فۆبیاى کۆمەڵایەتى چییەو چۆن ڕووبەڕووى ببینەوە؟

زنجیرەى حەوتەم

"فۆبیاى کۆمەڵایەتى –" SOCIAL PHOBIA  زاراوەیەکى زانستییە، بە شێوەیەکى ڕەها لە دیوى ناوەوەى کەسایەتیى هەموو تاکێکدا خۆى شاردۆتەوە، بەڵام بە شێوەیەکى ڕێژەیى، زۆر یان کەم، ئاشکرا یاخود نائاشکرا، هیچ کەس خاڵى نییە لە فۆبیا.

فۆبیا، دروست بە ماناى "ترسێکى بەهێز" دێت لەناو دەروونى کەسایەتیى تاکدا. ئەم جۆرە ترسە بەهێزە، لە ساتەوەختى ڕووبەرووبوونەوە و گردبوونەوەیەک یان لە بەرامبەر کۆبوونەوەیەکى گشتى، یان بۆنە و یادێکى تایبەتى یاخود لە کاتى ڕووبەڕووبونەوەى میدیایى و کامێراى تەلەڤزیۆنیدا خۆى ئاشکرا دەکات؛ واتا زیاتر لەو کاتەدا خۆى ئاشکرا دەکات کە تاک بە شێوەى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ڕووبەرووى کۆمەڵێک لە خەڵک دەبێتەوە، هەر بۆیەیشە ناوى لێ نراوە "فۆبیاى کۆمەڵایەتى".

 ئەم ترسە گەورەیەیش، ڕاستەوخۆ پەیوەندیى بە تۆقینێکى نائەقڵانیى تاکه‌وه‌ هەیە لە چۆنیەتیى کاردانەوە و هەڵسەنگاندنى ئەو کۆمەڵە خەڵکەى گوێى لێ دەگرن و تێکڕا چاویان بڕیوەتە ناو چاوى. بۆیە، کاتێک فەرمووى لێ دەکەن تا بێت لە بەرامبەر کۆمەڵێک خەڵکدا قسە بکا، ئەم ترسە گەورەیە دەبێتە بەربەستێکى بەهێز و ڕێگەى لێ دەگرێ و، ناهێڵێ ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەى لە بوارێکدا کەڵەکەى کردووە، ئەو توانا و لێهاتوویییەى لە بنەڕەتدا هەیەتى، نیشانى ئەو کەسانەى بدات کە لە بەرامبەریدا دانیشتوون. چونکە، بەبێ ویستى خۆى لەوە دەتۆقێ كه‌ ئەو کەسانە وێنەیەکى نێگەتیڤ لەسەر کەسایەتى دروست بکەن و، بە جۆرێک کەسایەتیى پێ بشکێ کە نەتوانێ لە ئاییندەدا قەرەبووى بکاتەوە.

ڕاستییه‌كه‌یش، بیرمان نەچێ "فۆبیا" لە ناوەڕۆکدا جیاوازە لە "شەرم"؛ چونکە زانایانى دەرونشیکارى پێیان وایە "شەرم" بەشێکە لە دەروونى مرۆڤ و وەک خەسڵەتێکى ئاسایى و سروشتى، خوێندنەوەى بۆ دەکەن، بەڵام "فۆبیا" وەک نەخۆشى ناسێنراوە و، وەک حاڵەتێکى نائاسایى شی کراوەتەوە، چونکە ئەگەرى پەرچەکردارى نێگەتیڤى لێ دەکرێ.

 

ئایا ئاماژەکانى فۆبیاى کۆمەڵایەتى، زێدەتر لە کێدا دەردەکەوێ؟

ئەو تیۆرییانەى کە شیکارى ڕەفتار و دەروونى بۆ کەسایەتیى تاک دەکەن، پێیان وایە جگە لەوەى فۆبیاى کۆمەڵایەتى پەیوەندیى بە "بۆماوەیی"یەوە هەیە و جۆر و کەمى و زۆریى جیناتەکان لە باوک و دایکدا، وا دەکات گەراى ئەم جیناتانە لە منداڵ و نەوەکانى دواى خۆیشیان بمێنێتەوە، ئەگەر لێکۆڵینەوە لە دیوى ناوەوەى کەسایەتیى باوک و دایکیشدا بکەین دەردەکەوێ کە ئەوانیش هەمان جیناتیان لە نەوەکانى پێش خۆیان وەرگرتووە و بۆیان ماوەتەوە. لە دیوێکى دیکەیشەوە، وا ڕوونى دەکەنەوە کە ئەوە "ژینگەى کۆمەڵایەتى"یشە وامان لێ دەکات کەسایەتییەکى تۆقیومان لێ بەرهەم بێت. بەشێکیان بە "نەخۆشیى دەروونى"یش ناوى دەهێنن. جا لەبەر ئەوەى سیستەمە سیاسییەکان و سیستەمى دامەزراوە پەروەردەیییەکان و ئاراستەى ئۆرگانەکانى کۆمەڵى مەدەنى و فۆرمى بایەخدان بە پرەنسیپەکانى پەرەپێدانى مرۆیى، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکى دیکە مەوداى جیاوازییەکانیان زۆر لە یەکترەوە دوورە، دەبینین فۆبیاى کۆمەڵایەتى، وەک دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى، زیاتر لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا تاکەکان پێوەى گیرۆدە بوون و ئاماژەکانیان تێدا دەردەکەوێت. کۆمەڵگەى کوردییش لەم نەخۆشییە دەروونییە درێژخایەنە بەدەر نییە.

 توێژینەوە زانستییەکان پێیان وایە هەر کاتێک ئەم سێ ئاماژەیە لە کەسایەتیى هەر تاکێکدا دەرکەوت، ئەوا ئاستى فۆبیاى کۆمەڵایەتی لە دیوى ناوەوەى کەسایەتییەکەیدا بەرزە:

ئاماژەى یەکەم/ ئاماژە جەستەیییەکان:

کاتێک کە تاک لە کاتى خوێندنەوەى وتار و دیمانەى میدیایى و کۆبوونەوەیەکى کۆمەڵایەتى و سیاسى و هەر ڕووبەرووبوونەوەیەکدا، دڵى بەخێرایى لێ بدا و دەستەکانى بکەوێتە لەرزین و ئارەقەیەکى لەناکاوى دەرکرد و قوڕگى وشک بوو و  زوو زوو ئاوى خواردەوە و بەخێرایى یاریى بە پەنجەکانى کرد، ئەوا ئاستى فۆبیاى کۆمەڵایەتیى بەرزە و پێوستیى بە چارەسەر هەیە. دواتریش، چارەسەرییەکان دەخەینە ڕوو.

ئاماژەى دووەم/ ئاماژە ڕەفتارییەکان:

دەنگلەرزین و کورتکردنەوەى قسەکانى کەسایەتیى قسەکەر لە بەرامبەر کۆمەڵێک کەسى نەناسراو، هەروەها هەستکردن بە خۆبەکەمزانین لە کاتى دانیشتن و سەرلەقاندن و خۆبچووککردنەوەیەکى ناسروشتى و چەندین ئاماژەى دیکە، ئاماژەیەکى ڕوونن بۆ بەرزیى ئاستى فۆبیاى کۆمەڵایەتى.

ئاماژەى سێیەم/ هەڵچوونى ناوەکى:

دواى سەرنەکەوتن و کۆتاییهاتنى ڕووبەڕووبوونەوەکە، کەسایەتیى گیرۆدە بە فۆبیاى کۆمەڵایەتى، سەرکۆنەى خۆى لە ناوەوەى خۆیدا دەکات و هەست بە شەرمەزرابوون و شکانى شکۆى کەسایەتیى خۆى دەکات و، لەوێیشەوە هێواش هێواش لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان دوور دەکەوێتەوە و، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى کاڵ دەکاتەوە.

لە ڕاستیشدا، کۆمەڵگەى کوردى لەڕێگەى دامەزراوەکانى و لەژێر ناوى پارێزگاریکردنى کەلتوورەکەیەوە، تاکەکانى خۆى لە ژینگەيەکى وەها خواروخێچ وناتەندروستدا گیرۆدە کردووە، ئەستەمە بتوانرێ دووبارە کەسایەتیى نەوەکانى رابردوو لە ژینەگەیەکى دیکەى تەندروستدا بینا بکرێنەوە، دەکرێ ڕۆڵى ئەم ژینگە ناتەندروست و نێگەتیڤە وردتر لەچەند خالێكدا شیکردنەوەى بۆ بکەین:

-     پەروەردەیەکى تۆقێنەر:

سه‌رنج بدەن، کامە دامەزراوەى پەروەردەیی لە کوردستاندا هەبووە، زەمینەى خۆش کردبێ بۆ ئەوەى کەسایەتیى ناو دامەزراوەکان وا لێ بکا متمانەیان بە خۆیان و تواناکانى خۆیان بەهێز بێ و شەرمیان بشکێنن و ئاستى ترسى ڕووبەڕووبونەوەى جەماوەرییان لا کەم بکەنەوە، تا لەسەر پێى خۆیان بوەستن؟ کامە دەمەزراوەمان هەبووە، بە بەرنامە، کارى لەسەر شکاندنى شکۆ و کەسایەتیى تاکەکانى نەکردبێ؟  ئێمە هەموومان لە خێزانێکدا گەورە بووین، لەو ڕۆژەوەى سەرپێ کەوتووین لە لایەن گەورەکانەوە تەریق کراوینەتەوە و شکێنراوینەتەوە. بۆمان نەبووە قسە لە قسەى گەورەکانماندا بکەین. ڕێگەمان پێ نەدراوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەى گەورەکانماندا قسە بکەین، پێ بکەنین، بەئازادى دابنیشین و پرسیار لە حاڵەتە گوماناوییەکان بکەین.

تۆقێنەرترین دامەزراوە لە کۆمەڵگەى کوردیدا قوتابخانەکانمانن. کاممان شێوە و ڕوخسارى ئەو مامۆستایانەمان لەبیر دەچێتەوە کە بە دارى حەیزەرانى دەستیان، ڕۆژ نەبوو بەرى دەست و پشتى دەستمان سوور و شین نەکەنەوە؟ کێ هەیە سەدان جار لەسەر ڕوومەتەکانى، پەنجەکانى شەققازللەى مامۆستایەکانى دەرنەچووبێتەوە؟ کێمان هەیە سەدان جار لەناو سەنتەرى فێرکردن و پەروەردەوە جنێوباران نەکرابێ و سووکایەتى بە خۆى و خێزانەکەیشی نەکرابێ و کەرامەتى نەخرابێتە ناو زبڵدانەوە، بەبێ ئەوەى جورئەتیشمان هەبووبێ خێزانەکانمانى لێ ئاگادار بکەینەوە؟! کاممان هەیە بەسەر دیوارى قۆتابخانەکانەوە خۆى نەدزیبێتەوە و ڕای نەکردبێ؟ ئاخر پەروەردەیەکى ئاوا کەرامەتشکێن و داپڵۆسێنەر، کەسایەتییەکانى بە زه‌برى ئەشکەنجە و سووکایەتیپێکردن بەرهەم بهێنێ، دەکرێ چ چاوەڕوانییەکمان لە ئاییندەى تاکەکانى ئەمڕۆیدا هەبێ؟! بۆ دەبێ گلەیى لەم هەموو توڕەیی و زووهەڵچوونەى ئەم نەوەیەى دوێنێ و ئەمڕۆمان بكه‌ین، کە لە بچووکترین کردەیەکەوە لە ڕەفتارەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە و خۆی ئاشکرا دەکات؟

 هەر بۆیە، لە کۆمەڵگەى کوردیدا، تاکێک لە سەرى سەرەوە تا دەگاتە نەوەکانى ئێستا و، ئەوانەى لە دواییشدا دێن، نادۆزینەوە فۆبیایەکى گەورە لەناو دەروونیدا خۆى نەشاردبێتەوە. ئەوە باسى کەسایەتیى ئافرەت هەر ناکەین، کە پریشکى قوربانییە گەورەکە بەر ڕەگەزى ئافرەت کەوتووە. چونکە، هەرچى ڕەگەزى ئافرەت دەستى بۆ بردووە و هەر دەرکەوتنێک و هەر قسەکردنێک و هەر شێوە دانیشتن و ڕۆیشتنێکى، لەقاڵب دراوە و، بۆیشى نەبووە ڕێساکانى بشکێنێ کە خێزان و قوتابخانە و کۆى کۆمەڵگه‌ بۆى قوڕمیش کردووە. جا هەر بۆیە، ئەم حاڵەتى فۆبیایە لە دەروون و دیوى ناوەوەى کەسایەتیى ڕەگەزى ئافرەتدا مەودایەکى بەرفراوانترى داگیر کردووە، بەڵام لە کاتى ڕووبەڕووبوونەوەى تەنگژەکاندا بە شێوەیەکى ترسێنەر و، هەندێک جاریش تراژیدى، خۆى بەتاڵ دەکاتەوە. زانستى کۆمەڵناسییش مامەڵە لەگەڵ مەودایەکى بەرفراوان لە دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى دەکات و، دواتر بەسەر زۆرینەى کۆمەڵگەدا دەیگشتێنێ. بەپێى داتاکانى وەزارەتى ناوخۆیش، کە هەر خۆمان ئامادەمان کردووە و بڵاویشمان کردۆتەوە، کوشتنى بەئەنقەستى 112 ئافرەت و خۆکوشتن و خۆسووتاندن و مردنى زیاتر لە 300 ئافرەتى دیکەى کورد، تەنیا لە ساڵى 2014ەوە تاکوو مانگى 8ى 2016، بەڵگەى کەڵەکەبوونى گوشارى خێزانى و پەروەردەیى و کۆمەڵایەتی و دەرەقەتنەهاتن و دەستەوەستانى ئافرەتى کوردە لە ئاست ئەو تەنگژە و هەڵوێستە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتییانەى ڕووبەرووى بوونەتەوە.

-     تۆقین لە سیستەمە سیاسییە داپڵۆسێنەرەکان:

 هێژموونیى حکوومەت و هێزە داپڵۆسێنەرە سیاسییەکان بە درێژاییى مێژوو، تۆوى فۆبیا و تۆقینى کۆمەڵایەتیى لە کەسایەتیى کێماندا نەچاندووە؟ ترس لە ڕفاندن و نەدانەوەى تەرمەکانیشمان، ترس لە هەڵکوتانەسەر و پشکنینى ماڵەکانمان بە بیانووى پشتیوانیکردنى پێشمەرگە، ترس لە بەهەڵەبجەکردنى کۆى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان، ترس لە زرمەى ناپاڵم، دەنگى تۆپ و تەیارە و تفەنگ، وای لێ کردین لە بچووکیمانەوە، بەتۆقیوى باڵا بکەین. دواى ڕاپەڕینى 1991یش بەیەکداپژان و شەڕى خوێناویى حزبە سیاسییەکانى کوردستان، ماوەى 6 ساڵ ئەزموون و هێژموونیى هەڵکوتانە سەر ماڵان و ڕفاندن و خوێن و کوشتنیان بۆ زیندوو کردینەوە. لەم قۆناغەیشدا شەڕەدەنوکى حزبه‌ سیاسییە لۆکاڵییەکان لە لایەک و، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و نانبڕینى حوکمى شیعەکانى بەغدا و تۆقینمان لە برسێتییەکى چاوەڕوانکراو، تا دێ گەراى تۆقینمان زیاتر و زیاتر لە کەسایەتیماندا بڵاو دەکەنەوە.

-     تۆقین لە تەکنەلۆژی:

لە زانستى کۆمەڵناسیدا بە کۆمەڵگەیەک دەگوترێ "کۆمەڵگەى تەندروست"، کە لە پاڵ پێشکەوتنى تەکنەلۆژیدا پڕۆژە و هەوڵیشى بۆ پەرەپێدانى ڕۆشنبیریى مەعنەوى هەبووبێ، تا هاوشانى یەکترى بڕۆن. هەر جۆرە ناهاوسەنگییەک لە برى ئاستەنگ، تراژیدیاى گەورەى تێدا سەر هەڵدەدات. جا ئەوەى کە برەو بە ڕۆشنبیریى مەعەنەویى کۆمەڵگە دەدات، بەتەنیا حکوومەت ئەو ئەرکەى ناکەوێتە ئەستۆ، بەڵکوو ئۆرگانە مەدەنییەکان، میدیاکان، زانکۆکان و هەتا مزگەوت و کڵێساکان، لە بڵاوکردنەوەى هۆشمەندیى کۆمەڵایەتیدا کاریگەرییان لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن زیاترە.

ئەوەتا  لە کومەڵگەى کوردیشدا، چونکە پێشکەوتنى تەکنەلۆژی و ڕۆشنبیریى مەعنەوى، هاوشانى یەک ناڕۆن و هاوسەنگ نین، ڕۆژ نییە بنکەکانى پۆلیس دەیان سکاڵاى خراپبەکارهێنانى مۆبایل و پۆستى ئەلیکترۆنیى سۆشیال میدیاکانى تێدا تۆمار نەکرێن، کە پوختەى سکاڵاکانیش پێک دێن لە (هەڕەشەى کوشتن، ئابڕووبردن، تۆڵەکردنەوە و هەراسانکردن). بۆیە، بە پشتبەستن بە دیکۆمێنتە فەرمییەکان، دەتوانین بڵێین کە لەم قۆناغەدا ئێمە وەک تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردى، سەرەڕاى تەنگژەى سیاسى و گیرۆدەبوونمان بە هێژموونیى که‌لتوورێکى ناتەندروستەوە، ڕووبەرووى کێشەیەکى مەترسیدارى دیکەیش بووینەتەوە، ئەویش پێى دەگوترێ                                "Technophobia"، واتا "ترس لە تەکنەلۆژی". هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا وتارێکى تایبەت بۆ ئەم چەمکە نوێیە تەرخان بکەین کە خەریکە دەبێتە هەڕەشەیەکى جددى و پێشبینیکراو بۆ سەر ژیانى تایبەتى و خێزانى و کۆمەڵایەتیى هەموومان.

 

چۆن ئاستى دەرکەوتنى فۆبیاى کۆمەڵایەتى لە خۆماندا کەم بکەینەوە؟

-       دوژمنى گەورەى فۆبیاى کۆمەڵایەتى، دوورەپەرێزى و خۆشاردنەوەیە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووبەرووبوونەوەى میدیایى و دوورەپەرێزبوونە لەو کایە جۆراوجۆرانەى کە هانمان دەدەن بێینە قسە.

-       هەموو ئەو کەسانەى کە پەیوەندیى هاوڕێیەتییان لاوازە یاخود هەر نییانە، ئاستى فۆبیاى کۆمەڵایەتى تێیاندا بەرزترە لەو کەسانەى کە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ هاوڕێیەکانیاندا دەکەن و بیر و ڕایان لەگەڵ ئاڵوگۆڕ دەکەن. بۆیە، مادام کۆمەڵناسى، مرۆڤ بە "کائینێکى کۆمەڵایەتى" پێناسە دەکات، ناکرێ بەبێ هاوڕێ، هەنگاوى گەورە بە پلیکانەکانى سەرکەوتندا لە ژیانى کۆمەڵایەتیماندا ببڕین.

-       خۆگونجاندن لەگەڵ سروشتى جیاوازى ژینگە و کەسایەتییەکانى دەوروبەرمان، لە کەمکردنەوەى فۆبیاى کۆمەڵایەتیدا یارمەتیمان دەدات، چونکە ئەگەر بمانەوێ دۆستایەتیمان لەگەڵ چەمک و کردەى فۆبیاى کۆمەڵایەتیدا خۆش نەبێ، پێویستە خۆمان لەگەڵ یاسا و ڕیسا فەرمى و نافەرمییەکان و سروشت و جۆرى بیرکردنەوەى کەسایەتییەکانى دەورووبەرى خۆمان بگونجێنین. هەرچەند لە سروشتى کەسایەتى و بیرکردنەوەکانى ئێمەیشەوە یەک نەگرنەوە.

-       لەسەر ئاستى دامەزراوەکانیش، نەتوانراوە بەکردەیى، ئەم دێوەزمەى ئەم تۆقینە کۆمەڵایەتییە کەم بکرێتەوە. زانکۆکان لە برى بەرهەمهێنانى تاکێکى گوێگر، دەبێ تاکێکى قسەکەر و بێمنەت و باوەڕبەخۆبوو، ئاراستەى کۆمەڵگه‌ و دامەزراوەکانى بکه‌ن. ئۆرگانە مەدەنییەکان، لە برى نیشاندانى جووڵە و چالاکى، دەبێ بۆ شکاندنى بەستەڵەکى ئەم ترسە ترسناکە کۆمەڵایەتییە، لە ڕێگەى ڕاهێنان و دروستکردن و ئامادەکردنى کەسایەتیى سەرکردەوه‌ پڕۆژەیان هەبێ. ئەم ئەرکە، زیاتریش دەکەوێتە سەر شانى ئەم ڕێکخراو و ناوەند و میدیایانەى کە بۆ پەرەپێدانى تواناکانى ژنان دامەزرێنراون. هەمان ئەرکیش دەکەوێتە ئەستۆى میدیاکان، کە پێویست دەکات زۆرترین ئامادەیییان لە شوێنە گشتییەکان و پەیمانگه‌ و زانکۆ و بازاڕ و شوێنە ئایینییەکان هەبێ، بەو ئامانجەى هێواش هێواش ئەم ترسە کۆمەڵایەتییە بڕەوێنرێتەوە.