی مافی زمانی لێک دەدرێتەوە. بۆیە دەتوانێ کاردانەوەکانی، تەواو پێچەوانەی ئەو پلانانە بێت کە دەسەڵاتی ناوەندی بۆ یەکسانکردن و تواندنەوەی ناسنامە و زمانی نەتەوەکە هەیەتی و بەرگریکردن و پێداگری لە پاراستنی ناسنامە و زمانیشی لێ بکەوێتەوە، کە لە خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد و ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگ لەوەپێشی شارە تورکەکاندا خۆی نواند. بەکورتی، سیاسەت و پلانی فێرکردنی زمان، بەتایبەتی زمانی نیشتیمانی/ فەرمی لە ئێران، بە شێوەیەکی سەپێنەرانەیە و مەرجە ژینگەیی، کەلتووری، نەتەوەیی و جۆراوجۆرییەکانی ڕەچاو نەکردووە و، لەگەڵ ڕەوتی پێوەندییە بەرفراوانە جیهانییە-تەکنۆلۆژییەکان و بەرجەستەبوونی ناسنامەخوازیی ئیتنیکیی نەتەوە جیاوازەکانی ناو ئێرانیشدا ناتەبایە. بۆیە پلانی زمانی نیشتیمانیش، بەردەوام وەک خودی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی ناسەقامگیریی و نامۆیی لەگەڵ کەلتوور و کۆمەڵگای ڕەسەنی شارستانییەتی نەتەوەکانی ئێران بەرەوڕووە. ڕاستییه‌كه‌ی، دەکرێ بڵێین ناسنامەی نیشتیمانی لە قەیرانێکی قووڵدایە. ئەوەی بە قەیرانی ناسنامە ناسراوە، لە ڕاستیدا بەشێکی سەرەکیی، لە قەیرانی زمانەکەوە هاتووە. زمان چوارچێوەی بوونە و، مرۆڤەکان لە گروپبەندیی زمانیی جیاوازدا بەو دەناسرێنەوە، پێناسە دەکرێن و ناسنامەکانیان لە ئەوانی دیکە جیا دەبێتەوە. هەر بۆیە، هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی زمان، هەوڵە بۆ قەیراناویکردنی دۆخی زمان ونەتەوەش، ئەنجامەکەیشی، قەیرانی ناسنامەی لێ دەکەوێتەوە.

بەرخۆدانی نەتەوەیی و ناسنامەخوازیی کورد لە ئێران

ڕەوتی پێکهاتنی ئەدەبی نوێی زمانی کوردی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، بە نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ، یەکپارچەییی خاک و دواکەوتووییی ئابووریی پارچەکانی کوردستانەوە گرێ درا بوو. هەر بۆیە لەو سەروبەندەدا، گەلی کورد کەوتە ژێر حوکمی سێ یاسای جیاوازی ڕێکخستنی مافی زمانی. لە بەشی کوردستانی ژێر حوکمی عێراق، زمانی کوردی لە ئاستی ناوچەییدا ڕێگەی پێ درا كه‌ لە خوێندن، قسەپێکردن و ڕۆژنامە و ڕادیۆ بەکار بێت. زمانیش بۆ ڕۆشنبیران و ئەدیبان ناوەندێکی بەرخۆدان بوو بۆ پاراستن و زیندووڕاگرتنی نەتەوەیەک. لە کوردستانی ژێر حوکمی ئێران، زمانی کوردی تایبەتمەندیی دیالێکتی ناوچەییی هەبوو، بەڵام شانسێکی زۆر کەمی هەبوو بۆ پێشکەوتن یان گەشەسەندن. مافی زمانی کوردی، سنووردار بوو. کتێب، گۆڤار و ڕۆژنامە، ناوە ناوە و تاک و تەرا، بە یەک لە دیالێکتەکان هەبوون. هونەری مۆدێرن لە کوردستان پێش نەکەوتبوو. خوێندن بە زمانی کوردی قەدەغە بوو. زمانی سیستەمی دادوەری و کارگێڕیی خۆجێیی، فارسی بوو. نیگەرانی لە یەکپارچەییی خاکی ئێران، بەردەوام کاربەدستانی باڵای ئێرانی نیگەران کردووە و نەتەوەخوازیی کوردیان  بەو پێکهاتە جوگرافییەی ٨%ی کۆی جوگرافیای ئێران کە لەگەڵ پارچەکانی دیکە لە پەیوەستەیییەکی جوگرافیدان، بە جیاوازیخوازی داناوە و وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ وڵاتەکەیان  لە باری ستراتیژیی سیاسی و گرنگیی ئابوورییەوە لەبەرچاو گرتووە. لەم هەلومەرجەدا،  زمانی کوردی تەقریبەن لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لا درا و  پێگەی فەرمی بە زمانی فارسی بەخشرا؛ واتە زمانی کوردی هیچ کات بۆ ژیانی سیاسی و ئاکادیمی بەگونجاو نەزانرا.

بە هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی لە ئێراندا، حکوومەت هەوڵی دا، وا بنوێنێ کە زمانی کوردی بەگشتی، شاعیرانە، گوندی و فۆلکلۆرییە و لەم ڕوانگەیەوە پشتگیریی لە جۆرێکی تایبەت لە فرەزمانی کردووە. بۆ نموونە لە کوردستان بە دانی ئیمتیازی فەرهەنگی وەک دامەزراندنی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی (ئینتیشاراتی سەلاحەدینی ئەیووبی)، گۆڤاری "سروە" و چەند گۆڤارێکی دیکە (ئاوێنە، ئامانج و..)، کە لە ناوەڕۆک و ستافی نووسەرانی، زۆر لە سروە جیاواز بوون، لە لایەک، زمانی کوردی تەنیا لە بوارە ئەدەبی و فۆلکلۆرییەکەیدا سنووردار بکات (بە شێوەیەک کە تەنیا ڕێگە بە بابەتە فەرهەنگی، ئەدەبییەکان بدا بە شێوەیەکی تەواو کۆنترۆڵکراو)، و لەلایەکی دیکەوە، نیگەرانییەکانی ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کورد و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشی لەمەڕ ڕەچاوکردنی مافی زمانی کەم کردبێتەوە. بەڵام لەڕاستیدا، مەبستی ئەوە بوو ئەو توێژە لەو هێزە سیاسییانەی هەوڵی مسۆگەرکردنی مافی نەتەوەیی کوردییان بەشێوەیەکی سیاسی دەدا، دوور بخاتەوە، یان هەر نەبێت ئەم بابەتە لە ئاستێکی فەرهەنگیی کاناڵیزەکراودا کۆنترۆڵ بکات. هەڵبەت ئەمە بەو مانایەیش نییە کە لە شیعر یان ئەدەبدا بەرگری نییە، یان لێرەیشدا ڕەوتەکە تەواو بەو ئاراستەیە ڕۆیشتووە کە دەسەڵاتی ناوەندی بە شێوەیەکی "هێژێمۆنی" مەبەستی بووە، چونکە هێژێمۆنیش بەرگری و مقاومەتی بەرامبەر دروست بووە و کورد و ئەدیبانی کورد تا ڕادەیەک ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، سیاسەتەکەیشی لەسەر زمانی کوردی و زمانی نەتەوەکانی دیکەیش، تەواو بێکاریگەری نەبووە. ئەم تەسککردنەوەی زمان، بەدوور لە پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی قسەپێکەرانی زمانەکە،  بووە هۆی ئەوەی کە فەرهەنگی زاراوەی کەم (بەتایبەتی لە ئاستی  زارەوە زانستی و تەکنیکییەکان)، کە لەسەر ڕەچەڵەکی فەرهەنگی کشتوکاڵی دامەزراوە، جیاوازییە ناوچەیییەکان، نفووزی بەهێزی زارە ناوچەیییەکان، یاسای ڕێزمانی نەمیو (نەنووسرانەوەی بە شێوەی ڕێزمانێکی ستاندارد)، ببنە تایبەتمەندیی ئێستای زمانی کوردی لەم سەدەیەدا.

دەکرێ بڵێین زمانی کوردیی ئێستا، تا ڕادەیەک باری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵی کوردی دەنوێنێتەوە. یەک لەوانە، بەگشتی، کشتوکاڵیبوونی ئەو کۆمەڵەیە: کوردی، زمانی جوتیار و وەرزێڕان و ژمارەیەکی کەمی ئەو ڕۆشنبیرانە بوو کە لە گوند و شارۆچکەکانەوە دەهاتن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان دەکرد. مامۆستا، هەندێک جار دکتۆر و پارێزەرەکان، بەگشتی توێژی کارمەند و مامناوەندی لە کوردستان، بەرەو بەفارسی قسەکردن چوو. واتە بەرەبەرە، بورژوازی و ڕۆشنبیرە پیشەیییە نوێیەکان لە پلانێکی درێژخایەنی پەراوێزخستنی زمانی دایکدا، تا ڕادەیەک لە زمانی دایک نامۆ و نەبان بوون و، ئەمە  نەک هەر بووە هۆی بە ناپێویست سەیرکردنی زمانی کوردی لە پێویستییە پیشەیییەکاندا، بەڵکو بووە هۆی نەبوونی پشتگیریی ئابووری بۆ پێشخستنی کەلتووری نەتەوەییش. لەبەر کۆسپە ئیداری و کارگێڕی و سیاسییەکان، کە بۆ پێوەندیی نێوان ناوچە و پارێزگاکان لە پەیوەستەیی جوگرافیای زمانی کوردیدا دروست کراوە،  پێشکەوتنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجددی تووشی کێشە بووە. زمانی کوردی، بەپێی تایبەتمەندیی دابەشکردنی ئیداری، بە بیانووی زار و شێوەزاری جیاوازەوە، هەر بە چەند سەعات هەواڵ و بەرنامەی سیاسیی دەوڵەت کورت کرایەوە.

باری سیاسەتی زمانی، لە پێوەندی لەگەڵ زمانی کوردی لە ئێراندا

چەند خاڵێک هەیە کە بۆ باری سیاسەتی زمانی لە کوردستان، گرنگن. یەکەم، بە شێوەیەکی سەرەکی جیاوازییە زمانییەکان (نەک ئایینی، ئیتنیکی و تەنانەت کەلتووری)، زەمینەکانی ململانێی سیاسی پێک دێنن. تا ئێستا جیاوازییە ئایینییەکان دەورێکی پەراوێزییان لە ململانێکاندا گێڕاوە، ئەوەیش تەنیا لایەنی ئایینی هەبووە. لەم دەوروبەرەدا مەسەلەی زمان زۆر بنگەیییە. بۆ ڕۆشنبیرە نەتەوەیییە کوردەکان، زمان، لە خەبات بە دژی دەسەڵاتدارانی ئێراندا جەختی سەرەکیی له‌سه‌ر کرایەوە. هەر بۆیە زۆر سەیر نەبوو و نییە، کە نەتەوەی کورد بە هەوڵی بەردەوامی بیرۆکەی بەرگری لە زمان، وەک بەرگری لە مان و بوونی نەتەوەیی دابنێ.

خاڵی دووەم، کە پێوەندی بە ڕۆشنبیر و کۆمەڵناسەکانی نەتەوەی سەردەستی ئێرانەوە هەیە و پێچەوانەی یەکەم دێتە بەرچاو، ئەوەیە کە ئەوە زمان نییە کە ململانێکان دروست دەکات، بەڵکو تەواو پێچەوانە، ئەوە نوخبە و ڕۆشنبیرەکان و هێزە سیاسییە جۆراوجۆرەکانن ئەو جیاوازییانە بەرهەم دێنن و پێگەی گرووپە زمانییەکان ڕێک دەخەن. بە بۆچوونی ئەمان، کێشەی زمانی بەسیاسی کراوە؛ نەک لەبەر زەروورەتی کێشەکان، بەڵکو لەبەر گوێزانەوەی پرۆسەکانی پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی تەواوی زمانی کەمینەکانە لە لایەن ڕژێمی "شا"وە، بە مەنتقی تایبەتی خۆیان. یەک لەم ڕەگەزانەی ئەم لۆژیکە، گەورەبوونەوەی کەلێنی نێوان نوخبە و کۆمەڵانی خەڵک و نامۆبوونی خەڵکە لە ژیانی سیاسی.

ئەم توێژە، کە ڕاستییه‌كه‌ی، هاوکات بە توێژی نوخبەی فەرمانڕەوا ناسراوە، پێی وایە گەشەپێدانی زیاتری زمانی نیشتیمانی (فارسی) ڕێگاخۆشکه‌رە بۆ ئامانجە ئابووری– سیاسییەکان و چەسپاندنی ناسنامەی نیشتمانی. بۆ خۆڕزگارکردن لە قەیرانی زمان، لەپاڵ بەکارهێنانی دەسەڵآتی ڕەمزییەوە، هەوڵی بەکارهێنانی هێزیش دەدا بۆ چەسپاندنی ئەم زمانە. کەواتە زمان لێرەدا لە ڕونگەیەکی ئامرازییانەوە سەیر دەکرێ و دەکرێتە وەسیلە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی دەوڵەتی، بێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئیتنیکییەکان. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زمان لە ڕوی مێژوویییەوە، بەهێزترین ئاڵقەی پەیوەندیی نێوان بوارە تایبەتی و گشتییەکانی ڕابردوو و داهاتووی نەتەوەیەکە.

بنیاتنانی ناسنامە لە پلان و سیاسەتی زماندا

لە باسی سیاسه‌تی زماندا، زۆر ئەسته‌مە دووری بکرێ لە ناسینی  پێگەی گرووپێک یان چەند گرووپێک، کە لە ڕووی مێژوویی و ئێستایییه‌وه‌ بەشێوەی ئاسایی بەرچاون. واتە لە گوتاری سیاسیی هەردوو لایەندا پرۆسەی بنیاتنانی "ئەوی تر" وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ پێکهاتنی ناسنامەی تایبەتی خۆی دادەنرێ.

وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا بەردەوام لەگەڵ کێشەی ئیتنی و فرەییی کەلتووریدا بەرەوڕوون. هەبوونی بەردەوامی ڕکابەری و ململانێی گرووپە ئیتنی و کەلتوورییەکان لەم وڵاتانەدا، بەگشتی بەو واتایەیە کە چەسپان و سەقامگیریی نیشتیمانی، پێویستیی بە پەروەردەکردنێکی نوێی ناسنامەی نەتەوەییی نوێ هەیە. ئەم سەقامگیرییە، یان دەکرێ هەر لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هێز و دەسەڵاتێکی سەرکوتکەری نادیموکراتیک، وەک لە سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا باو بووە، نەتەوەیەک بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بکرێ و کۆی چالاکییە ئیتنییەکان لە پاوانی ئیتنیکی زاڵدا بێت و بەردەوام لە ڕێگای پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ناسنامەی ئیتنی/کەلتووریی نەتەوەی فەرمانڕەوادا، بە سەپاندنیشی بەسەر گرووپە کەمدەسەڵات یان بێدەسەڵاتەکاندا هەوڵی سەقامگیرکردنی دەوڵەتی فەرمانڕەوا بدرێ و، یان لە ڕێگای گەشەپێدانی ناسنامەیەکی ئەخلاقیی بەرزەوە لەگەڵ گرووپە ئیتنییە جۆراوجۆرەکاندا بەشێوەی یەکسان ڕەفتار بکرێ. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، وا پێشبینی دەکرێ کە سەرهەڵدانی ناسنامەیەکی نوێی نەتەوەیی، بەشێوەیەکی خۆڕسک و سروشتی نییە.

 چارە، پلۆرالیزمی کەلتووری و زمانییە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە پەسند بکرێت و لە لایەن زۆرینەوه‌ وەک بژاردەیه‌کی ڕێبەریکردنی سیاسی لە کۆمەڵە فرە ئیتنییەکاندا بەکار بێت. بەپێی بۆچوونی ستیوارت (١٩٦٨:٥٤٠)، سیاسه‌تی پلاندانانی زمانی دەوڵەتە نوێیەکان بەگشتی، پەیڕەوکردنی دوو ستراتیژی دەبێت: ١. لادانی یەکجاریی هەموو زمانەکان، جگە لە یەک زمان، كه‌ لە ڕێگای پەروەردە، یان بە فەرمان، وەک زمانی نەتەوەیی دەمێنێتەوە؛ ٢. بەفەرمیناسین (دانپێدانان) و پاراستنی زمانە گرنگەکان، بۆ مەبەستی فەرمی و بۆ پێوەندیکردن لە ڕێگای سنوورە زمانییەکانی ناو [دەوڵەت] نەتەوەکەدا.

بەم پێیە، لە دەوڵەتی ئەوتۆدا، سیاسەتی زمان، دەبێ بەتەواوی لەسەر تێبینییە ئەرکییەکان دامەزرابێت:

بەم واتایە کە، لە بژارکردنی زمانەکاندا بۆ مەبەستی جۆراوجۆر، دەسەڵاتە ناوەندییەکان دەبێ لە خەمی چۆنێتیی پێوەندییەکان لە دوومەسەلەدایە: ١. بۆ چەسپاندن و ئاسانکردنی پێوەندییەکان، دامەزراوە  ئابووری_کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بۆ جێبەجێکردنێکی کاریگەر و یەکسان بۆ دابینکردنی پێویستی و بەرژەوەندییەکانی جەماوەر چۆن توانا دەکات و ؛٢. چۆن بۆ دڵنیابوون لە گرووپی جیای ناو کۆمەڵگا. دەستڕاگەیشتنی یەکسان بە سیستەمەکە و دەرفەتی بەشدارییان تێیدا ڕێکدەخات (کێلمان، ١٩٧١:٤٠). لەبابەت خاڵی یەکەمدا، ئێستاش خەڵکی نەخوێندەواری ناوچە ئیتنیکییەکان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بە زمانی فەرمی لەگەڵ دایرەکانی دەوڵەت کێشەیان هەیە و زۆرجار پێویستییان بە دیلمانج هەیە. لەبابەت خاڵی دووەمدا، بناغەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئایدۆلۆژیایەک دامەزراوە کە بەئاشکرا لە یاساکانیدا و بە بەکارهێنانی خراپی دەسەڵات نەتەوە، ئایین، ڕگەز و کەسایەتی جۆراوجۆری لە دەستڕاگەیشتنی ئاسان و یەکسان بە سەرچاوەکانی هێز و دەسەڵات بێبەش کردووە. کەواتە خۆی ڕەوایەتیی نیشتمانی و سەرانسەری نییە لەبەر ئەم سیاسەتە جیاوازیدانەرانەی.

ئەنجامی سیاسەتی تاکزمانی بۆ دەوڵەت_نەتەوەسازی

گۆڕان لە چۆنێتیی بەکارهێنانی زماندا، بێشک گۆڕانی شێوەی پێکهاتن و دەرخستنی ناسنامەی تاکی و کۆمەڵایەتیشی لەگەڵ بووە. "ئێمە لە ڕێگای گۆڕانی زمانەوە، بوونی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کۆمەڵایەتیی خۆمان دروست دەکەین و دەری دەخەین کە کێین و کێ نین و نامانەوێ کێ بین" (لیپی گرین، ١٩٩٧:٦٣). سیستەمی پەروەردەیی و بەتایبەتی پەروەردە و فێرکردنی دەوڵەتان، سەرەکیترین دەزگایە هەوڵی دەروونیکردنی بەها ئایدۆلۆژییەکان و دەسەڵاتی زاڵ بەسەر کۆمه‌ڵدا دەدات.  لە وڵاتی ئێران، سەرەڕای سەپاندنی زمانی فارسی بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا وەک زمانی فەرمی و پێوەر، بەپێی توێژینەوە ئه‌کادیمییەکان، لە هه‌ندێک ناوچەی ئێران و یەک لەوانە لە ئەردەبیل، زمانی فارسی لە نێوان پێکهێنەکانی ناسنامەی نیشتیمانی، لە نێو مامۆستایان و قوتابیانی "ئەردەبیڵ"دا پێگەیەکی ئەوتۆی نییە. بە پێچەوانەوه‌، مەیلیان بۆ زمانی دایک، کە تورکیی ئازەرییە زۆر زیاترە. بە جۆرێک کە تەنیا ١١%ی کۆی مامۆستایانی ئەو پارێزگایە، تەنیا زمانی فارسی بەکار دێنن، ٢٦% بە هەردوو زمانەکە و ٥/٦٢%یان  تەنیا بە زمانی تورکی لەناو پۆلەکانیان دەدوێن (بهلول علایی، پایان نامە کارشناسی ارشد ١٣٨٣).

زمان، ئامرازی ئافراندن و پاراستنی پێوەندییە نێوان کەسییەکان، توێژە کۆمەڵایەتییەکان و ناسنامەی تاکەکەسییە. لە سەرانسەری جیهاندا، لە فەره‌نساوە تا هۆنگ کۆنگ و مالیزی و کێنیا، خەڵک بزووتنەوەی وایان بەڕێ خستووە کە لە بەرانبەر تەوژمی هەمه‌لایەنەی زمانی ئینگلیزیدا، بەرگری لە زمانی نەتەوەییی خۆیان بکەن (وارشوار، ٢٠٠٣: ٣). بە بۆچوونی کاستل (١٩٩٧)، لە دنیای ئەمڕۆدا، کە لەبەر بەجیهانیکردن و دەسەڵاتی ئامرازەکانی پێوەندیی گشتی، یەکسانسازیی کەلتووری ڕوو دەدات، ئیتر نەتەوەخوازی ناتوانێت لە بەرانبەر هەڕەشەکانی سەر ناسنامە، تەنیا کاردانەوە بێت. کەواتە زمان، کە ئامرازی ڕاستەوخۆی دەربڕینی کەلتوورەکانە، تەنیا سەنگەری بەرخۆدانی کەلتووری و بەرگرییه‌ لە بنەما ناسنامەیییەکاندا.

بەکورتی، جگە لە هۆکارە پێکهاتەیییەکانی ناجێگیریی پلان و سیاسەتی زمانی لە ئێران، مەسەلەی جیهانگیری، گەشەکردنی بزووتنەوە نەتەوەیییەکانی لە وڵاتە فرەنەتەوەکان بەهێز کردووە کە زمان لە بزواندنیاندا دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ. ئاستی زاڵبوونی دەوڵەت–نەتەوەکانی لاواز کردووە. پێوەندییەکانی نەتەوە پەراوێزخراو و بندەستەکانی لەگەڵ دەرەوەی سنووری دەوڵەت_نەتەوەکان بەرفراوانتر کردووە. هەر وەک بێندیکت ئەندێڕسۆن لە کتێبی "کۆمەڵە خەیاڵییەکان"دا دەڵێ: '' لە سەرەتادا  نەتەوە لە زماندا و نەک لە خوێندا دەرکەوت".

زمان دەتوانێ دەورێکی سەرەکیی لە زیندووهێشتنەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نەتەوە پەراوێزخراوەکاندا هەبێ. هەر ئەم بزووتنەوە نەتەوەیییانەیش کەلێنی هەمیشەیی و موزمینی سیستەمی ناجێگیری دەوڵەت_نەتەوە دەپارێزن. ئەوەی کە بۆ زمانی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان کورد، گرنگە، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زمان و جوگرافیایان لە پەیوەستەیییەکی جوگرافیدایە. هەر ئەمانەیش لە پێکهێنە سەرەکییەکانی نەتەوەن.  نەتەوەی کورد، لە هەموو ئاڵوگۆڕە سیاسی- جوگرافییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە سەد ساڵی ڕابردوودا پوتانسیەلی بەهێزی پەیوەندیی جوگرافی و مرۆیی بۆ سەلماندنی ناسنامەی خۆی و بە چالش کێشانی ناسنامەی دەوڵەت_نەتەوەکان (ئەوانی تری فارس، تورک، عەرەب) بەکار هێناوە. بە جۆرێک، کە بەبێ چارەسەرێکی بنەڕەتیی پرسی کورد، کە مافەکانی گەلی کوردی بەتەواوی تێدا ڕەچاو کرابێ، هیچ دەوڵەتێکی نەتەوەیی ناتوانێ لە سەقامگیریی نیشتیمانی و دەوڵه‌تیی خۆی دڵنیا بێت.