تیرۆریزم، شەڕی دەروونی و ڕاگەیاندن

وشەی تیرۆر، لەمێژە باس و لێدوانی لەبارەوە دەکرێت و، هەر گرووپ یان دەوڵەتێک بە چەشنێک کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بەرژەوەندییەکانی ئەوەوە هەبێت، باسی لێوە دەکات. "واڵتێر کۆئێر" مامۆستای زانستگە لە واشنگتۆن لەسەر ئەو بڕوایەیە، کە "تیرۆریزم، زیاتر لە سەد مانای هەیە." بەڵام ئەوەی کە زۆربەی کارناسان لەسەری ڕێک کەوتوون، واتایەکی کورت و گشتییە و، تیرۆر بریتییە لە "ترساندن، تۆقاندن و تێکدان." دیارە ئەمه‌یش دەتوانێت هەم تاکتیک بێت هەمیش ستراتیژی. ئەوەی کە پەیوەندیی بە گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستەکانەوە هەبێت، بە دووسەرە کەڵکی لێ وەردەگرن. بۆ نموونە، ئەلقاعیده‌ و دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەپێی بنەما هزرییەکانیان، تیرۆریان بۆ قۆناغێکی گەلێک ترسناک گواستۆتەوە. تیرۆر، بۆ ئەوان تەنیا تاکتیک نییە کە بەکاری بێنن تا بگه‌نه‌ دەسەڵات، بەڵکوو لە کاتی گەییشتن بە دەسەڵاتیشدا هەر سوودی لێ وەردەگرن.

لە سەردەمی ئەلقاعیدەوە تا دەگاتە دەوڵەتی ئیسلامی، تا ڕاددەیەک تیرۆر جیاوازتر بووە. هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەلقاعیده‌ خاوەنی زەوی نەبوو بۆ "حوکمڕانی"، لەبەر ئەوە، تەنیا تیرۆری بەکار دێنا. بەڵام داعش، هەر لە دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر بەشێک لە خاکی عێراق و سووریادا گرت و، لەوانەیە لە داهاتوویشدا بەشێک لە خاکی لیبیا داگیر بکات، جەنگ و تیرۆری تێکەڵ بە یەک کردووە.

لە ڕابردوودا، تیرۆر زیاتر ڕووی لە تاکەکان بوو. کارناسانی کاروباری تیرۆریزم، سەر بە بەرەی ڕۆژاوا، ئاماژەیان بە هێزە کۆمۆنیستەکان دەدا کە تیرۆری ئەوان ڕووی لە حوکمڕانە سەرمایەدارەکان بوو. ئەوان زۆر بە سه‌رنجەوە باسیان لە هێزە کۆمۆنیستەکان دەکرد. بۆ نموونە، نووسین و کردەوەکانی کارلۆسی بڕازیلی، کەرەسەی خاویان بوو، بۆ باسکردن لە "چەشن"ێک تیرۆر. "کارلۆس ماریگاڵڵا ) ١٩١١-١٩٦٩ ("، ماركسیستی بڕازیلی، لە نامیلکەی شەڕی پارتیزانیی شاردا باسی لە "ڕفاندنی کەسایەتییەکان، تێکدان و هێرش بۆ سەر شەمەندەفەر دەکرد، کە ئەو کارانە بۆ شۆڕشگێڕان دەبنە جێی سەرنجی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و، ئەوەیش خزمەت بە شۆڕش دەکات." کارناسانی بەرەی "سۆسیالیزمی سۆڤیەتی"یش ئاماژەیان بە گرووپی مەرگ و حکوومەتەکانی ئەمریکای لاتین دەدا، کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانییان لێ دەکرا.

ئەلقاعیدە و داعش، هەر لەسەر بنەمای " ترساندن، تۆقاندن و تێکدان" تیرۆریان بۆ قۆناغێکی بەرین گواستەوە و، لە تیرۆری تاکەوە ڕوویان لە تیرۆری بەکۆمەڵی خەڵک کردووە، بەڵام بەو جیاوازییەوە، کە تیرۆریان‌ بە ڕێگەی خۆتەقێنەران، هەروەها بە شێوازی سەدەكانی ناوەڕاستەوە (دەستبڕین، ملپەڕاندن و سووتاندن) لەسەر شەقامەکان و لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا ئەنجامی دەدەن.

ئەگەر لە پەنجاکان و شه‌ستەکانی سەدەی ڕابردوودا، تیرۆری تاک، ڕووی لە پیاوانی حوکمڕان بوو و تیرۆریستان کەرەسەی ڕاگەیاندنیشیان لەبەردەستدا نەبوو، بەڵام ئامرازی ڕاگەیاندنی ڕەسمی، دەنگوباسی تیرۆری ئەوانی دەگواستەوە. لەم سەردەمەدا، ئینتێرنێت و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەشێک لە کەرەسەی تیرۆریستان و، تەنانەت بەشێک لە کاری ڕێکخستن و پەیوەندیکردنیشی پێ ئەنجام دەدەن. دورووتی دێنینگ دەڵێت: "تیرۆریستان بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە، بەڕێوەبەرایەتی و ڕێکخستنی هزرییش دەکەن."

بەشێک لە کارناسانی کاروباری تیرۆریزم لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون، کە تیرۆریزم تەنیا پەیوەندیی بە ترساندن و تۆقاندن یان تێکدانەوە نییە، بەڵکوو پانتاییی ڕاگەیاندنەکانیشی داگیر کردووە. ئەوان ئاماژە بە چوار خاڵ دەدەن، کە بۆتە بنەمای کاری تیرۆریستەکان لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتیدا. پەیامنێر (تیرۆریست)، پەیاموەرگر (گرووپی مەبەست)، پەیام (تەقاندنەوە، تیرۆر، ملپەڕاندن، سووتاندنی نەیاران و دەستپەڕاندن) و کاردانەوەی پەیاموەرگران (ئامانج). داعش بەپێی ئەوەی کە خۆی دەستی بە کەرەسە نوێیەکانی ڕاگەیاندن دەگات، "پەیام"ەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە. هۆکارەکەیشی ڕێک ئەوەیە، کە "ترس و تۆقاندن" بخاتە نێو دڵی هاووڵاتیان و ئەو هێزانەوە کە لە مەیدانی جەنگدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.

ئەزموونی ئەو ماوەیەیش ئەوەی نیشان دا، کە ژمارەیەک لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێك له‌ جۆره‌كان، کاریان گواستنەوەی "پەیام"ەکانی داعش بوو. هەندێک، بە پیشاندانی وێنەی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە لە دەرەوەڕا ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، هەندێکیش بە بڵاوکردنەوەی زانیاری (وێنە)، لە بەرە و مەتەرێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە ڕیگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە، دەورێکی خراپیان گێڕا. هەندێکیش بە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانەی کە داعش (دەوڵەتی ئیسلامی) بە ئاڵای ڕەشیانەوە سەری دیلەکانیان دەبڕی، پەیامی داعشیان دەستاودەست دەکرد.

ئه‌م كێشه‌یه‌ی كه‌ ئه‌وانی تووشی هه‌ڵه‌ كردووه‌، بۆ دوو شت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌: نه‌بوونی زانیاری و بێئاگاییی ڕاگه‌یاندنه‌كان له‌ بواری جه‌نگ و ده‌روونناسیی تیرۆره‌وه‌، ئه‌وه‌ی تریش نه‌بوونی كارناس له‌م بواره‌دا. بەشێکی دیکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەییشتنی ڕوانگەی ئامرازی (Instrumentalism)ی ئەوان بۆ ڕاگەیاندن، کە گۆیا کاریان "تەنیا" بڵاوکردنەوەی زانیارییە. ئەمەیش ڕێک پەیوەندیی بە پراگماتیزمی ڕاگەیاندنەوە هەیە، بۆ ئەوەی زۆرترین بینەر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.

ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، بەر لە بڵاوکردنەوەی هەر دەنگوباسێک و ڕاپۆرتێک، دەبێ بیر لە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی بکاتەوە، کە بڵاوکردنەوەی ئەو چەشنە وێنە و ڕاپۆرتانە چ کارتێکەرییەکی لەسەر گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دەبێت و، چەنده‌یش "یارمەتی"ی گەیاندنی "پەیام"ەکانی داعش دەدات و چەندەیش زانیاری سەبارەت بە پێشمەرگە دەدرکێنن. ڕاگەیاندنەکان، دەبێ بەباشی ئاگاداری دەروونناسیی تیرۆریزم بن، کە چۆن بە ڕێگەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە پەیامەکانیان ڕەوانە دەکەن.

جەنگ بە دژی داعش تەنیا بەرەی پێکدادانی سوپایی ناگرێتەوە، بەڵکوو پێویستە لە مەیدانی میدیاییشدا، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا و بەرەیەکی جددی بە دژی ئەوانەوە بکرێتەوە و بەر بە پروپاگەندە و پەیامەکانی ئەوان بگیرێ و دەبێ زۆر بە لێهاتوویی و وریایییەوە دەنگوباسی بەرەی شەڕ و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاو بکەنەوە. جەنگ بە سیاسەتێکی چڕ و تۆکمەوە بەڕێوە دەچێت. دەبێ ڕاگەیاندنەکانیش بەباشی ئەوە بزانن کە چارەنووسی وڵات بەو جەنگەوە بەندە.